تاريخ: ۱۳۹۷ دوشنبه ۱۷ ارديبهشت ساعت ۱۳:۹ | بازدید: 3062 نظرات: 2 کد مطلب: 6490 |
به پێی هه‌واڵی هاژه ڕۆژی دووشەممه 17ی بانه‌مه‌ڕ هونه‌رمه‌ندێکی بواری مۆسیقای ڕەسەنی کوردی له شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
حه‌سەن مستەفاپوور ناسراو به "حه‌سەن تووزەله" دوای ماوەیه‌ک نەخۆشی له ته‌مه‌نی 92 ساڵیدا له شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و ته‌رمی له گۆڕستانی هونەرمەندان به خاک ئه‌سپێردرا.
ئه‌و هونه‌رمه‌ندە له‌گه‌ڵ هونەرمەندانێک وەک حه‌سەن زیرەک، محه‌ممه‌دی ماملێ، مەلا حوسێن، برایمی قادری و... کاری هونه‌ری کردووە و تووزەله‌ی بۆ لێداون.
شه‌هباز شاهین پوور مامۆستای بواری مۆسیقا سەبارەت به کەسایه‌تی حه‌سەن تووزەله به هاژه‌ی گوت: مامۆستا حه‌سەن تووزەله یه‌کێک له گه‌ورەترین ژەنیارانی ئامێری تووزەله بوو که ئامێرێکی کۆنی فۆلکلۆری کوردییه و بەڕێزیان به باشترین شێوە ئه‌و ئامێرەیان پاراستبوو و نه‌وا کۆن و بەیتهکانی له‌به‌ر بوو و دەتوانین بڵێین گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌ورە بوو بۆ مۆسیقای کوردی .
هه‌روەها وتی: له به‌شی مۆسیقای دەنگوڕەنگی ناوەندی مەهاباد زۆربه‌ی کارەکانی تۆمار کراوە و پارێزراوە و حه‌ول دەدەین بڵاویان بکەینهوە.
ساڵی 1367 له فێستیواڵی مۆسیقای سوننه‌تی ـ ئایینی خەڵاتی زێڕینی مۆسیقای له وەزارەتی فەرهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران پێدراوە، خاوەن چەندین دیپلۆمی ئیفتخار بووە و له کۆتاییدا پله‌ی ئوستادی و دکتۆرای ئیفتخاریان پی به‌خشیوە.
|