تاريخ: ۱۳۹۵ جمعه ۲۸ خرداد ساعت ۱۲:۵۹ | بازدید: 1465 نظرات: 0 کد مطلب: 1126 |
به ڕاپۆرتی ههواڵده ری هاژه، هاوسەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە رایگەیاند تاوەكو لەچوارچێوەی دیموكراتبوونی توركیادا ژیانی ئازادو مافە دیموكراتییەكانی كورد قبوڵ نەكرێت، ئەوان لەگەڵ هیچ هێزو لایەنێك دیدار ئەنجام نادەن.
ئەولێدوانەی كەجەكە لەوەڵامی بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیادایە كە لەچەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند: لەرێگای راستەوخۆو ناڕاستەوخۆوە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بەچەند نامەیەك داوای دیدارو كۆبوونەوەی لە حكومەتی توركیا كردووەو ئەوەی خستوەتەڕوو كە ئەوان وەك پەكەكە ئامادەن چەك دابنێن.
هاوسەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردۆتەوە، دەڵێت"تا لەچوارچێوەی دیموكراتبوونی توركیادا بوونی كورد بە شێوەیەكی كراوە نەناسرێتو ژیانی ئازاد و مافە دیموكراتییەكانی كوردان قبوڵ نەكرێت، بزووتنەوەی ئازادی كورد(پەكەكە) لەگەڵ هیچ هێزێكی سیاسی دانوستانو دیدار ئەنجام نادات".
كەجەكە هێزە دیموكراتییەكان بانگ دەكات كە تێكوشانی ئازادیو دیموكراسی لەبەرامبەر سیاسەتی حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدانی (ئاكەپە) بەرزتر بكەن.
هاوسەرۆكایەتی كەجەكە لەبەیاننامەكەدا دەشڵێت"باتەواوی رای گشتیو گەلەكەمان باش بزانن كە ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارێكی فاشیست كە بەهەر شێوەیەك هەوڵدەدات تێكۆشانی ئازادی گەلی كوردو هێزەكانی دیموكراسی تێك بدات، دانوستانی سیاسیو ئاشتییانە ناكەین، چونكە بۆ چارەسەكردنی پرسی كورد پێویست بەدەسەڵاتدارێكی خاوەن پرەنسیپو بیری دیموكراسی هەیە، نەك دەسەڵاتدارێكی وەك حكومەتی پارتی دادو گەشەپێدان كەخاوەن بیرو بۆچوونی نكۆڵیو نەژادپەرستیو دیكتاتۆرییە".
هاوینی رابردوو ئاگربەستی نێوان توركیاو پەكەكە دوای دووساڵ لە ئارامی شكێندراو شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەستیانكرد بە بۆردومانی ئاسمانیی بنكەو بارەگاكانی پەكەكە.
دوای شكاندنی ئاگربەست، شەڕ زۆربەی شارو ناوچەكانی باكوری كوردستانی گرتەوەو توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێكردو قەدەغەی هاتووچۆی لەزۆر ناوچە بۆماوەیەكی درێژ راگەیاند.
لەئەنجامی شەڕو بۆردومانی سوپای توركیاشدا چەندین ناوچە لەباكوری كوردستان وێران بوونو بەسەدان كەسی مەدەنی كوژرانو برینداربوون.