تاريخ: ۱۳۹۷ سه شنبه ۴ ارديبهشت ساعت ۱۱:۲۷ | بازدید: 2546 نظرات: 1 کد مطلب: 6447 |
محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دیان
بسم الله الرحمن الرحیم
انا لله و انا الیه را‌جعون
له هه‌ر شینی عه‌زیزێ، ماتهمێکه پەژارەی هه‌وری شینه، یا تهمێکه
هه‌زار ساڵی دەوێ تا قەتره ئاوێ دوڕێ پەروەردەکا، جوان به‌رهه‌مێکه
دوڕ و گه‌وهه‌ر وەست بێ شوێنه‌واری وەدەس هێنانی زانا حهستهمێکه
له تاریکی شەوی جەهل و نەزانی له کۆڕی عالەما، عالم شەمێکه
به‌داخەوە هه‌واڵی کۆچی دوایی مامۆستا مەلا عه‌زیزی ته‌ئیید، زانای ئایینی شەرعزان و پارێزگار و خۆپارێز ڕۆژی دووشەممه 3ی بانەمەڕ بڵاو بۆوە، جارێکی تر عاسمانی شاری مەهاباد ته‌م دایگرت و میحڕابێک له میحڕابی مزگەوتەکانی کوردستان چۆڵ بوو.
مامۆستا مەلا عه‌زیزی ته‌ئیید یه‌کێک له زانا ئایینیه‌کانی شاری مەهاباد، ساڵی 1302ی هه‌تاوی واته 95 ساڵ بەر له ئێستا، له گوندی دێبۆکر 16 کیلۆمیتری ڕۆژئاوای مەهاباد له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وەرزێر هاته دنیا، بابی بەڕێزی (ئه‌حمه‌د) به ئاوات بوو کوڕەکهی ببێته مامۆستای ئایینی، ساڵی 1307 (ساڵی مەلا خەلیل) له خزمەت مەلای دێبۆکر (مەلا قادر) سەرەتای خوێندنی دەست پێ‌کرد، ئاواڵی فەقێیهتی مامۆستا لەو سەردەمەدا "مەلا قادری نه‌زیمی، مەلا محه‌ممه‌دی ئه‌ییوبی، مەلا ئه‌حمه‌دی دۆنه‌خۆر" بوو. دواتر چووه گوندی قون قەڵا له لای (مامۆستا مەلا سادقی واسیق و بیلا) درێژه‌ی به خوێندن دا.
ساڵی 1324 هاته مەهاباد، له لای مامۆستا "مەلا سەدیقی سیدقی" قۆناغی موسته‌عیدی دەست پێکردووە، ئه‌و جار چووه بۆکان، له خزمەت مامۆستای زانا "عه‌للامه مەلا عیسامه‌ددینی شەفیعی" ماددە باڵاکانی خوێند، دوایه چۆته حه‌مامیان ـ ئه‌و کات حه‌مامیان مەکۆی مەلا و فەقێکانی موکریان بوو ـ له خزمەت زانای ئه‌و سەردەمه "عه‌للامه مەلا عه‌لی وەڵزی" درێژه‌ی به خوێندن دا. سەرەنجام ساڵی 1327ی هەتاوی چووە بۆ مەریوان، له بالک له خزمه‌ت مودەرریسی هه‌ڵکه‌وته "عه‌للامه مەلا باقر" ئیجازەی مەلایه‌تی وەرگرتووە. له بالک ئاواڵی فه‌قێیه‌تی مامۆستا مەلا عه‌زیز "مەلا ڕەسووڵی گۆڕەمهری" بووە.
وێنه: عەللامه ئه‌حمه‌دیان ـ مامۆستا مەلا عه‌زیز ته‌ئیید
پێویسته یادێک لەو مامۆستایانه بکه‌ین پێش مامۆستا مەلا عه‌زیز لەو مزگه‌وته مەلا و مودەرریس بوون "مەلا شێخ ئه‌حمه‌دی مەولایی، مەلا شێخ قادری ئیمام جومعه، مەلا عه‌لی سەوجه" خودا له هه‌موو لایه‌کیان خۆش بێ.
مامۆستا مەلا عه‌زیزی ته‌ئیید ته‌مه‌نی دوور و درێژ و پڕ له بەرەکهتی بێمنه‌ت له هه‌ر دەسەڵاتێک و دوور له هه‌ر ڕەوت و جەرەیان و باڵێک بێحاشیه و بێپەراوێز به سەر بەرزی و ئابڕوومەندانه بۆ خزمەتی ئایین و کۆمەڵ تێپەڕاند.
ئه‌وەندەی له دەستی هات و له توانایی و تاقەتی دابوو له خزمه‌ت کردن کۆتایی نەکرد، ئه‌وەندەی توانی حه‌قی کوت، یا هه‌ر نه‌بێ ناحه‌قی نه‌کوت.
68 ساڵ له میحڕابی مزگه‌وتی حاجی ئه‌حمه‌د به بیر و بڕوایه‌کی ڕوون ئه‌رکی مەلایه‌تی ئه‌نجام دا.
ماوەی 15 ساڵ هاوکات لەگەڵ ئه‌رکی مەلایه‌تی له مەدرەسەی عولوومی دینی مزگه‌وتی سوور شان به شانی گه‌ورە مەلاکانی سابڵا‌غ وەک مامۆستا مەلا حوسێنی مه‌جدی و مامۆستا شاریکه‌ندی مودەرریس بوو.
ماوەی 20 ساڵ لە مه‌درەسه دواناوەندییهکانی مەهاباد مامۆستا بوو، ئه‌رکی ڕوونکردنهوە و تێگه‌یاندنی سەدان لاوی دڵ زیندووی خوێن گه‌رمی له سەر شان بوو. من ئه‌و شانس و شانازییه‌م هه‌بوو وەک قوتابییه‌ک ساڵی 51 و 52ی هەتاوی له دەبیرستانی محه‌ممه‌د ڕەزای شای ئه‌و کات له خزمه‌تی دابووم.
مامۆستا مەلا عه‌زیز لەگەڵ ئه‌و هەموو چالاکییه، چەند بەرههمی نووسیوە:
"شەرحی المنظومه البیقونیه و منثوراتها، احول شخصیه، النبی الاکرم و چهار یارش، فرایض (رضاع)".
سەبارەت به کەسایه‌تی مامۆستا مەلا عه‌زیز پێویسته بڵێین:
مامۆستا که‌سایه‌تێکی خوازه‌ڵۆک و چاونه‌زێر نه‌بوو، لایه‌نگری ماڵ و سامان و زەرق و بەرقی دنیا نه‌بوو، ژیانی ئه‌عیانی وەلانا، ماڵ و مڵک و باغی له‌دوا به‌جێ نەما، ئه‌گه‌ر بەرپرسێک هاتبا لای مامۆستا، زۆر زوو مه‌ندی و قووڵی و کهیخودایهتی مامۆستا شوێنی له سەر ئه‌و بەرپرسه دادەنا، ئه‌گه‌ر داوا و داخوازییه‌کی هەبا، داوا و داخوازی بۆ خۆی و بۆ بنەماڵهکهی خۆی نەبوو، بەڵکوو چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی له‌بەر چاو بوو، مامۆستا مەلا عه‌زیز ته‌مه‌نێکی دوور و درێژ بۆ ڕاست کردنه‌وەی باری خواری خەڵکی ئه‌و شارە شاقەلی بەلا داکرد، دیاره له مەلایهکی دڵسۆزی کورد هه‌ر ئه‌وه چاوەڕوان دەکرێ.
ئه‌و کەسانه‌ی ئاگاداری گرفت و کێشە کۆمەڵایهتییهکانی نیو سەدەی ڕابردووی شاری مەهابادن، دەزانن مامۆستا مەلا عه‌زیز و هاواڵ و هاوڕێکانی مامۆستا مەلا کەریمی شاریکه‌ندی و مامۆستا مەلا عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌دیان، وەک کەسایهتێکی سەربه‌خۆ، بێلایهنگری هیچ باڵێک، چۆن قۆڵیان هەڵماڵی بۆ چارەسەر کردنی کێشه کۆمەڵایه‌تییه‌کان، چ شوێنێکی بەرچاویان بوو بۆ کوژاندنهوەی ئاوری نێوان ناخۆشی و تێک هەڵچوون و دووبەرەکی نێوان دەسەڵات و خەڵکی بێ دەسەڵاتی ئه‌و شارە.
مامۆستا مەلا عه‌زیز وەک مەلایهکی زانا و کەیخودایهکی باوەڕپێکراو و ماقووڵی شار لە ڕادەی توانایی خۆی ئاوری دووبەرەکی نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئەو شارەی کوژاندەوە. هەر لەبەر ئه‌وە مامۆستا مەلا عه‌زیز له نێو دڵی خەڵکی ئه‌و شارەدا جێگای هه‌بوو، خاوەنی هێزێکی مه‌عنه‌وی بوو، پێوەندێکی ڕوحی له‌گه‌ڵ ئه‌و خەڵکه هه‌بوو.
له خودای گه‌ورە و مەزن داواکارین ئه‌و زانا دڵسۆزه وەبەر ڕەحمهت و کەرەمی خۆی بهاوێ و له‌گه‌ڵ پاکان و چاکان و ساڵحان بحهوێتهوە.