تاريخ: ۱۳۹۶ پنج شنبه ۱۶ آذر ساعت ۱۱:۱۶ بازدید: 274      نظرات: 0      کد مطلب: 4836

گەڕان بۆ رەهەندەکانیتری شیعریی "شێت"


عادڵ قادری

 

پوختەی وتار

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت کە هەندێ لایەنی ئەزموونی شیعریی شێت کەشف بکرێت و بخرێتە روو، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کە کەمتر پەرژاونەتە سەر زمان و فۆرم لە رووی ئۆنتۆلۆژی و بوون ناسییەوە. ئەم ئەزموونە شیعرییە دەشێت هەڵگری باس و خواسی زۆرتر لەوەی بێت کە من لێرەدا و لەهەندێ بەش دا تەنها فایلێکم بۆ کردۆتەوە و بە شێوەیەکی هێزەکی وتارەکەم ئاوس کردووە بە کۆمەڵێک ئایدیا و بیرۆکە کە دەشێت نووسەران و رەخنەگرانیتر لەسەری بڕۆن و تیشکی زۆرتری بخەنە سەر و باشتر شی کەنەوە. لە بەشی بەرایی دا باسی رۆڵ و پێگەی خوێنەری کورد دەکرێت و ئەو هاوکێشەی دەقیی و نڤیسکاریی و مەعریفییەی کە گرێدراوی دۆخ و دۆزی مێژوویی تاکت کوردە بە روانینێکی گشتی باس کراوە، هەر چەند لە شوێنیتر دا و لە قەوارەی وتاری درێژ دا باسم کردووە. لە بەشی دووهەم یان کۆتایی باسەکەشم لەم وتارە ئەزموونی شاعیری شێت و گەشە و نەشەی زمان و فۆرم و پێکهات و مانا لە روانینێکی تایبەتەوە و بە هێنانەوەی چەند نموونەی شیعری و لێکدانەوەی پاژبینانەی دوو دەفتەری شاعیر خراوەتە روو.

کلیل وشەکان: ئەزموونی "شێت"، وێناندن(imagination)، هاوبوون(coming community)، ئاسۆی چاوەڕوانی(horizon of expectation)، وێنەی بزۆک(حەرەکەتی).

 

بەراییەکی پێویست

دەستنیشانکردنی کۆڵەکە یان توخمەکانی ئەزموونی شیعریی شێت لە ئاستێکی داخراو و ئاسۆیی دا ناپۆڕێت و باشترین رێگە بۆ فامکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەزموونە خودی دەقی شێتە، واتە دەبێت لە رووبەرێکی ئەستوونی و باڵاکردنی دا بخوێنرێتەوە. رووبەێک کە لەدایک بوون و گەشە و نەشەی "شێت" لە رووی پێکهات و فۆرم و تەنانەت ماناشەوە بگێڕێتەوە. هەمیشە گەڕانەوە بۆ دەق بە روانینێکی فرەراڤەیی و کراوەوە دەشێت بەشێک لە تایبەتمەندی و جیهانی دەق بۆ ئێمە دەربخات و بەشێک لە دەقێتی ئێمەش وەکوو خوێنەر و نڤیسکاریتری دەق بخاتە روو. بەم پێیە کاتێک ئێمە دەڵێین "دەق" تەنها لە خودی دەق قسە ناکەین بەڵکوو لە ئاستێکیتری زێڕین و زۆر گرینگ باسی خوێنەر دەکەین، دەقێک کە لە دواجار دا هیچ چارەنووسێک لەبەردەمی نییە جگە ئاراستەی چاو و زەین و رۆح و بەگشتی وجوودی خوێنەر، ئەوەی کە خوێنەر چۆن دەق دەخوێنێتەوە بێگومان کێشەی دەق نییە یان با بڵێین هەمووی کێشەی دەق نییە، بەڵام پێوەندییەکی بزۆز لە نێوان دەق و خوێنەر لە پرۆسەی خوێندنەوە دا لە ئارایە کە بێگومان لە فۆرمێکی دانوستان و تەعامولی دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەق تیشکەکانی بپپرشێنێت. ئەوەش کە دەق بۆ چ خوێنەرێک دەنووسرێت و ئایا بۆ خوێنەر دەبێت بنووسرێت یان نا؟ باسێکی دوور و درێژە و لای من وەڵامەکەی روونە ئەگەرچی باس هەڵگریشە. کاتێک ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە لە گۆشەنیگایەکەوە ئەگەرچی رۆڵی دانەری دەق زەق دەبێتەوە بەڵام ئەم پرۆسێسە لای ئەو کۆتایی پێ نایەت و ئێمە دەگەینە ئەو پنتە راستەقینەیە کە سێ کۆڵەکەی دانەر، دەق و خوێنەر پێکی دێنن. شتێک کە لەم هاوکێشەیە دا بەردەوام دەکرێت باسی لەسەر بکەین و کاکڵی روانینی ئێمە بۆ خوێندنەوە بە مانا هایدیگرییەکەی بسازێنێت1. چەمکی خوێنەر لە لای هایدیگر تەنها بەواتای وەرگر(خوێنەر) نایەت بەڵکوو مانای دانەر یان نووسەریش دەدات بەڵام لە ئاستێکیتر و پلەیەکی دیکە دا. نووسەر یان دانەر ئەو خوێنەرەیە کە فامی خۆی لە جیهان وتێگەیشتنی لەو شتەی کە لە بوونی ئەو دا دەرکەوتووە، دەکات بە دەق. لەم پرۆسێسە دا خوێنەر دوو پلە وەردەگرێت پلەیەکی دانەرانە و نڤیسکارانە کە دانەری دەقە و پلەیەکی مێژوومەندانە و خوێندنەوەتەوەر کە وەرگری دەقە. خوێنەری یەکەم ئەو خوێنەرەیە کە فام و خوێندنەوەی خۆی بۆ جیهان چ وەکوو بابەتێکی دەرهەست و ئینتزاعی و چ وەکوو بابەتێکی بەرهەست و مێژوویی لەقەوارەی دەق و زمانی خۆی دا دادەڕێژێت و خوێنەری پلەی دووهەم تەنها کاتێک دەتوانێت لە پلەی وەرگر و بەرکاری دەقی دانەر یان خوێنەری پلە یەک تێپەڕێت، کە فامی خۆی لە خوێندنەوەی دەق(کە بێگومان لە فۆرمیتر دا لە سەر بنەمای خوێندنەوەی ئەو بۆ جیهان و بوونی خۆی تا ئەو ساتە دێتە ئاراوە واتە رووداوێکی بوونناسانەیە)بنووسێتەوە، واتە بخوێنێتەوە و دواتر رەخنەی بکات، ئەم خوێنەرە هەر ناوێکی بە باڵا دا ببڕین(بزۆز)، چالاک، وشیار، کراوە و...لە پرۆسێسێکی بەردەوام و دانوستانە لەگەڵ دەق و دانەر دا گەشە و باڵا دەکات. کەواتە بەم پێیە ئەزموونی دانەر خوێندنەوەیەکی بوونناسانەیە لە قەوارەی زمان و فۆرمێکی زمان(کە لێرەدا شیعرە) و ناوی دەقە، کە لە رێگەی خوێندنەوەی کۆچەرییانە2 و ئۆقرەنەگرتووی وەرگر رەهەندەکانی کەشف دەکرێن و دەخرێنە روو و لەم تۆڕە سێ گۆشە و تێکتەنراوە دا "تێگەیشتن" روو دەدات، تێگەیشتنێک کە کاتێک ئێمە رووبەڕووی دەقی ئەدەبی و بە تایبەتیتر شیعر دەبینەوە رێژەییتر و سڵۆکتر دەبێت. بێگومان ئەم رەوت و پرۆسێسەی دەق و خوێنەر و دانەر پلە و ماهییەتیان لە هەر دیسکۆرس(discours) و کەلتوور و زمانێک دا بە زۆر هۆکاری مێژوویی و سیاسی زۆر هەمدیس رێژەیی دەبێتەوە، واتە خوێنەرێکی ئێستای دەقێکی ئەدەبی تۆ بڵێ شیعرێکی فەرەنسی لە پاریس زۆر جیایە لە خوێنەری شیعرێکی ریمبۆ لە کوردستان، خوێندنەوەی خانمێکی ئەمریکی بۆ شیعری مەحوی زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەی کچێکی سنەیی یان سلێمانی یان هەولێری لە مەحوی...ئەمە بەشێکی لە تێڕوانینی دیاردەناسانە بۆ بوونی دەق و تیۆرەی وەرگرتن(دریافت)3 و رێژەمەند بوونی خوێندنەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی سەرەکی دەقی یان شیعرێک کە لەناو ئەو زمانە دا رووی داوە ئەم تەوەرەی دووهەم باسێکی ئاڵۆز و سەربەخۆیە و لێرەدا ناپەرژێمە سەری بەڵام  بەگشتی دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە خوێندنەوە بەرهەم و ئەنجامی پلە و ماهییەت و ئاستی وجوودی خوێنەرە کە ئەمەش کاتێک وابەستە و پێبەستەی زمانی دەق دەبێتەوە باشتر ماناکەی دەردەکەوێت. واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە خوێنەرێکی ئەمریکی قووڵتر لە مەستوورەی ئەردەڵان بڕوانێت(ئەگەرچی زمانەکەشی کوردی نییە و لەرێگەی وەرگێڕانەوە مەستوورە دەخوێنێتەوە واتە با کوردی و فارسیش فێربووبێت و لەو رێگەیەوە مەستوورە بخوێنێتەوە) تا خوێنەرێکی کوردستان کە زمانی کوردی و فارسی دەزانێت، هەرچەند بێگومان ئەم حوکمە رەها نییە بەڵام مەبەستمە باسی ئاستی وشیاری و پلەی بوون(bee) و هەبوون(become)ی کەلتووری زمانی و شیعری و مێژووی ئەو کەلتوورانە بکەم کە ساڵەها بە سەر یەکەوە گەشەیان بە زمان و پاشخانی مەعریفی ئەو کەلتوورە داوە و روانینی جیهانگیر و یونیڤێرساڵ(universal)ی سازاندووە...خوێنەری ئەوان ئەوەندە جیهانییە ئەوەندە پاریسی یان نیۆیۆرکی یان بەرلینی و...نییە چوونکوو ئەوان کۆمەڵێک قۆناغ و لارێگە (تۆ بڵێ شاڕێگە!)ی مێژوویی و کەلتووری و سیاسیان تێپەڕاندووە ئیتر بۆ ئەوان پرسەکان(problems) شتی دیکەن بۆیە لە هاوکێشەیتری خوێندنەوەدا دەژین، بەگشتی رەنگە خوێنەرێکی بەرلینی ئازادتر و باشتر بتوانێت مەحوی بێت یان نالی یان هێمن یان...بەڵام خوێنەرێکی کورد بە سەختی بتوانێت گوتە یان دانتە یان شکسپیەر...بخوێنێتەوە، راستە هەرکام لەم خوێنەرانە لە جیهانی هەنووکە دا و لە نەمانی کۆمەڵێک سنووری جوگرافی و کەلتووری دا بە هۆی جیهانگیری(Globalization)یەوە لە دۆخێکی نێزیکی گشتی دا دەژین و بەپێی ئەمەش فۆرمێک لە چوونیەکبوونی کۆمەڵگاکان و هاوبوونی(The coming community)4 کەلتووریی هاتۆتە ئاراوە و تارادەیەک ئاسۆی چاوەڕوانی(horisen of expecteatione) و شێوازی وەرگرتن(reception) ی  خوێنەرانی جوگرافیا جیاجیاکانی لێک نێزیک کردۆتەوە بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە هەر کام لەم خوێنەرانە سەر بە زمان و میتافیزیکێکن کە زەینی ناوشیار و وشیاریانی پێ سواخ دراوە و هەر کامیشیان لە هاوکێشەی"دەق"ی و زمانی خۆیان دا دەژین و هەر ئەمەشە دۆخە رێژەییەکەی پێکهێناوە. بێگومان بەم باسانەوە بەسانایی دەشێت لەمە بگەین کە رێژەیی بوونی دەق لە کوردستان دا هەمان مانای نییە کە لە وڵاتێکی ئەورووپایی هەیەتی و هەر هەمان ماناشی نییە کە لە وڵاتێکی ئەفریقی هەیەتی، بەگشتی خوێندنەوە و پلە و ماهییەتی دانەر، وەرگر و بەپیی ئەوەش دەق هەڵگری رەهەندی یونیفرساڵ و گشتەکین بەڵام لەپاڵ ئەوەش دا خاوەنی لایەن و رەهەندی کەمینەیی و مێژوویی و دۆخی سیاسی و لەپلەیەکی گشتیتر دا دۆزی شوناسمەندانەن. ئەم باسە بۆیە لێرەدا کرایەوە کە بەرەو گەڵاڵەکردنی ئەم بابەتە بڕۆین کە بڵێین دەقی کوردی لە دوای دەرچوونی کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخی داخراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و زمانیی کە لە هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستان ئاراستە و رەوتی خۆی پێواوە و ئەزموونی تایبەتی بۆ خۆی رەقەم داوە واتە سەرەڕای هەموو ئەو کێشە سیاسی و ئایدۆلۆژیکانە و ئامادەیی قەیرانی شوناس لە فۆرمە ئایدۆلۆژیکەی دا کە بەسەر دەق و زمانی کوردییە بووبوون بەماڵ هەمدیس توانی هەندێ رەهەندی یونیفرساڵ و بانمێژوویی(سەرووتر لە مێژووی گەشە و نەشەی خۆی وەکوو باسێکی فۆکۆیی واتە داشکاو و لادەر لە رەوتی ئاسایی ئەو مێژوویەی تێیدایە) و جیهانگیر و ئینسانی ئەزموون بکات، ئەم حاڵەتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەزموونی شاعیرانی نوێترخواز( کە مەرج نییە بە روانینێکی بەرەییەوە چاویان لێبکەین) زەقتر دەرکەوت. ئەو ئەزموونەی کە لە  سوارەوە دەستی پێکرد و لای ئەو رەوتە شیعریانەی کە لە ژێر ناوی پێوەر-جیاواز، بەرەی چوار، شیعری شێت و "ناشوێن"5 و بەگشتی بەرەی نوێترخواز گەیشتە چڵە پۆپە و گەشەی خۆی.6 لەراستی دا بە زۆر هۆکار ناکرێت پێڕستێک لەم شاعیرانە بخەینە روو...بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە فەزای چاپ و هەلی بڵاوکردنەوەی دەق و نموونە دەق ئەوەندەی ژورنالیستی و میدیاییە ئەوەندە کتێبی و فەرمی و گشتەکی نییە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی ئەزموونی شاعیرانی پێش ئەم ئەزموونانە هەیە تاکوو پێگەی درووست و شیاوی نوێترخوازان ببینینەوە و دەستنیشانیان کەین، بەم هۆیانەوە هەنووکە دەشێت دەیان شاعیرمان هەبێت کە کتێبیان چاپ نەبووە و تەنها لە گۆڤار و حەوتەنامەکان دا دەقیان بڵاوبۆتەوە بەڵام ئەزموونەکانیان لەخشتەی بەرەی نوێترخواز دا جێبگرن یان خاوەنی توخمگەلی نوێترخوازانە بن. بەهەرحاڵ شتێک کە لەئاکام دا پیی دەگەین دیسان هەمان باسی کۆن بەڵام رەوای ئەدەبی کوردی و بێناز بوونیەتی، ئەدەبێک کە بەرای من ئەزموونێکی بوونناسانەی وەهای خستە روو کە دەشێت لە ئاستی جیهانی دا خوێنەری خۆی هەبێت بەهەموو توخمە نێوخۆییەکانیشییەوە، بێگومان ئەزموونی ساڵەح سووزەنی، یوونس رەزایی، رەزا عەلیپوور و...هەڵگری ئەوە هەن کە خوێنەرێکی جیهانی تێیاندا سەفەر بکات و بیکات بە بەشێک لە یادەوەری و بوونی خۆی. بێگومان ئەم ئەزموونانە لە زمانی فارسی دا باشتر و قووڵتر لێی تێدەگەن تاکوو زمانی کوردی. هۆکارەکەشی بەشێکی ئەو جیاوازیە کەلتووری و دیسکۆرسییەی نێوان دوو نەتەوە و دوو زمان بە ناوی فارسی و کوردی بوو کە لەسەرەوە تیشکم خستە سەری، ئەوان بە هۆی هەبوونی پێکهاتێکی فەرمی و بەدەسەڵات بۆ زمان و پەروەدەی زمانی و بەو پێیەش گوتارێکی رەخەنییانەی فیکری-ئەدەبی بزۆز و گەشەدار باشتر لە ئێمە هەوڵیان دا پلەی وشیاری و هاوسەنگی گەشەی دەق و وەرگر بپارێزن و باڵانسێکی بۆ دابنێن(ئەگەرچی مەرج نییە باڵانس هەمیشە نیشانەی باشبوونی ئەو هاوکێشەیە بێت چوون ناباڵانسییەت رەهەندێکیتری هەڵکۆڵین دەدات بە دەق)بەڵام ئێمە هێشتا لە راهێنانی خوێنەر بەواتای خوێنەری کتێب بە زمانی کوردی نەبووینەتەوە بێگومان هەموو ئەمانە ئەرکی ئێمە نین بەڵکوو زەقکەرەوەی غیابی ئەو پێکهاتانەیە کە زمان بزۆز دەکەن و خوێنەر بەرهەم دێنن بە واتا سادەکەی، من لە شوێنیتر و لە ژێر ناوی "بەشداری خوێنەر لە قەوارەی شیعری نوێی کوردی دا"7 بە تێر و تەسەلی ئەم پرس و کێشانەم باس کردووە و لێرەدا تەنها چەند پرسیار دەخەمە روو. خوێنەری کوردی چۆن کارئەکتەرێکە؟نووسەری ئێمە چەندە خوێنەرە؟(بەو واتایەی کە لە سەرەوە باسم کرد)خوێنەری ئێمە چەندە هەوڵ دەدات ببێت بە نووسەر و نڤیسکاری دەق؟ پێگەی دەق لەم هەموو هاوکێشەی ئالۆزەی زمانیی کوردی لە چ ئاست و پلەیەک دایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بابەتی تۆژینەوەی زانستی و بگرە میتۆدیکی مەیدانیشن و دەشێت کاری لەسەر بکرێت. خستنەرووی ئەم باسە بەو مەبەستە بوو کە رەهەندی گەشەی دەق و پێوەندی قووڵی لەگەڵ دانەر و خوێنەر باشتر زەق ببێتەوە. بەم باسە گشتییەوە دەچینە سەر باسی ئەزموونی شیعریی یوونس رەزایی و خستنەبەرباسی چەند تایبەتمەندییەکی شیعریی ئەو.

کۆچەرییانە بوون لە نێوان "شین ترین بەتاڵ" و "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان"

(بە لێکدانەوەی چەند نموونەی شیعریی)

ئەزموونی شیعریی یوونس رەزایی بە چاپی یەکەم دەفتەرە شیعری شاعیر لە ژێرناوی "شین ترین بەتاڵ" لە ساڵی 1380دەست پێدەکات، ئەگەرچی کات و ساتی لەدایک بوون و نووسینی شیعرەکانی ئەم دەفتەرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش 76 ، واتە شیعرکان لە مێژوویەکی پێشتر لە چاپکردنی کتێبەکە نووسراون و لە نێوان ساڵانی 76 تا80لەدایک بوون واتە بۆ نموونە شیعری "خنکان" و "تاڵ" لە هاوینی 76ەوە نووسراون کە قەدیمیتر لە باقی شیعرەکانن، هەڵبەت دەشێت ئەمەش لەبەرچاوبگرین کە هەندێک شیعری ناو ئەم دەفتەرە مێژووی نووسینیان تۆمار نەکراوە وەکوو "بەرچەی گومان دا"، "ئووستوورە"، "لە تابووتەوە-لەئاسۆوە-تا ئەبەد" و "گورگێک وەک من" و...و هەندێکیشیان دوا مێژووی لە دایک بوونی شیعرەکانی ئەم دەفتەرە دەگەڕێتەوە بۆ پاییزی 80 وەکوو "شین ترین بەتاڵی تەنیایی" و "ئەگەر خەرامان و زۆر شتیتریش"...پێکهاتی کۆی ئەم دەفتەرە شیعرە چەند شتێکی گشتیمان بۆ دەخەنە روو، یەکەم ئەوەی کە ئەم دەفتەرە وەکوو مانیفێست و پێناسەی رچەی شیعریی شاعیر دەخرێتە روو و لە چاوەی دەفتەری دووهەمی شاعیر واتە "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" کەمتر رادیکاڵانەتر و سرکترە. هەڵبەت هەموو شیعرەکانی ئەم دەفتەرە وا نین و زۆرتر مەبەستی من بەشی یەکەمی پێکهاتی دەفتەرەکەیە کە لە ژێر ناوی "مێژووی شێتی و بیست و دوو هەنگاو" خراوەتە روو، کو 22 هەنگاوە و مێژووی شێتی! بەم پێیە بە مێژووی شێتی دەکات بیست و دوو هەنگاو و نیو!یان بیست و سێ هەنگاو! کێ دەزانێ "مێژووی شێتی" بکات بە ژمارە؟بە نیو حسێب دەکرێت یان یەک؟ لێرەوەیە دەبێ سەرنج و شیکاریمان چڕبکەینەوە لەسەر ژمارە لە شیعریی ئەم دەفتەرە دا و بەتایبەت لە بەشی یەکەمی پێکهاتی گشتی دەفتەرەکە دا کە هەر وەکوو وتمان مانیفێستێکی دەقیانە و پێناسەیەکی شیعرییانەیە لە ئەزموونی شاعیر. ژمارە یان رەقەم ئەگەرچی توخم و "پیتی" زانستێکی کارکردگەرا و کردەکی وەکوو بیرکاری (ماتماتیکن) بەڵام لێرە دا تەنها هەڵگری ئەو رەهەند و کارکردی ژمارەییە نییە و زۆرتر روانینێکی ماناخواز و دژەباو و بە فۆرمیتر دژەمانا لە رەقەم و ژمارە دەخرێتە روو، ژمارە لەم دەفتەرەدا ئەوەندە ئاماژەیە بۆ بردنەژێر پرسیار و رەتکردنەوەی ژمارە و خوێندنەوە و پێناسەی نوێ بۆ ژمارە لە قەوارەیەکی شیعری دا ئەوەندە هاوکێشە و چوارچێوەیەکی ماتماتیکی نین، ئەگەر ئێمە بڕێکی کەمیش لە ماتماتیک شارەزا بین دەزانین کە ماتماتیک تەنها دەپەرژێتە سەر ژماردن و ژمێریاریی و حیسابکردن بۆ ئەو هێڵ و هاوکێشە و رووبەرانەی کە بۆ ژماردن دەلوێن، بۆ حیسابکردن دەشێن و ژمارە دەستی پێیان رادەگات، ئایا رەقەمی پی لە ماتماتیک ئەوەندەی چارەسەرە بۆ ئەنجامدانی حسێبێک ئەوەندەش هەڵهاتن نییە لە ژمارەهەڵنەگریی و فامنەکردەییەکی ماتماتیکیانە لە کۆمەڵێک "شت"؟ ئەگەر لە دەرەوەی هاوکێشەکانی ماتماتیک و فیزیا چاو لە ژمارە بکەین لە راستی دا ژمارە چییە؟ئایا ماتماتیک دەتوانێت"ژومارەی بزە" یان "ژومارەی سەروا" حیساب کات؟ئەگەر توانی ئەمە بکات ئەوکات هاوکێشەکە چەندە میکانیکی و ناشیعریی دەبێتەوە؟ژمارە لە شیعری شێت دا فۆرمێکیترە لە دەور و رۆڵی "پیت" بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ جیهان و بوونی وەگێڕ:

سەرەتای بەشی یەکەمی شێتی

یەک...دوو...سێ

{درێژەی ژوماردنی حەبەسانەکانی زەمان}

من...تۆ...ئێمە{دووپاتەی شیرینی نەسرەوتن}

ترس...پێداویستی...هیرەمی ئارەزوو

{زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}

مەملەکەتێکی وشەیی

بەندیخانەیەکی خەون و

حکوومەتێکی شێتۆکڕات

شین ترین بەتاڵ ل20

هەر وەک دەبینین لەم بەشە دا تەقارون و هاوتەریبییەکی فۆرمی لە نێوان سێ برگە و دێڕی سەرەتا دا دەبینرێت کە هەر بڕگ و دێڕێکیش کەوانەی تایبەتی خۆی هەیە و لە کۆتایی ئەم بەشەش دا روونکاریی و ئەنجامگیرییەک لەو تەقارونە دەخرێتە روو کە بە ژمارەوە دەست پێدەکات، ئەگەر ئەو تەقارونە بە شکڵیتر دابڕێژینەوە وای لێدێت:

 یەک=من...دوو=.تۆ...سێ=ئێمە

یان:

یەک+من=ترس/دوو+تۆ=پێداویستی/سێ+ئێمە=هیرەمی ئارەزوو

یانتر:

یەک(من)+دوو(تۆ)=سێ(ئێمە) کە دەکاتە ترس...پێداویستی...هیرەمی ئارەزوو

لەم نووسینەوەی تەقارونە دا دەشێت ئێمە باسی یەک(one) یان من(i) یان ئیگۆ(ego) بکەین کە پیتەکانی سەرەتای هەر کام لە دێڕەکانن( هەڵبەت بەو مەرجەی ترس بە ماتۆڕ و رووداوی خەلیقەتی مرۆڤ بزانین بەو فۆرمەی کە نیچە باسی دەکات8 و بەم پێیەش لە دێڕی سێهەم وای وێنا بکەین لەباتی ئیگۆ ترس دانراوە، ئەو ساتە بوونناسانەیەی کە ترس خودی ئیگۆیەو بەپێچەوانەشەوە). "یەک" وەکوو پیتێک کە ئاماژەیە بۆ ژمارەیەکی مانادار(تاقانە، خودا، هەڵبژێردراو وەکوو ئەوەی لە عیرفانی رۆژهەڵاتیانە دا هەیە و لەفیلمی ماتریکسیش باسی کراوە9) یەکەم وشەی دەەسپێکی"سەرەتای بەشی یەکەمی شێتی"یە...ئایا "یەک" یان تاقانە و واحید و ئیگۆ هەر هەمان ئاماژە و خوازەگەلی جیاجیا نین بۆ ئید(id) و ئەو سەرچاوە ئاسمانی و نەناسراو و دەست پێڕانەگەیشتووەی کە بنەمای "خود"(self)ە؟10ئایا ئەم منە کە "یەک"ە و ترسیشە و لەگەڵ دووواتە(تۆ)(پێداویستی) تێکەڵ دەبێت و دەبێت بە "سێ" و "ئێمە" و "هیرەمی ئارەزوو"، هەر هەمان نیشانەکانی سووژەی شێت لە قەوارەی پیتی شێتانە و ماتماتیکیانەی شێتیی دا نین؟بە دڵنیاییەوە ئەگەر کەوانەکانی بەردەم هەر کام لەم دێڕانە لەبەرچاو بگرین تێدەگەین کە نیشانەکانی سەرهەڵدانی سووژەی شێتی و مانیفێستی دەقیانە بۆ "فۆرمیتر لە بوون" بە خەستی دەردەکەوێت:

یەک...دوو...سێ{درێژەی ژوماردنی حەبەسانەکانی زەمان}

لەم دێڕە دا بە روونی لێکدژیی ژمارە و رستەی ناو کەوانە دیارە، وەگێڕ بۆ فۆرمیتر لە زمان دەگەڕێت...فۆرمیتر لە بوون کە لە دێڕی پاش ئەمە بە تێمێکی دەروونناسانە و فەلسەفییەوە دەیخاتە روو:

من...تۆ...ئێمە{دووپاتەی شیرینی نەسرەوتن}

ئەم دێڕە و کەوانەکەی بەردەمیشی هەڵگری هەمان لێکدژی هەن بەڵام لە ژێر تیشکی تەقارونێک کەلەگەڵ دێڕی یەکەم و کەوانەکەی دا هەیە واتە بەگشتی دووپات بوونەوە و تیکرار با شیرینیش بێت قەبیحە...تکراروقبیح ولو کان ملیح...با پڕ بێت لە مەلیحی و شیرینی نەسرەوتنیش بەڵام کاتێک من و تۆ ئێمە بین و یەک و دوو بکات سێ ئیتر:

ترس...پێداویستی...هیرەمی ئارەزووە کە دەڵێت:{زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}

لەم دێڕە دا ئێمە لەگەڵ فۆرمێک لە دەرکەوتنی تایبەتی و بوێرانەی وەگێڕ رووبەرووین ئیتر کەوانەی بەردەم ئەم دێڕە دژایەتی نییە لەگەڵ دێڕی پێش خۆی و تەقارونیش نییە لەگەڵ کەوانەکانی پێش خۆی بەڵکوو سەرەتایەکە بۆ مانیفێستکردنی مانا و جیهان و ژمارە لای خۆی لە رێگەی: {زایەڵەی شێتی فەلسەفە لە چوارچێوەی بێ سنوور دا}. لەم خاڵە دا تێدەگەین کە وەگێڕ دەیەوێت دێڕەکانی یەکەم و دووهەم کە دەشێت سەر بە جیهانی ماتماتیک و دەروونناسی یان زمان و رێزمان بن تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی:

مەملەکەتێکی وشەیی

بەندیخانەیەکی خەون و

حکوومەتێکی شێتۆکڕات. شین ترین بەتاڵ ل20

رۆبنێت. واتە ئێمە ئەگەر سەرنج بدەینە لێکدانی "هیرەمی ئارەزوو" کە لێکدانێکی ماتماتیکیانە و دەروونناسانەیە لەو چڕ بوونەوەیەی ئیمکان و ئەگەر و نەناسراوەیی و نایاسایی و...شێتییەی جیهان تێدەگەین. ئەگەر "هیرەم" یەکێک لەو شکڵە سەیرانەی ماتماتیک بێت کە هێشتاش میعمارەکان و ئەندازیاران (کە بێگومان لە چاوی رەقەم و ژمارە و حەجمەوە چاو لە هیرەم دەکەن و هەرواش دەکرێت لە زانست دا)لە درووست بوونی هیرەمە سێیانەییەکانی میسر حەپەساو و سەرسووڕماون لە گرینگی هیرەم و رۆنانی حەجمێکی ئەندازەیی وەها تێدەگەین ، کاتێک ئەم نەناسراوەییە و پێناسەهەڵنەگریی و سەیروسەمەرەبوونە لەگەڵ چەمکی ئارەزوو لای فرۆید تێکەڵ بکەین...رووبەڕووی جیهانێکی لێڵ و پێڵ و نەناسراو و دەست پێڕانەگەیشتوو و ناوشیار و شێت دەبینەوە. ئایا شێتی چەندە لە ناو وشیاری(the consciousness) دا دەژی؟چەندە سەر بەهەرێمی ناوشیاریی(the unconscious) ە؟ئایا چەشنێکە لە نیوەوشیاری و خەونکردن و ئارەزووکردن؟فۆرمێکە لە حەجم و چەند لاپاڵی بوون لە هیرەمی ئارەزوو دا؟

هیرەمی ئارەزوو مەجازێکە بۆ جیهانێکی نەناسراوی بێ بن و بێ یاسا...مەجازێکە بۆ جیهانێکی ناوشیار و شێت...مەجازێکە بۆ خوازەیەک بە ناوی شیعر...کە هەڵگری ئاوەڵناوی شێتە...خوازەیەک کە لە درێژە دا ئەم وتانەمان دەسەلمێنێت:

حکوومەتی شێتۆکڕات

بە خوێنی گومانی نەسرەوتن مۆر کراوە: سەنەدی وێڵیمان

-ئەو هەستە شیرینە شیعرە. ل 20

تا ئێرە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەزموونی شێت سەرەڕای مانیفێستکردنێکی شیعریی کەهەڵگری وەها سیحر و دژەباویی و نەناسراوییەکە کە لەلایەن وەگێڕ و لەم دێڕانە دا خراوەتە روو لەهەمانکاتیش دا لەم دێڕانەی کۆتایی دا نیوەچڵ بوون و سەرەتای رێگەی ئەزموونی شێت دەبینین، ئەو رێگایەی کە لە بەشی دووهەمی دەفتەری "شین ترین بەتاڵ" واتە لە شیعری"پەری دەریایی لە تەلاری ئاو دا"ل43 بەو لاوە و بە تایبەتیش لە شیعرە کۆتاکان دا بەرەو پوختە بوون و تەکاموڵ دەڕوات، تەکاموڵێک کە لە شیعرەکانی دەفتەری دووهەم واتە "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" دەگاتە ئەوپەڕی دەربڕین و کارکردی شێتانەی خۆی لە جیهانێکی تا سەر ئێسقان شێت و بێ یاسا و لێوانلێو لە وڕێنە و ئارەزووی سەیر و خەون. لە شیعرە کۆتاکانی دەفتەری یەکەم دا دەکرێت وەکوو هەڵبژاردە ئاماژە بە شیعری کورتی "!" بکەم، کە نموونەی هەرە باش و کورتی هەڵسوکەوتی وەگێڕە لەگەڵ پیت و گرینگتر لەوەش شوێن و شوێنگەی پیتەکانە لە ئاستی یەکدی دا...لەم شیعرە دا ئێمە لەگەڵ وێنەی بزۆک یان جووڵەیی دا کە یەکێکە لە تەکنیک و فۆرمەکانی شیعری شێت بە زەقی رووبەڕوو دەبینەوە. وێنەی بزۆک، کایەکردنە بە پیتەکان لە تۆڕی چنینی دێڕەکان لە ناو گێژەنێکی سیحراوی وێناکردن(imagination) دا. واتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت وێنە ببزوێت و بجووڵێت ئەمە جگە لە رێگەی خەیاڵ و وێناکردن چ لای شاعیر و لە قەوارەی پیتیانەی شیعر و چ لای وەرگر و لە قەوارەی پیتیانەی شیعری داڕێژراو و نووسراو بۆ خۆی، نایەتە دی. جگە لەمەش وێنە بەر لەوەی لە رێگەی وێناکردن و خەیاڵەوە بکەوێتە جووڵە و گەڕ، دەشێت لەنگەرێکی واقیعی هەبێت، هەرچەندە ئێمە هەنووکە ناتوانین باسی واقیع وەکوو جیهانی دەرەکی و بەرهەست بکەین، بەڵکوو واقیع ئەوەندە وشە و خوازەیەکە بۆ ئاماژە بە دنیایەکی دەرەکی ئەوەندە حەقیقەتێکی روون و ئاشکرا و کۆنکرێت نییە و هەر لێرەوەڕا جیاوازی واقیع و حەقیقەت دەست پێدەکات. دریدا گوتەنی واقیع وشەیەکە بۆ ئاماژە بە واقیعێک کە ئێمە کردوومانە بە وشە، وشەیەش ئەوەندە بونیادێکی ناوشیارانە و خوازەیی هەیە دەبێت هەر دەم واسازی و پێکهاتشکێنی بکرێت. دەشێت وشەیەک چەندە واقیع بێت و واقیع چەندە وشە بێت؟پرسیارێکە کە باسێکی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەندەی بەم باسەوە پەیوەست بێت و بۆ لێکدانەوەی کورتە شیعری "!"، دەشێت بڵێم ئەم شیعرە بە لەنگەرێک و لە قەبارەی وێنەیەکەوە دەست پێدەکات...ئێمە بەر لە فڕین دەشێت وێنای ئەوەمان هەبێت کە لە سەر زەمین داین و سەر بەهەرێمی نەفڕیوەکان...ئێمە بەر لە خەیاڵکردن دەشێت گریمانەی ئەوە بکەین کە لە واقیع داین...رەنگە بۆیە ئەم شیعرە بەر لەوەی ناوێکی وشەیی و نیشانەیەکی باوی نووسراوەیی لە سەر بێت، نیشانەیەکی رێزمانیی واتە نیشانەی سەرسووڕمانی بە سەرەوە بۆ دانراوە...نیشانە وەکوو ناو...ئەمەش دەشێت ئەوە بگەیەنێت کە ئەم شیعرە سەرەتایەکی باشە بۆ گەشەی ئەزموونی شێت هەم لە رووی زمان و هەم لە رووی فۆرم و پێکهاتەوە...شیعرێک کە مەحکوومە بە زمان ئەگینا زمانەوەری تایبەتمەندیی شێت نییە!یان با بڵێین شێت فۆرمی باوی زمانی بەلاوە هەر پێ فام ناکرێت!

"!"

ئەڵماسی هیچ بزەیەک نەخشەی خەڵووزی وێرانی دڵم...

ئەو رستەیە تەواو نابێ بە دڵپڕی

ئەڵماسی وێرانی بزەت کە خەریکە چاوەکانم...

ئەو شیعرە درێژە نادرێ ئاوا بە هەست

هزر دەڵێ: ئەڵماسی ئەوین درۆیە.

3/11/78شین ترین بەتاڵ ل65

لەم شیعرە کورتەی دەفتەری یەکەم دا لە چاوەی ئەو وێنە بزۆک و جووڵەیی و حەجمدار و چەند لاپاڵیانە دا کە لە شیعری درێژی"سەردێڕی شیعرێکی خوێناوی بە پەیڤی دارەبەن" و "قامەتی بێ زەمانی مانا" و هەروەها "رۆژ ئەژمێرێ رەوەز" کە سەر بەدەفتەری دووهەمی شاعیرن، ئاستێکی کەمتر بزاوتوو و کەم جووڵەی وێنە ئامادەیی هەیە و هەمدیس ئەوەندەی مانیفێستکردنی تەکنیکی وێنەی جووڵەیی و تاقیکردنەوەی تەکنیکەکەیە ئەوەندە درەوشانەوە و گەشانەوە و رادیکاڵبوونی ئەم تەکنیکە نییە. لەو شیعرانەی دەفتەری دووهەم دا وێنەی بزۆک لە فۆرمێکی تەواو و گەشەکردوو دا  دەردەکەوێ. بۆ نموونە لە شیعری درێژی "قامەتی بێ زەمانی مانا" دا ئەگەرچی وشەی "لەیلا" لە سەرەتا دا خوازەیە، بەڵام لە کروتەون و تان وپۆی شیعرەکە دا ئیتر بەم فۆرمە نامێنێتەوە ئەوەندە بزواندی خەیاڵ و وێناندنی وێنەی ئەو خوازەیەیە ئەوەندە مونادا و خیتاب و قاوکردنێک نییە لە کارئەکتەر و کەسایەتییەک...بەڵکوو ئەم کارئەکتەر و کەسایەتییە بە شکڵیتر و فۆرمیتر وێنا دەکرێت، ئەگەر بە وتەی د.رەهبەر مەحموودزادە وێنەی بزۆکی شیعری شێت هەڵگری دوو لایەنی خەیاڵی و حەجمی بێت ئەو من دەڵێم کە لە بڕێک لە شیعرەکان11 دا و بۆ نموونە لەم شیعرە درێژە دا هەڵگری رەگەزی خوازەییشە و هەر ئەمەیە کە تەکنیکی شیعری شێت و زمانی شیعری شێت سرک و کەوی نەکراوە دەکات...ئێمە لە هەر پیت و لە کڵاورۆچنەی هەر وشەیەکەوە بچینە ناو شیعریی شێت سەفەرێکی تایبەت و جیایە لە کڵاورۆچنەی پیت و رێگای وشەکانیتر دەست پێ دەکەین، تایبەتمەندیی دژە باویی شێعریی شێت لە خوازەمەند کردنی پیت لەرێگەی وێناندنی وێنە بە ناو وێنە دایە. راستە زمان فۆرمێکی میتافوریکی هەیە و تەنانەت کاتێکیش دەڵێین میتافوریک هەر لەگەڵ میتافور دا بەرەوڕووین، بەڵام باسی من لە پێگەی پیت و دەوری وشەیە لە درووستکردنی وێنەی پڕجووڵە و خوڕاوگەیەک لە خەیاڵی وێناکردن. لە شیعری قامەتی بێ زەمانی مانا دا لە یەکەم دێڕ دا :بەسەرچوو دەورانی دڵنیای بزەم...لەیلا" لەیلا لێرەدا واتەیەکی هەیە کە دەشێت هەم خوازە بێت بۆ کارئەکتەرێکی دیاریکراو و هەمیش تەلمیح و ئاماژەیەکی مێژوویی بێت بۆ یاری مەجنوون، بەڵام لە بەشیتر و دێڕیتر دا ئەم وێنەیە وێنایتری بۆ دەکرێت: بەسەرچوو دەورانی دڵنیایی فڕین لەیلا"...ل19 یان:  لەیلا!! ئەو پیتەی ئەگەر چاوت نەبا بۆ هێندە شەو دەبوو... یانتر: لەیلا مێژووی عاشقانەم باڵندەیە مەگەر؟!...بەهەرحاڵ دەشێت لە فۆرم و سیاقی کۆی شیعرەکە و پێکهاتەکەی دا ئەو جووڵە و بزۆزییە شوێن پێ بگرین. ئەم باسە دادەنێم بۆ دەرفەتیتر و دێمەوە سەر شیعری "!" لەدەفتەری یەکەمی شاعیر کە پێشتر ئاماژەم پێدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم باسەی کە هێنام سیمای وێنەی جووڵەییمان باشتر بۆ دەردەکەوێت و ئاست و خەستبوونیشی لەهەرکام لە دەفتەرەکانی دا و بە شێوەی بەراوردکارانە زەقتر بۆ روون دەبێتەوە.

لە شیعری "!" دا بە شێوەیەک بەستێن بۆ تەکنیکی وێنەی حەرەکەتی تەواوتر ئامادە دەکرێت، فۆرمی وێنە لەم شیعرە دا هێشتا ماویەتی بگاتە ئەو ترۆپکی جووڵە و حەرەکەتە کە لە هەندێ شیعریتری دا و بەتایبەتی لە دەفتەری دووهەم دا زەقە، بۆ نموونە لە دێڕی یەکەم دا "ئەڵماسی هیچ بزەیەک نەخشەی خەڵووزی وێرانی دڵم..."وێنەیەک دەکەوێتە رێ بەڵام بەر لەوەی بکەوێتە بزووتن و بزاوتن ئێمە لەگەڵ لەمپەر و دەسەندازێک دا روو بەڕوو دەبینەوە کە بەرهەمی ململانێ و شەڕی وشیارانەی شاعیرە لە گەڵ زمان و پێکهاتی زمان و فۆرم...بەرهەمی شەڕی پێکهات و ناپێکهات...شەڕی ئاوەز و شێتی...زانست و شیعر:

ئەو رستەیە تەواو نابێت بە دڵپڕی

واتە لەم دێڕەدا پێمان دەگەیەنێت کە ئەو رستە ناشێت هەڵگری پنتێکی دیاریکراو و خاڵێکی کۆتایی لە قەوارەی هێنانی "فیعل" کە ئاماژەیەکە بۆ زەمان و بەند بوون ئەویش بەم هەموو ژانی و دڵپڕییەوە تەواو ببێت...هەر لێرەیە پێوەندی ئەزموونی بوون ناسانەی وەگێڕی شێت لەگەڵ پێکهاتی زمان وەکوو قبووڵنەکردنی کردە یان فیعل(وەکوو هێمای زەمان و دیاربوونی جەمسەری زەمان و چەشنێکی ئایدۆلۆژیکی زەق لە میتافیزیکی حوزور) و نازەمانییەت وەکوو ئەزموونی خەیاڵکردنی وەگێڕ لەناو زمان و زەمان دا دەردەکەوێت کە من پێشتر لە پێوەندی شیعریی شیت و نازەمانییەت دا و لە وتارێک دا قسەم لەسەری کردووە و دیسان ناپەرژێمە سەری. لە درێژەی ئەم شیعرە کورتە دا دیسان بزاوتێک دەکەوێتە وێنە: ئەڵماسی وێرانی بزەت کە خەریکە چاوەکانم..." بەڵام هەمدیس ئێمە لە گەڵ دەستئەندازێکی وشیارانە دا رووبەڕوو دەبین..."ئەو شیعرە درێژە نادرێ ئاوا بە هەست" کەواتە هێشتا وێنەی جووڵەیی لەم شیعرە دا نەگەیشتووەتە بزۆزبوون و فۆرمی راستەقینەی شێتانەی خۆی و بە چەشنێک ئەزموونی زمانی و فۆرمیکی وەگێڕ خەریکە لە رۆچنەیەکی بوونناسانە و ئونتۆلۆژیکاڵ مانیفێست دەکرێت...ئەم شیعرە ئەوەندە مانیفێستێکە بۆ بونیاتنانی وێنەی بزۆک ئەوەندە فۆرمی گەشەی وێنەی حەرەکەتی نییە...ئەگەر وەکوو وتمان وێنەی حەرەکەتی سەر و رەگەزێکی قووڵی لە ناو جیهانی ناوشیار یان من یان ئید یان ترس دا بێت ئەوا لەم شیعرە دا هێشتا شەڕ و ململانێی لەگەڵ وشیاری و ئاوەز و هزر کە فۆرمەکانی پێکهاتێکی ئاوەزمەند و عەقڵ تەوەر لە زمان و دەربڕین و مانارەوایین، دەکرێت، هەر بۆیەشە لە دێڕی کۆتایی دا دەڵێت:

هزر دەڵێ: ئەڵماسی ئەوین درۆیە. شین ترین بەتاڵ ل65

هەر وەکوو وتمان ئەم شیعرە ئەوەندە مانیفێستکردنە بۆ دەرچوون لە سیستەمی وێنەیی و وێناندنی کۆنی ئەزموونە شیعرییەکانی پێشوو ئەوەندە بونیاتنەری وێنەی جووڵەیی نییە، واتە هێشتا شەڕی هزر و ئەوین...عەقڵ و شێتی...پێکهات و ناپێکهات...حەقیقەت و خەیاڵ...وێنە و وێناندن(وێنەی جووڵەیی) لەگەڕە...شەڕێک کە رێگەی "خوازە" و لەئاستێکی قووڵی راگەینراوە: هزر دەڵێ: ئەڵماسی ئەوین درۆیە. ئەگەر سێبەری چەشنێک لۆگۆس و ماناتەوەری لە شیعری شێت دا وێنا بکەین ئەوا لە گەڵ چەمکی ئەوین و عەشق دا رووبەڕوودەبین و ئەمەش لەهەر دوو دەفتەرەکەدا زەقتر لە هەموو تایبەتمەندییەکانی شیعری شێت دا دیارە...هەم شین ترین بەتاڵ پڕە لە مەجنوون و عاشق و چاو و رەشی و لەیلا و رووناک...هەمیش "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" و ئەم تێڕوانینەمان بۆ هەبوون و حوزوری وەها سەنتەرێک لە لۆگۆس و فۆرمێک لە حوزوری میتافیزیکیانە لە قەوارەی مانا قەت غەریب نییە...شیعری شێتی ئەوەندە عاشق و ئەویندارە ئەوەندەش شێتە...دژی هزر و پێکهاتە، هزرێک کە دەڵێ ئەڵماسی ئەوین درۆیە...ئێمە دەشێت باش بزانین کە شێتی و ئەوین لە زۆر حاڵەت دا لەیەکدی جوێ ناکرێنەوە، تەنانەت دەکرێ ئەزموونی شێت بە ئەزموونی ئەوین بناسێنین، دەشی بزانین هەموو ئەویندارەکان و هەموو شێتەکان هەڵگری توخمێکی هاوبەشی شێت-ئەوینی بن. ئەویندارێک بە سانایی دەکرێت شێت بێت بەڵام شێتێک بەئاسانی و روونی ناتوانێت عاشق بێت،،،چوون پێشتر ببووە و شێتی کردووە، لێرەدایە فۆرمێک لە تێکەڵاویی و تێکچڕژانی نێوان شێت و عاشق دەبینین،و دەشێت بڵێین کە هەموو ئەویندارەکان دەشێت بگۆڕێنە سەر ئاستی شێت بەڵام شێتەکان ئیتر ناتوانن عاشق بن و ئەویندار بن، مەگەر لە شکڵ و فۆرمیتر دا...لە جووڵە و بزاوتن و وێناندن و خەیاڵکردن و پیتاندن و شاعیر بوون دا، بۆیە رێکەوەند و لێکدراوی شیعری شێت هەڵگری هەموو ئەو جەمسەر و تایبەتمەندی و تەکنیکانەیە کە باسم کردن. ئەوین، شێتی، وێناندن، واقیعێکی وانوێنراو و وێنەنوێنراو، وێنەی حەرەکەتی ناکۆتا و حەجمی و...کەواتە دەکرێ بەو ئەنجامە بگەین کە شێت و عاشق یان شێتی و عەشق بەگشتی و لە دواجار دا لە هەناو و لەپێگەی شاعیر و شیعر دا دەبن بەیەک و چوونیەکیی و هاوبوونی ئەزموون دەکەن. بەم وتە گشتیانەوە دێمە سەر لێکدانەوە و خوێندنەوەی کورتە شیعری"منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان"ی دەفتەری دووهەمی شاعیر کە پێدەچێت ناوی دەفتەری دووهەم هەر لەم کورتە شیعرەوە هەڵگیرابێ و بەم پێیەش رۆڵێکی بنەمایی و ناوەندی لەم شیعرەدا بە سەر کۆی دەفتەرەکەدا لەبەرچاو گیرابێت. بێگومان ئێمە لە فەزایەکی کەمکاریی و نەخوێندنەوەی دەقەکان و ئەزموونە جیاجیاکان دا هەناسە دەکێشین ئەگینا هەڵسەنگاندنی هەر کام لە ئەزموونە شیعرییەکانی نوێترخوازان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و خوێندنەوەی فرەرەهەند بە میتۆدی جۆراوجۆر دەبێت، بۆ نموونە ئێمە ئەگەر لە لێکۆڵینەوەیەک دا و بە میتۆدی بەراوردکارانەوە ئەزموونی ساڵەح سووزەنی و یوونس رەزایی بخوێنینەوە هەم بەشێک لە تایبتمەندیی هەر کام لە ئەزموونەکان و دەقەکان دەردەکەوێت و هەمیش بەشێک لە تایبەتمەندیی جیاوازی هەر کام لە ئەزموونەکان و روانینیان بۆ زمان و فۆرم و...ئەگەر شیعری یوونس بە شیعری شێت ناوبردە کراوە ئەوا من شیعری ساڵەح سووزەنی لە ژێر ناوی ئەزموونی دوورگە دا پێناسە دەکەم...دوورترین شوێن...شوێنگەیەکی دوور لە ئەزموونی زمانی و فۆرمی و پێکهاتی...سەر بە جیهانی ریزۆم و تەقینەوەی ناوشیاریانەی پیت...بەرای من ریزۆم ناتوانێت ئەزموونی دانسقە و تایبەتی سووزەنی پێناسە بکات...ئەزموونی ئەو دەشێت لە خوازەیەک دا بخرێتە روو کە خوازە بێت بۆ خوازەیتر و ئاوێنە بێت بۆ ئاوێنەیتر و وێنە بێت بۆ وێنەیتر و وێنا بێت بۆ وێنایتر و...وێنەی وێنای خوازە لە دوورگەیەک بە ناوی"بە عینجە و فینجەوە چ شار".12 بەهەر حاڵ لەدەرفەتیتر دا و بە تێر و تەسەلی باسی ئەزموونی سووزەنی دەکەم ئێستا با بڕۆینە سەر شیعری ئاماژەپێکراو. شیعری "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" هەڵگری دوو بەشی جیا و گشتییە و هەر بەشێکیش لە سێ ئەپیزۆد پێکهاتووە. بەشی یەکەم لە سێ ئەپیزۆدی بێ ژمارە و پەرەگرافیانەدا دەردەکەوێت و بەشی دووهەم لە سێ بەشی ژمارەییانە 2،1 و3دا دەردەکەوێت، شتێکی سەیر و تایبەت و سەرنجڕاکێش کەلەم دوو بەشە دا هەیە ئەوەیە کە هەر کام لە پێکهاتەکانی ئەم دوو بەشە خاوەنی پێکهاتیترن، ئەگەر پێکهات بە واتای فۆرمێک لە پێوەندی نێوان رستە و سیستەمی نیشانەیی دابنێین ئەوا ئەم شیعرە و تەنانەت زۆربەی شیعرەکانی ئەزموونی شێت بە تایبەتی لە دەفتەری دووهەم دا پێکهاتەشکێن و دژە پێکهاتن، بەڵام مەبەستی من لە پێکهات فۆرمێک لە پێوەندی نێوان پاژەکانی پێکهاتە کە خوێنەر دەتوانێت بۆی وێنا بکرێت، وەکوو دریدا دەڵێت کاتێک ئێمە لە سەر رەتکردنەوەی حوزوری میتافیزیک قسە دەکەین ناچارین هەر بە هەمان وشە و زاراوەگەل لە سەری قسە بکەین کە هەڵگری لایەنی میتافیزیکی و چەشنێک لۆگەسەنتەری و ماناتەوەرین. کاتێک ئێمە لە ئەزموونی شێت قسە دەکەین دەشێت هەڵگری وشیارییەکی باش بین بۆ تەقەدان لە شیعریی شێت...دەبێ بزانین پێکهات کامەیە و لە کوێ دەشکێت، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەپیزۆدە ناژمارەیی و پیتیانەکەی بەشی یەکەمی ئەم شیعرە شەپۆلدانی وشە و پێکهاتشکێنی بەردەوام و بە حەجم کردنی وێنە بە تەواوەتی زەقە و نموونەی هەرە سەرکەوتووی شیعری شێت بەو تایبەتمەندییانەی کە تا ئێستە باسم کردووە ئەم شیعرەیە.

وێنەی جووڵەیی و بزۆک لە شیعری شێت دا جیانییە لەو گۆشە حەجمییە و رەهەندە کوبیستییەی پێی دەدرێت. ئەگەر یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی روانینی حەجمخوازانە بۆ گێڕانەوە و وشەرێژی و شیعرهۆنینەوە بزۆزبوون و سرک بوونی بێت ئەوا لە روانینێکی وێنایی و ئاوێنەییەوە بۆ واقیع سەرچاوە دەگرێت، چوونکوو ئەزموونی شیعری حەجم لە زمانێکی وەکوو فارسی دا شتگەلێکی تاقیکردۆتەوە کە دەشێت لە شێعری شێت دا بە شکڵیتر و رەسەنتر هاتبێتە ئاراوە. ئەوان دەیانگوت: لە جیهانی واقیع تاکوو دەرکەوتەکانی واقیع و لە ئامێرەوە تاکوو کارتێکەری و کاریگەرییەکانی ئامێر مەودا و جیاوازیگەلێک هەیە. مەوداگەلێک لە نێوان واقیع و سەرووی واقیع...لەنێوان سرووشت و بانسرووشت...لە هەزار خاڵی شتێکەوە هەزاران تیشک بەدیاردەکەوێت و هەر تیشک دەگاتە دەرکەوتەیەک لە سەرووی ئەو شتە و واقیع بەو هەموو دەرکەوتە ئەژمارهەڵنەگرەی لەگەڵ هەزار رەهەند هەڵدەپێکرێت.13 شاعیری حەجمگەرا ئەم مەودایە بە جمشت و بزوتنێکی تایبەت کە من پێی دەڵێم "جمشتی وێنایی" دەبڕێت، توند و خێرا و بەم شێوەیە لە واقیع بازدەداتە سەر دەرکەوتە و بەدواداهاتەکانی واقیع. هەر دەرکەوتەیەک هەڵبژێرێت و لەگەڵ هەر تیشکێکی واقیع ببێت بەماڵ، لەوێدا تاسەر نامێنێتەوە و بەشێوەیەکی خێرا و بەجمشتێک دەپەڕێتە سەر دەرکەوتە و تیشکیتر بۆیە شاعیری حەجم گەرا بە جمشت و نەوەستانەوە مانا پەیدا دەکات...لەم دەرکەوتە بۆ ئەو دەرکەوت و لەم تیشکەوە بۆ سەر ئەو تیشک...ئەگەر شاعیری حەجم گەرا شاعیری جمشتە خێرا و کتووپڕ و ساتییەکان بێت ئەوا شاعیری شێت شاعیریی جمشتە ئاوێنەیی و ناکۆتاکانە بە تۆڕێکی گەورەی وێناکردن و وێناندن لە ئاوێنەی پیتەکان دا...ئەو پیتانەی کە شاعیری شێت تەنها وەکوو زمانوەرێکی مەحکووم قبووڵی کردووە ئەگینا نە شێت و نە شاعیری شێت زمانهەڵگرنین و زمانیش ئەزموون و شاعیری شێت هەڵناگرێت، واتە ئێمە مەحکوومین بەوەی کە جیهان و واقیع دەق(زمان) بن و دریدا گوتەنی هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە.14 هەر بۆیە:

پیاوتر لە دار...بەریشاژۆی پەنجەرەتدا...رووناک

راکشاوتر لە شەقام بە ئاژاوەی چاوتدا...تاریک

                          عاشقتر لە هەور بەتەنیاییتدا.

ئەمە ئەپیزۆدی سەرەتای بەشی یەکەمی شیعرەکەیە کە چەند وێنەی سەیر و بزۆک دەکات بەناوی یەک دا و لە دواجاریش دا ناهێڵێت تەواو بێت چوون جیهان ئاوێنەییترە لەوەی وێنەیەکی "رووناک"مان لێی بۆ دەرکەوێت:

پیاوتر لە دار...دەشێت وێنەی کەسێکی خۆڕاگر و ریشەدار و تۆکمە بێت کە پەل و پۆ دەهاوێت بە "ریشاژۆی پەنجەرە" دا...لێرە دا ئیتر ئێمە فڕی دەدرێینە ناو وێنەیەک و "پیت"ێک کە خۆی نادیار و پێناسە نەکراوە: "رووناک". درێژەی ئەم شکڵ و سیاقە لە دێڕی دووهەم دا وا هاتووە:

راکشاوتر لە شەقام...بەئاژاوەی چاوتدا...تاریک...واتە دەشێت ئێمە وا بگەین کە جووڵەی رووناکی(کەدەشێت لە گۆشەنیگایترەوە رووناک وەکوو ناوی مێینەیەک و بەپێی ئەوەش خوازە(metaphor)ێک بێت)لەرێگەی ریشاژۆی پەنجەرە و بە هەیکەلی پانتر لە دار هەبوون و جووڵە و سەفەرە بە ناوی "چاوتدا"...وەکوو شەقامێکی راکشاو و درێژکەوتوو و درێژکۆلەش با "تاریک" بێت...ئەمەش لە ئاخێزگەی ئەوەوە دێت کە وەگێڕ "عاشقتر لە هەور"...بە "تەنیاییت"دا، دەبارێ. ئێستە ئەگەر رەوتێکی بزۆکی وێنایی لە نێوان "پەنجەرە و چاو و هەور" دا وێنا بکەین بە "رووناک"ی یان "تاریک"ی، ئەوا شتێک کە روو دەدات باران و گریانە، تۆ بڵێ شیعر بەسەر تەنیاییتدا. بۆیە لە درێژەدا دەڵێت:

منم پیاوی عاشقی راکشاو...لەو دێڕەدا کە شیعرە...

واتە دەشێت کۆی ئەو ئەپیزۆدەی سەرەتا بە خوازەیەک بزانین بۆ شیعر...کە داباریوە بەڵام جمشتەکە لێرەدا ناوەستێت و هەر لە رێگەی پیتی پەنجەرە(دێڕی یەکەم) و ئاژاوە(دێڕی دووهەم) و تەنیاتر(دێڕی سێهەم) وێنایتری بۆ دەخەمڵێت و جمشتیتری بەبەردا دەکرێت:

منم پەنجەرەی ئاژاوە...لەو عیشقەدا کە تەنیا...

کەلێرەش جووڵاندن و بزاوتنی دەرکەوتەی عاشق(عەشق) کە لە دێڕی پێشووتر دا هاتووە بەردەوام دەبێت و لە درێژە دا و لەدێڕی پاش ئەمە هەموو وێناکان چڕتر و خڕتر دەکاتەوە و ونبوون و شێتبوون لە سەفەری ئاوێنەیی ناو پیتەکان دا زەق دەبێتەوە:

منم شاعیری تەنیایی هەور...لەو ئاژاوەی شەقامە دا...کە رووناک.

ئەگەر نەختێک وردبینەوە لەم دێڕە دا هەموو وشەکان جگە لە(شاعیر) لە دێڕەکانی پێشوودا هاتوون تەنیایی، هەور، ئاژاوە، شەقام و...وەکوو بڵێیت هەموو وێناسازییەکە لە خزمەت ئەمە بووە کە "شاعیر" و "شیعر" سەرهەڵبد"ات" بۆیە لە درێژەدا دەڵێت:

بخوێننەوە سێ شیعری من کە پێکەوە هەورانە بەسەرتانا...

بنووسنەوە سێ دێڕی دوای ئەوین...کە سپی سپی چاوەڕوان

ئێوە پیاوانی راکشاو لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقێکدا

وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێدا دەڵێی هەموو هەوڵی وەگێڕ لەو وێناندن و سەفەرە ئاوێنەییەی هەناوی پیتەکان بۆ ئەوە بووە کە لەرێگەی ئاژاوەی پەنجەرە بە سیحری چاو راکشاوانە درێژ بێتەوە لە عیشقی عاشقێکی تەنها کە ببێت بە شاعیری تەنیایی "هەور" و ئێمە والێبکات شیعرەکەی بخوێنینەوە...ئەو شیعرەی کە لەهەوری وێنا و پیتەکانەوە بەسەرمان دا...

دەبارێت؟

هەر لەم دێڕە دایە خوێنەر بە "بخوێننەوە سێ شیعری من کە پێکەوە هەورانە"....هان دەدات کە

"بنووسێتەوە سێ دێڕی دوای ئەوین"...کە سپی سپی چاوەڕوانە.

بۆیە لەسەرەوە ئاماژەم بەوە دا کە بەشی یەکەمی ئەم شیعرە پێکهاتیتر و فۆرمیتری لە ناو پێکهات دا تێدایە ئەمە بوو کە هەموو دێڕەکانی ئاماژە بە یەک دەدەن و دێڕی پاشتر بارگاوی و ئاوسە بە دێڕی پێشتر...و ئەگەر جارێکیتر وەکوو ئەزموونی دووهەمجاری خوێندنی شیعرەکە بخوێنینەوە ئەوکات دێڕەکانی پێشووش بارگاوی و هێزەکی دەبن بە دێڕەکانی پاشوو...لێرەدایە باش لە وتەکەی تۆدۆرۆف تێدەگەین کە هەر دەق(شیعر)ێک لە هەر جار خوێندنەوە دا ئەنجام و مودێلێک لە خوێندنەوە هەڵدەگرێت. بەم پێیە و بەلەبەرچاوگرتنی پێکهاتی ناو پێکهاتی دێڕەکان دەشێت ئەم پرسیارە بکەم کە ئایا کاتێک وەگێڕ لە دێڕی هەشتەم واتە لە دێڕی دووهەمی ئەپیزۆدی سێی بەشی یەکەم دا دەڵێت:

بنووسنەوە سێ دێڕی دوای ئەوین کە سپی سپی چاوەڕوانە...

مەبەستێتی کە لە ئەپیزۆدی یەکەم و لەپاش دێڕی "عاشقتر لە هەور...بەتەنیاییتدا" سەرنج بە سەر ئەپیزۆدی دووهەم "منم پیاوی عاشقی راکشاو..."شۆڕ کەینەوە؟ و بەم شێوەیە شیعر و عەشق و ناپێکهاتەیی و خوێندنەوە و نووسین دەکات بە سەفەرێکی ئاوێنەیی و وێناکراو بۆمان؟یان نا، وەگێڕ دەیەوێت فۆرمیتر لە وێناکردنی پێکهاتی بەشی یەکەمی شیعرەکە بخاتە بەرچاومان و پێمان بڵێت سەرنجی بەشی دووهەم بدەن کە لە سێ ئەپیزۆدی ژمارەیی واتە 1،2،3 دا خۆی دەرخستووە؟وەڵامەکە بێگومان رێژەییە و هەر وەڵامێک بەو پرسیارانە بدەینەوە دەشێت بە لەبەرچاوگرتنی توانستی بزۆزیی و کۆچەریی بوونمان لەپلەی خوێنەر دا بێت، بۆیە لە دێڕی کۆتایی بەشی یەکەم دا دەڵێت:

ئێوەن پیاوانی راکشاو لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقێکدا...

ئایا مەبەستی وەگێڕ لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقکێک ئەو سێ ئەپیزۆدەی ئەم بەشەی یەکەمە یان ئەو سێ ئەپیزۆدەی بەشە ژمارەییەکەی درێژەی شیعرەکە یان پێکهاتی دووهەمە؟ وەڵامەکە هەرکامەیان بێت ئێمە دەشێت پیاوانی راکشاو بین لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقکێکدا کە لە هەور عاشقترە و ئاژاوەی پەنجەرەیە و لە رێگەی ئاژاوەی چاو و ئاژاوەی شەقام و کە رووناک ...کە تاریک...کە سپی سپی چاوەڕوان بەڵام سپی دەشێت شینتر =ئەپیزۆدی ١ وسپیتر =ئەپیزۆدی ٢ و سوورتر =ئەپیزۆدی ٣ بێت:

1

شینتر لە جوامێری

باران

بەهارانە

لە ئامێزمدا دارستان

ئەی شیعری سەرەتای

ئاژاوە

بنووسرێوە بە رووحمدا

تەنانەت ئەگەر

سەروایەک

بۆ تەنیاییم

دێڕێک بۆ سەرەتام.

بارانی جوامێری

ئامێزم

سەروایەک

بۆ سەرەتات

دێڕێک بۆ هەمووت

ئەی ناتەواوتر شیعر

لە ماڵئاوا.

ئەمە ئەپیزۆدی ١ی بەشی دووهەمی شیعرەکەیە کە دەبێت سەرنج بدەین کە لە تەنیشت ئەپیزۆدەکانیتر بە شێوازی ستوونی هاتووە واتە ئەپیزۆدی ١ وەکوو ستوونێکی درێژ و راکشاو بەرەوخوار لە لاپەڕەکەدا جێگەی گرتووە و ٢ و ٣ێش بەهەمان شێوە و لە تەنیشت ئەو دا نە لە پاش یان پێشی دا. واتە بە گشتی فۆرم و چنینی ئەپیزۆدەکان لە بەشی دووهەم دا جیاوازە لە بەشی یەکەم، وەک بڵێی ئەم بەشە پێکهاتێکیتر و شیعرێکیترە کە جیایە لە بەش و پێکهاتی یەکەم، کە هەوێنی ئەم بیرۆکەیەشمان لە لێکدانەوەی بەشی یەکەم دا شی کردەوە و تیشکمان خستە سەر نیشانەکانی. کاتێک لە دواهەم دێڕی بەشی یەکەم دا دەڵێت:

ئێوەن پیاوانی راکشاو لە سێ شێعری ناتەواوی عاشقێکدا...

بەرەو بەشی دووهەم کە هەروەکوو وتمان دەڵێی شیعرێکی سەربەخۆیە و بە فۆرمی ئاسایی نالکێت بە بەش و "پێکهاتی" یەکەمەوە...ئەوەتا وەکوو ئەم دێڕەی سەرەوەش دەیخاتە روو سێ شیعری ناتەواوە...ناتەواوە چوون شیعری شێت هیچکات لەنگەر ناگرێت و تەواو نابێت...ئاوێنەی پیت لە ناو پیت بە تۆڕێکی وێناکردن دا ...کاتێک سپی سپی چاوەڕوان...بەناو...شینتر ١...سپیتر٢... و سوورتر٣...ون دەبین. ئەپیزۆدی ئەم پێکهاتە لە ژێرناوی ژمارەی ١ هەڵگری وێنەی هێزەکی دێڕەکانی بەشی یەکەمی شیعرەکەیە...لەوانەی پێش ناوی باران نەهاتوو بەڵام ئاژاوەی چاو و عاشقتر لەهەور و ...پێکەوە هەورانە بە سەرتانا...هاتووە کە هەموو دەشێت دەلالەت بن بۆ داهاتی بارانێک کە دەکرێ وەکوو خوازە بۆ فرمێسک یان شیعر وێنای بکەین، بۆیە لە درێژە دا دەبیسین...یان دەخوێنین...یان دەنووسین:

ئەی شیعری سەرەتای

ئاژاوە

بنووسرێوە بە

رووحمدا

دیسان بزواندنی وێنەگەلی بەشو پێکهاتی یەکەمی شیعرەکە وەکوو ئاژاوە، شیعر، نووسین و...کە وێناندنەکە بزاوتووتر دەکات و ئۆقرەنەگرتوویی و شێتی زەقتر دەکاتەوە...دەکرێت لە سەر وشە بە وشە و شێوازی هاتنی وشە و فۆرمی چەندپاتەکی15(Frequency)وشەکان قسەی زۆر بکەین، بەڵام بە هێنانەوەی چەند دێڕی کۆتایی ئەپیزۆدی ١ی بەشی دووهەم و تیشکێک لە سەر ئەپیزۆدی ٢کۆتایی بەم باسەم دێنم.

بارانی جوامێری

ئامێزم

سەروایەک بۆ

سەرەتات

دێڕێک بۆ هەمووت

ئای ناتەواوتر شیعر

لە ماڵئاوا.

وەکوو دەبینین وشەگەلی ئامێز، باران، سەرەتا، جوامێری، دێڕ. ناتەواوتر و شیعر لە هەموو دێڕەکانیتر دا و لە ئەو بەشانەی هەر دوو پێکهات کە تا ئێرە باسمان کرد هاتوون، و هاتنەوەیان لێرەدا پلەیتری مانایی و دەوریتری خەیاڵکردن و وێناندن دەگێڕن...وێناندن و خەیاڵکردن و کۆچەریانەبوون و سەفەرکردنێک کە بەردەوام ناتەواوە...تەنانەت لە جیهانی ناکۆتای شێعریش دا...وەکوو شتێک دەڵێی شیعر هەڵگری ئەم ئەزموونە شێتانە نابێت بۆیە "ناتەواو"ییەکانی شیعر دەشێت لە ماڵئاوا بوون کە دەربڕینێکی دیار و بەرهەست و سەخت و سۆڵە "تر" تر و زەقتر بێت...ناتەواوتر شێعر...ئەمەش لە کەڵکەڵەی زمانی و وجوودی وەگێڕ بۆ گێڕانەوەی شێتی سەرچاوە دەگرێت چوونکوو لە ئەپیزۆدی ٢ی ئەم بەشە دایە کە دەڵێت:

سپیتر لە جەسارەتی

ئاو

کە هەور

چیها گەڵا ئەچڕێ

بۆ چرکەیەک تەمەن

تا ناتەواوی جوامێری

سەروایەک

کە تەمەنی

جەسارەتی

شەقام

منم شاعیری ژیانی

چاوەڕوان

ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم بەشە و لە یەکەم وشەکانی هەر ئەپیزۆد ١ شینتر٢ سپیتر(کە بۆڵدکراوە و ناوەڕاستی ستوونی پێکهاتەکەشە)٣ سوورتر و گرێی بدەین بە دوا ئەپیزۆدی بەشی یەکەمی شیعرەکە و دێڕی "سپی سپی چاوەڕوان" دەڵێی لە گۆشەنیگایەکیترەوە ئێمە لە گەڵ نیگارکێشێک بەرەوڕووین کە دەیەوێت هەموو رەنگەکان تێکەڵ بکات سپی و شین و سپیتر و سوورتر...جا ئەمەش گرێ بدەن بە دێڕە سەرەتاییەکانی ئەپیزۆدی یەکەمی بەشەی یەکەمی شیعرەکە...رووناک(روونی و سپێتی) و تاریکی(رەشی و نارووناکی) ئەوکات دەزانین شیعری شێت چ وزە و پوتانسیەلێکی تێدایە. شیعری شێت لە سەر گریمانەیەکی وجوودی خۆی مانیفێست دەکات ئەویش ئەوەیە کە زمان، نازمانە/ ئاوەز شێتێتییە/واقیع خەونە/ و بە گوتەی ریمبۆ من ئەویدییە. بۆیە وەگێڕ بەر لەوەی شاعیری ژنانی چاوەڕوان بێت، شاعیری ژیان و بوونی چاوەڕوانە کە وەکوو دواهەمین دێڕی ئەپیززۆدی ٢ی بەشی دووهەم دەردەکەوێت، بۆ گەڕان بە دوای ئەو نامن و ناخودە لە ناو ئەزموونی شیعری شێت دا من ئەپیزۆدی کۆتایی واتە ٣ دەهێڵمەوە بۆ کۆڵشتی خوێنەر...خوێنەرێک کە ناخوێنەر و نووسەرە...بەگشتی دەشێت بزانین و لەبەرچاومان بێت کە لە فۆرم و قەوارەی ئەم نووسینە دا هەوڵدرا بەشێک لەو جیهانەی ئەزموونی شێت دەیەوێت وەکوو مودێلێک بیخاتە روو، باس کرا و باسکردن لە ئامادەبوونی هەندێ کەڵەرەوایەتی وەکوو عەشق و زمان و شێتی و...ئەوەندەی ئاماژە بۆ غیابە ئەوەندەی دەرخستنی ئامادەیی و حوزورێکی میتافیزیکی نییە و لە ئەزموونی شێتدا ئەم شتە زەقە و پێکهات بەردەوام دەشکێت و ئەم شکاندنەش لەرێگەی شەڕێکی بەردەوام و دەستەویەخە لە گەڵ خودی پێکهاتەکە و لەناو پێکهاتەکەدا دێتە ئاراوە...شەڕی ئاوێنە لەگەڵ ئاوێنە بە وێنەی وێناکردن و وێناندن...لە رۆچنەی ئاوێنەوە!ئامادەیی و حوزور ئەو لایەن و رەهەندەیە کە دەشێت لە شوێنێک دا بێت بەڵام غیاب لایەنێکە کە بەردەوام لە کۆچ و بزۆزیی و وێناندن دایە و وەکوو ئاو دەبێت16 و دەخشێت و دەچێت و کۆچەرییانە دەمانژێنێت و دماننووسێتەوە...شێعری شێتی غیابە...غیابی میتافیزیکی واقیعێک کە بە فۆرمی جیاجیا ولە رێگەی جۆراوجۆر بە بەری وشیاری و ئاوەزی ئێمەدا کراوە، ئەزموونی شێتی هەبوونە لە هەرێمیتر و نەبوونە لە سەرزەمینیتر...بۆیە:

راکشاترە لە وشە...

تاژاوە ل80

ماڵئاوای ئە ناتەواوتر زمان لە شیعر...

منم شاعیری "ژیانی" چاوەڕوان ل 80

پەراوێز و سەرچاوەکان:

١-رامان سلدن&پیتر ویدوسون، راهنمای نظریەی ادبی، ترجمەی عباس مخبر، چاپ قیام 1372صص72 تا76

2- ئۆنتۆلۆژیای ئارەزو و پرۆسێسیوسەكانی بە سوژەبوون، وتارێکی ئینتەرنێتی ئەبووبەکر جاف کە لە کەلتوورمەگەزین دا بڵاو بۆتەوە. ڵاپەڕەکانی 1 و2

3-سەرچاوەی ١ صص74و75

4-آگامبن، جورجو، همبودگی آیندە، ترجمە فٶاد جراح باشی، نشر ققنوس،1388

5-بینەندە،د، مەسعوود، لێکدانەوەی رەوتی شیعری نوێی کوردی، گۆڤاری شێ ژمارەی 0و١لقپەڕەی 44تا53

6-بێگومان باسکردنی لە هەر ئەزموونێک دەشێت بە خوێندنەوەی ئەزموونەکانی پێش ئەو ئەزموونە و لەنااو قەوارەی زمانێک کە ئەزموونی دەقی تێدا هاتۆتە ئاراوە روو دەدات و مەبەست لە ئەزموونەکانی پێشیش هەموو ئەو دەقانەیە کە پێش لەو ئەزموونانە(چ کلاسیک و چ نوێ) و بەو زمانە هاتوونەتە بوون، لێرەدا تیشکێکی خێرا بە سەر ئەزموونی وەچەیەکی پاشتری رێڕەوانی سوارەیە و فۆکۆسە لە سەر ئەزموونی شاعیرێکی تایبەت و ئەزموونێکی تایبەت بەناوی شێتی.

7- ئەم وتارە لە چەند شوێن هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات بڵاوکراوەتەوە. لە گۆڤارەکانی هایا و زرێبار و هەنار بڵاو بۆتەوە کە هیچکامیانم لانەماوە بەڵام وتارەکە لە ئینتەرنێت دەست دەکەوێت.

8-فریدریش نیچە، فراسوی نیک و بد، ترجمەی داریوش آشوری، شرکت سهامی خاص انتشارات خوارزمی، چاپ دوم 1373

9-ژمارە لە عیرفانی رۆژهەڵات و لە ئایینە رازاوی و کەونینەییەکانی وەکوو کابالا کە وەکوو دەڵێن فۆرمێکە لە عیرفانی یەهوودی و ڤاڵتەر بنیامینیش سەر بەم رێبازە بووە، هیچکات لەناوی زانستێکی وەکوو ریازی دا کورت نەکراوەتەوە لەم گۆشەنیگایەوە ژمارە هەڵگری مانایە و پیت نیشانە و ئاماژەیەکە بۆ ژمارەیەکی تایبەت، هەندێ لەم ژمارانە قودسی و پیرۆزن وەکوو حەوت یان یەک یان مەزاریبەکانیان واتە77یان 22، بەپێی هەندێ گێڕانەوە ئایینی ژمارە ئایینێکی تایبەتی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی هەرەمەکان و پێکهاتی "هەرەمیانەی ئارەزوو"(لێکدانێکی شیعری شێت) واتە میسر، ئەوەندەش رازاوییە کە تەنها ئەندامەکانی لە سیحر و سڕۆک بوونی تێدەگەن، پێدەچێت ئەم باسانە تەنها ئاماژەیەکی خوازەیی بن بۆ زەینی ناوشیار و پلەی رەقەم و ژمارە لە زەین دا کە باسێکی زۆر تەراکەوتەیە و من تەنها چەند شتی کورتم لەم بارەیەوە بینیوە و ناوی نووسەرەکانیشم لەبیر نەماوە!

10- لێدوانی د.ماری کلاگز، زمان لە روانگەی دەروونشیکارییەوە(دەربارەی ژاک لاکان) وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری، ئیبراهیم شەوقی، زمانەوان 3 لاپەڕەی145

11-مەحموودزادە،د، رەهبەر، وشە هەڵگری رەساڵەتی تریفە(ئاوڕدانەوەیەک لە شەبەنگی راڤە لە شیعری شێتدا)، گۆڤاری زرێبار فایلی تایبەت بە شیعرل112

12- "دوورگە" وێنایەکی خۆمە لەو شوێنەی کە رووداوانی سەیر و نازەمانمەند و سەرووی تیشک و دژەزمان تێیدا روودەدات، شوێنێکە کە لە زنجیرە درامای ونبووگ یان ونبووەکان دا وەکوو فەزایەکی بزۆز و بگۆڕی ساتیانە و سەفەرکردوو لە ناو زەمان دا وێنا دەکرێت بە گشتی ئاماژەی من بەم فیلمە و ناوبردەکردنی ئەزموونی سووزەنی لە ژێر ناوی دوورگە بەشێکی لەناو فەزای ناشوێن ئەم زنجیرە درامایە دا دەخەمڵێت کە لە داهاتوو دا و بەوتارێکی تێر و تەسەل و بە تەوەردانانی "بە عینجەوفینجەوە...چ شار" دەپەرژێمە سەری. بەگشتیش زنجیرە درامای ونبووگ یان ونبووەکان(Lost) کە لە لایەن سێ دەرهێنەری بە توانای ئەمریکایی جیفری لەیبێر، جەی جەی ئابرامز و دیمۆن لیندیلۆف درووست کراوە و لە شەش سیزێن پێکهاتووە یەکێک بوو لە باسهەڵگیرسێنەرترینی ئەو درامایانە کە بەچەندین داهێنان لە وێنەگرتن و رەوایەت و رابردوونوێنی(Flashback)چەندین تێمی فەلسەفی و وجوودی و میتافیزیکی بەشێوەی هونەری گێڕاوەتەوە و ناوی چەندین فەیلەسووف و بیرمەند و فیزیکزانیشی تێدایە کە هەر کام هێمای چەشنە بیرکردنەوەیەکن لە جیهانێک بە ناوی "دوورگە" دا، کەسێک ئەو درامایەی بینیبێ لەم باسەی منیش بە ئاسانی و قووڵی تێدەگات.

13- منبع: رؤيايي، يدالله (1357): هلاك عقل به وقت انديشيدن (مقالات)، گردآوري و تنظيم:غلامرضا همراز، تهران: انتشارات مرواريد، چاپ اول:2537=1357، ص 39-35. (نقل از: بررسي كتاب،دورهي جديد، شهريور 1350، شمارهي 4

14-دریدا، ژاک، فروید و صحنەی نوشتار(مواجهات) ترجمەی مهدی پارسا، کارگاه انتشارات روزبهان،1390صص18&20&26

15-دەشێت ئاماژە بە فیلمی سینەمایی (Frequency)یش بکەم کە لە فارسی دا کراوە بە"بسامد" لە نووسین و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی دارێن پاڤۆل فیشێر. لەم فیلمەدا کاریگەری و دەوری کارتێکەرانەی گۆکردنی وشەکان لە جیهانی فیزیا و جازبە دا دەگێڕدرێتەوە، دوو خوێندکاری زانستە مەجەڕەدەکانی وەکوو فیزیا و ماتماتیک بە هۆی ناتەبابوونێکی زانستی کاتێک دێنە تەنیشت یەکەوە یاسای راکێشان یان جازبە تێک دەچێت و ئەمەش بەسامەد و بەدواداهاتی باشی نابێتەوە دواجار یەکێک لە هاوڕێکانی ئامێرێکی میکانیکی و ژمارەبژێرانە دادەهێنێت کە وشە و پیتی تایبەتیان بە پێی شوێنی تایبەت کە لە تەنیشت یەک دادەنیشن بۆ دەڵێتەوە و باڵانسی جازبە دەگەڕێنێتەوە و لایەنی ئەفسووناوی و بانسرووشتی رەقەم و ژمارە لە رێگەی ئامێرێکی تەوا میکانیکی و زانستی دەخاتە روو و دواتریش دەردەکەوێت هاوڕێکەیان ئەم ئامێرەی لە دەوڵەتی ئەمریکا دزیوە و ویستوویەتی عەشقی نێوان ئەم کوڕ و کچە هاوڕێیەی بە درووستکردنی باڵانسی هێزی جازبە بگەڕێنێتەوە...ئیدی پێوەندی زانست و ژمارەکان ئاوەیە و هەمیشەش پێیەکی دەسەڵات لە ناو هاوکێشەکەیە! دیتنی ئەم فیلمە بۆ تێگەیشتن لە رەهەندی مانایی و فۆرمی جیاوازی ژمارە و بیرکاریی زۆر سوودمەند دەبێت. بەگشتیش و لە دواجار دا (Frequency) بەواتای تەکنیکێکە بۆ بزۆز کردنی رۆڵی پیت لە دێڕە جیاجیاکان دا، چەشنێکە لە دووپات بوونەوە و چەندپات بوونەوەی وشە بەڵام لە دەور و رۆڵی جیا و لە سیاق و چنینی جیاواز و لە شیعری شێت دا کارکردی زۆرە.

16-ئاو خوازەیەکە بۆ ئاماژە بە تێڕوانینی فەلسەفی فەیلەسووفی پێش سوقراتی؛ واتە هیراکلیتۆس و ئەم خوازەیە داکۆکییە لە جووڵە و بزۆزبوون و نەوەتان کە لە دێڕە ناودارەکەی دا هاتووە: ئێمە ناتوانین هیچ کات دوو جار پێ بخەینە ناو رووبارێکەوە، چوون بەردەوام ئاوەکە دەخشێت! ئاو داکۆکییە لە هەبوون (become)و بەردەوام "بوون" لەجووڵەدا ئەزموون کردن...کۆچەریانەبوونی سووژە، بۆ زانیاری زیاتر چاو لە فلسفەی یونان و روم، فریدریک کاپلوتون، بەرگی یەکەم بکەن.

17-م.فوتی، ورونیک، هایدگر و شاعران، ترجمەی عبدالعلی دست غیب، نشر پرسش 1376

تێبینی: ئەم نووسینە هەندێ کۆد و فایلی هێزەکی تێدایە کە دەکرا زیاتر باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر بەڵام نەشدەکرا هەموو شتێک روون و ئامادە بخەمە بەردەست.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد