تاريخ: ۱۳۹۴ سه شنبه ۲۰ بهمن ساعت ۲۳:۵۴ بازدید: 211      نظرات: 0      کد مطلب: 1448

ڕەوانناسیی گوفتومانی، مۆدێلێک بۆ دیالۆگی دەق، زمان و خوێنەر


(ڕامانێکی ڕەوانناسانە لەسەر کۆمەڵە شێعری "سیس بوون بیرەوەرییەکانم")

یاقووب خزری

 

ئابستڕاکت

ئەو وتارە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر کۆمەڵەشێعری "سیس بوون بیرەوەرییەکانم" نووسینی شاعیری لاو "قاسم تاباک". لەو وتارەدا حەول دراوە لە چوارچێوەی ڕەخنەی ڕەوانناسیی ئەدەبی­( هەڵبەت ڕوانگە نوێیەکانی باو ) ئەو شێعرانە لێک بدرێنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لەو نووسراوەیەدا لە مێتۆدی ئاڕشیوی – کتێبخانەیی و تا ڕادەیەک تەحلیل مەحتەوای کەیفی کەڵک وەرگیراوە. لە کۆتایی­دا بەو نەتیجەیە گەیشتین کە لەسەر ئەساس و بنەمای سێ دیاردەی ڕەوانناسیی گوفتومانی١ و ڕەوانناسیی زمان ئەو کۆمەڵەشێعرە توانیوێتی بە هێنانە کایەی زمانی هەڵس­و­کەوتی کۆمەڵایەتی خۆی لە زمانی دیالۆگی ڕۆژانە نزیک بکاتەوە.

وشەبنەڕەتییەکان

ڕەوانناسیی ئەدەبی٢، ڕەوانناسیی گوفتومانی، ڕەوانناسیی زمان٣، ڕەوانناسی شناخت­گەرایی٤. سایکۆکڕیتیک5

پرسیاری سەرەکی

ئایا کۆمەڵەشێعری " سیس بوون بیرەوەرییەکانم" وەک دەقێکی شێعری توانیوێتی خۆی لە زمانی دیالۆگی ڕۆژانە نزیک بکاتەوە و بەردی بناغەی پێوەندی دەگەڵ خوێنەر وکۆمەڵگا دابمەزرێنێ؟

پێشەکی

بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەق دەردەکەوێ ڕەوانناسی بە گشتی و ڕەوانکاوی 6 بە تایبەتی بۆ خوێندنەوەی دەق لە سێ مێتۆدی سەرەکی کەڵکی وەرگرتووە، هەڵبەت مێتۆدێکی چوارەمیش دەکرێ بە هێندێک وردەکارییەوە زیاد بکرێ.

مێتۆدی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەسپێکردنی ڕەخنەی ڕەوانکاوانەی دەق و لە حەقیقەت­دا مەوجی یەکەمی ئەو ڕەوتە؛ ئەویش خوێندنەوەی دەقە لە ڕێگای نووسەر یان بە واتایەکی تر داهێنەری دەق. لەو قۆناغەدا ڕەخنەگری ڕەوانناس حەوڵ دەدا لایەنە شاراوەکانی هزری نووسەر بدۆزێتەوە؛ یان بە واتایەک لە ڕێگای دەق خۆی بگەیێنێتە نەستی داهێنەر(یاوەری،1386؛ لل: 26-26). لە مەوجی دووهەمی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەق، تاقمێک لە ڕەخنەگرانی ڕەوانناس پێیان وابوو لێکدانەوەی دەقێکی ئەدەبی یا هونەری تەنیا لە ڕێگای دۆزینەوە و کەشف­کردنی نەستی نووسەر بەدی نایە؛ بۆیە حەولیان دا زیاتر کار بکەنە سەر خودی دەق. لەو قۆناغەدا دەق ئامرازی سەرەکی بوو بۆ تەفسیر. دەق سەرچاوەی تێگەیشتنێکی ڕەوانناسانەیە لە پڕۆسەی داهێنانی هونەری و ئەدەبی. لە مەوجی سێهەمی ئەو ڕەوتەدا ڕەخنەگرانی ڕەوانناس ئاوڕیان نەک لە نووسەر یا دەق، بەڵکە لە خوێنەری دەق داوە. لەو ڕوانینەدا خوێنەر بوو بە ئامرازی سەرەکی تەفسیری ڕەوانناسەی دەق. گوفتومانی سەرەکی، خوێنەر و چۆنێتی خوێندنەوەی دەقە لە لایەن خوێنەر. بەو واتایە کە تایبەتمەندییەکانی خوێنەر وەک شوناس، فەزای بیرکردنەوە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مێتۆدی بیرکردنەوەی خوێنەر شوێنی هەیە لەسەر ڕوانینی ئەو بۆ دەقێکی ئەدەبی.

بەڵام ئەگەر بمانهەوێ شێوازی چوارەمیش لەبەرچاو بگرین دەکرێ بڵێین تاقمێک لە ڕەخنەگرانی ڕەوانناس لەسەر ئەو باوەڕەن؛ دەشکرێ بۆ خوێندنەوەی دەق لە هەریەک لەو سێ مێتۆدە کەڵک وەرگیرێ. ئەوان دەڵێن ئەوە دەقە دیاری دەکا کام یەک لەو مێتۆدانە کەڵکیان لێوەرگیرێ. ڕەخنەگر بۆی هەیە لە دەقێک­دا لە هەرسێ مێتۆدی باس­کراو کەڵک وەرگرێ( پایەندە، 1390؛ لل: 284-261)

بۆ تاووتوێ کردن و لێکدانەوەی ئەو بەرهەمە شێعرییە، حەول دراوە لە ڕێگای ڕوانگە نوێیەکانی ڕەخنەی ڕەوانناسانە ( بە تایبەت لە چوارچێوەی ڕەوانناسیی گوفتومانی و زمانی­)دا بگەینە قۆناغێک لە لێکدانەوە، کە بتوانین لە کاناڵی [2]شێعرەوە باس لە بنەما مەعریفییەکانی هەڵس­وکەوت­کردن و بەرقەرارکردنی دیالۆگە کۆمەڵایەتییەکان بکەین.

ڕەوانناسیی گوفتومانی مێتۆدێک بۆ خوێندنەوەی دەقی کۆمەڵایەتی

پاڕادایمی لۆژیکی1 ( شناختی ) بە شێوازێکی سوننەتی پاڕادایمێکی2 زاڵ بووە لە ڕەوانناسیی کۆمەڵایەتی­دا3. ئەو پاڕادایمە بە پشت­بەستن بە چەمکە لۆژیکییەکانی وەک، بیرکردنەوە4(ئەندیشە)، تێگەیشتن5(ادراک) و ئیستدلال6 بە دوای پڕۆسەگەلی گشت­گیر و جیهانی­دا دەگەڕێ. چونکە پێی وایە ئەوان هۆکارن بۆ کردەوە کۆمەڵایەتییەکان. سرنجی وان لەسەر لۆژیکی کۆمەڵایەتییە، یانی هەمان شەن­وکەوکردنی(پردازش) زێهنی تەواوی ئەو زانیارییانەی پێوەندییان بە جیهانی کۆمەڵایەتی هەیە( یوورگێنسێن و فیلیپس، 1392: 163).

بە پێی ڕوانگەی شناخت­گەراکان لەسەر مەسئەلەی زمان، زمانی زارەکی و مەکتووب تەنیا ڕەنگ­دانەوەیەکی ساکارانەی جیهانی دەرەکییە. ڕەوانناسیی گوفتومانی بە پێچەوانە، زمانی زارەکی و مەکتووب بە داڕێژەری دووبارەی جیهانێک دەزانێ کە بۆ کردەوە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە( یوورگێنسێن و فیلیپس، 1392؛ لل: 163 و 164).

لێرەدا لە سەر ئەساس و بنەما و کاریگەری فەلسەفەی ویتگێنشتاین ڕەوانناسیی گوفتومانی پێی وایە کە ئاکام و بەرهەمی حاڵەتە ڕەوانییەکان پێویستە وەک هەڵس و کەوت یا کردارێکی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێ نەک ڕەنگ­دانەوەی زات یا جەوهەرێک کە لە پشت ڕیزکردنی هێندێک وشەدا خۆیان شاردبێتەوە. ئەوەی لێرەدا دەکوترێ کردەوەیەکە لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی تایبەت­دا. ماناکەشی پەیوەستە بە شێوازی کارکردی وشە و مەفهوومەکان لەو بەستێنە کۆمەڵایەتییە تایبەتەدا.

[3]لەسەر ئەو ئەساسە ڕەوانناسانی گوفتومانی پێیان وایە گوفتومان بەکارهێنانی زمانە.

ئەو مێتۆدە لە تەحلیل بە پێچەوانەی شناخت­گەراکان کە جەختیان دەخستە سەر لێکدانەوەی پێکهاتەکانی ئینتزاعی زمان ( وەک ڕوانگەی چامسکی1) جەخت دەخەنە سەر دیاردەی بە کارهێنانی زمان لە بارودۆخێکی تایبەت و هەروەها لە متوون و دیالۆگەکانی ڕۆژانەدا. ئەو پڕۆژە شیعرییە ڕاست لە چوارچێوەی ئەو مەفهوومانەدا سەیری ڕووداو و پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکا. تەنانەت پرسە عاتیفییەکانیش هەر بەو شێوەیە سەیر کراون.

ڕەوانناسیی گوفتومانی پێی وایە تاک ئێگزیستێکی گۆشەگیر و مەیوو(منفعل) نییە؛ بەڵکە بە پێچەوانە بەردەوام و بە شێوەیەکی ئەکتیڤ دەگەڵ جیهانی دەوروبەری هەڵس­وکەوت دەکا و خەریکی شرۆڤەکردنی پرسەکانە(هەمان سەرچاوە؛ ل:174). بۆ نموونە:

هەناسەت/ دەنووسمەوە/ لەسەر ڕوخساری مانگ/ شاکارت بۆ دەخوڵقێنم/ دەزانی؟

                        *

چ سەردەمێکی سەیرە/ خاڵخاڵۆکەش /ماڵە خاڵمی/ لەبیر چۆتەوە/ دەزانی؟

                         *

سرووشتییە /کۆچی مەل و /سەفەری ئاو /تۆ/نیشتیمانیشت برد/دەزانی؟

                         *

ئەو هاوینە/گەرمە /بازاڕی تۆ و/ گوللە/لە ڕۆیشتن /ناگەڕێنەوە/دەزانی؟

بە ڕای من یەکێکی تر لەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی وەیکە ئەو پڕۆژە شیعرییە بەردەوام بە پێی بۆچوونی ڕەوانناسانی گوفتومانی دەگەڵ بەردەنگ و خوێنەر لە دیالۆگ دابێ مەسئەلەیەکە کە زانستی ڕەوانناسیی زمان بۆی هەیە بتوانێ

[4]پاساوێکی تێئۆریکی بۆ بێنێتەوە. ئەویش لە چوارچێوەی مەکتەبی ڕەوانناسیی "گێشتاڵت"1­دا باسی کراوە. گێشتاڵتییەکان باس لە سێ یاسای بنەڕەتی دەکەن: 1) دراوسێتی2(مجاورت) 2) وێکچوون3(مشابهت)   3) دژایەتی4(تضاد). ئەو سێ یاسایە هۆکاری سەرەکین بۆ بەرقەرارکردنی پێوەندی نێوان مەفهوومەکان و هەروەها وەدی هێنانی ماناگەلی جیاواز.

ئەو سێ ئەسڵە سەرەڕای وەیکە لە مەفهووم و مانادا جیاوازن، گرینگی بە فرەچەشنی فەرهەنگ وکەلتوورەکانیش دەدەن. لێرە دایە فەرهەنگ دەگەڵ ڕەوانناسی دەکەوێتە کایەکی زمانناسانە. بۆ نموونە ئەوە ڕاستە کە یاسای "دراوسێتی" لە جەوهەر و چییەتی خۆی­دا هەم بۆ کوردێک هەم بۆ فارسێک، عەڕەبێک یا ئاڵمانییەک یەکسان و بەرابەرە؛ بەڵام زێهنی ئینسانی کورد بە بیستنی وشەی نیشتمان لەوانەیە چەند شتی تر تەداعی بکاتەوە وەک: تۆپ، تانک، ئاوارەیی و زۆر شتی تر، کە بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ نۆستالۆژیای ئینسانی کورد و بەشێکیشیان پێوەندییان بە ئێستای ئەو هەیە. بەڵام زێهنی ئینسانێکی ئاڵمانی لەوانەیە کۆمەڵێک شتی تری بۆ تەداعی٥ بێتەوە( مێهرەگان،   1348 ). لێرەش­دا ئەو دراوسێتییە زمانی و مەفهوومییە لە هێندێک لەو شێعرانەدا بەرچاوە.

-      دراوسێتی خۆڵ و وڵات، پێڵاو و بۆن لەو شێعرەدا:

لە هەر شوێنێک بم / خۆڵی وڵاتی خۆم /دەناسمەوە /بۆنی پێڵاوەکانتی گرتووە /دەزانی؟

-      دراوسێتی تانک و تۆپ و خوێن لەو شێعرەدا:

تانک/تۆپ/ خوێن/ کەس/ باسی تۆ ناکا/ دەزانی؟

-      دراوسێتی قومار، منداڵی، شەڕە تفەنگ و کوشتن لەو شێعرەدا:

[5]خۆزگەم/ بە قوماری منداڵی و/ شەڕەتفەنگ/ قەت/ یەکترمان نەدەکوشت/ دەزانی؟

دراوسێتی دووکەڵ و سیگار لەو شێعرەدا:

دووکەڵی هەموو سیگارێک/ بۆنی/ چاوەڕوانی لێ دێ/ دەزانی؟

دراوسێتی سەر، سپی و ڕەش لەو شێعرەدا:

سەرت/ سپی کردم/ دڵم ڕەش/ چەندە.../ دووڕووی/ دەزانی؟

هۆکارێکی تر کە لەوانەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەو لێکدانەوەیە یارمەتیمان بدا بۆ دەرک­کردن و فام­کردنی زیاتری ئەو ئەزموونە شێعرییە ڕوانینی شارڵ مۆرۆنە1 لە چوارچێوەی مەوجی دووهەمی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی ئەدەبی­دا و هێندێک وردە باسی پێوەندیدار کە لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە.

مێتۆدی سایکۆکڕیتیک

جاری وایە تاقمێک لە بیرمەندان بەهای تەفسیرە ڕەوانناسییەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. چونکە ڕایان وایە هەندێ جار " بەرهەمی ئەدەبی " وەکوو وتەی نەخۆشێک حیسابی بۆ دەکرێ. ڕەخنەی ڕەوانناسانەی مۆرۆن دەست لە داشکانی ئەدەبیات هەڵدەگرێ و سرنجی زیاتر بە مۆسیقا، دەوڵەمەندی و هاوئاهەنگی ئاسەوارەکان دەدا. فڕۆید پێشتر کوتبووی کارکردی ڕەوانکاوی تەنیا بۆ نەخۆشییە ڕەوانییەکان نییە، بەڵکوو یارمەتیدەریشە بۆ چارەسەرکردنی مەسئەلە هونەرییەکان. تاقمێک لە ڕێڕەوانی فڕۆید، پێیان وایە بەرهەمی ئەدەبی کەرەسەیەکە بۆ گەیشتن بە قووڵاییەکانی ناو ڕۆح و ڕەوانی داهێنەر؛ بۆیە ئەو تاقمە هەرگیز نەیان ­توانیوە شاکارە زمانییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگێنن. کاری ئەو ڕەخنەگرانەش تەنیا لە چوارچێوەی ڕەوانناسی­دا دەمێنێتەو. بۆ نموونە لە بووفی کووری سادقی هیدایەت­دا لە جیاتی وەیکە بیر لە وەدی هێنانی مانا بکەنەوە یا نیشانە و سەمبۆلەکان دەرک بکەن، تەنیا گرێی ئۆدیپیان وەبەر چاو دێ. یانی هیدایەت نەک نووسەر بەڵکوو نەخۆشێکە.

بۆ شاڕل مۆرۆن، شرۆڤە و لێکدانەوەی پڕۆسەکانی پێوەندیدار بە نەستی مرۆڤ گەیشتن بە جیهانی دڵخواز یا تاڵی دنیای خەیاڵە لە ڕێگای سەمبۆلەکانی زمانەوانی( غیاسی، 1382: لل 170-169).

مێتۆدی "سایکۆکڕیتیکی مۆرۆن" هێندێک پرسیاری سرنج­ڕاکێش لە ئەدەبیات دەکا و وڵام­گەلێکی باشیش وەردەگرێتەوە. ئەو پرسیارکردن و وڵام­دانەوەیە لە دەرک­کردنی بەرهەمی ئەدەبی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە. مۆرۆن بۆ تەفسیری بەرهەمی ئەدەبی گرینگی بە خودی دەق­ دەدا تا داهێنەر. سایکۆکڕیتیک مێتۆدێکە بۆ خوێندنەوەی دەق و ڕووناکبیری لە دەق­دا. بە پێی ئەو ڕوانگەیە هێندێک لە دیاردەکانی ناو دەق ڕەنگ­دانەوەی فەزای فەرهەنگی و کۆمەڵایەتین(نموونە شێعرەکان لە خوارەوە هاتوون). هەر بۆیە خوێندنەوەی نەستی مرۆڤ بە مێتۆدی سایکۆکڕیتیکی مۆرۆن یا "ڕەخنەی ڕەوانناسانە" هەم بەرهەمی تاکە و هەمیش بەرهەمی حەزە سەرکوت­کراوەکانی فەزای ژیانی مرۆڤ( هەمان سەرچاوە، لل: 174-169).

هەموو سنوورێک/ چرای سووری هەیە/ ئێمە بێ چراین/ دەزانی؟

گەرم... گەرمە/ سارد نابێتەوە نیشتمان/ بە تینی گوللە/ دەزانی؟

دیکتاتۆڕەکان/ لە سەرەمەرگ/ حەز لە منداڵی دەکەنەوە/ دەزانی؟

کۆبەندی باسەکان

لەو وتارەدا باس لە سێ چەمکی بنەڕەتی لە زانستی ڕەوانناسی بە گشتی و ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەقی ئەدەبی بە تایبەتی کرا. پاشان بە پشت­بەستن بە بنەما تێئۆری و مەعریفییەکانی ئەو سێ چەمکە هێندێک لایەنی کۆمەڵە شێعری " سیس بوون بیرەوەرییەکانم" نووسینی قاسم تاباک شرۆڤە کران. پرسیارێکی سەرەکی لەو وتارەدا خرایە بەرباس، پرسیارەکە بەو شێوەیە بوو:

  • ئایا کۆمەڵەشێعری " سیس بوون بیرەوەرییەکانم" وەک دەقێکی شێعری توانیوێتی خۆی لە زمانی دیالۆگی ڕۆژانە نزیک بکاتەوە و بەردی بناغەی پێوەندی دەگەڵ خوێنەر وکۆمەڵگا دابمەزرێنێ؟

ئەو کۆمەڵەشێعرە بە پێچەوانەی ڕوانینی ڕەوانناسانی شناخت­گەرا بۆ مەسئەلەی زمان دەڕوانێتە پرسەکان. چونکە هەر وەک پێشتر ئامەژەی پێکرا ئەوان(شناخت­گەراکان) زمانی زارەکی و مەکتووبیان تەنیا ڕەنگ­دانەوەی ساکارانەی جیهانی دەرەکی دەزانی؛ بەڵام ڕەوانناسانی گوفتومانی زمانی زارەکی و مەکتووب بە داڕێژەری دووبارەی جیهانی کردەوە کۆمەڵایەتییەکان دەزانن. بە پێی وەیکە بەشێکی زۆر لە مەزموونی ئەو شێعرانە پێوەندییان بە بارودۆخێکی تایبەت و هەروەها چاخێکی مێژوویی تایبەت هەیە، دەکرێ بڵێین ئەو بەرهەمە شێعرییە لە دەلاقەی بنەما مەعریفییەکانی دیاردەی ڕەوانناسیی گوفتومانی­دا سەیری پرسە کۆمەڵایەتی و عاتیفییەکانی کردووە. یانی شاعیر ئیگزیستێکی گۆشەگیر و مەیوو نەبووە لە بەرابەر ئەو پرس و ڕووداوانەدا.

هەروەها لە درێژەی بە ئاکام­گەیشتنی ئەو پڕۆسەیە، لە چوارچێوەی ڕەوانناسیی گوفتومانی­دا و لەسەر ئەساس و بنەمای یاسای "دراوسێتی" یەکێک لە سێ یاسا بنەڕەتییەکەی مەکتەبی گێشتاڵت، هێندێک وشە و مەفهووم بە هێنانە کایەی تاقمێکی تر لە وشە و مەفهوومەکان تەداعی بوونەوە. بۆیە ڕەوانناسیی زمان بە گشتی و بۆچوونی گێشتاڵتییەکان بە تایبەتی، پێمان نیشان دەدەن ئەو کۆمەڵە شێعرە لە ڕێگای ئەو وشە و مەفهوومانەی تەداعی بوونەتەوە، کاریگەریی بارودۆخێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و جوغڕافیاییان پێوە دیارە.

گوزارەکانی مێتۆدی سایکۆکڕیتیکی مۆرۆنیش کە لە مەوجی دووهەمی ڕەخنەی ڕەوانناسانەدا مەتنی کردە گەنجینەی تەفسیر، لەو کۆمەڵەشێعرەدا بەرچاون. ئەو گوزارانە بریتین لە: ڕووناکبیری لە دەق­دا، فەزای فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و حەزە سەرکوت­کراوەکانی ژینگەی شاعیر. هەمووی ئەوانە وەک ئەو نموونەشێعرانەی لە وتارەکەدا هێناومنەوە لە بەشێکی زۆر لە شێعرەکان­دا هەستیان پێدەکرێ.

سەرچاوەکان:

-      پاینده، حسین، (1390)، گفتمان نقد(مقالاتی در نقد ادبی)، تهران: نشر نیلوفر

-      غیاثی، محمد تقی، (1382)، نقد روانشناختی متن ادبی، تهران: نشر نگاه

-   مهرگان، هوشنگ، (1348)، نگاهی به دانش نوین روانشناسی زبان، نشریه­ی: پژوهشهای فلسفی، تابستان و پاییز1348، دوره­ی اول، شماره­ی 90 و 91، صص 184-169

-   یاوری، حورا،(1386)، روانکاوی و ادبیات(دو متن، دو انسان، دو جهان از بهرام گور تا راوی بوف کور)، تهران: نشر سخن

-   یورگنسن و فیلیپس، ماریان و لوئیز، (2002)، نظریه و روش در تحلیل گفتمان، ترجمۀ: هادی جلیلی،(1392)، تهران: نشر نی

سرنجەکان:

-   شەڕەفکەنی، ئەبدوڕڕەحمان( ناسراو بە هەژار)، ( 1369 )، فەرهەنگی کوردی - فارسی هەنبانە بۆرینە، تاران: نەشری سرووش

-       ئەبدوڵاپوور، هەژیر،( 2008)فەرهەنگی فارسی – کوردیی هەژیر، دهۆک: نەشری خانی

هەروەها سرنج دراوەتە سەر ئەو فەرهەنگە ئینگلیزییە:

-     Bhatia, M.S, (2009), Dictionary of Psychology And Allied Sciences, India, New delhi: New age International (P) Limitted.

 


1-        Discoursive Psychology

2-       Literary Psychology

3-       Psycholinguistics

4-       Cognitive Psychology

5-       Psycho critique

6-       Psychoanalysis

  

1-       Logic

2-       Paradigm

3-       Social Psychology

4-       Thinking

5-       Perception

6-       Reasoning

1-       Chomsky

1-        Gestalt

2-       Proximity

3-       Similarity

4-       Conflict

5-       Association

1-        Ch. Mauron



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد