ئامادەکردنی: هەرمان وەتمانی
* "ئه‌حمه‌دی قازی" کێیه؟ و چۆن له ژیان و ڕابردووی بۆمان ده‌دوێ؟
قازی: ئه‌گه‌ر باس له ژیان به وردی بکه‌ین زۆر دوور و درێژ ده‌بێ، به‌ڵام به کورتی عه‌رزتان بکه‌م نێوم هه‌روه‌ک ده‌زانی ئه‌حمه‌د قازی‌یه و له دایک‌بووی ساڵی 1315ی هه‌تاویم له گوندی قازیاوا، قازیاوای قه‌دیم که ئێستا له بن سه‌دێ دایه. له دێی مزگه‌وتێکی چکۆله‌ی لێ بوو و به‌رهه‌وانێکی هه‌بوو و بابم مه‌لایه‌کی بۆ ڕاگرتبووین به نێوی مه‌لا سه‌ید حه‌بیبوڵڵا که ئێستا قه‌بره‌که‌ی له ئاوایی وسووکه‌ند ده نێو ده‌ریاچه‌که‌دایه و خانووچکه‌یه‌کیان بۆ دروست کردووه، ئه‌وه‌ڵین کتێبی فارسی که هێنایان بۆ ئێمه‌ی دانێن گوڵستانی سه‌عدی بوو، بۆ منداڵێکی حه‌وت هه‌شت ساڵه! نه ئه‌لف بێ فێر ببوین و نه ده‌مانتوانی بنووسین له سه‌ر ڕا: منت خدای را عزوجل... حافزه‌ی منداڵیش تیژ له‌به‌رمان کرد بوو و فێری ببووین، تا ته‌مه‌نی 9 ساڵی یانی 1324ی هه‌تاوی که به ده‌ستووری مه‌ڕحووم پێشه‌وا قازی بابم کۆچی کرد و هاته مه‌هاباد و بوو به قازی شاری. چوون زه‌مانی کۆمار بوو یه‌که‌م کلاسی که ئه‌من چوومه مه‌دره‌سه‌ی ڕه‌سمی، خوێندن به زبانی کوردی بوو یانی به کوردی ده‌ستم به خوێندنی ڕه‌سمی کرد، ره‌ئیسی مه‌دره‌سه‌ی سه‌عاده‌ت خودالێخۆش‌بوو عه‌لی مه‌حموودی چوون بڕوکه سه‌وادێکم هه‌بوو له وێ له کلاسی سێهه‌می سه‌ره‌تایی ده‌ستم به خوێندن کرد، موعه‌لیمه‌کانیش ئه‌وه‌نده‌ی له بیرم مابێ مه‌ڕحووم ته‌وفیق وردی بوو، که‌ریم زه‌ند بوو که ئێستا ماوه و له‌و سه‌فه‌رانم‌دا بۆ باشوور تووشی بووم، عوسمان دانیش بوو که ئه‌وانه خه‌ڵکی کوردستانی عێراق بوون و چه‌ند موعه‌لیمی ئێره‌ش وه‌ک فارووق مه‌حموودی، سه‌یفوڵڵا نانه‌وازاده، مه‌ڕحووم ئاکۆیی و مه‌لا حوسێن گڵۆڵانی. به هه‌ر حاڵ پاش تێک‌چوونی کۆمار سه‌ره‌تایی تا ده‌بیرستانم له مه‌هاباد خوێند، چوون مه‌هاباد ده‌بیرستانی ته‌واو نه‌بوو ساڵی 1335 ده‌بوایه بۆ وه‌رگرتنی دیپڵۆم بچیه شارێکی دیکه، ئه‌من له‌گه‌ڵ موهه‌ندیس عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی که ماوه‌یه‌ک لێره ره‌ئیسی ئیداره‌ی کشاوه‌رزی بوو و دکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی چووین له ته‌ورێزێ شه‌شوممان خوێند، سێ نه‌فه‌ری مه‌نزڵێکمان هه‌بوو، چه‌ند مه‌هابادی دیکه‌ش هاتبوون وه‌ک فه‌تاحی خه‌لیل پوور ئازه‌ر و یوونسی بلووریان و... ئه‌وێ ساڵێ 1335 له ته‌ورێزێ ته‌نیا سێ ده‌بیرستانی شه‌ش کلاسه هه‌بوو یه‌کیان کچآنه بوو و دوویان کوڕانه بوون، له‌وانی کوڕان یه‌کیان ئه‌ده‌بی و ئه‌وی دیکه‌یان ڕیازی و ته‌بیعی بوو، دکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی و فه‌تاحی خه‌لیل پوور ئازه‌ر له ڕیازی بوونه شآگردی ئه‌وه‌ڵی ئوستانی ته‌ورێز، ئه‌منیش له ده‌بیرستانی ئه‌میرخیزی که ئه‌ده‌بی بوو بوومه شاگردی ئه‌وه‌ڵ، ئه‌وێ ساڵێ ره‌ئیسی فه‌رهه‌نگی ته‌ورێزێ گوتی: مهابادی‌ها تبریز را فتح کردند. هه‌مووشمان جایزه‌مان جایزه‌مان وه‌رگرت و جایزه‌ی من نه‌هجولبه‌لاغه‌یه‌ک بوو که مه‌ڕحووم مه‌لا عه‌بدوڵڵا موده‌ڕسی لێی وه‌رگرتم و نه‌یدامه‌وه. پاشان چووینه تارانێ کۆنکوڕمان دا، ئه‌من له ڕشته‌ی زبان و ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی له دانیشسه‌رای عالی ته‌ربیتی ده‌بیر ده‌رچووم، شه‌ڕه‌فکه‌ندی له شیمی ده‌رچوو و فه‌تاحی خه‌لیل پوور ئازه‌ریش بوو به ئه‌فسه‌ری شاره‌بانی و تا ده‌ره‌جه‌ی سه‌رهه‌نگیش ڕۆیی و ئێستا لێی بێ خه‌به‌رم و نازانم ماوه یان نا، ڕۆژێک له کوی دانیشگا ده‌گه‌ڵ شه‌ڕه‌فکه‌ندی له ڕێستۆڕانی کوی نانمان ده‌خوارد کوتیان محه‌ممه‌دڕه‌زا شای په‌هله‌وی سه‌رزه‌ده هاتووه بۆ کوی دانیشگایه، که وه‌ژوور که‌وت دکتور ئیقباڵی وه‌زیر و ڕه‌ئیسی دانیشگا و دکتور به‌همه‌نیش ره‌ئیسی کوی دانیشگا و هێندێک جه‌ماعه‌ت و ئیسکۆڕتی ده‌گه‌ڵ بوو، شا ڕاست هات له سه‌ر میزی ئێمه دانیشت و عیله‌ته‌که‌شی ئه‌وه بوو که شا کوڕێک به نێوی سه‌ید مه‌حموود زریزی ئه‌عزه‌می که کوردی سنه بوو و دوو میتر و بیست سانتی قه‌د بوو و قاره‌مانی په‌ڕتابی دیسک بوو له په‌نا ئێمه دانیشتبوو ده‌یناسی. شآ ئه‌حواڵی پرسین و کوتی خه‌ڵکی کوێن و هه‌موو خۆمان ناساند. کوتی ئێوه ئه‌گه‌ر له خوێندن ته‌واو بوون مه‌چنه هیچ کوێ و هه‌مووتان بچنه‌وه کوردستان چوون ئه‌وێ نیازی له هه‌موو جێیه‌ک پتره به خۆتان. به هه‌ر حاڵ که لیسانسمان وه‌رگرت چووین جێگامان بۆ کار کردن بده‌نێ، ئه‌من ئه‌و نوکته‌یه‌م له بیر مابوو و به‌و فێڵه‌ی خۆم گه‌یانده‌وه مه‌هاباد. له مه‌هابادێش ڕا ناردیانم بۆ بۆکانێ که به‌خشی مه‌هاباد بوو، قاسم ئاغای ئیلخانی زاده هات پێداگری کرد که ئه‌و لیسانسی زبانه‌ی ده‌بێ بده‌ن به بۆکانێ، به‌و جۆره‌ی چوومه بۆکانێ و له‌وێ ده‌گه‌ڵ سواره‌ی ئیلخانی زاده، مامۆستا حه‌قیقی و دوراودوور ده‌گه‌ڵ جه‌نابی محه‌ممه‌د نووری و ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و فه‌رهه‌نگیان ئاشنایه‌تیم په‌یدا کرد.
له بۆکانێ سێ چوار ساڵان وه‌ک ره‌ئیسی ده‌بیرستان و ره‌ئیسی فه‌رهه‌نگ و ده‌بیری زبان هه‌ڵسووڕانم هه‌بوو، پاشآن هاتمه‌وه مه‌هابادێ ساڵێک له ده‌بیرستانه‌کان ده‌رسم ده‌کوت که گیرام، چوار ساڵان ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی دیکه له زیندانی قه‌سری تاران گیراین، له زیندانی قزڵ‌قه‌لعه شه‌ش حه‌وت مانگ ماینه‌وه که دوو سێ مانگ له ئینفڕادی دا بووم و پاشان هێنایانمه عمومی، له وێ کتێبخانه‌یه‌کی چکۆله‌ی لێ بوو دوو سێ کتێبی جالبی لێ بوون، یه‌کیان کتێبک بوو به نێوی مۆنوێریتا (کوهسار حقیقت) به‌رهه‌می خانمی دافنێ دۆمۆریه که نووسه‌رێکی به‌ناوبانگی ئینگلیزیه، کتێبێکیش له زانایه‌کی ڕووسی به نێوی پاوڵۆف که جه‌نبه‌ی ڕه‌وانشناسی هه‌یه به نێوی نوستن (خه‌وتن)، خه‌و دیتن، خه‌واندن (هیپنۆتیزم کردن) که هه‌ر دووکیانم له قزڵ‌قه‌لعه وه‌رگێڕاوه سه‌ر زبانی فارسی. به وه‌سیله‌ی ڕه‌فیقێکی‌دا ناردمه ده‌رێ. پاش چوار ساڵان که به‌ر بووم گوتیان ون بووه، به‌ڵام چاپ کراوه‌ی هه‌ر دووکیانم دیته‌وه به نێوی (ع.دخانیاتی)، فێڵیان لێ کردبووم و کابرا کتێبه‌کانی هه‌رکیان به نێوی خۆی چاپ کردبوو و چوون نێوی ناشری نه‌نووسیبوو نه‌متوانی وه‌دووی که‌وم. له زیندانی قزڵ‌قه‌لعه که نه‌جاتیمان بوو ته‌عین ته‌کلیفمان بۆ کرا و ئه‌من له زیندانی قه‌سرێ ده‌ستم کرد به وه‌رگێڕان له ئینگلیزی ڕا بۆ فارسی، ئه‌وه‌ڵین کتێبی که وه‌رم گێڕاوه "شب بی پایان" به‌رهه‌می (جیمز ویلارد) بوو که بۆ مه‌ڕحووم محه‌ممه‌د قازیم نارد و زۆر زوو چاپیان کرد و چه‌ند نوسخه بۆ من هاته زیندان و پێشوازی چاکی لێ کرابوو. پاش زیندان ئه‌من هه‌ر له تارانێ وه‌ک ده‌بیرێکی خسووسی مامه‌وه و له موئه‌سه‌سه‌ی میللی زبان ده‌رسم ده‌کوت و چه‌ند که‌سی دیکه وه‌ک "فه‌تاح کاویان"، "سمایل فه‌تاحی قازی"، "عه‌لی مێمه‌ندی" و "سادقی شه‌ڕه‌فی"م کێشایه ئه‌م ناوه‌نده. تا ئینقلاب له تاران مامه‌وه، کارم وه‌رگێڕانی کتێب بوو و ده‌رس کوتن له موئه‌سه‌ساتی میلی، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند کتێبم وه‌رگێڕاوه وه‌ک دوقلوهای عجیب، نسل اژدها و... به‌ڵام ئه‌من له هیچ کات و زه‌مانێک‌دا ئه‌ده‌بیات و زبانی کوردیم وێڵ نه‌کردووه، هه‌ر له بۆکانێ‌وه که له خزمه‌ت کاک سواره‌دا بووم و پێکه‌وه بووین کاری من نووسین و موتالعه‌ی کوردی و شێعری کوردی بووه. هه‌ر شتێکی کوردی وه‌گیرمان که‌وتبا ده‌مانخوێنده‌وه و ده‌مانقۆسته‌وه و لێی فێر ده‌بووین، شێعری هه‌ژار با، ئیی هێمن با، له بیرمه ئێمه شێعری به‌ره‌و موکریانی مامۆستا هه‌ژارمان به ده‌ستخه‌تی کوڕێکی زۆر خۆش زه‌وق به ده‌ست گه‌یشت و هه‌موومان له به‌ر کرد، ئه‌من ئه‌و کات که له بۆکانێ بووم ده‌ستم به وه‌رگیڕانی موش و گربه‌ی عوبێد زاکانی کرد و به نێوی کتک و مشک بڵاو بۆوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که تازه له زیندان هاتبوومه ده‌رێ و له ژێر چاوه‌دێری ساواکی‌دا بووم هیچ کۆڕ و مه‌جلیسێک نه‌بوو شێعری تێ‌دا نه‌خوێنمه‌وه یان باسی کورد و کوردایه‌تی و ئه‌ده‌بی کوردی نه‌که‌م، هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆکاری ئه‌وه که نه‌یانهێنامه‌وه سه‌رکار ده‌نا حه‌قم بوو پاش ده ساڵان بێمه‌وه کاری ده‌بیری خۆم ده‌ست پێ بکه‌م. چوون له ئینقلاب‌دا موئه‌سه‌ساتی ئینگلیزی نه‌ما، دیسان ده‌ستم کرد به نووسین و وه‌رگێڕان و ئه‌وجار زیاتر شآنم وه‌به‌ر کاری کوردی دا. دیوانی سه‌یفولقوزاتم کۆ کرده‌وه و چاپم کرد، هه‌روه‌ها بیره‌ورییه‌کانی ناهیدم به نێوی "خاطرات من" چاپ و بڵاو کرده‌وه. له ئێنقلابێ‌دا "باقه‌بێن" یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی بوو که پاش "پێشمه‌رگه"ی دکتور ڕه‌حیم سه‌یفی قازی له کوردستانی ئێرانێ چاپ ده‌بوو، پێشه‌کی هیچ کارێک له‌و به‌ستێنه‌دا نه‌کرابوو پاشآن کاک فه‌تاح ئه‌میری و کۆمه‌ڵێکی دیکه په‌یدا بوون، له وه‌رگێڕان‌دا "صدام و بحران خلیج فارس"م وه‌رگێڕاوه، کتێبی "کردستان بعد از جنگ خلیج" که به داخه‌وه ناردم بۆ ئاراس له وێ ون بووه و دیار نییه، داستانێکیشم له ئینگلیزی‌ڕا بۆ فارسی وه‌رگێڕاوه به نێوی "عصر غولها" که وینا دێلمار نووسه‌رێتی، "دوقلوهای عجیب" که خۆم کردبوومه فارسی وه‌رمگێڕاوه سه‌ر زبانی کوردی به نێوی دووانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره، له‌و ساڵانه‌ی دوایی‌دا "دۆن کیشۆت"م کرده کوردی، "گیل گه‌مێش" که ئه‌فسانه‌یه‌کی کۆنی سۆمێڕییه و بۆ هه‌شت هه‌زار ساڵ له‌وه پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه و یه‌که‌م داستانی ئینسانه بۆ ئیدامه‌ی حه‌یات و وه‌ده‌ست هێنانی ژیانی ئه‌به‌دی، پێش ئه‌سکه‌نده‌ر که ده‌چێ بۆ ئاوی حه‌یات گیل گه‌مێش ئه‌و کاره‌ی ده‌کا، هه‌روه‌ها "کێشه‌ی کورد له به‌رانبه‌ر تورکیادا" و کتێبێکم نووسیوه به نێوی "خلاصه تاریخ کردستان" دوو هه‌زار ساڵ پێش زایین و دوو هه‌زار ساڵ پاش زایین که چاپ نه‌کراوه...
پاش مه‌رگی مامۆستا هێمن له ساڵی 1365وه تا ساڵی 1382 سه‌رده‌بیری گۆڤاری سروه بووم له ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی، نزیک 230 ژماره‌م بڵاو کرده‌وه و ده‌ها کتێبمان له وێ چاپ کرد و ده‌یان کۆنگره و کۆنفڕانسمان گرت یانی حه‌ڕه‌که‌تێکی فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی کوردیمان له‌و ناوه‌نده وه‌ڕێخست که به‌خته‌وه‌رانه زۆر به‌رهه‌می چاکی لێ که‌وته‌وه، ده‌یان شاعیر و ڕۆژنامه‌نووس و ژۆرنالیست و ڕۆمان‌نووس و... هه‌موو له ژێر باڵی گۆڤاری سروه‌دا په‌روه‌رده بوون. بۆ خۆم ته‌نزی کۆمه‌ڵایه‌تیم زۆر ده‌نووسی و هه‌روه‌ها وه‌رگێڕان له ئینگلیزی‌ڕا بۆ کوردی، ئه‌گه‌ر بێم ئه‌و به‌شانه‌ی بۆ خۆم نووسیومن و له سروه‌ی ده‌ریان بێنم و کۆیان که‌مه‌وه دوو سێ کتێبی ئه‌ستوور هه‌ڵده‌گرێ، پاش ئه‌وه‌ی له سروه بازنشه‌سته بووم هه‌ر درێژه‌م به چآلاکی داوه به نووسینی بابه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌کان، وت‌ووێژ، به‌شداری له کۆنگره‌کان له کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا، ئێستاش ده‌ست به‌ردار نیم و خه‌ریکم شێعره‌کانم کۆ که‌مه‌وه، ئاخر ئه‌من بڕێکیش شآعیرم، یانی به شێعر ده‌ستم پێ کرد و هاتمه مه‌یدانی نووسین وه‌ک زۆربه‌ی شآعیران و نوخبه‌گان، حه‌تا سیاسه‌ت له کوردستانێ به شێعر ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌روه‌ها خه‌ریکم بیره‌وه‌رییه‌کانم ده‌نووسمه‌وه و به‌وانه مه‌شغووڵم.
* پێناسه‌ی ئێوه بۆ وه‌رگیڕان چییه و پێتان وایه وه‌رگێڕ به کێ ده‌ڵێن؟
قازی: پێشه‌کی با باس له‌وه بکه‌ین که وه‌رگێڕانی بابه‌ت له زمانێکه‌وه بۆ زمانێکی دیکه له دنیای ئه‌مڕۆدا پێداویستییه‌که، چوون هیچ میلله‌تێک به ته‌نێ، به بێ ئاگاداری له فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه یان له پێشکه‌وته زانستییه‌کان وه‌ک پزیشکی، فیزیک، ڕیازی، فه‌لسه‌فه، مه‌سایلی کۆمه‌ڵایه‌تی به بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری له پێشکه‌وتنی خه‌ڵکی بێ بۆخۆی ناتوانێ به ته‌نێ به هه‌موو ئامانجێک بگا. له سه‌ر یه‌ک ده‌توانین بڵێین فه‌رهه‌نگی به‌شه‌ری میراتێکی هاوبه‌شه که هه‌موومان تێیدا به‌شدارین، بۆ وه‌ی له‌و میراته‌ی خۆمان ئاگادار ببینه‌وه ده‌بێ ده‌ست به داوێنی وه‌رگێڕان بین، یانی ئه‌من ده‌مهه‌وێ بزانم شێکسپییه‌ر ئه‌و پیاوه گه‌وره ده‌ڵێ چی یان ئه‌فلاتوون، ئه‌ره‌ستوو، هێگێل، دێکارت و... ئه‌وانه هیچی به زبانی ئێمه‌یان نه‌نووسیوه، ناچارین ده‌ست به داوێنی وه‌رگێڕان بین، که وابوو له پێش‌دا ده‌بێ بڵێم وه‌رگێڕان به ئه‌ندازه‌ی نووسین و ته‌ولیدی فه‌رهه‌نگی ناوخۆ کارێکی گرینگه و ده‌بینین که ئاسه‌واری گه‌وره‌ی دنیایه به هه‌موو زبانه‌کانی دنیایه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه، چ له به‌ستێنی ئه‌ده‌بیات‌دا، چ له فه‌لسه‌فه‌دا و... ئه‌وانه هه‌موو کراونه‌ته هه‌موو زبانێک، ئه‌وه پێمان ده‌ڵێ که به‌رهه‌می فه‌رهه‌نگی میراتێکی به‌شه‌رییه و هه‌موو ده‌بێ تێیدا به‌شدار بین و هه‌موو لێی ئاگادار بین و ئه‌وه‌ش به بێ وه‌رگێڕان ده‌ست نادا. ئه‌وه باسێکی سه‌ره‌تایی بوو به‌ڵام کێ وه‌رگێڕه و کێ وه‌رگێڕ نییه و وه‌رگێڕان به چی ده‌ڵێن، هه‌ر که‌س ده‌ست ده‌با بۆ وه‌رگێڕان ده‌بێ سێ چوار تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێ سه‌ره‌تا زانینی زبانه به دروستی، لانیکه‌م دوو زبان، زبانێکی زگماکی جا هه‌ر زمانێکه، زمانێکی لاوه‌کیش که ده‌تهه‌وێ لێی هه‌ڵێنجی بۆ زبانی خۆت یان لێی وه‌رگێڕی بۆ نێو زبانی خۆت، ده‌بێ وه‌رگێڕ به سه‌ر هه‌ر دوو زبان‌دا زاڵ بێ، تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر زبانه‌ی بزانێ جا ئه‌و ده‌م حه‌قی وه‌رگێڕانی هه‌یه. ئینجا مه‌رجی یه‌که‌م زانینی دوو زبانه که له یه‌کیان وه‌رده‌گرێ بۆ ئه‌وی دی، له یه‌کیان ئاڵ‌وگۆڕ پێک بێنێ بۆ ئه‌وی دی. دیاره چه‌ند جۆریشمان وه‌رگێڕان هه‌یه، موحته‌وایی که شتێکی ده‌خوێنێوه و ده‌زانی ناوه‌رۆکی ئه‌و مه‌تنه چییه و به که‌یفی خۆت دایده‌ڕێژێوه یانی وه‌رگێڕانێکی ئازاده. جۆرێکی دیکه‌مان هه‌یه پابه‌نده یانی نابێ هیچ جومله‌یه‌ک به بێ وه‌رگێڕان به جێ بێڵی و له به‌ر چاوی نه‌گری که ئه‌و وه‌رگێڕانه به لای من باشترینه، چوون له وه‌رگێڕان‌دا ده‌بێ کولییه‌تی که‌سایه‌تی و بیر و بۆچوون و تێڕوانینی ئه‌و نووسه‌ره‌ی بێنی له زبانی خۆته‌وه، حه‌قی ده‌ست تێوه‌ردان و ئاڵ‌وگۆڕت نییه با به که‌یفی تۆشی قسه نه‌کردبێ، وه‌رگێڕی ده‌روه‌ست به‌وه ده‌ڵێن. وه‌رگێڕێک که ئاڵ‌وگۆڕ و مه‌سایلی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گێڕێته‌وه سوژه‌یه‌ک هه‌ڵده‌بژێرێ که ده‌زانێ به که‌لکی کۆمه‌ڵگاکه‌ی دێ و ده‌ردی دواکه‌وتووی چاره‌سه‌ر ده‌کا و بۆ ڕووناکبیر کردنی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی گرینگه.
وه‌ک ئه‌و کارانه‌ی محه‌ممه‌دی قازی کردوونی که له حه‌قیقه‌ت‌دا کاناڵێکه بۆ نێو ڕووناک‌بیری ئه‌وروپایی، که وابوو وه‌رگێڕی چاک ده‌بێ له هه‌ڵبژاردنی سوژه‌ش‌دا وریا بێ که چ ده‌دا به کۆمه‌ڵگا، چ ده‌رخواردی ڕووناکبیرانی وڵاتی خۆی ده‌دا، ئه‌وه ته‌عه‌هوده به لای منه‌وه، له هه‌موو شتێک گرینگتره، هه‌ڵبژاردنی سوژه‌ی باش بۆ نێو زبان و ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی خۆت لازمه بۆ وه‌ی بڵێن فڵانی وه‌رگێڕێکی لێهاتوویه و له فکری کۆمه‌ڵگاکه‌ی دایه، به ڕای من وه‌رگێڕ له هه‌ر به‌ستێنێک‌دا کار ده‌کا ده‌بێ ته‌خه‌سوسێکی عیلمی له‌و به‌ستێنه‌دا هه‌بێ بۆ وێنه وه‌رگێڕی ئاسه‌واری مێژوویی ده‌بێ مێژووناس بێ، وه‌رگێڕی شێعر ده‌بێ شاعیر بێ و زه‌وقی شێعری هه‌بێ، فیلسوفێک ده‌بێ مسایلی فه‌لسه‌فی و‌رگێڕێ، وه‌رگێڕانی فه‌لسه‌فه کاری هه‌موو که‌س نییه، که وابوو ئه‌وڕۆ به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و دابه‌ش بوونه‌ی له زانست‌دا هه‌یه وه‌رگێڕیش ئاوا دابه‌ش ده‌بێ، شتێکی گرینگ ئه‌وه که وه‌رگێڕ ده‌بێ لیباسی موته‌ناسیب بۆ وه‌رگێڕانه‌که‌ی هه‌ڵبژێرێ، ئه‌گه‌ر جه‌نابت ئه‌سه‌رێکی کلاسیک بۆ وێنه ئینگلیزی 300 ساڵ له‌وه پێش وه‌ربگێڕێوه ده‌بێ زبانێکی فارسی کلاسیکی بۆ هه‌ڵبژێری، ناتوانی به زبانی ڕه‌وان و ژورنالیستی ئه‌وڕۆ کومێدی ئێلاهی، بینه‌وایان و... وه‌ربگێڕێ. ئینجا له وه‌رگێڕان‌دا هه‌ڵبژاردنی سه‌بک و سیاق ده‌بێ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یه‌ک بگرنه‌وه، به کورتی ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه ڕه‌چاو بگیرێ وه‌ڕگێڕانێکی سه‌رکه‌وتوو به ئێمه بناسێنێ.
* هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌تان پێ‌کرد له وه‌رگێڕانی بابه‌ته‌کان‌دا وه‌رگێڕ ده‌بێ له هه‌ڵبژاردنی سوژه‌دا وریا بێ ئێوه وه‌ک وه‌رگێڕ له هه‌ڵبژاردنی سوژه‌کانتان‌دا چ به زمانی کوردی و چ به زمانی فارسی زیاتر چیتان له به‌ر چاو بووه؟
قازی: ده‌توانم بڵێم ئه‌و کارانه‌ی من وه‌رمگێڕاونه‌وه هه‌مووی باری ڕووناکبیریان هه‌یه و به تایبه‌تی باری ڕووناک‌بیری بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌و کتێبانه‌ی که باسی کورد ده‌کرێ، ئه‌و کتێبانه‌ی که مێژووی کوردیان باس کردووه یان ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له دوو سه‌ده‌ی دوایی‌دا له کوردستان له باری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی‌یه‌وه باسی کورد ده‌که‌ن. ئه‌من ئه‌وه‌م زۆر پێ خۆشه و ته‌وسییه‌شم بۆ وه‌رگێڕه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌و سه‌رچاوه زۆرانه‌ی که به زبانه جۆراوجۆره‌کان له سه‌ر کورد هه‌یه وه‌ریانگێڕنه‌وه بۆ کورد و کتێبخانه و ڕووناکبیرانی کورد، یه‌کێک له گرفته گه‌وره‌کانی توێژینه‌وه له سه‌ر مێژووی کورد ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه زۆره! له حاڵێک‌دا گرفتی هێندێک ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه‌یان که‌مه، ئه‌گه‌ر مێژووی ئیسلام له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌وڕۆ بخوێنێوه زۆربه‌ی زۆری مێژوونووسان به نێوی جۆراوجۆر باسی کوردیان کردووه و نێوی کوردستانیان بردووه وه‌ک ئه‌لجێبال که هه‌مووی کوردستانه، یان ناوچه‌ی موسڵ، ئۆمه‌راکێ و... شه‌ڕه‌ف‌خانی بدلیسی کارێکی گه‌وره‌ی کردووه به‌ڵام پێش وی له سه‌ردی ئیسلا‌مێ‌ڕا ئه‌وه هه‌یه. سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی ئه‌وه‌نده له سه‌ر کورد هه‌یه که ئه‌من سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ که بۆ چی ئه‌و هه‌مووه کورده له ئه‌وروپا داده‌نیشن ئه‌وانه وه‌رناگێڕنه‌وه و بینێرن، چ ده‌که‌ن له وێ؟! ئێمه وازوازی و ته‌مبه‌ڵین و ئه‌گه‌ر ئیشتامان لێ بوو کارێک ده‌که‌ین، وه‌دووی کاری خۆمان ناکه‌وین، له وانه‌یه هه‌ل‌ومه‌رجی چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌مان نه‌بێ و ئه‌وه ببێته هۆی دڵ‌ساردی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره وه‌ک ئێمه که ئامانجی گه‌وره‌مان هه‌یه نابێ ده‌ست دابنوێنین، نابێ ته‌نبه‌ڵی بکه‌ین و به‌هانه بێنینه‌وه، مه‌سه‌له‌ن کوردستان ئه‌و میلله‌ته گه‌وره ده‌بێ نه‌زانێ دۆن کیشۆت چییه؟ له حاڵێک‌دا به دایکی ڕۆمانه‌کانی دنیا مه‌شهووره، یا ئه‌فسانه‌ی گیل گه‌مێش به هه‌موو زبانی دنیایه ده‌ها جار چاپ کراوه ده‌بێ به زبانی کوردی نه‌بێ؟ به داخه‌وه ماوه‌ی ژیانی که‌سێک ئه‌وه‌نده‌یه و ئه‌وه‌نده ده‌توانێ هه‌ڵسووڕێ. ئامانجی من له وه‌رگێڕانه‌کانم ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردی له هه‌موو بارێکه‌وه ئه‌ده‌بیات، مێژوو، سیاسه‌ت و به تایبه‌ت ڕه‌واجی کوردی نووسینێکی ساغ و پته‌و و به زمانێکی یه‌کگرتوو بووه، ده‌توانم به شانازییه‌وه بڵێم ئه‌و ماوه‌یه‌ی له سروه بووم توانیمان ڕێنووس و ڕێزمان و زبانێکی فه‌سیح و به‌لیغ و ڕه‌سای کوردی دابنێین، دیاره ئه‌من به ته‌نیا نه‌بووم به‌ڵام له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاره بووم، هه‌میشه له کاره‌کانم‌دا سرنج ده‌ده‌مه ئه‌وه‌ی که کوردییه‌کی دروست بنووسم بۆ وه‌ی بۆ داهاتوو به کار بێ چونکه باوه‌ڕ بکه‌ن فێرده‌وسی نه‌با فارسیش نه‌ده‌ما، یه‌ک نه‌فه‌ر ده‌توانێ زۆر شوێن دابنێ له سه‌ر پێکهاتنی زبان، بۆ ئه‌وه‌ی زبانێکی یه‌کگرتوومان هه‌بێ ده‌بێ هه‌میشه وریا بین چ ده‌نووسین، چۆن ده‌نووسین، له باری ڕێزمانییه‌وه هه‌ڵه نه‌که‌ین.
* گه‌ر سرنج بده‌ینه وه‌رگیڕانه‌که‌ی مامۆستا هه‌ژار له قورئانی پیرۆزدا که‌لکی له زۆربه‌ی زاراوه‌کانی زبانی کوردی وه‌رگرتووه، ده‌ڵیی ئامانجێکی له‌م کاره هه‌بووه و به ئه‌نقه‌ست ویستوویه‌تی به خوێنه‌ری کورد بسه‌لمێنی یه‌کگرتنی زبان کارێک نییه که نه‌کرێ، ڕا و بۆچوونی جه‌نابتان سه‌باره‌ت به‌م زبانه چییه و ئایا مه‌به‌ستی ئێوه‌ش له یه‌کگرتنه‌وه‌ی زبان هه‌ر ئه‌وه‌یه؟
قازی: مامۆستا هه‌ژاریش له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی بوو که ده‌بێ له نووسین‌دا کوردی سۆرانی، ئه‌و کوردییه‌ی ئێستا له نێوه‌ڕاستی کوردستانی گه‌وره‌دا ڕه‌واجی هه‌یه لانیکه‌م وه‌ک زبانی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتوو به واژه و زاراوه و ده‌سته‌واژه‌ی بادینی، که‌لهوڕی، هه‌ورامی و... ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین، مامۆستا هه‌ژار ئه‌و کاره‌ی کرد هه‌ر به‌و مه‌نزووره‌ی و چون پێی وا بوو قورئانی پیرۆز کتێبێکه که هه‌موو که‌س ده‌یخوێنێته‌وه و له لای پیرۆزه خوێنه‌ر و لایه‌نگری زۆرتری هه‌یه، له وێ‌دا ئه‌و کاره‌ی زۆر ئاشکراتر کردووه، له ئاسه‌واره‌کانی دیکه‌شی‌دا تاق و لۆق ئه‌و کاره‌ی ده‌کا به‌ڵام له وه‌رگێڕانی قورئانه‌که‌ی‌دا به ئه‌نقه‌ست ئه‌و کاره‌ی زۆرتر کردووه و کارێکی باشی کردووه. ئێمه‌ش ده‌بێ ئه‌و کاره‌ی بکه‌ین ئه‌من له نووسینه‌کانم‌دا یه‌کجار زۆر که‌لکم له واژه‌ی لای جوانڕۆ و هه‌وشار و زۆر جێی دیکه وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته هه‌ر ڕووناکبیرێکی کورد تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌توانێ زاراوه‌کان بناسێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه کۆ که‌ینه‌وه و که‌لکیان لێ وه‌رگرین زبانی یه‌کگرتوو پێک هێنان زۆر دژوار نییه. ئه‌من پار بۆ کونگره‌ی زبانی کوردی سه‌فه‌رێکم بۆ کوردستانی تورکیا کرد و چوینه وانێ، زاناکانی وێ ده‌یانگوت ئێمه سۆرانیمان قه‌بووڵه ته‌نیا به ئه‌لفبای ئێمه بینووسن با تێی بگه‌ین. له حاڵێک‌دا هێندێک په‌یدا بوون خه‌ریکه ئاژاوه بگێڕن و بڵێن کوردی نابێته یه‌ک زبان و ده‌بێ دوو زبان و سێ زبان بێ، ئه‌وانه لێی حاڵی نین.
* هه‌ر وه‌ک ئاگادارن له‌و ساڵانه‌ی دوایی‌دا به تایبه‌ت له باشوور نێهزه‌تێکی وه‌رگێڕان ده‌ستی پێکردووه، دیاره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که هێندێک کاری باش ده‌کرێ و وه‌رگێڕێ به تواناش کار ده‌کا هێندێک که‌س هاتوونه‌ته مه‌یدان که به بێ ئه‌وه‌ی زانستێکی ئه‌وتۆیان له سه‌ر وه‌رگێڕان هه‌بی و لانیکه‌م له حه‌وزه‌ی ته‌خه‌سوسی ئه‌وان‌دا بێ ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌سه‌وارێک که بۆی هه‌یه سبه‌ی وه‌ک سه‌رچاوه و ژێده‌رێک نووسه‌رانی کورد پشتی پێ ببه‌ستن و به ئاشکراش ده‌بینین که زۆربه‌ی ئه‌م وه‌رگیڕاوانه به پێی زه‌وق و سه‌لیقه نه‌کراون و کۆمه‌ڵێک واژه‌ی داتاشراو، ده‌سته‌واژه‌ی نامۆ و ڕێزمانی هه‌ڵه‌یان تێ‌دا به‌دی ده‌کرێ، پێتان وا نییه پێویستمان به شوێنێک هه‌بێ بۆ لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی به زمانی کوردی وه‌ریانده‌گێڕنه‌وه؟
قازی: بێ‌گومان ئه‌گه‌ر سه‌نته‌رێک یان ناوه‌ندێک به ئیمکاناته‌وه هه‌بێ و کۆمه‌ڵێک ڕووناکبیر کۆ بکاته‌وه و ئه‌و جه‌ریانه‌ی کۆنتڕۆڵ بکا له باری زبانی، ناوه‌رۆک و ئه‌وه‌ی به قازانج بێ و... زۆر زۆر کاره‌که ئاسان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌تا له فارسیش‌دا ئه‌و تێکه‌ڵ پێکه‌ڵی و ئاژاوه و گرفتانه هه‌بوون، له ده‌ورانی مه‌شرووتییه‌ته‌وه تا ئه‌وڕۆ له ئێرانیش سه‌نته‌رێکی وا نه‌بووه که بڵێین داده‌نیشن ئاسه‌واره‌کان کۆ ده‌که‌نه‌وه، هه‌ر ناشرێک دیاره ئیدیتۆرێکی هه‌بوو یان هه‌یه که کتێبه‌که‌ی له باری ڕێزمان و هه‌ڵه چاک بکا به‌ڵام له باری ناوه‌رۆکه‌وه هه‌ر که‌س ئازاد بوو هه‌رچی وه‌ریگێڕێته‌وه تا ئه‌و جێیه‌ی به زیانی خوێنه‌ر و کۆمه‌ڵگا نه‌بێ. ئه‌من پێم وایه ئه‌و ده‌ورانه قوڵه‌یه، ورده ورده ڕه‌سه‌نایه‌تی زاڵ ده‌بێ به سه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕانه غه‌ڵه‌تانه‌دا، هه‌ر کارێک که ده‌ست پێده‌که‌ی ناشی گه‌رییه‌ک له گۆڕی‌دا هه‌یه، هه‌ر کارێکی ده‌ست پێ بکه‌ی له پێش‌دا پسپۆڕ نی، ورده ورده فێر ده‌بی، کۆمه‌ڵگاش وایه، بۆ وێنه کۆمه‌ڵگا ده‌بێ به سه‌دان ساڵ فێری دێمۆکراسی بێ، به سه‌دان ساڵ فیری مه‌ده‌نییه‌ت و شارستانییه‌ت بێ که هه‌موومان ئاره‌زوومانه، دنیای وه‌رگێڕان و نووسینیش وایه، نوخبه‌کان له سه‌ره‌تادا هه‌ڵناکه‌ون، ده‌بێ زه‌مان بوگزه‌رێ، کاری غه‌ڵه‌ت بکرێ، کاری چاک بکرێ ورده ورده ئه‌و کارانه ده‌پاڵیورێن و پیاوی لوتکه و گه‌وره وه‌ده‌ر ده‌که‌ون، له ئێرانی زه‌مانی قاجاردا وه‌رگێڕانمان هه‌یه له حاجی بابا ئیسفه‌هانی یا ملکم خان و... چاویان لێده‌که‌ی زۆر سه‌ره‌تایی و ناشیانه‌ن به‌ڵام دوایه نه‌جه‌فی ده‌ریابه‌نده‌ری، ئه‌حمه‌دی شاملوو، محه‌ممه‌دی قازی، بێهازین، یوونسی بانه‌یی هه‌ڵده‌که‌ون. که وابوو ئه‌من نیگه‌رانی وه‌ی نیم بڵێم ئه‌و ناشیگه‌رییانه‌ی که ئێستا له وه‌رگێڕان‌دا هه‌یه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ، ناچار پوخته ده‌بێ، هه‌موو کارێک مه‌حکوومه به ته‌کمیل بوون، یان تێ‌دا ده‌چێ یان ده‌بێ ته‌کامول په‌یدا بکا و چوون وه‌رگێڕان کارێکه ناتوانێ بیبڕێوه ناچاره پێشکه‌وتن به خۆیه‌وه ببینێ و زه‌مانێک دێ که ئێمه وه‌رگێڕی زۆر گه‌وره‌مان ده‌بێ و ئێستاش هه‌مانه.
* هێندێک له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن وه‌رگێڕانی شێعر دروست نییه، ئێوه له وه‌رگێڕانی شێعردا به تایبه‌ت وه‌رگێڕانی شێعره‌کانی نیما چه‌نده‌تان هه‌وڵ داوه بۆ پاراستنی گیانی شێعرییه‌ت و قوربانی نه‌کرانی ئه‌و فه‌زا شاعیرانه‌ی که شاعیر له زمانی خۆی‌دا گه‌ره‌کێتی؟
قازی: ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن شێعر نابێ وه‌رگێردرێته‌وه بۆچوونێکی نادروسته، شێعر بۆ وه‌رناگێردرێ؟ به‌ڵام که‌سێک که شێعر وه‌رده‌گێڕێته‌وه ده‌بێ شاعیر بێ، ده‌بێ زه‌وقی شێعری هه‌بێ و قالب‌به‌ندی و زه‌رایف و نوکته‌بینی و ئه‌و خاڵه وردانه‌ی له شێعری شاعیری سه‌ره‌تادا هه‌یه و ده‌یهه‌وێ وه‌ری بگێڕێوته‌وه له به‌ر چاو بگرێ، له ئه‌ده‌بیات‌دا شتێکمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن ته‌وارۆن، زۆر جار دوو شاعیر دوو شتان ده‌ڵێن عه‌ینی یه‌ک، یانی وارد بوونی سوژه‌یه‌ک، چوون ئێمه به‌شه‌رین ده‌توانین موشته‌ره‌کتمان هه‌بێ، کاتێک شاعیرێکی ئینگلیزی عه‌ینی ئه‌و شته‌ی هه‌ست پێده‌کا و منیش ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه ده‌توانم به ڕاحه‌تی وه‌ری بگرم و بیکه‌مه کوردی که وابوو ناتوانین بڵێین شێعر بۆ وه‌رگێڕان نابێ. ئه‌من پێم وایه وه‌رگێڕانی هه‌ژار له خه‌ییامی له زۆر جێ له سه‌رتره له سه‌رچاوه‌که‌ی، زۆر وه‌رگێڕانی دیکه‌ش له خه‌ییام کراوه ده‌یخوێنێته‌وه ڕشانه‌و‌ه‌ت دێ. یان چاو له وه‌رگێڕانی هه‌ڵۆی خانله‌ری بکه‌ین له سواره و له هه‌ژاری‌دا، وه‌ک له سه‌ره‌تادا عه‌رزم کردن من به شێعر ده‌ستم به کاری ئه‌ده‌بی کرد، به‌ڵام دوایه دیتم شێعر به کاری کوردایه‌تی نایه، ده‌ره‌قه‌تی نایه، ئێستا کورد ده‌بێ زمانێک دروست بکا وه‌سیع بێ، ئه‌وه به شێعر ناکرێ، قه‌دیم ده‌دیت جۆغڕافیاشیان به شێعر ده‌گوت، جۆغڕافیا به شێعر ناگوترێ، فه‌لسه‌فه به شێعر ناگوترێ، مه‌دحی خودا و پێغه‌مبه‌ری ده‌کرێ به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلام به شێعر دابین نابێ. شێعر بۆخۆی له زبانی ئه‌سڵیش‌دا مه‌یدانێکی به‌رته‌سکی هه‌یه، بۆیه وه‌رگێڕانی له زبانێکه‌وه بۆ زبانێکی دیکه زه‌حمه‌ته، ده‌نا ئه‌گه‌ر که‌سێک زه‌وقی هه‌بێ و له ڕۆحی مانای شێعره‌که بگا وه‌رگێڕانی به ڕای من ده‌ست ده‌دا.
* زۆر سپاس که وڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه‌تان داوه.
به‌رهه‌مه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د قازی: 1. باقه‌بێن 2. د‌ستور زبان کردی 3. کۆکردنه‌وه و ساغ‌کردنه‌وه‌ی دیوانی سه‌یفولقوزات 4. وه‌رگێڕانی دووانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره 5. وه‌رگێڕانی ئۆستووره‌ی گیل‌گه‌مێش 6. وه‌رگێڕانی ڕۆمانی دوو به‌رگیی دۆن کیشۆت 7. کتک و مشک 8. نسل اژدها، پرل باک 9. دوقلوهای عجیب، مارک تواین 10. کوهسار حقیقت، دافن دوموریه 11. عصر غولها، وینا دیلمار 12. صدام و بحران خلیج فارس 13. ژانی گه‌ل، ابراهیم احمد ــ با همکاری محمد قاضی 14. کردستان بعد از جنگ خلیج فارس (در دست چاپ) 15. شب بی پایان، جیمز ویلارد 16. غوغای درون، حسین عارف ــ باهمکاری محمد قاضی 17. مکالمات و خودآموز زبان کردی 18. خلاصه تایخ کردستان 19. گردآوری و انتشار خاطرات من (عبدالله ناهید) 20. کێشه‌ی کورد له به‌رانبه‌ر تورکیادا