تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۱۳ تير ساعت ۱۸:۱۵ بازدید: 906      نظرات: 0      کد مطلب: 4182

قەیرانی ژینگەیی و دەستدرێژی بەردەوام


 ئەرسەلان بورنا

ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەموکووڕی و خەسارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و بە کار هێنانی ئاوەکان لە نێو سنووری جوگرافیایی ئێران دەبینین کە جێی تێڕامان و مەترسیدارن. گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کە بە شێوەیەکی دەستکردانە و بە بێ پشت بەستن بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ڕوو دەدەن کاریگەرییەکی نەرێنی و پێچەوانەیان لە سەر ژینگە و کۆمەڵگا داناوە. لەم نێوانەدا، لێدانی بەنداوی جۆراوجۆر لە سەر ڕووبارەکان و بە فیڕۆدانی لە ڕادەبەدەری ئاو لە بەشە جیاجیاکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و خواردنەوە پێداویستی بە هەڵوێستێکی بوێرانە و شیکارییەکی هەمەلایەنە هەیە تاکوو پێش لە پەیهاتەکانی ئەم قەیرانە بگیردرێ کە کاولکارانەیە.

لێدانی بەنداو لە سەر ڕووبارەکان بە تایبەت لە پارێزگا ڕۆژئاوایییەکانی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕینێکی ئەوتۆی بە دوادا نەبووە. ئەم بێدەنگی و بێ هەڵوێستییە خەسارێکی بە بێ گەڕانەوەی لە ژینگە و سرووشتی دەوروبەری ئێمە داوە کە کاریگەرییە خراپەکانی لە سەر ژیانمان بە باشی هەست پێ کردووە. هەمگە، جێی دوودڵی نییە کە ڕووبارەکان و ئاوەکانی ژێر زەوی دەمارە ژیانبەخشەکانی ژینگەنە و لێدانی بێ سەرەوبەرەی بەنداوەکان لەمپەڕی جووڵەی ئەوانن. ئەم پرسە و قەیرانی دەرکەوتوو لە ئەو کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری زۆری لێ دەکەوێتەوە کە تەنیا مەترسی کۆچبەری چەندین میلیۆن کەس لە ئاستێکی بەربڵاودا گەشبینانەترین دۆخی ئەو دەبێ.

ئەمڕۆکە، کاریگەرییە خراپ و نەرێنییەکانی دەرکەوتوو لە ئاکامی دەستدرێژی و دەست تێوەردانەکان جێی حاشا کردن نییە و سێبەری زاڵی ئەم قەیرانە سنوورە دەستکردەکان تێپەڕ دەکات. جیاواز لە خاڵە ئاماژە پێ کراوەکان قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی قەیرانێکی لەغاو پچڕاوەیە کە نیشانەکانی لە ئێستادا بە ڕوونی دەردەکەون. گرێدراو بەم پرسە ئاوێکی یەکجار زۆر بە هۆی ڕێکار و دابونەریتە کۆنەکان بە فیڕۆ دەچێ کە لە بنەڕەتدا، هیچ دەست پێوەڕاگرتنێک بە دی ناکرێ. ئەم بابەتە لە ئاستی ئێران بە هۆی دابەزینی ئاوەکانی ژێر زەوی، کەم بوونەوەی بارینەکان و گۆڕانی بارین لە بەفرەوە بۆ باران تەشەنەی ویشکەساڵی لە پانتاییەکی بەربڵاوی بە دوای خۆیدا هێناوە. بەدڵنیایی، هەر هەمووی ئەوانە قەیرانە ژینگەیییەکانی قووڵتر کردووە.

هەر وەها، وێڕای سەرنجدان بە ئەوەی کە سەرچاوەیەکی هەرمان بۆ دابینی ئاوی پێداویستی بەشەکانی وڵات لە بەردەست نییە ئەم دابەزینە خەسارێکی بە بێ گەڕانەوەی لە سەر ژینگەی ئێران و وڵاتانی هەرێمی دادەنێ. لە ڕاستیدا، ئەوانە هەر هەموو ڕوونی دەکەنەوە کە پشت گوێ خستنی تاڵاو و  گۆلەکانی وەک گۆلی ورمێ یا گەڵاڵەکانی وەک تێکدانی " کانی بڵ " چارەسەرییەکی گونجاو بۆ قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی پارێزگاکان نییە بەڵکوو تەنیا پەرە بە قەیرانی ژینگەیی و مرۆڤی دەدات. بەنداوەکان، بەشێکی گرینگ لە ژینگەیان لە ناو بردووە و ئەمە لە داهاتوودا کۆمەڵگاکان و شوێنی ژیانمان تووشی گۆڕانی بنەڕەتی دەکات. بۆ میناک، کەڵک وەرگرتنی بێ سەرەوبەرە لە ئاوەکانی ژێر زەوی دەوروبەری گۆلی ورمێ یا ساز کردنی دەیان بەنداو لە سەر ڕووبارەکانی سەر ئەم گۆلە؛ شایەتی هەستانی تەپ و تۆزی لەم گۆلە بووینە کە بەرەو کارەسات دەڕوات.

قەیرانی دەرکەوتنی کەم ئاوی و بێ ئاوی و ویشکەساڵییەکان لە نێو سنووری جوگرافیایی ئێران خێراییەکی زۆرتری بە جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی خەسارهێنەری لێدانی بەنداو داوە. ئەم قەیرانە مەترسیدارە سێبەری لە سەر وڵات زاڵ کردووە کە گرینگە بۆ تێپەڕ بوون لەم دۆخە لێدانی بەنداو وەک تەنیا ڕێگە چارە کاری لە سەر نەکرێ. خەسارەکانی ئەم ڕێکارە نەک تەنیا ئێران بەڵکوو ناوچەکەش تووشی گۆڕان دەکاتەوە کە ئەگەری بەرەنگار بوونەوەیەکی توند لە سەر ئاو دێتە ئاراوە. بە گشتی، قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە ئاستی ئێران و ناوچە کە لە پانتاییەکی ویشک و نیوەویشک جێگەی گرتووە پەیهاتە ژینگەیییەکانی بەرۆکی هەر هەموومان دەگرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان بەم جۆرە و بەم ڕادەیە بەردەوام ببن ئەگەری دەرکەوتنی شەڕ و ناکۆکییەکان دوور لە چاوەڕوانی نابێ.

 


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد