تاريخ: ۱۳۹۶ يکشنبه ۲۴ ارديبهشت ساعت ۱۷:۱۹ | بازدید: 1856 نظرات: 7 کد مطلب: 3811 |
هاژه ـ سەرەتا لە پەیوەندی دەگەڵ پرسیارەکەتدا ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەم و دواتر وڵامی پرسیارەکەت دەدەمەوە. یەکەم، هەتا ئاڵ و گۆرێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی هەڵبژاردن و مەبەستەکانی دامەزرانی شووڕادا پێک نەیە، هەڵبژاردن بە ئامانجی سەرەکی خۆی ناگا. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو دەری خستووە کە جگە لە کەسانێکی پەنجە بژێر، زۆربەی ئەوانەی پالێوراون و دەنگیان هێناوەتەوە یا بۆ کەڵک وەر گرتن لە بەرژەوەندییەکانی ئەو پۆستە هاتوون یا هەر نەبێ دواتر کەوتوونە ناو داوی کاکەبەشانەوە(ڕانت خواری). دوویەم، سەرهەڵدانی کۆمەڵێک پێوانەی نەگونجاوی وەک دەستتەنگی، خزمایەتی، هاوگەرەکی، هاوگوندی و هاوعەشیرەتین کە بە ناشکوری نەبێت! بە هۆی بۆشایی حیزبەکانەوە بەرهەم هاتوون، بوونە دەستمایەی هەڵبژێرانی کەسانێک کە فڕیان بە سەر بەرێوەبردنی کار و باری شارەداری و شارەوە نییە.
سەبارەت بە وڵامی پرسیارەکەت کە ئەوکەسەی دەبێ دەنگی پێ بدرێ پێویستە چ تایبەتمەندییەکی هەبێ، لە سەرەتا دەتوانین کۆمەڵێک هاواڵناو دیاری بکەین. بۆ نموونە، دەستپاکی، راستگۆیی، پسپۆڕی، بەئەزموونی، بەرەو رووبوونەوەی ئازایەنە لە گەڵ بەربەستەکان، قسەزانی و بە دم و دوودی، ئاشتی خواز بوون، فیدا کردنی بەرژەوەندی کەسی لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی، پێشینەی باش و جۆری باوەڕی سیاسی و.... دیارە هەر بەو پێوەرانەش دەتوانین بزانین کە دەبێ دەنگ بە چ کەسانێک نەدەین. گەر لە ناو ئەو تایبەتمەندییانەش، ناچار بین هەندێکیان بەرجەستە بکەینەوە، دەتوانین ئاماژە بە سێ خاڵی: پابەندی بە ئەخلاق و پرێنسیپەکان، جۆری باوەری سیاسی و پسپۆڕی بکەین. لە ناو ئەو سێ خاڵەشدا، خاڵی دووهەم لە خاڵی سێیەم گرینگترە ترە و خاڵی یەکەم لە هەر دوو خاڵەکەی دوویەم و سێیەم گرینگترە. چونکە گەر پابەندی بە ئەخلاق و پرێنسیپەکان نەبێت، هیچکام لەو تایبەتمەندییانە بە سەمەر ناگا. بۆ نموونە، ئێستا سەرەڕای ئەو جیاوازییە جەوهەرییەی کە لە نیوان دوو جەمسەری پالێوراوی سەرۆککۆماریدا هەیە و، سەرەڕای وەی دووبارە زۆرینەی دەنگی خەڵكی کوردستان بەڵای رووحانیدا دەشکێتەوە، دەبینین کە سەرساردییەک دیارە کە بەرهەمی پابەند نەبوونی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان بە بەڵێنییەەکانیانە. بۆ نموونە، دابین نەکردنی مافی خوێندنی زمانی دایکی لە ناو پەروەردەدا. ئەوە نیشان دەدا کە لە ناو هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی باس کران، پابەند بوون بە ئەخلاق و پرێنسیپەکان، بردنە سەری بەڵینییەکان، قبووڵی بەرپرسیاریەتی، هەسیتار بوون بە بار و دۆخی شار و چارەنووسی خەڵک، گرینگترین پێوەری هەڵبژاردنی بەربژێرەکانن.