تاريخ: ۱۳۹۶ دوشنبه ۱۶ بهمن ساعت ۱۸:۸ بازدید: 742      نظرات: 1      کد مطلب: 5069
وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مه‌ناف ئیرانپه‌نا

هونه‌رمه‌ندان بۆ وه‌رگرتنی مافه‌کانیان نابێ بترسێن


* مه‌ناف ئیرانپه‌نا له دایک بووی ساڵی 1330ی هه‌تاوی له مه‌هاباده.

* له ساڵی 1346ی هه‌تاوییه‌وه‌ ده‌ستی به کاروباری هونه‌ری کردووه‌.

* ساڵی 1351 له ده‌نگ و ڕه‌نگی ناوه‌ندی مه‌هاباد دامه‌زراوه‌.

* له به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی شانۆ، ته‌له‌ویزیۆن، سینه‌ما، پێشکه‌کاری، دوبلاژ، ده‌رهێنه‌ری، ڕادیۆ، ده‌نگ هه‌گرتنه‌وه‌ و... چالاکی نواندووه.

* ساڵی 1366 له فیلمی سینه‌مایی "شکوه زندگی" به ده‌رهێنه‌ری حه‌سه‌ن محه‌ممه‌دزاده ڕۆڵی گێڕاوه‌.

* ساڵی 1367 وه‌ک ده‌رهێنه‌ر به هاوکاری عوسمان ده‌باغچی موکری فیلمێکی کورتی 16 میلی میتری ساز کردووه‌ که ئه‌و فیلمه به‌شداری فێستیواڵی فیلمی کورتی فه‌جر بووه.

* هێندێک له به‌رهه‌مه شانۆییه‌کانی بریتین له: آموزگاران، در حضور باد، پهلوان نمی میرد (بیضایی)، پهلوان اکبر نمی میرد (حاج علی عسکری)، چشم در برابر چشم، گه‌وهه‌ر مراد، سهراب و ساز و والی، سه‌یده‌وان، نه‌بی باشتر و...

* یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌نجومه‌نی شانۆی مه‌هاباده له ساڵی 1370

* بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی شاری مه‌هاباددا شانۆی "سه‌یده‌وان"ی گه‌یاندۆته‌ فێستیواڵی نێوده‌‌وڵه‌تی فه‌جر له ساڵی 1374

* یه‌که‌م گرووپی شانۆیی له مه‌هاباد پێک هێناوه‌.

 

هاژه ـ وێڕای به خێرهاتنتان بۆ پێگه‌ی هه‌واڵی هاژه، سه‌ره‌تا وه‌ک یه‌که‌م پرسیار هۆگرایه‌تی ئێوه‌ بۆ کاروباری هۆنه‌ری چۆن و له کوێوه‌ ده‌ستی پێکرد؟

سه‌ره‌تا سپاستان ده‌که‌م له‌م به‌سه‌ر کردنه‌وه‌یه، دیاره ئه‌و بنکه‌یه به ماڵی خۆمان ده‌زانین و زۆری پێ خۆشحاڵین که گه‌نج و لاوه‌کان حه‌ول و چالاکیان له بواری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری هه‌یه، به تایبه‌ت پێگه‌یه‌کی هه‌واڵی و هه‌واڵده‌رییه‌ک خه‌ریکی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م کارانه‌یه که ئه‌وانه پێویسته و هه‌تا زۆریش بن جێگای بۆشاییان هه‌ر هه‌یه و ده‌کرێ به هێزتر بکرێن. ئه‌وه‌ جێی خۆشحاڵییه و ئه‌منیش به شانازییه‌وه‌ له‌وه‌ی که له خزمه‌تتان دام سپاستان ده‌که‌م.

 له بابه‌ت پرسیاره‌که‌ته‌وه‌ هه‌ر وه‌ک زۆر که‌سانی دیکه ئه‌و ده‌مانه‌ی سه‌ره‌تای مێرمنداڵییه، نه‌وجه‌وانییه یان تازه لاوییه، ئینسان جووڵه‌یه‌کی له ده‌روونی ده‌که‌وێ، هه‌ست به بێگانه بوونێک ده‌کا له ده‌وروی و به‌ری خۆی. ئه‌منیش هه‌ر له ده‌ورانی ده‌بیرستان یانی دروست له ساڵی 1346ی هه‌تاوی ئه‌و هه‌سته‌م تێکه‌وت.

هاژه ـ ئێوه‌ به شانۆ ده‌ستتان به کاری هونه‌ری کرد، داخوا شوێنێکی تایبه‌ت هه‌بوو بۆ ئه‌م کاروباره له مه‌هاباد؟

جێگاکان زۆر که‌م بوون، هه‌ڵبه‌ت له مه‌دره‌سه‌کان به‌و هه‌موو که‌م و کووڕییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌تا له ئێستا چاکتر بوو! چوونکه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرا چالاکی جۆراوجۆر له بواری هونه‌ری هه‌بوو.

هاژه ـ که‌واتا له دوای 51 ساڵ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له سالۆن و شوێنی تایبه‌ت به کاروباری هونه‌ریدا له مه‌هاباد نابینین. ئه‌و که‌سانه‌ی ئێوه‌ کارتان له‌گه‌ڵ ده‌کردن کێ بوون و چه‌نده شاره‌زاری کاری هونه‌ری بوون؟

 ئه‌و ده‌می له مه‌هاباد خودالێخۆشبوو سه‌ید ڕه‌حیم قوڕه‌یشی هه‌بوو که دواتر له ساڵی 1351 له ڕادیۆ مه‌هاباد ئیفتخاری هاوکاریم له‌گه‌ڵی هه‌بوو، ئه‌و کاروباری هونه‌ری ده‌کرد، شانۆی ده‌برده سه‌ر سه‌حنه، بۆخۆشی هه‌ر فه‌رهه‌نگی بوو له بۆنه‌کاندا له مه‌دره‌سه‌کان کاری ده‌کرد. ئێمه و چه‌ند که‌س له هه‌واڵانمان تێکه‌ڵی ئه‌و گرووپه که‌وتین. له پێش ئێمه‌شدا تیمێک هه‌بوون وه‌کوو به‌ڕێز ئوستاد حه‌سه‌ن دادشکه‌ر، مه‌حموود حه‌میدی، ئاغای توتونچی و پێش ئه‌وانه خودالێخۆشبوو ئاغای فوراقی و ئاغای ئه‌حمه‌دی، ئێمه ئه‌وانه‌مان ده‌ناسی وه‌دوای ئه‌وانه ده‌که‌وتین.

ئاغای توتونچی که غه‌یره بومی بوو له سینه‌ما ئومێد یان گیتی کاری ده‌کرد و کارگه‌ردانی کاره باشه‌کانی شانۆیی ده‌کرد وه‌ک ئۆتێللۆ، بهترین بابای دنیا و... که بۆ ئه‌و ده‌می و له‌و بارودۆخه‌دا کارێکی گه‌وره بوو، ئه‌و به‌ڕێزه له تارانی ڕا هاتبوو و شتی ده‌زانی و ئینسافه‌نیش ئه‌وانه‌ی ئینتقال دا و شوێن دانه‌ریش بوو، چوون یه‌ک له‌وانه بو نموونه ئاغای حه‌سه‌ن دادشکه‌ر بوو که له‌و جه‌ریانه ڕا هات و یه‌که‌م که‌س بوو که له مه‌هابادێ ڕا چوو وه‌دوای کاری حێرفه‌یی و هونه‌ری ئه‌ویش له شانۆگه‌ریدا که‌وت و زۆربه‌ی کاروچالاکییه‌کانی ئه‌گه‌رچی له سینه‌ما و ته‌له‌ویزیۆن و شانۆدا زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو به‌ڵام کاری تایبه‌تی له به‌شی منداڵاندا بوو که یه‌کجار کارێکی به‌پێز و به نرخه و ته‌واوی ماوه‌ی له کانوونی په‌روه‌رشی فیکری کوده‌کان و نه‌وجه‌وانانی تارانێ بوو و له کۆتاییانه‌دا ماوه‌یه‌ک به‌رپرسی کاری شانۆی منداڵان بوو، ئێمه‌ش له‌وێڕا ده‌ستمان به‌و کارانه کرد.

هاژه ـ هاوکات له‌گه‌ڵ کاری شانۆ، کاری هونه‌ری دیکه‌شتان ده‌کرد؟

ئه‌وده‌می گرووپێکی هه‌ڵپه‌ڕکێمان هه‌بوو، گرووهێکی مۆسیقاییمان هه‌بوو ده‌گه‌ڵ مامۆستا ماملێ و مه‌لا حسێن و مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک و... ساڵی 47 و 48 چه‌ندین سه‌فه‌ری هونه‌ریمان کرد له ته‌له‌ویزیۆنی ڕه‌زاییه ئه‌و کارانه زه‌بت ده‌کران و شه‌وێکی تایبه‌ت هه‌ر له وێ بڵاو ده‌بۆوه هه‌تا چه‌ند سه‌فه‌ری وه‌ک شاره‌کانی خۆی و ئه‌وانه‌مان کرد. هه‌تا ئیدی من دوای سه‌ربازی ساڵی 1351 پاش گه‌ڕانه‌وه‌م له سه‌ربازی من چوومه ڕادیۆ ته‌له‌ویزیۆنی مه‌هاباد، له‌و ده‌مێوه‌ ئه‌من له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌ید ڕه‌حیم قوڕه‌یشی، بیوک خانباغی و تاقمێکی دیکه بووینه هاوکار.

 

چوون ئه‌من گرووپم هه‌بوو و هه‌موو ساڵی بۆ ئیجڕای به‌رنامه‌کان بۆ ئه‌ولا و ئه‌و لای ده‌چووین ساڵی 56 گرووپێکی زۆر باش و کامیل که بریتی بوون له مامۆستا عه‌زیز شاروخ، مامۆستا ڕه‌سووی نادری، کاک ڕه‌زا نێوێک، قاسمی که تووزه‌له‌ی لێده‌دا و ئوستادی تووزه‌له و نایه بوو و هه‌روه‌ها مامۆستا قاله‌مه‌ڕه که بۆ یه‌که‌م جار بردمانه سه‌ر سه‌حنه و له‌وێ بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ مامۆستا شارۆخ له دانیشگای ئیسفه‌هان پیره‌ هه‌ڵۆیان به شمشاڵه‌وه‌ پێشکه‌ش کرد، گرووهێکی هه‌ڵپه‌ڕکێی باشمان هه‌بوو و نزیک حه‌فته‌یه‌ک ئێمه له فێستیواڵێکی فه‌رهه‌نگی به‌شداریمان کرد که زۆر جێی که‌ڵک وه‌رگرتن بوو و له هه‌ر چوار قوڕنه‌ی ئیرانه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی لێ بوو و هه‌موو شتێکی لێ بوو، له مۆسیقا، له شانۆ، له شۆعبه‌ده‌ بازی، چێشت و...

هاژه ـ به‌دواداچوونی ئێوه‌ بۆ کاروباری هونه‌رمه‌ندان چۆناوچۆن بوو؟

یه‌کێک له کاره‌ باشه‌کانی که له‌و ماوه‌یه‌دا کراوه‌ و هیوادارم به‌رپرسانی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامیش بتوانن له‌وه‌ به‌ولاوه‌ بۆ پێڕاگه‌یشتن و کارسازی کردن بۆ هونه‌رمه‌ندان وه‌دوای ئه‌و جۆره‌ کارانه بکه‌ون، ئه‌وه‌ بوو به هۆی چوونی ئه‌و فێستیواڵانه و ناسانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده پێشکسوه‌تانه، به تایبه‌ته هونه‌رمه‌نده فۆلکلۆره‌کان له ده‌هه‌ی 70 به هاوکاری ئیداره‌ی ئیڕشادی مه‌هاباد له ڕێگای وه‌زاره‌ت مووچه‌ی مانگانه‌یان بۆ بڕدرایه‌وه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه و ئه‌وانه‌ی له قه‌یدی حه‌تایشدا نه‌ماون مووچه‌که ده‌ده‌ن به خێزانه‌کانیان، وه‌ک هونه‌رمه‌ندان قاله‌مه‌ڕه، مه‌ناف عه‌بدوڵازاده، سه‌عید دامیاری، ڕه‌سووی نادری، قودره‌ت قادری، محه‌ممه‌د ڕامان، کاک نه‌بی و... ئه‌وانه په‌روه‌نده‌یان چوو تاران و کاره‌که‌یان جێبه‌جێ بوو.

هاژه ـ سه‌باره‌ت به شانۆی دایکی نیشتمان چه‌نده‌تان زانیاری هه‌یه؟

ده‌توانین به سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کاروباری هونه‌ری بزانین له شاری مه‌هاباد، به‌داخه‌وه‌ له به‌ر زۆر هۆ نێوه‌کان به چاکی نه‌درکاون ساڵی 1323 له پێشدا دایکی نیشتمان ئیجڕا بووه و دوایه کۆماری کوردستان دامه‌زراوه‌ و له دوای کۆمار درێژه دراوه‌ و دووپات بۆته‌وه‌. وه‌ک له پیره‌کانم بیستوومه خه‌ڵك لێی کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و بۆی ده‌گریان، له حه‌ساری دوخانیات و مه‌دره‌سه‌کان ئیجڕا ده‌کرا. ئه‌من به‌ش به حاڵی خۆم زۆر وه‌دوای نووسراوه‌که‌ی که‌وتم، خوالێخۆشبوو عوبه‌یدوڵڵا ئه‌یوبیان ده‌یکووت ئی منه، ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارانیش داوام لێکرد به‌ڵام وه‌ده‌ستمان نه‌که‌وت. حه‌تا ناوی ده‌ورگێڕه‌کانیش زۆر ڕوون نییه، ته‌نانه‌ت ده‌وترێ له‌و شانۆیه‌دا یه‌کێک له پیاوه‌کان ده‌وری ژنی گێڕاوه‌ و بۆخۆم بیستوومه‌.

هاژه ـ له ده‌نگ و ڕه‌نگی ناوه‌ندی مه‌هاباد له چ به‌شێکدا ده‌ستان به کار کرد؟

ئه‌من له به‌شی ده‌نگ هه‌ڵگری ڕا ده‌ستم پێکرد و بۆ ئه‌و کاره دوو ساڵ چوومه مه‌دره‌سه‌ی عالی ته‌له‌‌ویزیۆن و سینه‌مای ئه‌و ده‌می و له ڕه‌شته‌ی ده‌نگ هه‌ڵگریدا ده‌رسم خوێند و هه‌ر کارمه‌ندی سه‌داوسیماش بووم. پاشان گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر کاره‌که‌ی خۆم و چوون بارودۆخه‌که وابوو ساڵیک هاوارت کردبا که‌س په‌یدا نه‌ده‌بوو بیکه‌یه بێژه‌ر، ناعیلاج شانمان وه‌به‌ردا. ئه‌وه‌ش بڵیم ئینسافه‌ن ئه‌و ده‌می زۆر به‌رنامه‌ی به پێز و به قه‌وه‌ت هه‌بوو، زۆر شتی باش هه‌بوو، ئینسان پێی خۆش بوو تێکه‌ڵاو بێ و زه‌حمه‌تی بۆ بکێشێ و بیکا، نه مه‌سه‌له‌ی پووڵ له گۆڕێدا بوو نه بوودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌رنامه ساز کردن و... به‌ڵام شه‌و و ڕۆژ کارمان ده‌کرد، چوونکه له پڕڕا ده‌تدیت خوالێخۆشبوو سواره ئیلخانی زاده له تارانێ ڕا ده‌هاته به‌ڕڕه‌سی به‌رنامه‌که یان خوالێخۆشبوو
مامۆستا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و... که‌سانێکی زۆر باش و هونه‌رمه‌ندیش ئه‌وده‌می هاوکار بوون حه‌تا خوالێخۆشبوو محه‌ممه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێن و دوایه برایمی قادری، ئه‌من شانازی ئه‌وه‌م هه‌یه که ده‌ستم به کاری ده‌نگ هه‌ڵگری کرد ئیدی له ساڵی 51 و 52دا ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌شی زۆری له سه‌ر شانی کاک محه‌ممه‌د که‌ریمی بوو کارمه‌ندی ته‌له‌ویزیۆن بوو و ئه‌منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و و له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌نگ هه‌ڵگری فێر بووم و شانازی ئه‌وه‌م هه‌یه زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی مامۆستا محه‌ممه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێن که دیاره له ئیستۆدیۆ زه‌بت کراون و کوالیته‌یه‌کی باشیان هه‌یه زه‌بتمان کردوون و هه‌موو حه‌فتان شه‌وێک بڵاو ده‌بۆوه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا من کاری شانۆگه‌ریم وه‌لا نه‌ناوه‌.

 

هاژه ـ له‌و ماوه‌یه‌دا یانی ده‌هه‌ی 50 کاروباری هونه‌ریتان له بواری شانۆگه‌ریدا به‌رده‌وام بووه‌، ئه‌و کات له‌گه‌ڵ چ که‌سانێک کارتان ده‌کرد؟

له ژێر ده‌ستی مامۆستایانێکی که وه‌ک کارناسی شانۆ ده‌هاتن لێره یه‌ک دوو ساڵ بۆ ته‌رح ده‌مانه‌وه‌ وه‌ک ئوستاد هورموزی هیدایه‌ت، حاجی عه‌لی عه‌سکه‌ری و ئاته‌ش ته‌قی پوور و... شانۆگه‌لێکی زۆرمان کار کرد، دوو سێ شوێن هه‌بوو وه‌ک خانه‌ی جه‌وانان، ده‌توانم بڵیم مانگێ چوار پێنج شانۆ ده‌چوو سه‌ر سه‌حنه.

هاژه ـ شۆڕشی گه‌لانی ئێران و به تایبه‌ت شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له سه‌ر کاروباری هونه‌ری شوێندانه‌ر بوو، له مه‌هاباد بارودۆخ چۆن بوو؟

به پێی بارودۆخی ناوچه له 10 ساڵه‌ی ده‌هه‌ی 60ی هه‌تاوی کارێکی وه‌های هونه‌ری بۆ خه‌ڵک له نێو شاردا نه‌ده‌کرا، ڕادیۆ ته‌له‌ویزیۆن هه‌ر چالاک بووه‌، دۆستانێکی دیکه هه‌بوون وه‌ک کاک ئومید په‌یره‌وی ئیسلام و خوالێخۆشبوو ئیبڕاهیم ته‌نهایی له ناوه‌ندی ته‌بلیغاتی ئیسلامی کاریان ده‌کرد، هه‌تا ساڵی 70 که به شانازییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌نجومه‌نی نمایشی مه‌هاباد بووم که به هاوکاری دۆستانی دیکه‌م ئه‌و ناوه‌نده‌مان دامه‌زراند و دوو سێ ده‌وره‌ش بۆخۆم سه‌رپه‌رست و به‌ڕێوه‌به‌ر بووم و زۆر کاری باشمان ده‌کرد هه‌تا ساڵی 85 شانۆی مه‌هاباد بێجگه له پارێزگا له مه‌نته‌قه‌شدا قسه‌ی بۆ کوتن هه‌بوو و له‌سه‌ر بوو. له ساڵی 74 یان 75 بۆ یه‌که‌م جار سه‌یده‌وان له گرووپی شانۆی مه‌هاباد به سه‌رپه‌رستی خۆم چوو بۆ فیستیواڵی فه‌جری ئێران.

هاژه ـ پێوه‌ندی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌کانی فه‌رهه‌نگی ـ هونه‌ری و هونه‌رمه‌ندانی دیکه چۆن بوو؟

له ده‌هه‌ی 70 تاکوو ده‌هه‌ی 80 هه‌ر کارێکی هونه‌ری له مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چووبێ چ له ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشاد چ له سازمانی ته‌بلیغاتی ئیسلامی من وه‌ک خزمه‌تکارێک له خزمه‌ت هونه‌رمه‌نداندا بووم، ئه‌وه‌نده‌ی توانیمه کارئاسانیم بۆ هونه‌رمه‌ندان کردووه‌ هه‌تا کاره‌که‌یان خه‌ڵک بیبینێ، بۆ من ئه‌و جیاوازییه نه‌بووه‌ که هه‌ر ده‌بێ شانۆ بێ، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بێ کاری پێشکه‌شکاریم بۆ کردوون، ئه‌لحه‌ق و ئینسافیش ئه‌و کات به‌رپرسان زه‌حمه‌تیان ده‌کێشا و ئه‌هه‌میه‌تیان بۆ ئه‌و کارانه داده‌نا. یه‌که‌مین خولی فێستیواڵی شانۆ که سازمانی ته‌بلیغاتی ئیسلامی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد ئێمه له‌گه‌ڵ دۆستانێک وه‌کوو ئاغای ڕه‌حیم نه‌غه‌ده و ئومید په‌یره‌وی ئیسلام دامان مه‌زراند، یان فێستیواڵی ناوخۆیی له ناو شاردا که به‌داخه‌وه‌ دواتر به هۆی جۆراوجۆره‌وه‌ درێژه‌ی پێنه‌درا، له فێستیواڵه‌کانی موسیقی و هه‌مایشاتی وه‌ک مامۆستا هه‌ژار و... که ئێستاش ده‌نگۆکه‌ی ماوه‌ ڕۆڵم هه‌بوو و ئه‌وده‌م مه‌هاباد وه‌ک قوتبێکی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ده‌ناسرا، ئێستا به‌داخه‌وه‌ شته‌که‌ ئاوه‌ژوو بۆته‌وه‌، له مه‌هاباد هیچ شتێک ڕوو نادا له شاره‌کانی ده‌ورووبه‌رمان هه‌موو چالاکییه‌کی هونه‌ری هه‌یه.

 

هاژه ـ هۆکاره‌کان له چیدا ده‌بینن؟

ئه‌و ده‌می شته‌که‌مان به ئی خۆمان ده‌زانی و به‌رپرسانیش له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌هاتنه پێش. له‌و ساڵانه‌دا له پڕڕا وه‌ره‌ق وه‌رگه‌ڕاوه‌، به‌ تایبه‌ت هه‌شت نۆ ساڵێکه، سستییه‌ک هاتۆته پێش‌، خه‌تای ئه‌سڵی له به‌رپرسان ده‌گرم، ئه‌وڕۆ بیانووی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه ده‌ڵین وه‌زعی ئابووری خراپه و کار ناکرێ، واش نییه، هه‌موو شتێک ئه‌وه‌ نییه، وه‌ختێک به‌رپرسی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی هاتۆته مه‌هاباد به شانازییه‌وه‌ چه‌ندین جار چوومه دیوه‌که‌ی و کوتوومه هه‌رچی له ده‌ستم بێ له خزمه‌ت دام و پێمان خۆشه‌ کار بکه‌ین، هه‌تا ئه‌وڕۆ بۆ هیچ به‌رنامه‌یه‌ک ته‌له‌فوونێک له ئیداره‌ی ئیڕشاده‌وه‌ بۆ من نه‌کراوه‌ که لانیکه‌م میوانی ئه‌و به‌رنامه‌یه به...! پێشتر وانه‌بوو وه‌ک وه‌تاغی فکر له سه‌تحی شاردا کۆ ده‌بووینه‌وه‌ و کارمان پێشنیار ده‌کرد. تۆ بڵێ بۆ چالاکی ساڵانه ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی مه‌هاباد چ به‌رنامه‌یه‌کی پێشنیار داوه‌؟! ئه‌من به دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵیم هیچ شتێک، حه‌تا ئوستانیش ئه‌وه‌ی به من کوتووه... به‌ڵام وه‌ختێک که‌سێک پێشانگایه‌ک یان مه‌ڕاسمێک به‌ڕێوه‌ ده‌با، سینگ دێننه پێش و ده‌بنه ساحه‌ب به‌رنامه و وتاریشی بۆ ده‌ده‌ن و به ئی خۆیانی ده‌زانن، بۆچی؟ چوون فه‌قه‌ت موجه‌ویزیان داوه‌! وه‌ک ئه‌وه‌ی وایه ئه‌من بچمه دکتوری، دکتور ده‌بێ موعایه‌نه‌م بکا و نوسخه‌م بۆ بنووسێ، نوسخه‌ی نه‌نووسێ چم بۆ ده‌کا ئه‌دی؟ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر موجه‌ویزم نه‌داتێ چ ده‌کا ئه‌دی؟!

هاژه ـ وابزانم ئێوه‌ له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانیش سه‌باره‌ت به نه‌هاتنی سه‌رۆکی گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشاد له پارێزگا ناڕه‌زایه‌تیتان ده‌ربڕیوه‌، ئاکامێکی هه‌بووه‌؟

چه‌ندین جار له فه‌رمانداری هاوارم کردووه،‌ له حزووری مندا فه‌رماندار کوتوویه‌تی به‌رپرسی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی مه‌هاباد به مودیر کوللی بڵێ بێته مه‌هاباد و دانیشتنێکی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان هه‌بێ، نزیک 10 ساڵه نه‌هاتۆته مه‌هاباد هیچ، به‌رپرسی ئیداره‌ی ئیڕشادی ئێستا بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ جه‌معی هونه‌رمه‌ندان ناتوانێ پێک بێنێ و ڕێگا حه‌ل وه‌رگرێ بۆ به‌رنامه‌ ساز کردن؟!

هه‌ر له به‌ر خاتری شاره‌که‌م و کاره‌که‌ی هه‌ستاوم چوومه دیده‌نی مودیر کول، ده‌ڵی که‌س به منی نه‌کتووه و که‌س له منی نه‌ویستووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌من کوتم ویستنی ناوێ، بۆ مه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌کی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادت له مه‌هاباد نییه، وه‌زیفه‌ته بێی سه‌ردانی بکه‌ی. هه‌ر ئه‌و ده‌می قه‌راری له‌گه‌ڵ من دانا، وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ هاویشتم که له ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا ئه‌وه‌ڵین شار بێته مه‌هاباد، به‌ڵام دوای چه‌ند مانگ هه‌ر نه‌هاتووه‌. ئه‌گه‌رچی که‌مبووده‌کانی مه‌هابادیشی هه‌موو قبووڵ بوو و بۆ به‌ڕڕه‌سی که‌مبووده‌کان بڕیار بوو بێت.

کێ چی بۆ هونه‌ر کردووه‌؟ ئه‌وه‌یکه ئه‌من کارێکی هونه‌ریم بۆ دڵی خۆم کردووه خۆ ئه‌وه‌ کار نییه، کێ کاری بۆ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئه‌و شاره‌ کردووه‌ ئه‌وه‌ گرینگه، به شانازییه‌وه‌ ده‌ڵیم و به به‌ڵگه نیشانی ده‌ده‌م، حه‌تا‌ ساڵۆنی وه‌حده‌ت و ساز کردنه‌که‌ی موسه‌ببی من و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌ر ده‌می بووین، ئاغای خدر ڕه‌ش ئه‌حمه‌دی، ڕه‌حیم نه‌غه‌ده شه‌و و ڕۆژ له سه‌ر سه‌حنه بووین هه‌تا نه‌زه‌ری ئاغایان جه‌لب بکه‌ین و لێره کارێکمان بۆ بکه‌ن و شتێکمان بۆ دانێن. ئێستاش ئه‌وه هه‌موو مه‌دره‌ک و سه‌نه‌ده هێناومه، چوار پێنج ساڵه وه‌دوای ده‌که‌وم له هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی مه‌هاباد ئیمزام کۆ کردۆته‌وه‌ و داخوازیم داوه‌ و موسه‌وه‌به‌ی شووڕای له سه‌ره و قه‌ولیان پێداوین هه‌ر له‌و زه‌مینه‌ی په‌نا ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی نیگارخانه‌یه‌ک، جێگایه‌ک بۆ کاروباری موسیقی و پلاتۆیه‌ک بۆ کاروباری نمایشی ساز بکرێ، حه‌تا نه‌قشه‌که‌شی هه‌یه، به‌داخه‌وه‌ به هۆی کارشکه‌نی یه‌کێک له‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ی شاره‌داری کاره‌که‌ ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌منیش له قه‌ڵسی ئه‌وه‌ که جواب ناده‌نه‌وه‌ و هاوارم کرد مودیر کوللی بێننه ئێره جوابیان نه‌داومه‌وه‌ نزیک ساڵێکه وێڵم کردووه‌... له سه‌هه‌ل ئه‌نگاری به‌رپرسان به‌شێکی زۆری ئه‌و زه‌مینه له کیس چوو، به پێی سه‌ند ئه‌و زه‌مینه دراوه‌ به ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای جه‌وانان و نیگارخانه، به لێدانی ئه‌و خیابانه‌ی پشت سه‌داوسیما به‌‌شی سینه‌مای جه‌وانی ڕۆیی و سه‌داوسیما داگیری کرد.

هاژه ـ مه‌گه‌ر نه‌خشه و به‌ڵگه له به‌رده‌ستدا نییه؟ چۆن سه‌داوسیما ده‌ستی به سه‌ر زه‌وی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شاره‌دا گرتووه؟

شاره‌داری وه‌ک خاوه‌نی سه‌ره‌کی زه‌وییه‌که ناڕازییه، ئه‌وه نه‌خشه ئه‌وه‌ مه‌دڕه‌ک و ده‌ستووری شووڕا و شاره‌داری وه‌خت که ئه‌و دوو زه‌وییه ئی شاره‌دارییه و داوێتی بۆ کاروباری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و شووڕای وه‌خت موسه‌وه‌بی کردووه‌ که ئه‌و شتانه بۆ ئێمه له‌وێدا ساز بکا.

هاژه ـ باشه ئێوه‌ ده‌ڵێن هه‌موو گرفته‌کانی به‌شی هونه‌ری گرفتی ماڵی نین، ئیداره‌ی ئیڕشادی مه‌هابادیش له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و جۆره‌ی شایانه بۆ کاروباری هونه‌ری پاره‌ ته‌رخان بکا، ئه‌و کارانه‌ی کراون بوودجه‌که‌یان له کوێ دابین بووه؟

به‌ڵێ دیسانیش ده‌ڵێم هه‌موو گرفته‌کان ماڵی نین، گرفت ئه‌وه‌یه به‌رنامه و گه‌ڵاڵه نییه، ئه‌وه‌ی کراوه‌ به پشتیوانی ماڵی شووڕا و شاره‌داری مه‌هاباد بووه‌ و هه‌ر به یارمه‌تی ئه‌وان چه‌ندین کاری زۆر باش کراوه‌، وه‌ک شانۆی "نه‌بی باشتر"ی دکتور سادقی، چه‌ند کاری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی که به‌قه‌وه‌ت ئیجڕا کرا و هه‌مایشی بوداق سوڵتان و...

هاژه ـ مامۆستا، پێتان وانییه که‌مته‌رخه‌می و شێلگیر نه‌بوونی هونه‌رمه‌ندانیش له سه‌ر مافه‌ ڕه‌واکانیان له سازدانی ئه‌م فه‌زایه‌دا کاریگه‌ر بووه؟

که‌مته‌رخه‌می له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ زیاتره، مه‌گه‌ر ئێمه داوای چی ده‌که‌ین؟ ده‌مانهه‌وێ کاری هونه‌ری له چوارچێوه‌ی ئێراندا بکرێ. زه‌مانی به‌رپرسایه‌تی ئاغای زولفه‌قاری له هیلالی ئه‌حمه‌ر ده‌وڵه‌ت ته‌مای گرت سینه‌ما کۆنه‌کان نۆژه‌ن بکاته‌وه‌، زۆر به گه‌رمی ته‌مام گرت قۆڵی لێهه‌ڵماڵم، له چه‌ند شاران ساڵۆنه‌کان ساغ کرانه‌وه‌ زۆرم هاوار کرد له مه‌هابادیش ئه‌و کاره بکرێ، له‌و وه‌خته‌دا زولفه‌قاری بوو به فه‌رماندار، که‌چی بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی سینه‌ما هیچی به هیچ نه‌کرد. ڕۆژێک ده‌یانهه‌ویست سه‌نده‌ڵییه‌کان ده‌ربێنن گه‌یشتینه سه‌ریان که کاکه بوای لێده‌که‌ین، ئێره سابقه‌یه‌کی مێژوویی هه‌یه، بۆ که‌س خه‌می لێناخوا، با هه‌موومان ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌ک و کارێک بکه‌ین.

هاژه ـ ئێوه‌ گرووپێکی شانۆییتان هه‌یه، هاوکات چه‌ند گرووپی دیکه‌ی شانۆیی له مه‌هاباد خه‌ریکی چالاکییه، پێوه‌ندی نێوان ئه‌و گرووپانه چۆن ده‌بینن؟

من یه‌که‌مین گرووپی شانۆم له مه‌هاباد سه‌بت کرد، ئه‌و ساڵ له داخی ئه‌وه‌ که گرینگی ناده‌ن به کاروباری هونه‌ری و مودیر کول نه‌هاته ئێره و ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادیش که‌مکاری ده‌کا موڵه‌تی بڕوانامه‌ی گرووپه‌که‌م تازه نه‌کردۆته‌وه‌، هیچ که‌سیش نه‌یپرسی که بۆ تازه‌ت نه‌کردۆته‌وه‌. به نیسبه‌ت هونه‌رمه‌ندانیش به‌داخه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌ڵسوکه‌وتێکی باشیان نییه نه ده‌گه‌ڵ یه‌کتر نه له ناو خۆیان و نه له‌گه‌ڵ پێشکسوه‌تان. وه‌ک ئیعتراز منیش ناچمه جه‌له‌سه‌کانی ئه‌نجومه‌نی شانۆ.

هاژه ـ ئه‌نجومه‌نی شانۆ ده‌بوو چی بیکا که نه‌یکردووه‌؟

وه‌ک ئه‌ساس بۆ چی حه‌ول ده‌ده‌ن، چیان له به‌رپرسانی شار ویستووه؟ کوا نامه‌ بۆ ساڵۆنی ئه‌و چه‌ند گرووپه، کوا شوێنی ته‌مرین؟

زه‌وییان له په‌ناوه‌ لێ ستاندین، بۆ نامه‌یه‌ک‌ نه‌نووسرا، بۆ ئیمزای چوار هونه‌رمه‌ندی پێوه‌ نییه؟ خۆ هه‌ر ئه‌و گوزه‌رانه نییه، بۆ حه‌ولێک نادرێ... به هه‌زار حه‌ول و ئه‌ولاو ئه‌ولا و ئیسپانسێر کارێک به هه‌زار زه‌حمه‌ت ده‌ێته سه‌ر سه‌حنه، ئاماره‌که‌ی یه‌کی دیکه ده‌ینێرێ، ساحه‌به‌که‌ی ده‌بێته یه‌کی دیکه، ماندوو بوونه‌وه‌که‌ی به گرووپ ده‌مێنێ، ئه‌وه‌ چییه گرووپ فه‌عاله و کارێکی کردووه‌... ماندوو نه‌بن قالبوو ساغ بێ... کارێکی باشه... خۆ ناڵیم خراپه... به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ خه‌می سبه‌ینێ نه‌خۆین له‌وه‌ش وێرانتر ده‌بێ.

هاژه ـ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی تێکۆشه‌ری کاروباری فه‌رهه‌نگی ـ هونه‌ری پێشنیاری ئێوه‌ چییه بۆ ده‌ربازبوون له‌م بارودۆخه؟

هه‌موو شت له یه‌ک ڕه‌نگی و یه‌ک ده‌نگی و خۆشه‌ویستیدا به‌دی دێ، زۆر که‌مبووده‌کان قه‌ره‌بوو ده‌کرێنه‌وه‌ به شه‌رتێک که هاوڕه‌نگ بین، ئه‌و یه‌ک ڕه‌نگییه له کاروباری هونه‌ریدا زۆر لاواز بووه، پشتی یه‌کتر بگرین و ئه‌وه‌ی به حه‌قی خۆمانی ده‌زانین له بواری هونه‌ری و وه‌دوای بکه‌وین و له به‌رپرسانی وه‌ربگرین، ئه‌دی ئێمه چۆن باسی هیمن و هه‌ژار بکه‌ینه‌وه‌؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان ڕۆڵه‌ی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده نین؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان له ئه‌وجی زه‌حمه‌ت و هه‌ناسه‌ساردیدا نه‌یانتوانیوه‌ هونه‌ر بخوڵقێنن؟ ئێستاش ده‌کرێ به شه‌رتێک له‌گه‌ڵ یه‌ک ڕاست و دروست بین. نابێ بترسین له داوا کردنی حه‌قی هونه‌رمه‌ندان، وا باشه پێشینیانی خۆمان فه‌رامۆش نه‌که‌ین، ده‌بێ به ئاوڕدانه‌وه‌ له ڕابردوو داهاتوویه‌کی باش ساز بکه‌ین.

هاژه ـ سپاس. له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر وته‌یه هه‌یه بیفه‌رموون.

ده‌ست خۆشی له کاره‌کانی هاژه ده‌که‌م، زۆر باشه‌ که هاژه هونه‌رمه‌ندان و که‌سایه‌تییه‌کان ده‌ناسێنێ و به‌سه‌ر‌یان ده‌کاته‌وه‌، ئیشاڵڵا ڕۆژ و ڕۆژگارێک ده‌نگۆی هاژه له جیهاندا بشه‌کێته‌وه‌.





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

جلال ۱۳۹۶/۱۱/۱۷
تجربه هنرمندان وبیان انها از زبان خودشان بیشترین تاثیر را در شکوفایی هنر در بین علاقمندان خواهد داشت وهنرمندان هم احساس خوشایندی خواهند داشت که جامعه قدردان انها می باشد

نظر خود را براي ما ارسال كنيد