تاريخ: ۱۳۹۴ جمعه ۱۱ دي ساعت ۰:۳۲ | بازدید: 1928 نظرات: 0 کد مطلب: 1498 |
یاقووب خزری ـ کارناسی باڵای دهروونناسی
پێشەکی : بە هێندێک وردبینیەوە دەکرێ بڵێین مێژووی ڕەخنەی ڕەوانناسی هاوکاتە لەگەڵ مێژووی زانستی ڕەوانناسی، ڕەخنەی
ڕەوانکاوی لە ئەدەبیات هەر لە سەرەتاوە بەشێکی گرینگ بووە لە لێکۆڵینەوەکانی فڕۆید. ئەو بە کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبیات و هونەر بۆ دەوڵەمەند کردنی بنەما فکریەکانی مەکتەبی ڕەوانکاوی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم شۆڕشێکی گەورەی لە زانستی رەوانناسی دا وەدی هێنا. لەم نووسراوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەیەکی مێژوویی- وەسفی(تاریخی-توصیفی) ڕەوتی ئاڵ¬وگۆڕییەکانی ڕەخنەی رەوانناسی لە ئەدەبیات¬دا دوای فڕۆید بخەینە بەرباس. هەر بەو هۆیە پێویستە بنەماکانی ئەو مەکتەبە فکریە باس بکرێ و وەکوو رەوتێکی مێژوویی لە فڕۆیدەوە دەس پێبکەین و پاشان کورتەیەک لە بیروڕاکانی یونگ لە بابەت هونەر و ئەدەبیات دەخەینە بەرباس. دوای یونگ کەسانێک وەکوو هانڕی دۆلاکێرۆوا( henri delacroix) ، شارل بودئن( Charles baudouin). ژاک لکان( Jacques lacan) و… کە لەو بەستێنەدا هەنگاویان هەڵێناوەتەوە، باسیان لەسەر دەکرێ. بۆیە پێویستە بۆ ئاشنا بوونی زیاتریش بێ کورتەیەک لە بۆچوونەکانی ئەو دوو زانایە(فڕۆید و یوونگ) بخەینە بەرباس.
فڕۆید: سەرەتایەکی نوێ لە رەوانکاوی¬دا
تێئۆری و بۆچوونەکانی فڕۆید لە هەمبەر ڕەوانکاوی و ڕەخنەی ڕەوانکاوانە لە ئەدەبیات و هونەردا، ئەگەرچی گەلێک کێشەی لێکەوتەوە، بەڵام لە عەینی حاڵیش¬دا ئاڵ و گۆڕییەکی گەورەی لە گۆڕەپانی ڕەخنەدا بەدی هێنا. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پێوەندی نێوان ڕەوانکاوی و هونەر یەکێک لە سەرەکیترین پڕۆسەکانی ڕەخنەی هونەری و ئەدەبی بووە.
فڕۆید جگە لە ڕەوانکاوی بە گشتی، دامەزرێنەری لێکۆڵینەوەکانی ڕەوانناسانە لە ئەدەبیات و هونەریشە .ئەو بە کەشف و دۆزینەوەی “نەست”(ناخودآگاه) و چەمکەکانی پێوەندیدار بەو مەفهوومە ئاڵ و گۆڕییەکی گەورەی لە چیەتی ڕەخنەدا بەدی هێنا. چونکە تا پێش فڕۆید ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری تەنیا لەسەر بنەمای مەفهوومی “هەست”(خودآگاه) بە ئەنجام دەگەیشت. بە واتایەکی تر ڕەخنەگر لە ڕابردوودا بە دوای نییەتی هونەرمەند و نووسەردا دەگەڕا، بەڵام پاش فڕۆید و بە شوێن وەرگرتن لەوی مەسئەلەی نەست بوو بە یەکێک لە گرینگترین مەسئەلەکانی پێوەندیدار بە ڕەخنە، ئەوەش بوو بە هۆی وەیکە ڕەوتی ڕەخنە بگاتە قۆناغێک کە لەودا ڕەخنەگران بەدوای ئەو بابەتانەدا بگەڕێن کە هونەرمەند و نووسەر یا بۆخۆیان نایزانن یا نایانهەوێ بیڵێن. ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ فەڕزکردنی پێوەندییەکی پەتی(انتزاعی) نێوان خەیاڵی شاعیرانە و خەون، نێوان شێعر و گوتاری نەخۆشەکان. چونکە هەمووی ئەوانە سەرچاوەی نەستی مرۆڤە.(یاوەری، 1384)
یوونگ؛ نەستی بە کۆمەڵ
جیاوازییەکی سەرکی نێوان فڕۆید و یوونگ دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ڕوانینی وان لەمەڕ مەسئەلەی نەستی مرۆڤ. بە پێچەوانەی فڕۆید، یوونگ باوەڕی بە نەستی بەکۆمەڵ هەبوو. بە واتایەکی تر فڕۆید جەختی لەسەر شوینەواری نەستی بەتاک(ناخودآگاه فردی) لەسەر دوو مەسئەلەی خوڵقانی ئاسەواری ئەدەبی و هونەری و هەروەها شوین¬دانان لەسەر کردەوە و ئێحساسەکانی مرۆڤ دەکرد، بەڵام یوونگ سوور بوو لەسەر بنەما کۆن و مێژووییەکانی نەستی مرۆڤ. یوونگ لە بەراوردکردن لەگەڵ فڕۆید هۆگرییەکی زیاتری بە هونەرە وێنەییەکان(هنرهای بصری) هەبوو. دەسکەوتەکانی یوونگ لە بازنەی ڕەخنەی ڕەوانکاوانەدا بە نیسبەتی فڕۆید پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا، بەڵام ڕەخنەگرانی بواری ئوستوورەناسی و نمادناسی کەڵکی زیاتریان لە بۆچوونەکانی یوونگ وەرگرت. هەڵبەت لە زانستی ڕەوانناسی¬دا جێگە و پێگەی خۆی ڕاگرت.(هەمان سەرچاوە).
دوای فرۆید و یوونگ کەسانێک وەکوو شارڵ بوودۆئێن((Charles baudouin هەوڵیان دا بە ئاوێتەکردنی بۆچوونەکانی فڕۆید، یوونگ و تەنانەت ئادلێریش دەسکەوتێکی فکری تازە بە دەست بێنن. بوودۆئێن ڕێڕەوی یوونگ بوو. ئەو کتێبەکەی خۆی بە نێوی ” ڕەوانکاویی هونەر” پێشکەشی فڕۆید کرد. تاقمێکی دیکەش وەکوو “ماری لووویز ڤەن فرانز” شێوازی یوونگیان لەبەر چاو گرت، بە تایبەتیش ئەو بەشە لە بۆچوونەکانی یوونگ کە باسی ئاڕکی-تایپەکان(کهن الگوها) و ئوستوورەکانی ئەدەبی و هونەریان دەکرد.ڤەن فرانز دوای مەرگی یوونگ درێژەی بە کارەکانی یوونگ دا، بۆ وێنە کارکردن لەسەر کتێبە بە ناوبانگەکەی بە نێوی ” مرۆڤ و هێماکانی”. بەڵام پاڕادایمی زاڵ لە کەلتووری ڕۆژئاوا لە سەدەی بیستەم¬دا ئیزنی سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتەی نەدا. تاقمێکی دیکە وەکوو “ژاک لاکان” بەرەو شیوازەکانی فڕۆید گەڕانەوە، هەڵبەت بە مێتۆد و پێکهاتەیەکی نوێ. بۆ وێنە لاکان لە هەوڵی ئەوە دابوو لە دەسکەوتەکانی زمانناسی بە باشترین شێوە لە ڕەوانکاوی¬دا کەڵک وەرگرێ. لاکان پێی وابوو پێکهاتەی نەستی مرۆڤ وێچوویی هەیە لەگەڵ پێکهاتەی زمانناسانەی مرۆڤ و هەروەها سازبوونی ململانێی نێوان ” دال و مەدلوول” و ” خوازە(استعارە) و مەجاز” بەرهەمی بۆچوونەکانی لاکان بوو. بیرۆکەی لاکان شوێنێکی ئەوتۆی دانا لەسەر ئەندیشەی کەسانێک وەکوو “ژولیا کریستێوا” و “ژاک دریدا”.( تادیە،1999).
ڕەخنەی ڕەوانناسی و “هانڕی دۆلاکێرۆوا”(henri delacroix)
دۆلاکێرۆوا لە ساڵی 1927دا کتێبێکی بە ناوی “ڕەوانناسیی هونەر” بڵاو کردەوە. چەند بەشی ئەو کتێبە بریتین لە بابەت گەلێکی وەک: هونەری جوانی¬ناسانەی هونەرمەند، شوێن¬دانانی هونەری شێعر لەسەر مرۆڤ ، هەروەها بنەماکانی هونەری مووسیقا.
دۆلاکێرۆوا بە هۆی وەیکە ئاشنایەتی هەبوو لەگەڵ عیرفان و ئەدەبیاتی عیرفانی، شێوەی ڕوانینی سەبارەت بە ڕەخنەی ڕەوانناسی هێندێک جیاوازتر بوو لە زانایانی تری ئەم بوارە. بەڵام بە داخەوە لێکۆلەرانی بواری مێژووی ڕەخنەی ڕەوانناسانە، سرنجێکی ئەوتۆیان نەداوە بەو کەسایەتییە. لە ڕوانگەی دۆلاکێرۆوا هونەر هەموو لایەنەکانی ئەدەبی، مووسیقایی و هتد دەگرێتەوە و بە گشتی شوێنی بە ئاکام گەیشتن و وەدی¬هاتنی مرۆڤە.
ئەو تێدەکۆشا خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هونەر و ڕەوانناسی و هەروەها هونەر و زانست بدۆزێتەوە. بەڵام بە هۆی وەیکە ڕیکخراوە ڕەسمیەکان و زانسگاکانی ئورووپا و ئامریکا، ئیزنی سەرهەڵدان بەو ئەندیشە و بیرۆکانەیان نەدەدا کە تێکەڵاوی عیرفان بوون، بۆچوونەکانی دۆلاکێرۆوا پێشوازییەکی وای لێنەکرا و ڕێڕەوانی خۆی پەیدا نەکرد.(هەمان سەرچاوە).
شارڵ بوودۆئێن((Charles baudouin
شارڵ بوودۆئێن یەکێک لە بیرمەندانی ڕەخنەی ڕەوانناسی لە ئەژمار دێ، کە لە ئورووپا سرنجێکی کەمی پێدرا. ئەو تێدەکۆشا لە ڕێگای ئاوێتە کردنی ڕوانگە جۆرا و جۆرەکانی ڕەخنەی ڕەوانناسی، کۆتایی بە ململانێی تێئۆریکی نێوانیان بێنێ و مێتۆدێکی نوێ لەو بوارەدا دەستەبەر بکا. هەڵبەت سووکەئاوڕێکیشی لە فڕۆید و یوونگ و تاقمێک لە ڕێڕەوانی هەڵکەوتەی وان دەداوە. بوودۆئێن لە ڕێگای پشکنینی ئوستوورەکانەوە هەوڵی دەدا بنەمای گرێیەکانی(عقدەها) وەک ئۆدیپ یا نارسیس لە دەقە بەناوبانگەکان¬دا بدۆزێتەوە.
شێوازی بوودۆئێن لە ڕەخنەی ڕەوانناسی¬¬دا لەسەر بنەمای مێتۆدی” پەیکەرەیی” دارێژراوە. لەو شێوازەدا هیچ¬کات ناکرێ لێکدانەوە لەسەر بەشیک بکرێ بەبێ لەبەر چاوگرتنی گشت پێکهاتەکەی. بۆ وێنە دێڕێکی غەزەلێک پێویستە لە چوارچێوەی پێکهاتەی گشت غەزەلەکەدا لێک بدرێتەوە. ئەو دەڵێ: ” لێکۆلەر پێویستە ئاسەوارەکانی هونەمەندێک وەکوو ئەندامەکانی زیندووی مرۆڤ شڕۆڤە بکا، هەر بەشەی پەیوەستە بە گشت ئاسەوارەکانی هونەرمەند و بە سرنج-دان بە هەموو ئاسەوارەکانی دەبێ لێکدانەوەی لەسەر بکرێ. لێکدانەوەی شێعرێک بەبێ لەبەر چاوگرتنی هەموو ئاسەوارەکانی شاعیر کارێکی بێ ئاکامە.
ژاک لاکان(Jacques lacan)
لاکان هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە فەلسەفەی دیالێکتیکی هێگێل و زمانناسی سۆسۆر، بۆچوونەکانی فڕۆید بە شێوەیەک بنووسێتەوە کە ڕەوانکاوی لە لێکدانەوەی هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ حزووری هەبێ. بەرهەمی هەوڵەکانی لاکان بوو بە هۆی وەیکە ڕەوانکاوی بە شێوەیەکی بەرچاو سنوورەکانی خۆی ببەزێنێ و تێکەڵاوی فەلسەفە، سیاسەت، ئەدەبیات، مەزهەب و زانستەکانی تر ببێ. چونکە ئاسەوارەکانی لاکان زیاتر بەشێوەی لێدوان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بووە، تێگەیشتنیان گەلێ سەخت و دژوارە و پڕن لە دەستەواژەی گرژ و ناڕوون. بە سرنج¬دان بە ئاسۆی ڕەوانکاوی، لاکان باس لە سێ نەزم یا بنەما دەکا کە بریتین لە: ئەمری خەیاڵی، ئەمری هێمایی، ئەمری ڕاستەقینە.(کدیور،1381).
ئەمری خەیاڵی(I): ئەمری خەیاڵی نیشانەی گەڕانی بێ پایانی مرۆڤە لە خودی خۆی. لاکان پێی وایە مرۆڤ بە شێوەیەکی ناقیس دێتە سەر دونیا. یانی تا چەند ساڵ دوای لەدایک¬بوونی، حەڕەکەی ئەندامەکانی جەستەی هەماهەنگ نابن. منداڵ لە تەمەنی شەش مانگانەدا تێدەکۆشێ بۆ دەستەبەر کردنی هەمزادپێنداری و هەماهەنگی ئەندامەکانی جەستە. بە دیتنی وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا(مەبەست دەتوانێ هەم ئاوێنەی ڕاستی بێ هەمیش دەلاقەی ئاوێنەی تاکێکی تر) بەسەر ئەو گرفتەش¬دا زاڵ دەبێ. وێنەی ناو ئاوێنە منداڵ ئارام دەکاتەوە، چونکە بۆخۆی لە خەیاڵی خۆی¬دا تەسویرێکی کامڵی لە خۆی نیە. ئەو خەڵکانی تر بە خاوەنی هەر یەک لە بەشەکانی وجوودیی خۆی دەزانی. وێنەی ناو ئاوێنە هۆکارێکە بۆوەی منداڵ وێنەیەکی بێ کەم و کووڕی لەخۆی هەبێ. ئەو جێگای درووستی ئەندامەکانی لەشی نازانێ. کاتێک دەیهەوێ شتێک بخوا ناتوانێ جێگای ڕاستەقینەی زاری دیاری بکا. ئەو بە ڕوانین لە دەلاقەی کەسانێکی تر وەکوو ئاوێنەیەک، تێدەکۆشێ وەکوو وان بە شێوەیەکی یاسامەند ئەندامەکانی لەشی وەجووڵە بخا، لە ئاکام¬دا وەکوو وانێش کامڵ بێ. ئەو هەوڵە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی “من” یا نەفسی منداڵ. ” پێکهاتەی نەفس پێکهاتەیەکی لێک دابڕاوە و لە نێوان خۆی و وێنەکەی¬دا دابەش کراوە، بۆیە تێدەکۆشێ ئەوی تر(دیگری)(مەبەست وێنەی ناو ئاوێنە یا کەسێکی تری کە دیتوویەتی) لەگەڵ خۆی بکا بە یەک. منداڵ دوای گەورەبوونیشی هەمیشە دەیهەوێ بەرەو کامڵتر بوون هەنگاو بنێتەوە و یەکێتی(وحدت) ببەخشێ بە کەسایەتی خۆی. لە حەقیقەت¬دا “منی دڵخواز”(من مطلوب) بنەمای سەرەکییە لە ئەمری خەیاڵی¬دا. تاک وێنەیەک لە خۆی¬ لە خەیاڵی¬دا ساز دەکا کە زۆر دوورە لە ڕاستی. لە ڕوانگەی لاکانەوە ئەمری خەیاڵی ئەمرێکی نزمە و بایەخێکی ئەوتۆی نیە. لاکان پێی وایە سەردەمی مۆدێڕن سەردەمی بە لوتکە گەیشتنی ئەمری خەیاڵییە، چونکە لەو سەردەمەدایە مرۆڤ تەنیا خەریکی خۆیەتی و دەیهەوێ بە دەستی خۆی و بەرهەمەکانی دەستی خۆی جیهان داگیر بکا.
ئەمری هێمایی(S):ئەمری هێمایی هەمووی ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ئێمە پێی دەڵێین “ڕاستەقینە”. لە زمان ا بگرە تا دەگاتە یاسا و هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمری هێمایی باس لەوەی دەکا هەر تاکێک بەشێکە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. مرۆڤەکان تەنانەت پێش لە دایک¬بوونیشیان لە چوارچێوەی ئەمری هێمایی¬دا گرفتارن. هەر تاکێک خاوەنی وڵات، زمان، قەوم، بنەماڵە، گرووپێکی کۆمەڵایەتی ، ئابووری و ڕەگەزنامەیەکی تایبەتە. تەنانەت بەر لەدایک بوونیشی نێوی بۆ هەڵدەبژێرن. بە ڕای لاکان ئەوە زنجیرەی دەلالەتەکان یا بە واتای خۆی یاسای دالە کە ئەمری هێمایی ساز دەکا.لاکان مەفهوومی “دال”ی لە زمانناسی سوویسی بە نێوی سۆسۆر وەرگرتووە. سۆسۆر پێی وابوو زمان پێکهاتووە لە نیشانەکان، هەر نیشانەیەکیش پێکهاتووە لە دوو بەشی “دال” و “مەدلوول”.
دال تەئویلی ئێمەیە لە دەنگی(صوت) نیشانەکان. مەدلوول مەفهوومێکی پێوەندیدارە بە دەنگ.سۆسۆر هەروەها پێی وابوو زمان سیستمێکی دوولایەنەیە، هەم پێوەندیدارە و هەمیش لێک ترازاو. یانی هیچ نیشانەیەک بەبێ نیشانەیەکی تر تەفسیر ناکرێ و لێک نادرێتەوە. بۆ ووێنە: ڕاست ڕاستە چونکە چەپ نیە. لە ئاکام دا دەبێ بڵێین چونکە ئەمری هێمایی لە ڕێگای پێوەندی نێوان زنجیرە دەلالەتەکانەوە پێکهاتووە، ئێمەش بە ناچار مەحکووم بەوەین هیچ¬کات بە جۆری پێویست جیهانی ڕاستەقینە دەرک نەکەین و تا ئەبەد خۆمان لە زیندانی زمان دا بەند بکەین. لە ڕاستی¬دا هەموو شتێک زمانە.
ئەمری ڕاستەقینە(R): ئەمری ڕاستەقینە ئەو بەشە لە ژیانە کە ناتوانین بیناسین. لە حەقیقت¬دا هەمان جیهانە پێش وەیکە پارچە پارچە بکرێ لە لایەن زمانەوە. ئەمری ڕاستەقینە نایهەوێ ببێ بە هێما و ناشیهەوێ بناسرێ و تەنانەت بێتە سەر زارانیش. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە نەخۆشی ئیدز نموونەیەکی باشە. تاقمێک بڕوایان وایە ئەو نەخۆشییە سزایەکە بۆ هۆمۆسێکشوالەکان(همجنس گراها) و هەر وەها سزایەکیشە بۆ لادان لە ڕەوشتی ژیانی مەسیحییەت. تاقمێکێش پێیان وایە پلانی ڕیکخراوەی سیایە(CIA) بۆ کەم¬کردنەوەی حەشیمەتی ئافریقاییەکان. تاقمێکی دیکەش بە دەست تێوەردانی مرۆڤی دەزانن لە سرووشت. هەمووی ئەوانە بەو هۆیەیە ئەو نەخۆشیە بەستەزمانە. چونکە ئیدز گرینگی نادا بە هەموو ئەو هۆکارانەی بۆیان دیتۆتەوە. یانی ئیدز هێرشێکە لە لایان ئەمری ڕاستەقینە. هەروەها تەواوی ئەو هەوڵانەی دەیانهەوێ ئیدز نمادین بکەن و بیهێننە نێو بازنەی زمانەوە تووشی ناکامی دەبن. دەیانهەوێ پەیامێک لە ئەمری ڕاستەقینەدا بدۆزنەوە کە لە ڕاستی¬دا تێی¬دا بەدی ناکرێ، چونکە ئەمری ڕاستەقینە بێ مانایە. مانا تەنیا لە ئەمری هێمایی دایە. هێندێک لە نەخۆشییە ڕەوانییەکان بە هۆی وەیکە نەخۆش ناتوانێ لە زمانی دیالۆگ کەڵک وەرگرێ و ناتوانێ قسان بکا و ئێحساسەکانی خۆی دەرببڕێ و بیهێنێتە سەرزمان بەدی دێن.(مووەلەلی،1384).
شارل مۆرێن
مۆرێن ڕۆڵێکی کاریگەری بووە لە پەرەپێدانی ڕەخنەی ڕەوانکاوانە و یەکێکە لە گرینگترین زانایانی بواری ڕەخنەی ڕەوانناسی. دەستەواژەی ڕەخنەی ڕەوانناسانە(Psychocritique) هەوەڵ جار مۆرێن بە کاری برد و هاتە نێو گۆڕەپانی بەربڵاوی ڕەخنە. مۆرێن لە کتێبێک دا بە نێوی ” ڕەخنەی ڕەوانناسانەی ژانری کۆمیک” شێوازی خۆی پەرە پێدا. مۆرێن هەروەها لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەسەر شاعیرانی گەورە بۆ وێنە لە ئاسەوارەکانی “مالارمە”دا زنجیرەیەکی لە خوازەکان(استعارەها) دۆزییەوە. ئەو زنجیرەیە ڕواڵەتێکی ئوستوورەیی¬مان نیشان دەدا کە پێی¬دەڵێن ” ئوستوورەی شەخسی”. مۆرێن لە کتێبێکی دیکەدا بە نێوی ” لە خوازە کەڵکەڵەهێنەکانەوە تا ئوستوورەی شەخسی” شێوازەکانی ئەزموونگەری و زانستی ڕەچاو کردووە بۆ گەیشتن بە ئوستوورەی شەخسی. مۆرێن لە مێتۆدی ڕەخنەی خۆی¬دا گرینگی دەدا بە خودی دەق، ژیاننامەی نووسەرانیش تا ڕادەیەکی زۆر وەلا دەنێ. ڕەوتی ڕەخنەی ڕەوانکانە و رەوانناسانە دوای مۆرێن لە لایەن کەسانێک وەکوو “ژان بێلمەن-نۆئێل” و “ژوولیا کریستێوا” بە هێنانەگۆڕی بیرۆکەی “لێکدانەوەی نیشانەکان” و ” ڕەخنەی فێمینیستی” درێژەی پێدرا. ڕەخنەی ڕەوانناسانە پێش مۆرێن بە شێوەی بان-دەقی(فرامتن محور) بووە یا بە واتایەکی تر جەختی دەکرد لەسەر نووسەر و تایبەتمەندییەکانی نووسەر، بەڵام بە زاڵ-بوونی ساختارگەرایی ئەم بیرۆکەیە گوازترایەوە بۆ بەشە زۆر تایبەتی و قۆرغ(انحصار) کراوەکانی نووسەری دەق. لە ڕابردوودا ئاسەوارە ئەدەبی وهونەرییەکان وەکوو گوتاری نەخۆشەکان لە ئەژمار دەهاتن، دەقی ئەدەبی و هونەری بۆ فڕۆید و ڕێڕەوانی فڕۆید ڕێگایەک بوو بۆ ناسین و هەروەها گەیشتن بە پێکهاتەی نەستیی نووسەر. ژیاننامەی نووسەران ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبوو. بەو هۆیە بوو دەتوانین بڵێین مۆرێن ڕۆڵێکی کاریگەری بووە لە ڕەخنەی ڕەوانناسی¬دا.
ژان بێلمەن-نۆئێل(j.bellmen noel)
ڕەوتی ڕەخنەی ڕەوانکاوانە و ڕەوانناسانە دوا بە دوای شارڵ مۆرێن، بە نووسینی کتێبێکی بە نرخ بە نێوی “گەیشتن بە نەستی دەق و ڕەوانکاوی و ئەدەبیات” لە لایان ژان بێلمەن-نۆئێلەوە درێژەی پێدرا. ژان بێلمەن-نۆئێل بە پێچەوانەی ڕەخنەگرانی پێش خۆی بە جێێ وەیکە جەخت بکا لەسەر پێکهاتە و ناوەڕۆکی نەستی تاکی نووسەر، بەدوای ناوەڕۆکی نەست لە دەق¬دا دەگەڕا، لەو بەشەدا لە مۆرێن نزیک دەبێتەوە. بازنەی لێکۆڵینەوەکانی ژان بێلمەن-نۆئێل مەسئەلەی نەستە، بەڵام لە دەقەکان¬دا. ئەو یەکێک لە گرینگترین ئاسەوارەکانی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردووە. لە حەقیقەت¬دا ئامانجی لێکۆڵینەوەکانی ژان بێلمەن-نۆئێل گەیشتن بە نەستێکی تایبەت لە دەقێکی تایبەت دایە.
ژان بێلمەن-نۆئێل سرنجێکی تایبەت دەدا بە چۆنێتی خوڵقانی دەقێک یان ئاسەوارێک و تایبەتمەندیە ڕەوانناسانەی ئەم دەقە یا ئاسەوارە. هەروەها ئەم پرسیارە کە “گومانێک چلۆن دەبێتە ئاسەوارێکی جوانی¬ناسانە؟” لە نیگەرانییەکانی هەمیشەیی ژان بێلمەن-نۆئێل بووە. ئەو لە چوارچێوەی لێدوانێک بە نێوی ” ڕەوانناسیی خوڵقانی دەق” باسی ئەو بابەتە دەکا و دەڵێ: ” سەرەکیترین دەغدەغەی من دەرمان و ناسینی خەیاڵ نیە بەڵکە ئەوەی بەلای منەوە گرینگە ئەوەیە کە ئەو خەیاڵە بە چ شێوەیەک و لە ڕێگای چ مێکانیزمێک دەبێ بە دەق و هەروەها چۆن دەبێتە ناوەندێکی بەردەوام بۆ هەستی جوانی¬ناسانەی مرۆڤ و هەروەتر ئێحساسەکانی تاکێک.(مەک ئافی،2005)
ژوولیا کریستێوا(j.cristeva)
کریستێوا بە هێنانە کایەی دوو باسی گرینگ بە ناوەکانی ” لێکدانەوەی نیشانەکان” و “ڕەخنەی فێمینیستی” درێژەی بە لێکۆڵینەوەی زانایانی پێش خۆی دا. ئەو بە شوێن وەرگرتن لە ڕەوانناسی لاکان باس لە دوو ئەمری نیشانەیی و هێمایی دەکا. هەرکام نیشانەی سەردەمێکی تایبەتن لە ژیانی مرۆڤ. ئەمری نیشانەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئاخافتنی مرۆڤ لەگەڵ خەڵکانی تر، ئەمری هێماییش نیشاندەری سەردەمی ئاخافتنی مرۆڤە بە واتایەکی تر سەردەمی زمانناسانەی مرۆڤ. بەڕای کریستێوا ئەمری نیشانەیی تەنانەت پێش وەقسەهاتنی مرۆڤ دەس پێدەکا و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش وەدی هاتنی گریمانەی ئۆدیپ و لەڕووی ئوستوورەییەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندییەکی کەونارایی لەگەڵ دایک. بە شێوەی ڕاستەوخۆش پێوەندی هەیە بە هێز و گریمانەکانی جەستەیی مرۆڤ.(ماتیۆ،1999).
کریستێوا ساڵی 1969 بە بڵاوکردنەوەی هەوەڵین کتێبی خۆی شوێنکی زۆری هەبووە لە “لێکدانەوی ڕەخنەگرانە” ، “تێئۆری فەرهەنگ” و “فێمینیسم ” . کارەکانی کریستێوا بریتین لە: گەلێ کتێب و وتار لە بارەی نیشانەناسی، بەینامەتنییەت، زمانناسی، تێئۆری ئەدەبی و ڕەخنە، ڕەوانکاوی، ژیاننامەنووسی، نووسینەوەی ژیاننامەی خۆی، لێکدانەوەی سیاسی و فەرهەنگی، هونەر ومێژووی هونەر. کاتێک ساختارگەرایی گەیشتە لووتکە، ئەو یەکێک بوو لە پێشڕەوانی ئەو ئەندیشەیە لە زانستە مرۆڤایەتییەکان¬دا. کریستێوا لە مەکتەبی پەساساختارگەراییش¬دا خاوەن پێگەیەکی قوورس و قایمە.(مەک ئافی،2006)
لێدوانی کۆتایی و ڕوانگەکانی ئێستای ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەقی ئەدەبی
بە سرنج¬دان بە هەمووی ئەو وتانەی باس کرا، هەروەها بە پێداچوونەوەیەک بەسەر ئاڵ و گۆڕییەکانی تێئۆریکی لە پانتایی ڕەخنەی ڕەوانناسی¬دا، بەو ئاکامە دەگەین ئەوڕۆکە ڕەخنەگرانی ڕەوانناسی بە کەڵک وەرگرتن لە بنەمایەکی دەوڵەمەند لە بواری تێئۆرییەوە کار لەسەر بابەت¬گەلێکی جۆرا و جۆر وەکوو نووسەر، دەق و بەردەنگ دەکەن. لە لێکۆڵینەوەکانی ئێستادا تاقمێک ئێستاش بە گوێرەی ڕابردوو، گرینگی بە نووسەر و پێکهاتەی نەستی نووسەر دەدەن. تاقمێکی تر جەخت دەخەنە سەر دەقەکانی هونەری و ئەدەبی. هەروەها تاقمێکی زۆرێش گرینگی دەدەن بە بەردەنگ و باس کردن لەسەر ڕەوانناسی فەهمی دەقە ئەدەبی و هونەرییەکان. بەبێ دڕدۆنگی ڕەوتە فکری و فەرهەنگییەکانی زاڵ بەسەر فەزای ئێستای کۆمەڵگا شوێنی هەیە لە مەکتەبی ڕەخنەی ڕەوانناسانە. بەو هۆیە ئەوڕۆکە بابەتەکانی وەک خود(self) و کەسێکی تر(دیگری) دوو بابەتی بنەڕەتین لە گۆڕەپانی ڕەخنەی ڕەوانناسی¬دا.
بە سرنج¬دان بەوەیکە ئەوڕۆ لێکۆڵینەوەکانی فەرهەنگی بەشێکی گرینگن لە زانستە مرۆڤایەتییەکان، ڕەخنەی ڕەوانناسانەش پێویستە جیاوازییەکانی فەرهەنگی و شووناسی قەومییەتەکان لەبەرچاو بگرێ و ببێتە میراتداری پێکهاتە ڕەوانییەکانی کەلتوورە جۆرا و جۆرەکان.
سەرچاوەکان:
– تادیه، ژان ایو، نقد ادبی در قرن بیستم، ترجمه مهشید نونهالی، انتشارات نیلوفر:1378
– پژوهشنامه فرهنگستان هنر، شماره 4؛ مرداد و شهریور 1386
– کدیور، میترا؛ مکتب لکان(روانکاوی در قرن بیست و یکم)؛ انتشارات اطلاعات: 1381
– ماتیو، اریک، فلسفه فرانسه در قرن بیستم، ترجمه محسن حکیمی، انتشارات ققنوس:1378
– موللی، کرامت؛ مبانی روانکاوی فروید-لکان؛ نشر نی: 1384
– نوئل، مک آفی، ژولیا کریستوا، ترجمه مهرداد پارسا، نشر مرکز:1385
– یاوری، حورا، روانکاوی و ادبیات، انتشارات سخن:1384
–
–
ماڵپەرەکان:
– ماڵپەرەی تاکەکەسی کریستێوا: www.kristeva.fr
– ماڵپەری ئافتاب: www.aftabir.com
– ماڵپەری ئینتێرنێ یکی پێدیا