پورێكی ئایلان، ئەو منداڵە كوردەى كە دووساڵ لەمەو بەر لە ناو دەریادا خنكا و وێنەكەی بە خنكاویی جیهانی هەژاند، دەڵێت جیهان چارەنووسی ئاوارەكانی لەبیرچووەتەوە.
تیما كوردی ، پوری ئایلان، لە دووەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی تراژیدی ئایلان بە ماڵپەڕی حوڕییەت دەیلی نیوزی راگەیاندووە "ئەوان دواتر هەوڵیاندا یارمەتی ئێمە (كۆچبەران) بدەن سنورەكان كرانەوە، بەڵام دوای چەند مانگێك هەموو ڕۆیشتن بەلای كاری خۆیانەوە".
خێزانی ئایلان لە ساڵی 2015 دا بەنیازبوون لە شاری كۆبانی بەرەو بۆدروم و دواتر بۆ دوورگەی كۆس-ی یۆنان بڕۆن، بەڵام گەشتەكەیان گۆڕا بۆ تراژیدیایەك كاتێ ئایلان و دایكی و ئەندامێكی دیكەی خێزانەكەیان لەناو دەریادا خنكان.
دواتر تەرمی ئایلان لە كەنارێكی بۆدرومی توركیا دۆزرایەوە و دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكەی لە میدیاكاندا جیهانی هەژاند و دواكرا كارەساتی كۆچبەران چارەسەربكرێت.
تیما كوردی کوتوویهتی: "جیهان گریا كاتێ وێنەی تەرمەكەی ئایلان لە ساڵی 2015 دا بڵاوكرایەوە، بەڵام لەو كاتەوە ئەو دووساڵە بە ناخۆشی تێپەڕیوە."
وتیشی "كاتێ ئایلان لەسەر كەناری دەریا دۆزرایەوە، من بینیم جیهان دەگریا من ناتوانم ڕونیبكەمەوە ئەمە چۆن كاریگەریی كردە سەر من و هیچ وشەیەك ناتوانێت وەسفی بكات، دواتر هەمووان هەندێك هەستیان كرد بە لێپرسراوێتی و بیریان دەكردەوە كە چۆن ڕەنگە ئایلان كوڕێكی ئەوان بوایە".
عەبدوڵا كوردی، باوكی ئایلان، كە هاوسەرەكەی و دوو منداڵی لەدەستدا سەرەتا ویستی بگەڕێتەوە بۆ كۆبانێ بەڵام نەیدەتوانی بژێوی خۆی دابینبكات.
عەبدوڵا ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ كردووە، ئەو لەو كاتەوە لە هەولێر دەژی.