تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۲۶ مرداد ساعت ۱۷:۳۶ | بازدید: 2504 نظرات: 2 کد مطلب: 1659 |
ئەرسەلان بۆرنا*(چالاکی سیاسی)
مرۆڤ لەو کاتەی دەستی بە کاری کشتوکاڵی کرد جێی شۆپی لە گۆڕان و شێواندنی سرووشتی دەوروبەری دیارە. ژیانی جڤاتە مرۆڤییەکانی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر گرێدراو بەم خواردەمەنییانە بوو کە ژینگە بەرهەمی دەهێنا و لە بەردەستی ئەوانی دادەنا. ئەم پەیوەندییە یارمەتی بە مرۆڤ دەکرد خۆی لە لەناوچوون بپارێزێ و لە ئاست بە ئەوە بۆ ڕێزگرتن، لە خۆزای مرۆڤیی خۆی دوور نەکەوێتەوە. هەربۆیە، هەردەم هەوڵی ئاشتبوونەوەی نەک تەنیا لەگەڵ ژینگە بەڵکوو لەئاست بە تەواوی گیاندارەکانیشی داوە.
زاڵ بوون و سەردەستی سرووشت لەسەر ژیانی مرۆڤەکان، بەر لە گەشەکردنی پیشەسازی مۆدێڕن بەم قەوارەیە، بەباشی هەست پێ کراوە. دوابەدوای "شۆڕشی کشتوکاڵی" دەست تێوەردانی مرۆڤ بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆیشت بەڵام لە ئاستێکدا نەبوو کە کاریگەرییەکی ئەوتۆ یا نەرێنی ببێ. "شۆڕشی پیشەسازی" بە درێژایی چەند سەدە خێراییەکی بەرچاو و هەموو لایەنەی بەم پرسە داوە و ئەمڕۆکە دەرکەوتووە کە بابەتی پیشەسازی – بوون بەشێکی گەورە لە قەیرانی ژینگەیی و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوە. ژینگە لە واتای گشتی خۆیدا بە هۆی ئەوەی کە مژارێکی کۆمەڵایەتی بە هەژمار دێ کەواتە، پێناسەکەری واتایەکی سەروو پیشەسازی – بوونە.
"ڕاستی کۆمەڵایەتی" خۆی لە خۆیدا ئەم ڕاستییەیە کە لەسەر دەستی مرۆڤ پێک دێ و بەپێچەوانەی ئەوەوە، ژینگە خۆی خاوەن بڕیار و بەم شێوازە نییە. دەست تێوەردان و کاولکارییەکانی دوو سەدەی ڕابردوو سامناک و تۆقێنەرە. قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی، ویشکەساڵی درێژخایەن، بەرزبوونەوەی ئاستی پلەکانی گەرما، دابەزینی بارینەکانی وەک بەفر، فەوتانی دارستانەکان و بڵاوبوونەوەی زۆرتری گازی گوڵخانەیی یا پیسکەرەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەرییان لەسەر ژینگە و ژیانی هەر بوونەوەرێک بە ڕوونی هەست پێ دەکرێ.
ئەگەر بەراووردێک لە نێوان یاسا و ڕێساکانی ناو کۆمەڵگایەک بکرێ، هەر جۆرە ئاڵۆزی یا شڵەژاوی لە لایەن مرۆڤەوە دەتوانێ سەر لە نوێ نۆژەن و ڕێکوپێک ببێتەوە. بەڵام ئەم ناڕێکییە لە ئاستێکی بەربڵاو و داپچڕانی ئاڵقەیەکی گرینگ وەک مرۆڤ لەم سووڕەدا دەتوانێ زۆرترین خەساری بەبێ گەڕانەوەی هەبێ و تەنانەت هۆکاری تێکدانی ئەویش بێ.
بەدڵنیایی دەبێ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لەئاست بە پاراستنی ژینگە وێڕای تەواوی گیا و گیاندارانی هەست بە بەرپرسایەتی بکەن و ئەوە ئەرکی ئەخلاقی و ڕامیاری هەر هەموومانە. کاتێک کێشەکانی ژینگەیی زەق دەبنەوە لە ئاکامی گرێدراوییەکی دیرۆکی کە لە نێوان مرۆڤ و خۆزا هەیە، زۆر بە خێرایی و بە شێوازێکی بەربڵاو دەکەونە بەر باسوخواسەوە. لەم چوارچێوەیەدا، لە زۆربەی وڵاتان لایەنی سیاسی یا ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان بە لە ئەستۆ گرتنی ئەم ئەرکە هەستاون و ڕای گشتی بەرەو ئەم مژارە هەستیارە ڕێوەبەرایەتی دەکەن. بە جۆرێک کە ئەمڕۆکە ئاستی بەکار هێنانی گازەکانی گوڵخانەیی، بەرزبوونەوەی پیسکەرەکان یا تەشەنەسەندنی پاشماوەکانی کارگە و پیسایی شارەکان بۆ سنووردارکردن یا دۆزینەوەی ڕێکارێکی گونجاو کەوتوونە بەر سەرنجەوە.
"پەرەسەندنی ئابووری" لە کۆمەڵگایەکی پیشەیی و بەکاربەر هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەرهەم هێنانی زێدەتر، هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی کێشەکانی لەم چەشنە و قەیرانی ژینگەیینە. بەشی وڵاتانی پێشکەوتوو لەم دەست تێوەردانە لە ئاستێکی بەرز دایە و لەلایەکی دیکەوە، گەیشتن بە ستانداردەکانی ڕۆژئاوایی، داهاتی مامناوەندی و سەرەوە یا پێوەرەکانی ژیانێکی باش لە وڵاتانی بەرەو پێشکەوتن لەسەر قووڵبوونەوەی ئەم پرسە کاریگەری نەرێنی بەرچاوییان بووە. ئەگەرچی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو لە ژێر ناوی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری سەرەڕای تەواوی دەستکەوتەکانی متمانەیەکی پتەوی بەم لەخۆڕابینییەی هەیە بەڵام تێپەڕبوون لە تەنیشت خەسارەکانی کە لەسەر ژینگە جێی هێشتووە بەدڵنیایی هەموو شتێک لەبەر چاوی خۆی تێک و لەناو دەبات.
وەدەست هێنانی قازانج – سەرمایەی زۆرتر بۆ بەرەو پێش بردنی پەرەسەندنی ئابووری؛ مانەوەی مرۆڤ و گیاندارانی لەناو ژینگەدا ڕووبەڕووی قەیرانی کردووە. بابەتی قازانج – سەرمایە چ لەسەر ناوی تاکەکەسی و چ لەسەر ناوی ڕژێمەکان لە سەردەمی فەرعەونەکانەوە هەتا ئێستاکەش بە شێوازی پاوانخوازانە خۆنوواندن دەکات. بەرهەمی وەها ڕژێمێکی بەرژەوەندیخوازانە لە دوو سەدەی ڕابردوودا نەک تەنیا هۆکاری داڕووخانی کۆمەڵگا لە ڕووی ئەخلاقی بووە بەڵکوو بە تەواوی ژینگەشی خستووەتە بەر مەترسییەوە. وێدەچێ هیچ مژارێک بەڕادەی کێشە پەیوەندیدارەکان بە ژینگەوە خاوەن گرینگایەتییەکی وەها نەبن کە ڕووخساری ڕاستەقینەی قازانج – سەرمایە یا داهاتوویەکی ناڕوون نیشان بدات.
|