تاريخ: ۱۳۹۶ چهارشنبه ۱۳ ارديبهشت ساعت ۱۱:۲۵ بازدید: 1775      نظرات: 0      کد مطلب: 3759

ژنان لە دەرفەت و دەستکەوتە سیاسییەکان کەڵک وەرگرن


ئەرسەلان بورنا
خەبات و چالاکییەکانی ژنان لە هەر دوو ئاستی بنەماڵە و کۆمەڵگا ڕووبەڕووی زۆر قەیران و پرس هاتووەتەوە کە ئێستاکەش جێی باسوخواس و تاوتوێ کردنە. ئەم بابەتە لە ئاستی کۆمەڵگای کوردی و پارێزگا کوردنشینەکان خوێندنەوەیەکی تایبەت و هەمەلایەنە داوا دەکات تاکوو بەرچاوگەی پرسی ژنان و پێشەڕۆژی بەشدارییان _ بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی _ دیاری بکات. لەم نێوانەدا، هەڵبژاردنی شۆڕای شار و گوندەکان دەرفەتێکی باش و دەرگایەکی کراوە بۆ ناونووسی و بەشداری لە پرسەکانی کۆمەڵگادا دێ. شرۆڤەیەکی لۆژیکی و ورد لە شێوەی بەشداریی سیاسی ژنان گرینگایەتییەکی یەکجار زۆری هەیە کە هیوادارین ژنان بەرپرسایەتی مێژوویی _ کۆمەڵایەتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
لە ڕاستیدا، ژنان هەتا ڕادەیەکی بەرچاو خۆیان لە کار و خەباتی پەیوەندیدار بە بەشداریی سیاسی بە دوور گرتووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوان بە دڵخواز یا نەخوازراوە یارمەتییان بە بەردەوامی ڕەوتێکی زاڵ لە سەر کۆمەڵگا داوە و هاو کات، لە مەڕ پرسە هەستیارەکان هێزی ئەوەیان نەبووە وەک بەشێکی سەرەکی لە کۆمەڵگا دەنگی خۆیان بە کار بهێنن. "مافی دەنگدان" و " ئاستی بەشداریی سیاسی" ڕەگەزیی مێینە خاوەن خاڵی ئەرێنی و کاریگەردانێرە کە، پێداویستی بە شیکارییەکی وردتر لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە هەیە.
دەنگدان و بەشداریی کۆمەڵایەتی _ سیاسی ژنان جیا لە ڕێگەیەکی کردەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان گرینگایەتییەکی زۆری بۆ وەدی هێنانی تاکێکی ئازاد، ئازادی ڕەگەزیی و کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک دەبێ. بە واتایەکی دیکەوە، ئەم هەڵوێستە هێمای پەیوەندایەتی هاووڵاتی لە نێو کۆمەڵگا لێکدانەوە و شی دەکرێتەوە کە بۆ ژنان وەک دان پێدانان بە پێناسەیان لە نێو جڤاتێک لە دەرەوەی چوارچێوەی بنەماڵە دێ. کەواتە، ژنانی کورد کە دەرفەتی دەنگدان و دەورگێڕانی زۆرتریان لە بەر دەستە؛ دەبێ گرینگایەتی ئەم پرسە تێبگەن.
ئەمڕۆکە جیا لە ئەمە بەشێکی بەرچاو لە ژنانی نوێ پێگەیشتووی کۆمەڵگای ئێمە خوێندەوار، لە ڕووی سیاسی وشیار و هەتا ڕادەیەک لە ڕووی ئابووری سەربەخۆ دەردەکەون. ئەم بەرەیە بە باشی ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هزر، کردەوەی نوێ و بەشداری لە پرسە پەیوەندیدارەکان بە تاک و کۆمەڵگایان تێدا بەدی دەکرێ. ژنان واباشترە لە دەرفەتە ڕەخساوەکان کەڵک وەرگرن تاکوو دەستکەوتە دڵخوازەکان دەستەبەر ببێ. بە گشتی، کۆمەڵگای کوردی پێشوازی لە پێشنیار و ڕێکارەکانی ژنان دەکات کە، ئەگەری ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی هەردەم لە ئارا دایە.
هەمگە گریمانەکان پێداویستە لە سەر بنەوانێک بناغەداڕێژ بکرێنەوە کە، ژنان بەرپرسایەتی خۆیان لە ئاست بە ڕووداوەکان لە ئەستۆ بگرن. ژنان گرینگە ئەوە بزانن کە دەتوانن وەک هاووڵاتی لە پێگەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەشداریی و جێگە بگرن و کۆتایی بە چەقبەستوویی لە سەر مافی دەنگدان و بەشداریی سیاسی بهێنن. ئەمە بە شێوەیەک دامەزراندنی پێشەڕۆژێکی باشتر بارمتە و دیاری دەکات. هەر وەها، هیندێک چەمک کە ژنانی کورد پشتی پێ دەبەستن بایەخی داواکاری و مافەکانیان کەم ڕەنگ دەکاتەوە و ئەمە، داخوازی و خاڵە سەرەکییەکان کە دەیانهەوێ نوێنەرایەتی بکەن پاش گوێ دەخات.
بە کورتی، سەرچاوەی زۆرێک لە دیاردە و کێشەکانی دەرکەوتوو لە کۆمەڵگا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژنانەوە بووە. ژیانێکی ئازاد وێڕای بەشداریی هەر دوو ڕەگەز لە سەر بنەماکانی تاکێکی پەروەردە کراو پێداویستی بە وشیاریی ژنان لە هەموو بەستێنەکاندا هەیە. لەم ڕوویەوە، تەڤل بوونی ئەوان لە پرسە کۆمەڵایەتی، چاندی و سیاسییەکان یەکجار گرینگ و چارەنووس سازە کە ئاماژەیەک بە ئیرادەی ئازاد دەکات. پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان پێوەرێکی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندنی شارستانییەتی کۆمەڵگایەک دێ کە پێچەوانەکەی خەسارێکی گەورە و کارتێکەر لە دۆخی کۆمەڵایەتی، چاندی و سیاسی دەدات.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد