تاريخ: ۱۳۹۶ پنج شنبه ۲۴ اسفند ساعت ۱۹:۵۷ بازدید: 1932      نظرات: 0      کد مطلب: 6287

کۆنفڕانسێک له ژێر ناوی " هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وتی شێعری به‌ره‌ی چوار" له مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چوو


به پێی هه‌واڵی هاژه ڕۆژی چوارشه‌ممه 23ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 96ی هه‌تاوی به ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک له شاعیرانی و نووسه‌رانی مه‌هاباد و شاره‌کانی ده‌ورووبه‌ر کۆنفڕانسێک له ژێر ناوی "هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وتی شێعری به‌ره‌ی چوار" به به‌شداریی به‌ڕێزان دکتور مه‌سعوود بینه‌نده، ئه‌مجه‌د غوڵامی و کاوان محه‌ممه‌دپوور له ئامفی ته‌ئاتری ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌م مه‌ڕاسمه‌دا که به هیمه‌تی بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد (ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی) به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ر کام له به‌شداربووانی کۆنفڕانسه‌که له گۆشه‌نیگایه‌کی جیاوازه‌وه‌ پژانه سه‌ر لایه‌نه‌کانی ڕه‌وتی شێعری کوردی به گشتی و شێعری به‌ره‌ی چوار به تایبه‌ت.

ئه‌مجه‌د غوڵامی وێڕای ئاماژه به‌وه‌ که له قۆناغی نالی‌دا به‌رده‌نگ له شێعردا مانا په‌یدا ده‌کات وتی: نه‌خشی به‌رده‌نگ دۆزینه‌وه‌ی جوانیناسانه و حه‌لی موعه‌ماکانی شێعرییه تاکوو شاعیر بگاته لووتکه.

غوڵامی وتی: شێعری دوای نالی هه‌وڵێکه بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی هاله‌یه‌ک که وه‌ک ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌یری ده‌کرێ. ئه‌زموونی شێعر له ساڵه‌کانی دوای 80ی هه‌تاوییه ته‌عریفێک له شێعر بۆ ئێمه دروست ده‌کات به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێکی کارگاهی له له پشت بێ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی هاتنه مه‌یدانی خانش و خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیانه.

پاشان کاوان محه‌ممه‌د پوور گوتی: له ده‌ستپێکی شێعری نوێی کوردی له دوای گۆران و شێخ نووری شێوازێک له ڕه‌خنه دێته ناو ئه‌ده‌بیات به چه‌شنێک که ده‌توانین بڵێین ئه‌م قۆناغه ده‌ستپێکێکه بۆ ڕه‌خنه که به مه‌به‌ستی په‌روه‌رده کردنی خوێنه‌ره.

له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا محه‌ممه‌پوور ڕایگه‌یاند: هه‌نووکه خه‌ساری گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه ده‌کارکردنی هێندێک ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فی و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له شێعردا جێگای شێعرییه‌تی گرتۆته‌وه‌.

گوتیشی: هه‌وڵ و تێکۆشانی به‌ره‌ی چوار به مه‌به‌ستی دۆزینه‌ی به‌رده‌نگ به پیرۆز ده‌زانم به‌ڵام به گشتی فه‌زایه‌کی ئاڵۆز و گشتگیری فه‌لسه‌فییه که له‌وانه‌یه یه‌کێک له گرینگترین هۆکاره‌کانی دوورخستنه‌ی به‌رده‌نگ بێ له شێعر.

وه‌ک دوا وتاربێژی کۆڕه‌که دکتور مه‌سعوود بینه‌نده له‌سه‌ر سێ پێوه‌ر له مێژووی ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا وه‌ک 1. چێژ 2. چاکی 3. زمانی ئه‌ده‌بی و فۆڕم دوا.

بینه‌نده وێڕای ئاماژه‌یه‌کی مێژووی به‌سه‌ر شێعری کوردی له سه‌رده‌می نالییه‌وه‌ گوتی: له باشووری کوردستان نالی شێعری نه‌ریتی کوردی گواسته‌وه‌ بۆ به‌ستێنی عه‌رووز و ئه‌مه به واتای دۆزینه‌وه‌ی به‌ستێنێکی نوێ به مه‌به‌ستی داهێنان بووه‌ و من ئه‌مه ڕه‌وته به خۆکردی ناوزه‌د ده‌که‌م.

دکتور مه‌سعوود بینه‌نده وتیشی: ڕه‌وتی شێعری ڕۆمانتسیسمی کوردی لای حاجی قادر کۆیی به چه‌شنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گات و لای گۆران به نوێکاری له زماندا ده‌گا، که‌واتا هه‌وڵی گۆران گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ نه‌بووه چوون مه‌زامینی نوێ ده‌کار ده‌کات و ئه‌م ڕه‌وته له لای شێرکۆ بێکه‌س ده‌گاته تروپک و ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ خۆی لێ ده‌رباز بکات.

ئه‌و وێڕای ئاماژه به ڕه‌وتی شێعری کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گوتی: ڕه‌وته‌که له ڕۆژهه‌ڵات جیاوازه، ئه‌م نوێ بوونه‌وه‌یه به سواره ده‌ست پێده‌کا له دوای ئه‌و که‌سانێک دێن که ئه‌م نوێکارییه‌ ڕادیکاڵتر ده‌که‌نه‌وه‌ و شاعیرانی دوای سواره کاریگه‌ری شێعری باشووریان به‌سه‌ردا زاڵ ده‌بێ که دواتر که‌سانێکی تر هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م زمانه شێعرییه له به‌ربه‌ست بێننه‌ ده‌ر و من وه‌ک هه‌وڵێکی نوێخوازانه سه‌یری ده‌که‌م.

دکتور بینه‌نده کورته باسێکی له سه‌ر شێعری شێت، نوێترخواز و به‌ره‌ی چوار هێنایه ئاراوه‌ و گوتی: شێعری مودێڕن ئه‌گه‌ر له فۆڕمدا نه‌توانێ مانا بنوێنێ شێعری مودێڕن به واتای فۆرم گه‌را به ئه‌ژمار نایه.

کۆتایی کۆڕه‌که به پرسیار و وڵامی ئاماده‌بووانی کۆڕه‌که کۆتایی پێهات.






برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد