تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۳۰ خرداد ساعت ۱۱:۳۵ بازدید: 1336      نظرات: 0      کد مطلب: 4069

ئێمه هه‌موو کۆڵبه‌ری دۆخێکی تایبه‌تین!


دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده

ره‌وایه‌تی کۆڵبه‌ری له به‌ستێنی جیهانێکی تایبه‌تدا ده‌خوێنرێته‌وه، جیهانێک که مرۆڤه‌کان تێیدا نه بۆ گوزه‌رانی ژیان و بایه‌خی به‌رخۆرکارانه به‌ڵکوو له پێناو مه‌به‌ستێکی په‌ڕیوه و دابڕاو له بژیوی ژیان کار ده‌که‌ن. کارکردن له‌پێناوی بژیوی ژیاندا به‌بێ هیچ پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌گشتیکراوی ئاڵووێری کاڵایی، کارێکی زیندوو و خۆسه‌روه‌ره و له گه‌شانه‌وه‌ی وزه‌ و توانسته‌کانی مرۆڤدا ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت. به‌ڵام کاری حه‌قده‌ستی(مزدبگیری) کارێکی نامۆکراو و دابڕاو له بایه‌خی به‌رخۆکارانه‌یه که وه‌کوو که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ مه‌به‌ستێکی جیاواز له‌خۆ ده‌ور ده‌بینێت و ده‌بێته کارێکی رووت و داماڵراو که خزمه‌تکاری سیسته‌می پاوانی بایه‌خ و به‌رژه‌وه‌ندییه. کۆڵبه‌ریی له درێژه‌ی هه‌مان کاری نامۆکه‌ره‌وه‌‌دایه که له ره‌و‌تێکی به‌رئاوه‌ژوو(inversion)دا به‌رهه‌می کاری خۆی به‌سه‌رخۆیدا زاڵ ده‌‌بێت و ده‌ستووپێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له نێو پێوه‌ندییه‌کانی ئاڵووێری کاڵاییدا واته پێوه‌ندی ئۆبژه-ئۆبژه رۆ ده‌بات.

دیالێکتیکی سه‌رمایه له ره‌وتی‌ خۆپه‌ره‌پێدان و جیهانگیریدا، پانتایی جیاواز له ئاستی گه‌شه و په‌ره‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌خوڵقێنێت و سه‌ره‌ڕای پێکهێنانی پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ری ناوه‌ند-په‌راوێز(core-periphery)، له نێو وڵاتانیشدا هه‌رێمی ناهاوسه‌نگ له بواری گه‌شه‌ی ئابوورییه‌وه به‌رهه‌م دێنێت. «شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کوردستانی» ئه‌و شێوازه‌ ئابوورییه‌یه که له لایه‌ن سیسته‌می ئابووریی چه‌قبه‌ستووی ده‌وڵه‌تییه‌وه؛ که خۆی ده‌سکردێکی سیسته‌می جیهانی سه‌رمایه‌دارییه، به‌سه‌ر کوردستاندا داسه‌پێندراوه و هه‌م له باری ئابووری و هه‌م له‌باری سیمبۆلیک و هێماناسانه‌وه هه‌رێمێکی په‌راوێزی و ته‌ریککه‌وته‌ی لێ به‌رهه‌م هێناوه. ئابووریی سیاسی ناوه‌ند به‌پێی مه‌نتقی چه‌قبه‌ستووی که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه، په‌راوێزنشینان له پێوه‌ندییه‌کی نابه‌رابه‌ردا ده‌گیرسێنێته‌وه و له داوی پێداویستییه‌کانی ئابووریی سیسته‌می رانتییان ده‌هاوێت؛ ئابوورییه‌کی خوێنمژانه که له‌ئاست چاره‌نووسی مرۆڤه‌کان بێده‌روه‌ست و بێ‌‌لایه‌ن ده‌جووڵێته‌وه و هێزی کاری ئه‌وان له‌پێناو وه‌گه‌ڕکه‌وتنی چه‌رخی سه‌رمایه‌ و سامانی ناوه‌ند و  له‌ ره‌وتی ده‌رهاوێشتنی وزه‌ی جه‌سته و به‌گشتی لێسه‌ندنی گیانیاندا پاوان ده‌کات.

بێگومان دیالێکتیکی سه‌رمایه‌ به‌ته‌نێ خولقێنه‌ری ئه‌م دۆخه دژه‌مرۆڤانه نییه؛ واته لایه‌نه مێژووییه‌کانی‌تر وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، قه‌باره‌ی فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها بایه‌خه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ هاتنه‌ئارای ئه‌م شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌دا ده‌وریان گێڕاوه. له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوودا کۆڵبه‌ر هه‌مان کرێکاره که له کارگه‌یه‌کی پیشه‌سازی یان دامه‌زراوه‌یه‌کی خزمه‌تگوزاریدا کار ده‌کات. ئاوه‌ها کارێک ئه‌گه‌رچی به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌چێته بازنه‌ی کاری نامۆکراو و له ده‌سته‌مۆکردن و چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاردا ده‌ور ده‌گێڕێت به‌ڵام ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه کۆمه‌ڵێک مافی سینفی و شارۆمه‌ندی بۆ هێزی کار ره‌چاو ده‌کات و تا راده‌یه‌ک له ئاستی نائینسانی‌بوونی دۆخی ژیانی که‌م ده‌کاته‌وه. کۆڵبه‌ر هه‌م له ئاستی کاری کۆڵبه‌ریدا تووشی له‌خۆنامۆبوون و چه‌وسانه‌وه ده‌بێت و هه‌م له ئاستی حوقووقی و شارۆمه‌ندیدا مافی زه‌وت و پێشێل ده‌کرێت. شرۆڤه‌ی ئه‌م دۆخه تایبه‌ته که‌ره‌سه‌یه‌کی نه‌زه‌ریی تایبه‌تی پێویسته که بتوانێت لایه‌نه جیاوازه‌کانی دۆخی ئاوارته‌ی کۆڵبه‌ریی‌مان بۆ شی بکاته‌وه. له ده‌زگای نه‌زه‌ریی "ئاگامبێن"دا فیگۆرێکی نائینسانی به‌نێوی مرۆڤی پیرۆز(homosacer) هه‌یه که له دۆخێکی دژوازدا ده‌ژیت؛ واته به‌چه‌شنێک له ماف بێبه‌ری کراوه که له بازنه‌ی هیچ یاسایه‌کدا- نه ئینسانی و نه یه‌زدانی- نانوێنرێته‌وه؛ هه‌ربۆیه ژینه‌مه‌رگێکی کاره‌ساتباری بۆ به‌رهه‌م هاتووه. که‌وایه ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌م چه‌شنه نا-ئینسانه بکوژێت وه‌کوو ئه‌وه وایه قالۆنچه‌یه‌کی کوشتبێت و هیچ یاسایه‌کی فه‌رمی یان عورفی به‌رۆکی پێ ناگرێت. ئاگامبێن هه‌روه‌‌ها به‌ندکراوانی ئۆردووگای مه‌رگی نازییه‌کانی به خاوه‌نی ئاوه‌ها دۆخێک ده‌زانی و ئاوارته‌(استثناء)ی ناشوێنی ئۆردووگای به پێکهێنه‌ری ریسا(قاعده)ی کۆمه‌ڵگای مودێڕن دیاری ده‌کات. فیگۆری کۆڵبه‌ر به هه‌ندێ جیاوازییه‌وه هه‌مان مرۆڤی پیرۆز یان په‌راوێزیی سه‌رده‌می رۆماکان و مۆزولمه‌ن(muzulman)ی ئۆردووگاکانی مه‌رگی سه‌رده‌می شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه؛ به‌و بۆنه‌وه که نه کاره‌که‌ی له‌ به‌ستێنی قانوونی کاردا پێناسه ده‌کرێت و نه‌ کوشتنی به‌پێی قانوونی قه‌زایی وه‌کوو تاوان ئیدانه ده‌کرێت؛ واته نه‌ به‌پێی ئایین و ره‌سم‌وڕێسا قوربانی ده‌کرێت(لێره‌دا قانوونی دادگه‌ری) و نه کوشتنیشی تاوان و سزای به‌دواوه ده‌بێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له هێزی سه‌ربازی و یاسایی به مه‌به‌ستی تاکه‌که‌سی یان بۆ رابواردن و چێژبردن نه یه‌ک به‌ڵکوو سه‌دان کۆڵبه‌ر له سه‌ر سنوور بکوژێت هیچ یاسایه‌ک به‌ره‌وڕووی نابێته‌وه و هیچ مافێک بۆ به‌رگری‌کردن له گیانی ئه‌و کۆڵبه‌رانه له ئارادا نابێت. 

هه‌ر شێوازێکی به‌رهه‌مهێنان هاوبه‌سته‌ی سیسته‌مێکی نواندنه‌وه‌یه؛ واته هیچ میکانیزمێکی ئابووری-کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێ به‌بێ سیاسه‌تی نواندنه‌وه و واتاسازی به‌ره‌وپێش بڕوات. سیاسه‌تی نواندنه‌وه‌ی میدیاکانی ناوه‌ند، راپۆرتی کوژرانی کۆڵبه‌ران و به‌گشتی هه‌بوونی دۆخ و پیشه‌یه‌ک به نێوی کۆڵبه‌ری له کوردستان په‌رده‌پۆش ده‌که‌ن و سیاسه‌تی دادوه‌ری هه‌روه‌ها هه‌رچه‌شنه راپۆرتێک له کوژران و برینداربوونی ئه‌و کۆڵبه‌رانه به کردارێکی تاوانبارانه دێنێته ئه‌ژمار. شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کوردستانی دۆخێکی ئاوارته‌ی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا سه‌پاندووه و کۆڵبه‌رانی له لێواری «قانوون/ده‌ره‌وه‌ی قانووندا» هێشتۆته‌وه؛ پانتاییه‌ک که تێیدا به وته‌ی ئاگامبێن ئیراده‌ی بڕیارده‌ر، قانوون تووشی هه‌ڵپه‌ساردن ده‌کات و شوناسی مرۆڤه‌کان له ژێر هه‌ژمه‌تی مه‌رگ و توندووتیژیدا به‌ره‌و ژیانێکی رووته‌ڵ(bare life) راده‌نێت. کۆڵبه‌ریی دۆخێکی ئاوارته‌یه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاوارته‌بوونی، رێسای ژیانی په‌راوێزخراوه‌کان و مه‌نتقی گشتیی ئه‌و کۆمه‌ڵگا نه‌بینراوه به‌رساز ئه‌دات. به‌م پێیه هه‌موو دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه کۆڵبه‌رن؛ به‌و واتایه‌ی که له‌ژێر سێبه‌ری هه‌ڵپه‌سێردراوی و راوه‌ستانی قانووندا کارده‌که‌ن و مه‌رگیان له‌پێش ژیانیان که‌وتووه. رێسای ژیانی هه‌موومان به‌پێی دۆخی ئاوارته‌ی ژینی کۆڵبه‌ران به‌رهه‌مده‌هێنرێت؛ که‌وایه ئه‌گه‌ر رێگا له نواندنه‌وه و ئاماژه‌کردن به کۆڵبه‌ران ده‌گیردرێت له راستیدا نه‌لێکردن له گشتێتی دیمۆسی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌‌ی به‌دواوه دێت.

له‌م دۆخه‌دا سیاسه‌ت چ ده‌ورێک ده‌بینێت؛ ئایا کۆمه‌ڵی کۆڵبه‌ران به‌گشتی ده‌توانن ده‌نگ هه‌ڵبڕن؟ له ئاستی ئابووریدا کاری کۆڵبه‌ر له نێو وزه‌ی کاری ئابستراکتدا رۆ ده‌چێت و تێکه‌ڵ به پرۆسه‌ی ئاڵووێری سه‌رمایه ده‌بێت، له ئاستی سیاسیشدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیمۆسی به‌کۆلبه‌رکراو به‌گشتی و چینی کۆڵبه‌ر به‌تایبه‌تی له دامه‌زراوه‌کانی ناوه‌ندیشدا نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت ناتوانرێ ده‌نگی راسته‌قینه‌یان بنوێنرێته‌وه. هاتووهاواری فه‌زای مه‌جازی هه‌روه‌ها له پێناو به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کۆڵبه‌ران ئه‌گه‌رچی به مه‌به‌ستێکی پۆزه‌تیڤ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌ڵام له پێناوی جوانناسانه‌کردنه‌وه‌ی پرسی کۆڵبه‌ریدا هه‌نگاو ده‌نێت و نه‌ته‌نیا ناتوانێ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی کۆڵبه‌ران به‌رز بکاته‌وه به‌ڵکوو کێشه‌که ئاسایی ده‌کاته‌وه و قووڵایی و شۆکی مه‌رگه‌ساتباری ده‌سڕێته‌وه. لێره‌دا وه‌کوو چۆن ئادۆرنۆ پێی وایه پاش ئاشۆویتس هه‌رچه‌شنه شیعرێک توانای نواندنه‌وه‌ی کاره‌ساتی نابێت؛ هه‌ر چه‌شنه نواندنه‌وه‌یه‌کی راگه‌یاندنکارانه‌ش ده‌نگی کۆڵبه‌ران له ئاڵۆزکاویی ره‌وایه‌تی میدیایی و کۆنترۆڵکاریی دیهاوێژانه‌ی هه‌ست و سۆزدا، ون و نوقمه‌سار ده‌کات. ئه‌گه‌ر به‌پێی سیاسه‌تی جه‌سته به‌دوای سیاسه‌تێکی به‌رگریکارانه‌دا بگه‌ڕێین ره‌نگه ته‌نیا ره‌وایه‌تی جه‌سته‌ی له‌پێش‌مردووی کۆڵبه‌ران بتوانێت ده‌نگێکی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دۆخه ئاوارته‌یه به‌رز بکاته‌وه. به‌م ‌پێیه ئه‌زموونی کۆڵبه‌ری نه‌ ده‌نووسرێته‌وه و نه ده‌نوێنرێته‌وه(ئاماژه‌یه‌کی هێمایین) به‌ڵکوو ته‌نیا ژین ده‌کرێت و ئه‌و ژیانه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی پارادۆکسیکاڵ روو له ده‌ڤه‌ری مه‌رگ و فه‌رامۆشی ده‌نێت. کۆڵبه‌ران له رێگای ژێنکردنی کۆڵبه‌ری تا ئاخرین ئاسته‌کانی خۆی، ره‌وایه‌تی به‌رگریی خۆیان له جه‌سته‌یه‌کی لاواز و تێکشکاودا ده‌گێڕنه‌وه؛ ره‌وایه‌تێکی د‌ه‌ردئاسا که هیچ زمانێکی نوێنه‌رانه و هیچ نومایشێکی نه‌خشێنه‌رانه توانای تۆمارکردن و وه‌رگێڕانی نییه. به‌ سه‌رچه‌شن‌گرتنی ئه‌م سیاسه‌تی جه‌سته‌ییه بۆ دیمۆسی گشتی؛ ده‌توانین بڵێین ته‌نیا رۆچنه‌ی به‌رگری، ناکاراکردنی یاسایه‌که که دۆخی ئاوارته به‌رهه‌م دێنێت و ژیانی رووته‌ڵ به سه‌ر هه‌مواندا داده‌سه‌پێنێت؛ وه‌ستاندنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که دۆخی ئاوارته به قانوونه‌وه گرێ ئه‌دات و سیاسه‌ت له‌خشته‌ ده‌بات. ته‌نیا کاتێک که هه‌ستی نادابینکراوی جه‌سته و ده‌نگی بێ‌واتای زمان له پراکسیسی ژێست‌دا یه‌کده‌گرنه‌وه ده‌توانن سیاسه‌تی فه‌زایی قانوون تووشی هه‌ڵپه‌ساردن و ناکارابوون بکه‌ن. واته زیندووکردنه‌وه‌ی بابه‌تی سیاسی وه‌کوو ئامرازێکی بێمه‌به‌ست، وه‌کوو ژێستێکی بۆش و به‌تاڵ که له ده‌سه‌ڵاتی پۆتانشیاڵێتی و نه‌کردندا رێگا بۆ کردنێکی ئێجگار مه‌زن ئاماده ده‌کات. سیاسه‌تی جه‌سته‌ی کۆڵبه‌ران که له گه‌مه‌ی مه‌رگدا خۆ ده‌نوێنێ، ده‌کرێت له گه‌مه‌ی ژیاندا به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رێکارانه درێژه‌ی پێبدرێت؛ گه‌مه‌پێکردن و بێ‌بایه‌خکردنی نۆمۆسێک که ژیانی جه‌سته‌یی له ژیانی سیاسی داده‌بڕێت و رێگای به‌خته‌وه‌ری و شادی له‌مپه‌ر ده‌کات.

 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد