تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۱۴ مرداد ساعت ۱۸:۲۰ بازدید: 1769      نظرات: 2      کد مطلب: 4323
هەنگاوێکی زۆر سەختم هەڵێناوە بەڵام نەبەزیم...

وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه لەگەڵ هونەرمه‌ند "پەروین مەلەک زاده"


هاژه ـ خاتوو پەروین مەله‌ک‌زاده ویڕای سپاس بۆ ئێوەی به‌ڕێز که هاوڕێی ئه‌م دیمانەیەمان بوو، تکایه به کورتی خۆتان زیاتر به بەردەنگانی هاژه بناسێنن.
ساڵی 1354ی هەتاوی له ئاوایی خانکەندی میاندواو له دایک بووم و دانیشتووی شاری مەهابادم. له ساڵی 1372وە دەستم به کاری هونەری کردووە. یه‌که‌م کاری که دەستم پێکرد کارێکی ته‌له‌ویزیۆنی کورت بوو، به دوای ئه‌و کارەدا یانی کۆتاییەکانی ساڵی 72 کاری شانۆم دەست پێکرد، شانۆم زۆر زیاتر له ته‌له‌ویزیۆن خۆش دەوێ، ئه‌گه‌رچی ماوەی 11 ساڵ له مەهاباد دوور بووم بەڵام ئه‌و ماوەیه‌ش کاری شانۆم هەر کردووە. کارەکانم به سێ زمانی کوردی، فارسی و تورکی بووە. کاری تەڕاحی جل و بەرگ ودوبلیریشم لە کارنامەدا هەیە.

هاژه ـ چۆن بوو ڕووتان له دنیای شانۆ و ته‌له‌ویزیۆن کرد؟
هونه‌ر له زاتی ئینسان دایه و له منداڵییه‌وە ورده ورده پەرە دەگرێ، منیش له منداڵییه‌وە ئه‌و هۆگرایه‌تییه‌م به هونه‌ر هەبوو و له قوتابخانه کاری شانۆم دەکرد تا ئه‌وەیکه یه‌کێک له مامۆستایانی قوتابخانه پێشنیاری ئه‌وەی دا له ته‌له‌ویزیۆندا کار بکەم.
هاژه ـ یه‌که‌م کاری ته‌لەویزیۆنیتان چ بوو؟
یه‌که‌م کاری ته‌لەویزیۆنی که دەستم پێکرد کارێکی کورت بوو به نێوی "بازنشسته" که کارێکی کوردی بوو و لەگەڵ کاک مەناف ئیران پەنا دەورمان دەگێڕا و له‌وێدا نەخشی که‌سێکی بەسالاچووم هەبوو.
هاژه ـ یه‌که‌م کاری شانۆییتان چ ساڵێک بوو و چی بووە؟
 یه‌که‌م کاری شانۆییش دەتوانم بڵێم کارێک بوو که ڕۆڵی من له‌وێدا کەمڕەنگ بوو ئه‌م کارە به ناوی "سهراب و ساز و والی قبرستان" به دەرهێنه‌ری کاک مەنافی ئیران پەنا بوو که له کۆتایی شانۆیه‌که‌دا من یه‌ک دەوری سەحنه گوڵم بڵاو دەکردەوە و دەڕۆیشتمه دەر. 

هاژه ـ دوای ئه‌و کاره له چ کارێکی دیکه‌دا رۆڵتان گێڕا و چەنده سەرکه‌وتوو بوون؟
له یه‌کێک فێستیواڵەکاندا من بازی خانمێکم دیت که زۆر جوانی ڕۆڵی گیڕابوو و هەر لەوێ بڕیارم دا که بۆ ساڵی داهاتوو دەبێ من جێگری ئه‌و خانمه بم که بۆ ساڵی دیکه "گلادیاتۆرەکان"مان به دەرهێنه‌ری کاک ڕەحیم نه‌غه‌ده برده سەر سەحنه و کارێکی زۆر باش هاته دەرێ و من خەڵاتی یه‌که‌می دەورگێڕم وەدەست هێنا.
هاژه ـ کاری منداڵانان کەی دەست پێکرد؟
له ساڵی 1373ی هەتاوییه‌وە له ته‌له‌ویزیۆن دەستم به کاری منداڵان کرد، هەر له کۆتایی ئه‌م ساڵەش دەستم به نووسینی کاری منداڵان کرد و ئێستاش بۆ نووسین لەم بوارەدا هەم له ڕادیۆ و هەم له ته‌له‌ویزیۆن بۆ کاناڵەکانی مەهاباد و سەحه‌ری کوردی بەردەوامم، کاری سەحنه‌ییشم هەبووه.
هاژه ـ بۆ گه‌یشتن به‌م ڕۆژه چەنده‌تان سەختی بینی؟
هەنگاوێکی زۆر سەختم هەڵێناوە بەڵام نەبەزیم. ئه‌و کاته‌ی که من دەستم به کار کردن نه ته‌نیا له کۆمەڵگادا بەڵکوو خزمە نزیکەکانی خۆمان  ئازاریان دەدام، باش یان خراپ بەربەرەکانیم لەگەڵ ئه‌و بارودۆخه کرد، ئێستا ئەو ڕێگایه زۆر خۆشه هەر کەس بیهه‌وێ ڕاحەت دەتوانێ بێته ناو کاری هونه‌رییه‌وە، بەڵام ئه‌و سەردەمی ئه‌من و ئه‌مسالی من فەدای هونه‌ر بووین.

هاژه ـ کەواتا له سەر ژیانی تاکە کەسیشتان شوێندانه‌ر بووە؟
زۆر له سەر ژیانی خۆم شوێندار بووە، هەموو ژیانمی داگرتووه [به دەم گریانه‌وە...] نامهه‌وێ دەردی دڵ بکه‌م...
هاژه ـ پێم خۆشە ئه‌وەی پێویسته بیڵێن، ئێوە یه‌ک شەوه نه‌بوونه هونه‌رمه‌ندێکی سەرکه‌وتوو...
ئه‌و کات که زەماوەندم نه‌کردبوو هاتنه دەر بۆ من زۆر سەخت بوو، له هەر کەس شتێکم گوێ لێدەبوو، گۆشه گیر ببووم، هەر کەس پێشنیاری زەماوەندی دەدا به من یه‌که‌م قسە دەیکووت دەبێ کاری هونەری وەلا بنێی، ئه‌وەش بۆ من سەخت بوو هەر بۆیه ناچار بووم بیری زەماوەند وەلا بنێم، ئێستا زۆر کەس گلەیی له من دەکا که بۆچی لەگەڵ کوردێک زەماوەندت نەکردووە، بۆچی لەگەڵ غەیرە کورد ژیانی هاوبەشت پێک هێناوە؟ بەڵام ئه‌و کوردەی ئه‌وڕۆ منی وەک هونه‌رمه‌ندێک قبووڵه ئه‌ودەم منی قبووڵ نەبوو! ئه‌و قسەیه زۆر جار ئازارم دەدا که دەڵێن بۆ چی له‌گه‌ڵ غەیرە کورد زەماوەندت کردووە، من قەزاوەت له سەر کارەکەی خۆم ناکەم بەڵام ئه‌و غەیرە کورد ئیزنی دا من کاری هونەری خۆم بکه‌م، بۆ ئه‌وەش زۆرم بەدبەختی کێشا ته‌نیا به نرخی ئه‌وە که هێشتی کارەکەم بکه‌م.

هاژه ـ ڕۆژە سەختەکان ته‌واو بوون؟
هەڵسوکه‌وتی خەڵک ئێستا سەبارەت به من زۆر گۆڕدراوە. زۆر زۆر لەوە زیاتر که ڕەخنه بگرن سوپاس و دەست خۆشیم گوێ لێدەبێ.
هاژه ـ بێینه‌وە سەر شانۆ، ئێستا چ کارێکتان به دەسته‌وە؟
وەک دوایین کار ئێستا کارێکی دکتور قوتبه‌دینی سادقی به دەرهێنه‌ری کاک ئومید خاکپوورمان به دەسته‌وەیه که خاتوو مریه‌م قازی له فارسییه‌وە کردویه‌تی کوردی به ناوی "سەردەمی بێ تاوانی"، دەورگێڕەکانی سێ خاتوونن، کارێکی زۆر سەخته، سەرەتا قبووڵم کرد بەڵام بڕوا بکەن دوای مانگێک پەشیمان بوومەوە، چوون ماوەی 11 ساڵیش بوو کاری شانۆی کوردیم نەکردبوو دەمکووت لەوانه‌یه نه‌توانم ئه‌رکی خۆم به باشی به جێ بێنم، ئێستا ماوەی سێ مانگ دەبێ ته‌مرین دەکه‌ین و زۆر باش چووینه‌ته پێش.
هاژه ـ ڕۆڵی ئێوە له‌م کارەدا چییه و شانۆیه‌که باسی چی دەکات؟
من له‌و کارەدا ڕۆڵی دایه ڕووناک دەگێڕم، داستانی ئه‌م شانۆیه‌ش باس له‌و زوڵم و زۆردارییانه دەکات که ڕژیمی به‌عس و سەدام حوسێن له کوردانی کردووە.
هاژه ـ که‌ی چاوەڕوانی ئه‌م کاره بین؟
ئیشاڵڵا تا کۆتایی مانگ و سەرەتاکانی مانگی خەرمانان، هیوادارین خەڵک پیشوازییەکی باشی لێبکه‌ن، چوون ماوەیه‌که له مەهاباد له کاری شانۆ دوور بوومه‌وە لەوانەیه زۆر کەس وابزانی که کاری من تەنیا کاری کورت و تەلەویزیۆنی و پێکه‌نینیه، هەر بۆیه داواکارم له خەڵکی بەڕێز بێن کاره جدییەکانیشمان ببینن و بزانن که کاره شانۆییەکانمان زۆر له کارەکانی دیکه‌مان له سەرتره.
هاژه ـ دەتوانن ئاماژه به گرینگترین خەڵاتەکانی فێستیوالی خۆتان بکه‌ن؟
"گلادیادتۆرها" خەڵاتی یه‌که‌م له پارێزگا ساڵی 73، خەڵاتی یه‌که‌می دەورگێڕی له فێستیواڵی ئاتەشکار ساڵی 1375، هەروها به کارێکی خاتوو موژگان شەریعه‌تی و کارێکی کاک ئومید پەیرەوی ئیسلام دیسان خەڵاتی یه‌که‌می ناوچەیی دەورگێڕیم وەرگرت. بۆخۆم کارێکی دیکه‌م به ناوی مۆنتەزێران هەبوو که خەڵاتی یه‌که‌می دەرهێنه‌ری و دووەمی دەورگێڕم وەرگرت، ماوەی 11 ساڵیش که له نه‌غەدە بوم بەردەوام کارم کردووە و خەڵات گەلێکی زۆرم وەدەست هێناوە.
بۆ کاناڵی سەحەر کارێکی منداڵانمان به ناوی "حلۆر بلۆر تەکامه" کردووە که له لایه‌ن کاک مستەفا مەحموودی ساز کراوە که ئه‌و کارەش پلەی باشی بۆخۆی ته‌رخان کردووە نووسەر و دەنگ دەرهێنەرەکه‌ی من بووم.

هاژه ـ خاتوو پەروین مەلەک زاده یان له دەوری منداڵی گێڕاوە یان بەساڵاچوو... بۆ؟
من ئاشقی ڕۆڵی منداڵم و بۆخۆم زۆرم پێخۆشە، بەڵام بۆ ڕۆڵی بەساڵاچوو تازه شتێکه بۆته عادەت. من لەگەڵ ئه‌و ڕۆڵانه‌ی دەگێڕم دەژیم. لەوانه‌یه ڕۆژێ چەندین جار لەماڵێ به دەنگی ئه‌و منداڵه قسە بکه‌م، یان پیرێژنه‌که. ئه‌و نەقشەی که ئێستا لەو شانۆیه دەگیڕم ڕۆحمی منی خرا کردووە.
هاژه ـ سەبارەت به بەرنامه‌‌ ڕاستەوخۆیەکانتان بدوێن. سەخت نییه بۆتان؟
بەرنامەی ڕاستەوخۆ بۆ من سەخت نییه و کاتم کەمتر دەگرێ. نه‌ختێک ئیسترێس هه‌یه که نەکا دیالۆگم له بیر بچێته‌وە، ئێستاش جارجاره پێکه‌نینم دێ و حەول دەدەم له پێش دووربین پێش خۆم بگرم. شانۆ متمانه به خۆ بوونی داوە به من، من هیچ کات هه‌ست به دووربین ناکەم، له شایی بۆچی، بەڵام له شوێنی کاردا نا.
هاژه ـ به ڕای ئێوه پله و پایه‌ی هونه‌ر ئێستا چۆنه؟
به گشتی هونه‌ر له کۆمەڵگادا ئه‌رزشی پێنادرێ، ڕەنگه زۆر کەس پێیان خۆش بێ شانۆ کار بکه‌ن، هێنده سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەین کات بۆ هونەر دانانێین، زۆر کەس به‌و دیدەوە چاو له هونه‌ر دەکەن که داهاتێکی نییه، له لایه‌کیشەوە حەق دەدەم وا بیر بکه‌نه‌وە، ئه‌و کەسەی کاری هونه‌ری دەکا زۆر جار دەبێ له گیرفانی خۆی مایه دابنێ. ئه‌وانه بوونه هۆی ئه‌وە که هونه‌ر له کۆمەڵگادا شوێن و پله و پایه‌یه‌کی ئه‌وتۆی بۆ دانه‌نرێ.

هاژه ـ هونه‌ر یان هونه‌رمه‌ند له یه‌ک رسته‌دا چۆن دەناسێنن؟
فەدا بوون.
هاژه ـ وته‌ی کۆتاییتان...
هیوادارم ئه‌و کەسانەی دێنه ناو دنیای هونه‌ر و به تایبه‌ت بازیگه‌ری سەرەتا بخوێنن و له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وە بێنه ئه‌و گۆڕەپانه.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

نورخان بايزيدي ۱۳۹۶/۵/۱۵
دست و خوش زووور جالب بو
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

Eshtat ۱۳۹۶/۵/۱۴
Veray dast xoshi la evay barz,hivadarm xatu parvin la tavavi buvarakani zhyani sar kavtu bet

نظر خود را براي ما ارسال كنيد