تاريخ: ۱۳۹۷ پنج شنبه ۲۳ فروردين ساعت ۱۰:۴۳ | بازدید: 3113 نظرات: 1 کد مطلب: 6396 |
* ساڵی 1336ی هەتاوی (1957ی زایینی) لە گوندێکی محاڵی مەهاباد بە نێوی "تەپەڕەش" لە دایک بووه.
* ساڵی 1359 وەک مامۆستایەکی قوتابخانەی دواناوەندی لە ئیدارەی پەروەرده و بارهێنان دامەزراوە.
* یهکێک له دامهزرێنهرانهری سهرهکی ئهنجومهنی ئەدەبی مههاباد بووه لە ساڵی 1367 و نزیک 10 ساڵ بەرپرسایەتی ئهو شوێنهی لە ئەستۆ بووە.
* ساڵی 1380 گۆڤاری مەهابادی دامەزراندووە.
* ئەو کتێبانەی کە نووسیونی بریتین لە: پاییزە (1373)، فەرهەنگی باڵندە (2001)، بەرگی یەکەمی گەنجی سەربەمۆر (2013)، ئەو پیاوەی نابێ فەرامۆش بکرێ (ئامادەی چاپ).
* ساڵی 1384 خانەنشین کراوە.
* "گەنجی سەر بەمۆر" وەک پڕۆژەیەکی گەورە لە 12 بەرگ لەبەر دەست دایە کە بەرگی یەکەمی ساڵی 2013 چاپ کراوە.
* ئەم وتووێژە زارەکی کراوە و ئاخاوتنەکە محاوەرەیییە.
هاژە: کاک ئەحمەد وێڕای بەخێرهاتنتان، بفەرموون کە چۆن بوو لەگەڵ ئەدەبیات ئاشنا بوون هۆگریتان بە "فۆلکلۆر" پەیدا کرد؟
من کوڕە گەورەی ماڵێ بووم، باپیرم لە ناوچەی خۆماندا کەسێکی نێوبەدەرەوە بوو. بابم نەخوێندەوار بوو، زۆری پێخۆش بوو کە ئەمن دەرس بخوێنم. خانەئینساف (شووڕا) بوو و هەمیشە دەرگیری ژاندارمان بوو؛ زۆریشی ڕق لێیانبوو. پێی خۆش بوو بزانێ کە ئەو نامانەی لە پاسگاوە بۆی دێن، چی تێدا نووسراوە، یان ئەگەر ژاندارم و مەئموور دێن، بزانێ دەڵێن چی و چی دەنووسن. دەیکوت بۆیە پێت دەخوێنم بزانم ئەو سەگبابانە ئەگەر هاتن دەڵێن چی! دیارە دواتر ئەوەی لە بیر چۆوە و ئامانجی خوێندنی من چووە بوارێکی ترەوە.
من منداڵیم وەک هاوڕێیەکانم بە کایە و قومار تێپەڕ کردووە، بەڵام مێرمنداڵیم نەکردووە؛ ئەوە ئێستاش لە شێست ساڵیدا لە سەر دڵم مەراقە. بابم زۆرتر منی لەگەڵ پیاوانی پیر دەخست، هەر بۆیە هەستان و دانیشتنم لەگەڵ ئەوان زۆر بوو.
پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایم لە گوندی داشخانە لە ماڵی مامم (دایکبرایەکی بابم) خوێند. زڕباپیرم "میرزاجەلیل"، کەسێکی حەقایەتخوان و مەجلیسخۆش بوو. شەوانە جەماعەتێکی زۆری لە دەورە خڕ دەبۆوە و چیرۆکی وەک "حوسێن کوردی شەبستەری، ئەسکەندەرنامە، داستانی سێ دەروێش و..." بۆ دەخوێندەوە. هەر ئەودەم ڕادیۆ مەهاباد بەرنامەیەکی بە ناوی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان" بڵاو دەکردەوە کە تایبەت بوو بە "بەیت و باو"؛ ڕەحمەتی "حەسەن مەجدی" بەڕێوەی دەبرد. من هۆگرێکی تایبەتم بەو بەرنامەیە پەیدا کردبوو. بەو پێیە ژیانی ئەو سەردەمی من سێبەری کەشوهەوای گەورانی زۆر بە سەرەوە بوو؛ دوایە سەرجەمی ئەوانە منیان بەرەو ئەدەبیات بە گشتی و فۆلکلۆر بەتایبەتی پەلکێش کرد.
دوایی کە من بۆ درێژەدانی خوێندن هاتمە مەهاباد و لە گەڕەکی "باغی سیسە" گیرسامەوە. ڕووبەڕووی مزگەوتێ دارۆغە، ماڵی حاجی ئەحمەد کۆکەیی لێبوو. ئەوان خاوەن کتێبخانەیەک بوون، ئەو کتێبانە بە کرێ دەدران بۆ خوێندنەوە. چون هۆگریم بە خوێندنەوە زۆر بوو، نیوەی کتێبەکانی ئەم کتێبخانەم خوێندبێتەوە کەمە. ساڵی 1351 کە چومە ورمێ، لەوێش دەستم لە خوێندنەوە هەڵنەگرت و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بڕیارم دا کە وە شوێن کەلتووری کوردی بکەوم و کاری لەسەر بکەم. بە گشتی دانیشتن لەگەڵ ئەو پیرانە، چیرۆک خوێندنەوەکانی زڕباپیرم، خوێندنەوەی کتێبەکانی کتێبخانەیی کۆکەیی و بەرنامەی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان"ی ڕادیۆ مەهاباد بوو بە هۆی ئەوەی کە من بێمە نێو دنیای فۆلکلۆر و ئەدەبەوە.
هاژە: لە ساڵی چەندەوە دەستت بە کۆکردنەوەی بەیتە کوردییەکان کردووە؟
هەر لە ساڵی 1358وە دەستم پێکرد. جیرانێتی ماڵە ئێمە لەگەڵ ماڵە "مامۆستا هێمن" لە کۆڵانی بەهمەنی منی بەرەو دنیایەکی برد. تا نەبووینە دراوسێ بەداخەوە مامۆستام نەمدەناسی.
هاژە: کۆکردنەوەی بەیتەکانت چۆن دەست پێکرد و لەگەڵ چ کەسانێک دادەنیشتی؟
ئەگەر دەستم بەو کارە کرد، "تۆحفەی موزەفەرییە"ی مامۆستا هێمن و کتێبەکانی بەڕێز قادر فەتاحی قازیم نەدیبوون، نەمدەزانی کە چ کارێک لەو بەشەدا کراوە و تەنیا سەرچاوەی من بەرنامەی "ئاگری دامرکاوی پێشینیان"ی ڕادیۆ مەهاباد بوو. ئەو کەسانەی کە من لەگەڵیان دادەنیشتم زۆربەیان سەر و ڕوو خۆش بوون، تاقمێکیان دڵتەڕ بوون، تاقمێکیان بەرەو عالەمی سۆفیگەری ڕۆیشتبوون. هەوەڵەکانی تەنیا لە خودی کەسەکەم دەپرسی "چ کارەی، چ دەکەی، خەڵکی کوێی، لە کێ فێر بوویی، چ دەزانی؟" ئێستاش بۆ ئەو کەسانەی کە بۆخۆم لەگەڵیان دانیشتووم پەروەندەیەکی گەورەم دروست کردووە. زۆر بوون، لەوەندانە ئەوانەی لە ژیاندا مابن لە قامکەکانی دەست تێناپەڕن. ئێستا 60 ساڵم تەمەنە، هەمیشە دەڵێم بریا ئێستا 80 ساڵ بام؛ ئەگەر 20 ساڵ پێشتر دەستم بەو کارە کردبا، زۆری فەرق دەکرد. بەداخەوە من لە دواساتەکانی کۆچی بەیت بێژاندا گەیشتمێ.
هاژە: کۆکردنەوەی بەیت و باوی کوردی چ ئەزموونێکی بە ئەحمەدی بەحری داوە؟
جار جار بە کاک قادر فەتاحی قازی دەڵێم: "جەنابت 8_7 بەرگت کتێب وەک خەرمان خڕ کردوونەوە، ئێمەش وەک مێروولە دمان تێناوە و دەیخۆین". من قەت ئەوەی بۆخۆم دانانێم کە خەرمانێکم کۆ کردۆتەوە و ئەوە خەڵک دمی تێدەنێن؛ جەسارەتی وا ناکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم: خەرمانێکم کۆ کردۆتەوە سبەینێ میللەتەکەم دەتوانن شانازی پێوە بکا. بۆ ئەوەی بڵێ منیش سێحەب پیشینەیەکم، منیش مێژووم هەیە، منیش هەم. بۆ ئەوەی سبەی وەک گەلانی دیکە سەر هەڵێنێ و بڵێ منیش خاوەن ڕابردووم، ئەمنیش سێحەب زمانم، ئەمنیش خاوەن فەرهەنگم، ئەمنیش کەسانی گەورەم هەبووە. چون ئەو بەیتانە سەرمایەی ئەو گەلەن و زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە بە قەدەر توانایی خۆم ئەو بەیتانە کۆ کەمەوە.
هاژە: بە بڕوای بەڕێزتان، ئەدەبی زارەکی موکریان بە نیسبەت ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور لە چ ئاستێک دایە؟
چون بۆخۆشم لە سەر موکریان کار دەکەم، بێ گومان پرسیارێکی باشە. هۆیەکەشی ئەوەیە لە زمانی زارەکی خەڵکی فۆلکلۆردا، ئەتۆ کە وردەکارییەکانی زمانی نەزانی، شارەزایت بە سەر جۆغڕافیای ناوچەکاندا نەبێ، ئاگاداری بارودۆخی سیاسی - جۆغڕافیایی - عەشیرەیی ناوچەکانی دی نەبی، تووشی هەڵە دەبی. هەر ئەو جۆرەی ئەو سەرچاوانەی دیکە کە زۆر جار چاویان لێدەکەم، هێندێک کات پشتیان پێ نابەستم، جاری وایە هەڵەی ئەوەندە زەقیان تێدایە کە تۆ سەرت سووڕ دەمێنێ، چون ویستوویەتی شتێکی بڵێ و نەشیزانیوە، ئەمنیش نامەوێ ئەو هەڵەیە بکەم و نەمکردووە و تەنیا لە سەر "موکریان" کارم کردووە، چون لەو چەند خاڵەی کە باسم لێ کردن، لانیکەم وردە ئاگادارییەکم لێیان هەیە.
موکریان ناوچەیەکی یەکجار گرینگ بووە، چەند عەشیرەی گەورە لەو ناوچەیەدا ژیاون. حەڕەکەتی یەکجار گەورەیی تێدا کراوە، لە سەر بەیتی "باپیرئاغای مەنگوڕ" کە کارم دەکرد، مەجبوور بووم ئاوڕێک بۆ سەر مێژوویی ناوچەدا بدەمەوە. لە ماوەی 200 ساڵدا 25 شەڕی یەکجار گەورە لە سنووری جۆغڕافیای موکریاندا ڕوویان دابوو کە هەر یەک لە وانە بە پێگەیی خۆی شوێندانەر بوون. لەو ناوچەیە، ناوچەیەکی گەورە، مێژووی لە سەر پشتی ئەسب بووە! هەزاران بابەتی لە سەر زاران و نەنووسراوەی هەیە. لە تەنیشت ئەو موکریانەدا کە ئەو هەمووە هات و هاوار ڕووبەڕو بوونەوەی عەشایر لەگەڵ یەک و تەنانەت ڕووبەڕو بوونەوەی عەشایر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە دەیان و سەدان جار تێیدا ڕووی داوه، تۆ "سەنەد و بەڵگە و مەکتوباتێکی ئەوتۆت نییە". دەی ئەوانە چیان لێهاتووە؟ هەمووی چوونەتە نێو ئەدەبی زارەکییەوە.
موکریان تا 150 ساڵ لەوە پێش بێجگە لە مەهاباد شاری نەبووە، بۆیە ئێستاش کە کەسێک مەبەستی هاتن بۆ مەهاباد بێ دەڵێ دەچمە شاری. کاتێک ئۆسکارمان لە ساڵی 1903 دێتە موکریان هیچ یەک لە شارەکانی ئێستا شار نەبوون. تۆ لە پەنای ئەوەی کە شارت نەبووە، شاری گەورەی وەک تەورێز و مەراغەت هەبووە کە بە ناوەندی حکومەتداری و سیاسەتداڕێژی لە ئێراندا ئەژمار دەکران. لەو 25 شەڕەی کە لە ناوچەدا کراون، تۆ لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووی. جا دەمهەوێ ئەوەت پێ بڵێم سەرجەم جەمسەری عەشیرەکانی مەنگوڕەکان، فەیزوڵڵابەگییەکان، زەرزاکان، مامەشەکان و... سابڵاغی دەگرتەوە.
لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمدا، سابڵاغ چەند کۆنسولگەری لێ بووە. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بەیت و باوەکان لە دەوروبەرێ ئەو شارە خڕ بنەوە. بەشی هەرە زۆری بەیتبێژەکان لە سندووس، شاروێران، مەنگوڕایەتی و محاڵ بە ناوەندیی سابڵاغ ژیاون و تۆش هاتوویی لێرە کۆ دەکەیەوە، بەڵام بۆ ئەحمەدی بەحری درەنگە، درەنگ وە خۆ کەوتم یا زوو لە دایک نەبووم.
هاژە: بەیتەکانی کوردی چەندی ئەفسانەیی، چەندی ڕێئاڵیستی و چەندی حیماسین و باسی چ شتێکی ئینسانی کورد دەکەن؟
بەیتەکانی "مام ئەحمەد لوتفی" کە کاک قادر فەتاحی قازی کاری لە سەر کردوون، سەبارەت بە ئەوەی کە مام ئەحمەد کەسێکی "حەقایەتخوان" بووە، چیرۆکەکانی ئێران هەموویانی دەزانێ و هێناونی و تێکەڵی بەیت و باوی خۆی کردووە، جا بۆیە ئەگەر لە ڕووی مام ئەحمەدی لوتفییەوە چاوی لێ بکەین، بەشی زۆری لە خانەی ئەفسانەدا جێ دەگرن. بەڵام ئەگەر لە سەر بەیتەکانی تری موکریان کار بکەین بەشی هەرە زۆریان ڕێئالیستی و واقعین. شتی سەیر و سەمەرەیان کەم تێدایە. جاری وایە لە چوارچێوەی جۆغڕافیایی موکریاندا ناچنه دەرێ. هەمووی باسی شاخ و داخ و عالەمی خۆتە. هەر دەڵێی ژیانی دۆینێ و پێرێ و مانگی پێشی خۆمان بووە بە زمانی خۆمان؛ هەڵبەت بڕێک کۆنتر. بەیتەکانی ئەفسانەیی وەکوو شێخمەند و شێخڕەش، شێخ فەرخ بە گشتی زۆر کەمن. لە نێو بەیتە واقعییەکاندا دەتوانین بە برایمۆک، خەج و سیامەند، ناسر و ماڵماڵ، سەیدەوان ئاماژە بکەین.
بەیتەکان ئاوێنەیهکن کە ژیانی ئێمەی کورد نیشان دەدەن، هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤیان لە "عیشق، ئەوینداری، پێهەڵاکوتن، هیجران و دووری" لە خۆ گرتووە. بەیتە مەشهوورەکانی وەکوو دمدم، باپیرئاغا، عەوڵڵا خانی موکری، هەمزەئاغا، سامسام لە خانەی بەیتی تاریخیدا سەیر دەکرێن. بەیتی ئاینیشمان هەن کە یەکجار ڕێکوپێک و پڕبایەخن، بەڵام بەداخەوە کەمتری ئاوڕ وێدراوەتەوە و شیاویی ئەوەیە کە سرنجی بدرێتێ. هەروەها بەیتی "کومیک"یشمان هەیە کە حاڵەتی شۆخی و جەفەنگ بە خۆوە دەگرن.
هاژە: ئایا بەیت و باو هەر بە موکریان بڕاوە یا لە بەشەکانی تری کوردستانیش هەیە؟
بەڵێ هەمانە، لە زاراوەی بادینی "کرمانجی"دا بەیت و باوێکی یەکجار زۆر هەیە کە دەتوانم بڵێم بەشێکیان هەر پێوەندی بە موکریانەوە نییە، من کارم لە سەر نەکردوون.
موکریان بە هۆی بوونی هۆز و عەشیرەکانەوە لەو بوارەدا زۆر دەوڵەمەندە. ئەمن "موکریان" وەک سنووری جۆغڕافیایی دەوڵەتەکان سەیر ناکەم، بەڵکوو بە پێی ژیانی عەشایری و زمان و زاراوە کوردییەکەی دابەشی دەکەم. دەتوانم بڵێم لە مەهابادڕا هەتا هەولێرێ، "ژیانی عەشیرەتەکان، زمان و زاراوە، دابونەریت، ژیانی دەرەبەگایەتییەکانیان" یەک جۆرە، بۆیە لە هەر دووک بەران بەیت هەیه.
لە مەقالەیەکمدا باسم لە سەر ئیشەکانی بنەماڵەی "دەرەبەگ" کردووە، جا لە کوێخادەرک، میرا، گزیر، چاپەز، تەگبیرپێکەر، باب نۆکەر، نانکەر، سەرشۆر و... ڕا بگرە، زیاتر لە 30 کار لە بنەماڵەیەکی دەرەبەگدا هەبووە. جا خۆشخوان و حەقایەتخوانیش بۆخۆی ئیشێک بووە کە لە دیوەخانی ئاغای دانیشتووە و دەستی بە هونەرەکەی خۆی کردووە. خۆشوێژ بۆ دڵی گشتی قسەیی کردووە، زۆر کەم وا هەبووە بۆ دڵی ئاغای قسەی کردبێ، ئەو قسەیەکی کردووە بە قازانجی هەموو لایەکی تەواو بووبێ. ئەگەر شوێنێک بۆ حەقایەتان ماڵە ئاغای بووە، شوێنێکیش چەقەخانەی مزگەوتەکان بووە کە هەرکیان یهگڕا باسی حەقایەت، چیرۆک و بەیتیان کردووە کە باسێک لە سەر ڕابردووی میللەتی خۆی دەکا.
هاژە: کاک ئەحمەد لە سەر ئەوەی کە بەیتەکان سینگ بە سینگ بە ئێمە گەیشتوون، بە بڕوات بەیت ئەو جۆرەی کە لە هەوەڵەوە گوتراوە هەر وەک خۆی ماوەتەوە یا لەسەر ئەو ڕاگواستنەدا گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە؟
بێگومان گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە، خسڵەتی شتی زارەکیی ئەوەیە، چون زار بە زار دێ، گۆڕانی هەر بە سەردا دێ. زۆر کەم وایە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ [نەقڵی قەولی موستەقیم] وەک خۆی بمێنێتەوە. بەڵام با ئەوەش بڵێم، ئەو شتەی کە دەگۆڕدرێ لە لایەکەوە زەرەرە، چون لە ئەسڵی سەرچاوەکەی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە زۆر گرینگ نییە. بۆ نموونە "خەج و سیامەند"ێکی کە چەند ساڵ لەوە پێش ڕووی دابێ. تۆ دەبێ بزانی ئەو "خەج و سیامەند"ەی کە ئێستا لەبەر دەستە گرینگە، ئەگەر وایە دێم لە باری ڕەوانناسی، جوانناسی، زمانی،دابونەریت و ...وە لێکی دەدەمەوە. ئەگەر گۆڕدرابێش، گۆڕانێکی وا نییە کە هیچی ڕابردوویی پێوە نەمابێ. شتێکی سەرەکی کە لەو گۆڕینەدا شوێندانەر دەبێ بۆ "بەیتبێژەکە" دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لە "گوڵێ"دا کاتێک کە خۆشوێژ دەیڵێ باسی "خۆشەویستی و دووری لە یار" دەکات، بەڵام وەختێک سۆفێک و دەروێشێک لە خانەقایە دەیڵێ دەیکاتە "پێغەمبەر". بەستە بە بەیتبێژەکە کە لە چ چینێکی کۆمەڵگایە و چۆنی دەڵێ و پێگەکەی چییە، خەڵکی چ ناوچەیەکییە، دیسان گۆڕانی بە سەردا دێ.
بەیتبێژێکی ناوچەی مەنگوڕایەتی باسی ئەستەڕ، گەدەی مەنگوڕان، ئەشکەوتی ڕەفتە و قوڵتەی دەکا، ئیدی نایە باسی شاخەڕەشی شاروێرانی بکا.
هاژە: خاڵی هەرە بەرچای ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی بە نیسبەت گەلانیتر لە چیدا دەبینی؟
یەکێک لەو شتە باشانەی کە لە کلتووری ئێمەدا هەیە، مەسەلەی وەسف و پێهەڵاگوتنی "ژن"ە کە لە شێعر و گۆرانییەکانی ئێمەدا بە نیسبەت ئەدەبی دراوسییەکانمان لە سەرترە، بێ پەردەترە، ڕیسکپەزیرترە. چون ئێمە زۆر بە ڕاحەتی لە کاری دەکەین. یانی سەرەڕای ئەوەی کە ژنی کورد ئەو هەمووە بەدبەختی و کوێرەوەریی کە کێشاوێتی، بەڵام ئەوە بەشێک لە ئازادییەکەی ئەژمار دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە لە نێو بەیتوباو و گۆرانی ئێمەدا مەسەلەی تەعامول لەگەڵ دین و ئایین زۆر سەیر سادە کراوەتەوە، یانی بە جۆرێک لە جۆرەکان هاتوون بەو بەشەوە نووساون کە زۆرتر باری دنیایە بەرچاوترە تا قیامەت.
لە بەشێکی دیکەشدا حوبی دڵ و خۆشەویستێکی لە ڕادە بەدەر بە "کوردستان" کە ئەو شتە لە ڕێگای خۆشەویستی شاخ و دیمەن و گوڵ و گیا و باڵندە کە بە بەشێک لە کەرەسەی ئەم بەیت بێژانە ناو دەبردرێت.
هاژە: کاک ئەحمەد، بەڕێزتان ئەویندارییەکی تایبەتیتان بە مامۆستا هێمن هەبووە و بەپێچەوانەی هاوڕێیەکانتان، لە جیاتی ئەوەی کە ڕوو لە شێعر بکەن، ڕێبازێکی دیکهی مامۆستا هێمنتان گرتۆته بهر.
منیش لە ساڵی 1358 کەم تا کورتێک بۆ ماوەی چەند مانگان شێعرم دەنووسی، بەڵام چون بۆخۆم هەر خەریکی بەیتەکان بووم و خودی مامۆستا هێمن زمانی نووسینەکانی منی لە سەر بەیتەکان زۆر بە دڵ بوو، هەر بۆیەش منی هاندا کە زۆرتر وەدووی ئەو بەشە بکەوم. زۆر کەڕەت کە بەیتەکانم بۆ دەخوێندەوە، دڵی پڕ دەبوو و فرمێسکی لە نێو چاوانیدا قەتیس دەما، ئەویش نەک بە خاتری کاری من، بەڵکوو ئەو بەیتانە ژیانی ڕابردووی خۆی وەبیر دێناوە. ئەوەی کە ئێمە ڕێچکەکەی هێمنمان گرتبۆ بەر و ئیقتدامان پێدەکرد، "زمانەکەی" بوو، زمانەکەی بە سەر "کوردایەتییەکەیی"دا زاڵ بوو. ئێمەش لە ڕستەی کورت، ڕستەی خۆماڵی، وشەی ڕەسەن، پەتی قسە کردندا لاسامان دەکردەوە. بۆ نموونە بەڕێز "فەتاح ئەمیری"یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ڕۆمانەکانیدا زۆر وشەی ڕەسەن و ئیستلاحی کۆن و پەتی بە کار دەبرد تا ئەوان نەفەوتێن. ئێمە ئەگەر ئەو کارانەمان دەکرد، "ئاگاهانە" دەمانکرد. ئێمە لە سەر ناوەڕۆکی هونەری پێداگریمان نەدەکرد، بەڵکوو هەر خەریکی "پاراستنی زمان" بووین و ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەمانتوانیوە لەو چوارچێوەیەدا لادەین و بە دایمە خەمی ئەوەمان هەر هەیە. ئەو شتەش زۆرتر بۆ شوێندانەریی گۆڤاری "سروە" دەگەڕێتەوە. ئێمە کە خەریکی وەها حەول و تەقەلایەک بووین کە لە بەرامبەرماندا زۆر کەس لە ڕووی نەزانی بەرچەسپیان لێدەداین.
هەڵبەت پێم خۆشە ئەوە بڵێم، ئێستا تێڕوانینی من بە نیسبەت جاران گۆڕاوە و ئێستا دەڵێم: "زمانی پەتی زۆر پێویست نێ"، لە سەروتارەکانم لە گۆڤاری مەهاباددا ئەگەر چاوی لێکەی، زمانی نووسینەکەم پەتی نییە، چون من دەمەوێ بەردەنگی خۆم حاڵی بکەم و تێیبگەیەنم. گۆڕانکاری زمانی پێشی پێ ناگیرێ، ژیان و زمانی من فۆلکلۆرییە، بەڵام دەڵێم: "زمانی فۆلکلۆری بۆ ئێستای ئێمە نابێ".
هاژە: ئەو دەم تا چەندە لە پاراستنی وشە ڕەسەنەکاندا سەرکەوتوو بوون؟
ئەوە "سروە" دەزانێ، کەسانێک کە چەند ژمارەی "گۆڤاری سروە"یان هەیە هەڵیسەنگێنن. هەمیشە ئەوە دەڵێم: "بریا هێمن و هەژار 10 ساڵی تر ژیابان"، چون کۆچی ناوادەی ئەوان زیانێکی گەورەی لە زمانی کوردی دا. یانی وەختی خۆی ئەگەر مامۆستا هێمن مابا، بێگومان شوێندانەرییەکی تایبەتی لە سهر ئێمە دەبوو. ئەلان یەکێک لەو دەردە گەورانەی قەڵەم بەدەستانی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە کەس نییە ئیقتدای پێ بکەن و پێشەنگیان بێ، هێمن زوو ڕۆیی، بریا 30 - 20 ژمارە لەگەڵ سروە مابا. ئەوەندە زوو مرد، هەموومانی هەتیو کرد.
هاژە: تۆحفەی موزەفەرییەی ئۆسکارمان و مامۆستا هێمنی چلۆن هەڵدەسەنگێنی؟
تۆحفەی موزەفەرییە کە یەکیان بە ڕێنووسی لاتین و ئەوی دییان بە ئارامی نووسراوەتەوە، جیاوازیان هەیە، بەڵام جیاوازیان ئەوەندە نێ کە لە ناوەرۆکدا گۆڕانی بە سەردا هاتبێ. یەک دوو شتی بەرچاون و یەک دوو شتیشی هەڵەن کە کراون. بۆ نموونە پیتی [ح] لەگەڵ [ع] لە ناوچەی شاروێراندا ئەو دوانە تێکەڵ دەکهن، یانی لە جیاتی [ع]، [ح] دەڵێن و بەپێچەوانە. جا ئۆسکار مان ئەو شتەی کە بیستوویەتی هاتووە ئەوی نووسیوەتەوە، مامۆستا هێمن بەشێکی چاک کردوون، چون ئەگەر پێیدا نەهاتباوە، بۆ کەسانێک کە لە ناوچەی موکریان نەبوون، تێگەیشتنی سەخت دەبوو. بەشێکی تریش هەڵەکانی چاپین کە تێیکەوتوون، چون ئەو کتێبە لە باشووری کوردستان چاپ بووە، ئەوانی کە ویراستاری ئەم کتێبەیان کردووە، جارجار دەستێکیان تێوەرداوە، ئاڵوگۆڕێکیان ساز کردووە کە لە ڕووی نەزانییەوە کردوویانە و شایەد بەشێکی هەر ڕەبتی بەو نەبێ. بەڵام بە گشتی هەڵەکانیان ئەوەندە نییە کە لە چاو بدا. بەڕێزێکی دی بە ناوی "عەلی نانەوازادە" هاتووە لاتینەکەی چاپ کردۆتەوە، کە بەداخەوە لەوێشدا هەڵەیی تێدایە. بە گشتی هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆسکارمان "ئەلفوبێیەکی تایبەتی بۆ نووسیوە کە بەشێکیان ناخوێندرێنەوە. ئەگەر تۆ موکریانی، مەهابادی، دێهاتی، شاماتی نەبی ناتوانی لێکی دەیەوە، زۆرتر کێشەی وشەیە دەنا ناوەرۆکەکە کێشەی نییە.
هاژە: تا چەندە حەولت داوە تا ئەو کەلێن و هەڵانەی کە لە کارەکانی پێشوودا دیتوتن، لە کارەکانی خۆتدا چاکیان کەی؟
من وەک زەعف چاو لە کاری وان ناکەم، بەڵکوو وەک هێز و بارودۆخی ئەو دەم چاوی لێ دەکەم. ئۆسکارمان توانیوێتی فەقەت "ڕەحمان بەکری" پەیدا بکا. ئەوەش بزانە کە لە نامەکانی ئۆسکارمان ئەوە دەردەکەوێ کە لە هاوینێدا بە قەستی شکایەتیان لە ڕەحمان بهکر کردووە و بە زۆری هێناویانەتە مەهابادێ و بە خاتری ئەوەی کە نەیبەنە زیندانێ، بە ماوەی 22 شەو هەموو ئەو شتانەی کە زانیوێتی پێی گووتووە و ئەویش نووسیوێتەوە. هەر چەند ئەودەم بەیتبێژی باش هەبوون بەڵام نەیتوانیوە بە هەموویان ڕابگا، تەنیا لە شامات و شاروێرانێ لە ڕەحمان بەکری کەڵکی وەرگرتووە و نەیتوانیوە بۆ لای مەنگوڕایەتی و ناوچەکانی دیکە بپەڕێتەوە. کاک قادر فەتاحی قازی پاشی 60 ساڵ هاتووە "مام ئەحمەد لوتفی" دیتۆتەوە، ئەویش هەمووی لە وی هەڵگرتووە، بەڵام هەر ئەودەم بەیتبێژی زۆر گەورە هەبوونە. ڕەحمان بەکر بە زۆری گوتوویەتی، ئەگەر وایە جاری واش هەبووە کە حەوسەلەی نەبووە. بۆ نموونە "لاس و خەزاڵ"ێک کە ئێستا من کاری لە سەر دەکەم، من بۆخۆم 8 -7 تێکستم هەیە کە ئەوەی تۆحفەی موزەفەرییە لە هەرە لاوازەکەیانە. بە جوانی دەردەکەوێت کە ڕەحمان بەکر بە زۆری گوتوویەتی و ئەو فەقەت لە سەر ئەوەیی بووە کە زوو خەڵاسی بکا و بڕواتەوە. کاک قادر فەتاحی قازی کە هاتووە بەیتی "لاس و خەزاڵ"ی لە زمان مام ئەحمەدی لوتفی نووسیوەتەوە، یەکێک لە هەرە درێژترین بەیتەکان ئەژمار دەکرێ، بۆ؟ چون مام ئەحمەد بە پووڵ گوتوویەتی و ڕۆژانە پارەی وەستایەکی وەرگرتووە. ئەو هاتووە عەڕش و قورشی تێکەڵ کردووە، بەیتێک کە دەبێ بە ڕۆژێک بگووترێ، ئەو بە چەند ڕۆژان گوتوویەتی.
گرینگترین بایەخی "تۆحفەی موزەفەرییە" کۆن بوونێتی؛ نزیکەی 113 ساڵی تەمەنە. ئەو کتێبە یەکێک لە سەرچاوەکانی کتابەتی ئێمەی کورد دێتە ئەژمار. من چون بۆخۆم هەر دووکیان دەزانم، حەولم داوە تێکستی جۆربەجۆر لە یەک دانە بابەتیدا ببینمەوە. ئەوەی کە بۆخۆم لە خۆشوێژێکم گوێ لێ بووبێ ئەوە بە ڕێکی نووسیومەتەوە، ئەگەر پێویست بووبێ هاتووم پەراوێزم بۆ کردووە. هەر بۆ بەیتی لاس و خەزاڵ نزیکەی 723 پەراوێزم بۆ نووسیوە کە بتوانم ئەو کەلێنانە پڕ کەمەوە. چون ژیان مەودا بە مەودا تێدەپەڕێ، ژیانی عەشیرەتی جاران ئێستا ڕووی لە ژیانی شارنشینی کردووە. ئەوانە بۆ بەرەی داهاتوو کە دەیانهەوێ لە بەیت و باو بکۆڵنەوە، بەیتەکان وەک سەرچاوە چاو لێ بکەن، ئەوە لە وێدا کەرەسەی باش دەست دەکەوێ، چون من لە کارەکەمدا هەموو جۆرە تێکستێکم لە بەر دەست داناوە و تا ئەو جێگەیی کە دەنگی بەیت و بیتبێژەکەشم هەبێ، حەول دەدەم ئەویش وەک CD لەگەڵ کتێبەکانم دانێم.
هاژە: کتێبی "گەنجی سەربەمۆر" چەند بەرگە و شێوەی داڕشتنەوەی بەیتەکانت چۆن داناوە؟
کتێبی "گەنجی سەربەمۆر" کتێبێکی 12 بەرگییە کە هەر یەکەی نزیکەی 750 لاپەڕە لەخۆ دەگرێ. بەرگی یەکەمی چاپ و بڵاوکراوەتەوە و بەرگی 4 - 3 - 2 ئامادەی چاپن، ئەلانیش لە سەر بەرگی 5 کار دەکەم. بە گشتی من زیاتر لە 500 تێکستم لە 100 جۆر بەیت و باو هەیە کە بە سەر 12 بەرگاندا دابەشم کردوون. هەر بەرگەی لە ڕووی ژمارەی لاپەڕە تەواوکەری بەرگی دوایی خۆیەتی. من لەو کتێبەدا بایەخێکی یەکجار زۆرم بە وشە و ئیستلاحەکان داوە. بۆ کەسێک کە لە داهاتوودا بیهەوێ فەرهەنگێک بنووسێ "گەنجی سەر بەمۆر" سەرچاوەیەکی باش دەبێ، چون ئەو کارە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ئەژمار دەکرێ، بەڵام لەوە زۆر نیگەرانم کە تەمەن مەودام پێنەدا و نەتوانم ئەو کارە بە ئاکام بگەیەنم.
بەرگی یەکەمی بەیتە مێژوویییەکان بوون کە بە پێی زەمان "دمدم، باپیرئاغای مەنگوڕ، عەوڵاخانی موکری، هەمزئاغا، سامسام" ئەژمار دەکرێن. بەرگی دووەمی "برایمۆک، مەحمەڵ و برایمی دەشتیان و سەیدەوان"، سێیەم بەرگ "ئەرکان، کاکەمیر و کاکەشێخ، خەج و سیامەند، ئەحمەدی شەنگ، گەنجخەلیل]ن، چوارەمی بە تاقی تەنێ "لاس و خەزاڵ" لە خۆ دەگرێ. پێنجەمی "ناسر و ماڵماڵ، ئازیزە، پایزە، حەیران، کەڵ و شێر، ئاڕەحمانپاشای بەبە، ڕاوی سەلیمبەگ، شەڕی مەنگوڕ و مامەشان"ە. بەرگەکانی تریش هەر وا بەو شێوەیە دەبن.
هاژە: دیارە لە فەرهەنگنووسیشدا دەستێکی باڵاتان هەیە که نموونهکهی "فەرهەنگی باڵندە"یه.
نووسینی "فەرهەنگی باڵندە" هۆیەکەیی بۆ دوو شت دەگەڕێتەوه. هەر وەک لە پێشدا گوتم، حەولی ئەو سەردەمی ئێمە زۆرتر ئەوە بوو کە "زمان بپارێزین". کارمان تەنیا کۆکردنەوەی وشە و ئیستلاحە کۆنەکان بوون، تاکوو لە بەین نەچن و ئەو کارەش هەر لەو سەردەمدا کرا. هۆیەکی دیکەش ئەوە بوو کە من بۆخۆم لە جێگایەکی گەورە ببووم کە دەستم زۆر بەو شتانە ڕادەگەیشتن. کەسوکارەکەی خۆم زۆربەیان ڕاوچی بوون. لە دەوری گۆلی ورمێ کە جێگای هەرە زۆری باڵندەکان بوو و بۆخۆشم تا ڕادەیەکی ئاشنایەتیم لەگەڵیان هەبوو و دەمناسین؛ چون کەرەسەکەم لە بەر دەست دابوو و لە لایەکی دیکەش ئامانجم پاراستنی زمانی کوردی بوو، حەولم دا ئەو فەرهەنگە بنووسم.
هاژە: کاک ئەحمەد ئەوەندەی زەینم دابێتە نووسینهوە بەیتەکان لە لایهن ئێوە، ڕەوایەتێک بە چەند شێوە [تعدد روایت] دێننهوە، قازانجی ئەو شتە لە چیدا دەبینی؟
لە ئەوەیدا کە هیچیان وەک هیچیان ناچن، لە ئەوەی کە هەر یەکەی بەشێک لەو شتەی کە بۆ ئێمە لە باری زمان، دابونەریت، کەلتوورەوە پێویستە و هەر کەسەی لایەنێکی بە خۆیەوە گرتووە. هەڵبەت تێڕوانینی بەیتبێژەکان بە سەر شتەکاندا جیاوازە، شێوەی داڕشتنەکەیان تا ڕادەیەک فەرقی هەیە، سوور بوون لە سەر قافیەکان جیاوازە، وشەی نوێ تێدا دەبینێوە، نیشانە و شوێنی جۆغڕافیای تازەی تێدا دەبینی، دەی من چلۆن دەتوانم کاتێک کە "هەر گوڵەی بۆنی تایبەت خۆی لێدێ" من یەکیان هەڵبژێرم. ئەو کارەی کە ئۆسکارمان یا کاک قادر فەتاحی قازی کردوویەتی و ئەوانی دییان وەلا ناوە، ئەمن بۆ دووپاتەی کەمەوە.
هاژە: بەیت و حەقایەت و فۆلکلۆر چەندە دەتوانێ لە سەر زمانی نووسین کاریگەر بێ و بەڕێزت تا چ ڕادەیەک ئەوانت لە زمانی نووسینی خۆتدا بە کار هێناون؟
هەمیشە ئەو گلەییە لە خۆمان دەکەین کە ئێمە کەم ئاگاداری "زمان، کەلتوور و فهرهەنگ"ی خۆمانین و نایەین ئەوان دروست دەکار کەین. گلەییەکی دیکە کە لە نووسەران و شاعیران دەکرێ ئەوەیە کە "ئێوە بۆ بڕێک حەول نادەن کە ئەو وشە کۆنانەی ڕابردوومان زیندوو بکەنەوە". یەکێک لەو عەیبانەی کە من هەمیشە لە شاعیران و نووسەرانی ئەوڕۆی دەگرم ئەوەیە کە لە نووسراوەکانیاندا تەنەوعی فێعل کەم دەبینی. بەداخەوە ئەگەر "هەیە، بووە، دەبێ، ..." واتا فێعلە ئیسنادییەکانیان لێ بستێنییەوە چی وایان پێ نامێنێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زمانی کوردی بۆخۆی فێعلی زۆر باشی تێدایە بە جۆرێک کە فێعل کەسایەتی بە ڕستەکە دەبەخشێ، ناوەڕۆکی نووسراوەکە بەهێز دەکا. بەڵام بەداخەوە نووسەران و شاعیرانی ئێمە کەمتر بایەخ بەو بابەتانە دەدەن؛ هەر بۆیەیە "توانایی زمانیمان لە کزی داوە". تۆ کە بتوانی پەیامێک بە سێ جۆر بە من ڕابگەیەنی و بتوانی لە نێو ئەواندا باشترینیان هەڵبژێری، ئەوە دەردەکەوێت کە تۆ کارەکەت بە باشی کردووە. بەڵام کاتێک کە تۆ یەک ڕێگات هەبێ، بە دوور نییە کزترینیان نەبێ. نووسراوە و شێعری باش بە وشەی چاک و بەجێ و جۆری ڕیز کردن لە سەر خەتی ڕستە دایە کە دەتوانێ لە سەر من کاریگەر بێ. بەیت و باو دەتوانن ئەو کارە بۆ ئێمە هاسان بکەنەوە. نووسەران و شاعیران دەتوانن ئەو خاڵە ورد و پڕبایەخانە لە بەیت و باوەکان، ئەفسانەکان، قسەکانی ڕۆژانەدا دهرکێشن و بە کاری بێنن.
هاژە: گۆڤاری مەهاباد ئەم بەهارە پێ لە 18هەمین ساڵی دامەزراندنی خۆی دەنێت، بیرۆکەی دامەزراندنی گۆڤاری مەهاباد بۆ کوێ دەگەڕێتەوه؟
هەمیشە ئارەزووی ئەوەم هەبوو بتوانم گۆڤارێکی دەر بکەم. ئەو دەم کە "گۆڤاری سروە" لە ئاستێکی بەرزدا کار و چالاکی دەکرد، ئەم نیاز و ئاواتەی من زۆر بەرچاو نەبوو، بەڵام دواتر ئەو ویست و داخوازییە لە نێو خۆمدا پتر چەکەری داکوتا. من لەو کەسانەم کە هۆگرێکی یەکجار زۆرم بە کاری بەکۆمەڵ هەیە و کار کردنی گشتی بە لای منەوە زۆر گرینگه. لە سەر ئەو بڕوایەم کە هەموومان وێگڕا دەتوانین دەردی میللەتی خۆمان چارەسەر کەین. ئەو دەم کە مەسئولییەتی ئەنجومەنی ئەدەبی مەهابادم پێ بوو پێداگرێکی زۆرم لە سەر "مەکتوبات، ئارشیو، نووسراوە و چاپ" هەبوو. شایەد ئەوەت پێ سەیر بێ، پێش ئەوەی گۆڤاری مەهاباد یەکەم ژمارەی لێ بێتە دەرێ، من نزیک ٨ ساڵم زەحمەت لە سەر کێشاوە. چۆن بۆ دانی مۆڵەتی گۆڤار من دەبا بڕوانامەی لیسانسم هەبا، هەر بۆیە چوار ساڵم بۆ خوێند، 4 ساڵیش بۆ دانی مۆڵەت لە نۆرە دا بووم. چالاکی چەندی ساڵەم لە ئەنجومەنی ئەدەبی لە سەر دانی مۆڵەتی دەر کردنی گۆڤار زۆر کاریگەر بوو، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئیزنی دەرکردنی گۆڤاری مەهابادم بدەنێ.
لە ماوەی ئەم 17 ساڵەدا خەڵک دەبێ هەڵیسەنگێنێ کە ناوەرۆک و نووسراوەکانی گۆڤاری مەهاباد چ شتێکی هێنایە گۆڕێ. گۆڤار توانی بەشێکی هەرە بەرچاوی پێویستی و مەکتوباتی ئەم سەردەمە ڕابگرێ. هەروەها خەڵکێکی زۆر لە گەڵمان هاودەنگ و پاڵپشتمان بوون و ئێستاش هەر لە گەڵمانن و ئەوە کاریگەرێکی زۆر باشی لە سەر ڕووحیەی ئێمە داناوە. هەمیشە ئەوە دەڵێم کەسێک ئەگەر بیهەوێ کارێکی گشتی و کۆمەڵی بکات و ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێ و خەڵکیش ئەم دەرفەتەی پێبدا کە ئەرکەکە ڕاپەڕێنێ، دەبێ زۆر مەمنوونی خەڵکی خۆی بێ کە ئەم کاتەی پێداوە و ئەم زەمینەیەش بۆ وی ڕەخساندووە کە قۆڵی کار کردن هەڵماڵێ. ئێستاش نەبێ، لە داهاتوودا کەسانێک پەیدا دەبن کە گۆڤاری مەهاباد بە پێی هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەڵسەنگێنن. ئێمە ئەوەی لە دەستمان هاتووە کردوومانە،لەوەی زیاتر بۆمان نەکراوە، بە دڵنیایییەوە ئەگەر لە دەستمان هاتبا دەمانکرد. گۆڤارێک کە دەدرێتە دەرێ، بڕیار وانێ کە بە دڵی هەموو کەس بێ، بەڵام هەمیشە حەولی ئەوەمان داوە کە شتێک نەنووسین بە زەرەری خەڵکی بێ، قازانجەکەشی ئەوە خەڵک دەبێ بیڵێ.
هاژە: ئەزموونی ئەم 17 ساڵ کار کردنەی گۆڤاری مەهاباد لە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چلۆن هەڵدەسەنگێنی؟
ئەوە دەبێ خەڵک و قەڵەمبەدەستان لە سەری بدوێن. من هەر ئەوەندەی دەڵێم: "حەول و تەقەلایهکی زۆرمان دا کە ئاوڕ لە زۆر لایەنان بدەینەوە". بۆ نموونە ئەو ئیعتڕازانەی کە لە سهر ئێمە هەبوون کە ئێوە زۆر زانستی کار ناکەن، محافزەکارن. بەڵێ ڕاست دەکەن. من بە عینوانی مودیرمەسئوول و سەردەبیری گۆڤار لەگەڵ ئەو دۆستانەی کە لە وێدا کار دەکەن و ئەو هەمووە زەحمەتیان کێشاوە، من لەو کەسانە بووم کە نەمهێشت مەهاباد ببێتە گۆڤارێکی ئەدەبی؛ ئەوە بۆخۆی مەسەلەیەکی گرینگە. چون بەشی هەرە زۆریان دەیانهەویست گۆڤار تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیدا کار و چالاکی بکا. بەڵام من لەگەڵ ئەوە هاوڕا نەبووم و گوتم: "ئەدەبیات با بەشێکی بێت"، ئەوەش هەزینە و خەتەری بۆ من هەبوو، کەسانێک هەبوون کە بە ئاشکرا دژایەتیان دەکردم. ئێستاش تا ئێرە گۆڤار هاتووە و حەول و تەقەلایەکی بێبڕانەوەی بۆ دراوە. هیوادارم لە داهاتوودا کەسانێک بێن و هەڵیسەنگێنن کە مێحوەری نووسراوەکان چ شوێندانەرییەکیان لە سەر کۆمەڵگا هەبووە، چ کراوە و ئایا ئەوە بۆ کەلتوور و فەرهەنگ و ئاڕشیوی ئەم میللەتە تا چەندە کاریگەری هەبووە. ئەگەر کەسێک دابنیشێ و سەرجەم ژمارەکانی مەهاباد هەڵبداتەوە و تەنیا تیتری وتارەکانی بخوێنێتەوە، بێ ڕاوەستان زیاتر لە بیست و چوار سەعاتی دەوێ.
هاژە: بە بڕوات گۆڤاری مەهاباد ئەو جۆرەی کە پێویستە توانیوێتی وڵامدەری بەردەنگەکانی بێت؟
پرسیارێکی باشت کرد، بەردەنگی گۆڤاری مەهاباد کەسانی نوخبە و هەڵکهوتەی کۆمەڵگا نین، چون من تەنیا بۆ چینی نوخبە و ژیرم نەنووسیووە، من بۆ چینی مامناوەند (متوسط) کۆمەڵگام نووسیوە، بۆ کەسانێک کە هەست و سۆزی میللیان هەبووە، بۆ کەسانێک کە هۆگریان بە کوردایەتی بێ غەلوغەش و دوور لە سیاسەتبازی هەبووە نووسیوە. هەر بۆیەش لێرەوە بە ڕاشکاوی ئەوە ڕادەگەیەنم کە من بۆ چینی زۆر ژیرم نەنووسیوە و هیچ کاتیش ئیدعای ئەوەم نەبووە. من بۆ کەسانێکم نووسیوە کە دەیانهەویست کوردی فێر بن، ئاگاداری کەلتووری خۆیان بن، بە وێنەیەکی کۆنی ڕابردوو شاد بن، بۆ ئەو کەسانەی کە کاتێک باسی 100 ساڵ لەوە پێشیان بۆ دەکەی پێی خۆشحاڵ دەبن.
ئێمە هەمیشە گرفتمان لەگەڵ چینی نوخبە هەبووە، هەڵبەت ئێمەش گلەیمان لێیان هەیە، من ناڵێم کاکی ژیر ئەوەم بۆ تۆ نووسیوە، بەڵکوو من دەڵێم، ئەمن ئەوە خەریکم ئەو گۆشە چکۆلەیە پڕ دەکەمەوە، تۆش قۆڵ هەڵکە و لایەکی دی پڕ کەوە.
هەندێک نوخبە پێیان خۆش نەبووە شەقی شاڵوارەکەیان بشکێ بەڵام پێیان خۆشە قسەی زەلام زەلام بکەن، نوخبەیەک کە دەتوانم بڵێم دەردی هەرە گەورهی ئەمڕۆی ئێمە ئەوانن لەگەڵ عەمەل کردن و کردەوەدا نین، لە قسەدا هەن! باشە گۆڤاری مەهاباد پێشی کێی گرتووە کە نەتوانێ کار بکا، بۆ نەیانتوانیوە ئەو کەلێنانەی کە گۆڤاری مەهاباد پێی ڕانەیشتووە، ئەوان بێن پڕی بکەنەوە. گۆڤار کالایەکە ئەوەی بە دڵیەتی با وەریگرێ.
ئەوەی کە لە کارەکەی خۆمدا وەک عەیبێک چاوی لێ بکەم ئەوەیە کە نەماتوانی بۆ چینی لاو کار بکەین. بەڵام بۆ منداڵان هەنگاوی باشمان ناوە. بەشێکی تری گرفتەکان بۆ نووسەران دەگەڕێتەوە. نووسەرانت کێن؟ کوا نووسەری شێلگیر و پەیگیری وەها زۆر کە هەلومەرج هەڵسەنگێنن و زمانی تایبەتیان هەبێ و بەردەوام کار بکەن؟ گەورەترین دەردی گۆڤاری مەهاباد خوێنەر نەبووە بەڵکوو نووسەر بووە. گۆڤاری مەهاباد هەمیشە دەرگای بە ڕووی هەموو کەسدا کراوە ڕاگرتووە.
هەندێک لە ڕەخنەگرانی مەهاباد دەیانگووت چون ئەو گۆڤارە هەتا ئێرە پێشی نەگیراوە و نابەستراوە، دیارە سەری بە جێگایەکەوە بەندە! ئێمە گوێمان بەو قسانە نەدەبزوت، چون ئەگەر گوێمان دابایە، ئەوە هیچ کات کار نەدەکرا. ئێمە ئەوەندە لە سەر خۆمان وە جواب هاتووین کە "نەکەوین"، ئەوەندەی کە فشاریان بۆ دێناین، خۆڕاگرتنمان تەنیا لەو حەدەیدا بووە کە "بەرنەبمەوە"، بەڵام قەت بە خەیاڵماندا نەهاتووە کەس بەردەینەوە.
هاژە: گۆڤاری سروە خەڵکی "فێری کوردی نووسین کرد"، بەڕێزت گۆڤاری مەهاباد بە چ شتێک پێناسە دەکەیی؟
پێش هەموو شتێک ئەوەی فێری خەڵک کرد کە ئارشیو بۆ یەک میللەت زۆر گرینگە. گۆڤاری مەهاباد لە چوارچێوەی تەنیا بەشی ئەدەبی گۆڤاری سروە هاتۆتە دەرێ، لە سەروتارەکانڕا بگرە تا ئاوڕدانەوە لە مێژوو. بەشێکی هەرە زۆری ئەوانەی کە لە مەهاباد چاپ بوون، نەتواندرا لە گۆڤاری سروەدا چاپ ببێ. چون سروەدا نە سەردەمەکەیی هەو بوو نە کاربەدەستانی سەرێ ئەو ئیزنەیان دەدا. ئەو وتارانەی کە لە گۆڤاری مەهاباددا چاپ کراون، زۆربەیان ڕوونکردنەوەی ژیانی کورد و کەلتووری ئەو دەنەخشێنێ. لە لایەکی دیکەوە نەقد و ڕەخنەی تاقمێک لە کێشە و گرفتەکان بەتایبەتی لە "سەروتارەکان"دا لە گۆڤاری سروەدا توانایی چاپیان نەبوو.
هاژە: لە ئێستادا چ کێشە و گرفتێک لە بەردەم گۆڤاری مەهاباد هەیە؟
گرفتاری خەڵک و کێشەکانی ئابووری، نەبوونی نووسەر، دابەزینی خوێنەر و خوێندنەوە تاقمێک لەو گرفتانەن کە نە تەنیا لە گۆڤاری مەهاباد، بەڵکوو هەموو لایەنەکانی داتەنیوە.
زۆر بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر چۆنییەتی کاری گۆڤار و ڕۆژنامەنووسیدا کاریگەریی هەبووە. بەڵام بە خۆشییەوە ئێستاش تاقمێک لە خەڵک بە شێوەی "ئابوونە" هەر لەگەڵمانن، جا نازانم ساڵی 97 چمان بە سەر دێ.
هاژە: کاک ئەحمەد بەڕێزت لە گۆڤاری سروەدا کارت کردووە، بۆ بەڕێزت چ سەردەمانێک بوو؟
دەورانێکی لەزەت و خۆشی بوو. دەورانێک کە لە نامەیەک بۆ پیرۆزبایی هاتنە دەری سروە نارد بووم کە لە ژمارەی 2یدا سێ چوار خەتی لێ بڵاوکرایەوە. ئەودەم، دەمانزانی وردە وردە دەتوانین کار و چالاکی بکەین، هەر بۆیە ئەوانەی کە بۆ یەکەم جار وتاریان بۆ گۆڤاری مەهاباد دەنارد، زۆرم بایەخ پێدەدان، بۆ ئەوەی کە مەجالیان پێ بدرێ و ڕێگایان بۆ خۆش بکرێ کە بتوانن بنووسن، کە ئەوەش بۆ زەینییەتی ئەودەمی من بۆ گۆڤاری سروە دەگەڕاوە.
هاژە: ڕۆژنامەگەری لە پاش گۆڤاری سروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تا چەند توانیوێتی ڕۆشەنگەری بکا و پەرە بەو ڕەوتە بدات؟
لە سەردەمی ئیسلاحاتدا زۆر کاریگەر بوو، ئەو دەم تاقمێک ڕۆژنامەی خوێندکاری، هەفتەنامە هاتنە دەرێ کە زۆر شوێندانەر بوون، بەڵام ئەم کاریگەرییە کاتی بوو. "دەردی ڕۆژنامەگەری کوردی ئەوەیە کە چالاکییەکانیان درێژخایەن نییە". ڕۆژنامەگەری ئەوە نییە کە تۆ بە 4 - 3 مانگ شوێن دانێ و بتهەوێ ئەو شوێندانەرییە بمێنێتەوە. چالاکی فەرهەنگی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، کات دەبات تا بتهەوێ کاریگەر بێ. یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە پێشێ ئەوە بوو کە تەمەنی ڕۆژنامەکان کەم بوو. بریا ئەوان بە سیاسەتێکی ئاواڵاتر، باشتر، مەنتقیتر هەنگاویان ناباوە و کاریان کردبا. ئێمە دەبێ ئەو عەیبە لە خۆمان بگرین کە بە پێی کات و زەمان نەمانتوانی هەلەکان بقۆزینەوە و لە هەمبەر لەمپەر و گیر و گرفتەکاندا خۆ ڕاگرین.
هاژە: بەڕێزت ماوەیەکە لە نووسراوەکانتدا ئاوڕت لە سەر زمان داوەتەوە، حەتا لە گۆڤاری مەهابادیشدا فایلێکت بە نێوی "لە پێناو زمانی کوردی"دا کردۆتەوە، چۆنە کە ئەو کارەت کردووە؟
ئەوە بە گشتی بۆ سەر کاری خۆم لە بەیتەکاندا دەگەڕێتەوە. ئەگەر دەگەیشتمە ئەو جێگایانەی کە لە بواری زمانی، سەرف و نەحو و ئیستلاحات و وشە سەرنجڕاکێش دەبوون،بە خۆم دەکوت ئەوانە شوێنی باشیان لە سەر پەروەردە کردنی زمانی کوردی دەبێ و بەداخەوە کەم ئاوڕیان وێ دراوەتەوە؛ وا باشە بیانخەمە ڕوو.
ئێستا زمانی نووسراوەی ئێمە خەریکە فۆڕمی تایبەت بە خۆی دەگرێ، زمانی زارەکیش (محاورە) ئەوە خەریکە هەر بە شوێنی خۆیدا دەڕوا. جودا بوونەوەی ئەو دوو بەشە لە یەک زۆر پێویستە، بەڵام جاری وایە هەست دەکەی ئەو دوو بەشە وا لێک هەڵدەبڕن کە دەبنە دوو شتی جیاواز لە یەک. من وەک کەسێکی کە هۆگریم بە زمانە، پێم خۆش بوو ئەوە بۆ کەسانێک بنووسم کە چینی نووسەر و شاعیرن و دەمەوێ پێیان بڵێم کە ئەوانەشمان هەن. بەڕێزت خەریکە چوارچێوە و ساختاری زمانەکە دەشکێنی. وەک نەقدێک ئەوە دەڵێم، تۆ کە زمان ناناسی چلۆن دەتوانی ساختارشکێنی تێدا بکەی. ئەتۆ کە توانایییەکانی زمانی خۆت نازانی، بۆ دێی ساختارشکێی دەکەیی؟ بۆ دەیکەیی دەڵێی: "زمانەکەم بەشم ناکات"، ئایا ئەسڵەن تۆ لە هەموو بەشی زمانەکەت حاڵی ھەی کە پێت وایە بەشت ناکا؟ ئەوەش بۆخۆیی کێشەیەکە کە ساز بووە.
هاژە: کاک ئەحمەد بەڕێزت لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی مەهاباد بووی، جیاوازی ئەنجومەنی ئەو دەم و ئێستا چلۆن بەرئاوەرد دەکەیی؟
سەردەمی ئێمە دەستە و کاروان بۆ کاری ئەدەبی لە سەرجەم شارەکان ساز دەبوو. دەستەیەک حەولیان دا کە لە ڕێگای نووسین و ئەدەبیات و خزمەت بە زمانی کوردییەوە درێژە بە کاری فەرهەنگی خۆیان بدەن. خوالێخۆشبوو عەلی حەسەنیانی یەکێک لەو کەسانە بوو کە شوێندانەرییەکی زۆری بۆ لە دەوری یەک خڕ کردنەوەی خەڵکی هەبوو. لەو سەردەمدا کەسانێکی زۆر گهورە پێشەنگ بوون و ئێمەش کە لە هەڕەتی لاوێتیدا بووین هەر لەگەڵیان دەڕۆیشتین کە کارەکان ئەنجام دەین. جیاوازی ئەنجومەنی ئەدەبی ئەودەم و ئێستا ئەوەیە کە ئەنجومەنی ئەودەم پشتی بە گەورەکانی خۆی دەبەست. ئێمە کەسانێکی وەک ڕێزداران "ماملێ، عەلیار، مۆفەقی، ..."مان دێنان تا قورسایییەک بە کارەکانی ئەنجومەن بدەین. ئەو کات کە ئەنجومەنمان وەڕێ خست، قسەکەمان ئەوە بوو که ئەنجومەنی ئەدەبی ناتوانێ هەموو کەس بکاتە شاعیر و نووسەر، بەڵکوو ئەنجومەن ڕێگە خۆشکەرە بۆ کەسی پێنووس بە دەست کە خۆی نیشان بدا. ئەنجومەن ئەو هەلەی بۆ ئەو کەسانەی کە دەیزانی توانایی باشیان هەیە دەڕەخساند. بۆ نموونە یەکێک لەو کەسانە ڕێزدار "عەبدووڵڵا گولابی" بوو. ئەو دەم ئێمە دەمانزانی کە ئەو بەڕێزە شتێکی لە باراندا هەیە و دەتوانێ سەرکەوتوو بێ. لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە بایەخێکی زۆرمان بە کۆڕ و کۆبوونەوە و مەڕاسیمان دەدا کە بتوانێ کاریگهر بێ. ئەلانیش دەڵێم: ئەنجومەنی ئەدەبی دەبێ بایەخ بۆ دوو شت دانێ. یەکەم دەبێ "مەکتوبات"یان هەبێ و نووسراوەکانیان بدەنە دەرێ. دووەم کۆڕ و کۆبوونەوەکان زۆر کەن بۆ ئەوەی بتواندرێ شوێنی گشتی لە سەر کۆمەڵگا هەبێ. ئەگەر ئەو دوو هەنگاوە نەندرێت، ئەنجومەنی ئەدەبی ناتوانێ داهاتوویەکی باشی هەبێ.
هاژە: کاک ئەحمەد جەنابت مامۆستای قوتابخانەش بووی، ئەو جۆرەی کە دڵت بۆ زمان و ئەدەبی کوردی لێیداوە ئایا توانیوتە ئەو هەستەی بە قوتابییەکانت بگەیەنی؟
با شتێکت پێ بڵێم، هەلومەرجی ساڵی 60 - 58 سەردەمێکی تایبەت بە خۆی هەبوو. ئەودەم زیادە لە حەولی خۆمان تەقەلامان دەدا کە قوتابییەکان فێری شت بکەین، هەر کەسە ڕێگایەکی تایبەتی بۆ ئەم کارە دیتبۆوە. من دەمگوت کوڕەکان کێ قسەیەکی جوانی کوردی دەزانێ بۆم بێنێ، یا نێوی دوو باڵندەم بۆ بێنن یا چوار ئیستلاح و وشان بێنن. ئێمە بۆیە ئەو کارەمان دەکرد تا ئەوان لەگەڵ ئەو شتانە دەرگیر بکەین، کارێک بکەین کە ئاوڕێک لە کەلتووری خۆیان بدەنەوە.
لە لایەکی ترەوە من وەک مامۆستایەک چەند خولەکی کۆتایێ پۆلم بە شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاواز لە دەرس گوتن تەرخان دەکرد، یەکێک لە ئەوانە گوتنەوەی زمانی کوردی بە چەشنی "شێعری شاعیران و چیرۆک" بوو. هەر لە سەر ئەو حەولانەم ئێستا بەشێکیان ڕاستەڕێ و زۆر باش هاتوونەتە دەرێ.
هاژە: زۆر سپاس که به دڵ فراوانییهوە ولامی پرسیارەکانی ئێمهتان داوە. دواین وتەتان بۆ خوێنهران....
ئارەزووی بەختەوەری بۆ میللەتی خۆم دەکەم، ئارەزووی ژیانێکی خۆش بۆ گەلەکەم دەکەم. داوا و ئاواتی ئەوەم هەیە، هەر کەس بە هەر شێوەیەک لە هەر شوێنێک هەر شتێک کە دەتوانێ بۆ سەربڵیندی کورد بێت، ئەنجامی بدات.
ئارەزوومە ئەوەیە کە کتێب، نووسراوە، ڕۆژنامە و گۆڤار یەکجار زۆر بن. ئاواتەخوازم فەرهەنگی نەتەوەکەم لە ئەوەی که هەیە زیاتر بەرەو سەر هەنگاو بنێ، ئینشا... هەر واش دەبێ، ئینشا... ئاوات و ئامانجە میلیەکانی من بە سەر مەنزڵی مەقسوود دەگا.