تاريخ: ۱۳۹۶ چهارشنبه ۷ تير ساعت ۹:۴۰ بازدید: 3386      نظرات: 0      کد مطلب: 4130
وتووێژ له‌گه‌ڵ د. ئەمیر حەسەن‌پوور

زمانی ستاندارد دیاردەیەکی مێژووییە و دەگەڵ نیزامی سەرمایەداری پەیدا بووە


 وتووێژ: سلێمان دڵسۆز/ هەژیر شەریفی

 

وەک دەزانین جەنابتان لایەنگری گوتاری "جووت ستاندارد"ن بۆ زمانی کوردی و پێتان وایە کە کورمانجی و سۆرانی هەر دووکیان دەبێ زمانی ڕەسمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن. لە کاتێکدا ڕوانگەیەکی دیکە بەرگری لە گوتاری تاک‌ ستانداردی دەکا. ئیستدلالی ئێوە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەتان چییە؟

مەسەلەی زمانی ستانداری کوردی کێشەیەکی زۆر ئاڵۆزە. لەبەر ئەوەی گەلی کورد دابەش کراوە. وەک دەزانین بەشی گەورەی لە تورکیەیە، دوایە لە ئێرانێ، دوایە لە ئێراقێ، دوایە لە سووریە. کورد لە وڵاتی دیش بڵاو بۆتەوە. لە ئەرمەنستان و ئاسیای ناوەندی و هێندێک جێی دی. لە خودی ئێران و تورکیەش کورد بڵاو بوونەوە. لە خوراسانێ کورد زۆرە. لە تورکیە دەوڵەتی کەمالیستی تورک پرش‌وبڵاوی کردوونەوە. لە لایەک کێشەیەکی ئاوا هەیە، لە لایەکیش خودی زمانەکە چوار دەستە لەهجەی هەیە کە دیارە زۆربەی خەڵکەکە بە کورمانجی و سۆرانی قسە دەکەن. ئەوانی دی وەک زازا و هەورامی، دەگەڵ ئەوەشدا کە هەورامی ئەدەبیاتێکی کۆنی هەیە، بەڵام ژمارەی ئاخێوەرانی زۆر کەمە و لە ناوچەیەکی شاخاویدا دەژین. ئینجا لەهجەیەکی دیکەش هەیە لە ناوچەی کرماشان و خوارووی ئیلام. ئەو سنوورانەش کە گەلی کوردیان دابەش کردووە، وای دابەش نەکردوون کە پەیوەندی بە لەهجەکانەوە هەبێ. بۆوێنە لەهجەی کورمانجی لە تەواوی ئەو وڵاتانە خەڵک قسەی پێ‌دەکا. سۆرانی هەر لە کوردستانی عێراق و ئێرانێ. ئەوانە کێشەی زۆر دێنێتە پێش. لە کوردستانی خواروو ئەوە نزیکەی ٢٤ ساڵە حکومەتێکی کوردی لە ئارادایە کە دەتوانێ بەرنامە بۆ مەسەلە سیاسی و غەیرە سیاسیەکانی زمانی کوردی دابنێ و گەشەی پێ‌بدا و گیروگرفتەکانی چارەسەر بکا. ئەوەی پێ دەکرێ. تائێستا نەیکردووە. دوایە ئاڵوگۆڕی زۆریش پەیدا بووە لەو ماوەیەدا. بۆوێنە، لە تورکیە لە ژێر تەئسیری خەباتی خەڵکی کورد ئێستا بەعزە ئازادییەک هەیە. لەهجەی کورمانجی لەوێ چاپەمەنییەکی یەکجار زۆری هەیە، رادیۆ و تەلەویزیۆنی هەیە، مۆسیقای هەیە. پێش ١٩٩١ ئەوانەی نەبوو. ئەلعان کوردستانی ڕۆژئاوا بەهۆی خەباتی سیاسی گەشاوەتەوە. ئەو ئاڵوگۆڕانە کێشەی زمانی کوردیی لە کوردستانی باشوور خستۆتە سەر دەورێکی تازە. دوایە ئامرازی ڕاگەیەندنی گشتیش زۆر گۆڕدراون. هەر وەک کوتم زمانی کوردی چوار کۆمەڵە لەهجەی هەیە، هەر یەک لەو لەهجانەش بن‌لەهجەی خۆیان هەیە. کوردی وەک هێندێک زمانی وەک ئاڵبانی و هەرمەنی یان نۆروێژی زمانێکە دوو ستانداردی هەیە. زمانی وایە زیاتر لە دوو ستانداردی هەیە. ناکرێ بڕیارێک دەربکەی بڵێی لە کوردستانی باشوور، لە ناوچەی بادینان دەبێ بە سۆرانی بنووسن و بخوێننەوە. ئێستا ئێمە لێرە دوو ئایفۆنمان هەیە کە ئەو دەنگەی ئێمە تۆمار دەکەن، ئەو ئامرازە زۆر کاری پێ‌دەکرێ. ناکرێ ئەو گەنجانەی لە بادینان لە ماڵێ کورمانجی فێر دەبن، پێیان بڵێی ئەتۆ کە پەیامێک بۆ دۆستەکەت دەنووسی بە سۆرانی بینووسە. ئەگەریش پێی بڵێی جوابت ناداتەوە. گەورەکانیش تا ڕادەیەک وان. ئێستا ئەگەر بچیە تورکیە، لەوێ کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە بە کورمانجی یەکجار زۆرە، دروستە دەوڵەتی تورکیە توانیویە کورمانجی زۆر سەرکوت بکا، بە چەشنێکی وا کوردی تورکیە ڕانەهاتوون بە کوردی بخوێننەوە، ئەوەی دەشنووسرێ و چاپ دەبێ هەموو کەس نایخوێنێتەوە. ئەوە واقعیەتێکە کە لە کوردستانی باکوور هەیە. لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات کەمتر وایە. بەڵام سەرباقی وەی، خەباتێکی یەکجار زۆر هەیە لە تورکیە بۆئەوەی خەڵک بە زمانی خۆیان بخوێننەوە و بنووسن. ئەوە بەشێکە لە خەباتی کورد لە تورکیە. زمان لە کانگای ئەو خەباتەدایە. یانی ئەگەر ئێستا لێیان بپرسی ئێوە ئۆتۆنۆمیتان بۆچی دەوێ، وەڵامێکی سەرەکی ئەوەیە کە بە زمانی خۆمان بنووسین و بخوێنین. تۆ ناتوانی چاوەڕوانی ئەوە بی کە کوردی تورکیە بڵێن ئێمە دەبێ بە سۆرانی بخوێنین و بنووسین. کوردی ڕۆژئاوا دروستە ئێستا لە خەباتێکی یەکجار سەختدان لە دژی داعیش و زۆر دوژمنی دی، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبا نەدەکرا پێیان بڵێی وەرن بە سۆرانی بنووسن و بخوێنن. دیارە ئەوانەی دەڵێن لە کوردستانی باشوور دەبێ تەنیا سۆرانی زمانی ستاندارد بێ، دەڵێن مەبەستمان کوردستانی گەورە نییە، مەبەستمان هەر کوردستانی باشوورە. ئەوانە هەر ئەو کەسانەن کە بە کەسێکی وەک منیان دەگوت ئەتۆ کۆمۆنیستی ئێرانچیەتی دەکەی، ئێراقچیەتی دەکەی. بە خۆیان دەگوت ئێمە کوردستانی گەورەمان دەوێ. ئێستا هەر ئەو کەسانە یەکی وەک من تاوانبار دەکەن کە وە دوای کورستانی گەورە کەوتووی.

 

ئەوە بۆ منیش پرسیارە کە ئایا جەنابت ڕێگەچارەی جووت ستانداردیت بۆ داهاتوو لەبەر چاوە، یان بە شێوەیەکی کردەیی بۆ ئێستای کوردستانی باشوور؟

نا، بۆ کوردستانی باشوور. ئەتۆ سەد بڕیارانیش دەرکەی، بڵێی خەڵکی بادینان دەبێ بە سۆرانی بنووسن و بخوێننەوە جوابت نادەنەوە، بۆ جوابت بدەنەوە؟ زوڵمی سەدامیان لە سەر نییە، بۆخۆیان ئێستا بە شێوەیەکی ئۆتۆنۆم دەژین، لە مەدرەسەکاندا ئەوە خەریکن وردە وردە بە کورمانجی دەخوێنن. لە لایەکیشەوە، ئەوەیان لە بەر چاوە کە خەباتێکی یەکجار گرینگ لەوبەر سنوور هەیە. لە کوردستانی ڕۆژئاوا بۆخۆیان سیستەمێکی ئۆتۆنۆمییان داناوە کە سەد بەرابەر پێشکەوتووترە لە ئی کوردستانی باشوور. دوایە، دەزانن کە لە باکوور خەباتێکی زۆر گرینگ لە ئارادایە. گەلی کورد لە ساڵی ١٩٢٣وە کە کوردستانی عوسمانی دووبارە دابەش کراوە، ئەو هەموو زوڵمەی لێکراوە. ئەو هەموو خەباتەی کردووە بۆ مافی زمانی. ئەوانە بۆ لێمان بوون بە سەدام حوسێن و کەماڵ ئاتاتورک و ڕەزا شا کە دەڵێن حەقتان نییە ئێوە بە زمانی خۆتان بخوێنن، بۆ سیاسەتی ئەوانە ڕەچاو دەکەن؟ بۆ مافی زمانی ڕەچاو ناکەن؟ کە مافی زمانی لە مافی مرۆڤایەتیشدا زۆر باسی دەکرێ. بۆ ئەوەیان لە بەر چاو نییە، دەیانەوێ بە کەڵەگایی بە زەبری حکومەتی هەرێم لەهجەی سۆرانی بە سەر کورمانجیدا بسەپێنن؟

 

ئێوە لە وتارەکانیشتاندا و هەر ئێستاش پێداگری لە پاراستنی مافی زمانی دەکەن، ئایا بە بڕوای جەنابت مافی زمانی و مافی لەهجەیی هەر یەک شتن؟

لە نەزەر مافی زمانییەوە، جیاوازی دانان لە بەینی لەهجە و زمان مەسەلەیەکی سیاسییە نەک حقووقی. ئەوە سیاسەتە کە بۆوێنە لە ئێرانێدا دەڵێ فارسی لەهجەی تارانێ زمانی ستانداردی فارسییە. یان لە میسرێ لەهجەی قاهیرە زمانی ستانداردی عەرەبییە، یان لە سوریە لەهجەی دیمەشق زمانی ستانداردی عەرەبییە. لە مافی زمانیدا لەهجە لە زمان کەمتر نییە. دیارە بەعزە دەوڵەتێک زمانی ڕەسمی هەیە. ئەمریکا بۆ وێنە زمانی ڕەسمیی نییە. کانادا دوو زمانی ڕەسمیی هەیە. دەوڵەتان کە دێن پێگەیەکی ئاوا بە زمان دەدەن مەسەلەکەش دەکەنە مەسەلەیەکی حقووقی و قانوونی. بەڵام ئەوە لە باری زمانناسییەوە ئیعتبارێکی نییە. ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە. بارودۆخێکی مێژوویی بۆتە هۆی ئەوە کە لە کوردستانی باشوور دوای پارچە پارچەکردنی کوردستان لە ١٩١٨دا بە سۆرانی بخوێندرێ. چون ئەودەم کە ئینگلستان ئەو بەرنامەی پیادە کرد، سلێمانی شاری هەرە گەورە بوو. ناوەندی بزووتنەوەی نەتەوەیی بوو. لە هەولێرێش گرینگتر بوو. دەوڵەتی ئینگلیز زۆر نیگەرانی سلێمانی بوو. بەو هۆیانە بوو کە لەهجەی سۆرانی کرا بە لەهجەی نووسین و چاپەمەنی و بەعزە کارێکی شارەدارییەکان. لەبەر ئەوە نەبوو سۆرانی باشترە لە کورمانجی، بارودۆخی مێژوویی وای کرد ئاوای لێبێ. مەبەستم ئەوەیە لە باسی مەسەلەی زمانیدا مافی ئەوانەی کە بە لەهجەیەک قسە دەکەن دەگەڵ ئەوانە کە بە زمانێک قسە دەکەن هیچ فەرقێکی نییە.

 

پێتان وایە لە وڵاتێکی فرە لەهجەدا، بۆ پاراستنی مافی زمانیی خەڵکەکە دەبێ هەموو لەهجەکان ڕەسمی بن؟

پێویست نییە ڕەسمی بن. ناکرێ هەموو لەهجەیەک ڕەسمی بێ. کەسیش باسی وەی نەکردووە، یەکێک لەو ڕەخنانەی لە باسەکەی من و چەند کەسێکی دی دەگیرێ ئەوەیە کە دەڵێن ئێوە دەڵێن دەبێ هەموو لەهجەکان ڕەسمی بن. پیاو دەبێ شێت بێ جا قسەی وا بکا! لە هەر وڵاتێکی، هەر لە کوردستاندا نا، چۆن دەکرێ هەموو لەهجەکان ڕەسمی بن؟ وڵاتی وایە لەهجەی ئەوەندە زۆرن لە حیساب نایەن.

 

لە شوێنێکی وتاری "شۆڤینیزمی سۆرانی و ئەفسانەکانی"دا نووسیوتانە کە لەو وڵاتانەدا کە فرەزمان و فرەلەهجەن دەبێ زمانێکی هاوبەش هەبێ بۆئەوەی خەڵکەکە تێک‌‌بگا. بە بڕوای جەنابت بۆ کوردستانی باشوور ئەو زمانە هاوبەشە دەبێ چ زمانێک بێ؟

زمانی هاوبەش کە زمانی ستانداردیشی پێدەڵێن، یان زمانی نەتەوەیی، ئەغڵەب لەهجەیەکە کە لە کاری نووسین و ئەدەبدا کاری پێدەکرێ و پایەیەکی گرینگ پەیدا دەکا و دوایەش لە کاری ئیداری و دەوڵەتیدا بەکار دەهێندرێ. بۆ وێنە لەهجەی پاریس لە فەڕانسەدا. فەڕانسە لەهجەی یەکجار زۆر بوو، لە باشووری فەڕەنسا، لەهجەی پڕۆڤێنساڵ لە شۆڕشی ١٨٧٩ دا بەو لەهجە قسەیان دەکرد. بەڵام لە بەر ئەوە کە پاریس و ناوچەی باکووری فەڕانسە ناوەندی شۆڕش بوو، لەهجەی پاریس بوو بە زمانی ڕەسمیی شۆڕشی فەڕانسە و دوایە بوو بە زمان ڕەسمیی دەوڵەتی فەڕانسە. دەوڵەتی فەڕانسە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە یەکیان ئەرتەش بوو، یەکیان زمانی ئیداری و یەکیان زمانی مەدرەسە، لەهجەی پاریسی کە لەهجەی کەمایەتییەک بوو، بە سەر لەهجەکانی فەڕانسەدا زاڵ کرد. ئەوە دەکرێ پێی بڵێی لەهجەی هاوبەش، دەکرێ پێی بڵێی لەهجەی ستاندارد، دەکرێ پێی بڵێی زمانی نەتەوەیی. بەڵام نابێ ئەوەمان لە بەر چاو ون بێ کە بە زەبری زەبروزەنگی دەوڵەتی وای لێهات، نەک لە بەر ئەوەی لەهجەی پاریس لە لەهجەی پڕۆڤێنساڵ باشتر بوو. لە باری زمانناسییەوە هیچ لەهجەیەک لە لەهجەیەکی دیکە باشتر نییە. هەموویان بێ‌ئەندازە ئاڵۆزن. هەر لەهجەیەک دەتوانێ ببێتە زمانی ستاندارد، بە شەرتێک بارودۆخی مێژوویی لە ئارادا بێ. لەهجەی کورمانجی ئەدەبیاتەکەی کۆنترە لە سۆرانی، زۆربەی خەڵکی کوردستانی گەورە بەو لەهجەیە قسان دەکەن، ڕاستە لە کوردستانی باشوور کورمانجی ئاخێو کەمترن لە سۆرانی ئاخێو، بەڵام ئێستا دەور و زەمانێکی تازەیە. ئەوانە دووبارە تێکەڵاو بوون. ئەوانەی دەیانەوێ زمانی سۆرانی لە کوردستانی باشوور ببێتە زمانی هاوبەش یان زمانی ستاندارد قسەکەی من ئەوەیە دەڵێم ئەو زەمان گوزەرا. ئێستا ئەو سنوورانەی کە ئەو دەوڵەتانە کێشایان و بە شێوەیەکی خوێناوی گەلی کوردیان پێ لەت‌وکوت کرد، خەریکن تێکدەشکێن. خەڵکی کوردستانی باکوور ئێستا لە کوردستانی باشوور دوکان و کەبابخانە و کۆمپانیایان هەیە، خەڵکی باشوور دەچنە باکوور. باشوور و ڕۆژئاوا وەها بەرەو تێکەڵبوون چوون کە حکومەتی هەرێم خەندەقی کێشا بۆیان. مەبەستم ئەوەیە تێکەڵاوییەکە وەهایە بە زەبری خەندەقیش جێبەجێ نابێ.

 

جەنابت لە وتارەکەدا زیاتر ڕووی ڕەخنەت گرتووەتە ئەو کەسانەی کە پێیان وایە سۆرانی دەبێ زمانی هاوبەش بێ لە کوردستانی باشوور. بەڵام خەڵکێکیش هەن دەڵێن گرینگ نییە سۆرانی یان کورمانجی یان هەورامی، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەزموونی وڵاتانێک ڕەچاو بکەین کە توانیویانە لە ئاکامدا لە سەر زمانێکی هاوبەش پێکبێن. ئەو بۆچوونە دەپرسێ بۆچی ٢٢ وڵاتی عەرەبی بەو هەموو لەهجەیەوە کە زۆر جار تێکیش ناگەن دەتوانن لە سەر یەک تاقە زمانی ستاندارد بۆ نووسین و کاری کارگێڕی و ئیداری ساغ ببنەوە، کەچی ئێمەی کورد لە دوو هەرێمی بچووکدا ناتوانین لە سەر زمانێکی هاوبەش پێک‌بێین؟

وڵاتانی عەرەبی نەهاتوون لە سەر ئەوە ساغ بنەوە. زمانی عەرەبی خۆی داسەپاندووە بە سەر ئەو ٢٢ وڵاتانەدا. عەرەبی شتێکی هەیە کە لە کوردیدا نییە، لە زبانناسیدا پێی دەڵێن "دایگلۆسیا". دایگلۆسیا ئەو زمانانەن کە خەڵک بە لەهجەی جۆراوجۆر قسان دەکەن بەڵام بە هەر دەلیلێکی مێژوویی بێ لەهجەیەکیان هەیە کە بۆتە لەهجەی نووسینیان. زمانی عەرەبی بە هۆی قورئانەوە، بە هۆی ئەدەبی کلاسیک کە زمانی بەعزە حکومەتێكێ عەرەبی بووە، ناکرێ بڵێی ستاندارد بە مانا تازەکەی، بەڵام وەک لاتین گرامێر و شێوەنووسین و دەزگای دەنگی خۆی هەبوو و قاعیدەی بۆ داندرابوو. جا عەرەبان لەبەر ئەوەی بە لەهجەی ماڵێیان ناتوانن تێک‌بگەن مەجبوور بوون لەهجەی فوسحە دەکار بێنن. لە سەدەی نۆزدەدا کە مەسەلەی مۆدێرن‌کردنی زمان و چاپەمەنی هاتە گۆڕێ و، تەرجەمە لە زمانەکانی دیکە پەیدا بوو، هەر ئەو فوسحە کە ئەساسەکەی قورئان بوو، مۆدێڕنیزە کرا. ئێستاش ئەو وڵاتانە ڕاستە زمانێکیان هەیە دەتوانن پێکەوە قسەی پێبکەن، بەڵام ئێستا وەزعێک پەیدا بووە عەرەبیش بنچینەیەکی چەند ستانداردی لێ پەیدا بووە.

 

لە نووسیندا؟

لە نووسین و قسەکردنیشدا. بۆوێنە عەرەبیی مەراکیشێ فەرقی هەیە دەگەڵ عەرەبیی قاهیرە، یا بەغدا، یا دیمەشق. چونکە ئەو وڵاتانە دابەش کراون. قاهیرە فەرقی هەیە دەگەڵ ڕیبات، ڕیبات فەرقی هەیە دەگەڵ بەیڕووت. لە سەد – سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەرکامەی مێژوو و سینەما و چاپەمەنیی خۆیان هەبووە. زمانێک کە بنچینەکەی فوسحە بووە وردە وردە خەریکە چەند ستانداردی تازەی لێ پەیدا دەبێ. زمانی ستاندارد ئەوا نییە کە یەکجاری دێ و تەواو دەبێ. دەبێ بزانین بارودۆخی مێژوویی چۆنە و چی لێدێ. زمانی کوردی لە باشووری کوردستان وەک زمانی هەرمەنییەکان کە لەهجەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان هەیە، دوو ستانداردی هەیە. چی لێدەکەی؟ زمانەکە ئاوایە، نابێ وەک بەدبەختییەک چاو لەو مەسەلەیە بکەین. دەکرێ لە بادینان کورمانجی بنووسن و بخوێنن و دەکاری بێنن، لە ناوچە سۆرانییەکانیش سۆرانی. ئەگەر وای لێ‌بکەن هیچ شتێک ناقەومێ. نە وڵات تێکدەچێ، نە بە ئەندازەی ئەو خەندەقەی حکومەتی هەرێم زەرەر لە گەلی کورد دەدا. ئەگەر جورئەت هەبێ قبووڵی کەی کە کوردی دوو لەهجەی سەرەکییە (لێرەدا مەبەستم لە سەرەکی ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک قسەی پێ‌دەکا، نەک ئەوەی لە لەهجەکانی دی باشترن) و بارودۆخەکە گۆڕ5اوە، با بە هەردووکیان بگوترێ و بنووسرێ. ئەودەمی دەبێ لێیگەڕێی بزانی لە داهاتوودا چی بەسەر دێ. چون ئێمە نازانین داهاتوو چی لێ بەسەر دێ. ئەگەر کوردستانی تورکیە بەڕاستی ئۆتۆنۆمییەکی هەبێ و بارودۆخێکی دێمۆکراتیک هەبێ کە بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن، لەهجەی کورمانجی زۆر وە سەر دەکەوێ. بارودۆخی مێژوویی دەبێ چاو لێبکەین. نابێ دە پێشدا پێمان وابێ گەلی کوردێک هەیە وەک میللەتەکانی دی دەبێ یەک لەهجەی هەبێ. وەک فارس. فارسیش وا نییە، یەک لەهجەی نییە. فارسیش وەک عەرەبی وا بوو. دوای عەرەبی زمانێکی هەرە گرینگی ئەو ناوچەی دنیایە بوو. ئەدەبیاتێکی زۆر موهیمی بوو. فارسی زمانێکی کلاسیکی هەرە موهیمی دنیایە. ئەما چاوی لێبکە بزانە چی لێهاتووە، سێ لەهجەی ستانداردی لێ پەیدا بووە، لەهجەی تاجیکی، لەهجەی دەری لە ئەفغانستانێ، لەهجەی فارسی لە ئێرانێ. لەت‌وکوت بووە.

 

ڕەهبەری مەحموودزادە لە وتاری "جووت ستاندارد بوون دۆخی تێپەڕینە نەک مانەوە"دا دەڵێ لە سەرجەمی زمانەکانی دنیایە دوکتۆر ئەمیر دوو یا سێ وڵات بە نموونە دەهێنێتەوە کە زمانەکەیان دوو ستانداردن، ئەوانی دی هەموویان لە سەر یەک ستاندارد ساغ بوونەتەوە. ڕەنگە چەند زمانی ڕەسمی هەبێ لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بەڵام تەنیا چەند وڵاتێکی وەک ئەرمەنستان و نۆروێژ و ئاڵبانی دوو لەهجەی زمانەکەیان ستاندارد و رەسمین. خەڵکی ئەو دوو سێ وڵاتەش لە چنگ ئەو دۆخە وە زاڵە هاتوون، پێیان وایە کە ئەو مەسەلە خەرج و تێچوویەکی زۆری هەیە و کێشەی بۆ دروست کردوون، بۆیە دەوڵەت و کاربەدەستەکانیان کەوتوونە فکری ئەوە کە چارەیەک لە وەزعەکە بکەن و بە هەر شێوەیەک بووە لە سەر زمانێکی هاوبەش ڕێک‌بکەون. ئێمە بۆ لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە نەکەین تا لە داهاتوودا تووشی گرفتی ئەو دوو سێ وڵاتە نەبین؟

ئەو وڵاتانەی کە یەک زمانی ستانداردیان هەیە، بە زەبروزەنگ یەک ستانداردیان ساز کردووە. نموونەی فەڕانسەمان بۆ گێڕانەوە. لە ئینگلستانێش هەروا. لەو وڵاتانەدا ئاخێوەری ئەو لەهجانە کە سەرکوت کراون ئێستا مافی خۆیان دەوێ. خەریکن مەدرەسە بۆخۆیان دادەنێن. خەریکن ئەوەندەی کە زمانەکە ماوە زیندووی بکەنەوە. یەکیش ئەوەیە کە لە باری لەهجەوە جیاوازن لە کوردی و هەرمەنی و نۆروێژی و ئەلبانی. ئەو نموونانە کە ئەمن هێناومنەتەوە، زۆرتر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زمانانەن کە لێکۆڵینەوەیەکی زۆریان لێ‌کراوە بە ئینگلیسی و فەڕانسە و زمانە ئوروپاییەکان دەنا ئەگەر چاو لە وڵاتەکانی دیکە بکەین مومکینە نموونەی دیش هەبێ؛ بۆ وێنە لە هیندستان و ئەفریقا. چون زمانەکان لەباری لەهجەوە هەموو وەک یەک نین. نابێ نوسخەیەک بنووسین بڵێین هەموو زمانێک دەبێ وەک ئەو زمانە بێ. دەبێ بارودۆخی هەر زمانێکمان لە بەر چاو بێ. فەڕانسە کە کانگای دێمۆکراسیی بۆرژوایی بووە، زمانەکەی بە کەڵەگایی بۆتە یەک ستاندارد. ئەگەر دەمانەوێ لە ماوەیەکی کەمدا ئەوە لە کوردستان جێبەجێ بکەین، پێم وا نییە چارەی دیکە هەبێ لەوە کە وەک فەڕانسەی لێ‌بکەین.

 

پێت وایە فەڕانسەییەکان لەوەدا قازانجیان کردووە یان زەرەر؟

ئەوە دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەیەکی مێژوویی و سیاسی. پێش دەورەی سەرمایەداری، زمانی وەک یونانی و لاتین و عەرەبی و فارسی هەبوون. ئەوانە لە باری فۆرمەوە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن "کۆدێفای". یانی قاعیدەیان بۆ داندرابوو، هەزاران کتێبی جۆراوجۆر و ڕێزمانیان بۆ نووسرابوو. تەواو فۆرمەکەیان دیاری کردبوو کە دەبێ چۆن بێ. کەس نەدەبوو لەو قاعیدانە لابدا. ئەتۆ بۆوێنە ئەگەر لە بوخارایە دانیشتبای یان لە شیرازێ تەقریبەن بە یەک شێوە زمان شێعرت دەگوت و دەنووسی. یا لاتین، چ لە لەندەنێ دانیشتبای یا لە ڕۆمێ، یا لە بووداپێستێ، زمانی لاتین کە دەکار دەهێندرا یەک جور بوو. ئەغڵەب بەوانە ناڵێن ستاندارد، بەڵام تەواوی موشەخەساتی زمانی ستانداردی هەبوو کە بۆ هەمووان یەک جور بێ. ئەو زەمان ئەوە دەکرا. چون ئەوانەی کە خوێندەوار بوون زۆر کەم بوون. لە سەد کەس دوو سێ کەس زیاتر خوێندەوارییان نەبوو. ئەوان هەم زمانەکەی باش فێر دەبوون، بۆ ئەغڵەب کەسیش زمانی بێگانە بوو. زمانی لاتین هەتا ئەوڕۆش خۆ کەس قسەی پێ‌ناکا؛ زمانی نووسینە. وەک فوسحە وایە. ٢٥٠ میلیۆن عەرەب هەن هیچیان لە ماڵە خۆیان بە فوسحە قسە ناکەن. لاتینیش کەس قسەی پێ‌نەدەکرد. نزیکەی چل پەنجا ساڵ لەوە پێش ڕادیۆیەکی لاتینیان دانا کە پێم ئێستا ئەویش نەماوە. زمانی ستاندارد جیاوازە لەگەڵ وەی. زمانی ستاندارد بنکەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەوە دەگەڵ سەرمایەداری پەیدا بووە. نیزامی سەرمایەداری بەتایبەتی دوای شۆڕشی سەنعەتی لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە خوێندنی گشتی دانا. وردە وردە خوێندەواری پەرەی ئەستاند و، ژن و پیاو خوێندەوار بوون، یانی بەکارهێنانی زمانی نووسین بوعدێکی تازەی پەیدا کرد. تەنیا لە ئوروپایە، لە ئوروپا و ئەمریکای باکوور و کانادایە (نەک لە ئەمریکای خواروو یا ئاسیا و لە هیچ جێیەکی دی) لە کانگای وڵاتە سەرمایەدارییەکان گۆڕانێکی وا پێک‌هات کە زۆر لایەنی هەیە و من هەر ئەو لایەنە باس دەکەم کە خوێندن و نووسین لە نێو جەماوەری خەڵکدا پەرەی ئەستاند. زمان دەورێکی تازەی پەیدا کرد لە ژیانی خەڵکدا. چەند دامەزراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کران کە ئیمکانی دا زمانی ستاندارد دروست بێ. یەکیان ئەرتەش بوو، کە دەوڵەتی فەرانسە لە تەواوی ناوچەکان خەڵکی دەگرتن و دەیکردنە سەرباز، لە سەربازی فێری زمانی ستاندارد دەبوون. دوایە مەدرەسەی دەوڵەتی کە پەرەی ئەستاند هەموو بە لەهجەی پاریسێ دەیانخوێند. بۆ زۆر زمانی غەیرە فەڕانسەیی سەرکوتی ڕەسمی هەبوو. وەک ئەوەی لە زمانی کوردییان کرد لە ئێرانێ. یانی قەدەغەکردنی ئەو زمانانە. زمانی ستاندارد دەوری دەگێڕا بۆ حکومەتی سەرمایەداری. یانی حکومەتی سەرمایەداری ئیحتیاجی بە زمان جورێک بوو کە دەوڵەتی فیئۆداڵی نەیبوو.

 

لە دەوڵەتی شاعەبباسدا سەرانی دەوڵەت لە ئیسفەهانێ کە ئەودەم پایتەخت بوو بۆخۆیان هەموو ترک زمان بوون، بەڵام زمانی موکاتەباتی ئیداری فارسی بوو. لە دەوڵەتی سەرمایەداریدا وا نییە. زمانی میللی پەیدا دەبێ. لە فەڕانسە و ئینگلیز و تەنانەت لە ئیتالیاش کە بنچینەی زمانی لاتین بوو، بە پەیدا بوونی نیزامی بۆرژوازی، دژی زمانی لاتین شۆڕش کرا. فڕێیان دا. زمانی نەتەوەییان لە جیاتی زمانی لاتین دانا کە زمانی دین بوو. دەیانگوت زمانێکی بێگانەیە. ئەمن ئەگەر میللەتی ئیتالیایەم زمانی ئیتالیاییم دەوێ نەک زمانی لاتین، گەرچی پەیوەندیی ئەوانە زۆرە. فەڕانسە و ئینگلیز و ئەڵمانیش هەروا. زمانی ستاندارد دیاردەیەکی مێژووییە و دەگەڵ نیزامی سەرمایەداری پەیدا بووە. لە وڵاتی وەک ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان ئەو پەیوەندییانە زۆر درەنگ دەستی پێکرد. لە کوردستان کە هەر زۆر درەنگ دەستی پێ‌کرد. پێش ئەوەش کە دەست پێبکا، وڵاتەکە لەت‌وکوت کرا. هەر پارچەیە بوو بە بەشێک لە وڵاتێکی دی. جا بۆیە زمانی کوردی وا ئاڵۆز بووە. ئێمە ئەگەر بمانەوێ ئەزموونی گەلانی دی ڕەچاو بکەین و ئەو مێژوویەمان لە بەر چاو نەبێ تووشی کێشە دەبین.

 

زۆر سپاس بۆ شی‌کردنەوەکانت.. ئێستا دەمەوێ یەک دوو پرسیاری کەمێک جیاوازت لێ‌بکەم. مامۆستا هێمن لە نووسینێکدا باسی ئەوە دەکا کە خوێندکارێکی زانکۆ کە لە یەکێک لە وڵاتە سەرمایەدارییەکان دەژی،هەم دەخوێنێ و هەم کاریش دەکا، "ئارەق و تین"ی بە یەکێک لە شێعرە هەرە باشەکانی زمانی کوردی داناوە. ئەو دەنگۆیە هەیە کە ئەو کەسە جەنابت بووبی. ئەوە ڕاستە؟

نا ئەو نامەیە ئەمن نەمنووسیوە. ئەمن پەیوەندیم دەگەڵ مامۆستا هێمن هەبوو، بەڵام ئەودەمی کە لە بەغدایە بوو، ڕاستییەکەی، نەمدەویست نامەی بۆ بنووسم. لە ئێرانێ‌ڕا کە نەدەکرا نامەی بۆ بنێرم. کە ئەمنیش هاتمە دەرێ، لە بەر ئەوە نامەم بۆ نەدەنووسی کە مەبادا ئەو تووشی کێشە بێ. چون ئەمن لە دەرەوەی وڵات دژی ڕێژیمی بەعس و تورکیە و ئەوانە خەباتی سیاسیم دەکرد. زۆرم پێ خۆش بوو نامەی بۆ بنووسم، بەڵام بۆ ئەمنیەتی وی، نەمدەنووسی. ئێستا ئەڵبەتە پەشیمان بوومەتەوە، پێم وایە ئەگەر نامەم بۆ نووسیبا هێندەش دە خەتەر نەدەکەوت.

 

پێم خۆشە ڕای جەنابت لە بارەی شێعرەکانی مامۆستا هێمنەوە بزانم.

شێعری مامۆستا هێمن ڕێبازی سیاسی وی دەردەخا. لە باری ناوەرۆکەوە شێعری زۆر باشی تێدایە. لە باری فۆرمی شێعریشەوە شێعری زۆر باشی تێدایە و شێعری واش کە بڵێی زۆر باش بێ، نییە. بەڵام پێم وایە مامۆستا هێمن شاعیرێکی زۆر گەورەیە. دەکرێ بڵێین، لە باری سیاسیەوە، لە باڵی چەپی کوردایەتیدا بوو. ئەوە لە شێعرەکانیشیدا دەردەکەوێ. لایەنگری خەڵکی زەحمەتکێش بوو. بۆخۆی خەڵکی دێی بوو، بنەماڵەکەی بنەماڵەیەکی ئاغا و شێخ بوون و زوڵمیان لە جووتیاران و ژنان دەکرد. بەڵام ئەو بۆخۆی لایەنگری ئەوە بوو ژنان پێش‌بکەون، دەرس بخوێنن و لە چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بن. ئەوە لە شێعرەکانیدا زۆر ڕەنگی داوەتەوە. مامۆستا هێمن یەکێک لەو کەسانەیە کە ساڵی ١٣٣١دە پێش هەموو کەسدا باسی ڕاپەڕینی جووتیارانی کرد. لایەنگری لێکرد و ڕەخنەی لەوە گرت کە کەس وە فریای ئەو جووتیارانە نەکەوت. لەبۆیە ئەمن مامۆستا هێمنم زۆر خۆش دەوێ. دوای ئەوەی ڕێژیمی پادشایەتی تێک‌چوو، لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕامەوە، زۆر پەشیمانم کە نەچووم مامۆستا هێمن ببینم.

 

پرسیارێکی دی.. مامۆستا مەسعود محەمەد کتێبێکی نووسیوە بە نێوی "بۆ ئەمیری حەسەن‌پوور لە هەر کوێ بێ"، دەمەوێ بزانم کەنگێ جەنابت ئەو کتێبەت دی و کاردانەوەی تۆ بەرامبەر بەو چ بوو؟

ئەمن لە ئێرانێ بووم کە ئەو کتێبە بڵاو ببۆوە، کتێبەکەم نەدیبوو. ئەمن هاوینی ساڵی ١٣٦٢ لە ئێرانێ هاتمە دەر، دیارە بە قاچاغی، کە گەیشتمە ئورووپایە لەوێ پێیان گوتم کتێبێکی وا هەیە. دوای ماوەیەک کتێبەکەم وە دەست کەوت و دیتم. پێم سەیر نەبوو، چون دە پێشدا لەو نامانەی بۆ یەکترمان دەنووسی، باسێکمان هەبوو لە بارەی ئەوە کە ئایا کۆمەڵی کورد کۆمەڵێکی فئۆداڵی بووە یا نا. ئەو ڕەخنەی هەبوو لە بۆچوونەکانی من، منیش زۆرتر شیم کردبووەوە کە مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم کۆمەڵی کورد کۆمەڵێکی فئۆداڵییە. ئەو باسە بە جێیەک نەگەیشتبوو. جا بۆیە دوایە کە کتێبەکەم دی زۆرم پێ سەیر نەبوو. بەڵام لە بارێکیشەوە پێم سەیر بوو کە مامۆستا مەسعوود محەمەد، چەندە بەو شتەی ئەمن لە نامەیەکدا نووسیبووم کە سێ پاڕاگراف زیاتر نەبوو، کە گوتبووم فئۆداڵییە چییە و ڕەخنەم گرتبوو کە بۆ ئەتۆ پێت وایە کوردەواری فئۆداڵی نەبووە، هێندە بەوەی تێک‌چووە کە کتێبێکی لە سەر نووسیوە. ئەو کتێبە دە پێشدا وەک ڕیزە نووسراوەیەک لە ڕۆژنامەی "العراق" کە پاشکۆیەکی کوردی هەبوو، بڵاو ببۆوە، دوایە کردبووی بە کتێب. بۆچوونی من ئەوەیە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد هەر ڕەخنە لە من ناگرێ، ڕەخنە لە چەپی کورد دەگرێ. بە تایبەتی چەپ بە مانای کۆمۆنیست و مارکسیست و لینینست. من زۆرتری ڕەخنەکانیم پێ ڕاست نییە و پێم وایە تێگەیشتنی ئەو لە مارکسیزم ئەو تێگەیشتنەیە کە حیزبی شیوعی هەیبووە کە ئەمن قبووڵم نییە تێگەیشتنێکی دروست بووبێ لە مارکسیزم. مارکسیزم لە زەمانی مارکسەوە تا ئێستا ڕەخنەی لێ‌گیراوە، لە لایەن لیبڕاڵانەوە، لە لایەن کانسێرڤەتیڤانەوە، لە لایەن ئاناڕشیستانەوە، هەر لە زەمانی مارکسدا ڕەخنەیەکی زۆر هەبوو لە لایەن ئاناڕشیستانەوە، دواتریش لە لایەن فێمێنیستانەوە. لێکدانەوەیەکی یەکجار زۆر هەیە کە بەعزە لایەنێکی مارکسیزم زۆرتر ڕوون دەکاتەوە. ڕەخنەی باش کراوە، ڕەخنەی زۆر خراپ کراوە، ڕەخنەی وا کراوە کە هیچ پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نییە، کەسی وا هەیە تەواوی تەمەنی خۆی تەرخان کردووە بۆ ڕەخنە کردن، نووسراوەکانی هەموو خوێندۆتەوە، ئەو دەور و زەمانەی ئەو شتانەی تێدا نووسراوە لە بەر چاوی بووە. من ڕاستییەکەی دەرفەتم نەبووە، دوو ساڵ لەوە پێش دەستم پێ‌کرد کە نامەکان کۆبکەمەوە و ئەوەندەی کە ماوە بڵاوی بکەمەوە و بۆچوونەکانی خۆم بنووسم. زۆر کەس داوایان لێ‌کردم کە وەڵامی ئەو کتێبە بدەمەوە، چون کتێبەکە بۆخۆی بۆتە ئامرازێک بۆ ئەوانەی دژی چەپن. ئەوان پێیان وایە ئیدی ئەوە بۆتە بەرپەرچ‌دانەوەی نەهایی چەپی کورد و مارکسیزم. لە یەک دوو جێیان پێم وایە زۆر بە کورتی باسم کردووە کە ئیرادەکانی ئەو بۆچوونەی مامۆستا مەسعوود محەمەد چییە، بەڵام زۆر بە وردی دەرفەت نەبووە. نامەکان ئێستا ئامادەن، بە یارمەتیی دوو دۆستم کە تایپیان کردووە. دە بەرنامەمدا هەیە کە وەک کتێب بڵاوی بکەمەوە.

سەرچاوە: بڵاڤۆکی نەغەدە (پاشکۆی "دوو هەفتەنامەی جامعە کوردستان")، دیمانەیەک لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەن‌پوور، لاپەڕەی 4، ژمارەی 22، نیوەی دووهەمی مانگی بانەمەڕ، ساڵی 1394ی هەتاوی



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد