تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۱۹ اسفند ساعت ۱۴:۲ بازدید: 1707      نظرات: 0      کد مطلب: 6252

لێدانی بەنداوی باوەلە لە سەیرانگەی خەرپاپی پیرانشار ناڕەزایەتی ژینگە‌پارێزانی لێکەوتەوە


بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هاژە ڕۆژی هەینی ۱٨ی ڕەشەمەی چالاکی ژینگەپارێزی- شاخەوانی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر ڕاگواستنی ئاوی خەرپاپ و لێدانی بەنداوی باوەلە لە سەیرانگەی "خەرپاپ" چالاکییەکان بەڕێوە برد.
 بەپێی پڕوگرامی لە پێش داڕێژراوی ژینگەپارێزان و شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی ناوچەی موکریان، کاتژمێر ٨ی سەر لەبەیانی لە گوندی گەزگەسکی مەنگوڕان بەشداربووانی ئەم چالاکییە بەشکۆیە یەکیان گرتەوە و دەستیان بە ڕێپێوان بە دیاری کردنی کەسێک وەکوو پێشەنگ و چەندین کەسیش پشتیوان بۆ قایم کردنی ڕیزەکان کرد و دوای دووکاتژمێر و نیو ڕێگا بڕین و گەیشتن بە خەرپاپ، وچانێکی کورت و خواردنی جەمی بەیانی، بۆنەکە دەستی پێکرد.
سەرەتا بۆ ڕێز لێنان و یادکردنەوەی شاخەوانی بلیمەت و ژینگەپارێزی بە ئەمەگ کاک کەریم مەعڕووف زادە، کە حەوتووی ڕابردوو لە کێوی تووچاڵ دڵی لە لێدان کەوت، خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.
دواتر لە لایەن سەید قادر پاک نەهاد بابەتێک لە ژێر ناوی "من خەرپاپم" خوێندرایەوە و دوای ئەو دەقی ژینگەپارێزان، شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی پیرانشار لە لایەن بەڕێز هەیدەر ئەحمەدی پێشکەش کرا.
هەر لەم پێوەندیەدا کاک فریا ڕەش ئەحمەدی بە ناوی ژینگەپارێزان و شاخەوانانی مەهاباد وتارێکی بە پێزی  پێشکەش کرد و ئامادەییان دەربڕی کە هەر کاتێک بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەی ڕاگواستنی ئاوی خەرپاپ و لێدانی بەنداوی باوەلە ئامادەن.
لە درێژەی بەرنامەکەدا دەقی ژینگە پارێزانی شنۆ (ژینکۆ) بە ناوی خۆیان و شاخەوانانی شارەکە لە لایەن بەڕێز ڕەشید ناسرزادە خوێندرایەوە.
لە درێژەی بەرنامەکەدا کاک محەممەد بەزمارا وتاری ژینگەپارێزان و شاخەوانانی سەردەشت و کۆپلە شیعرێکیشی بۆ یادی کاک کەریم مەعڕووف زادە خوێندەوە و دواتر کاک عەلی عەلیپوور شیعرێکی بە یادی کاک کەریم مەعڕووف زادە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
کاک تۆفیق حاجی بە ناوی ژینگەپارێزان و شاخەوانانی نەغەدە وتارێکی بە نرخی خوێندەوە و دواتر کاک خدر محەممەدی بابەتێکی هەست بزوێنی لەم پێوەندیەدا پێشکەش کرد و دەقی کۆتایی هەڵمەتەکەش بە ناوی تەواوی بەشدار بووان لە لایەن کاک فەتاح سولەیمانی خوێندرایەوە.
لە کۆتاییدا هونەرمەندی دەنگ خۆشی شاری پیرانشار کاک تەها ڕەسووڵیان بە هاوڕێیەتی کاک ئەمیر ڕەسووڵیان و کاک واحید خەڵیفانی بە دەنگی ناوازەی، چالاکییەکەی گەرم و گوڕتر کرد و ئامادەبووان بە هەڵپەڕکێ درێژەیان بە بەرنامەکە دا و دواتر کۆی بەشدار بووان، کە لە سەدان کەس پێک هاتبوون، سەردانی تاڤگەی ناوازەی خەرپاپیان کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە بەرنامەکە هات.
جێی خۆیەتی کە دەست خۆشی لە ژینگەپارێزان و شاخەوانان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شارەکانی: مەهاباد، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، میراوێ، بۆکان و سەردەشت بکەین کە سەرەڕای ڕێگای دوور و کەش و هەوایەکی نالەبار بە بەشداری سەدان کەس لە هەڵمەتی:
نا بۆ ڕاگواستنی ئاوی خەرپاپ ، نا بۆ لێدانی بەنداوی باوەلە دەست پێبکەین و هیوادارین لە هەڵمەتەکانی تری پاراستنی خەرپاپ و باوەلە، کە بڕیارە هەتا ڕاوەستاندنی یەکجاری پڕۆژەکە درێژەی هەبێت، بە گوڕ و تینێکی زۆرترەوە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن.
هەواڵنێری هاژە: نورەدین نەزەری




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد