تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۲۰ آبان ساعت ۱۱:۲۸ | بازدید: 4378 نظرات: 0 کد مطلب: 4752 |
به پێی هەواڵیی هاژه، کۆڕی (خوێندنەوەیەکی مێژوویی لەسەر چیرۆکی کوردی)، بە وتاربێژی کاوان محەمەدپوور لە کافە کتێبی پاییزەی سنە و بە بەشداری لایەنگرانی چیرۆکی کوردی بەرێوەچوو.
ئەم کۆڕە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە (١٦)ی خەزەڵوەر بەرێوەچوو، رۆژنامەوان و ڕەخنەگری ئەدەبی، کاوان محەمەدپوور،ئاماژەی دا یەکێ لە لەمپەڕەکانی خەسارناسیی چیرۆک لە کوردستانی ئێران، نەبوونی کاری توێژینەوە لەو بابەتەدایە و وتی: «لە ڕاستی دا جیاواز لە چەندانە کاری دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە و برێ لە کارەکانی دوکتۆر بەختیار سەجادی کارێکی ئەوەندە شیاومان بۆ لێکدانەوە لە بارەی چیرۆک لە کوردستانی ئێران نییە، ئەمە یەکێ لە بنەڕەتی ترین لەمپەڕەکانی بەرەورووی خەسارەناسیی و ڕەوتناسیی چیرۆکی ئێمەیە، منیش بە هۆی دەرفەتی کەم لەم کۆڕەدا تەنیا باسێکی مێژوویی لە قۆناغ گەلی جیاواز دەکەم و لایەنی خەسارناسیی دەهێلێنەوە بۆ دەرفەتێکی زیاتر»
ئەم ڕخنەگرە لە پاش باسێکی گشتی لە چیرۆک نووسی سۆرانی و کرمانجی باسەکەی تایبەت کردۆە سەر چیرۆکی کوردی لە کوردستانی ئێران و وتی:
« بە گشتی دەتوانین ڕەوتی چیرۆکی کوردی لە ئێران بە سێ قۆناغە دابەش کەین، هەڵبەت ئەگەر زیاتر وردبینەوە ئەم قۆناغانە هەردانەو خۆیان بە چەند بەش پۆلێن دەکرین، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا و لە یادمان نەچێت کە چیرۆک پرۆژەیەکی ناتەواوە و لە هەرسەردەمانێک خۆی بە شێوەیەک بەرهەم دێنێ بۆیە لەم پۆلێنکردنە لەگەڵ چیرۆکگەل و رۆمان گەلێک بەروەروو دەبینەوە کە ڕەنگە بە ساڵی نووسین لە دەستەی قۆناغی دووهەم یان سێهەم دابن، بەڵام لە ڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەیی و زمان و ناوەرۆکی چیرۆک، بکەنەوە قۆناغی پێش یان دووا خۆی. قۆناغی یەکم لە ساڵی (١٣٢٠) تا (١٣٧٢) پۆلێن دەکەین، واتە قۆناغی دامەزراندن. ئەم قۆناغە کە بە نووسینی کورتە چیرۆکی (پێکەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی دەست پێدەکات، ساڵانێکە کە کەمترین چیرۆکی کوردی تێدا دەنووسرێت. لە پاش نووسینی پێکەنینی گەدا و بڵاوبوونەوەی لە یەکێک لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە ئیتر تا ساڵی (١٣٥٨) هیچ چیرۆک و ڕۆمانی بڵاوکراوەمان نییە. هەڵبەت لە دوا هەرس هێنانی کۆماری مەهاباد ڕحیم قازی لە دەرەوی وڵات یەکەمین ڕۆمانی کوردی ئێران بە ناوی (پێشمەرگە) دەنووسێت و (١٩٦١) بڵاوی دەکاتەوە، واتە جیاواز لەم دوو کارە هیچ کارێکمان نییە و بێدەنگییەکی سارد و سڕ بەسەر فەزای چیرۆکی کوردی دا سێبەر دەکێشێت، ئەم بێدەنگییە لە ساڵی (١٣٥٨) بە نووسینی کۆمەڵە چیرۆکی (ئاشەوان)ی مستەفا ئیلخانیزادە و دواتر نۆڤێلێتی تەنزی (باقەبێن)ی ئەحمەد قازی(١٣٦٠) و، (بووکی گۆڕستانی کۆن)ی مەلا کەریم ڕاوچی لە ساڵی (١٣٦٨) دەشکێت. بەڵام هیچ یەک لەم چیرۆکانە ئەوەندە ئاستی پێکهاتەی داستانی و گێڕانەوەیان لەسەرێ نییە کە وەکوو دەقێکی شیاو بۆ چیرۆک چاو لێبکرێن و کەم و کۆڕی بنەڕەتیان تێدایە. واتە هیچ کام لەو سێ کارە نەیانتووانی لێهاتووی حەسەن قزڵجی لە گێرانەوەدا بقۆزێنەوە سەر چیرۆکی خۆیان و لانی کەم بتوانن لە ئەزموونی قزڵجی یان تەنانەت ڕەحیم قازی بەهرە بگرن. هەر لە قۆناغی یەکەم بەشێکێمان هەیە کە وەها باشە ناوی بنێین بەشی دووهەمی قۆناغی یەکەم، ئەویش بۆ خاتری بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (هاوارەبەرە)ی فەتاح ئەمیرییە لە ساڵی (١٣٦٩)، ئەم ڕۆمانە بە بەراوەی سێ کاری پێشوو پێکهاتەی داستانی شیاوتری هەیە و هۆمێدمان پێدەدات کە توانستەکانی چیرۆکی خۆمان دەرخەیەن. فەتاح ئەمیری دواتر لە ساڵی (١٣٧٢) ڕۆمانی (میرزا) لە درێژەی هاوارەبەرە دەنووسێت. دەتوانین تەوابوونی ئەم قۆناغەی بە نووسینی ئەم ڕۆمانە ناوزەد کەین. قۆناغی یەکەم لە ڕوو پێکهاتەی گێڕانەوە، پێکهاتێکی هێڵی و یەک ڕەهەندی هەیە، کاراکتێرەکانی، کەسایەتی ساکارن و نووسەر هەوڵی دەروونناسانەی بۆ پێکهێنانی کەسایەتی نییە و زیاترین ناوەرۆکی چیرۆک، ڕەخنە لە کۆمەڵگایی نەخوێندەوار و فێئۆدالیزم و دەربەگایەتی ناو کوردستانە. بە گشتی ئەم قۆناغەی لە ژێر چەمکی ڕێئالیسمی کۆمەڵایەتی دەتوانین پێناسەکەین. تەنانەت سووژەی چیرۆکی ئەو سەردەمانە هەر سووژەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو و کەسەکان و ڕووداوەکان زۆرجار کەس و ڕووداوی ڕاستەکەی بوون. وەک ئەوەی باسمان کرد لەم قۆناغەدا جیاواز لە پێکەنین گەدا و ڕۆمانی پێشمەرگە، تەنیا کاری بەرچاو لە ڕووی پێکهاتەی چیرۆک دوو ڕۆمانی فەتاح ئەمیرییە کە کاریگەری ڕۆمانەکانی (مەحموود دەوڵەت ئابادی)، بەتایبەت ڕۆمانی (کەلیدەر) و (جێگای خاڵی سلووچ)ی پێوە دیارە. ئەم قۆناغە ئەگەر لە پێکهاتەی داستان دا بەهێز نییە بەڵام لە ڕووی ڕاوێژی کوردی شتێکی بێ وێنەیە، واتە گشت چیرۆک نووسانی ئەم قۆناغە کوردی زانێکی لێهاتوو بوون و زمانی کوردیان بە جوانترین شێوە لە کارەکانیان ڕەخساندوە،»
کاوان محەمەدپوور لە درێژەی باسەکەی دا قۆناغی دووهەمی بە قۆناغێکی مۆدێڕنیستی لە چیرۆکی نووسی کوردی ئێران ناوزەد کرد و وتی:
«قۆناغی دووهەم لە ساڵی (١٣٧٢) دەست پێدەکا و تا نێوەراستەکانی ساڵانی (١٣٨٠) درێژەی هەیە، دەتوانین دەسپێکی ئەم قۆناغە بە بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (زریکە)ی عەتا نەهایی بزانین. عەتا نەهایی لەم کۆمەڵە چیرۆکە و دواتر کۆمەڵە چیرۆکی (تەنگانە)دا هەوڵی داوە لە فەزای و پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم دەرباز بێت و شێوەیەکی نوێ لە گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی لە ئێران دەستەبەر کا، ئەم چیرۆکانەی عەتا نەهایی کە بە چەشنێک کاریگەری ئەدەبی فارس، بەتایبەت (هووشەنگ گۆڵشیری) پێوەدیارە، بووژانەوەی چیرۆکی ئێمەیە بۆ سەردەمانەدا. هەر لە قۆناغی دووهەمدا، دوو ڕووداوی بەرچاومان هەیە کە جێگەیەتی باسی لێوە بکرێت. یەکیان دەگەرێتەوە ساڵی (١٣٧٥) لە شاری بۆکان، دەستەیەکی پێنج کەسی لە چیرۆک نووسانی گەنج، کە ئەزموونی خوێندنەوەی چیرۆکی مۆدێرنیستییان هەبوو و لەگەڵ شێوازی چیرۆک نووسی جیهانی تاڕادەیەک ئاشنا بوون، کۆرێک پێک دێنن بە ناوی (کۆڕی خۆر)، ئەم پێنج کەسە لە هەوڵی نوێ کردنەوەی چیرۆک و دەرباز بوون لە شێوە گێڕانەوەکانی قۆناغی یەکەم دێن. ئەم پێنج کەسە کە هەموویان ئەزموونی چیرۆک نووسییان هەبوو، بریتین لە بریا کاکەسووری، حەمەدئەمین شامحەمەدی، عەلی غوڵامعەلی، ڕەحیم عەبدوولرەحیم زادە و سولیمان عەبدولڕەحیم زادە. کۆڕی خۆر، دوو بوڵتێن لە چیرۆکی، نووسەرانی نوێ بڵاودەکاتەوە و بەردەوام دەبن لەسەر باسکردن لە چیرۆکی کوردی. بریا کاکەسووری یەکێک لە ئەندامانی سەرەکی ئەم کۆڕە ساڵی (١٣٧٧) کۆمەڵە چیرۆکی (سیاسووت) بڵاودەکاتەوە، حەمەدئەمین شامحەمەدی هەر ئەو ساڵە کۆمەڵە چیرۆکی (قەڵا) بڵاودەکاتەوە و کۆمەڵە چیرۆکی (چارەنووسی تاپۆکان)ی سوولەیمان عەبدولرەحیم زادەش هەر لەم خانەدا جێگیر دەبێت. بەگشتی فەزای نووسینی ئەو دەستەیە فەزایەکە کە پێی دەڵێین چیرۆکی مۆدێرنیستی. پێکهاتە و فۆرمی پێچەڵاوپێچەڵ، سەرکی بوونی مۆنۆلۆگ بە جێگەی دیاڵۆگ، وەسفی دەروون ناسیی کەسایەتییەکان، توسیفی زۆری فەزای داستان و ڕەخنە لە جیهانی بێ مانا و هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی مانا، تێمی سەرەکی فۆرم و پێکهاتەی ئەم چەشەن چیرۆکانە بوو. کاریگەری کەسانێک وەکوو سادق هیدایەت، کافکا، سارتر و سامۆئێل بێکێت بەسەر نووسراوەکانی ئەم دەستەیە دیارە. ڕووداوی دووهەمی قۆناغی یەکەم دەگەرێتەوە ساڵی (١٣٧٧) کە کۆمەڵە چیرۆکی (مزگێنی) محەمەد ڕەمەزانی بڵاودەبێتەوە. تەکنێکی نووسین و پێکهاتە و لەحنی کاراکتێرەکانی ڕەمەزانی، چەشنێکی تایبەتە و لەسەر بەشێک لە چیرۆک نووسانی گەنجی ئەو سەردەمە کاریگەری هەبوو. محەمەد ڕەمەزانی کە بەداخەوه جیا لەم کۆمەڵە چیرۆکە کاری تری بڵاونەکردوە، یەکێ لە باشتری چیرۆک نووسانی ئێمە بوو کە ئێستا دەستی کێشاوەتەوە. ئەگەر فەتاح ئەمیری لە قۆناغی یەکەم ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی دەوڵەت ئابادی بوو و عەتا نەهایی لە کۆمەڵە چیرۆکی (تەنگانە)دا ژێر کاریگەر گۆڵشیرەی، ئەوە محەمەد ڕەمەزانی لە (مزگێنی)دا هەوڵی سەربەخۆی زیاتری دەدا کە لەم کاریگەریەی چیرۆکی فارس کە ساڵانێک بوو لەگەڵمان بوو دەرباز بێت، بۆیە زیاتر پێکهاتە و فۆرمی نووسراوەکانی ڕەمەزانی بە چیرۆکی بیانی نزیکەترە تا چیرۆکی فارس. لە ناوەرۆکیش دا هەوڵی ئەوەی داوە مۆرکی کوردی پێوە بێت. قۆناغی دووهەم بەدڵخۆشیەوە بەرهەمی زۆری تێدا چاپ بوو و ئیتر ئەو وەستان و بێدەنگییەی قۆناغی یەکەم بۆ هەمیشە نەما. هەر لەم سەردەمەدا، ناسر وەحیدی دوو کۆمەڵە چیرۆکی (هاوا) و (خەونەکانی ئیقلیمی با) (١٣٧٦)، بڵاودەکاتەوە و لە پێشداش ساڵی (٧٤) کۆمەڵە چیرۆکی (خەوەڕاو)ی بڵاوکردبۆوە. ڕۆمانی (شاربەدەر)ی حسێن شێربەگی هەر ساڵی (١٣٧٧) بڵاودەبێتەوە و دوو ڕۆمانی (بلیند و نەوی) خاتوو نەسرین جەعفەری و (هەزار ئەشکەوتی) عومەر سووڵتایش لەو ساڵەدا دێنەدەرێ. هەڵبەت ئەم دوو ڕۆمانەی دوای نایەنە قۆناغەی دووهەم و زیاتر لە قۆناغی یەکەم دا جێگیر دەبم. ئەوەش بڵێم ئەمە بە هیچ ڕوو بە مانای کەم و کۆڕ بوون بۆ ئەم دوو بەرهەم نییە بەڵکوو مەبەستم لە پێکهاتە و شێوە داڕژتنی فەزای ئەم دوو ڕۆمانەیە. یانی وەک کارەکانی تر کاریگەری چیرۆکی مۆدێڕنیستی یان پێوە دیار نییە»
ئەم ڕۆژنامەوانە قۆناغی سێهەمی بە قۆناغێک پڕ لە نووسەر و چیرۆک پێناسە کرد و لە درێژەدا ئاماژەی دا:
« قۆناغی سێهەم، کە لە ساڵی (١٣٨٥) تا ئێستاکە بەردەوامە، ئێمە بە چەشنەگەی جیاواز لە پێکهاتەی گێڕانەوەی و ناوەرۆک و لەحن بەرەوڕوو دەبینەوە، بەڵام بەگشتی ئەم قۆناغە لە پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم و جیهانی تەم و لێڵی قۆناغی دووهەم لە زۆربەری بەرهەمەکان دەرباز بووە و نووسەرەکان هەوڵی ئەوەیان داوە ئاورێکی نوێ بە سووژەکانی کوردی بدەنەوە، هەر لە پێناو ئەم مەبەستەش فرە دەنگی، کاراکتەری جیاواز لە گشت چینەکانی کۆمەڵگا و چەند ڕەهەندی خوێندنەوەمان هەیە، بۆ نموونە برێ نووسەر سرنجی تایبەتیان بە توانستە گێڕانەوەیەکانی ئەدەبی زارەکی کوردی نیشان داوە، وەکوو عەتا نەهایی لە ڕۆمانی (گوڵی شۆڕان)دا کە تێمی چیرۆکەکەی لە بەیتی (لاس و خەزاڵ) وەردەگرێت و لە ناو چیرۆکێکی ئەمرۆیی دا، دایدەرێژێتەوە واتە کەڵک وەرگرتن لە فۆلکلۆری کوردی بۆ بەرهەم هێنانی چیرۆکی مۆدێڕن، یان سەید قادر هیدایەتی لە لەحنی مەزهەبی و خانەقایی کە لە مەحفلی دەروێشانەی کوردی ئەبیسترێت، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی (تۆقی عەزازیل) کەڵک وەردەگرێت. جیاواز لەم بەرهەمانە ئەتوانین بە سێ کۆمەڵە چیرۆکی بریا کاکەسووری بە ناوی (تابووتی تەمەن)،(سەفەرنامەی دۆزەخ) و (مەرگەژین) ئاماژەکەین کە لە بەرهەمە هەرە باشەکانی کورتە چیرۆکی ئێمەن. یەکێ لە باشترین بەرهەمەکانی ئەو ساڵانەی دوای کۆمەڵە چیرۆکەی (پاشای تەنیایی)یە لە نووسینی عەلی غوڵامعەلی، ئەم بەرهەمە بە باشی توانیویەتی فۆرمی کورتە چیرۆک بە پێکهاتەی بەهێز و زمانێکی سرنج ڕاکێش نیشان دات. کۆمەڵە چیرۆکەکانی (پیاوێکی ریش خەنەی) عەزیز مەحموودپووریش یەکێ لە بەرهەمە باشەکانی کورتە چیرۆکی ئێمەن».
ناوبرواو لە درێژەدا وتی:
«ئەمرۆکە، تەنانەت هەمانە کە بە بن زاراوەیەکی تایبەت چیرۆکی نووسیوە، وەک سەراج ئەددین بەناگەر، لە کۆمەڵە چیرۆکی (چاوشارۆکێ) و ڕۆمانی (قولولولوو). کە بە بن زاراوەی ئەردەڵانی دایڕشتوە. فەروخ نێعمەتپوور لە زمانێکی فەلسەفی بۆ گێڕانەوەکانی سوود وەردەگرێت بە تایبەت لە ڕۆمانی (باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام). یەکێ تر لە ڕۆمان نووسە باشەکانمان شارام قەوامییە کە دوو ڕۆمانی بە ناوی (سوەیلا) و( پاڵتاوشۆر)ی هەیە و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی (مێژووییترین زامی دایکم )کە لە بەرهەمەکانی پێشوویەتی، کامران حامیدی لە سێ رۆمانی (زینوێ بەتەم)، (گۆمی بەردەلانکێ) و (مان و نەمان) ڕەهەندەێکی جیاواز لە ڕۆمانی مێژوویی ئێمەی خوڵقاندوە، مەنسوور حامیدی لە ڕۆمانی (دوورە دەراوی سوورە چۆم) هەوڵێکی شایانی بۆ ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن داوە».
کاوان محەمەدپوور لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ناوی برێ نووسەر و چیرۆک نووسی گەنج دا و وتی:
«لە کۆتاییدا ئاماژەیەکی گشتی بە نووسەرە گەنجەکان دەکەم، کە لە ڕاستی دا دڵخۆشی داهاتووی چیرۆکی کوردین. یەکێ لەو کەسانە عەلی حسێنی بە ڕۆمانی (کەتنگە) و (سەفەرەکانی شەوبا)یە کە ئەم دواین ڕۆمانەی ساڵ (٩٦) بڵاوکردوە. ڕزگار لوتفی بەرگی یەکەمی ڕۆمانی (نیشتمان) و سێ کۆمەڵە چیرۆکی تا ئێستا بڵاوکردۆتەوە. خانمی شەپۆڵ مەجیدپوور بە کۆمەڵە چیرۆکی (ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندارنەوە) لە پێشدا وەکوو دەنگێکی نوێی چیرۆک نووسی ژنان خۆی ناساند و لەم دوایەنەدا سێ نۆڤێڵتی لە کتێبکدا بە ناوی (حکوومەت نیزامی) و چیرۆکێکی درێژ بە ناوی (ملوانکەکانی دایکم) کە چیرۆکێکە بۆ مناڵان و ڕەخنە لە تەڵاق و جیایی خێزانەکان دەگرێت بڵاوکردۆتەوە، هێمن عەبدوڵاپوور لەو گەنجە چیرۆک نووسانەیە کە داهاتوویەکی باشی بۆ پێشبینی دەکرێت. هێمن ساڵی (٩١) کۆمەڵە چیرۆکی (دەنگە دەنگی بێ دەنگی) و ئەم ساڵ (٩٦) کۆمەڵەچیرۆکی (با زۆر شت لەگەڵ خۆی نابا)ی بڵاوکردۆتەوە، هیوا قارەمانی ئەم ساڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی بە ناوی (نیار) بڵاوکردۆتەوە، کە زمانی گێڕانەوەیەکی تایبەتی هەیە، خانمی چنوور سەعیدی دوو کۆمەڵە مینیماڵی بە ناوی (هەناسەی پێخەفە داخراوەکانی ئەبەدی) و( تەنیا خەمی گوڵە مێخەکەکانمە) تا هێستا بڵاوکردۆتەوە. خانمی سارا سادقزادە ساڵی (١٣٩٥)، ڕۆمانی (ئاسمانێکی بێ مەودا) و کۆمەڵەچیرۆکی (ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن) بڵاوکردەوە. وەکوو دواین قسە دەبێت ئاماژە دەم بە دڵخۆشیەوە بە هۆی بەردەوامی و زۆرینەی نووسەری چیرۆک ئەمرۆکە هۆمێدەواریەکامان بەر دڵ کەوتووە کە ژانری سەردەم، واتە (ڕۆمان)، کایەکی بنەڕەتی و بەردەوام لە داهاتووی ئەدەبیاتی ئێمەدا بگێرێت و گەریانێکی چیرۆکی نووسی سەقام گیر بە گشت پێکهاتە و ڕەهەندەکانی پێک بێت، ئەگەر ئێمە، خوێنەری چیرۆکی کوردیمان هەبێت، بێ گومان چیرۆکی باشیشمان دەبێت و ئەو توانستەمان هەیە کە وەرگێڕی باش ئەم ژانرەی کوردستانی ئێران بە خوێنەری جیهانی بناسێنێت.»
کۆڕی (خوێندنەوەیەکی مێژوویی لەسەر چیرۆکی کوردی)، لە درێژەی چالاکە فەرهەنگییەکانی کافە کتێبی پاییزە لە شاری سنە پێکهات بوو.
|