تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۱۶ خرداد ساعت ۱۲:۲۳ بازدید: 2440      نظرات: 5      کد مطلب: 3937
بۆ پەنجە ماندوونەناسەکانی خۆشەویستم سەلاح پایانیانی

"مردنم بۆیە پێ ناخۆشە دەرفەتی خزمەت بە نیشتمانم لێ دەستێنێ"


ئەحمەد بەحری(بۆ پەنجە ماندوونەناسەکانی خۆشەویستم  سەلاح پایانیانی)
 
ئەودەمەی قەڵەم دەگریە دەست و دەتەوێ لە عەزیزێکت بدوێی، وێدەچێ بیر لەو میزان گوشارە نەکەیەوە کە دەیخەیە بەژنی پێنووسەکەت؛ مەگین وشەی دە لاسارت بۆ دەستەمۆ نەبن و قەڵەم لە دەستت بخزێ و ئەودەم چاوت بە قووڵ بوونی سەری لاپەنجانت بکەوێ، وە ئەودەم وە خۆ بێیەوە کە هەیاران وشەش دەتوانن لاسار بن، چاو چلۆن تەنگەتاوت دەکەن! تۆی کە لە زمان دەدوێی، ساکار دەدوێی، تەمەنێکت خۆ بە هاوماڵ و بڕبڕەی پشتی ئەو وشانە زانیوە، ئێستا لێت بێگانەن و تەنانەت وەک غەوارەیەک لێت دەڕوانن! 
 
 ئەمە، ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەبێ تێی بگەی و لە خۆت غەڕڕە نەبی؛ بە سەری ماشوبرینجییەوە هێشتا ڕێبوارێکی مێرمنداڵی زمانی شیرینی دایکتی! بەو هەموو ساڵە تەمەنەوە، نەک هەر نەبوویە نیمچە مەلەوانێکی ئەم دەریا مەند و قووڵە، بگرە قولاپانیشت تەڕ نەکردوون!!
  هەر بۆیە لەگەڵ ئەو کەسانە هاوڕا نیم کە پێیان وایە دووان لەو ئازیزانە هاسانە کە لەمێژە دەیانناسی و خۆشت دەوێن و وەک یەک، ئاشقی ڕەنگ و بۆن و بەرامێکن. کاتێک زمان هاودەنگ و هاوڕێت نەبوو، وەک پەپوولەیەک لە ئاسمانی ساماڵدا نەیخستییە سەما، تەلەکانی گەرووی بۆ زەمزەمەیەکی بلاوێن نەلەراندییەوە، قەڵەمی دەستت دەبێتە بەڵای گیانت؛ کەمهێزی و ناتەوانیت لە قاو دەدا. ئیتر چۆن دەتوانی لە ئازیزێک بدوێی کە خۆشت دەوێ و لەمێژە دەیناسی و تەنانەت دەزانی کە ڕێبوارێکی نەسرەوتووی ئەو زمانەیە کە کوولەکەی ڕووحی تۆیە.
  وایە، ئەو ئازیزە دەزانێ کە زمان هەموو شتێکی منە؛ نەک هەر کوولەکەی ڕووح، ئاووخاک و وڵاتمە. زمان بێتوو سەد جاران تەفرەم بدا، سەد جاران وشەکانی خۆم لێ ببوێرن، سەد جاران بە هێندم نەگرن و بێڕێزم بکەن، هەر سەر بە لاشیپانەی پڕ کەرەمیەوە دەنێم و دەڵێم گەورەم هێزم بێنە بەر هەتا خزمەتکارێکی بچووکی ئەم دەروهەیوانە بم.
  ئەو ئازیزە ئاشقەش کە دەمەوێ باسی بکەم، هەر بە زمانەوە زیندووە، بەڵام زیندوویەکی سەربزێو و یاغی؛ لەگەڵ وچان و حەسانەوە نەحەجماو. وشە کە دەخزێنە لەپی دەستی، سەرمەست دەبێ؛ بە لای ئەوەوە ژیانی ئاسایی دەمێکە فەرامۆش کراوە!! وەک دەروێشێکی ماڵ بەکۆڵی جارانی موکریانم دێتە بەر چاو کە خرمەی پلپلەی دەفەکەی چەندە لە گوێیان خۆش بوو ئەودەمەی لە بەر ماڵی گونداندا دەنگی دەدایەوە!
 ئەو ئاشقە ئازیزە گوڵچنێکی دەستڕەنگینیشە، جانتاکەی پڕیەتی لە ئەوەی من و تۆ و ئەم و ئەو بۆی هەڵوەداین و بە بوونیان مەستین و بە نەبوونیان پەست.
 بمبوورن، خەریکم دەرفەت لە کیس دەدەم، هەر وەک خۆم و ئەو هەموو ئەو کەسانەی دەرفەتان چەند جار و چەند جار بە فیڕۆ دەدەن. من هاتووم لە ئازیزێک بدوێم کە لەمێژە دەیناسم و خۆشم دەوێ و وەک یەک، ئاشقی ڕەنگ و بۆن و بەرامێکین؛ کەچی خەیاڵ و ئەفکاری لابەلا لە ڕێ کلم دەکەن!! جارجار بە هەورازانم هەڵدەگەڕێنن و جارجار سەرەولێژم دەکەنەوە؛ نازانم لە دەشتێکی بژوێندا خۆ دەگرمەوە یان لە بنەبانی دۆڵێکی کپ.
 وێشدەچێ ئەو چڵ ئەو چڵە کردنەی من لە گوێن ڕەوتی ئەو بولبولە سەر لێ شێواوە بێ کە ڕێی کەوتبێتە گوڵزارێکی هەمەڕەنگ و تێمابێ بچێتە دیداری کام گوڵ! 
 ئەو ئازیزەی لەمێژە دەیناسم و خۆشم دەوێ، دەمێکە بووەتە حەکاکێکی شارەزا. دەستکەوتەکانی بە پێوانەی خۆشەویستیی نیشتمان و ئەوینی قووڵ بە وشەی زمانم لە محەک دەدا. ئەم ئاکارەی، ئۆخژنی خستووەتە دەروونم؛ دەروون و هەناوی بێقەراری من، دەروونێک کە نامەوێ هەتا زیندووم سوکنایی بە خۆیەوە ببینێ. دەروونێک کە مردنی بۆیە پێ ناخۆشە دەرفەتی خزمەت بە نیشتمانی لێ دەستێنێ.  
 هەر بۆیە هیچ بە ئیرادی نازانم بۆ تەکریم و پێزانین، بۆ ئەو هەموو کارە بەجێیەی کە لە ڕێی میللەتەکەمدا کراوە، شایی و لۆغانان ساز کەم و بە سەری ماشوبرینجیمەوە لە گەڕی دیلانان شانان بادەم و بە هەوای “بژین ڕۆڵەکانی نەسرەوتووی میللەتی زیندوو” لەگەڵ هاوڕێیان سێپێییەکی گەرم بگێڕم. 
  چ لە ئەوەی خۆشتر؛ ئەوەی لەمێژە دەیناسم و خۆشم دەوێ یەکێکە لەو نەسرەوتووانە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

ره حمان حه یده ری ۱۳۹۶/۳/۱۹
پڕبه پیستیتی قه درشناسی له شوڕە سواری مه یدانی زمانه وانی ئه ویش له لایە ن زمان وانیکی لێزان
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

شـۆڕه ســوار ۱۳۹۶/۳/۱۸
ده ستخـۆشی لـه هـه ستـی جـوان و پێزانینی کـاکــ ئـه حـمه د بـه حـری ده کـه م و سـوپاسی مـانـدوو نـه بوونی اـه هێـژا کـاکـ سـه لاحی خۆشه ویست و ڕۆڵـه ی مـانـدوونـه ناسی نیشتیمان ده کـه م هیـوادارم به دڵی خۆت بـژی.....
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

آکو به گ ۱۳۹۶/۳/۱۶
ده ست خوشی بو نوسه ر و خه مخوری زمان کاک احمدی بحری سپاس بو ئه و هه سته جوانه ی که له حاند
سوارچاکیکی به ستینی زمان کاک سه لاح پایانیانی ، هنیناوی
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۳۹۶/۳/۱۶
دەستت خۆش بێ کاک ئەحمەدی تێکۆشەر. کەسی وەک کاک ئەحمەد و کاک سەلاح جێی شاناز نیشتمان و هاوڵاتیانی دڵسۆزی نیشتمانن
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

عەزیز ۱۳۹۶/۳/۱۶
زانای بلیمەت دەک پێنوست هەر وا شاسواری مەیدانی زانستی بێ

نظر خود را براي ما ارسال كنيد