تاريخ: ۱۳۹۶ پنج شنبه ۳ اسفند ساعت ۱۷:۵۶ | بازدید: 1969 نظرات: 0 کد مطلب: 5146 |
یادداشت: غەفوور پیرزادە
لەم نووسراوە کورتەدا حەول دەدەم بەپێی توانا و بە ئاماژەیەکی ڕووکەش بە هێندێک بابەت و وەرگێڕانەکانی مامۆستا هەژار ئاراستەی ئامانجمەندی وردبینانەی هەژار لەسەر هێڵی ژیاندنەوەی ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورد دەستنیشان بکەم.
نکۆڵی لێ ناکرێ کە لە حەوشەی هەڵسووڕانی هونەری و ئەدەبی کوردیدا زۆربەی نووسەران بە پلەی یەکەم ئامانجیان خزمەت بە کلتوور و فەرهەنگی گەلی کورد بووە و بیری ڕوونکردنەوەی ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کوردیان زۆرتر لەلا مەبەسەت بووە. هەژاریش لەم ئامانجە بەری نییە و ئامانجی خزمەت بە فەرهەنگی کورد و ناسنامەی فەرهەنگی کوردەکان یەکەم ویستێتی و ئەم خاڵە لە زۆربەی نووسراوە و وتووێژەکانیدا دەبینرێ.
بەڵام ئەوەی دەبێتە هۆی جیاوازی هەژار لە نووسەران و کەسایەتیەکانی تر توخمی ئامانجمەندیی وردبینانە و هەبوونی نەخشەڕێگایەکی تۆکمەیە. خاڵێک کە کەمتر لە کەسایەتییە وێژەیی و فەرهەنگییەکانی تری کورددا بەدی دەکرێت. کاری پرش و بڵاو و بەبێ ئاراستە لەنێو توێژینەوە و چالاکییە ئەدەبی و وێژەییەکانی کوردیدا بە ئامانجی خزمەت یەکجار زۆرە. هەڵبەت ئەم وتانە بە مانای بێ نرخ کردنی ئەم بابەتانە نییە. ئەم بابەتانەش هەموویان لە جیگای خۆیاندا بەنرخن و جیگای ڕێز، لەگەڵ ئەوەی دەتوانین بڵێین کە ئەگەر ئەوانیش چەشنی مامۆستا هەژار خاوەنی پڕۆژە و گەڵاڵەیەکی تۆکمەتر بان بابەتەکانیان کاریگەرتر و هەرمانتر دەبوون.
بەڵام ئامانجمەندی وردبینانەی هەژار لەسەر هێڵی ژیاندنەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورددا چۆنە؟
ئەگەر بێین و بابەتەکانی مامۆستا هەژار باس بکەین بەڕای من چوار کاری بەرچاوتر لە کارەکانی تری خۆیان پێشان دەدەن یانی بە جۆرێک هەم بنەڕەتی ترن و هەمیش ساغکەرەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی کوردن.
ئەم بابەتانە بەڕای من بریتین لە:
۱. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە
۲. وەرگێڕانی مێژووی شەرەفنامەی بەدلیسی
۳. گەڕاندنەوە و لێکۆڵینەوەی مەم و زین و دیوانی مەلای جزیری
٤. وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز.
۱. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە:
فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە هەتا ئیستاش بە یەکێک لە فەرهەنگە بەبڕشت و کاریگەرەکانی زمانی کوردی ئەژمار دەکرێت و رۆڵیکی باشی لە پەرەپێدان و بانگەشەی زمانی کوردیدا گێڕاوە و بە سەرچاوەیەکی بە بایەخی زمانی کوردی دادەنرێ کە تێیدا زۆر ئامانجی زمانناسانە بوونی هەیە. (بووژاندنەوەی زمانی)
۲. وەرگێرانی مێژووی شەرەفنامەی ئەمیر شەرەفخانەی بەدلیسی
شەرەفنامە یەکێک لە سەرچاوە بە بایەخ و بڕواپێکراوەکانی مێژووی کوردە و بۆ ناسین و زانینی مێژووی دوور و نزیکی کورد پێویستە. ئەم کتێبە بە تایبەت دوای وەرگێرانی لەلایەن مامۆستا هەژارەوە زۆرتر هاتە ناو ڕۆژەڤی گەلی کوردەوە. هەژار بە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەی شەڕەفخان ئامانجە مێژووناسی و مێژوومەندییەکانی لەسەر کورد پەرەپێدەدا. ئەم کتێبەش بە تایبەت بە وەرگێڕانەکەی مامۆستا هەژار سەرچاوەیەکی بە نرخ و جێگای کەڵکە بۆ کاری مێژووی کورد. (بووژاندنەوەی مێژوویی)
۳. گەڕاندنەوە و لێکۆڵینەوەی دیوانی مەلای جزیری و مەم و زینی ئەحمەدی خانی
گەڕاندنەوەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی و دیوانی مەلای جزیری لە کرمانجییەوە بۆ سەر زاراوەی سۆرانی و لیکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەم دوو دەقە وەک دوو لە کۆنترین و بنەڕەتیترین دەقەکانی زمانی کوردی دەتوانێ چەندین ئامانجی گرینگی لەلایەن مامۆستا هەژارەوە پێ پێکرابێ کە یەکیان نزیک کردنەوەی زۆرتری زاراوە و وێژەکانی سۆرانی و کورمانجیە و دووهەمیان دەستنیشانکردن و ئاماژەپێکردنە بە سەرچاوە گرینگەکانی ئەدەبیات یا وێژەی کوردی. دیارە هەژار بە باشی درکی پێکردووە کە لە ڕەوتی ئەدەبیاتدا و بۆ گەشەی ئەو دەبێ سەرەتا سەرچاوەکان بە باشی ناس بکرێن. (بووژاندنەوەی ئەدەبی، هونەری)
٤. وەرگێرانی قورئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی
زۆرینەی گەلی کورد موسوڵمانە و قوڕئان بە کتێبی پیرۆزیان دادەنرێ. هەژار بە وەرگێڕانی قورئان کە ئەمیش کتێبێکی سەرچاوەییە لە بواری دیندا، گرینگی بە دینی زۆرینەی کورد بە شێوازێکی گونجاو و هەڵبەت بەڕای من مامناوەند و کوردانە دەدات. (بووژاندنەوەی ئایینی)
هەروەک دیترا هەژار بە ئامانجمەندییەکی وردبینانە چوار دەقی سەرچاوەیی لە بوارەکانی ۱. زمان ۲. مێژوو ۳. ئەدەبیات و ٤. دین، لە ناو کایەکانی ژیانی هزریی گەلی کورد پەرە پێدەدات کە هەرکام لەم بوارنە بە پێی بۆچوونی بیرمەندانی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی لە توخمە بەرچاوەکانی پێکهێنەری کلتوور و ناسنامەی کلتوورین.
بۆیە دەتوانین بڵێین بابەتەکانی مامۆستا هەژار توانیویانە بە ئامانجمەندییەکی وردبینانەوە هێڵی ژیاندنەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورد لە نیوسەدەی ڕابردوودا پتەوتر بکەن و لەپەنا تایبەتمەندی و خەسڵەتە ناوازەکانی تری کارەکانی مامۆستا هەژار ئەم خەسڵەتەش وەک خەسڵەتێکی بنچینەیی نێو ببەین و دەستنیشانی بکەین.