تاريخ: ۱۳۹۶ شنبه ۲۶ فروردين ساعت ۲۲:۱۱ بازدید: 1498      نظرات: 2      کد مطلب: 3661

وڵامی دەق، شەق نییە!


سالار ڕاهەوی



ئەزموونی تێپەڕین لە قۆناغی کۆن بەرەو مۆدێڕنیتە لە هەموو بەشەکانی زانستیدا و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەک ئەرکێک ئەسپێردراوە بە ڕووناکبیران و خاوەن‌ هزران.
ڕووناکبیران کەسانێکن، کە بە درێژایی تەمەنیان بۆ خواست و پێداویستیەکانی مرۆڤەکان هەوڵیان داوە تا ڕێگەی ئەوان وەک چرایەک ڕوون بکەن.
ڕووناکبیران تێکەڵاوی کۆمەڵگان، هەر بۆیە زۆر جار بۆ دەربڕینی خواستەکانیان  بەرەنگاری دەسەڵات (حکومەت) دەبنەوە؛ زۆر جار دەسبەسەر دەکرێن و زۆرجاریش هەڕەشەیان دەکرێتە سەر...
دوکتور فەرهاد پیرباڵ، کەسایەتی یان بڵێین ڕووناکبیری بە توانای کوردە کە بە باشترین شێوە توانی میدیا بەدوای خۆیدا ڕاکێشێ‌ و لە ڕێگەی میدیاوە لەگەڵ خەڵک بدۆی.
تێپەڕکردنی قۆناغی زانستی لە ڕۆژئاوا و کاریگەری ئەو سیستمانە لە سەر لاوی کورد، پیرباڵی هاندا تا بڵێ وەک من بیر کەنەوە، بیرکرنەوەیەک کە تاک لە دڵی کۆمەڵگادا بەخەبەر بهێنێتەوە، تەنانەت میز پێداکردن بە دیواری زانکۆ کە هۆیەکەی "وەخەبەرهێنانی خەڵک بە میز"  لە لایان پیرباڵ ناودێر کرا لەو پرۆسەیەدا بوو.
کەسایەتی پیرباڵ هیچ کات بە داب و نەریتی خۆبەزل‌زانانە و فەرمی نەبوو هەر بۆیە لە دڵی خەڵکدا جێی کردەوەو دەکاتەوە.
دوای هەڵاتن لە دەست ڕژیمی بەعس و هەشت مانگ مانەوەی لە ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە 12ساڵ لە وڵاتانی ئاڵمان، دانیماڕک و فەڕەنسا نیشتەجێ‌بوو بەڵام هیچ‌کات لە خزمەتکردن بە کورد درێغی نەکرد، دوای ساڵیانێک دووری لە ئۆکتۆبەری 1994لە دوای تەواوکردنی دکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆنی فەڕەنسا لە بواری مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا، لەهەمان ساڵدا لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزرا و زۆربەی جارانیش بێ مەعاش‌و دەستموزد خزمەتی کردووە.
خراپی بارودۆخ لە پانتایەک کە پیرباڵی تێدا دەژی، هیچ‌کات نەیتوانیوە ورە لەو ڕووناکبیرە بستێنێ تا نشتیمانەکەی پێ چۆل کا.
ئەندام بوون و سەرپەرشتیاری گۆڤارەکانی وەک "خەرمانە" و "نودەم" لەستۆکۆڵم و یەکگرتن و "دەروازە" لە دانیماڕک و "هیوا" لە فەڕەنسا و زۆر گۆڤاری تر  پیرباڵی هاندا  تا لە کوردستانیش لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" بەپرسی لاپەڕه و لە گۆڤاری "وەرگێڕان" سەرنووسەر بێ.
شێوەی دەربڕینەکانی ناڕەزایەتی، بەشێک لە شێعرەکان و تابلۆکانی و لە هەموویان بەرچاوتر  هەڵسوکەوتی پیرباڵ لە ڕووناکبیرانی تر جیا دەکاتەوە...
بە بڕوای من هێرشکردنە سەر کەسایەتییه خاوەن‌بیرەکان لە پانتایەک وەک هەرێمی کوردستان لە دوو ڕوانگە زیاتر هەڵناگرێتەوە:
یەکەم: نائاگابوونی کۆمەڵ لە ناسین کەسایەتییەکان و هەڵوێست‌گرتنی کۆمەڵگا لە بەرامبەر کەسانێک کە بیری جیاوازیان هەیە.
 
دووهەم: هاوڕێ‌نەبوونی بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیران لە گەڵ ڕەوتی حیزبایەتی و پێشگرتن بە بیر و ڕای ڕووناکبیران لە لایان حیزبەکانەوە.
کە لە هەردوو خاڵدا حکومەت تاوانباری سەرەکییە؛ حکومەت وەک بەرپرسیاری هێرشکردنە سەر ڕووناکبیران‌و کەسایەتییە زانستیەکان نەیتوانیوە یان نەیویستووە پردێکی ئاڵ‌وگۆڕ لە نێوان کۆمەڵ و ڕووناکبیر درووست بکات، هەر بۆیە زۆر بە ئاسانی دەتواندرێ لە نێوان ئاپۆرای خەڵکدا  هێرش بکرێتە سەر ڕووناکبیرانێک وەک پیر باڵ...
لە لایەکی ترەوە کۆمەڵگا بەرپرسیارە کە توانای بەرەنگاری لە هەمبەر هێرشکردنە سەر ڕووناکبیران و قەڵەم‌بەدەستانی نییە.
لە کاتێکدا  هێرش دەکرێتە سەر فەرهاد پیرباڵ کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەرێم  وەک شێت! یاخود کابرایەکی قسە‌خۆش دەیناسن، بەڵام لە لایەکی ترەوە دوای دەنگدانەوەی ئەو هێرشە هەموو لاینە سیاسییەکانی هەرێم بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو کارەیان نامرۆڤانە و ناشایست لەقەڵەمدا، تەنانەت ئەو حیزبانەی کە تا دۆینێ قسەی سووکیان پێدەکووت.
ڕەنگە پێوست بێ فەرهادانێک بکەونە بەر هێرشکردن تا بەرپرسیاران پێداچوونەوەیەک بەخۆیاندا بکەن و حیزبەکان خۆیەک نیشان بدەن ‌و ڕووناکبیران لێک کۆ ببنەوە و کۆمەڵگا باشتر خۆی‌و ڕووناکبیرانی بناسێت.
فەرهاد پیرباڵ ئەو ڕووناکبیرەی کە بە وتەی خۆی (لە سەر بورجی ئیفێلی فەڕەنسا هەموو شارەکانی دەدیت و بەحەسرەتەوە دەیکوت: ئەی هەولێری من کوا؟) لە هەولێر کەوتە بەر هێرشی کەسانێک کە نەیاندەزانی پیرباڵ کۆڵانەکانی هەولێری پێ پیرۆزتر و ڕازاوەتر بوو لە شەقامی شانزەلیزەی فەڕەنسا.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سۆران ۱۳۹۶/۱/۲۷
هیچ قسە لە سەر ئەوە نییە کە هێرشکردنە سەر پیرباڵ بە هەموو شێوەیەک مەحکوومە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ بەڵام قسەکانی جەنابیشتان لە چەند رووەوە جێی رەخنەیە
ئەزموونی تێپەڕین لە قۆناغی کۆن بەرەو مۆدێڕنیتە لە هەموو بەشەکانی زانستیدا و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەک ئەرکێک ئەسپێردراوە بە ڕووناکبیران و خاوەن‌ هزران، هیچ کات مێژوو ئەم ئەرکەی نەسپاردووە بە رووناکبیران، ئەگەر بمانەوێ خەسارناسییەکی مێژوویی بکەین ئەوە کۆمەڵێک هۆکاری هەیە کە باس کردنی لە تاقەتی کامێنتێک بەدەرە بەڵام ئەوە بڵێم ئەوە رەوتی گشتی مێژوویە کە ئەمە دیاری دەکا هەڵبەت زۆر شت دەوری تێدا دەگێڕی وەک مرۆڤ، دواتر لە هەموو سەردەمێکدا رووناکبیر بەو ئاراستەیەدا ناڕوات کە بیهەوێ خۆی لە سوننەت و بەها کۆنەکان رزگار بکات بەڵکوو زۆر جار هەڵ بۆ راگرتن و بووژانەوەی ئەم سوونەتانە دەدات وەک رەوتە ئیرتجاع و ناسیۆنالیستە کۆنەپەرەستەکانی کوردستان بە ئێستاشەوە بگرە، ئەوەی کە جەنابیشت پێت وایە رووناکبیر لە هەموو سەردەمێکدا ئەم رۆڵە گرینگە دەگێڕێ نازانم لە سەر چ بنەمایەکە
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

Kaveh ۱۳۹۶/۱/۲۶
Bzhi kamal

نظر خود را براي ما ارسال كنيد