تاريخ: ۱۳۹۵ يکشنبه ۲۲ فروردين ساعت ۱۲:۱۹ بازدید: 452      نظرات: 0      کد مطلب: 1371

وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وت


وه‌فدێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وتن، بڕیاره‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامبده‌ن و گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ی‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ و مادی‌ بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌.


 

به پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ری هاژه، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تایبه‌ت به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ی خاکه‌لێوه‌ی 1395ی هه‌تاوی (10ی‌ نیسانی‌ 2016)، وه‌فدێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وتن".
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "جگه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌ریم سنجاری‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ و وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ت، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم ئه‌ندامی‌ وه‌فده‌كه‌ن".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌جێندای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرس و كه‌سایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا كۆده‌بنه‌وه‌، ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبوونه‌وه‌كانیش چۆنێتی‌ هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ و مادی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت، جگه‌له‌وانه‌ باسی‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش و ئاینده‌ی‌ عیراق و ره‌وشی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت.
ئاشكراشیكرد، بڕیاره‌ پاش ته‌واوبوونی‌ كاره‌كانیان له‌ ئه‌مریكا، وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانی‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ ئه‌وروپا بكه‌ن.
سه‌ردانی‌ شانده‌كه‌ی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌مریكا له‌سه‌ر بانگهێشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا پنتاگۆنه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ دوێنێ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاندبوو.
دزه‌یی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردبوو، ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ردانه‌كه‌ تاووتوێكردنی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازییه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ پنتاگۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارودۆخی‌ سیاسی و ئابووری‌ كوردستان تاووتوێ ده‌كرێت.
وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاندبوو، له‌و سه‌ردانه‌دا زیاتر ورده‌كاریی قه‌یرانی‌ دارایی بۆ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكی‌ روونده‌كرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ ورده‌كاریی زیاتری‌ ‌لایه‌، وه‌فده‌كه‌ ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌زگاكانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆببێته‌وه‌.
هه‌ینی‌ رابردووش جۆن كیری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌میانه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ شاندێكی‌ باڵای‌ هه‌رێم كه‌ له ‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی كه‌ هاوكاریی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بكات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی.
جۆن كیری ورده‌كاری ئه‌و هاوكاریانه‌ی باس نه‌كرد، به‌ڵام وتبووی‌ هاوكاری‌ مادی‌ پێشكه‌شده‌كه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی‌ ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها له‌هه‌فته‌كانی‌ داهاتوو گوشاره‌كان بۆ سه‌ر داعش زیاتر ده‌كه‌ن.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد