تاريخ: ۱۳۹۶ دوشنبه ۲۸ اسفند ساعت ۱۳:۵۰ | بازدید: 2264 نظرات: 0 کد مطلب: 6311 |
سەلاحەددین ئاشتی
هەر دەمێک باسی هاتنی نەورۆز و تێکهەڵەنگووتنی ساڵی کۆن و نوێ و ئەنگووتنی هەناسەی بای بەهاری دێتە گۆڕ، بێسێودوو "پێرەمێرد"ی مەزنم دێتەوە یاد. داگیرسانی ئاگری پرشنگداری وەرزی بەهار، بێ بیستنی سروودی دڵنشینی نەورۆزی ئەم کەڵەپیاوە ڕەنگی کاڵە.
لە ڕوانگەی ئازادیخوازانەوە، بەتایبەت لە سەدەی ڕابردوودا، نەورۆز بەپێی لێکدانەوەیەکی خەستوخۆڵی سیاسی- مێژوویی، وەک جێژنی سەرکەوتنی کاوە بە سەر زەحاکدا لێکدرایەوە و ئەمەش گڕ و تینێکی دیکەی بەخشی بە گیانی گڕگرتووی نەورۆز و مانایەکی تازەی بە باڵای بڕی. نەورۆز بوو بە هێما و نیشانەی ژیان و بەرخۆدانی نیشتمان و گەشەی دا بە بیری نەتەزین و نەبەزین. گەرچی کورد لەگەڵ ڕەوتی "تاڵی کەوە و خۆشی کەوە" ڕاهاتووە، بەڵام بێپسانەوە بە هیوای خۆش کردنەوەی هەتاهەتایی کۆڵی نەداوە، بۆیە بە گەفی مردن نەمردووە و بە مزگانیی ژیانەوە ماوە.
گۆرانیی نەورۆزەکەمان:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتهوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە هاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەست بوو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
موژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بەعەشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوڶلە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین٭
جێی ئاماژەیە کە دەقی ئەم شێعرەی شاعیری گەل، پیرەمێرد، مانگی نیسانی ۱۹٤۸، بەناوی"گۆرانیی نەورۆزەکەمان" لە ژمارە ٤ی نۆیەم ساڵی گۆڤاری گەلاوێژ(۱۹۳۹- ۱۹٤۹)دا بڵاو کراوەتەوە. بۆ زانیاریی زیاتر بڕ: پیرەمێرد چیی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە، ئامادە کردنی سدیق ساڵح، ساڵی ۲۰۱۳، بنکەی ژین، سلێمانی.