تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۶ خرداد ساعت ۱۹:۱۱ بازدید: 385      نظرات: 0      کد مطلب: 3886

وتووێژ لەگەڵ ئیبڕاهیم سەعیدی دەرهێنه‌ری فیلمی ماندوو


ئامادەکردنی: بەختیار پەنجەیی

"بایەخ دان بە فۆڕم"، دیارترین تایبەتمەندی و خاڵی سەرەکیی فیلمی"ماندوو"، دوایین بەرهەمەی سینەمایی "ئیبڕاهیم سەعیدی"یه. ماندوو، بە شێوەیەکشی دیار و بەرچاو دژ بە ڕەوتی تا ئێستای سینەمای کورد وێستاوە، ئەو ڕەوتە زاڵەی نێوەرۆکی بە ڕادەیەک پێ گرینگ و سەرەکییە کە بەردەوام فۆڕمی بە دوای خۆیدا ڕاکێش کردووە، بەڵام ئەم جارەیان لە ڕووداوێکی کەموێنە لە سینەماکەماندا، ئەوە نێوەرۆکە وەدوای فۆڕم کەوتووە. هەر بۆیە"ماندوو" جێی سەرنجە و لە وانەیە هەوەڵ جار بێ فیستیواڵەکانی دەرەوە، فیلمێکی کوردییان بە پێی"فۆڕم"ەکەی هەڵبژاردبێ نەک نێوەرۆک. لەلایەکی دیکەوە کەسایەتی تایبەتی نووسەر و دەرهێنەری فیلمی "ماندوو"، جێی سرنجە. کەسێک کە ساڵهایە بێ بڕانەوە خۆی بە فیلمی موستەنەدەوە ماندوو کردووە و ئەمەشی هەر دژ  بە ڕەوتی زاڵی سینەماکەمانە، بابەتی گرینگتر تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی ئیبڕاهیم سەعیدییە. ئەو لەمێژ ساڵە بەبێ پەراوێز و بێدەنگ خەریکی کاری خۆیەتی و ئەم تایبەتمەندییەش هەر دژ بە ڕەوتێکی زاڵ بە سەر بەشێک لە سینەمای کوردستانە کە بەداخەوە ناتوانم هیچ ناوێکی تری لە سەر بنێم بێجگە لە"لۆمپەنیزم". هەر بۆیە وێڕای ڕێزنان بۆ هەڵبژاردنی دروستی گۆڤاری مەهاباد، بە ڕێز و شانازییەوە بە بۆنەی بەشدار بوونی فیلمی"ماندوو" لە فیستیواڵی لۆکارنۆدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ کاک ئیبڕاهیم سەعیدی پێکهێناوە.

 

بە پێی بەشدار بوونی فیلمی”ماندوو” لە فستیواڵی لۆکارنۆی سوییس، پێمانخۆشە دەسپێکی باسەکەمان لە سەر ئەم فیلمە بێ.

ـ مەراحیلی فەننی فیلمی”ماندوو”، نزیک چوار مانگ لەمەوبەر کۆتایی پێهات و ئامادەی نمایش بوو. بەخۆشییەوە هەر لە یەکەم هەنگاودا فستیواڵی لۆکارنۆ، بەشی”دۆزینەوەی ئیستیعدادە نوێیە هاوچەرخەکان” ئەم فیلمەی وەرگرت کە دیارە ئەم بەشە لە بەشی سەرەکیی مسابقەی فستیواڵەکە جیاوازە، زۆر جار لەو فستیواڵە گەورانەدا، بەشی سەرەکی، شوێنی حوزووری فیلمسازە بەناوبانگەکانی دونیایە کە بەشی”بیزینس”یان بەهێزە. لەو بەشەی کە کارەکەی ئێمەیان وەرگرتبوو، هێندێک فیلم بەشدار بوون و بەش بە حاڵی خۆم، کاتێک ئەم فیلمانەم بینی تا ڕادەیەکی زۆر ئاستی فیلمەکەی خۆمانم بۆ دەرکەوت کە چۆن لە لایان داوەرانەوە هەڵسەنگێندراوە و توانیویەتی ئاستێکی باش بە دەست بێنێ. فیلمی”ماندوو” وەک هەوەڵ هەنگاو لە ساز کردنی فیلمی بڵینددا کە لە فستیواڵی لۆکارنۆ وەرگێرا، بۆ من ئەزموونێکی باش بوو. دواتر ئەم فیلمە لە لایان فستیواڵی”پوسان”ی کورەی باشوور و دواتر”ڕیکیاویک”ی ئیسلەند و”مێلودیست”ی ئۆکڕاین بانگهێشت کرا، ئێستاش لە فستیواڵی”کامێرا ئیمەیج”ی لەهێستان و هەروەها فستیواڵی فیلمی”تێسالونیک”ی یۆنان و دوا بە دوای ئەمیش”فستیواڵی فیلمی دووبەی” هەر لەو مانگەدا بەشدارە.

ئێوە وەک هونەرمەندێک کە زیاتر لە بواری فیلمی”موستەنەد” هەوڵتان داوە و هەروەها بە شێوەی ئاکادمیک و تەخەسوسی کاری”تەدوین”تان کردووە، چۆن بوو بڕیارتان دا بۆ هەوەڵ پڕۆژەی بڵیندی خۆتان، فیلمێکی داستانی هەڵبژێرن؟

ـ لە ڕاستیدا بە پێی عەلاقەی خۆم لە بواری”موستەنەدسازی”یەوە، پێم خۆش بوو ئەم کارەش لە باری پێکهاتەوە، پێکهاتەیەکی موستەنەدی هەبێ و تا ڕادەیەک ئەم مەسەلەیە لە خودی فیلمەکەدا دیارە. ئەگەرچی ئەم فیلمە، فیلمێکی داستانییە، بەڵام هەوڵ دراوە لە شێوە دڕاشتی داستانی، خۆ ببوێرین. هەر بۆیەش بە پێی ئەو ساختارە، فۆڕمێک هەڵبژاردرا کە ببێتە هۆی نیزیک بوونەوەی بینەر لەو واقعییەتەی لە سەر سەحنە حوزووری هەیە. نیزیک 4 یا 5 ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بیرۆکەی ئەم فیلمە گوورا. تەڕڕاحی ئێمە هەر بۆ فیلمێکی موستەنەد بوو. بۆ ناسینی ئەم کەسایەتییانە وەک مرۆڤگەلێکی واقیعی کە ئێمە ئەو سەردەمی باسی ئەوانمان لە هەواڵنێرەکان دەبیست و لە ئینترنێتدا دەماندیتن کە ئەم کەسانە هەن، ئەم ئۆردووگایە هەیە و چ چارەنووسێکیان بووە، لە ڕاستیدا ئێمە بە پێی ئەوەی کە هەر لە خەبەرەکان دەمانبیست، واقعییەتی مەسەلەکە تێنەدەگەیشتین. چونکە ئەم کەسانە ئێرانی بوون، کەسانێک بوون کە لە ئێرانەوە کۆچیان کردبوو، هەر ئەو بابەتە خۆی سرنجڕاکێش بوو. هەوڵم دا بزانم ئەمانە کێن و چییان بە سەر هاتووە؟ لە ئاکامدا توانیم لە ناوچەکەدا ـ بەتایبەت لە بەشی کوردستان ـ بیاندۆزمەوە. ئەوان پاش ساڵەکانی 2003 و 2004 گەڕابوونەوە کوردستان. لە نیزیکەوە دیتمن و قسەم لەگەڵ کردن و تا ڕادەیەک بابەتەکانی پێوەند بە ئەوانم بۆ ڕوون بۆوە. لێرەدا بوو کە وێڕای پێشنیاری دۆستان، بیرۆکەی خوڵقانی ئەم فیلمە هاتە ئاراوە. بە واتایەک بەو هۆیە کە بابەتەکە، بابەتێکی ئینسانی بەقەوەت بوو، هەروەها گیروگرفتێکی سەردەمیانەیە و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا دەتوانێ ڕوو بدا، کە وایە دەتوانین تا ڕادەیەک بەربڵاوتر و جیددیتر وەدوای مەسەلەکە بکەوین و تەرحی فیلمێکی سینەماییشی بۆ داڕێژین.

 

ئایا دڕاشتنی فیلمنامەکەش هەر لە سۆنگەی ئەم بڕیارەوە گۆڕانی بە سەردا هات؟

ئەم بڕیارە بوو بە سەرچاوەیەک کە لە دوو سێ مەرحەلەدا فیلمنامەکە بنووسرێ. خاوەنڕایان بە پێویستیان زانی کە فیلمنامەکە هاوڕێی دۆستێکی تریش دووبارەنووسی بکرێتەوە تا تەخەسووسیتر بێ. لە نێو ئەم دۆستانەدا ئاغای”ئابکەنار”، وەک داستاننووسێکی ناسراو، کە خۆم کارەکانیم دیتبوو، پێشنیار کرا. زۆرم پێخۆشبوو. بە خۆشییەوە زۆر زوو لێک نیزیک بووینەوە و لە بواری بیروبۆچوون و شێوازی کارەکەوە هەستمان بە جیاوازێکی ئەوتۆ نەکرد و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئیستارتی نووسینی هاوبەشی فیلمنامەکە لە لایان  من و ئاغای”ئابکەنار” لێ بدرێ.

"ماندوو" لە چەند بارەوە سرنجی ڕاکێشام و لە هەموویان گرینگتر و سرنجڕاکێشتر ئەو جەسارەت و نەترسییەی ئێوە سەبارەت بە قەبووڵی ئەو ڕیسکە گەورەیە کە 90 خولەکی فیلمێکی بڵیندی داستانی تەواو بە نمای P.O.V بگیرێ. ئەوە تایبەتمەندییەکی زۆر کەموێنەیە کە ئەم فیلمە بۆ لای کارێکی”ئێکسپیێر مێنتاڵ” یا”ئەزموونگەری “ دەبا. چۆن بەم تیکنیکە گەیشتی؟

ڕاستە. لە سینەمادا، بەتایبەت لە سینەمای بڵیندی داستانیدا، بەو فۆڕمە کار کردن،  وەک ڕیسکێک چاو لێدەکرێ. تۆ کە سەرمایەکەی زۆر (بە نیسبەتی ئێران و عێراق) بۆ فیلمێکت پێ بسپێردرێ، ناچاری لە بیری ئەوە دابی کە لانیکەم چۆناوچۆن ئەم سەرمایە بگەڕێنییەوە و لە نێو نەچێ و ئەو متمانەیەی بە تۆ کراوە نەڕووخێ. هەر بۆیەش لە هەوەڵ هەنگاودا کەم کەس هەیە ئەم ڕیسکە بکا. ڕەنگە کەسێک بیر لەوە بکاتەوە، بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە چەندە سەرکەوتوو بێ و وەک فیلمێک تا چ ڕادەیەک بتوانێ لە ڕووی دراماتیکەوە بینەر ڕاکێشێ؛ ئەویش 90 خولەک کە نیزیک بە 70 یا 80 لە سەدی لە فەزای بەرتەسکی ماشێنێکدا و بەبێ گۆڕانی بەرچاوی شوێنی کامێرا بێ. سەرەتا بەراوردەکەی گەلێک دژوار دەنوێنێ کە بتوانی بپێی ئاکامی نماکانت چییان بە سەر دێ، دیارە لە یەکەم هەنگاودا بۆ ئێمەش ئەم ترس و نیگەرانییە هەر هەبوو، بەڵام بە پشتئەستووری ساڵانی ڕابردوو و ئەزموونی ئەو کارانەی کە لە بواری کورتەفیلمدا هەمانبوو، بەتایبەت ئەزموونی شەخسی خۆم لە بابەت تەدوین و مۆنتاژی کاری ئیکسپێرمێنتال و تەجروبەی دۆستان، پێم خۆش بوو ئەم ئەزموونانە بێنینە نێو ئەو کارەوە. بە خۆشییەوە گوشاری بەرهەمهێنەری شەخسیشمان لە سەر نەبوو کە مەسەلەی ماڵی و گەڕانەوەی سەرمایە بە فرۆش و ئیکران کردن ببێتە هۆی ئاستەنگێک بۆ ئێمە. چونکە ئەو نیگەرانی و دەغدەغەیەش نەبوو. تا ڕادەیەک ئەو دەرفەتە بۆ ئێمە ڕەخسا تا بتوانین ئەم ئەزموونە بە ئاکام بگەیەنین. لە لایەکی دیکەوە، بابەتی ئەم فیلمە ڕەنگە بابەتێکی زۆر جیاواز نەبێ و ئاسایییە و لە سینەمادا زۆر دیتراوە. فیلمێکی سینەمایی نیزیک بە 90 دەقیقە کە تەنیا بە یەک  P.O.V بدیترێ دیارە سرنجڕاکێشە. بۆ هەوەڵ جار ئەو فۆڕمەمان وەک ئیمتیازێک چاو لێکرد. هەر بۆیەش بڕیار درا  دەق لەگەڵ ئەم فۆڕمە ڕێک بخرێ. پێموایە بە پێی دەنگدانەوەی چەند مانگی ڕابردوو لە فستیواڵەکانی سینەماییدا، ئەو فیلمە نیشانی داوە لە باری فۆڕمەوە توانیویەتی سرنجڕاکێش بێ.

هەڵبژاردنی ئەم ئیستراتێژییە و ئەم فۆرمە بێشک بۆ کارگەردان، هێندێک ئاستەنگی ساز کردبوو و لەو کارەکەشدا دیارە، چۆن لەگەڵ ئەو ئاستەنگە ڕاهاتن؟

ئەم فۆڕمە بە هۆی ئەزموون نەکردنی، بۆ خۆمانیش تازە بوو. هەر بۆیە نەماندەزانی تا چ ڕادەیەک دەتوانێ سەر کەوێ. یەکێک لە پێوانە سەرەکییەکانی هەر فیلمێکی ئەزموونگەرانە ئەوەیە کە زمانی سینەمایی بە شێوازێکی نوێتر و نوێتر، تازەتر و تازەتر بە کار بێنێ؛ بێشک ئەمەش ڕیسکی بە دواوەیە. ئەگەرچی لە”ماندوو”شدا ئەم ڕیسکە هەبوو، بەڵام هەستمان کرد ئەم خەتەرە ئەرزیشی ئەو ماندوو بوونەی هەیە. هەر باسی تەجرووبەی شەخسی خۆم وەک کارگەردان و مونتەر دەکەم و هەروەها ئاغای”فەزلی” وەک فیلمهەڵگر، ئێمە لە هەوەڵ ڕۆژەوە دەمانزانی هەڵبژاردنی ئەم فۆڕمە بە مانای ئەوەیە کە چ لە باری کارگەردانییەوە و چ مۆنتاژ و چ لە بواری فیلمهەڵگرتنەوە دەست و پێی خۆمان بەتەواوی دەبەستێتەوە. لە درێژەی بیستوچەند ساڵ کارکردنمدا دەتوانم بڵێم”ماندوو”، دژوارترین کارێک بوو کە مۆنتاژم کردووە. هیچ دوور لە ڕاستی نییە ئەگەر بڵێم لەو فیلمەدا هەموو پلانەکان”لانگ تەیک”ن و زۆر پلانی 3 دەقیقەیی و زیاتریش هەیە. یانی ئەو تەنەوع و گۆشەنیگایانەی کە تۆ لە کارە سینەمایییەکانی تردا دەیبینی، لە”ماندوو”دا نییە و هەر چەندیش ئەمانە نابینن، بەڵام ڕیتمێکی دەروونی و شاراوەیی دەبێ هەبێ کە بە نیسبەتی کارێکی ئەکشێنی سینەمایی بە پلانێکی زۆر و”تێمپۆ”ی کورتەوە بە دەست هێنانی ئەم ڕیتمە موناسبە کارێکی زۆر دژوار و سەختە.

بە پێی ئەو ئاستەنگانە بوو کە خۆم، وەک کارگەردان و مونتەر و ئاغای”فەزلی”ش، وەک فیلمهەڵگر، ئەزموون و تایبەتمەندی کارەکانی پێشتری خۆمان وەلا نا و گوتمان بە پێی ساختار و فۆڕمی کارەکە، تەڕڕاحییەکی نوێی بۆ داڕێژین و لە تەخەسوسەکانی خۆمان بە تایبەتمەندییەکی تازەوە کەلک وەرگرین. ئەمەش پێویستی بە وەلانانی ئەزموون و زانستەکانی خۆمان بوو. هەر چەند خۆشمان نەماندەزانی ئەم فۆڕمە دەگونجێ یا نا. لانیکەم ئەو ڕێگە تازەیە ئیمتیازێکی گەورەی لێدەکەوتەوە، ئەویش ئەزموون کردنی شێوە بەیانێکی نوێی هونەری و هەڵبژاردنی شێوازێکی تازەی بەیانی بوو کە لە سینەمادا تەجروبە نەکرابوو یان لانیکەم بڵێن فیلمێکمان نەدیوە کە بەتەواوی بە شێوەی P.O.V تەڕڕاحی کرابێ، بەڵام لە هێندێک فیلمە ناسراوەکاندا دیتبوومان سێکانسێک یان بەشێکی کورت ئاوا پێشان درابێ. تەنانەت فیلمێکی فەڕانسەوی هەیە کە نیزیک بە 20 دەقیقەی سەرەتای کارەکەی بەم شێوەیە بوو.

 ئێستا کە باسی فیلمهەڵگری کرا با ئەوە بڵێم تایبەتمەندی فۆڕمی هەڵبژاردەی ئێوە لە کاری”بایرام فەزلی” بەتەواوی دەنگدانەوەی هەبوو، بەڵام لە لایەکەوە هەڵبژاردنی دروستی ئێوە و لێزانی فیلم‌هەڵگر، توانیبووی بەشێک لەو ئاستەنگانەی فۆڕم بە سەر فیلمەکەدا سەپاندبوونی، بە کەلک وەرگرتن لە تەسویری جوان و شارپ و شەفاف بوونی، قەرەبوو بکاتەوە...

لە بابەت فیلم‌هەڵگرییەوە دەبێ بڵێم کە نۆرمال و ئاسایی نییە. لە تەواوی ئەو فیلمەدا ئێمە تەنیا لە یەک نووری دەسکرد کەلکمان وەرگرتبوو!لە حاپێکدا لە فیلمێکی سینەماییدا ئاستی ئیمکاناتی فەننی، وەک نوور زۆر لە سەرێیە. بۆ فیلم‌هەڵگرتنەوەی ئەو کارە بە پێی فۆڕمی هەڵبژاردە تەڕڕاحی تایبەتی کرابوو. یانی تا ئەو جێیە کە دەکرێ چ لە باری کادر و کۆمپۆزسیۆنەوە و چ حەڕەکەت و میزانسێن و تەنانەت نووریش لە خزمەت هەرچی واقعیتر کردنی فەزاکەدا بوو نەک لە خزمەت دراماتیک و نەمایشیکردنی فەزای فیلمەکە. ئەم مەسەلەیەش هەر لە فۆڕمی فیلمەکەوە دەکەوێتەوە و پێم وایە هەماهەنگی ئەم دوو بەشە(فۆڕم و فیلم‌هەڵگری) لە”ماندوو”دا جوانی جواب دابۆوە. بەو ئەزموونەی ئاغای فەزلی لە باری فیلم‌هەڵگری، بەتایبەت لە”فیلم‌هەڵگری سەر شان”دا هەیەتی و بە ئامانجی نیشاندان و گەیاندن و شەخسییەتپەردازی کاراکتێری سەرەکی بە کەلک وەرگرتن لە ئامرازی دووربین، لە زۆر جێگادا بەشێک لە بەدەنی فیلم‌هەڵگر دێتە نێو کادر. حەڕەکەتی دووربین و حەڕەکەتی خودی فیلم‌هەڵگر حەڕەکەتی کاراکتێری سەرەکی ئیلقا دەکا و گۆشەنیگای کامێراش دەبێتە جێگری نیگای کاراکتێر.

باسی مۆنتاژی کارەکە کرا، بەپێی ئەوەی کە تەحسیلاتی ئێوە لە سەر مۆنتاژە و زیاتر و حیرفەییتر کاری مۆنتاژتان کردووە و ئەزموونی زۆر باشتان لەم بوارەدا هەیە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا ئێمە بینەری کارێکی زۆر بەرچاو لەم بارەدا بین، بەڵام بەتایبەت لەو جێگایانەی کە بە ئامانجی نیشان دانی تێپەڕ بوونی زەمان نماکانت پێکەوە دەلکاندن، ئەو چاوەڕوانییە وەدی نەهاتووە و ئەو سەحنانە ئازاریان دەدام، هەر چەند دیار بوو چ مەنتقێکی مۆنتاژی لە پشت ئەم تکنیکەیە، مەبەستم ئاماژەیە بە ڕیتمی شاراوەی فیلمەکە  و p.o.v بوونی نماکانە.

ـ ئێمە هەم بۆ فیلم‌هەڵگرتن  و هەم بۆ مۆنتاژیش تەڕڕاحییەکی تایبەتیمان کردبوو، بەڵام لە کاتی ئێجرای مۆنتاژدا، بیرو بۆچوونمان لە سەر سەحنە  بە پێی ئەو ئێمکاناتەی هەبوو بەناچار گۆڕدرا و لێبڕاین لەم بۆچوونانەمان چاوپۆشی بکەین. قەرار ئەوە بوو ڕەوایەتی کارەکە بەتەواوی لە نیگای کەسایەتییە سەرەکییەکەوە بێ. دیارە ئەو ئینسانە هێندێک جار جوان دەبینێ و کاتی  واشە تێکدەچێ و خراپ دەبینێ، واش هەیە کە هەر نابینێ! تەڕڕاحیی مۆنتاژی ئێمەش ڕاستەوخۆ لە سەر حاڵاتی دەروونی ئەم کەسە دڕڕێژرابوو. هەر بۆیەش ویستمان بە پێی ئیمکانات و تەجهیزاتی فەننی بەردەست وەک ئەزموونێکی تازە و شەخسی کارێک بکەین کە بینەریش ببێتە شەریکی ئەم هەست و ئێحساسانە، بینەریش بتوانێ هەر وەک ئەو کەسایەتییە ئەو کاتی کە حاڵی باشە، ئاسایی ببینێ هەروەها  ئەو کاتەی فەزا پڕکێشەیە یا وەزعییەتی دەروونی تێکەپە، خراپی  ببینێ یا هەر نەبینێ یان هەر چەند چاوی داخستەوە و هۆشی لە خۆی نییە، بەڵام ئیدراکاتی هەر کار بکا. لەم بەشانەدا کە ئاماژەتان پێکرد ئامانجی ئێمە ئەوە بووە بینەر لە تاریکیدا ئەزموونە حیسییەکانی کەسایەتی بەبێ تەسویر و تەنیا لە ڕێگەی دەنگەوە هەست پێبکا.

بە پێی تەڕڕاحی پێشوو، بۆ چاو لێکنان و چاو داخستن و چاو کردنەوەی کەسایەتییەکەمان، ئامرازێکمان تەڕڕاحی کردبوو کە تا ڕادەیەک دەدیترێ، بەڵام بە هۆی باش نەبوونی ئیجڕا ئەم هەوڵەی ئێمە بەرچاو نەبوو و لە زۆر بەشی فیلمەکەدا ئەم مەسەلەیە حەزف کرا. یانی بەپێچەوانەی ویستی ئێمە ئەو کاتەی کەسایەتی چاو وێکدەنێ یا چاوی دەکاتەوە، بینەر تەنیا”کات”ێک دەبینێ. لە سەرەتادا شایەد ئەم کات کردنە بینەر ئازار بدا و ئەم پرسیارە بیتە ئاراوە، کە چ بوو؟ چی لێهات؟ بەڵام چون بینەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی دیار، ئیلمانەکانی p.o.v بوون بە بەردەوامی دەبینێ و لەگەڵ  ئەلفبای دیتنەکە ڕادێ، کەمکەم ئەم شێوازە جێ دەگرێ و وەک قەراردادێک لە لایەن بینەرەوە وەردەگیرێ؛ یانی بینەر دەرک دەکا ئێستا کە تەسویرەکە هەڵبڕاوە، ئەوە کەسایەتییەکەیە چاو دادەخا یان ئەو هەراهەرا و ئێفێکتەی لە تاریکیدا دەیبیسێ لە ڕاستیدا بیستنی ئەم کاراکتێرەیە. هەر چەند لە باری ئیجڕاییەوە، هێندێ جێگا هەن کە گرفتیان هەیە و نەبوونی ئیمکاناتی فەننی و بەتایبەت نەبوونی دەرفەت بۆ ئەزموون کردن و کەلک وەرگرتن لەو ماتریالەی سازمان کردبوو، بوو بە هۆی ئەم لاوازییە و ئەمەش هەر بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆر باش بوو.

 ئاخۆ لە باری دەورگێڕانیشەوە هەر فۆڕمی هەڵبژاردەی ئێوە بۆتە هۆی تەڕڕاحی ئێستراتێژییەکی تایبەت بۆ دەورگێڕەکان و بازی وەرگرتن لە ئەوان؟ لە ڕاستیدا ئەو کاتەی فیلمەکەم دەدی لە زۆر جێگادا وەک بەردەنگێک، هەستم دەکرد نیازم بە دیتنی بازییەکی دەروونیتر و لە عەینی حاڵدا  دیارترە، بەڵام دیار بوو لە لایەن کارگەردانەوە هەوڵ درابوو تا دەورەکان زیاتر لە ژینی ئاسایی نیزیک ببنەوە، ئەدی نیازی منی بینەر چی لێدێ کە زۆر جاران لە ناخی دڵمەوە دەپاڕامەوە کە دەورگێڕەکان ئێستا دەورێکی بەرچاوتر، دیارتر و کلاسیکترم بۆ بگێڕن!

ـ بازیگەریش هەر وەک تەخەسوسەکانی دیکەی ئەم فیلمە لە ژێرکاریگەری فۆڕمی هەڵبژاردەدا بوون، لە لایەکەوە چونکە من دەغدەغەی موستەنەدسازیم هەر هەبوو، پێم خۆش نەبوو کارەکە بکەمە فیلمێکی زۆر دراماتیک، دەمهەویست ئەگەر ڕووداوێکیش  لە ئارادایە ـ کە فیلمەکە زۆر جار ڕووداویش لە خۆ دەگرێ ـ ئەم ڕووداوانە بچێتە پەسزەمینەوە. ئێمە ئەگەر هەڵسوکەوتێکی ئاساییمان لەگەڵ فیلمەکە کردبا و شێوازێکی کلاسیکمان بۆ بەیانی ڕووداوەکان دیاری کردبا، لەوانەیە لە باری حادیسەپەردازی و ئەکشێنەوە فیلمێکی زۆر سرنجڕاکێشترمان بووبا کە بە پێی ئەزموونی خۆم و تەجرووبەی فیلم‌هەڵگرەکە ئەم کارە بۆ ئێمە زۆر هاسانتر بوو، بەڵام هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە ئەم ڕووداوانەی بەرە بە بەرە لە درێژەی فیلمەکەدا دەقەومان، بچنە بەکگراندەوە و ئەوەی لە لامان گرینگ بوو نیشاندانی پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان بە کەلک وەرگرتن لەو ڕووداوانە بوو نە ئەوەی کە ڕووداوەکان ئەوەندە بەهێز بن کە بە سەر کەسایەتییەکان و پێوەندی نێوانیاندا زاڵ بن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەوڵماندا تا ئەو جێیەی دەکرێ، دووربین لە ڕووداوەکان دوور کەینەوە و زیاتر کەسایەتەییەکان لە دووربین نیزیک بکەینەوە. بەو هۆیەی لە ساختاری فیلمەکەدا، تەقتیع بەو مانا کلاسیکەی دە زەینماندایە وجوودی نییە، ئێمە بڕیارمان دا لەو شێوازە کلاسیکە دوور بینەوە و هەر بۆیەش بازیگەری ئێمەش هەر تەقتیع نەکراوە. چۆنکە پلانەکانی ئێمە زۆرتریان دوورودرێژن و”لانگ تەیک” هەڵگیراون، بە هەمان نیسبەتیش بازیگەری ئێمەش نیازی بە ئیجڕای دوورودرێژە و سێکانسییە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی عەلاقەی شەخسی خۆم بە فەزای فیلمسازی موستەنەد، بە دووی ئەوەوە بووم کە بازیگەری فیلمەکەش هەر واقیعی بێ، تەنانەت هەست بەوە نەکرێ کە ئەمانە بازیگەریشن، من پێم وایە کە ئەو حیسسە واقعییەی کە بازیگەرێکی کەمئەزموون یا بێ ئەزموون لە کایەکەیدا نیشانی دەدا بە نیسبەت بازیگەرێکی حیرفەیی، دوو شتی لێک جیاوازن. بۆ منی دەرهێنەر پێوەندی نێوان فیلم و بینەر گرینگە، بینەران، تەنانەت ئەوانەی کوردیش نەبوون، توانیویانە لەگەڵ فیلمەکە پێوەندییان هەبێ. ئەگەرچی ئەمانە بازیگەر نین، بەڵام توانیویانە کاراکتێرەکان بسەلمێنن و بینەر باوەڕ بە بوونی ئەم کەسە لەم دۆخەدا بکا. بەشێکی زۆری ئەم سەلماندنە دەگەڕێتەوە سەر ئەمە کە بازیگەرەکانی ئەم فیلمەش هەر واقعی بوون. هەر بۆیەش لەم بەستێنەدا دژوارترین قۆناغ،  هەڵبژاردنی بازیگەرە، ئەگەر بتوانی کەسێک هەڵبژێری کە لە کاراکتێری فیلمەکە نیزیک بێ، بەشێکی بەرچاو لە گیروگرفتەکانت  چارەسەر کراوە.

 

ـ ئێمە لە دوامین فیلمی موستەنەدی ئێوە”دایکانی من”، بەرەوڕووی چەمکێکی تراژیک و زۆر شوێندانەر دەبینەوە کە بە فۆڕمێکی قورس و قایم و ڕیتمێکی هاوئاهەنگ داڕێژراوە، بەڵام لایەنی شوێندانەری ئەو فیلمە بەرچاوترین لایەنیەتی. باسی ڕەوتی ساز کردنی ئەم فیلمە بکەن.

لە ڕاستیدا بەشێک لەو شوێندانانە لە فیلمەکەدا هەیە، لە سەر خۆشمی هەبووە، ئەزموونێک بوو کە بە ناسینی بابەتەکە، خۆشم هەستم پێکرد، لەمێژ بوو ئەو بابەتەم دەبیست، قسەیان لە سەر دەکرد، لە سەری دەنووسرا، بەڵام هەر ئەوەندە بیبیسم و دە قالبی وشە و ئامار و ئەڕقامدا بیبینم، 182000 هەزار کەس لە ماوەیەکدا لە کوردستانی عێراق لە نێو چوون یان بێ سەروشوێن کران، بەڕاستی دەرکی ئەو عەدد و ڕەقەمانە لە باری حیسییەوە بۆ خۆم وەک ئەزموونێکی شەخسی دەرک نەدەکرا یان هەستم پێ نەدەکرد. بۆ من تا ئەو کات کە پێشنیار کرا کارێک لە سەر ئەو بابەتە بکەم، 182000 عەددی 2 و 8 و 3 دانە سیفر بوو. سەفەرێکم کرد بۆ ئەو ناوچەیەی کە بەشێک لەو ڕووداوە ناخۆشە لەوێ ڕووی دابوو. لەگەڵ دۆستێکی کە مودیری تەولیدی کارەکەشم بوو، چووین بۆ دێیەکی ئاشنای خۆیان، هێندێک ژن و کچ بەرەوپیرمان هاتن کە هەموویان ڕەشپۆش بوون، ڕوخساریان هەر دەتکوت بەردە، تەنانەت بزەیەکیش دە دەموچاویاندا بەدی نەدەکرا، کردەوەکانیان ئاسایی نەبوو، بۆ وایە؟ دەوراندەوری ژوورەکەیان بە وێنەی پیاوەکانیان داپۆشرابوو، بە دیتنی ئەم دیمەنە، وەڵامەکەی خۆم وەرگرتەوە، ئەمانە وێنەی ئازیزترین کەسانی ئەم ژنانە بوون کە 24 ساڵ لەمەوبەر لە دەستیان داون. حکوومەت 24 ساڵ لەمەوبەر ئەم پیاوانەیان بردبوون و ئێستاش هەر نەگەڕابوونەوە. ئەو  ژنە ڕەشپۆشانە دەپێن: ئەگەر پێیان کوتباین پیاوەکانی ئێوەمان لە سێدارە داوە و ئەمەش مەیتەکانیان، زۆر خۆشتر بوو. ئەو کات چارەنووسی ئەوانمان دەزانی، بەڵام 24 ساڵ چاوەڕوانی بۆ هاتنەوەی ئازیزان، گەلێک دژوار و جەرگبڕە. دیتنی ئەم دیمەنە بۆ من بوو بە هەوێنی سەرەکی بابەتی فیلمەکە. ئەگەرچی قەرارە ئێمە باس لە تراژێدی بکەین، بەڵام ڕاستەوخۆ باسی ئەم تراژدییە کردنە، بەو ڕادەیە شوێندانەر نییە کە ڕاستەوخۆ باسی ژیان و چاوەڕوانیی ئەم کەسانە بکرێ. هەستم دەکرد ئەو کەسانەی لەو ڕووداوەدا ئازاری زیاتریان بینیوە، بەجێماوەکانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەن. ئەم کەسانە سەرەڕای ئازاری لە دەست دانی ئازیزانیان، دەبێ  باری قورسی ژیانیش هەڵگرن. هەستم دەکرد ئەگەر لە باری حیسییەوە نەک لە باری ڕاگەیاندنەوە بتوانین سووچێکی بچووک لەم ئازارانە نیشانی بینەر بدەین، کارێکی زۆر گەورەمان کردووە. ئەو کارانەی تا ئێستا من دیتبوومن، چ فیلم و چ نووسراوە و تەنانەت شێعریش، زیاتر ڕووداوێک چەشنی حەقایەتێک دەگێرنەوە، بەڵام ڕاگواستنی باری حیسسی ئەم دۆخە بە ئامانجی شوێندانان لە سەر بینەر، بەرهەمی ئەزموونێکی نوێیە لە موستەنەدسازیدا. دیارە ئەو  بابەتە بۆ خۆشمان گەلێک بە بایخ بوو و هەستمان دەکرد ئەگەر بتوانین ئەم کارە بەباشی بەڕێوە بەرین، ئەودەم دەمانتوانی بڵێین کارێکی باش و جیاوازمان بە نیسبەت ئەم کارانەی کراون، ئەنجام داوە. دواتر کە چووینە ناخی بابەتەکەوە و لە باری حیسسی و عاتفییەوە ئاوێتەی بابەتەکە و کەسایەتییەکان بووین، هەستمان کرد کە لەم بوارەدا دەبێ وەک ئەرکێک کارێکی باش و گونجاو ئەنجام بدەین. نەدەکرا تەنیا وەک فیلمێک لەو ڕووداوە بڕوانین، بەڵام ئەم پرسیارە کە لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە تا چ ڕادەیەک دەتوانی ئەم ئازار  و دەردانەی هەستت پێکردوون، بە بینەری خۆتی نیشان بدەی، هەر بۆیەش سەرەتا تەڕڕاحییەکی کە بۆ کارەکە کرا بەتایبەت لەگەڵ کاک عەباس غەزالی وەک بەرهەمهێنەر و کاک زەهاوی سنجاوی وەک هاوکاری من لە دەرهێنانی کارەکەدا، ئەوە بوو کە ئێمە بتوانین بە بۆنەی دیتنی هێندێک تەرمی ئەنفالکراوەکان لە باشووری عێراق کە لە گۆڕێکی بەکومەڵدا ناسرابوونەوە و هێنانەوەیان بۆ کوردستان و ئەنجامی ڕێوڕەسمێک بۆ پێشوازی و بە خاک ئەسپاردنیان لە یەکێک لە ناوچەکانی کوردستان، بیرمان لەوە دەکردەوە کە دەبێ چ بکەین. بەداخەوە چون ئەو سەردەمی لە تاران خەریکی کارێکی دیکە بووم. پرسیار کرا بۆ ئەم ڕۆژە تایبەتییە چ  بکەین. چون سەرەتا مەبەست ئەوە بوو کە فیلمێک سەبارەت بەو مەراسمە ساز بکرێ. بڕیار درا هێندێک”ڕاش” لەم ڕێوڕەسمە بەشکۆیەدا کۆ بێتەوە. دوای بەڕێوەچوونی مەراسمەکە کە من توانیم بگەڕێمەوە کوردستان، دەستمان کرد بە دیتنی ئەم ڕاشانەی کە گیرابوون. لە نیزیک بە 25 ساعەت ڕاشێک کە لەو مەراسمە هەمانبوو، تەنیا  لە 7-6 دەقیقەمان بۆ فیلمی”دایکانی من” کەلک لێوەرگرتووە. دوای دیتنی ڕاشەکان بیرمان لەوە کردەوە کە بۆ دەرخستنی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە و ئەو کارەی شایانی ئەم ئازارە مەزنە بێ، دەبێ  چ بکەین؟ هەر بۆیە تەڕڕاحی و توێژینەوەیەکی بەربڵاویشمان بۆ کرد کە هەر وەک هەر توێژینەوەیەکی دیکە لە یەکەم هەنگاودا نیگایەکی میکانیکی بە سەردا زاڵ بوو، ئەوەی کە لە کوێ ڕووی داوە؟ چۆن ڕووی داوە؟ لە چ زەمانێک؟ چەند کەس لە کوێ کوژراون و.... دواتر قوناغی لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەستی پێکرد. کە چووینە ناخی بابەتەکەوە، مەسەلەکە جیاواز بوو، پێوەندی حیسسی لەگەڵ بابەتەکە و کەسایەتییەکان هاتە گۆڕێ و ئێمەی لە بابەتی فیلمەکە نیزیک کردەوە.

لە 25 ساعەت ڕاشی ڕێورەسمی پێشوازی و بەخاک سپاردنی نیزیک بە 10 ساعەتێکمان هەڵبژارد و جیا کردەوە و نیزیک 20 تا 25 کەسێکمان لە نێو ئەم 10 ساعەت ڕاشە هەڵبژارد. کەسانێک کە بەشدارییەکی بەرچاویان لەم مەراسمەدا هەبوو و دیار بوو ئازیزانیان لەم ڕووداوە لە دەست داوە. لە کوردستاندا بە دوای ئەم کەسانەدا گەڕاین تا شوێنی نیشتەجێبوونیان بدۆزینەوە، شاربەشار و دێبەدێ گەڕاین تا ئەوەی دەرکەت هێندێک لەم 25 کەسە لە دێیەک دەژین، هەر ئەو بابەتە بوو بە خاڵێکی بەهێز تا بەربڵاوتر لەگەڵ مەسەلەکە  هەڵسوکەوت بکەین، ڕەنگە نەتوانین قووڵایی کارەساتەکە دەربخەین و لە باری حیسسییەوە لێی نیزیک ببینەوە. هەر بۆیە بوونی چەند کەسێک لەو ژنانە لە دێیەک بوو بە هۆی ئەوەی کــــە Deatailێک هەڵبژێرن و لەو Deatailدا دەرفەتی ئەوەمان هەبێ کە بەباشی لێیان نیزیک بینەوە و بیانناسین. بڕیارمان دا شوێنێک و چەند کەسێک هەڵبژێرین هەتا دەرفەتی نیزیک بوونەوە و ناسینی ئەوانمان باشتر بۆ بڕەخسێ و بتوانین پێوەندییەکی حیسیمان دەگەڵیان هەبێ تا لەو ماوەیدا کە خەریکی ساز کردنی فیلمەکەین، ئیزنی ئەوەمان پێ بدەن شەریک و هاوبەشی ژیانیان بین. خەڵکی دێیەکە پەیڕەوییان لە بیروباوەڕێک دەکرد، پێیان دەکوت”خورشیدی”. ئەوان لە بنەڕەتەوە وێنە گرتن و فیلم هەڵگرتنەوە، تەنانەت هێنانە ژوورەوەی دووربین بۆ نێو ماڵەکانیان بە کارێکی حەرام و گوناه دەزانێ. دەبوو بە سەر ئەم لەمپەرشدا تێپەڕین. بە پێی ئەزموونەکانی پێشوومان لە بواری موستەنەد سازییەوە، هەوڵمان دا ئەوەندەی دەکرێ لە باری عاتفییەوە لەم ئینسانانە نیزیک بینەوە و ئەم دیوارەی نێوانمان بڕووخێنین تا ئەوان هەست بەوە نەکەن تووشی گوناهێک بوون و جیاوازی نێوان کاری ڕەسەن و ناڕەسەنیان بۆ ڕوون بێتەوە و بۆیان دەرکەوێ کە ئەم ڕەسەنایەتییە لە خزمەت ئەواندایە و ئاوێنەی دەرد  و ئازارەکانیانە، دژوارترین بەشی کارەکەش پێکهێنانی ئەم متمانەیە بوو. یانی لە کاری موستەنەدسازیدا ئەمە سەرەکیترین مەرجە، بە پێی ئەزموونەکەمانی خۆمان بەخۆشییەوە توانیمانن ئەم قۆناغە زۆر خێرا ببڕین و لە مەودایەکی کەمدا ئەو متمانەیە پێک هات و دەرفەتێک ڕەخسا تا تێکەڵاوی ژینی ئەوان بین.

ـ ئەم پێوەندییە عاتفییەی نێوان گرووپی فیلمسازی و هەموو ئەم سووژانەی دێنە هەمبەر دووربین، زۆر بەرچاو و دیارە. ئەم کەسایەتییانە بەم مێژووە تراژیکەی هەیانە ڕاحەتبوونیان لەگەڵ دووربین جوان دەدیترێ، تەنانەت بەو موشکلە ئایینییەوە کە ئاماژەتان پێکرد، ئەم تایبەتمەندییەی لە وانەیە بەرچاوترین خاڵی موسبەتی ئەم فیلمە بێ، تا ڕادەیەک کە ئەوەندە لە بینەر نیزیک بوونەوە کە هیچ مەودایەک نێوان بینەر و سووژە نەمابوو و بەڕاستی هەست دەکرا کە وەک ناوی فیلمەکە ئەوان هەموویان بوونە دایکانی ئێمە. لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕاستییە کە تراژێدی سەرەکی ئەم کەسانە چاوەڕوانییە زۆر جوان بەیان کرابوو. تەنانەت لە بەشی ئاخری فیلمەکە و گەڕانەوەی جەنازەکان و مەراسمی پێشوازیش، ئەم کەسانە هەر چاوەڕوانن و ئازیزانی خۆیان بە مردوو حیساب ناکەن، ئەمە قووڵایی تراژیکی مەسەلەکە سەد بەرابەر دەکا.

 

 دیارە یەکێک لە گرینگترین و سەرەکیترین ئامرازەکان بۆ ساز کردنی فیلمی موستەنەد”ئارشیڤە”. ئارشیوڤێکی بەرچاو لە تەساویرێک لە هەموو بەستێنەکان کە دەستی فیلمساز بۆ ساز کردنی فیلم ئاوەڵاتر دەکا و مەسەلەن ئارشیڤی B.B.C وەک گەورەترین ئارشیڤی فیلم و عەکس لە هەموو بوارەکاندا بۆتە هۆی بەرز بوونی ئاستی فەننی موستەنەدەکانی B.BC، بەڵام لە نێو خۆماندا هەر موستەنەدێکمان لە بارەی ئەم مەوزووعانە دیوە لاواز بوون و دووپات بوونەوەی ئەم تەساویرە ئارشیڤە لە ئەواندا بەرچاو بوو. هێندێک لەم عەکس و فیلمانە وەک ئارشیڤ لە”دایکانی من”دا کەلکی لێ وەرگیرابوو پێشتر دیترابوون، بەڵام ئەم لاوازبوونەی ئاماژەمان پێکرد لەو فیلمەدا هەست پێنەکرا... بۆ؟ ئایا لە ئارشیڤێکی تایبەت کەلک وەرگیرابوو؟ فۆڕمی فیلمەکەتان بە پێی ئەو ئارشیڤە دڕاشتبوو؟ یان چۆنیەتی کەلک وەرگرتن لەو ئارشیڤە تێکرارییە بۆتە هۆی دیار نەبوونی ئەم لاوازییە؟

لە کاری موستەنەددا، بەڵگەمەند کردنی فیلم گەلێک گرینگە. یانی بینەر کاتێک باوەڕ بە تۆ دەکا کە بابەتەکە بە ڕاست بزانێ و بە پێی بەڵگە بیسەلمێنێ ئەم ڕووداوەی تۆ باسی دەکەی لە واقعییەتدا ڕووی داوە. ئەم تایبەتمەندییە بایخی تەساویری ئارشیڤی لەم جۆرە کارانەدا یەگجار زیاتر دەکا، هەر بۆیەش لە سەرەتای کارەکەدا هەستم بەوە دەکرد کە بەردەنگەکانی من کوردەکان نەبوون، تەساویری ئارشیڤی دەبوون بە بەڵگەیەکی قەومی بۆ کەسانێک کە بێ شک بە سەرسۆڕمان و ناباوەڕییەوە چاو لەم فیلمە دەکەن. ئەو کاتەی تۆ باس لەوە دەکەی کە 182000 کەس لە کوردستان کوژراون و بێ سەروشوێن کراون، ئەم ڕەقەمە ئەوەندە ڕەقەمێکی بەرچاوە کە بۆ بینەرێکی مەسەلەن ئورووپایی کە بەردەوام لەگەڵ عەدەد و ڕەقەم ژیاوە و پێی حەساسە، بۆیە یەکەم قسەی ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو شتەی تۆ باسی دەکەی ڕاستە؟ ئیمکانی هەیە ڕووداوی ئاوا قەومابێ؟ کە وایە تۆ نیازت بە کەرەسە و ئامرازێکە تا بیسەلمێنی ئەوەی لێی دەدوێی واقیعییە و فیلمەکە خۆی ئەمەی پێ بسەلمێنێ نەوەکوو فیلمسازەکە، بەڵام کە ئارشیڤەکەمان پشکنی بەداخەوە ئارشیڤێکی دەوڵەمەندمان نەبوو، تەنانەت ئارشیڤی تەلەویزیۆنیش زۆر بەرچاو نەبوون. ئەو تەساویرەی کەلکمان لێوەرگرتووە هەر ئەو تەساویرەن کە زۆر جاران هەر یەکەی بە بۆنەیەک و بە شکڵێک دیومانن. ئەمانە لە فیلمەکەدا بە شێوەیەکی تایبەت تەڕڕاحی کراون. لە باری مەفهومییەوە ئەو شتەی تەڕڕاحی تایبەتی بۆ دەکرێ، لە زەینی بینەردا جێی خۆی دەکاتەوە و دەمێنێتەوە. لە بەحسێکی تەخەسوسی موستەنەدسازیدا دەتوانین ئیدعای ئەوە  بکەین کە تەنانەت لە وانەیە مانا و مەفهوومێکی نوێش بۆ خۆی بەدی بێنێ. ئەم تەسویرانە زۆر جاران کە لە کاناڵەکاندا بە بۆنەی جۆراوجۆر بڵاو بونەتەوە لە زەینی بینەردا مانایەکی تازەی لێ کەوتۆتەوە، ئەوە کارێکی حەساسە و لە وانەیە بڵێم ڕیسکێکە کە تۆ دێنی لە فیلمێکدا تەساویر و وێنەگەلێک کە بۆ زەینی بینەر ئاشنایە بە تاریفێکی نوێ و جیاواز نیشان دەدەیەوە. ئایا ئەم تاریفە نوێیە جێی خۆی دەگرێ یا نا؟ ئایا ئەمە بۆ ئەم ڕووداوەی تۆ باسی دەکەی سەنەدییەت ساز دەکا؟ کاتێک دە فیلمی تۆدا کارکردەکەیان بە نیسبەت ئەو فەزا واقعییەی کە پێشتر تێیدا تۆمار کراوە گۆڕاوە، دە فیلمی ئێمەشدا تا ڕادەیەک هەر وایە، بەتایبەت لە بەشی ئاخری کارەکەدا هەوڵ دراوە بە شێوەیەکی مەفهوومی و مەعنایی مامەڵە دەگەڵ ئەم تەساویرە بکرێ نەک بە شێوازی واقعگەرایانە. کاتێک تۆ هەوڵ دەدەی بینەر بخەیە ژێر کاریگەری حیسسی عاتفییەوە ئیتر ئارشیڤ تاریفێکی واقیعگەرایانەی لێ ناکەوێنەوە و زیاتر کارکردێکی مەعنایی حیسسی پەیدا دەکا. ئەم تەساویرانە بەڵگەی بوونی واقعی ئەم شەخسییەت و ئەو ئینسانانەن کە ئێمە بە واسیتەی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەیان تاریفمان کردوون تا ئەو کەسایەتییانەی کە ئێمە هەڵمانبژاردوون. ئەمە کارکردی واقعگەرایانەیە، بەڵام ئێستا ئەمە لەم مەرحەلەیە تێدەپەڕین، تۆ لە مەودای فیلمێکی 6-5 دقیقەیەیدا ناتوانی تەنیا ئەم کارکردانە هەر دووپات کەیەوە، کاتێک لە باری ساختار و فۆڕمەوە ئەمانە دووپات دەکەیەوە، بینەر ماندوو و بێزار دەبێ، لە ئاکامدا تەڕڕاحییەکەشی کە بۆ ساختاری کارەکە کرا و لەو بەشەشدا کارکردی تەسویرە ئارشیڤییەکان وردە وردە ئەهمییەتەکەیان دەگۆڕێ و هاوکات لەگەڵ دانی هەندێ زانیاری واقعگەرایانە بە منی بینەر،  زۆرتر گیرۆدەی بارودۆخە حیسسییەکان و بارە مەعنایییەکانی ئەم تەسویرانەمان دەکا. ئەم تایبەتمەندییە بۆ خۆشمان وەک ئەزموونێکی نوێ بوو. هەر بۆیەش بینەر پێی وایە ئارشیڤێکی زۆر دەوڵەمەندمان لە بەردەستدا بووە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر تەماشای تەسویرەکان بکەن کەم تەسویر هەیە کە بیشتر نەتاندەیبن. جێی ئاماژەیە کە بۆ وەرگرتنی ئەم تەسویرانە کاناڵە تەلەویزیۆنەکان بەتایبەت Zaqros TV و Kurdistan TV زۆریان یارمەتی داین و ئارشیڤێکی باش بوون بۆ فیلمەکانمان.

 

ـ لە فیلمە موستەنەدە تاریخییەکانی دیکەی کوردیدا دێنن پلاتی کارەکان بە پێی ئاڕشیڤی بەر دەست دادەڕێژن، بەڵام لە دایکانی مندا ئەم ئارشیڤانە چوونە نێو پلاتی پێشتر تەڕڕاحیکراو بۆ ئەم موستەنەدە. ئێوە لە سینمای موستەنەددا زۆرتان هەوڵ داوە، ئاستی فیلمی موستەنەدی کوردی چۆن دەبینن؟

 

ساز کردنی موستەنەدی”جیددی” سەختە، زەمان دەخوازێ و بە هەمان نیسبەتیش پڕ خەرجە، فیلمسازانی کورد کەمتر خۆی پێوە ماندوو دەکەن. بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا، سینمای موستەنەد زۆر گرینگترە لە سینمای داستانیی؛ چون هیچ ئاڕشیڤ و بابەتی تۆمارکراومان لە ڕابردوودا نەبووە. ئەگەر ئێستا لە سایەی سینەمای موستەنەدەوە بتوانین ئەمانە وەک بەڵگەیەک کۆ کەینەوە و تۆماریان بکەین دەتوانین بە کەلک وەرگرتن لە ئەوان زێهنییەت و فکری خۆمان وەک فیلمسازێک باشتر دەربخەین. پێم وایە فیلمی موستەنەد تەنیا کۆکردنەوە و ئارشیڤ کردن نییە. ئەم کۆکردنەوانە ئەو کات دەتوانن پڕۆسەیەکی هونەری بن کە بتوانن بە یارمەتییان قسەیەکی نوێ بکرێ و بتوانی بیروڕای شەخسی و تایبەتی خۆت وەک هونەرمەندێک دەرببڕێ. ئەو کاتەی قسەیەکت بۆ کوتن هەبێ تۆ فیلمسازێکی موستەنەدی جیا لە سەبت کردن و کۆکردنەوە و بەڵگە هێنانەوە، هەر بۆیەش ئەگەر بمانهەوێ کەمێک جیددی و بڕێک بە سەختگیرییەوە تەماشای سینمای موستەنەدی کوردی بکەین، موستەنەدی باشمان زۆر کەمە. وەک خەسارناسییەک ئەگەر بمانهەوێ باسی ئەم مەسەلەیە بکەین دەبینین کە ئەم لاواز بوونەی ئاستی سینمای موستەنەدی کوردی گەلێک هۆی لێ دەکەوێتەوە. ئێمە لە کاری داستانیدا بە نیسبەتی کارێکی موستەنەد، لەوانەیە زۆر باشتر بە ئاکام بگەین و بۆ گەیشتن بەم ئاکامە، زەحمەتێکی کەمتر بکێشین. موستەنەدی”دایکانی من” نیزیک دوو ساڵ و نیوی خایاندووە، ئەگەر قەرارە موستەنەدێک ببێتە کارێکی باش و ماندگار، پێویستی بەوە هەیە کە ئەم کاتەشی بۆ تەرخان بکرێ. ئێمە لە مێژووی سینەمای موستەنەددا، چ لە ئێران و چ لە دنیادا، کەمتر فیلمێکی باشمان دیوە کە لە 2 ساڵ کەمتری خایاندبێ. ئەوە بۆتە هۆی کەمتەرخەمی فیلمسازان و هونەرمەندانی کورد لە بارەی فیلمی موستەنەد و ئەگەریش فیلمی موستەنەد ساز دەکەن لە هەوڵی وەی دان کە زووتر بە ئاکامی بگەیەنین، زۆرتر بتوانن کۆی کەنەوە و زووتریش بڵاوی کەنەوە. بە لای منەوە ئەمە زۆر گرینگە کە چ لە ئێران و چ لە کوردستانی عێراق گرینگایەتییەکی زیاتر لەمە بۆ موستەنەدسازی قایل بین. ئێستا ئەم گرینگایەتییە لە باری فیلمسازیی موستەنەدەوە، لە نێو ئێمەدا جێ نەکەوتووە چۆنکە هێشتا کارکردەکانی ئەم سینمایە، کە جێبەجێ کردنی مەسایلی فەرهەنگیی ئێمە، نەناسراوە. من پێم وایە شوێندانانی سینمای موستەنەدی ئێمە لە سەر بینەر زۆر زیاتر لە سینمای داستانییە و بۆیەش دەبێ بە هەمان نیسبەت ئەهەمییەتێکی زیاتری بۆ قایل بین.

ـ ئێوە وەک هونەرمەندێک ئەزموونی سینمای داستانیشتان هەیە، دەمەوێ بیروڕات سەبارەت بە ئاستی ئێستای سینمای داستانیی کوردی بزانم؟

پێم وایە سینەمای داستانیی ئێمە بە دوای ئەو 7-6 ساڵەی بە سەریدا تێپەڕیوە، قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە. لە فەزایەکدا کە ئێستاش هەر باس لە سەر بوون و نەبوونی سینمای کوردی دەکرێ، ڕەنگە ئەم مەسەلەیە سەیر بێ کە ئەم ساڵ بۆ یەکەمین جار لە فستیواڵی”پووسان” بەشێکی تایبەت تەرخان کرابوو بە”سینمای کورد”. ئەمە سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە سینمای کوردی پێگە و جێگەی تایبەتی خۆی پەیدا کردووە؛ یانی فیلمسازانی کورد توانیویانە بەرهەمەکانیان بەو ئاستە بگەیەنن کە بۆ فەزای سینمای هونەری لە دونیادا سەرنجڕاکێش بێ. بە شانازییەوە باسی دەکەین کەمتر فستیواڵێک هەیە کە فیلمێکی کوردی تێدا بەشدار نەبێ. ئەمە شتێکی کەم نییە. ئەو ڕەوەندەی کە ساڵانێک لەمەوبەر سینمای ئێران تەجروبەی کرد و ئەوەندە بەقەوەت بوو کە هەوێنی شانازی هەر فستیواڵێک بوو کە یەک دوو فیلمی ئێرانی تێدا بەشدار بێ، ئێستا سینەمای کوردی خەریکە تەجروبەی دەکا. ئەگەر ئاوڕێک لە ئەزموونی 7-6 ساڵی ڕابردووی سینمای کوردی بدەینەوە، ڕادەی فیلمە باشەکان کە لە دونیادا مەتڕەح بوون، کەم نەبوون، ئەو فیلمانەی کە لە زۆر فستیواڵی ناوبەدەرەوەدا بەشدار بوون و خەڵاتیان وەرگرتووە و لە لایەن ڕەخنەگرانی زۆر بەناوبانگەوە ئاوڕیان لێ دراوەتەوە. وڵاتانی عەڕەبی کە نیزیک بە 22-23 وڵاتن و بەو هەموو داهاتەی کە هەیانە و بە بوونی ئەم فستیواڵانەی خەریکن بەڕێوەی دەبەن وەک ئەبووزەبی، قاهیرە، قەتەر، دەمێشق و... بڕوات بێ ئاواتەخوازی ئەوەن کە فیلمێکیان لە فستیواڵێکی ناوبەدەرەوەدا بەشدار بێ و بگەنە ئاستێک کە لە دونیادا قسەیەکیان بۆ کوتن هەبێ. هەڵبەت جگە لە وڵاتێکی وەکوو میسر کە جێگەی تایبەتی خۆی هەیە.

 ـ وەک خەسارناسییەک بۆ ئەوەی ئەو ڕەوتە بەرەو پێشەی سینمای کوردی نەبڕێتەوە و سرنجی فستیواڵەکان و ڕەخنەگران بەم سینەمایە بەردەوام بێ دەبێ چ بکەین؟

جوابی ئەم پرسیارە و ئەو ئامانجەی تۆ باست کرد دەبێ لە 3 بەشدا باسی لێ بکرێ بۆ ئەوەی کە ئەم گەشەدار بوونە بەردەوام و بەرچاوتر بێ. بەشێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو هونەرمەندانەی خەریکی فیلمسازیین کە بەردەوام هەوڵیان زیاتر بێ و ڕەوتی ساز کردنی فیلم لە کوردستان گەشە بکا، بەتایبەت لە لایەن ئەو کەسانەی تازە هاتوونە نێو ئەم بەستێنەوە. لایەنێکی تریشی دەگەڕێتەوە سەر پشتیوانی لەم سینەمایە. سینەما سەرمایەی دەوێ، سینما تێکنۆلۆژی دەوێ، ئیمکانات و تەجهیزاتی دەوێ و... بۆ سەرکەوتنی سینەمای کوردی دەبێ پاڵپشتێک هەبێ. یەکێک لە هۆیەکانی گەشەدار بوونی سینەمای کوردی لە مەودای ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەوە بوو کە لە کوردستانی ئەو دیو بارودۆخێکی گونجاو ڕەخسا تا سینەماکارانی باش چ لە نێو کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان، بەتایبەت فیلمسازانی کوردی دانیشتووی ئورووپا هەم یارمەتی بدرێن و هەم ئەوەی کە ئەنگیزەیان بدرێتێ بۆ کارکردن و بۆ شەرح و ناسینی ئەو ڕەوتەی لە بەشی هەوەڵدا کە باسمان کرد. دەبێ سینماکارەکان بەردەوام کار بکەن، فیلمسازە کوردەکانی ئێران میسال دێنمەوە کە هەرچەند پاڵپشتێکی باشیان نەبووە، بەڵام ڕەوتێکی بەردەوامی فیلمسازی، تەنانەت دە حەدی کورتەفیلمدا لێرە وجوودی هەیە و ئێستا خەریکە بەرهەمەکان لە ئاستی کورتەفیلمەوە بەرەو فیلمی بڵیند و کاری جیددیتر هەنگاو دەنێ. ئێستا ئەگەر بمانەوێ ئەم ڕەوتە جیددیتر تەماشا بکەن نیاز بە پاڵپشتی زیاتر هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پاڵپشتە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆتە هۆی ئەوەی فیلمسازانی ئێمە خێراتر هەنگاو بنێن،  هەروەها ئەنگیزە، ئیمکانات، بوونی کەسانێک کە بتوانن لەم بوارەدا کار بکەن،  بەڵام  لەمانە گرینگتر فەرهەنگسازی بۆ سینەمای کوردییە، بەو مانایە کە تۆ فیلمێک ساز دەکەی، بەڵام ئەگەر قەرار بێ هەر خۆت بینەری بی یا تەنیا لە فستیواڵەکاندا بدیترێن، هیچ فایدەیەکی نییە. بێشک دەبێ ئیمکاناتێک پێکبێنین کە خەڵک فیلمەکان ببینن و شوێنی لە سەریان هەبێ و بە هەمان نیسبەتیش بەردەنگ بتوانێ لە سەر سینەمای کوردی شوێن دابنێ، ئەم کۆمەڵەبابەتانە دەتوانن سینەمای ئێمە نەهادینە بکەن و لە پەنا ئەمانەش بۆ وەی کە منی فیلمساز بزانم تا چ ڕادەیەک سەرکەوتووم و ئامانجم وەدی هاتووە، دەبێ کەسانێک هەبن ئەم بەرهەمانە هەڵسەنگێنن. لێرەدایە کە باسی ڕەخنە و تیئۆری و نەزەرییەپەردازی دێتە ئاراوە. بۆ بەردەوام بوونی ئەم ڕەوتە کە ئێستا لە ئارادایە، بوونی ئەم خاڵانە پێویستە.

ـ وەکوو دوایین پرسیار، پڕۆژەی دواییتان چییە؟

کاری”ماندوو” تازە تەواو بووە و ئێستا زیاتر سەرقاڵی بڵاو کردنەوەی ئەو کارەم. بە پێی چوونە سەفەر و چوونە فستیواڵەکان  کەمتر دەرفەتم هەبووە تا کارێکی تازە دەست پێ بکەم، بەڵام وەک دەسپێکێک، ماوەیەکە کارێکی موستەنەدم دەست پێکردووە، بەشێک لە وێنەکانی ئەو کارە تازەیە هەڵگیراونەوە و ئێستا خەریکم مەراحیلی سەرەتایی مۆنتاژی کارەکەم ئامادە دەکەم. ئەو کارە سەبارەت بە ژینگەی ئەمڕۆی کوردستانە.

 

•  ئه‌م وت‌ووێژه پێشتر له ژماره 117 گۆڤاری مەهاباد بڵاو بۆته‌وە. سوپاس بۆ کاک ئه‌حمه‌د به‌حری که دەقی ئه‌م وت‌ووێژه‌ی له به‌ر دەست ناین.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد