هاژه ـ «فەرهەنگی زارەكیی موكریان» كە یەكەم جار هاوینی 1385 (2006) كتێبخانەی كوردی چاوی پێیهەڵات، لەم رۆژانەدا شەشەمین بەرگی كەوتە بازاڕەوە. فەرهەنگی زارەكیی موكریان لە نووسینی توێژەری ناسراو "سەلاح پایانیانی" تاكوو ئێستا پێنج بەرگی بڵاو ببۆوە و سەرجەم 6 پیتی سەرەتای ئەلفوبێی زمانی كوردییان (ئـ، ب، پ، ت، ج و چ) لەخۆ گرتبوو. لە درێژەی ئەم پرۆژەیەدا و لەم رۆژانەدا بەرگی شەشەم كە لەخۆگری بابەتەكانی سەر بە دوو پیتی "ح" و "خ"ێیە بە قەوارە و دیزایینێكی نوێ و ڕازاوەتر لە بەرگەكانی بەرێ كەوتە بەر دیدی خوێنەرەوانی پەیڤی كوردی. ئەم بەرگە 960 لاپەڕەیە و بە تەنێ نزیك دوو هێندی هەر كام لە بەرگەكانی پێشووە. دوكتور مایكل چایلد، بەرپرسی بەشی كوردی و فارسیی كتێبخانەی كۆنگرێسی واشەنگتۆن بە زاراوەی كرمانجی كورتیلە پێشەكییەكی لەسەر نووسیوە و نرخاندوویەتی. د.مایكل لە قسەكانیدا دەڵێ: «بەڕاستی ئەم كتێبە، نە تەنیا هەر فەرهەنگێكە بەڵكوو ئەنسیكلۆپێدیایەكی ژیانی فەرهەنگیی و ژیانی كوردەواریی دەڤەری موكریانە. چونکە نەك هەر زمانەوان، بەڵكو مێژووناس و وێژەوان و مرۆڤناسیش خێری لێ دەبینن.» بەرگی شەشەم لەچاو بەرگەكانی پێشوو حەولێكی زیاتر و بەربڵاوتری لەگەڵ دراوە و قەبارە و ناوئاخنی كتێبەكە بەڕوونی لەم خەسلەتەی دەدوێ. لە داڕشتنی ئەم بەرگەیاندا بۆ پوخت و پاراوتربوونی فەرهەنگەكە جیا لە چەندایەتی، دیزایینی دەر و ژووریشی بە شێوەیەكی قابیل كاری لەسەر كراوە، كە بەری هیممەتی هونەرمەند كاك عەلی سەمیمییە. لەم بەرگەیاندا فۆنتی پێنووسراو لە سەرتاپای كتێبەكەدا یەك شتە، وردتر و لەبارتریش. بەپێی پێویست قەبارە یان كاڵیی و تۆخیی فۆنتەكە جیاوازیی نێوان چیەتیی ڕستە یان وشەكە دەردەخات. هەر وەها بەشێكی زۆری هێماكانیش (نیشانە و پیتەكورتكراوەكان) گۆڕدراون و ڕێك و پێكتر كراون و خراونەتە سەر بیچمێكی لێك نزیك كە لەبەر چاوان زەق نەنوێنن. هەژماری هێماكانیش لە 28ی بەرگەكانی پێشووەوە گەیەنراوەتە 38. دیزاینی ڕووبەرگ و پشتبەرگی كتێبەكە تێكەڵەیەكە لە فەزای هونەری ئەمڕۆیی و نەخشی فۆلكلۆری كوردەواری. شایانی باسە ئەم دیزاینە بۆ هەر پێنج بەرگە بڵاوكراوەكانی پێشووش ئامادە كراوە كە وەك ڕووبەرگێك تێیان هەڵدەكێشرێ و ڕەنگ و ڕوویەكی یەكدەست بە هەر شەشە بەرگەكە دەبەخشێ و لەمەودوا دەبێتە نەخشی هەموو بەرگەكانی داهاتووش.
بەرگی شەشەمی فەرهەنگی زارەكیی موكریان لە هەژماری 1000بەرگدا و لە لایەن خودی نووسەرەوە (سەلاح پایانیانی) بڵاو كراوەتەوە و نرخی لەسەر نووسراوی 35000 تمەنە.
ناونیشانی نووسەر: selah.payanyani@ yahoo.com