تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۴ شهريور ساعت ۱۱:۳۶ بازدید: 2556      نظرات: 0      کد مطلب: 1718

سەیدەوان و خوێندنەوەیەکی ڕەوانناسانە


سەیدەوان و خوێندنەوەیەکی ڕەوانناسانە

یاقووب خزری

ئاماژە

ئەو وتارە لێکدانەوەیەکی ڕەوانناسانەیە لەسەر بەیتی سەیدەوان بەپێی خوێندنەوەیەکی کە زانستی ڕەوانناسی بۆ تاوتوێ کردنی دەق دیاری کردووە. ئەو مێتۆدە لە ڕەخنە، پێی وایە دەق لە چەندین گۆشەنیگاوە دەکرێ تیشکی بخرێتە سەر. یەکێک لەو شێوازانە دۆزینەوەی نەستی بەتاک(ناخودآگاه فردی)، حەز، ویست و خواستەکانی نووسەری دەق لە ڕێگای شڕۆڤەی دەقە. مێتۆدێکی دیکە لەو ژانرە لە ڕەخنە کار دەکاتە سەر خودی دەق و لە حەقیقەت‌دا دەق ئامرازێکە بۆ تەفسیر. لێرەدا دەوری نووسەر بە تەواوەتی کەم‌ڕەنگ دەبێتەوە. ڕوانگەیەکی تر لە ڕەهەندەکانی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەق کار دەکاتە سەر خوێنەری دەق و خوێنەر بە هەموو تایبەتمەندی و خسڵەتەکانی خۆیەوە دەبێت بە سووژەی تەحلیل. لە لێکدانەوە و خوێندنەوەی بەیتی سەیدەوانیش‌دا دەکرێ  هەم لە ڕێگای خوێندنەوەی دەق و هەروەها لە ڕێگای شرۆڤە و لێکدانەوەی خوێنەری دەق و لەڕووی مێتۆدۆلۆژی ئەو ڕەوتە لە ڕەخنەدا سرنج بدەینە بەیتی ناوبراو. لەو بابەتەدا زیاتر تیشک خراوەتە سەر خوێندنەوە و تەفسیری دەق یان باشتر بڵێین دەقی بەیتی سەیدەوان بۆتە گەنجینەی تەفسیرێکی ڕەوانناسانە.

سەیدەوان و مۆدێلێک لە تەحلیلی ڕەوانناسانە

لە بەیتی سەیدەوان‌دا چەند "ئەمری ڕەوانناسانە" هەن کە دەکرێ وەک سووژەی تەحلیل لەبەر چاو بگیرێن. بۆ خوێندنەوەی ئەو بەیتە لە چوارچێوەی ئەو بنەما مەعریفیانەدا پێویستە ئەو ئەمرە ڕەوانناسانە دیاری بکرێن, پاشان تیشک بخرێتە ناو بازنەی تەفسیر. لەو بەیتەدا و بەپێی ڕەوتی باس‌کراو کەسایەتی عەبدولعەزیز گەورەی عێلی داسنیان، شایی، مەرگی سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیز بە تایبەت مەرگی سەیدەوان و هەروەها شین‌گێڕی عەبدولعەزیز وەک ئەمری ڕەوانناسانە دێنە کایەوە و دەبن بە ئەمرگەلی تەحلیل، تەفسیر، شرۆڤە و لێکدانەوە.

یوونگ لە پڕۆسەی "خویشتن‌یابی"دا قایل بە سێ قۆناغە و پێی وایە مرۆڤ بۆ گەیشتن بەو پڕۆسەیە پێویستە لەو سێ قۆناغە تێپەڕێ و لە ئاکام‌دا تێکەڵ بە ئەمرێکی کەیهانی دەبێ. قۆناغی یەکەمی ئەم ڕەوتە سایکۆلۆژیکە بریتییە لە تیپەڕینی مرۆڤ لە  "پارچەپارچە بوونی پێکهاتەی ڕەوانی"(Psychic fragmentation) ڕا بۆ "یەکپارچەبوونی بەتاک"(Individual wholeness). کاتێک مەلکەوان کوڕی گەورەی عەبدولعەزیز لە ڕۆژی زەماوەندەکەی‌دا پەردووگیر دەبێ و دەمرێ پێکهاتەی ڕەوانی و کەسایەتی عەبدولعەزیز بە جۆرێک لە جۆرەکان پارچەپارچە دەبێ و لە قالبی گەورەی عێلی داسنیان‌دا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، گەرچی کوڕەکەی لە وەها قۆناغێکی هەستیاردا دەمرێ و ئەو خەمە دەخاتە سەر دڵی باوکی، بەڵام ئەوەی لای باوکی گرینگە ڕەنگبێ یەکەمیان مەرگی کوڕەکەی بێ بەڵام لە لایەکی تریش مەسئەلەی زەماوەند و ڕاگرتنی شایی و دیلان مەسئەلەیەکی گرینگی ترە بۆ عەبدولعەزیز؛ کەواتا پێکهاتەی ڕەوانی عەبدولعەزیز لە دوو پارچەدا بەردەوام خەریکی خۆ دۆزینەوەیە. کاتێک بڕیار دەدا کە سەرەڕای مەرگی کوڕەکەی شایی و دیلان بمێنێ نەکا کەسایەتی خۆی و عێلەکەی هەرەس بهێنێ، لە حەقیقەت‌دا حەول دەدا "یەکپارچەبوونی کەسایەتی خۆی و کۆمەڵی عێلەکە" بپارێزێ. هەرچەند لەوانەیە ئەو حەولە ئاکامی خراپیشی لێبکەوێتەوە. بەڵام ئەو تەقەللایە دەکرێ وەک ئەمرێکی کۆمەڵناسانەش سرنجی بدرێتێ. ئەویش لە ڕێگای واکاوی‌کردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ژیانی عەبدولعەزیز و عێلی داسنیان.

قۆناغی دووهەمی پڕۆسەی "خویشتن‌یابی" یوونگ جم‌وجۆڵێکە مرۆڤ لە "یەکپارچەبوونی بەتاک"ڕا هەیەتی بەرەو گەیشتن بە شوێنێک کە لەوێ‌دا دەگەڵ جیهانی دەرەوە دەکەوێتە دیالۆگ و دانووستان. دوای مەرگی کوڕی دووهەمی عەبدولعەزیز گلەیی و گازندەکانی عەبدولعەزیز لە جیهان و فەلسەفەی ژیانی ئەم جیهانە دەس پێدەکا. ئەم گلەیی و گازندانە بە شێوەی پرسیارگەلێکی زۆر جیهان دەکەنە ئامانج و لە حەقیقەت‌دا پرسیارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان هێمای بەرقەرار کردنی دیالۆگن بە ماهییەتێکی پرسیارمەند. دە وەها قۆناغێک‌دا پڕۆسەی "خویشتن یابی" تووشی ململانێیەکی فەلسەفی دەبێ دەگەڵ جیهان بە هەموو پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانییەوە. بەپێی ئەو حاڵەت و خسڵەتانەی کە لەو قۆناغەدا دەبن بە ئەمرێکی ڕەوانناسانە و وردە وردە خەریکە بەستێنیان بۆ ئامادە دەکرێ، عەبدولعەزیز دەبێتە سووژەی دیاردەی "مەرگی ئیگزیستانیسیال". یالووم وەک ڕەوان‌دەرمانگەر و داهێنەری تێئۆری مەرگی ئیگزیستانسیال‌ لەسەر ئەساس و بنەمای ڕوانینێکی هایدگێڕی پێی‌وایە کە لە وەها بارودۆخێک‌دا مرۆڤ تووشی دوو شکڵ لە هەستی دەبێتەوە. یەکەمیان قۆناغی لەبیرچوونەوە یا لەبیربردنەوەی هەستییە ئەوی تریان بیرکردنەوە لە هەستییە. کاتێک کوڕی یەکەمی عەبدولعەزیز دەمرێ جێگەوپێگەی گەورەی عێل وەکوو ئامرازێکی لەبیربردنەوەی هەستیی مرۆڤ خۆی دەردەخا، ئەویش لەو حاڵەتەدا کە مانەوە و ڕاگرتنی شایی گرینگایەتییەکی زیاتر پەیدا دەکا لە مەرگی عەولاد و شین‌گێڕییەکەی. لە ڕاستی‌دا لە ڕەوتی ئاسایی ژیان‌دا بە تایبەت لە وەها هەل‌ومەرجێک‌دا یاساوڕێسای ژیان و هەستیی ئینسان شین‌گێڕییە؛ بەڵام عەبدولعەزیز بە لەبیربردنەوەی(عەمدی یا غەیری عەمدی) ئەو مەسئلە گرینگە لە هەستیی مرۆڤ حەول دەدا شایی بمێنێ. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شکڵی  "لەبیرچوونەوە یا لەبیربردنەوەی هەستی" ئەوەیە کە مرۆڤ بەردەوام تەسلیمی جیهان و بارودۆخی ڕۆژانەی خۆیەتی. ڕاگرتنی سیستمی "پاتریموونالیستی"(باوک سالاری) یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانگە(زیست بوم)ی عەبدولعەزیز و عێلی داسنیان. حەول‌دان بۆ ڕاگرتنی شایی و مانەوەی دیلان نمادی تەسلیمی عەبدولعەزیزە لە بەرابەر جیهان و بارودۆخی ڕۆژانەی خۆی. لە ئاستی بیرکردنەوە لە هەستی‌دا ژیان بە واتای بوونی زانیارییەکی تەواوە لە هەستی. تاک لە ئەندیشەی هەستی‌دا خول دەخواتەوە، بە واتایەک هەم بیر لە خەسارەکانی هەستی دەکاتەوە هەم بیر لە بەرپرسیارێتی لە بەرابەر خۆی‌دا. لەو قۆناغەدا عەبدولعەزیز پاش مەرگی کوڕی دووهەم شکڵی پێوەندییەکانی دەگەڵ هەستی گۆڕانی بەسەردا دێ و پێکهاتە بنەڕەتییەکانی کەسایەتی عەبدولعەزیز هەرەس دێنن. یەکێکی تر لە تایبەتمەندی و ئاکامەکانی دیاردەی مەرگی ئیگزیستانسیال چەمکی "تەنیایی نێوان تاکەکانە". لەو هەل‌ومەرجەدا مرۆڤ بە شێوەی کاتی لە کۆمەڵگای خۆی دادەبڕێ و هەست بە جیابوونەوە لەو کۆمەڵگایە دەکا، پاشان پێوەندییەکانی دەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک لێک دەترازێن. دوای مەرگی کوڕی دووهەم، عەبدولعەزیز تووشی ئەم دیاردەیە دەبێ و بە بەهانەی ڕاوکردن ماوەیەک ڕوو دەکاتە چیایەک بە نێوی "چیای مەغڵووبی داسنیان".

 مرۆڤ لە قۆناغی سێهەمی پڕۆسەی "خویشتن‌یابی" یوونگ‌دا، حەول دەدا لە ئاستی دیالۆگ و دانووستان دەگەڵ جیهان‌دا بەرەو وەحدەتێک هەنگاو بنێتەوە کە ئاوێتەی وزەگەلی کەیهانی(cosmic unification) بێ. کاتێک سەیدەوان کوڕی سێهەمی عەبدولعەزیز بە دەستی خۆی دەکوژرێ، بەیت دەگاتە ئاستێک کە عەبدولعەزیز و شین‌گێڕیی عەبدولعەزیز هێمایەکن بۆ دەس‌پێکردنی وت‌وویژێکی دەروونی کە بەردەنگەکەی ئەمرێکی ئەوپەڕجیهانی  واتا کەیهانە. چونکە ئەگەر لەدوای مەرگی کوڕی دووهەم پرسیارەکانی عەبدولعەزیز ڕووبەڕووی جیهان دەبوونەوە. دوابەدوای مەرگی سەیدەوان و کارەساتی کوڕکوشتن ئەو پرسیارانە لە قالبی وت‌وویژێکی دەروونی‌دا ڕووبەڕووی ئەمرێکی گەورەتر و فرەماناتر دەبێتەوە. تایبەتمەندی ئەمری کەیهانیش ئەوەیە کە کاتێک مرۆڤ لە ئاستێکی وادا خەریکە جم‌وجۆڵێک دەکا، ئەو جم‌وجۆڵە بە شێوەی ئاخافتن و دیالۆگ دەگەڵ دەروونی خۆی وەدی دێ، بەڵام هەر وەک باسمان کرد بەردەنگە سەرەکییەکەی، ئەمری کەیهانییە. ئەو پرسەش لە پێوەندییەکی بەردەوام‌دا لەگەڵ ئەمری کەیهانی دێتە کایەوە.

بە سرنج‌دان بەو پرسە کە بەیتی سەیدەوان وەک بەیتێکی فۆلکلۆر لە ئەدەبیاتی زارەکی ئێمەدا خاوەن جێگەوپێگەیەکی تایبەتە دەکرێ ئاماژە بەو خاڵە گرینگەش بکرێ کە یەکێک لە هۆکارەکانی تری ئەو ئیدعایە ئەوەیە کە ناوەڕۆکی بەیتی سەیدەوان پڕە لە دراوسێتی دژبەرەکان. ئەگەر عەبدولعەزیز خەریکە شایی دەگێڕێ لە لایەکی تریش بە هۆی مەرگی لەناکاوی کوڕەکانی خەریکە شین دەگێڕێ. ئەگەر بەیتی سەیدەوان وەک یەکێک لە ئاکامەکانی نەستی بە کۆمەڵ لە ئەژمار بێ(هەروەک یوونگ دەڵێ: "سەرچاوەی دەقە فۆلکلۆرەکان بە گشتی دەگەڕێنەوە بۆ نەستی بەکۆمەڵ)، یانی کۆبوونەوەی خسڵەتە دژبەیەکەکان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نەستی بەکۆمەڵ(ناخودآگاه جمعی). ئەو تایبەتمەندییە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە سەیدەوان گەنجینەیەکی بەنرخی تەفسیر و لێکدانەوەیە لە ڕوانگە و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان.    

 

 سەرچاوەکان لای هاژە پارێزراون.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد