تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۴ مهر ساعت ۱۲:۳۳ بازدید: 2870      نظرات: 0      کد مطلب: 4596

دیمانە‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو "کانەبی"


ئاماده کردنی: هەرمان وەتمانی

 

_ زۆربه‌ی خەڵک پتر به "کانه‌بی" ئێوە دەناسن، تکایه خۆتان زیاتر بۆ خوێنه‌رانمان بناسێنن...

* ئه‌من کاک نه‌بی خزری مه‌شهوور به کانه‌بی، وه‌له‌دی ساڵی 1313 له دێهاتی ده‌وه‌شاری بۆکان، کوڕی هه‌باسه‌ خڕه که وه‌ختی خۆی به‌یت بێژێکی ناسراو و ئوستاد بوو. ئه‌من بۆخۆم له ئاوایی کامه‌م نێوم ده‌رکردووه، چوون له ده‌وه‌شاری فه‌قیر و هه‌ژار بووین و له‌گه‌‌ڵ برایه‌کم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربازی نه‌که‌ین وێڕای بنه‌ماڵه ڕوومان له کامه‌می کرد. ئه‌و ده‌می دایک و بابم مابوون و بابم به‌یت بێژێکی حێرفه‌یی بوو، زۆربه‌شی عومرم له کامه‌می بووم و له‌وێ مووچه و مه‌زرامان هه‌بووه و ده‌ منداڵم بوون هه‌مووی له کامه‌می به وه‌له‌د بوون.

ــ چۆن بوو ده‌ستان دایه نایه و تا چ ڕاده‌یه‌ك هۆگری ئه‌م هونه‌ره بوون؟

* عه‌رزت بکه‌م ئه‌من له ده‌وه‌شاری حه‌وت ساڵان چوومه به‌ر مه‌ڕی، ئه‌و ده‌می شمشاڵم لێده‌دا که هاتینه کامه‌م نایه‌م هه‌ڵگرت ئه‌و ده‌می نایه و ئامێری دیکه‌ی مۆسیقا که‌م بوون، خانه‌نده گه‌وره‌کان وه‌ک ئاغای ماملێ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئامێری وه‌ک زه‌رب و تار و که‌مانچه کاریان ده‌کرد، ئه‌و خانه‌ندانه‌ی نه‌ختێک پایینتریش بوون ئامێریان له‌گه‌ڵ نه‌بوو، ئه‌وان له‌به‌ر یه‌کیان ده‌گێڕاوه‌. زۆر داوه‌ت دهۆڵ و زۆڕنای لێده‌بوو.  ئه‌من له شمشاڵی ڕا فێری نایه بووم. ته‌شویقی جه‌ماعه‌تیش هێنده‌ی ده‌مبیسته‌وه‌ بوو به باعیس. ئه‌من ئوستادی نایه‌م نه‌بووه پێم وایه به ته‌شویقی خه‌ڵکی سه‌رکه‌وتم و ئه‌و کاتیش که نایه‌م ده‌ست پێکرد تازه‌ هاتبووینه مه‌نتیقه‌ی کامه‌می و ژنم هێنابوو به‌ڵام منداڵم نه‌بوو.

_ بۆ شمشاڵیش مامۆستاتان نه‌بووه؟

* ئوستادی شمشاڵم هه‌بووه، غه‌فووره خڕه‌یه‌ک هه‌بوو ماڵی له بۆزه‌ی محاڵی بوو، یه‌کی چکۆڵه‌ی چاوشین بوو ئه‌من شمشاڵی له‌وی فێر بووم. گوێم له شمشاڵی قادری مینه‌ی مرادیش بووه که خه‌ڵکی مشیرابادی کن سه‌لاوڕه‌حیم خانی بوو، ئه‌وانه ئوستاد بوون.

_ باوکتان چی، مامۆستایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو بۆ فێری بوونی ئه‌و به‌یتانه‌ی ده‌یزانی؟

* ئه‌و له کن دوو که‌سان به ناوه‌کانی خه‌ڕناڵ و هه‌ڵکه‌تیو که خه‌ڵكی شاروێرانی بوون له ماوه‌ی حه‌وت ساڵان فێری ئه‌و به‌یت و حه‌یرانانه بووه. زه‌مانی بابم زه‌بت و دووربین نه‌بوو ده‌نگی لێهه‌ڵگرنه‌وه‌ هێندێک که‌س ده‌هاتنه لای شتیان لێ ده‌نووسێوه‌ یان عه‌کسیان ده‌گرت وه‌ک حوسێنی مه‌ده‌نی یان ماڵه سه‌ییدیان و ئه‌یووبیان.

_ تا ئێستا له‌گه‌ڵ کام هونه‌رمه‌ندان کارت کردووه و نایه‌ت بۆ لێداون؟

* وه‌ڵڵا نایه‌م بۆ زۆر که‌سان لێداوه، سه‌ید عه‌بدوڵڵای بورهانی که شاعیرێکی ئوستاد بوو، محه‌ممه‌دی خه‌لیل شای، سه‌یدڕه‌حمانی حاجیاڵی‌که‌ندی، عه‌لی خه‌ندان، حوسێن شه‌نگه، که‌ریم تاته‌ری، عه‌زیزی عه‌لێ خڕه‌ی، شه‌ریف، حوسێنی مه‌حموود شه‌شه‌ی، برایمی قادری، ڕه‌سووی نادری، محه‌ممه‌د خه‌ڵیفانی، مه‌لا حوسێن، ماملێ، عه‌زیز شاروخ، تاهیر خه‌لیلی، سه‌ید برایم سه‌قزی، عه‌لی حه‌کیمی و کوێخا ڕه‌سوو و...

_ چۆن چاو له هونه‌ره‌که‌تان ده‌که‌ن؟

* عه‌رزی خدمه‌تت ده‌که‌م عه‌لاقه‌شم پێی بووه‌ و ده‌راماتیشی بۆ من هه‌بووه‌.

_ وا هه‌بووه له شوێنێک نایه بۆ که‌سێک لێبده‌ن و تا ئێستا گوێتان له گۆرانییه‌که نه‌بووبێ؟

به‌ڵێ، چوون ته‌مرینم زۆر بووه‌ دێتوومه‌ته‌وه‌، ده‌نگی وایه باڵایه ده‌بێ بتوانی له باڵا کار بکه‌ی، ده‌ه‌نگی وایه وه‌سه‌ته ده‌بێ له وه‌سه‌تێ کار له‌گه‌ڵ ئه‌و خانه‌نده‌یه بکه‌ی، ده‌نگی وایه زۆر پایینه ده‌بێ بتوانی له‌وێش کار بکه‌ی، ده‌نگی وایه له‌و سێ قامکانه‌ی سه‌ری ده‌یبینمه‌وه‌، ده‌نگی وایه له نێوه‌ڕاستێ و ده‌نگی واشه له ئاخری قامکه‌کان، به هه‌ر جۆرێک بێ ده‌بێ جوابی خانه‌نده‌که بده‌یه‌وه‌.

_ بۆ بین خواردنه‌وه‌ش ته‌مرینێکی تایبه‌تیتان هه‌بووه‌؟

* بین خواردنه‌وه‌‌م ئاوا بوو، له به‌ر مه‌ڕی ئاوم له جامێک ده‌کرد کڵۆشی گه‌نمی که کوون بوو و باریک بوو له جامه‌که‌دا فووم تێده‌کرد، فوویه‌که‌م هه‌ڵیشده‌کێشا، ئه‌گه ئاوه‌که بڵقه‌ی نه‌دابا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ بوو بینم نه‌خوارده‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ بڵقه‌ی دابا ئه‌وه‌ بینم خواردبۆوه.

_ تا ئێستا له شوێنێک وت‌ووێژتان له‌گه‌ڵ کراوه‌ یان به‌شداری کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سمی بوون؟

* له هه‌ولێر مامۆستا وریا وت‌ووێژی له‌گه‌ڵ کردووم له سلێمانیش مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، پێش ئینقلابیش هاتووچۆی فه‌رهه‌نگ و هونه‌رم ده‌کرد و زۆربه‌ی کاره‌کانم له‌وێ زه‌بت ده‌کران، هه‌ر ئه‌و ده‌می له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان ده‌یانناردین بۆ مه‌راسمات له شاره‌کانی ئێران وه‌ک کرماشان و بابول و .... ئێستا جارجاره تیکه تیکه نایه‌ی من له ڕادیۆ بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.

_ ئه‌و ئامێرانه‌ی ده‌یانزانن ناویان چییه؟

* شمشاڵ، نایه، قه‌ره‌نه‌ی، نه‌ی، تووزه‌له، تووته‌ک و به گشتی ئه‌و سازانه‌ی له‌م جۆره‌ن.

_ له ته‌واوی ئه‌و سازانه زیاتر حه‌زت له کێهایانه؟

* شمشاڵ.

_ ئه‌ی چۆن بوو وازت لێ هێنا؟

* چوون نایه ده‌راماتی بۆ من تێدابوو.

_ بێجگه له‌وه‌ی که ده‌راماتی تێدابوو چ شتێکی دیکه بوو بۆ هۆکار؟

* ئه‌و ده‌می نایه که‌م بوو ئه‌وه‌ی لێشی ده‌دا نه‌یده‌زانی و به دێیان‌دا ده‌گه‌ڕان، ئه‌من ده‌مزانی ئه‌وانه نازانن لێیده‌ن، عه‌لاقه‌شم پێی بوو و پاشان که که‌وتمه داوه‌تان و ته‌شویقی خه‌ڵکیشی له دوا بوو و ئاغاکانی عێراق و ئێران ده‌عوه‌تیان ده‌کردم ئیدی ده‌ستم له نایه هه‌ڵنه‌گرت.

_ داوه‌تی قه‌دیمتان زۆر دیوه‌ ئه‌و‌ده‌می چۆن بوو؟

* ئه‌من داوه‌تم تا 15 ڕۆژان دیوه‌.

_ ده‌توانن زیاتر باسی لێبکه‌ن؟ چۆن 15 ڕۆژ بوو و ئی که‌سێکی تایبه‌ت بوو؟

* عه‌رزت بکه‌م هه‌ر دوور نه‌ڕۆین عه‌لی ئاغای به‌یتاسی... داوه‌تی ئه‌و، پازده ڕۆژان داوه‌تمان بۆ کرد، دوای ئه‌و پازده ڕۆژه چووینه داوه‌تی گوێچکه ده‌رێ ئی کوڕی هه‌مزاغای باپیراغای ئه‌ویش پازده ڕۆژ بوو و به‌م دوو داوه‌ته یه‌ک مانگی پێ‌چوو.

_ له‌ ماوه‌ی ئه‌و 15 ڕۆژه‌دا که‌سێکی تایبه‌ت گۆرانی ده‌گووت؟

* نا، زۆر بووین ئه‌من له‌گه‌ڵ کاک ڕه‌سووی نادری و ساڵه بۆکانی بووم و ده‌سته‌یه‌کی دیکه حه‌سه‌نه که‌چه‌ڵ و مسته‌فای ئیفتیخاری بوون و چه‌ندین که‌سی دیکه‌، خانه‌نده‌ی ژوورێش ماملێ و مه‌لاحوسێن بوون. جا به وه‌خت بوو هه‌ر خانه‌نده‌یه‌ی له ڕۆژێکی‌دا سه‌عاتیان بۆ دیاری ده‌کرد که چه‌ندی بڵێ.

_ زۆر سوپاس که وڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه‌تان داوه‌.

* ده‌ستی ئێوه‌ خۆش بێ که زه‌حمه‌تتان کێشاوه‌.

 * کانه‌بی ساڵی 1392ی هەتاوی له شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. ئه‌م دیمانه‌یه دەگه‌ڕێته‌وە بۆ 1ی بانه‌مه‌ڕی 1387ی هەتاوی 






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد