تاريخ: ۱۳۹۷ پنج شنبه ۱۶ فروردين ساعت ۹:۵۴ | بازدید: 2839 نظرات: 0 کد مطلب: 6379 |
بە پێی هەواڵیی هاژە، ڕۆژی چوارشەممە ۱۵‌ی خاکەلێوەی ۹۷ی هەتاوی بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیران، نووسەران، هونەرمەندان و لایەنگرانی وێژە و ئەدەبیی کورد، ڕێوڕەسمی پەردە لادان لە سەر سێ بەرهەمی ئەدەبیی شاعیری مەهابادی "هەرمان وەتمانی" بەڕیوە چوو.
سەرەتای کۆڕەکە بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد وێڕای ئاماژە بە بەرنامە و چالاکییەکانی فەرهەنگی ئەم ئیدارە بە هاوکاری ناوەندەکانی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی وتی: بێ شک داهاتوو ڕوون دەبینین و پێمان وایە بە هاوکاری هەمەلایەنەی هونەرمەندان و ئەدیبان دەتوانین ئاسۆیەکی ڕوونتر بۆخۆمان دەستەبەر بکەین و بەسەر کەند و کۆسپەکاندا زاڵ بین.
لە درێژەی بەرنامەکەدا نوێنەری مەهاباد وتی: لە هەر کۆمەڵگایەکدا فەرهەنگ و هونەر کەم ڕەنگ ببێت، شوناسی ئەو کۆمەڵگایەش تووشی قەیران دەبێ.
جەلال مەحموودزادە شاعیران و نووسەرانی کوردی بە ویژدانی بێداری کۆمەڵگا ناوزەد کرد کە بەردەوام لە حەولی گەشە و نەشەی زمانی‌دا چالاکی دەنوێنن.
نوێنەری مەهاباد زمانی زگماکی بە واتای دەرفەت بۆ زمانی فەرمی لە ئێران باس کرد و گوتی: حەول و تێکۆشانمان بۆ خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و چەسپاندن و بەجێ هێنانی ئەسڵی ۱۵‌ی دەستوور و وەدیهێنانی ئه‌و مافه ڕەوایه بەردەوامه.
ڕەزا شەجیعی نووسەر و لێکۆڵه‌ری بواری ئه‌دەب وتارێکی لەسەر کاروچالاکییەکانی ناوەندی گوتار بڵاوکردەوە و ئه‌م سێ بهرههمەی لەم کۆرەدا پەردەی له‌سەر لادەدرا وەک دەستپێکی کاری چاپەمه‌نی و بڵاوکردنه‌وەی ئه‌م ناوەنده ناساند و وتی: وەک بەرنامەی ساڵی 97ی هەتاوی سرنجێکی تایبه‌تیتر دەدرێ بە شێعر، بەتایبەت شێعری بەرەی چوار و هایکۆی کوردی.
پاشان چالاکی بواری فەرهه‌نگی و هونەری غەفوور پیرزادە لەسەر ژیانی فەرهەنگی، هونەری ئەدەبیی هەرمان وەتمانی دوا و لە چەند خولەکێکدا ئاماژه‌ی به کارنامه‌ی چالاکی ئەو له بەشە جۆراوجۆرەکاندا کرد.
یوونس ڕەزایی شاعیر و نووسەری کورد وتارێکی له سەر لایه‌نه‌کانی زمانی پێشکه‌ش کرد و سەرەتا وێڕای ئاماژه به ئەزموونی زمانی شێعری شاعیرانی هه‌ڵکه‌وته‌ی کورد، هه‌وڵ و تێکۆشانی شاعیرانی گه‌نجی وەک درێژه‌دەرانی ئه‌م ڕێبازه وەسف کرد.
ئه‌و هه‌روەها وتی: به خۆشحاڵییه‌وە نه‌سلی نوێ خاوەن گوتارێکی نوێ، خوێندنەوه و داهێنانێکی نوێیه و دەتوانم بڵێم ئه‌وە به‌شێکی هه‌ره زۆری کاریگه‌ری له ڕووداوەکانی سیاسی، فەرهه‌نگی و... ئه‌مڕۆی کوردستان وەردەگرێ.
یوونس ڕەزایی له درێژه‌ی وتارەکهیدا ڕایگه‌یاند: له شێوازی زمان، دەربڕین و فەزاسازی شاعیرانه‌دا جیاوازییه‌ک له نێوان دوو کۆمەڵه شێعری کوردی و فارسی هه‌رمان وەتمانی دەبینرێ، واته له‌م دوو کۆمەڵه شیعرەی که هاوکات بڵاو بۆتەوە دوو فەزای کۆمەڵایه‌تی و سیاسی جودا، دوو فەزای شاعیرانه‌ی جودا ڕەنگی داوەته‌وە.
وتیشی: هه‌موو شێعره کوردییه‌کانی "هه‌رمان" خاوەن زمانێکی دەوڵه‌مەندن و له‌و نهسلهیه که زمانی کوردی دروست و دەوڵهمهند دەکار کردووە و له ئه‌زموونی شاعیردا زمانێکی پته‌و و ساختارێکی تێک ته‌نراو و دروست دەبینرێ.
له درێژه‌ی بەرنامه‌دا چەند شێعرێکی کوردی له لایه‌ن هه‌رمان وەتمانی به هاورێیه‌تی ویۆڵۆنسێلی سامڕەند فەقێزاده و گیتاری سینا خزری پێشکه‌ش به ئامادەبووانی کوڕەکه کرا.
له به‌شی کۆتایی و له سێ بەشی جیادا له لایه‌ن بەرپرسان، شاعیران و هونەرمەندانی پێشکسوەت و هەروەها منداڵان وەک نه‌وەی نوێ پەردە له سەر هه‌ر سێ بەرههمی هه‌رمان وەتمانی هه‌ڵدرایه‌وە.
1. کۆمەڵه شێعری کوردی "مەرگ دۆستت‌ترین دەرەختی دنیا" که ناسر باباخانی پێشەکی بۆ نووسیوە
2. کۆمەڵه شێعری فارسیی "تنها"
3. وەرگێڕانی کۆمەڵه هایکۆی "شوێنێک دەدۆزمهوە نۆ مەرگ" بۆ سەر زمانی کوردی
پێگه‌ی هه‌واڵیی هاژه ڕێز و سپاسی بێ پایانی خۆی ئاڕاسته‌ی هه‌موو بەشداربووانی ئه‌م کوڕە دەکات و هەروەها به پێوستی دەزانێ دەستخۆشانهیهکی تایبه‌تیشی هه‌بێ بۆ هاوکاران و ئیسپانسێرەکانی ماڵی و دێکۆڕی بەرنامه:
چێشتخانه‌ی "سرآشپز" له مەهاباد به سەرپەرشتی هه‌ژیر ڕەمەزانی
فەڕەح گولابی ئازەر ـ موژگان ڕەستاری ـ سامان ئیرەمی ـ ئومید خاکپوور ـ کەیوان مەلوودزاده
|