تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۲۴ بهمن ساعت ۲۰:۳۳ بازدید: 587      نظرات: 0      کد مطلب: 5102

باڵندەکانی دەم با و شریخەی تێکشکانی من

مریه‌م قازی


 

کاتێک نووسەر بی و لە کۆمەڵێکدا بژی کە تاک هێشتا تاک نەبۆتەوە، ناتوانێ هەڵبژێرێ، بڕیاڕدەر نیە، پرسیارکەر نیە و لە کۆمەڵ و ئایین و یاسا و داب و نەریتدا تاک مانای نیە، کاتێک نووسەری و ناچاری بەرەوڕووی هەموو ئەو نەهامەتییانە ببیەوە کە تاک لەوەها کۆمەڵێکدا دەگەڵی بەرەوڕوویە،  ژانی زانایی و ماریفەتەتێک داتدگرێ کە لەودا دەبێ مرانی خەماوی و چرکە بە چرکەی تاک و بیستنی دواهەمین زریکە لە ناخی ئەم توانەوەیەدا و ئەسپاردنی بە هەموو ئەو چاو و گۆیانەی نابینن و نابیسن ببینی و دەزانێ بۆ کەسانێک دەگێڕێتەوە کە زیندوویەکی مردوون، نووسەری بە توانای ئێمە کاک عەتا نەهایی بە هەڵبژاردنی ژانری رۆمان ئەو دڵخۆشییەی بۆ ئێمە سازکردووە کە ئێتر لە بێ سەروشوێنی و بێ ناونیشانی رزگاریمان هاتووە.

 ئێستا ئیتر منی تاکی دانیشتووی وڵاتێکی بێ ناونیشان دەتوانم بۆی بچم لە چۆن جیهانێکدا چۆناوچۆن بەشداری پرۆسەی ژیانم کردووە؟ چ شوێنێکم وەرگرتووە و چ شوێنێک دادەنێم؟ ئیتر دەبمە دەقێک کە بکرێ پرسیارم لەسەر ساز کرێ و ڕاوبۆچوونم لەسەر  بەرێوە بچێ تا بەڵکوو ئاڵ و گۆڕێکم بەسەردا ساز ببێ.  هێندێک دیاردە بکەمە زەرەروورەت و پێداویستی کە پێشتر هیچکات لەوانەیە بیرم لێنەکردبێتەوە....

ئێمە دەردێکی هاوبەشین، هێندەی کە تاک نەبین، ئێستا دەزانین لە کەش و هەوایەکی چەقبەستووی ڕق ئەستووردا وەهامان شکڵ گرتووە کە بووینەتە بەرد و سواڵەت بەڵام لەم رۆمانەدا وا بە هاسانی هەڵدەوەرێین و قەناعەت بە چکۆلەیی و پڕووپووچی خۆمان دێنین کە سەرمان سوڕ دەمێنێ ئەی لە چی دەترسێین؟

 بۆچی واز ناهێنین و مل نادەین بەم رووخانە، ئەم ترس و سەرشکاوییە چیە هەموومانی گرتووە؟ ئەم خەمۆکی و لاوازییانە چیە ئێمەی پەلکێشی خۆی کردووە؟ هەموو ونین و لەهەمانکاتدا ون بوویەکمان هەیە، دەڵێی کاری ئێمەش ئەوەیە بێینە سەر ئەم جیهانە شتێک ون کەین و لەپاشان بە درێژایی تەمەنمان لەو ونبوویە بگەڕێین کە لە هیچ کۆیی ژیانمان دا نیە و نەبوو.  هەموو باڵندەیەکی گەمەی دەستی رەشە بایەکین جاروبار سەرمان پێ لە پەنجەرەیەک ڕادەکێشێ و ئیتر هیچ، کێ لە پشت ئەو پەنجەرەیە چاوەڕوانتە ؟ قەرارە چ بکەین، راوەستاوین ئێمە هەموو مردووین و بە خۆمان نازانین، کەسێک کە چاوێکی خەماوی لە رابردوویەکی ونە چی بۆ ئەوڕۆی خۆی پێیە؟ ئێمە لە کوێ دەژین؟ چۆن دەژین؟ چۆن دەبینە کاراکتێری چیرۆکەکان و چمان پێیە لە چیرۆکەکاندا بیدرکێنین؟ لەوێش دەوێرین تاک بینەوە؟ ڕووت بینەوە؟ یان لەوێش ترسە.  ترس لە فەرامۆشی هێندێک بیرەوەریمان پێدەنووسێتەوە...

رۆمانی باڵندەکانی دەم با بە گڵۆڵە گڕی ژنێکەوە دەسپێدەکا لە ماڵ و حەسارێکی بچووکدا ، بچووکتر لە دنیای خەون و خەیاڵە قاچاغ و حەرامەکاندا، بچووکتر لە هەموو داخوازەکانی ئەم ژنە گڕ گرتوویە. لەشێکی یاغی و سەرگەردان کە بە گڕەوە خۆی لە دار و بەرد دەکوتێ و هەموو قێڕە دیلکراوەکانی رەها دەکا و لەو نێوەدا ئەو کەسە ـ فەرهاد ـ دیار نیە تا نووسەر لێی پرسێ ئەتۆ لەودەمەدا لە کوێ بووی؟ ئێستا لە کوێی تا یەکەم رستەی رۆمانەکەی بۆ داڕێژێ؟. دەسپێکی ئەم سەرتر لە چیرۆکە هێندە دوور و درێژە و مێژوویەکی وەها پڕژانی لە پشتە بێ ئەوەی زاری داپچڕیبێ وەهامان لە دنیایەکدا دیل دەکا و سەری بیر و ئەندیشەمان پێ لەدار و دیوار دەکوتێ کە پڕ بە پێستی خۆمانە ئەم گڕ گرتنە سەزای هەموو ئەو بیرنەکردنەوەمانە کە بەرەبەرە بۆتەمیراتی نەوەکانیشمان. ئێمە کە زۆر بە ئاسایی بە پەنا هەموو واقعەکان دا تێپەڕ دەبین نە بیریان لێدەکەینەوە نە دەروەستی داڕشتنەوە و نووسینەوەیانین. ئێستا شەرمەزارین بە ئەوەی کە بیر بکەینەوە، پرسیار بکەین سەر لە داروبەرد بکوتین، بە خۆماندا بێین و بچین و ماهییەتی نەگوراوە و نەحەجمیو و ناتەواوی خۆمان تام و چێژ کەین، ئەو لە کۆیە؟ من لە کوێم؟ تۆ لە کوێی، لە کاتی نڕکە نڕک و قرچە قرچی هەڵڤرچانی ئەودا. نووسەر بە قیژە و هاوارانەوە لە خەو راست بۆتەوە...

سەرتر لە چیرۆک کە زۆر رەخنەگر هەر پێیان پۆستمۆدێڕنە، ئەو چیرۆکانەن کە لەسەر چۆنییەتی داڕشتنی خۆیان دەدوێن و لە ئەودا باس لە خۆئاگایی تاک کەسێکی پڕواتا یان چەنکەسێک دەکرێ کە لەسەر خودی چیرۆکەکەش مانۆڕ دەدەن. 

بەم پێیە سەرتر لە چیرۆک رێک لە نێوان هەرێمی چیرۆک و رەخنەدا ڕادەوەستێ. لێکدانەوە و شڕۆڤە و ئیستنادێکی کە لە ناخی ئەم چیرۆکە بەرێوە دەچێ کارێک دەکا چیرۆک خۆی بەرێتە ژێر ساباتی ڕەخنەوە و لە ئاکامدا هاوشێوەی رەخنەش دەبن. کەوابوو پێوێستێکی تەواوی بە شوناسێکی چیرۆکی نیە، ئەو ڕەخنە و رەوایەتە لەلایەن نووسەر و بگێڕەوە کە لە رۆمانی باڵندەکانی دەم با دا دەبیندرێ لە ئاکامدا لە باڵ یەکتردا قاڵ دەبنەوە و دەبنەوە یەک  و زەمیرێکی پتەوی بە ئاگا پێکدێ. هەموو ئەو شتانەی بگێڕەوە لە گۆشە نیگای یەکەم کەس و نووسەر باسی دەکەن بە بێ هیچ قەتعییەتێک و داسەپاندنی دیکتاتووڕییەتی دەقی، زانیاری و تێبینی ئێمە بە ئاوێتە کردنی پرسیار دەباتە سەرێ.

کارێکیان کردووە دەگەڵ چەندین بەسەرهاتی جیاواز وەکوو ناسری و ئەفسانە، فەرهاد و کاڵێ، نووسەر و لەیلا، جەلالی و ... چیرۆک لە گرێژە دەرناچێ و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەرگری لێدەکرێ. ئەم رۆمانە لەلایەک ڕا هونەرییە چونکە تایبەتمەندییەکانی هونەری چیرۆکنووسینی پێیە، لە لایەکیش ڕا ئەم تایبەتمەندییەی هەیە کە رێک لە ژیاندا بێتوو بچێ و لێکدانەوەی بۆ بکا واتە لەسەر سنووری هۆنەر و ژیاندا راوەستاوە.

لەم چیرۆکەدا سەرەڕای ئەوەی کە نووسەر لە زۆربەی عەناسوری چیرۆک کەڵک وەردەگرێ بەڵام زیاتر سەرنج دەداتە سەر "بابەت" و " دەروونمایە"   هەروەها هێندێک پلانی شاراوە بە کایەی زمانی هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەموو زانیارێکیش نەدرێ بە خوێنەر کە سەلماندنی بەشێک لە چیرۆک ئەستەم دەکا، هەر ئەوبەشەیە کە لە رئالیسمی دوور دەکاتەوە. لەم ڕۆمانەدا وەکی دەبینین نووسەر لە هەمانکاتدا کە لە داڕشتنی چیرۆکدا دەسەڵاتی هەیە لە هەمان کاتیشدا بێدەسەڵاتە و پاڕادۆکسێک لە هەڵسوو کەوتی نووسەردا دەبیندرێ کە رێگا بۆ حزوور و شڕۆڤەکانی بگێڕەوە خۆش دەکا و لە ئاکامدا چیرۆک چەن توێژی و هەمەلایەنە دەکرێ. هەرچۆنێکە کاکە عەتا حەولی داوە لە شێوە باوەکانی ئاسایی نووسین و گێڕانەوە لادا و لەم پێیەش دا زۆر سەرکەوتوویە، لە راستیدا ئەم شێوازە نووسینە دەربڕینی چەشنێک دژایەتی بوو دەگەڵ دەقی رئاڵ و مۆدێڕن کە بەسەر بنەمای هەڵوێستی تاک لەبەرابەر رووداوەکاندا تەکامول پەیدا دەکەن. لەم شێوازە لە نووسیندا سەرەڕای نیسبی گەرایی، سەلماندنی جیهان و بوون لەبەرنامەدایە، هەر ئەوەشە لە پۆست مۆدێڕنی جیا دەکاتەوە. هۆگری نووسەر بۆ ئازادی موتڵەق ئەم دەسەڵاتەی لە نووسینەوەدا پێبەخشیوە بە ساز کردنی پەیوەندی نێوان هۆنەر و واقعییەت ، قەتعییەتەکانمان لەزیندا لێ هەڵوەرێنێ و بەرەو دنیایەکی نەدۆراوەی ترمان راکێشێ.

نووسەر لەم رۆمانەدا بە هاوار و ژانێکی جەرگبڕ لە خەو راست دەبێتەوە لە دوورەوە دەگەرێتەوە وڵاتی خۆی و داوا لە بگێڕەوە دەکا تا فەرهادی بۆ بدۆزێتەوە و بە یارمەتی ئەو چیرۆکەکەی داڕێژێتەوە، لە راستیدا نووسەر لە کۆتایی چیرۆکەکەیڕا خەریکە پێدا دێتەوە، فەرهادی کڵوڵی ماڵوێڕان کە دەڵێی هەزار ساڵە مردووە لە دیۆێکی چڵکنی دووکەڵاوی خەمۆک کە لەشە ئێسکنکەی لە قولینچکێکی فڕێدراوە هیچ ئەو پۆتانسیۆلەی تێدا بەدی ناکرێ کە چیرۆکی پێڕاپەڕێ، نووسەر خەونی ژنێکی سووتاوی دیتووە، راوی باسی ئاورتێبەردانی کتێبخانەێ فەرهاد لەلایەن باوکی دەکا، و دوارۆژ لە باتی کتێب باسی سووتاندنی گەڵا ویشەکانێ پاییزە لە ترسی دەم و دەزگای ئەمنیەتیێەوە، واتە هەرسێک دەبنەوە سەمبولی یەکتر.

بگێرەوە زۆر بە هانای نووسەرەوە دێ، واقعە دەگێڕێتەوە، رەخنە دەگرێ ، داڕشتنی هەیە و نووسەریش هەنگاو بە هەنگاو دەگەڵی دێتە پێش، بەردەوام نووسەر دەتباتە دنیای هۆنەر و بگێڕەوە دەگەڕێتەوە ناو بازنەی ژیان، ئەوەیە هۆنەری کاک عەتا لەم ۆمانەی دا. ئەوی وەکوو ژیان باسی لێدەکا زۆر شیرن و بەربڵاو و پڕۆفیشیناڵە لە بەسەرهاتی زیندانییەکان را بگرە تا ئەو ژێنێڕاڵە نەخوێندوارەی دەڵێ لە زەمانی قازیدا ئەفسەر بووە، لە چایخانەکەوە تا حەسارە گەورەی نۆستالۆژیکی نووسەر، لە کووچە و کۆڵانی بەرتەنگی ماڵە کوڕە کوێرەکانڕا بگرە تا ئەو تەپەیەی کە پێشتر هەر داڕبەڕووی لێشین بووە و ئێستا هەمووی بۆتە ماڵ و شەقام. نووسەر وایکردووە و شێوازێکیهەڵبژاردووەکە هەموو کەس بە پێخواسی وەژوور کەوێ و لە هەمانکاتیشدا چیرۆک تووشی شڵەژان و ئاڵۆزی نەکا. نووسەر لە دۆخی نالەباری فەرهاد نارازییە، لەو هەمووە سەرشێواوی و ئاسێوی جەماوەری ونبوو ناڕەحەتە، نایەوێ درێژەی پێبدا و پێی خۆشە چیرۆکێکی نوێ بنووسێ ، بەڵام وەها چیرۆکێک واقعە و کەسایەتی و هەڵوێستی نوێی دەوێ لە وڵاتێکی نوێدا.

چیرۆکی فەرهاد تەواو دەبێ لە کۆتایی زستانێکی نادیار، نووسەر لەوێنەماوە و بگێڕەوەش بڕیاردەدا چیرۆکی مێهرەبانی خۆی تەواو کا.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد