تاريخ: ۱۳۹۴ پنج شنبه ۱۳ اسفند ساعت ۲۳:۷ | بازدید: 1274 نظرات: 0 کد مطلب: 1433 |
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گوتەبێژی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لە بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستمی فیدڕاڵیی لە سووریا دەكات.
به پێی ههواڵی ههواڵدهریی هاژه، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ: "سەبارەت بە ئایندەی سووریا و بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیریی و دروستبوونی هاوبەشییەكی راستەقینە لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی سووریا، هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لە بیرۆكەی پێكەوەنانی سیستمی فیدڕاڵیی لە سووریا دەكات".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: "بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە لایەنە كوردییەكانی سووریا دەكەین كە یەك هەڵوێست بن و بە وتارێكی سیاسیی هاوبەش پێداگریی لەسەر داواكاریی بۆ سیستمی فیدڕاڵیی لە ئایندەی سووریادا بكەن.
ئەمە لە کاتێکدایە جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگێ ریابکۆڤ رۆژی دەشەممەی رابردوو رایگەیاند: "ئەگەر هەیە سووریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدڕاڵیی ئەگەر ئەم سیستمە خزمەت بە پاراستنی یەکپارچەیی وڵات بکات".
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی: "ئەگەر لە کۆتایی دانووستانەکان و گفتوگۆکان لەبارەی شێوازی سیستم لە ئایندە لە سووریا گەیشتنە ئەو باوەڕە.. ئەوا سیستمی فیدڕاڵیی خزمەتێکی گرنگ بە پاراستنی سووریای یەکپارچە و عەلمانیی و سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی دەکات، ئەوکات کێ ئەمە رەتدەکاتەوە؟".
پێشتریش بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا پەیڕەوکردنی بیرۆکەی سیستمی فیدڕاڵیی بە دوور نەزانی و رایگەیاند: "هەر گۆڕانکارییەک دەبێ بە رێگەی گفتوگۆ بێ لە نێوان سوورییەکان و ریفراندۆم بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست لە دەستوور".
نزیکەی پێنج ساڵە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەردەوامە، بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو شەڕە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن هاووڵاتی سووریا و ئاوارەبوونی نزیکەی 11 ملیۆنی دیکە و خاکی سووریا بەسەر چەند ناوچەیەکی بندەستی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان دابەش بووە.