۱- وه‌ک ئاشکرایە مه‌رگی نۆشیروان مسته‌فا وه‌کوو که‌سایه‌تییه‌کی دیاری مێژووی هاوچه‌رخی سیاسیی کوردستان و بناغه‌دانه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و باس و بابه‌تی زۆری لێکه‌وته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌متر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه کەسایەتیی فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیریی نۆشیروان مسته‌فایه. دیاره کار کردن له‌م بوارانه‌دا به‌پێی ئاسه‌واره‌کانی به‌رده‌وام یه‌کێک له خواست و خولیاکانی بووه و کاری زۆریشی کردووە. ئێوه وه‌کوو که‌سانێک که نۆشیروان مستهفاتان هه‌م له نزیکه‌وه و هه‌م وه‌کوو ده‌ق ناسیوه، کاره‌کانی لە بواری فەرهەنگی و ڕۆشنبیریدا چۆن هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن؟ئاشتی: وه‌کوو ئاشکرایه هه‌ر کاتێک ناوی کاک نۆشیروان دێته گۆڕ، له‌ڕێوه مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ت و خه‌بات خۆی ده‌نوێنێ، به‌ڵام هه‌روه‌ک باست کرد ئه‌م که‌سایه‌تییه فره‌باڵه، بەشێک لە ژیانی تەرخان کردووە بۆ ڕۆچوون به دنیای ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگدا؛ یانی ده‌رفه‌ته‌کانی لێ بوونه‌وه له کاری سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی به خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ـ مێژوویی پڕ کردۆته‌وه و له‌م ڕێبازه‌دا هه‌نگاوی چاکی هه‌ڵێناوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ خاوه‌خاوی ده‌رکه‌وتنی ئه‌م شوێنه‌واره ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی له توێی چه‌ندین به‌رگ کتێبی«به ده‌م ڕێگاوه گوڵ‌چنین»دا گونجێندراون، هێشتا شوێندانانی خۆیان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌رنه‌خستووه، واته ئێستاش نسێ و ڕووناکیی سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مانه ته‌واو نهڕهویونهوه؛ گه‌رچی چه‌ند به‌شێکیشیان به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ پێشتر بڵاو کراونه‌وه. لام وایه قه‌ڵه‌می به‌بڕشتی ڕه‌وتێکی گرتۆته به‌ر که پێویسته ئاوڕی جیددیی لێ بدرێته‌وه و وێنه له کاره‌کانی هه‌ڵبگیرێته‌وه. ئه‌و هه‌ر له وێژه‌ی هه‌رێمی میزۆپۆتامیاوە پێدا ڕۆیشتووه و زۆربه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی پشکنیوه و لێیان که‌وتۆته گوڵچنینه‌وه. له ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه «ئاناباسیس»ی خوێندۆته‌وه و به نووسراوه‌کانی «گزنفۆن»دا چۆته‌وه. له وه‌رگێڕانی «گلگامێش»دا ڕه‌وتی زمانێکی پاراوی وه‌به‌رچاو گرتووه و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ی خستۆته سه‌ر خه‌رمانی زمان؛ چونکە خزمەت بە زمانیشی وەکوو بەشێک لە ئەرکی خەبات داناوە. هەوێنی زمان لای نۆشیروان مستەفا بۆ دەستاودرانەوەی ڕەوتی سیاسەت و تێوریزەکردنی ئامانجەکانی بە لایەنی درەوشاوەی قەڵەمی دادەندرێ.
لە وەرگێڕانی هەر بەرهەمێکدا ڕەوتێکی سەبارەت بەو دەقەی هەڵبژاردووە کە ویستوویەتی بیکاتە کوردی. هیچ لە ڕەوتی زمانی ئاسایی لای نەداوە و درکاندوویەتی کە هەتا وشەی هاوتا هەبێ بۆ دەربڕینی مەبەست پێویست بە وشەداتاشین نییە.
وه‌کوو دیاره هه‌ر وه‌رگێڕانێک ده‌توانێ کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سته‌ی تازه‌ی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ خۆی ڕاگوێزێ و داب و نه‌ریتی نوێی لێ بکه‌وێته‌وه. بێگومان کاک نۆشیروان زۆر باشی له‌م بابه‌ته زانێوه و بۆ هه‌رکام له کاره‌کانی ئه‌م بواره ویستوویه‌تی کۆمه‌ڵێک ئامانجی وه‌دی بێن، که هه‌مان به‌رچاوڕوونی و قووڵبوونه‌وه و بهخۆداپهڕموون و سه‌فه‌رکردنه به‌ره‌و دنیای ئازادی گه‌لانی سه‌ربه‌ست و پێگه‌یشتوو. که له مێژووی سیاسی‌دا دێته سه‌ر گه‌لی کورد په‌نا ده‌باته به‌ر شه‌ره‌فخانی بدلیسی و له زمانی ئه‌وڕا ده‌که‌وێته سه‌ر سه‌رکۆنه‌ی فه‌رهه‌نگی خۆخۆریی کوردان که پنجی داکوتاوه و نه‌بڕاوه‌ته‌وه. کاتێک ده‌چێته سه‌ر باسی میراتییه‌کان وایان شی ده‌کاته‌وه، که کام مێژوونووسی به‌ئه‌زموونه هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه یان نه‌یویستووه ئاوا به ناخی ناسۆرهکاندا ڕۆبچێ. هه‌ر له‌م ڕه‌وته‌دا دەبێ بزانین که نۆشیروان مسته‌فا یه‌کێکه له دیارترین ڕۆژنامه‌نووسانی شۆڕشگێڕی ڕێبازی سیاسی. لام وایه هێنده‌ی پێناچێ که شوێنه‌واره‌کانی کاک نۆشیروان له لایه‌ک ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ ته‌واوی ئه‌و مرۆڤانه‌ی خۆیان به کورد ده‌زانن و سه‌ر بۆ هه‌موو که‌لێن و قوژبنێک ده‌به‌ن هه‌تا خۆیان بناسن و بناسنه‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌بنه ژێده‌ر بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ی ده‌یانهه‌وێ بزانن ئێمه کێین و به باری ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕووناکبیریدا له کام پله‌ی جیهانیدا وه‌ستاوین.
به‌هره‌وه‌ر: دیاره نۆشیروان مسته‌فا، شاره‌زای زۆربه‌ی لایه‌نه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان بووە و لەسەر کو‌لتوور، مێژوو، سیاسه‌ت، سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، زمان، ئه‌ده‌بیات، ڕۆژنامه‌وانی، داب و نه‌ریت، ئایین و... شارەزا بوو؛ له کڵ هاتبووه ده‌ر و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی فه‌رهه‌نگی و به‌رچاو، له هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا شوێنه‌واره‌کانی وه‌باڵی بۆ ده‌کێشن. وه‌ک ده‌زانین ڕووناکبیر ئه‌رکێکی گه‌وره و قورسی له‌سه‌ر شانه، ده‌ور و ڕۆڵی ڕووناکبیر له هێنانه‌دیی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و به‌خته‌وه‌ردا حاشاهه‌ڵنه‌گره و پێش به لاڕێبردنی کۆمه‌ڵگا ده‌گرێ. ڕووناکبیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایی جیاوازە و دوور دەڕوانێ. گوێ بۆ خەڵک شل دەکا؛ قسە و باسەکان بە هێند وەردەگرێ؛ جەمسەرەکان دەباتەوە سەر یەک و لە مەبەستی وێژەر دەگا.
کەسایەتیی سیاسیی نۆشیروان مستەفا زۆر دیارە، بەڵام ئەمە ناتوانێ قورسایی و دەوری کەسایەتییە فەرهەنگی و ڕووناکبیرییەکەی وەلابنێ یان پەردەی بە ڕوودا بەربداتەوە. لە ڕوانگەی ئەوڕا سیاسەت و فەرهەنگ تا ڕادەیەکی زۆر پێکەوە گرێ دراون و دەرگا لەسەر یەکتر دەکەنەوە. هیچ سیاسییەک بەبێ ڕۆچوون بە ناخی فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆیدا ئەستەمە بتوانێ سیاسەتێکی ڕێک دابڕێژێ. بێگومان ئەوەی نۆشیروان مستەفا جیاواز دەکا، ئەمەیە کە بناغەی بیری سیاسیی خۆی لەسەر ناسینی نەتەوەکەی دانابوو.
گۆته ده‌ڵێ هونه‌ری به‌رز ئه‌وه‌یه له شتی بچووک شتی گه‌وره دروست بکه‌ی. ئه‌و هونه‌ره له کاک نۆشیرواندا ده‌بیندرێ و له نووسراوه‌کانیدا که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون. سرنج‌دان به کولتووری نه‌ته‌وه، یه‌کێک بوو له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌کانی، که له هه‌موو شوێن و جێگایه‌ک به هه‌ستێکی نیشتمانی به دوایدا گه‌ڕاوه. خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بوو، کولتووری وڵاتانی پێشکه‌وتووی بۆ ده‌نووسینه‌وه و وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی لێ ئاگادار ده‌کرد. کاک نۆشیروان، له زانکۆ ته‌نیا سه‌رقاڵی ده‌رس خوێندن نه‌بووه، به‌ڵکوو وه‌ک ڕووناکبیرێکی به‌رپرسیار، هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی پێوه‌ندییان به بردنه سه‌ری شعووری کۆمه‌ڵگاوە هه‌یه، هه‌م فێری بووه و هه‌م نووسیویه‌ته‌وه.
٢- هه‌روا که کاک سه‌لاح ده‌ڵێ نۆشیروان مسته‌فا که‌سایه‌تییه‌کی فره‌باڵه، هه‌ر ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ناسین و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ئه‌سته‌م ده‌کا. زۆر جار سیاسه‌ت کردن وه‌کوو ناچارییه‌ک لای نۆشیروان مسته‌فا ده‌رده‌که‌وێ و زۆر جاریش به ئه‌گه‌ری گه‌وره‌ی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی ده‌زانێ. ڕه‌نگه تێکه‌ڵاوی و گرێدراوێتی فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت بێ که ئه‌م ئه‌کته‌ره شوێندانه‌ره‌ی سه‌ر ساحه‌ی سیاسه‌تی کوردستان به‌گشتی و سیاسه‌تی باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی دەکاتە که‌سایه‌تییه‌کی جیاواز و فره‌ڕه‌هه‌ند. ئه‌و له لایه‌که‌وه ده‌زگا داده‌مه‌زرێنێ بۆ گه‌شه‌ی زانستی له بواری فه‌رهه‌نگ و مێژوودا و له لایه‌کی دیکه‌وه سیاسه‌ت ده‌کا به پیشه‌ی ڕۆژانه بۆ چاکسازی و بهرپەرچدانهوهی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له کوردستان. ئایا ئەتوانین بڵێین فەرهەنگ لای نەوشیروان مستەفا ئەگەر و زهرفییهتێک بووه بۆ خزمەت بە سیاسەت؟
ئاشتی: کاک نۆشیروان له‌م سه‌رچاوانه‌دا که جه‌نابت باسیان ده‌که‌ی، به‌ڕاستی ویستوویه‌تی چرای قه‌ڵه‌می ڕووناکیده‌ر بێ بۆ پێچ و گه‌وه‌ی ژیان به‌گشتی و بۆ باری سیاسه‌تیش به‌تایبه‌تی. ئه‌و که دێ به جه‌رگه‌ی کۆماری کوردستاندا شۆڕ ده‌بێته‌وه و ده‌چێته سه‌ر گه‌مه‌ی سیاسه‌تی سۆڤییه‌ت، لێبڕاوه ده‌رسی ڕابردوومان بخاتەوە بیر، هه‌تا جارێکی دیکه له کونێکه‌وه ماری گه‌مه‌ی سیاسه‌تبازان نهمانچزێنێ و خوێندنەوەیەکی تازە دادێنێ. لام وایه بواری سیاسه‌ت و خه‌بات بوونه ڕێخۆشکه‌ری پشکووتنی ئه‌ندێشه‌ی نۆشیروان مسته‌فا و ئه‌ویش خۆی نهگنخاند و هه‌له‌که‌ی قۆزته‌وه و له درێژه‌ی زه‌ماندا گۆڕان و هێوربوونه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه له ئاسۆی بیریدا سه‌ری هه‌ڵدا و به ڕێبازی فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تی نه‌رمدا خۆی له وەدی هێنانی شاری ئاواتهخواستهی خۆش کرد، که ئه‌ویش بریتی بوو له گه‌لسالاری و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای سه‌روه‌ربوونی یاسا. له‌م ڕێبازه‌دا هه‌تا ئاستێکی به‌رچاو توانی سه‌رکه‌وتوو بێ، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و خوێندنه‌وه‌ی چه‌واشه ته‌می گومانێکی ناڕه‌وای خسته سه‌ر هه‌وڵه‌کانی. لام وایه له هه‌ر شوێنێک ئه‌حزاب بتوانن خاوه‌نی داموده‌زگای قورس و گرانی خۆیان بن و ته‌نیا بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بکه‌نه‌وه، بیر و هۆشی خه‌ڵک ده‌که‌وێته نێو بازنه‌ی گه‌مه‌ی سیاسه‌ت و جاری وایه هه‌تا جێیه‌ک ده‌ڕوا که ئه‌ندێشه به درۆ و ده‌له‌سه تیرۆر ده‌کرێ. ئه‌م ده‌زگایانه‌ی من باسیان ده‌که‌م هه‌موویان به سه‌رمایه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خه‌ڵک به‌ڕێوه ده‌چن و ته‌نیا ئامانجیان هێنانه‌دیی ئاواتی چه‌ند که‌س و بنه‌ماڵه و تاقمێکی ده‌سه‌ڵاتداره که لایان وایه دنیا بێ ئه‌وان زیندان و کۆت و به‌نده. تا ئه‌وان هه‌بن دنیا شامی شه‌ریفه و که نه‌بوون سه‌قه‌ره!
به‌هره‌وه‌ر: پێموایه جودا کردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه و پێش و پاش کردنیان، یارمه‌تیده‌ری خوێندنه‌وه‌ی ژیان و ڕابردوو و ئاسه‌واره‌کانی نۆشیروان مسته‌فا نابن. ههروەک گوتم فه‌رهه‌نگ له لای ئه‌و ژێرخانی سیاسه‌تێکی ڕێکوپێکە. به بڕوای من کاک نۆشیروان قه‌رزداری مێژوو نییه و وه‌ک ڕۆژنامه‌وان و شۆڕشگێڕێکی به‌ئه‌مه‌گ ئه‌رکی نیشتمانی، مێژوویی، ڕووناک‌بیری و ڕۆژنامه‌وانیی خۆی به‌جێهێناوه و به سه‌ر ڕووداوه‌کاندا بازی نه‌داوه. به په‌رۆشه‌وه باسی ئه‌و کاره‌سات و مه‌ینه‌تیانه ده‌کا که به‌رۆکی کوردیان گرتووه. به به‌ڵگه و تاریخ ڕووداوه‌کانی ده‌گێڕێته‌وه. دوای ئاشبه‌تاڵ و دروستبوونی یه‌کێتی، کاره‌ساتی زۆر تاڵ و ناخۆش و جه‌رگبڕ به سه‌ر کورددا هات، له هه‌موو ئه‌وانه دڵته‌زێنتر شه‌ڕی براکوژییه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی که چه‌ند جار دووپات بۆته‌وه و به‌داخه‌وه تاکوو ئێستا چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. شێلیر، شاعیری به‌ناوبانگی ئاڵمانی ده‌ڵێ: «بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له ڕۆژگاری تۆدا ده‌ژین شتێک مه‌نووسه که پێیان خۆشه، شتێک بنووسه که پێویستیان پێیه‌تی.» کاک نۆشیروان له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا
شتێکی نووسیوە کە کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی. هەر چەند ڕووداوەکانی دوای ئاشبەتاڵ زۆر دڵتەزێن و ناخۆشن و کۆنەبرینەکان تەشەنا دەبنەوە، بەڵام گێڕانەوەیان بۆ ئاگاداریی کۆمەڵگا لە ڕووداوەکان پێویستە.
مێژوو بۆ ئەوەی دەنووسرێتەوە کە مرۆڤ ئاگاداری ڕووداوەکانی ڕابردوو بێ ولایه‌نه ئیجابی و سه‌لبییه‌کانی بخاته به‌ر لێکۆڵینه‌وه و سوودیان لێ وه‌رگرێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌ته‌وه‌ی کورد که‌متر بایه‌خ ده‌دەن به مێژوو و ده‌رس له ڕووداوه‌کان وه‌رناگرن. هه‌موو حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی لایه‌نی ئیجابی و سه‌لبی هه‌یه، پێویسته قسه‌یان له‌سه‌ر بکرێ و کارەکانیان شی بکرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا لانیکه‌م له ڕووداوه‌کانی پێوەند به خۆی تێ‌بگا.
ئه‌وین و خۆشەویستی مرۆڤه‌کان ده‌کا به قاره‌مان، کاک نۆشیروان ئاشقی ئازادی و نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو، به دڵ و کرده‌وه هه‌وڵی بۆ داوه و مه‌یدانی خه‌باتی چۆل نه‌کردووه. وه‌ک پیاوێکی هه‌ڵکه‌وته‌ی سه‌رده‌می خه‌باتی ئازادیخوازانه له پێناو خزمه‌ت به سیاسه‌تدا چه‌ندین ئه‌رکی قورسی وه‌ک کاری ڕۆژنامه‌وانی، سیاسی، نیزامی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و... له‌سه‌ر شان بووه و وه‌ک شاره‌زایه‌کی لێهاتوو هه‌موو ئه‌و ئه‌رکانه‌ی به لێوه‌شاوه‌یی ڕاپه‌ڕاندووه. نووسینی بیره‌وه‌ری و ڕۆژنامه‌وانی دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگن له ژیانی مرۆڤدا و کاک نۆشیروان به‌چاکی و له جێگای خۆیدا که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون. ئه‌م شێوه نووسینه له سه‌رده‌می حکوومه‌تی قاجاریشدا باو بووه.
٣- ڕه‌نگه بتوانین بڵێین له باری فه‌رهه‌نگییه‌وه، مێژوو به هه‌موو ئه‌گه‌ر و مه‌ترسییه‌کانییه‌وه سه‌ره‌کیترین که‌ڵکه‌ڵه‌ی نۆشیروان مسته‌فا بووه. به‌رده‌وام هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کان ده‌دا و مه‌ترسیی به لاڕیدا بردنیانی هه‌یه. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام خۆلیای ساخکردنه‌وه‌ی مێژووی کۆن و هاوچه‌رخی کوردستانی بووه و هه‌وڵی داوه به دامه‌زراندن و گه‌شه کردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که ده‌توانن ئه‌م ئه‌رکانه جێبه‌جێ بکه‌ن به‌شێک له مه‌ترسییه‌کانی بڕه‌وێنێته‌وه. به بڕوای ئێوه لەم بوارەدا چەنێک سەرکەوتوو بوو؟
ئاشتی: کاک نۆشیروان له به‌رگی یه‌که‌می کتێبی سێیه‌می به‌ده‌م ڕێگاوه گوڵچنیندا پرسیارێکی ورووژاندووه و پرسیویه‌تی بۆچی مێژوو ده‌نووسرێته‌وه؟ له وڵامدا ده‌ڵێ: ساده‌ترین وڵام ئه‌مه‌یه که په‌ند له ڕووداوه‌کانی وه‌ربگیرێ. پاشان داده‌به‌زێته سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌کانی دیرۆکی کورد و سه‌ربورده تاڵ و ناخۆشه‌کانی و چه‌ندین مێژوونووسیش به نموونه دێنێته‌وه، که ئه‌م باسه‌یان ورووژاندووه. به لای منه‌وه بایخدانی ئه‌م خوابهخشیوه به مێژوو، چ مێژووی کورد و چ مێژووی دراوسێیانی، دۆزینی هه‌ودا ورده‌کانی ڕابردوو بوو هه‌تا به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و بیرمه‌ندانه بخرێنه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی پێشوو به‌جوانی دیاری بکرێن. خۆم گه‌لێک جار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵی که‌وتوومه گوفتوگۆ و بۆم ڕوون بۆته‌وه که ئاگاداری بنه‌ماکانی زانستی مێژوویه و گه‌لێک جار گریمانه و بۆچوونی مێژوونووسانی ده‌برده ژێر پرسیار و گومانی ده‌خسته سه‌ر بێلایه‌نبوونیان. له سێ کتێبی: له که‌ناری دانووبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ (1975ـ1978)؛ په‌نجه‌کان یه‌کتری ئه‌شکێنن (1979ـ1983) و خولانه‌وه له ناو بازنه‌دا (1984ـ1988)، که هه‌موویان باسی دیوی ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن، کاک نۆشیروان پێی لێ ده‌نێ که ڕاسته مێژوو ده‌نووسێته‌وه و لەسەر بنەمای ڕێپۆرتاژ دایدەڕێژێ، به‌ڵام نه ده‌کرێ و نه ڕاسته که به شێوه‌یه‌کی بێلایه‌نانه به‌سه‌رهاته‌کان بگێڕێته‌وه. خۆش ئه‌وه‌یه ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر لای وایه وا نییه با ئه‌ویش به قه‌ڵه‌م وڵام بداته‌وه.
له لایه‌کی دیکه‌وه کاک نۆشیروان له مێژووی دهرودراوسێیاندا به شوێن مێژووی دزراوی خۆماندا ده‌گه‌ڕا و پێی وابوو کورد نه پنگه له‌سه‌ر کانیاوان شین بووبێ و نه کارگه به گرمه‌ی هه‌وران هه‌ڵتۆقیبێ و هه‌ر له «ماد»ه‌وه بگره هه‌تا هه‌خامه‌نشی و ئه‌شکانی و به‌تایبه‌ت ساسانی ده‌بێ بخرێنه به‌ر پشکنینی ورد و باریکی مێژوونووسانه‌وه و ته‌واو به چاوێکی ڕوون له توخم و تۆره‌مه و فه‌رهه‌نگیان بکۆڵدرێته‌وه و ڕوون بکرێته‌وه که ئێمه چۆن و له کوێوه هاتووین؟! به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سازکردنی مێژووی خه‌یاڵاتی و بێبنه‌مای به‌دڵه‌وه نهدهنووسا. بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه مامۆستا ڕه‌فیق ساڵح و مامۆستا سدیق ساڵحی هاندان و پشتی گرتن هه‌تا ناوه‌ندێک بۆ بووژاندنه‌وه‌ی که‌له‌پووری به‌ڵگه‌نامه‌یی و ڕۆژنامه‌وانیی کوردی دابمه‌زرێنن و بنکەی ژین بەرهەمی ئەم فکرەیە. له مه‌وای کاردا ڕایئهسپاردن هه‌تا سه‌ره‌ڕای چاپی کتێبی مێژوویی سه‌باره‌ت به ته‌واوی پارچه‌کانی کوردستان، گۆڤار و ڕۆژنامهکانیشیان وه‌پاش نه‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت کوردستانی ئێرانی زۆر به‌لاوه گرنگ بوو. دیاره خۆشی به نووسینی کتێبی «کورد و عه‌جه‌م» و «حکوومه‌تی کوردستان»، خزمه‌تێکی یهکجارشیاوی کرد بەم پارچەیه و ده‌شێ سه‌رمه‌شقێکی باش بێ بۆ مێژوونووسانی ئێستا و داهاتوو. دۆستایه‌تی به‌نده له‌گه‌ڵ کاک نۆشیروان و دنهدرانم بۆ وه‌رگێڕانی ته‌واوی ئه‌و دیرۆکانهی به چه‌شنێک شریته‌ی ده‌که‌ن بۆ نێو مێژوومان، بڕه سامان و دهستهچیلهیهکی لێکه‌وتۆته‌وه و دیاره بێتوو پێشنیار و پشتیوانیی ماددی و مه‌عنه‌ویی مامۆستایان ڕه‌فیق ساڵح و سدیق ساڵح نه‌بووبا، هه‌رگیز پڕۆژه‌یه‌کی ئاوا سه‌ری نه‌ده‌گرت.
هه‌وڵه‌کانی کاک نۆشیروان بۆ نووسینی مێژوو، کارێکی وای کرد که زۆر که‌س له‌م بواره‌وه بگلێن، کە ئی ئەم بوارە نەبوون و نین، به‌ڵام دیسانیش ده‌سکه‌وتی زۆر شایان په‌یدا بوون و له ناسینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌وری به‌رچاویان گێڕاوه و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی ئه‌م خوالێخۆشبووه ڕێک و هاوتهریبە.
به‌هره‌وه‌ر: کاک نۆشیروان له شۆرشی نوێ‌دا له‌باری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ورێکی به‌رچاوی هه‌بووه و بایه‌خێکی زۆری به مێژوو داوه و به‌پێی ئه‌زموونی ڕۆژنامه‌وانی ڕووداوه‌کانی تۆمار کردوون. بایخی مێژوونووسین و ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان بۆ به‌ره‌ی داهاتوو زۆر گرنگ و پێویسته. لێکدانه‌وه‌ی دروست له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان ده‌بێته زامنی سه‌رکه‌وتنی دواڕۆژ. مرۆڤی به‌ئه‌زموونی وه‌ک نۆشیروان، پێمان ده‌ڵێ که تۆ وڵات و مێژووت هه‌یه، ڕووداو و قاره‌مان و تراژێدیت هه‌یه، سه‌رزه‌وی و کولتووری خۆت هه‌یه. ڕاستگۆیی به قسه بێ یان به نووسین یه‌کێکه له سیفه‌ته په‌سنده‌کانی ئینسان که ده‌بێته هۆی متمانه پێکردنی ئینسانه‌کان و گێڕانه‌وه‌کانیان له‌سه‌ر مێژوو و ڕووداوه‌کان به هێند وه‌رده‌گیرێن. ئه‌م ڕاستگۆیییهی نۆشیروان مسته‌فا به شێوه‌یەکی شیاو له بواری نووسین و ساخکردنه‌وه‌ی مێژووی کوردستاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و هه‌موو هه‌وڵی خۆی دا تا ئه‌و ڕووداوانه‌ی له کوردستان و له سه‌رده‌می ژیان و خه‌باتی ئه‌ودا ڕوویان داوه ڕاسته‌وخۆ بگێڕێته‌وه و له ئه‌گه‌ری به لاڕێدا بردن بیانپارێزێ. ئه‌مه ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو سیاسییه‌کی ڕاستگۆ و به‌رپرسیاره. ههروەک ئێوه‌ش ئاماژه‌تان پێ‌کرد ئه‌و هه‌ر به‌مه‌وه نه‌وه‌ستاوه و بۆ پاراستنی مێژووی کوردستان هه‌وڵی داوه مێژوونووسی و ساخکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و ڕووداوه مێژوویییه‌کان به یارمه‌تیی ده‌زگا و ڕێکخراوه‌ی زانستی ڕێک بخا.
کاک نۆشیروان، شۆڕشگێڕ و چالاکی سیاسی- نیزامی له شۆرشی نوێ‌دا، له کتێبێک‌دا به‌ناوی «له که‌ناری دانووبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ» ڕووداوه‌کانی ساڵی 1975ـ1978ی کوردستانی باشوور ده‌گێڕێته‌وه. مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستانی باشوور ته‌مومژاوی و سه‌ربه‌مۆر ماونه‌ته‌وه و پرسیارێکی زۆریان به دوای خۆییاندا هێناوه. وڵامی ئه‌و پرسیارانه و ڕوونکردنه‌وه‌یان بۆ مێژوو و داهاتوو زه‌روور و پێویسته. ئه‌و زۆر به‌رپرسانه ئه‌رکی ڕووناکبیریی خۆی به‌جێ هێناوه و به‌شێک له‌و بۆشایییه‌ی مێژووی خه‌باتی نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌ی کوردی پڕ کردۆته‌وه. لێکۆڵینه‌وه و به شوێن مێژوودا گه‌ڕان، یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ی که نۆشیروان مسته‌فا به لایه‌وه گرنگ بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی که خه‌ریکی نامه‌ی دوکتورا بووه له‌سه‌ر «په‌یدابوونی گه‌شه کردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد»، به‌ڵام خۆی گوته‌نی: به هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان کاره‌که‌ی به نیوه‌چڵی به‌جێ دێڵێ. کاک نۆشیروان، دڵسۆزی به‌ڕاستیی کورد و کوردستانه و به‌شێکی زۆری ته‌مه‌نی خۆی له ڕێگای ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌یدا به‌خت کردووه و مێژوو شانازی پێوه ده‌کا، چونکه ڕووداوه‌کان وه‌ک خۆی باس ده‌کا و بژاری نه‌کردوون. ئه‌وه خاڵێکی به‌هێزه له ژیانی نۆشیرواندا و نووسراوه‌کان له باره‌ی مێژوو و ڕووداوه‌کان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو چاوی لێ ده‌کرێ.
٤- هه‌موو ڕێبه‌رانی سیاسیی کورد له مێژوودا به‌پێی باری فکری و خوێندن و هه‌روه‌ها ئاخێزگه‌ی چینایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی خۆیان، ده‌بنه خاوه‌نی هه‌ندێک خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ڕێبه‌رانی پێش خۆیان و پاش خۆیان جیاوازیان ده‌کا. به‌گشتی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه چین که نۆشیروان مستەفا لە ڕێبەرانی دیکەی سیاسیی کوردستان جیا دەکاتەوە؟
ئاشتی: به‌داخه‌وه سیاسه‌ت له وڵاتی کورده‌واریدا هه‌وراز و لێژی زۆره و کاک نۆشیروانیش به‌پێی ئه‌و هه‌وراز و لێژانه به ڕه‌وتی خه‌بات و سیاسه‌تی کوردستاندا تێپه‌ڕیوه و پاش ماوه‌یه‌کی زۆر ڕۆچوون به ناخی خۆی و به ناخی ڕووداوه تاڵ و ناخۆشه‌کانی ڕابردوودا، له سه‌رکرده‌یه‌کی ئه‌وپه‌ڕ سیاسی و عه‌سکه‌رییه‌وه، وه‌ک چۆن له به‌ره‌ی خوێنده‌واری شاره‌وه هه‌ڵقوڵابوو، گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌وارگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێشووی خۆی. مێژوونووسی، ڕۆژنامه‌وانی، لێکدانه‌وه‌ی سیاسی، ئه‌ده‌بی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنی ڕایه‌ڵه‌ی ڕێکخستن و ژیانی مه‌یله‌و عارفانە وڕاشکاوی و ڕاستگۆیی و گۆڕانخوازیی ڕیشەیی خوێندەواریی ئاکادێمیک لە سەرکردەکانی دیکەی جودا دەکاتەوە. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌مه نییه که سه‌رکرده‌کانی دیکه هیچیان خاوه‌نی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه نین و نه‌بوون، به‌ڵکوو ده‌توانم بڵێم هیچیان نه‌یانتوانیبوو یه‌کجێ ئه‌م خاڵانه له خۆیاندا کۆ بکه‌نه‌وه.
شاعیر گوتەنی: هەرچی جوانان هەموو لایانە، بەتەنیا لاتە!
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دامه‌زراند، ئه‌گه‌رچی به دابڕانی گه‌لێک له کادر و پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کیه‌تی و په‌یوه‌ست بوون پێی ده‌یتوانی هێزی چه‌کداری حیزبی دامه‌زرێنێ، خۆی له‌م هه‌ڵه کوشندەیە پاراست و نه‌بوو به باڵی سێهه‌می چه‌ک و سیاسه‌ت و ته‌نیا ڕه‌وتی سیاسه‌تی وه‌ک بژارده‌ی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژارد. ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ریخست که کاک نۆشیروان له پێشمه‌رگه‌یه‌کی سیاسه‌تمه‌داره‌وه بۆته سیاسه‌تمه‌دارێکی بیرمه‌ند و ئاماده‌یه هه‌موو ته‌مه‌نی به‌ختی وه‌دی هاتنی ئامانجه‌کانی بکا و له ڕه‌وتی سازکردنی نه‌وه‌ی نوێ‌دا ده‌وری به‌رچاو بگێڕێ و وه‌ک دوکتۆر خالید ته‌وه‌ککولی ده‌ڵێ به ڕه‌وتی «نه‌ته‌وه‌سازی»دا بڕوا، که خۆی ئامانجێکه مه‌ودای ده‌وێ. یانی ئامانجێکی دوورمەودایه و بەگوێرەی ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگا ڕەوتەکە بەرەوپێش چوون بە خۆیەوە دەبینێ و گەشەوەر دەبێ.
لە کۆمەڵگای سوننەتیدا ئەوانەی لێدەبڕێن باری سیاسەت و شێوازی گەشەی فەرهەنگ بگۆڕن هەمیشتە بە سەر تەنگ و چەڵەمەدا دەکەون و پارێزەرانی بیری کۆنباو لە نوێباوی تۆقیون، چونکە نایانهەوێ بەپێی زەمان بگۆڕێن و کە نەشگۆڕان دەکەونە بەر تیخەکانی جەنجەڕی زەمان و تێدادەچن. ئەم ڕەوتە درەنگ و زووی هەیە و هەر مسۆگەر دەبێ.
به‌هره‌وه‌ر: ئه‌وه‌ی نۆشیروان مسته‌فا، له ڕێبه‌رانی دیکه‌ی سیاسی جیا ده‌کاته‌وه به‌رله هه‌موو شتێک په‌روه‌رده‌بوونی بیر و هه‌ستی ڕووناک‌بیری و ڕۆژنامهوانییەتی؛ هه‌روه‌ها له باری نیزامیشدا به‌رنامه‌ڕێژ و پلاندانه‌رێکی لێوه‌شاوه بووه. شاره‌زایی له بواری هێزی سه‌ربازی، بۆ خه‌باتی چه‌کداری یه‌کێکە له سه‌ره‌کیترین پێداویستییه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری و پێویسته له سه‌ره‌تاوه پلان و به‌رنامه‌ی بۆ دابڕێژرێ و به‌پێی پلان کاره‌کان به‌ڕێوه بچن. کاک نۆشیروان سه‌ره‌ڕای به‌رپرسیارێتیی ئه‌رکی سیاسی، ئه‌رکی ڕاهێنان و پێگه‌یانی کادر و پێشمه‌رگه و دابینکردنی چهکوچۆڵیشی له‌سه‌ر شان بووه.
ئه‌رکی ڕۆژنامه‌وانی، سه‌روه‌ت و سامانێکی به‌نرخه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌گشتی و بۆ کورد به‌تایبه‌تی. به‌هێز کردنی بواری ڕووناک‌بیری و ڕۆژنامه‌وانی، بۆ کۆمه‌ڵگای کورده‌واری زۆر پێویسته و کاک نۆشیروان له‌م بواره‌دا ڕچه‌ی کوتاوە و وه‌ک هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی ده‌گمه‌ن له نێوان ڕێبه‌رانی دیکه‌ی سیاسی‌دا دیاره. نووسراوه‌کانی پڕن له ئه‌زموون و له هه‌ر شوێنێک مابێته‌وه هه‌لومه‌رجی ناوچه‌که‌ی له هه‌موو بارێکه‌وه خستۆته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. سرنج‌دان به کو‌لتوور و جوانییه‌کانی سروشت، دیپلۆماسی، فه‌لسه‌فه، ژیانی مرۆڤ، دادگه‌ری و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایەتی و... یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مرۆڤی هه‌ڵکه‌وته که له هه‌موو کات و سات و هه‌لومه‌رجێکدا هه‌ل به فیڕۆ نادا و له هه‌ر باغچهیەک گوڵێک ده‌چنێ. کاک نۆشیروان، خاوه‌نی ئه‌و تایبهتمهندییانەیە و ڕێبه‌رێکی سیاسیی جیاوازه.
۵- شه‌ڕی ناوخۆ له باشووری کوردستان له‌و دیارده ناخۆش و تاریکانه بوو که تا ئێستاش هه‌م سێبه‌ری ڕه‌شی به سه‌ر کورده‌وه ماوه و هه‌م به‌پێی بارودۆخی سیاسیی هه‌رێم ئه‌گه‌ری دووپاتبوونه‌وه‌ی له ئارادایه. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته مشتومڕێکی زۆر کراوه، به‌ڵام هیچکام له حیزب و لایه‌نه‌کان به‌ڕاشکاوی بەرپرسیارێتی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م شه‌ڕه و زیانه‌کانی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه. له کاتی ئه‌م شه‌ڕه‌دا نۆشیروان مسته‌فا یه‌کێک له که‌سایه‌تییه دیار و بڕیارده‌ره‌کانی نێو یه‌کییەتی نیشتمانیی کوردستان بوو. دەوری نۆشیروان مستەفا لە هەڵگیرسان و بەردەوام بوونی شەڕی ناخۆدا چۆن هەڵئەسەنگێنن؟
ئاشتی: به‌ڕاستی وڵامی ئه‌م پرسیاره پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانییه و دەبێ خۆمان له هه‌ڵپه‌سێرانی عه‌قڵی خۆمان بپارێزین و خۆ له خۆشه‌ویستی و ناخۆشه‌ویستی بە دوور بگرین. ئه‌گه‌ر به‌پێی نووسینه‌کانی کاک نۆشیروان بێ، ئه‌وه دیاره کێن ئه‌وانه‌ی نه‌سه‌لمێن و شه‌ڕفرۆش وەستای شەڕ بوون و ئه‌گه‌ر به قسه‌ی ژێده‌ره‌کانی به‌رامبه‌ری بێ ئه‌وه ئه‌و تۆمه‌تباره! بەڵام تۆمەت بەخشینەوە و خۆ مەزلووم کردن لە مێژووی ئێمەدا بێ ڕیشە نییە. بۆیە کورد دەڵێ:"لێش دەدا و هاواریش دەکا." بەداخەوە جاری واشە کراوەتە تاریخ و بێ هیچ لێکدانەوەیەک بۆتە بنێشتەخۆشکە. بەڵگەنامەکان هەمیشە لای باڵادەستان یارییان پێکراوە و نەبڕاوەتەوە. به‌ڕاستی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کانی خۆکوژی هه‌ر له دامه‌زراندنی یه‌کییه‌تی نیشتمانییەوە بگرە هەتا کاره‌ساتی هه‌کاری و تا دەگاتە ئێستاش، کە بەداخەوە شەڕێکی ڕانەگەیاندراوی ئعلامی و تیرۆری بیر و هۆشی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ئارادایه و چی وای له شه‌ڕه‌تفه‌نگ که‌متر نییه، غه‌یری زه‌ره‌ر هیچیان به گه‌لی کورد نه‌گه‌یاندووه. ئه‌وانه‌ی به‌شداری شه‌ڕه‌کان بوون نه هیچیان فرشته بوون و نه هیچیان شه‌یتان، به‌ڵام به‌ڕاستی هه‌تا دنیا به دنیایه شه‌ڕی نێوان نوور و تاریکی هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێ.
به‌هره‌وه‌ر: کاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی براکوژی، کاک نۆشیروان، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو و ئاگاداری شه‌ڕه‌که نه‌بوو، به‌ڵام کردیان به ده‌نگۆ، کاک نۆشیروانیان تێوه‌گلاند و وه‌ک ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ناوخۆیان ناساند. کاک نۆشیروان، کاتێک ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یان خسته سه‌ر شان چه‌ندین نامه و به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر شه‌ڕخوازان و هه‌ڵگیرسێنه‌رانی شه‌ڕی براکوژی بڵاو کرده‌وه و ڕاستییه‌کانی ڕوون کردنه‌وه و تاوانبارانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخوی دیاری کرد. هه‌روه‌ها بۆ دامرکاندنەوەی ئه‌و شه‌ڕه نگریس و نەخوازراوە زۆری هەوڵ دا. بەدرێژاییی مێژوو، کورد زۆرجار تووشی ململانی و کێشەی ناوخۆیی بۆتەوە، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگای ڕیشەکێش کردنی بدۆزێتەوە. هەتا هاتووە پتر دەستی بۆ چەک بردووە و کارەساتی دڵتەزێنی زیاتری لێکەوتۆتەوە و دوژمنایەتییەکان قووڵتر بوونەوە. هیوادارم بە دووپاتە نەبوونەوەی ئەم نەریتە ناحەزە کورد بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر بڕوا.
٦- یه‌کێکی تر له‌و باسانه‌ی که ئێستا بۆ شرۆڤهکەرانی سیاسیی کورد بۆته جێگه‌ی پرسیار داهاتووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه که له‌سه‌ر ده‌ستی نۆشیروان مسته‌فا دامه‌زرا و تا ئێستاش نه‌یتوانیوه خۆی له ژێر سێبه‌ری قورسی کاریزمای ئه‌م که‌سایه‌تییه ڕزگار بکا. به بڕوای ئێوه گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا چی بە سەر دێ؟
ئاشتی: گۆڕان ئێستا گهرمهبرینه و لایه‌نگرانیشی هه‌ر وان، به‌ڵام ده‌بێ ڕاوه‌ستین و چاوه‌ڕوان بین بزانین داخوا چ حیکمه‌تێک ده‌توانێ ببێته پێشه‌نگی دوو ئاڕاسته‌ی نێو گۆڕان؟! داخوا ئه‌وانه‌ی کۆن یه‌کییه‌تی بوون و بڕوایان به بیرمه‌ندی و ده‌سپاکی و خۆنه‌ویستی کاک نۆشیروان هێنابوو، دیسان به لای حیزبی دایکدا ناشکێنه‌وه و ژیانی به‌خێر و بێر هه‌ڵنابژێرن؟! یان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی گۆڕانخوازی و له ده‌ره‌وه‌ی وه‌لای حیزێک ببوونه گۆڕان به‌رگه‌ی نه‌مانی ئه‌م کاریزمایه ده‌گرن؟! یان «حه‌مدی» گوته‌نی: وه‌ک مه‌دینه بێ نه‌بی بێ یا نه‌جه‌ف بێ بێعهلی/ شاری غه‌زنه‌ش ئێسته بێ مه‌حمووده وه‌ک داریکه‌لی!
ئه‌زموونی حکوومه‌تی هه‌رێم سه‌لماندی که بوونی هێزی چه‌کداری حیزبی تهنگهژهیهکه له‌سه‌ر ڕێگای هه‌ر چه‌شنه ڕێفۆڕم و چاکسازییه‌ک و گۆڕان که ئه‌م ڕه‌وته مەدەنییەی هه‌ڵبژاردووه و جاری وایه تووشی تلاسان و به ههڵهچوونیش بووه، ده‌توانێ چ بکا و چ نه‌کا، په‌یوه‌سته به‌م ناهاوسه‌نگییه‌ی له دنیای واقعدا بوونی هه‌یه؛ بەڵام تازە وەچەی پەروەردەبووی چاو کراوە ئەم ئەزموونی خەباتە نەرمە پارلمانییە ناگۆڕنەوە بە سێبەری سەنگینی شەڕی چەکداری. ئەو فەرهەنگەی کاک نۆشیروان بناغەی داڕشت وەک ڕەوڕەوەی مێژوو وایە کە هەر بەرەوپێش مل دەنێ و ناکشێتەوە.
به‌هره‌وه‌ر: دنیای بێ ئاڵوگۆڕ، واته دنیایه‌کی مردوو. کاک نۆشیروان له ماوه‌ی نیوسه‌ده تێکۆشانی سیاسیی خۆیدا هه‌میشه لایه‌نگریی له گۆڕان کردووه و به‌کرده‌وه هه‌نگاوی بۆ ههڵێناوەتەوە و به‌پێی هه‌لومه‌رج پلانی بۆ ئامانجه‌کانی خۆی داڕشتووه.
گۆڕان ئه‌و حیزبه‌یه که کاک نۆشیروان، وه‌ک ئه‌ندازیارێکی شاره‌زا و قاڵبوو و کارامه‌ی نیوسه‌ده خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، پلان و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی بۆ داناوه. ئه‌گه‌ر گۆڕان پابه‌ندی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی نێوخۆی بێ، ئاسۆی ڕوونه.
هه‌ڵسوکه‌وتی گۆڕان و گۆڕانخوازان پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه و ده‌بێ پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانیان توندوتۆڵ‌تر بکه‌ن و له گه‌وره کردنه‌وه‌ی شتی بچووک خۆ بپارێزن و له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان کار بکه‌ن. لێکترازانی ئه‌و چوار لایه‌نه، واته: گۆڕان، یه‌کییەتی، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو، زیان به پرۆژه هاوبه‌شه‌که‌یان ده‌گه‌یه‌نێ. ڕێگا بۆ به‌ربه‌ره‌کانی دژی پێشێل کردنی قانوون و سه‌ره‌ڕۆیی هێندێک لایه‌ن یه‌ک و دوو نییه. پشوودرێژی ده‌وێ و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی مه‌ده‌نی و شارستانییانه. هه‌ر چه‌ند تاکوو ئێستا داموده‌زگاکانی حکوومه‌تی هه‌رێم له ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یهکییەتیدان، به‌ڵام به هاتنه مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حیزبه تا ڕاده‌یه‌ک که‌مڕه‌نگ بۆته‌وه و گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی پارلمانیی 2009دا بوو به براوه‌ی دووهه‌م و به‌شێکی زۆری له هاوبیرانی سیاسی له ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه. ئه‌وه ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره و گرنگ بوو هه‌م بۆ گۆڕان و هه‌م بۆ کۆمه‌ڵگا. پاراستنی ئه‌و ده‌سکه‌وته مێژوویییه ده‌که‌وێته سه‌ر شانی گۆڕانخوازان دوای کۆچی‌دوایی نۆشیروان مسته‌فا و ڕیزی لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پته‌وتر ده‌کا.
٧- دوو هێزه سه‌ره‌کییه‌که‌ی باشووری کوردستان واته یه‌کییەتی و پارتی له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه خۆیان و سیسته‌می سیاسی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان له هه‌رێم له‌و گۆڕانکارییانه‌ی که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵی بۆ ده‌دا بدزنەوە و تا ڕاده‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتوو بوون. ئایا هەرێمی کوردستان پاش مەرگی نۆشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پێش سەرهەڵدانی گۆڕان؟
ئاشتی: گومانم هه‌یه ڕه‌وته‌که ئاوا یه‌کسه‌ر پێچه‌وانه بێته‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه شێوه‌یه‌ک خاوبوونه‌وه به خۆیه‌وه ببینێ. له‌و وڵاتانه‌دا که گه‌وجاندن بۆته نه‌ریتێکی باو، مه‌ترسیی گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خاڵی سیفر له ڕه‌وتی سیاسی‌دا سه‌یر نییه، ئه‌ویش له‌و شوێنانه که تاکپه‌رستی و خۆ به پیرۆزدانان به هه‌زار ڕه‌نگ خۆی ده‌ڕه‌نگێنێ.
هیوادارم ئاوهزمهندانی سیاسی له هه‌موو حیزبه‌کان، به ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی ده‌سه‌ڵات و وه‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی بارناسکی کوردستان، قه‌یرانه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، نه‌ک پووش به سه‌ر. ئه‌و برینانه‌ی وه‌بن ده‌ده‌ن سه‌ره‌نجام ڕۆژێکی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و کوژه‌ی مرۆڤن. ئه‌وانه‌ی «ئه‌مری واقع» به واقعبینی داده‌نێن و ئه‌وانه‌ش که به تەسلیم بوونی دەزانن بۆ دەسەڵاتێکی پاوانخواز، دەبێ ڕێگایەکی نێو‌بڕ بدۆزنەوە و بێتوو گۆڕان دەورێکی سەرەکیی تێدا بگێڕێ، هەموو لایەک قازانجی لێ دەکەن، بەتایبەت خودی گۆڕان. یەکییەتیی نیشتمانی کە خۆی بە حیزبی پێشەنگی شۆرشی نوێ دەزانێ و حاشاشی لێ ناکرێ، دەبێ نەهێڵێ تای تەرازوو بە لای تاکڕەویدا بشکێتەوە. ئەگەر قسە لە کوردستانێکی سەربەست و دێموکراتە گۆڕان دەتوانێ هاوپەیمانێکی پشت پێبەستراو بێ. ئەم قسەیە هیچ لە سەنگ و بایەخی ئەحزابی دیکە کەم ناکاتەوە، بەڵام ڕوون بۆتەوە کە شەریکایەتیی ناچاری هەرێمی تووشی داوەشان کردووە.
بەهرەوەر: سیاسەتی حەکیمانەی نۆشیروان مستەفا، لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێکە لە گەورەترین یادگارەکانی لە ژیانی سیاسی‌دا.
به‌رله‌وه‌ی گۆڕان دابمه‌زرێ، باسی به‌ڕێوه‌به‌رانی حکوومه‌تی هه‌رێم، به‌تایبه‌تی سه‌رۆکی دوو حیزبی سه‌ره‌کی، هێڵی سوور بوو؛ که‌س بۆی نه‌بوو پێیان بڵێ: پشتی چاویان برۆیه، به‌ڵام دوای دامه‌زراندنی گۆڕان و په‌یدابوونی ئۆپۆزیسیۆن له پارلمان، ئه‌و هێڵه‌سووره نه‌ما؛ خه‌ڵک ترسی نه‌ما؛ له ڕۆژنامه و مێدیاکاندا باسی گەندەڵی و لاڕێ بوونی سیاسی و ئابووری بوو بە پرسێکی ئاشکرا. باسی چاکسازی وەکوو داوایەکی سەرەکی هەموو چین و توێژەکانی گرتەوە. ڕه‌خسانی هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وتۆ که به سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی نۆشیروان مسته‌فا هاتۆته دی و هه‌ستی ئازادی له ده‌روونی خه‌ڵکی گه‌ڕاوه، هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وپێش ده‌با و بۆ دواوه ناگه‌ڕێته‌وه.
سەرچاوە: دووهەفتەنامەی سیاسی- فەرهەنگیی گەلاوێژ، ژمارە ۲(دوو)، ئاخری بانەمەڕی ۱۳۹٦= مانگی مەی ۲۰۱۷.
سەرنووسەری گەلاوێژ "فەرهاد ئەمین‌پوور" ئەم چاوپێکەوتنەی ڕێکخستووە لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ:
محەممەد بەهرەوەر
سەلاحەددین ئاشتی