تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۱۸ آذر ساعت ۱۷:۲۸ بازدید: 2754      نظرات: 2      کد مطلب: 4849

مامۆستا هێمن و ئەمەگی گوڵان و هەڵەیەک


سەلاحەددین‌ ئاشتی

 

   یادی هەمیشە گەش و گەشاوە بێ مامۆستا هێمن، ڕۆژێکی لە دێی "شیلاناوێ" باسی هەڵە و پەڵەی چاپ و لێ تێکچوونی نووسینەوەی شێعر و هۆش‌پەڕینی شاعیران و نووسەرانی بۆ دەکردم و منیش وەک دەرس لێم وەردەگرت. کە باس هاتە سەر "تاریک و ڕوون"، فەرمووی لە شێعری "ئەمەگی گوڵان"دا هەڵەیەکی ناحەز هەیە و جێگای گوڵی " مێلاقە" و "وەنەوشە" گۆڕاوە و ئاوا سەرتاپای داڕشتنەکە لێک‌ترازاوە. ئەم بابەتەم هەتا ماوەیەکی دوور هەر لە یاد بوو، بەڵام زەمانە تۆزی فەرامۆشیی بە سەر کێشا. ئەم ساڵ ڕۆژێکی دۆستی بەڕێزم کاک "مەحموود ئیکرامی" ئەم مەبەستەی لێ پرسیم و منیش گوتم بەڵێ هەڵەیەکی ئاوا هەیە و بەم شێوەیە وەیادم هاتەوە، بەڵام گوێم نەدایە و دامنا زۆربەی ئەدیبان و ئەدەبدۆستان پێیان زانیوە و ئیدی پێویست بە ڕوون کردنەوە ناکا؛ کەچی کاتێک لە چەند نوسخەیەکی بڵاوکراوەی تازەترم ڕوانی زانیم نەخێر، هەر خەریکە چەندپات دەبێتەوە، بۆیە لێبڕام پاش دۆزینی دەسنووسی خۆی شتێکی لەسەر بنووسم. لەم چەند ڕۆژەی دوایی‌دا خاتوو "نەسرین جەعفەری" وێنەی دەقی دەسنووسەکەی مامۆستای بۆ ناردم و بەختەوەرانە لێرەدا دروستی نووسیوە. بە لای منەوە دەبێ ئەم هەڵەیە لە دەسنووسەوە ڕاگوێزرابێ بۆ دەقی چاپی و دواتر تەشەنەی کردووە. بەپێی دەقی چاپی، شێعرەکە ئاوایە:

 

بە وەنەوشەی گوت مێلاقە جارێک

لەمێژە هەمە لە تۆ پرسیارێک

ئەتۆ کە پەلکت وا سوور و گەشە

دەروونت بۆچی خەڵووزی ڕەشە؟

 

   وەکوو ئاشکرایە دەبێ پرسیارەکە ئی وەنەوشە بێ؛ یانی وەنەوشە لە مێلاقە دەپرسێ تۆ کە وا ڕەنگ و ڕوخسارت شەق و سوورە، بۆچی زووخاوت هەڵێناوە و دەروونت ڕەش هەڵگەڕاوە؛ بەڵام هەر وەک لێرەدا دەبینین مێلاقە ئەم پرسیارە دەورووژێنێ! وەکوو ئاشکرایە ئەوە مێلاقەیە کە پەلکی سوورە و هەناوی ڕەشە، نەک وەنەوشە و بەم شێوەیە جێگۆڕکەی ناوەکان لە بەیتی سێهەمی"ئەمەگی گوڵان"دا ئەم هەڵەیەی لێکەوتۆتەوە و بە بردنەوە شوێنی خۆیان بارە لارەکە ڕاست دەبێتەوە و ئاوای لێ دێ:

 

بە مێلاقەی گوت وەنەوشە جارێک

لەمێژە هەمە لە تۆ پرسیارێک

ئەتۆ کە پەلکت وا سوور و گەشە

دەروونت بۆچی خەڵووزی ڕەشە؟

 

   سەرەڕای هێنانەوەی بەڵگەی مەعنایی، لێرەدا دەقی دەسنووسەکەی خودی مامۆستاش بڵاو دەکرێتەوە و مەبەستەکە باشتر ڕوون دەبێتەوە. هەڵبەت ڕەنگە پێشتریش ئەم هەڵەیە لەسەری نووسرابێ، بەڵام بەڕاستی ئاگادار نیم و کە واش کرابێ جێی دەسخۆشییە، چون لێم سوورە مامۆستا بۆ زۆر کەسی دیکەشی گێڕاوەتەوە یان هەر کەسانێکی وردبین خۆیان پێیان زانیوە.

۱۸/ ۹/ ۹٦ = ۹/ ۱۲/ ۲۰۱۷ مەهاباد




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

عەلی ئەحمەدی‌زەر ۱۳۹۶/۹/۱۸
خودا وێنەی کاک سەلاح مان پێ ڕەوا ببینێ تا هەر وا لە هزر و بیر و شیکارێکانی کەڵک وەرگرین.
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

عەلی پاسبار ۱۳۹۶/۹/۱۸
دەس خۆشیتان پێ دەڵێم کاک سەلاح بۆ تێکۆشانت

نظر خود را براي ما ارسال كنيد