لە نوێترین ڤیدیۆیدا هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی محەمەد رەزا شەجەریان پەیامی نەورۆزانەی خۆی رادەگەیەنێت، و ئاماژە بەوەشدەکات بە هۆی نەخۆشییەوە سەری خۆی تاشیوە.
ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، هونەرمەند شەجەریان، بە هۆی نەخۆشییەوە گوازرایەوە نەخۆشخانە و بۆ ماوەیەک خرایە ژێر چاودێری وردی پزیشیکییەوە کە نەیاندەهێشت "هیچ کەس سەردانیی بکات".
ئەگەرچی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە سەرەتا بە هۆی "سەرما"وە بوو بەڵام دواتر دەرکەوت کە سییەکانی نەخۆشن و بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێرییەوە و هیچ ئاماژەیەکیتر لەسەر نەخۆشییەکانیتری بڵاونەکرایەوە.
بەڵام ئەمرۆش دوشەممە، سایتی تابناک بڵاویکردەوە، پزیشکەکان رایانگەیاندووە "کە شەجەریان توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە". باسیانلەوەشکردووە، کە "پاش چەندین پروپاگەندە سەبارەت بە نەخۆشییەکانی شەجەریان، ئێستا پزیشکەکان ئاشکرایانکردووە کە شەجەریان توشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە".
لە پەیامی نەورۆزیشدا کە شەوی ڕابردوو لە فەیس بووک بڵاویکردەوە، شەجەریان جگە لە پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێوە ئاماژە بە نەخۆشییەکەی ئاشکرایکرد: "ماوەی پانزە ساڵە لەگەڵ برادرێک بووینە هاوڕێ کە داوای لێکردم سەری خۆم بتاشم".
وتیشی: " ئێستا بارودۆخم باشە و بەم نزیکانە دەگەڕێمەوە ناو کاری هونەری".
محەمەد رەزا شەجەریان ساڵی 1940 لە شاری مەشهەدی ئێران لە دایکبووە و بە بەشداری چەندین کۆنسێرتی جیهانیی و ناوخۆیی و بڵاوکردنەوەی دەیان ئەلبومی هونەری بۆتە یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندی ئێرانی و سەدان هەزار هەواداری لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە هەیە.
وهرگێڕان: خهندان