تاريخ: ۱۳۹۶ دوشنبه ۲۰ آذر ساعت ۱۰:۵۴ بازدید: 1362      نظرات: 1      کد مطلب: 4858

خەڵاتی ئیستاتیکای مەرگ و شکست


 (بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکس بۆ ئەدەبی کوردیی وکوو نوێنەری ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ناوینی مەرگەسات)

عادڵ قادری

 

ئەگەرچی ئەدەب لە هیچ پێناسەیەک جێگیر و دەستەمۆ ناکرێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەمیشە لە گەڵ گێڕانەوەی حوزن و شکست و مەترسی و مەرگ دا سەروکاری هەبووە، واتە ئەدەب لە مانا گشتییەکەی دا ستایشی ژیان بووە لە ناو ریسک و حوزن و مەترسی دا و پێشم وایە لەم گۆشەنیگایەوەیە کە دەتوانین جیهانی داستایۆفسکی یان کامۆ و کافکا و... بە ئەدەبی وجوودگەرا و پڕ دڵەراوکێ و لە زۆر حاڵەت دا "بێ هیوا" ناو ببەین کە لە زەمینە و کۆنتێکستی مێژوویی تایبەت بە خۆیان دەرکەوتوون، بەڵام وەنەبێ ئەدەبیات بەتاڵ بێت لە خوشنوودی و هیوا و چێژێک لە ناو بازنەی ئاسوودەیی و فەرێحی دا، بە واتا بارتییەکی ئەدەب دەشێت هەڵگری جۆرێک لە چێژی تایبەتی و سەرخۆشی و نەشئەبوون بێت. بەم حاڵەشەوە یەکێک لەو تاقە شتانەی کە بەردەوام لە ئەدەبی ئێمە دا وەکوو ئەدەبێکی ناوەرۆک خواز و غەیری فۆرمگەرا ئامادە بووە شکست و ناکامی و مەرگ بووە. ئەم حاڵەتە لای خانی و نالی و حاجی قادر و مەولەوی و ئەحمەد موختار بەگ و... شکڵ و دەمامکێکی هەبووە، لە ئەدەبی نوێشمان (شیعر و چیرۆک) دا سیپاڵ و دەمامکیتری لە خۆی هەڵبەستووە. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم تێمی زاڵی ئەدەبی ئێمە شکست و مەرگ بووە و هەر دەم بێ بەری بووە لە شادی و فەرێحی، تەنانەت عەشقەکانی ناو ئەم ئەدەبە زۆرینەی زۆریان لە شکست و ناکامییەکی کلاسیکی دا خۆیان دەبیننەوە، ئەم دیسکۆرسە ڕەواییە درهاوێشتەی واقیعی مێژوویی و دەروونی وەگێڕ و ڕاوی ئێمە بووە، من لە دونیایەکی بازرگانی زەدە و نوقم بووگ لە ناو چێژە مازوخیستی و سادیستییەکان دا بەردەوام گومانم هەیە لە خەڵاتکردن و چەپڵە لێدان و ستایش، واقیعێکی تاڵ و لە هەمان کاتدا جێکەوتووە کە گێڕانەوەی مەرگەسات و تراژیدیا و حوزنی نەتەوە و شارستانییەتێک بە خەڵات ڕێزی لێ بگیرێت! خەڵاتکردنی گێڕانەوە، لە بنەما دا ڕێز لێنانە لە توانایی بۆ بەدەنگ هێنانی شکست و کردنەوەی ژیان بە بەری مەرگ و مردووەکان و من تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەمە کێشەم نییە. کێشەی سەرەکی من لەگەڵ نەفسی خەڵاتکردنە، لای من پرسیار ئەوەیە خەڵاتکردن چی بە وەگێڕب(راوی) و کارئەکتەر و واقیع و زەمینەی سەرهەڵدانی کارئەکتەرەکانی دەبەخشێت؟ لە لایەنە دەروونییەکەیەوە سیستەمی خەڵاتکار لە ناو پێناسەیەک دا خۆی دەبینێتەوە کە بە چێژی هەژموونیک و خۆتەوەرەوە خۆی مانیفێست دەکات، سووژەی میکانیکیی خەڵاتکار جوانترین خەڵات پێشکەشی گێڕانەوەیەک دەکات کە ئازار و مەرگ و شکست و ڕەنجەکانی بە جۆرێک گێڕابێتەوە کە "ئەو" لە کاتی خوێندنەوە و تێکەڵ بوون لەگەڵیان زۆرترین ترس و دڵەڕاوکێی بۆ درووست بێت، ئەم ترسە ترسێکی ڕەسەن و ئەسیل نییە چوون تەنها دڵەڕاوکێی کارئەکتەرەکانی وەگێڕ بۆ خۆی دەگوازێتەوە و لە ترس و دڵەڕاوکێی ڕاستەقینە دەیگوازێتە سەر ئیستاتیکای ترس و دڵەڕاوکێ و مەرگ. واتە لە نێزیکبوون بە مەرگ و شکست و... دووری دەخاتەوە. سووژەی میکانیکی خەڵاتکار چێژ لەم پرۆسەیە دەبینێت چوون کارئەکتەرەکانی ناو پانتای مەرگ و گێڕانەوە تەنها لە دوورەوە دەبینێت، سێبەرێکی ترسناک و وەهمین بۆی. بۆیە دەبێت بە ئیستاتیکا بۆی، چوون وەگێڕ ئەو ناکوژێت و تووشی شکست و مەرگی ناکاتەوە بەڵکوو کەسانی ناو چیرۆکی بەر خوێندنی ئەم دەمرن و لەناو دەچن و ئازار دەچێژن. واتە وەگێڕ، سووژەی خەڵاتکار لە مردن رزگار دەکات و ئاسوودەیی بۆ دەگێڕێتەوە بۆیە بەر خەڵاتی دەکەوێ. ئێمە زۆرێنەی هەرە زۆرمان خەڵاتی گێڕانەوەی ئەم مەرگەسات و حوزن و ئازارانەمان کردووە، هەموو ئەو خوێنەرانەی کە جگە لە ستایشی جیهانی بەرینی بەختیار عەلی هیچیتر نازانن، هەموو ئەو ڕەخنەگرانەی تا ئێستەش دوو پرسیاری جیددیان ئاراستەی ئەو جیهانە گێڕانەوەییە نەکرد، من گومانم لە خەڵاتکار و خەڵاتکردن هەیە چوون ئێمەش لە ناو شکڵێکی دواکەوتووی خەڵاتکردن دا دەژین. ئێمە ئەو قوربانیانەین کە بە بزەیەک خەونی ڕزگاری لامان دەپشکوێت و بە بێدەنگییەک دەمرین. پێم خۆش دەبوو کاک بەختیار لەو کۆڕە دا لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە حاشای بکردایە، با تێبینی و سەرنجی ورد و قووڵی خۆی وەک هەمیشە بدایە و سیستەمێک لە ستایشکردنی مەرگ و ئازار کە لە ڕۆژئاوا وەکوو چێژ جێکەوتووە و لێرەش وەکوو ئازاری واقیعی و واقیعی مردن، ڕەخنە بکردایە، هەر چەند وردەکارییەکان دیار نین جارێ تا دواتر. دەشزانم ئەدەبی ئێمە ئەدەبێکی بێ ناز و میهرەبانی نەدیتووە بەڵام لای من وەگێڕ و نووسەرە مەزنەکان دەزانن ئاخێزگەی خەڵاتکردن چەندە دەتوانێت سامناک بێت. کامۆ پاش وەرگرتنی نۆبڵ تووشی جۆرێک لە ئاڵۆزیی دەروونی دەبێتەوە و بۆ ماوەیەک خۆی و گێڕانەوەکانی دەدۆڕێنێت و بە میدیاکانیش دەڵێ : ئەم خەڵاتە دەبوو بەری ئاندرێ مالرۆ کەوتبایە.

بەهەرحاڵ پیرۆزبایی لە ئەدەبی بێ ناز و پڕ مەرگەساتی کوردیی و نووسەری گەلەکەمان کاک بەختیار دەکەم.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

اسماعیل بوکان ۱۳۹۶/۹/۲۰
زۆر لاواز بوو

نظر خود را براي ما ارسال كنيد