تاريخ: ۱۳۹۶ دوشنبه ۲۸ فروردين ساعت ۱۱:۵۷ | بازدید: 1486 نظرات: 2 کد مطلب: 1363 |
عه‌بدولقادر نیازی
به‌رایی:
پاش ئه‌وه‌یکه له نیوه‌ی یه‌که‌م و ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا،گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێکی مه‌زن له دونیای ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا له لایه‌ن سێ که‌ڵه شاعیری گه‌وره،نالی( ١٨٥٦-١٨٠٠)، سالم( ١٨٦٩- ١٨٠٥) و کوردی (١٨٤٩-١٨٠٩) به‌رپا ده‌بێت پله و پای رێبازێکی نوێش له شێعر‌ی کوردی داده‌مه‌زرێت و له رێگای به‌ره‌ی دووهه‌می شاعیرانی کلاسیکی کرمانجی خواروو واته (مه‌حوی ١٩٠٦-١٨٣٠)،شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی(١٩٠٩-١٨٣٥) و حاجی قادر کۆیی(١٨٩٧-١٨١٦) و له موکریان بۆ یه‌که‌م که‌س و جار له لایه‌ن میرازا عه‌بدولره‌حیم سابڵاغی ناسراو به وه‌فایی(١٨٩٩-١٨٣٨) درێژه‌ی پێده‌درێ و به درێژه‌درانی له لایه‌ن مه‌جدی (١٩٢٥-١٨٤٩ ) ئه‌ده‌ب (١٩٣٢-١٨٧٤ ) حه‌ریق (١٩٠٧-١٨٥١ )، سه‌رئه‌نجام ده‌گاته قازی مسته‌فا شه‌وقی له سه‌رده‌می مه‌شرووته‌دا که ئاڵاهه‌ڵگری رۆشنگه‌ری له موکریان و دواتر راگوێزی مه‌لا مارفی کۆکه‌یی (١٩٤٥-١٨٧٤) ده‌کرێ و له ئاکامی ئه‌و به‌ره‌یه‌شدا سه‌رئه‌نجام ده‌درێته ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یفی قازی ناسراو به سه‌یفولقوزات(١٩٤٤-١٨٧٧) که بێ هیچ دوو و سێ لێکردنێک پێشه‌نگی شێعر‌ی نیشتمانی و سیاسی که به راشکاوی ده‌توانین ئیدعای ئه‌وه بکه‌ین که کلاسیزمی نوێ به درێژایی ٢٠ ساڵ (١٩٤٠ تا١٩٢٠) زه‌بروزه‌نگ،زه‌خت و گوشاری دیکتاتۆری و سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌بوونی زمانی کوردی له کاتی سه‌ڵته‌نه‌تی ره‌زاشای په‌هله‌ویدا به حه‌ول و هیمه‌تی کوردانه‌ی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر سه‌یفولقوزات رێچکه‌ی بۆ شکاو دواتر هاوکات له‌گه‌ڵ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه(١٩٤٥-١٩٤٠ ) و له ئاکامی ده‌ست به سه‌ر داگرتنی بارودۆخێکی نوێ که رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش لێی بێبه‌ری نه‌بوو.
گه‌ل و ئه‌ده‌ب به تێکڕایی گه‌ییشتن به قۆناغێکی هۆشیاری و بووژانه‌وه و رسکان و رێگای بۆ کانالیزه‌کردنی به‌ستێن و به‌سته‌رێکی تر و نوێتر له بواری هزر و ئه‌ده‌ب و ئه‌ندێشه‌دا دۆزییه‌وه و هه‌ندێ شاعیری به‌رپرس و ده‌روه‌ست و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر و ئاشنا به ژان و زامه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا که "هێمن" ئه‌گه‌ر گرینگ‌ترینیان نه‌بێ بێ شک یه‌کێ له گرینگترینیانه که گڕوتینێکی به‌هێزی به‌خشی به ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی موکریان و گه‌شه و پێشکه‌وتوویی ئه‌و له ئه‌ده‌ب که هاوکاته له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ژ- کاف ئه‌وه‌نده‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌بێ که له لایه‌ن پێشه‌وای نه‌مر "قازی موحه‌ممه‌د"ه‌وه وه‌ک شاعیری میللی و نه‌ته‌وه‌یی ناوزه‌د ئه‌کرێ. هه‌رچه‌ند له‌م ده‌ست نیشانکردنه‌دا له لایه‌ن قازی موحه‌ممه‌ده‌وه "هه‌ژار" یش بێبه‌ری نابێ به‌ڵام ئه‌وه‌یکه له ده‌وری ئه‌م به‌ره‌یه‌دا واته به‌ره‌ی نێونجی و ناوه‌ڕاست و دووهه‌می شێعر‌ی موکریان‌دا که بریتین له "هێمن،هه‌ژار،هێدی،مه‌لاغه‌فوور، سه‌ید کامیل،حه‌قیقی،خاڵه‌مین و ئاوات و نووری) پتر دێته به‌رچاو ئه‌وه‌یه که ئه‌م سامانه به‌هێزه له یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک فه‌رهه‌نگی و رووناک‌بیر هاتۆته به‌رهه‌م که شێعر و ئه‌ده‌بی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ناوچه‌ی موکریان‌دا گه‌یاندۆته ته‌شقی خۆی و هه‌ندێ خسڵه‌تی تایبه‌تیان بۆ دیاری کردووه که ئه‌گه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری به به‌رهه‌م و تێکۆشانی ئه‌ده‌بی هێمنه‌وه بزانین به هه‌ڵه‌دا چووین و یاخود زێده‌ڕه‌ویمان نه‌کردووه. له به‌ر ئه‌وه که ئه‌ده‌بیاتی هێمن ده‌روه‌ست و به‌رپرسه که ئاوێنه‌ی باڵانوێنی داب و نه‌ریت و که‌لتووری کوردییه و له هه‌مان کاتیش‌دا ئاشنا له‌گه‌ڵ ژان و حورمان و قه‌یرانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیه‌کی له ده‌ست ده‌رچووه که پێویستی به سه‌ر له نوێ ناسینه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌رچی شێعر‌ی هێمن له چه‌ند جێگادا خۆی له کزی و لاوازی و پارادۆکس داوه به‌ڵام ئاوێته‌ی ته‌جره‌به‌ی سه‌خت و دژواری شکست و نه‌هامه‌تی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگایه که له ئه‌ندێشه و هزر تا راده‌یه‌کی زۆر به‌تاڵ کراوه و جگه له چاوه‌ڕوانی،جودایی،شکست و یه‌ئس که خاڵی هاوبه‌شی بانگه‌وازی هێمن بانگه‌وازیه‌کی سه‌ر له نوێیه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ڕه‌فی مرۆڤایه‌تی و که‌ڕامه‌تی مرۆڤ که گرینگ‌ترین په‌ڵنه‌ر و پڕه‌نسیپی ژیانێکی ئازاد و مانادار و خاوه‌ن پێناسه و بێگه‌رده.
ریساڵه‌تی شێعر‌ی هێمن ئاشکرا کردن و به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م خاڵه‌یه‌که مرۆڤ ده‌بێ خۆی به‌رده‌نگی خۆی و هه‌ڵکه‌توو و نموونه بێ بۆ ژیان و مان و کۆمه‌ڵگاش له ژێر رکێفی باوه‌ڕێکی چڕ و لۆژیکیدا پێناسه بکا. هێمن لای وایه که کۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می مرۆڤه و مرۆڤ به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی ئه‌ندێشه و هزری خۆی. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ له دید و روانگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه ئاوڕ ده‌ینه سه‌ر فاکته‌ره سه‌ره‌کی و گرینگه‌کانی شێعر‌ی هێمن ره‌نگه به‌م ئاکامه بگه‌ین که هۆکاره گرینگه‌کانی سه‌رکه‌وتوویی هێمن که له به‌سته‌ری شێعره‌کانیا جه‌ریانی هه‌یه دیاری که‌ین ئه‌و هۆکارانه ئه‌توانن ( زمان،ئه‌ندێشه،ناوه‌رۆک و خه‌یاڵ و ...)و ئه‌و وێنه راسته‌قینه و حه‌قیقیانه بگرێته‌وه که میسداقی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و شێعر‌ی هێمن یان وه‌ک شێعرێکی شوێندانه‌ر هێنا بێته ئاراوه و ئێمه‌ش هان ئه‌دات که بڕوا به بینینی ده‌رئه‌نجام و ده‌رکه‌وته‌ی شێعر‌ی هێمن پته‌و که‌ین. کۆتایی و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و خۆزگه و خولیایانه‌ی له شێعر‌ی هێمن دا شۆڕش ئه‌که‌ن و کاتی خۆی و ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ وه‌ک ئۆستووره دێنه به‌رچاو.
ره‌نگه به پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به سه‌ر شێعره‌کانی هێمن دا به‌و ئاکامه بگه‌ین که له‌م چاخه‌دا به گوێره‌ی ئه‌وه که نیازی مرۆڤی ئه‌مڕۆی تێدا نابیندرێ له روانگه‌ی هه‌ندێ مرۆڤی تێنه‌گه‌ییشتوو و هه‌روه‌ها له به‌ر ئه‌وه که فره مانایی و فره شێوه‌ییه‌کی که که‌ڵکه‌ڵه‌ی مرۆڤی ئێستایه(مۆدێڕن) تیاندا نایه‌ته به‌رچاو،به هه‌ڵقوڵاو له ئه‌ندێشه‌یه‌کی نوێش ناوزه‌د نه‌کرێن،یاخود ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌کی هه‌رچه‌ند بچووکیشیان به که‌ڵکه‌ڵه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌م هه‌یه ئه‌وانه که‌ڵکه‌ڵه گه‌لێکن که زه‌مان به سه‌ریاندا رابردووه و تێپه‌ڕێوه. هه‌ڵبه‌ت هێنانی فه‌زای ژیان و جیهان و سروشت و ژن و ناسیونالیزم و ئه‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که کارکوشته‌یی و قه‌ههارییه‌تی هێمن به ئه‌ژمار دێن و ئێمه‌ش وه‌ک مرۆڤێک لێیان ئه‌ڕاوانین و به پیرۆزیان ئه‌زانین و دان به‌وه‌ش دائه‌هێنین که کرده‌وه ده‌روونییه‌کانی شاعیر له ته‌واوی شێعره‌کانیا هه‌ڵقوڵاو له‌و واقیع و حه‌قیقه‌تانه بووه که فه‌زای کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌میان پێناسه کردووه.
یه‌کێ له‌و هه‌زاران پرسیاره‌ی که وا له باره‌ی شێعر لێره ئاراسته‌ی ئه‌که‌ین ئه‌وه‌یه که شێعر ئه‌بێ له خزمه‌ت کام فاکته‌ر دابێ؟! هه‌روه‌ها و‌ڵامی پرسیاره‌که‌شمان له شێعر‌ی هێمن دا ئه‌دۆزینه‌وه. ره‌نگه یه‌که‌م و‌ڵامی شیاوی ئه‌م پرسیاره ئه‌وه بێ که شێعر بۆ ئه‌وه‌ی خوڵقێنه‌ری جوانی بێ،خۆیشی ئه‌بێ بچێته ژێر خزمه‌تی جوانییه‌کان. وڵامێکی که پێوه‌ر و پێورانگی مه‌زنده‌ی شێعر‌ی هێمنه و له لایه‌ک بناغه‌ی له‌سه‌ر بنکه عه‌قڵانییه‌کانی هزری هێمن دامه‌زراوه و له لایه‌کی تره‌وه، پۆتانسیه‌لی ته‌تبیقدرانی له‌گه‌ڵ مێژوو‌ی شێعر و ژیانی شاعیر واته هێمنیش هه‌یه. ئه‌وه ره‌نگه لایه‌نێکی ئه‌و هه‌موو بۆچوونه بێ که له‌سه‌ر شێعر‌ی هێمن دێته ئاراوه و وێڕای ئه‌وه‌ش ره‌نگه بکرێ چه‌ندین پرسیاری ساده‌ی ئاراسته بکرێن که یه‌ک له‌وان ئه‌وه‌یه که ئایا شێعر‌ی هێمن له خزمه‌تی چ چه‌مک و مژارێکدا نییه و نابێ ده‌خزمه‌تیشی دابێ؟! هه‌روه‌کوو دیاره کاتی خۆیشی هێمن شوێن و و‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی له زه‌ینیدا به یه‌قین دۆزیوه‌ته‌وه که رێگای بۆ ئافراندن و داهێنانی شێعر گه‌لێکی هێند به پێز،خۆش و هه‌موار کردووه و شاعیر و شێعر و به‌رده‌نگی به شێوه‌یه‌ک بار هێناوه که پتر له‌وه وا شێعر بخاته ناو بازنه‌ی دابینبوونی نیازه ده‌روونیه‌کانی شاعیر راسته‌وخۆ بخاته خزمه‌ت جوانیناسیه‌وه و له لایه‌ن پێشه‌وای کوردایه‌تی و نمادی شه‌ڕه‌ف،قازی موحه‌ممه‌د نازناوی شاعیری نه‌ته‌وایه‌تی بدرێتێ. ئه‌گه‌رچی شێعر‌ی هێمن له چه‌ند جێگایه‌کدا (یادگاری شیرین) بۆنی پارادۆکس و لاوازیان لێوه‌دێ به‌ڵام ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته‌وه ده‌لیل بۆ ئه‌وه‌ی نه به ناوی نوێخوازی و نوێداڕێژی و هه‌ندێ فاکته‌ری تر،لایه‌نی مانا و زمان و ناوه‌رۆک له شێعر ده‌رباوێین،نه بێینه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته که زه‌بری له باری جوانیناسی شێعر‌ی هێمن داوه. له په‌نا ئه‌وه‌شدا ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌مان نییه و نابێ به مافی خۆیشمانی بزانین که شێوه روانین و چلۆن روانینه بۆ شاعیر به گشتی و بۆ هێمن به تایبه‌تی دیاری که‌ین. ئه‌وه‌یکه بمانهه‌وێ شێوه روانین و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ جیهان و فه‌زای کۆمه‌ڵگا بۆ شاعیر دیاری که‌ین پتر وه‌ک کایه‌کی مناڵانه دێته ئاراوه له به‌ر ئه‌وه که راوانین و دید و زه‌ینییه‌تی شاعیر له حاست ژیان و دیارده‌کان و کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ و... شتێکی خاوه‌ن چوارچێوه و مانادار و ته‌عریف کراوه که به‌رده‌نگ ئه‌کێشێته ناو خۆی و خۆی پێ ناسێنێ. وه‌ها سه‌رێتییه‌ک شێعر‌ی هێمنی گه‌یاندووه‌ته پله و پایه‌یه‌ک که ئێمه‌ش بێینه سه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته که شێعر و شاعیر هه‌ڵقوڵاو له کۆمه‌ڵگا و شعووری گشتی کۆمه‌ڵگایه‌کن،شعوورێکی به‌پێز و شوێندانه‌ر که له پانتای خه‌یاڵدا مانا ئه‌کرێته‌وه.
هه‌ر بۆیه به خوێندنه‌وه‌ی شێعر‌ی هێمن ئه‌گه‌ینه ئه‌و سێحر و جادووه مه‌زن و پیرۆزه که تێیدا شاعیربوون و هێمن بوون هیچ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ کیمیاگه‌ری نییه و نه‌بووه.
له‌به‌ر ئه‌وه که شێعر‌ی هێمن مانیفێست و به‌یاننامه‌ی مرۆڤایه‌تییه که پتر له هه‌موو شتێک که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی رۆحی ته‌نیا و سه‌رگه‌ردانی مرۆڤی جوانخواز و ماناخواز له خۆیدا گۆش و په‌روه‌رده ئه‌کا.
" موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌ڵدام
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی ناپه‌یدام
چڵه رێحانی دووره دێراوم
سازی ناسازی هه‌ڵپه‌سێراوم
چۆن ده‌توانم به تۆ بڵێم چیم
خۆم گومانم هه‌یه که هه‌م یا نیم"
( شێعر‌ی سازی ناساز- ناڵه‌ی جوادایی)
ئه‌گه‌ر بڕیار وابێ که شێعر ته‌نیا له خزمه‌تی دابینکردنی نیازه ده‌روونیه‌کانی شاعیر دابێ یاخود ته‌نیا مه‌به‌ست له شێعر دامرکاندنی دڵی شاعیر بێت و شۆڕش به هه‌ست و جوانیناسی له به‌رده‌نگدا نه‌کا ئه‌وه له باره‌ی شێعر‌ی هێمن دا دروست نییه له به‌ر ئه‌وه که شێعر‌ی هێمن ئه‌گه‌ر بۆ نیازی دڵیش بێ،نیازی دڵی هێمن و ئازاره ده‌روونیه‌کانی به روخساری کۆمه‌ڵگاوه دیارن. بۆیه شێعر‌ی هێمن به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه وترا شێعرێکه که هزر و تێفکرین تێیدا به‌رده‌وام زاوزێ ئه‌کا و نه‌مردووه و نه‌زۆک و بێبه‌ر نییه،هێمن شاعیره و شاعیر وه‌کوو ئه‌ندازیاری رۆحی مرۆڤ هه‌ڵگری شعوور و حیکمه‌تی زه‌مانه‌یه،هه‌م بیرداڕێژ بۆ کۆمه‌ڵگا و هه‌م زاڵ به سه‌ر دونیای بێ که‌یفییه‌تی ده‌ره‌وه واته ده‌وروبه‌ردا،به‌م پێیه شاعیر خوڵقێنه‌ر و بانگه‌وازده‌ری ئه‌م جیهانه مومکین و شیمانه‌ییانه‌یه که ره‌نگه له‌و کاته‌دا به‌دی نه‌کرێن. به‌ڵام پێشبینی به‌دی نه‌کرانیشیان له داهاتوودا به که‌س ناکرێ،ئه‌وه‌یکه شێعر‌ی هێمن شێعرێکه که له کاتی ده‌سه‌ڵاتی ناجوانی و یه‌ئس و دووره‌په‌رێزبوونی مرۆڤ له بنه‌ماکانی مرۆڤایه‌تیدا فرچکیان گرتووه شکی تێدا نییه به‌ڵام بۆ ناسینی چڕوپڕتری شێعر‌ی هێمن ئه‌گه‌ر جوانیناسی شێعر بن به‌م حاڵه‌شه‌وه لۆژیکی شێعر‌ی هێمن تا راده‌یه‌کی زۆر بۆ ناسین و کردنه‌وه ره‌مزی شێعره‌کان یارمه‌تیمان ئه‌دا. هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناکرێ (لۆژیکی ده‌روون شێعر‌ی) له شێعر‌ی هێمن دا له‌گه‌ڵ تکنیکه‌کانی شێعروتن به یه‌ک پێوانه هه‌ڵسه‌نگێندرێن.
بۆ وێنه:
ژیله‌مۆی ئاگری به‌یانانم باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم
(شێعر‌ی سازی ناساز – ناڵه‌ی جودایی)
ئه‌گه‌رچی له باری بڕگه‌ییه‌وه جیاوازیان هه‌یه به‌ڵام مه‌زموون و لۆژێکی شیاو و رێک‌وپێکی تێدا ده‌بیندرێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که ناسینی شێعر له کاناڵی (لۆژێکی شێعر)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که مه‌زنتر و به‌رزتره پانتایه‌کی به‌رفراوانتریشی گه‌ره‌که و له ناسینی سه‌بک و شێوازیشی جودایه،به‌م پێیه هاوکات هه‌ڵسه‌نگاندیان به یه‌که‌وه هه‌ڵه‌یه. ئه‌وه‌یکه فاکته‌ر و هۆکاری جوانیناسی و جوانیبه‌خشی به شێعر مه‌زنتر و به‌رزتره له له‌ززه‌ت و هه‌ڵگۆسته‌یه‌کی ساده و رووکه‌شیانه له ژان و ئازار و... هه‌ڵقوڵاو له‌و بۆچوونه‌یه که له شێعر‌ی هێمن دا ئه‌گاته ته‌شقی خۆی چونکه له‌م دید و بۆچوونه‌وه جوانی شێعر سه‌رچاوه له ته‌جره‌به و ئه‌زموون و رۆح جوانی و ره‌زاگرانی شاعیر ده‌گرێ واته شاعیر به هه‌موو شتێک رازی نابێ:
سه‌رنجم گه‌ر ده‌بڕمه به‌ژن و باڵات
که‌چی جوان! بۆچی رووگرژی چ قه‌یدی؟
منم ئه‌و شاعیره جوانی په‌ره‌سته
که چاوی من جگه له جوانی نه‌یدی
( فریشته‌ی په‌ڕیوه- تاریک و روون)
له‌م دیده‌وه له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه فۆڕم و ناوه‌رۆک بنه‌مایه‌کی لێک سه‌ربه‌خۆن به‌ڵام به‌هره و توانایی شاعیریش بۆ خوڵقاندنی شێعرێکی سه‌رکه‌وتوو که سه‌رگرتوو له تێکه‌ڵاوییه‌کی سه‌رکه‌وتوانه‌ی فۆڕم و ناوه‌رۆکه،حاشای لێناکرێ. هێمن له شێعره‌کانیا به حوکمی ئه‌وه که جوانی،به‌ر له روودانی جوانی ده‌بینێ و ده‌رکی ده‌کا،شاعیری وه‌چه‌ی داهاتوویه نه رابردوو و مێژوو‌ی مه‌سره‌ف و ده‌کارهێنان بۆ خۆی و شێعره‌کانیا دیاری ناکرێ. ره‌نگه میسداقی ئه‌م بۆچوونه‌ی ئێمه له باره‌ی هێمن،وته به نرخه‌که‌ی مێکل ئانژ بێ که ده‌ڵێ:
"من ته‌ندیس و په‌یکه‌ر به‌ر له داتاشینی به‌رده‌که له ناخی ئه‌ودا ئه‌بینم،من هیچ شتێ ساز ناکه‌م،ته‌نیا فه‌زای ده‌وروبه‌ری په‌یکه‌ره‌که خوڵقانی شێعر رووبدا ده‌وری شاعیر و هه‌واڵنێر هیچ جیاوازییه‌کان له به‌یندا نامێنێ. که‌وابێ شاعیر هه‌میشه جیهان و ده‌وروبه‌ر به‌مجۆره‌ی که ده‌بێ ببیندرێ،ده‌بینێ نه به‌م شێوه‌یه‌ی که ئێستا هه‌یه و ئه‌بیندرێ. که‌واته هێمن بێگومان لێره‌دا سه‌رکه‌وتووه.
ده‌چته سه‌ر دارێ له رۆژی ئینتیقام و تۆڵه‌دا
ئه‌و که‌سه‌ی کووشتی به ناحه‌ق پێشه‌وا و سه‌رداری کورد
نایه‌ڵن ئاداری به‌سه‌ر پاداری ئه‌و ده‌رباره‌وه
چونکه ده‌یوت نایه‌ڵم ئاداری کورد،پاداری کورد
(شێعر‌ی ئاواتی به‌رز – تاریک و روون)
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تری هێمن ئه‌وه‌یه که هێمن خۆی به‌رهه‌م و ده‌رئه‌نجامه نه‌ک پێشه‌کی و به‌رایی. ئه‌وه خسڵه‌تی شاعیره که به‌پێچه‌وانه‌ی غه‌یره. شاعیر پێشه‌کییه‌ک جگه له به‌رهه‌م و ده‌رئه‌نجام بۆ خۆی و شێعر نادۆزێته‌وه هه‌ر بۆیه ئه‌و خسڵه‌ته‌ش شاعیر وه‌ک ده‌ستپێکه‌ر و هه‌ڵگری ریساڵه‌تێکی مه‌عریفی و حه‌قیقی دێنێته ئاراوه و گه‌ڵاڵه ئه‌کا و ئه‌وه‌ش له به‌ستێنی سێ ((من))دا خۆی ئه‌دۆزێته‌وه ((من))ی تاکی یا فه‌ردی،((من))ی ئایدیالۆژیکی،((من))ی جیهانی. ئه‌وه‌یکه هێمن و که‌سایه‌تییه‌که‌ی به‌سه‌ر شێعرکانیا زاڵن و له شێعره‌کانی وه‌ک هێمای کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ دانه‌بڕاوه سه‌رگرتوو له هه‌مان ((من))ی جیهانییه و شاعیر خۆی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندی ده‌قه‌که‌یه‌تی،که‌وابێ شاعیر،لێره‌دا خۆیه‌تی و به‌س. له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆی ناوه‌رۆکی شێعره‌کانیشێتی و لێک سه‌ربه‌خۆ و دووره‌په‌رێز نین و له په‌راوێز و حا‌شیه به دوورن. به‌ڵام ((من))ی تاکی یا فه‌ردی ((من))ێکه که شاعیر له چوارچێوه‌ی ئه‌ودا شێعر بۆ خۆی و دڵی خۆی ئه‌ڵێ و شێعره‌که‌ی به‌یداخی خۆیه‌تی نه که‌سی تر و هه‌ر ئه‌وه‌ش بنه‌بڕکردنی بنه‌ماکانی رووناکبیری شاعیری لێ ئه‌که‌وێته‌وه و جیهانی به‌ربه‌رینی شێعر له جیهانێکی بچووک و به‌رته‌سک و هه‌ستاویدا حه‌شار ئه‌دا.هه‌روه‌ها له جوارچێوه‌ی(منی ئایدیالۆژیک)دا جیهانی ده‌وروبه‌ری شاعیر پتر به‌رجه‌سته و زه‌قه نه‌ک ئه‌م جیهانه‌ی که ده‌بێ له ده‌روون و رۆحی ئه‌ودا ره‌گاژۆی کردبێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه که شێعر ببێته مانیفێستێکی سیاسی دژی ئه‌م و ئه‌و و زه‌مینه‌ی داپۆشرانێکی ئیده‌ئالیستی مه‌غروورانه بۆ شاعیر پێک دێنێ و دونیای شاعیر له جیهانی واقیع وه‌ها هه‌ڵنه‌بڕێ که بواری ده‌رک و تێگه‌ییشتن له جوانیناسی شێعر له ناخی ئه‌ودا به‌رته‌سک و سنووردار ئه‌کاته‌وه ئه‌وه هه‌مان بکوژی بێده‌نگی لایه‌نی ئێستاتیکا و جوانیناسی شێعره. له به‌ر ئه‌وه‌یکه له چوارچێوه‌ی ده‌رکی ((منی ئایدیالۆژیک))دا "زه‌ینییه‌ت" (سوبژه) و "عه‌ینییه‌ت" (ئۆبژه) شتێکی ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێ بێگومان سه‌خت و دژوارره و شێعر ئه‌بێ به زۆڕنایه‌کی ته‌بلیغی و ئامێرێکی تێیزێری.
هێنانه‌وه‌ی ئه‌م پێناسه و چوارچێوانه لێره‌دا و دانانیان له پاڵ شێعر‌ی هێمن ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته بووه که له شێعر‌ی هێمن دا ((من))،"من"ێکی جیهانییه به‌و مانایه که ئه‌گه‌ر هێمن به‌ده‌ر له کوردستان هاووڵاته،هه‌ر شوێنێکی تر بوایه ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی له مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و شۆناسی ئینسان تێنه‌ده‌په‌ڕین:
( شیوه‌نی من شێوه‌نی ئینسانییه بانگی ئازادی و گڕووی یه‌کسانییه )
ئه‌و شێعرانه‌ی هێمن دیاریکه‌ر و ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که که‌ڵکه‌ڵه و گرفتی شاعیر ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و یه‌کگرتوویی له گه‌ڵ خوێنه‌رێتی و شاعیر رۆحی خۆی بۆ خوێنه‌ر یا به‌رده‌نگ رووت کاته‌وه ئه‌و کات ده‌توانین بڵێین که هۆنه‌ر به گشتی و شێعر به تایبه‌تی مه‌یدانی سه‌داقه‌ت و راستیه. له به‌ر ئه‌وه‌که نه شێعر مه‌یدان و سۆزانگه‌ی سواڵ و سواڵکه‌رییه و نه به درێژایی مێژوو‌ی ئه‌ده‌بیات و وێژه‌ی جیهان،هیچ مرۆڤێک بۆ لاڕێبوون و هه‌ڵه و چه‌وتی ده‌ستی بۆ لای شێعر درێژ کردووه ئه‌گه‌ر مرۆڤ حه‌زی له گه‌مژه‌یی و نه‌زانیش بێ نه شێعر کاناڵێکه بۆ ئه‌م ویست و خواسته نه هیچ شاعیرێکی واقیعی و به‌رپرس و ده‌روه‌ستیش شێعر‌ی وه‌ک هه‌ساوێک به کار هێناوه که خۆی تیا حه‌شار بدا و له ژێر ده‌مامکی ته‌قه‌ددوس و پیرۆزی شێعردا ده‌ستی به‌رده‌نگ کورت کاته‌وه یا بیبه‌ستێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به مانای ته‌قه‌ددوس به‌خشین و پاکانه کردن بۆ ته‌واوی ئه‌و شێعرانه نییه که به‌ر له ئێستا نووسراون و ئێستا ده‌نووسرێن و له داهاتووشدا له دایک ئه‌بن ته‌نیا ئه‌وه که ئه‌مهه‌وێ بڵێم شێعر‌ی هێمن له‌و هه‌مووه گرێ و گۆڵه خۆی دوور خستۆته‌وه که ئاماژه‌یان پێکرا و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێناسه‌ی خۆی له دوو تۆی زامه مرۆڤایه‌تییه‌کانی هێمن دا دۆزیوه‌ته‌وه که ته‌نیا خسڵه‌تیان سه‌داقه‌ت و حه‌قیقه‌ت و سه‌میمیه‌تی شاعیر و شێعره و له خزمه‌تی هزر و زه‌ین و ئه‌ندێشه‌یه‌ک دان که گه‌ره‌کیه‌تی ته‌جره‌به و ئه‌زموونی سادق و حه‌قیقی خۆی بکاته لاتاوێ بۆ زمانی شڕ و شه‌وێڵه‌ی مێژوو و بنه‌مایه‌کی مه‌عریفی و لۆژیکیش بکا به مۆرکی تایبه‌تی خۆی
"خۆم ئه‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک رۆشن بکه‌م
کێ له رێی خه‌ڵک وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ شه‌م نه‌بێ؟!
( شێعر‌ی بۆسه‌ی رۆژگار – تاریک و روون)
*** *** ***
ده‌زانی بۆچی من هێنده په‌رێشان و خه‌فه‌تبارم
له بازاڕی ژیان غه‌یری هۆنه‌ر نیمه و چ سه‌رمایه
(شێعر‌ی چاره‌نووسی شاعیر – تاریک و روون)
سه‌رێتییه‌کی شێعر‌ی هێمن ئه‌وه‌یه که هێمن بۆی ده‌رکه‌وتووه که پێچاوپێچ کردنی زمان له شێعردا هه‌رگیز له خزمه‌تی ده‌قدا نییه هه‌ر بۆیه شاعیر له‌گه‌ڵ خۆی یه‌ک لا بۆته‌وه که به‌ڕه‌که‌ی تا کوێ راخا و پانی کاته‌وه.
گرینگ‌ترین فاکته‌ری شه‌فافیه‌تی شێعر‌ی هێمن له‌وه دایه که له‌گه‌ڵ مه‌رگ،عه‌شق،ته‌نیایی،گه‌ل،مرۆفایه‌تی و ژن سه‌روکاری هه‌یه و شاعیر توانیویه‌تی ئۆپراسیۆنێکی به‌هێز و سه‌رکه‌وتووانه‌ی هه‌بێت له مابه‌ینی ئۆبژه(Obojective ) و سۆبژه‌دا (Subjective). به‌و مانایه که فه‌زای شێعر‌ی هێمن نه ئه‌وه‌نده ده‌سکرد و ئینتزاعییه که به‌رده‌نگ و خوێنه‌ر بهاوێته ناو هه‌ڵه‌مووت و هه‌ڵدێری تێنه‌گه‌ییشتن،نه ئه‌وه‌نده‌ش تۆتالیته‌ر و سانتریاڵ که به خوێندنه‌وه‌یان تووشی هه‌ڵگۆسته یا ئارگیۆمێنتێکی ته‌واو دۆگماتێکی بین. ئه‌گه‌ر هێمن حه‌ولی ئه‌وه‌ی داوه که شێعره‌کانی زه‌وینی و وه‌رگیراو له واقعی ژیانی سه‌رده‌م نزیک بێ،ته‌نیا سه‌داقه‌ت و ره‌وایه‌تی سادقانه‌ی ده‌روونی شاعیری له پشته و هیچی تر .
هێمن هه‌رگیز لای وا نه‌بووه که دیارده شێعرییه‌کان ده‌بێ له ده‌ره‌وه یان ئه‌و به‌ری ژیانه‌وه رووبده‌ن. هه‌ر بۆیه کاتێ شێعر‌ی "هێلانه‌ی به‌تاڵ" ده‌خوێنینه‌وه سه‌میمییه‌ت،سه‌داقه‌ت و یه‌کگرتوویی شێعر و شاعیر و به‌رده‌نگ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاشکرا و به‌رجه‌سته ده‌بێ :
نییه باکم ئه‌گه‌ر زاڵم شکاندوویه‌تی باڵی من
ئه‌وه سه‌خته که وا ناگاته گوێ که‌س ناڵه‌ناڵی من
به‌هار هات و ته‌بیعه‌ت حوکمی ئازادی مه‌لانی دا
له ناو کونجی قه‌فه‌سه‌دا دیاره ئێسته چۆنه حاڵی من
له گوڵزاری ورینگه‌ی بولبولی سه‌رمه‌ست و شه‌یدا دێ
به‌ڵام نایه جریوێکیش له هێلانه‌ی به‌تاڵی من
که‌ماڵی بێ که‌ماڵت بۆ چییه له‌م شاره وێرانه؟
که ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی دی،گوڵم نه‌یویست که‌ماڵی من
(شێعر‌ی گریانی نیوه‌شه‌و – تاریک و روون)
لێره‌دا سه‌میمییه‌ت و سه‌داقه‌تی شاعیر له‌گه‌ڵ شێعر و به‌رده‌نگدا ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تووشی بێ وه‌فایی گراوه‌که‌ی ده‌بێ دیسان به "گوڵم" ناوزه‌دی ئه‌کا و سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌مۆ زه‌خت و گوشاره رۆحیه،دونیای عه‌شق،ئازادی،سروشت و به‌هاریش لێک هه‌ڵنابڕێ و هیچیانی بێ ئه‌ویتر ناوێ. ئه‌وه یانی زاوزێ کردنی کرده‌کی(بالفعل) شێعر به مه‌به‌ستی پلۆڕالیزمێکی بێگه‌رد و سه‌رکه‌وتوو،له‌به‌ر ئه‌وه که چه‌قبه‌ستنی پێوه‌ندی له نێوان عه‌شق،ئازادی و سروشت و...دا خوڵقاندن و داهێنانێکی به‌هێز و بێ نیازه که سه‌رچاوه‌ی له‌و ئۆپێراسیۆنه گرتووه که پێشتر باسمان لێوه کرد و خسڵه‌تێکی رۆمانتیکی نادات به شێعر و شاعیر. له‌به‌ر ئه‌وه که هێمن له شێعره‌کانیا به‌رده‌وام خولیای خوڵقاندن و ئافراندنێکی نوێ بووه بۆ پرسه مه‌عریفییه‌کان،تا هه‌م بواره‌کانی سه‌داقه‌ت و سه‌ڕاحه‌تی خۆی پێک بێنێ هه‌م هێز و لایه‌نی چه‌مه‌وازبوونی هێمنی خۆی بسه‌لمێنێ .
لێره‌دایه که شێعر‌ی هێمن تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مه‌یدانی ته‌ڕاتێنی هه‌ست و بۆچوونه‌کانی که‌سێک به خۆوه ناگرێ و فوڕسه‌تی ئه‌ده‌ن به جیهان و ناوه‌رۆکی ئه‌و که له شێعر‌ی هێمن دا شوێنێک بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه. ده‌قی شێعر‌ی هێمن به حوکمی ئه‌وه جێگا و رێگای بۆ هه‌موو شتێک و چه‌مکێک دیاری کردووه که ده‌قێکی دێمۆکڕاتیکه و به‌رده‌نگ دنه ده‌دا که بوونی خۆی له پاڵ شێعر و شاعیردا هه‌ست پێبکا. "نورمه‌ن هاڵه‌ند" وته‌نی: خوێنه‌ر بێ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر ئیراده‌ی خۆیدا هه‌بێت تووشی خه‌یاڵ ده‌بێته‌وه و تێده‌فکرێت،چوونکه به‌رده‌وام به‌ره‌و نه‌ستی ده‌ق ئه‌ڕوا و له نێوان شوناسی به‌رده‌نگدا ئه‌و ده‌رک و تێگه‌یشتنه‌ی له ده‌قی وه‌رده‌گرێ، پێوه‌ندییه‌ک هه‌یه که مه‌ودای ناسین یا پتر ناسینی خوێنه‌ر بۆ خۆی به‌رفراوانتر ده‌کاته‌وه. دیاره شاعیر لێره‌دا حه‌ولی داوه که هه‌موو شتێک بنکۆڵ کا تا شێعر‌ی تیا بدۆزێته‌وه.
شه‌وانه ئه‌و ده‌مانه‌ی شه‌و ده‌گاته کاتی نیوه‌شه‌و
خه‌ڵک نوستوو له چاوی من که‌سه‌ر دیسان ره‌واندی خه‌و
ته‌ک و ته‌نیا به ئارامی ده‌چم بۆ گرده‌که‌ی به‌ر دێ
به دڵته‌نگی و کزی و خه‌مناکی راده‌کیشم له‌سه‌ر به‌ردێ
وه‌کوو ئاواڵی چاک ئه‌ستێره‌کان گوێ راده‌دێرن بۆم
هه‌تا بۆیان به‌یان که‌م موو به موو رازی ده‌روونی خۆم
به‌ڵێ گریانی نیوه‌شه‌و ده‌کا ناسۆری دڵ مه‌رهه‌م
کوڵ و کۆم داده‌مرکێنێ،به‌جێ دێڵێ دڵی من خه‌م
( شێعر‌ی گریانی نیوه‌شه‌و – تاریک و روون)
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێره‌ش وترا له به‌ر ئه‌وه که هێمن له به‌شی هه‌ره زۆری شێعره‌کانیا رووی له جوغرافیایه‌کی مه‌ڵمووس و کۆنکرێته،به‌ڵام خه‌م و ئازاره‌کانی راگوێزی ته‌واوی جیهان کردووه. شاعیرێکی سه‌رکه‌وتووه هه‌ڵبه‌ت له به‌ر ئه‌وه‌ی که دید و روانگه‌ی هێمن دید و روانگه‌یه‌کی بان نه‌ته‌وایه‌تییه و مۆرکی خۆجێیان پێوه نالکێ هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگا بۆ جیهانیبوونی شێعر‌ی هێمن خۆش و هه‌موار ده‌کا ئه‌ویش به یارمه‌تی و ته‌جره‌به و ئه‌زموونی هێمن له کوردستان. ره‌نگه له وه‌ها دۆخێک دابێ که که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی تاکی ده‌بێ به که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی گشتی و شاعیر به که‌ماڵ ده‌گا. هێمن وێڕای شێعره‌کانی رووته و لای وایه تا روونتر بێ له ئاو نزیکتره. ئه‌و بۆچوونه ره‌نگه ببێته مایه‌ی له دڵ گرانهاتنی هه‌ندێ له‌و که‌سانه‌ی که لایان وایه شێعر‌ی هێمن سیاسییه. به‌ڵام به تێفکرینێکی ساده ره‌نگه به‌م ده‌رئه‌نجامه بگه‌ین که ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بیات به‌گشتی و شێعر به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌کی زۆریان له‌گه‌ڵ فاکته‌ره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و...یه‌کان هه‌یه به‌ڵام ئه‌وه‌یکه له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بین که شاعیر تا چ راده‌یه‌ک به هۆی سیاسه‌ت یا سیاسی بوونی که‌سایه‌تی خۆی هه‌نگاوی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی ناوه،پرسیارێکه که پێویستی به توێژینه‌وه‌ی زۆر قووڵتر و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌وه له به‌ره‌ی هێمن دا ئه‌بێ بوترێ. ئه‌وه‌یه که ده‌رکی سیاسی هێمن به‌شێکه له مانای ژیان و حه‌قیقه‌ت و شێوه رابواردنی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگاکه‌ی. له به‌ر ئه‌وه که هێمن دونیا به شێوازێکی زۆر له‌وه جیاوازتر ئه‌بینێ که شێعره‌کانی بکاته پانتا و گۆڕه‌پانێک بۆ راوه‌رووت و راوڕاوێن و چه‌مه‌بازی سیاسی،ئه‌وه به مانای سیاسی نه‌بوونی که‌سایه‌تی هێمن نییه به‌ڵام دال به ئه‌وه‌ش نییه که پاڵگه‌ی شێعر‌ی هێمن پاڵگه و ته‌وه‌رێکی ته‌واو سیاسییه. ده‌وری هێمن له شێعره‌کانیا ده‌وری سیاسه‌ت زانێک بووه که نموونه‌ی ئه‌ندازیارێکی گێڕاوه و وشه‌کانی له جێگای پێویست و راسته‌قینه و حه‌قیقی خۆیان داناون. که‌ڵکه‌ڵه‌ی هێمن وه‌ک وترا پتر که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بووه که سه‌رچاوه‌ی له ئارێشه گشتییه‌کانی ئه‌وکات گرتووه، بۆیه ژن و ئازادی و پێشکه‌وتوویی به‌رده‌وام کاناڵ گه‌لێک بوونه که هێمن ویستوویه‌تی شارستانییه‌تی مردوو یا لایه‌نی که‌م بێ هێز و نه‌زۆکی ئه‌و کاتی تیا زیندوو کاته‌وه و بپڕسکێنێ.
مانگ و مه‌ریخێ ده‌پێوێ ئینسان
منی کورد زینده به‌چاڵم تاکه‌ی
چاوه‌ڕێی تیشکی هه‌تاوی هیوام
ناڕه‌وه‌ی هه‌ور و گه‌واڵم تاکه‌ی
له دیدی هێمنه‌وه شارستانییه‌تی مردوو یا نه‌زۆک، شارستانییه‌تێکه که بناغ و پڕه‌نسیپه سه‌ره‌کییه‌کانی تێک ڕماون و جێگه و پێگه‌ی واقیعی و راسته‌قینه‌ی خۆیان لێ ئه‌ستێندراوه و دراوه به هه‌ندێ چه‌مکی تر که عه‌داڵه‌تیان بردۆته ژێر پرسیاره‌وه. شێعر‌ی هێمن باس له سه‌ر دانرانی هه‌ر شتێ له‌سه‌ر جێگای واقیعی خۆی ده‌کا بێ ئه‌وه‌ی جیگای شتی تر بگرێته‌وه یا پاڵ په‌ستۆ بکا.
شێعر‌ی هێمن شێعرێکی عادڵانه‌یه و به ناحه‌ق هیچی فیدای چیتر نه‌کردووه. لووتکه‌ی به‌رزی هێمن زاتی پاک و بێگه‌ردێتی که له چوار سووچی ئه‌وه‌وه به هه‌ندێ هێڵ لێک گرێ دراون و هێمن ده‌وری ناوه‌ندی ئه‌گێڕێ که کۆمه‌ڵگا و بایخ و ئازاره باوه‌کانی و پڕستیژ و شوێن دانانی که‌سایه‌تی خۆی له‌سه‌ر چینه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی له حاست دیارده‌کان و قووڵایی هه‌ست و سۆزی هێمن له چوارچێوه‌ی زاتێکی پیرۆزدا کۆ ده‌کاته‌وه و خسڵه‌تێکی نامه‌حدوود و بێ بڕانه‌وه‌ی بۆ دیاری ده‌کا که دوای خۆی له داهاتووشدا بڕانه‌وه‌ی بۆ نییه و نه‌ریت و که‌لتوورێکی هێمنانه داده‌مه‌زرێنێ و ئاپۆره‌کانی جه‌ماوه‌ریش به به‌رده‌نگی خۆی له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
له به‌ر ئه‌وه که له ئه‌ندیشه‌ی هێمندا ژیان و پیشکه‌وتوویی به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی ده‌خۆنووسانێکی بێ وێستان و راوه‌ستانه و به‌رهه‌م و ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش به‌دیهاتنی گۆڕانکارییه له پانتای کۆمه‌ڵگادا که له ئه‌کامی به خۆداچوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و ره‌خنه‌گرتن له خۆ و نه‌ریت و... دێته به‌رهه‌م و ئه‌وه‌ش ماهییه‌ت و ناوه‌رۆکی شیعری هێمنی شی کردۆته‌وه و وه‌راستگه‌ڕانی ته‌وافوق و هاوڕایی شاعیر و خوینه‌ری له به‌ستێنی پێکهاته‌یه‌کی زمانی و نیشانه‌شناسیدا ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌هێز و به‌رجه‌سته کردووه که مانای شێعر ده‌بێ هه‌م له نه‌هاد و ناخی هێمن دا بدۆزێته‌وه هه‌م له ده‌قدا، ئه‌گه‌رچی راگوێستنی ئه‌ندێشه و هزر و مه‌فهووم و ته‌نانه‌ت نیشاندانه‌وه‌ی واقیع له به‌ستێنی کارکرد و رۆڵی زماندا له لایه‌ن ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستوو که‌وته ناو بازنه‌ی شک و دڕدونگیه‌وه به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی جه‌ساره‌تی هێمنی ئه‌وه‌نده نیشان دا که به باشترین شێوه که‌ڵک له زمان وه‌ربگرێ بۆ راگوێستنی ئه‌ندێشه و چه‌مک و خودی زمان له شێعریشدا له به‌سته‌رێکی (هێزه‌کی- بالقوه) بگوازێته‌وه به‌سته‌رێکی کرده‌کی (بالفعل) و بۆ ناساندنی حه‌قیقه‌ت زمان وه‌ک باشترین که‌ره‌سته و ئامێر بێنێته کایه‌وه.
ئه‌وه هاوکاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ده‌قیش له شێعر‌ی هێمن دا به هیچ شێوه‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندی ئایدیایه‌کی تایبه‌تی به خۆوه نه‌گرتووه؛ " پی یێرماشری" له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێ: "ده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌وه که نابێ هه‌ڵگری ئایدیایه‌کی تایبه‌ت و چه‌قبه‌ستووه بێ، ده‌بێ ئه‌و پارادۆکسانه‌ی وا به‌رهه‌م و لێکه‌وته‌ی ئایدیا دۆگمه‌کانن ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا به‌رجه‌سته کاته‌وه که چاره‌سه‌ر کردنیان له کۆمه‌ڵگاشدا لوا‌و و گونجاو بکا،له به‌ر ئه‌وه که ده‌ق پتر له‌وه که تریبۆنی ئایدیا بێ،ده‌بێ حوکمی نیشاندان و به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و که‌مایسیانه بێ که ئایدیا هه‌ڵگریانه لێره‌دایه که ئایدیا ده‌وری دژی خۆی ده‌گێڕێ".
ئه‌وه وته‌ی "ماشری" پێوه‌ندیه‌کی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ده‌قی شێعر‌ی هێمن دا هه‌یه که له خزمه‌ت هیچ ئیدیایه‌کدا نییه، له جێیه‌کی تردا "ئادۆڕنۆ" پێی وایه:"مه‌زنایه‌تی و گه‌وره‌یی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری ئه‌وه‌یه که رێگا بۆ ده‌رکه‌وتن و ده‌ربازبوونی ئه‌و شتانه ده‌کاته‌وه که ئایدیا حه‌شاری داون یا له ژێر ئایدیاکاندا حه‌شار دراون،به‌پێی ئه‌م دوو بۆچوونه‌ی ماشری و ئادۆڕنۆ ده‌توانین به‌و حه‌قیقه‌ته بگه‌ین که سه‌رکه‌توویی شێعر‌ی هێمن له‌وه‌دایه که له شاره‌زایی و ئاگاهی بۆش و درۆیینی کاتی خۆی تێپه‌ڕیوه و به ئێستاش گه‌ییشتووه و له دید و بۆچوونێکی کۆمه‌ڵناسانه‌وه له واقعیه‌تگه‌لێک ئه‌ڕوانێ که خودی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا خوڵقێنه‌ری بوون،بارودۆخێک که له دیدی ئادۆڕنۆوه "له‌ودا عه‌قڵ و ئه‌ندێشه که که‌ڵکێکی ئامێرانه و که‌ره‌سته‌ییان لێ وه‌رده‌گیرێ، ده‌بێ به شوێن هه‌ندێ مانا و فاکته‌ردا بگه‌ڕێن که خۆیان سه‌رکوتیان کردوون "هه‌ر به‌م پێیه وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا هێمن له شێعره‌کانیا عه‌قڵانیه‌تێکی پۆزه‌تیڤ و کارامه‌ی به کار هێناوه و ئه‌م دۆخه تاقه‌ت پرووکێنه‌ی کۆمه‌ڵگاش بۆته هۆی ئه‌وه که هه‌م هێمن شێعره‌کانی به ئه‌من ترین پاڵگه و په‌نا و په‌سێو بزانێ هه‌م ئێمه هه‌موو جوانیه‌ک به ناوی هێمن.