| تاريخ: ۵ آذر ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۲۴ | بازدید: 22 نظرات: 0 کد مطلب: 26668 |
سەیید محەممەدئەمین واژی ـ مەهاباد
چوارشەممە: 1ـی ڕەزبەری 1405ـی هەتاوی
کاتژمێر 8 و 45 خولەکی بەیانی هاوڕێ لەگەڵ کاک محەممەد ئەحمەدیان، د. محەممەد فرووهەندە، د. ئەحمەد ئەحمەدیان و کاک ئیحسان ئەحمەدیان لە چواڕێیانی ئازادی و تەنیشت کێوی داشامەجیدی مەهاباد بەرەو مەیان ئیقباڵ و دیمەنی ئاویەری سنە وەڕێ کەوتین. بە بۆنەی کرانەوەی قوتابخانەکان کەوتینە سەر باس لە قوتابخانە و زانست و خێرخوازانی مەدرەسە. د.ئەحمەدیان باسی لە کەسایەتییەکی کەمتر ناسراوای مەهابادی، خوالێخۆشبوو دوکتور جەعفەری شافیعی کرد کە ساڵی 1343ی هەتاوی شەهادەی پزیشکی وەرگرتووە و یەکەم پزیشکی عموومی مەهاباد بووە. ناوبراو هاوسەرەکەی خەڵکی فەڕانسەی بووە. خزمەتێکی گەلێ دیار و بەرچاوی کردووە. ئەو خێرخوازە چەند شوێنی گشتی و فەرمانگە و مەدرەسە و قوتابخانەی لە مەهاباد دروست کردووە. بە نەقڵ و قسەی خۆشگێڕانەوە و تاوتوێ کردنی بابەتی فەلسەفی ژیربێژی لە لایان کاک ئیحسان ئەحمەدیان درێژەمان بە ڕێگە دا. لە بۆکان تێپەڕین و گەیشتینە سەرای حەمەدئاغا. کاک مەحەممەد ئەحمەدیان کوتی: کۆماری کوردستان تا ئێرە دەسەڵاتی هەبووە، لە سەرا و سەقز بەولاوە تا کرماشان لەبەر دەستی ئینگلیس دابوو، موکریان و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش لەبەر دەستی ڕووسیە. حەمەڕەشیدخانی بانە کاتی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی شای پەهلەوی نالێک بووە و پەنای بۆ کوردستانی باشوور بردبوو، بەڵام کاتێ ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ڕووس و ئینگلیس، ئەو هاتەوە کوردستانی ئێران و لە لایان پێشەوا قازی محەممەد وەک بەرپرسی سەقز و بانە دیاری کرا و پلەی ژێنڕاڵی درابوویە. لە کۆماری کوردستان سێ کەس پلەی ژنڕاڵیان درابۆیە، مەلا مستەفا بارزانی، عومەرخانی شکاک و حەمەدڕەشیدخانی بانە. حەمەدئاغای سەرا سەناتۆری شای بوو. لەبەر ئەوەی کە سەرا هی حەمەدئاغای عەبباسیی سەناتتۆڕی شا بوو، حەمەڕەشیدخان هێرشی کردە سەرا و ماڵە حەمەدئاغای ئاور تێبەردابوو. ئەوکات مامۆستا مەلا هادی ئەفخەمزادە میرزای بنەماڵەی حەمەدئاغای بوو و مەلای ئێرە مامۆستا مەلا عیسامەددینی شەفیعی بوو.
کاتێ کۆماری کوردستان تێک چوو، ئەڕتەش لە دوو ڕێگایانەوە هاتە موکریان، لە سەرا کە مەڕحوومی پێشەوا لە حەمامیان چووە پێشوازیان؛ هەروەها لە تەوێز و لە ڕێگای میانداو ڕا هات و، پێشەوا لە پردی میاندواو هاتە پێشوازی.
دیواندەرە
هەر وەها بەدەمڕێوە و بە ڕانندەگی د. محەممەد فرووهەندە ڕێگامان درێژە پێدا و لە سەقز تێپەڕین و گەیشتینە شاری “دیواندەرە”، هەڵکەوتوو لە نێوان سەقز ـ سنە، لە پارکی قەراغ شاری لاماندا بۆ چاییخواردنەوە؛ تۆزێک ماندویەتی سەفەرمان حەساوە. دیواندەرە شاعیر و نووسەری گەورەی لێهەڵکەوتوون.
مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەبیعی
یەکێ لەوانە کە نێوبانگی لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕیوە، زانا، وێژەوانی بە توانا، دەنگخۆشی، عەللامە مامۆستا “مەلا محەممەدی ڕەبیعی”یە، ساڵی 1371ی هەتاوی چوومە مزگەوتی جامیعەی کرماشا و ئاواتی دیتنیم هەبوو بە داخەوە مامۆستا لە ماڵ نەبوو، بابم (حاجی مامۆستا مەلا سەید محەممەدی واژی) زۆر تاریف لە پلەی بەرزی ئەو زانایەی کورد دەکرد. لە ویکیپیدا ئاوا مامۆستا دەناسێنێ: «محەممەد ڕەبیعی ناوسراو بە مامۆستا ڕەبیعی، مامۆستای ئایینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامیعی شافیعی کرماشان، نووسەر، شاعیر، کەسایییەتی سیاسی، وێژەری و موناجاتبێژی ڕادیۆ کرماشان و رادیۆی کوردیی تاران، کەسایییەتی کوردی ئێرانیە.
ژیان: محەممەد ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ لەگوندێکی ناوچەی دیواندەرە لەدایکبوو و خوێندنی مەلایەتی لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەواوکرد. لە ساڵی ١٣٤٥ی ھەتاوی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خوێندنەوەی قورعان لە پاکستان بەشداری کرد، دوای عەبدولباست عەبدوسسەمەد، قاڕیی بەناوبانگی خەڵکی میسر پلەی دووھەمی بە دەست ھێنا. رەبیعی پێش شۆڕشی ئێران بەرنامەیەکی ئایینی لە ڕادیۆ کرماشان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد. ڕەبیعی خاوەنی ٣٣ کتێبە لە بوارە جیاوازەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی. دوای شۆڕش و لە ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی بووە پێشنوێژی سوننییەکانی شاری کرماشان.
کۆچی دوایی: ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی ھەتاوی کۆچی دوایی کرد.»
مامۆستا سەدیق بۆرەکەیی
یەکێ تر لە زانایانی دیواندەرە؛ لەوانەی کە لە مێرمنداڵییەوە لەگەڵ نووسراوەکانی ئاشنابووم، مامۆستا سەدیق بۆرەکەیییە، یەکێ لە بەرهەمەکانی “تەفسیری جزمی سێهەمی (30) قوڕئانی پیرۆزە؛ لەبیرمە زستانی 1365ی هەتاوی ئێمە کۆمەڵێک فەقێ لە ئاوایی “دێڵزێ”ـی پیرانشار لای مامۆستا مەلا ئەسعەدی کرمانجی فەقێ بووین، یەکێ لە فەقێکان مامۆستا ڕەسوول ڕەسوولیکیا بوو، مامۆستا مەلا ئەسعەد بەرنامەی بۆ دانابووین کە هەر کام لە ئێمە چەند خولەکێک وتار بدات، من لە ڕووی تەفسیری مامۆستا بۆرەکەیی تەفسیری سووڕەتی “العصر”ـم ماناکردەوە، ئەو تەفسیرە ساڵی 1364ی هەتاوی لە تاران لە لایەن ئینتیشاڕاتی ئەمیرکەبیر چاپ و بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا سەدیق سەفیزادە (بۆرەکەیی) خەڵکی شاری دیواندەرەیە. بەڕێزیان وەک نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەر ناسراوە، لە بەرهەمەکانی مامۆستا دەتوانین ئاماژە بە: زەمبیل فرۆش، بە شێوەی هۆنراوە؛ تاریخ کرد و کردستان، تهران: آتیه، 1378؛ مێژووی وێژەی کوردی و دەیان بەرهەمی تر بە زمانی کوردی و فارسی بکەین.
مامۆستا سەدیق سەفیزادە، ساڵی 1322ی هەتاوی لە گوندی “زەڕینەی وەرمەزیار” سەر بە شاری دیواندەرە چاوی بە دنیا هەڵێناوە، 4ی گەلاوێژی 1402ی هەتاوی لە تاران کۆچی دوایی کرد و لە سەر ویستی خزم و کەسانی تەرمەکەی ڕاگوێزرا بۆ مەهاباد. ڕۆژی پێنجشەممە، 5ی گەلاوێژی 1405ی هەتاوی لە گۆڕستانی ناودران و هونەروەرانی مەهاباد بە خاک سپێردرا.
لە پارک هەستاین و وەرێکەوتین، بەڵام لە ناو شار ڕێگای سنەمان لێتێکچوو لە یەک دوو کەسانمان پرسی: ڕێگای سنە بە کوێ دایە؟ هەر بۆمان حاڵی نەدەبوون، یەکیان کوتی: ئەها ڕێگا کورسان (کوردستان) ها بەم لا دایە. دیار بوو لەوێ بە سنە، ناڵێن سنە، دەڵێن کورسان. بە پێی هێندێک لێکۆڵینەوە ئەوەی کە زۆرجار خەڵکی سنە و ئەو ناوچە بە سنە دەڵێن کورسان واتە کوردستان، ھۆکاری ئەوەیە کە سنە ھەر لە سەرەتای دامەزران تا ئەو ڕۆژەی کە قاجاڕەکان بەتەواوی خستیانە ژێر دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی خۆیان، پێتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە و ئەردەڵانەکان بە حکوومەتەکەی خۆیان دەگوت حکوومەتی کوردستان.
ڕێگامان درێژەپێدا تا بە پێشنیاری کاک مەحەممەدی ئەحمەدیان نەهارەکەمان بردە قەڕاغ بەنداوی “قشڵاق” ئەو بەنداوە لە 12 کیلومیتریی باکووری سنە هەڵکەوتووە، ساڵی 1353ی هەتاوی لێدراوە. چووینە قەراغ بەنداوەکە و سفرە و خوانمان ڕاخست و نەهارمان لە تەنیشت ئەو بەنداوە خوارد، بەڵام بەداخەوە هیچ خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنێکمان تێدا نەهاتە بەرچاو؛ ئەو پتانسێلە گرینگە کە دەکرێ بۆ ڕاکێشانی گەشتێاران کەڵکی لێ وەرگیرێت، بەداخەوە زۆر لاواز بوو، پاشماوە و زبڵێکی زۆری لێ ڕژابوو و دارەکان زۆری بێ ناز و کەساس و بێنەشە دەهاتنە بەرچاو.
مزگەوتی دارولئیحسان
د. محەممەدی فرووهەندە ماشێنکەی بەرەو سنە باداوە بۆ نوێژ و یەکسەر چووینە مزگەوتی “دارولئیحسان”، یان مزگەوتی جامیعەی شاری سنە. دەرگای مزگەوت، لە دار بوو و دوو دەقولباب و زنجیرێکی قورس و گەورە و گرانی پۆڵایینی پێهەڵاوەسرابوو. دەمزانی دوو دەقولبابی جیاواز، یەکیان بۆ پیاوانەو ئەوەی تر بۆ ئافرەتانە؛ بەڵام نەمدەزانی ئاخۆ ڕەمزی ئەو زنجیرە چییە؟ کاک محەممەد ئەحمەدیان کوتی مەبەست لەو زنجیرە ئەوە بووە کە هەر کات، تاوانبارێک لە دەستی حاکمی ئەوکات ڕای کردبێ و مادام گەیشتبایە ئەو مزگەوتە و دەستی بەم زنجیرە گرتبایە، تا کاتێ لە مزگەوت مابایەوە بە حورمەتی ئەو شوێنە پیرۆزە، پارێزراو بوو و جەبە دەکرا.
چووینە ناو حەوش و حەساری مزگەوت؛ گەلێ خۆش بوو، 12 حوجرەی هەبوو، بەڵام سەد داخ و هەزاران مەخابن! چۆل بوون! فەقێ سەر و سۆراغیان نەبوو! مجێورەکە کوتی هەموویان کردووەتە بنکەی... .
دوای پشوو هەڵکێشانێک! دەستنوێژمان گرت، لەبەر ئەوەی دەرگای ژووری ناو مزگەوت داخرابوو، دەمانهەویست لەبەر هەیوان کە میحڕابی هەیە و بۆ هاوینان کەڵکی لێوەردەگیرێ، نوێژەکەمان بکەین؛ مجێورەکە، دەرگای چوونە ژووری مزگەوتێی بۆ کردینەوە. مزگەوتێکی 24 کۆڵەکەیی و زۆر خۆش. من دووهەم کەڕەتە دەچمە ئەو مزگەوتە؛ هەوەڵجار 27ی گەلاوێژی ساڵی 1393ی هەتاوی لە خزمەت پۆلێ لە دۆستانی مەهابادی چوبووم. ئەو شێعرە لە میحڕاب هەڵاوەسرابوو: چراغ مسجد و محراب و منبر ـ ابوبکر و عمر، عثمان و حیدر. کاک محەممەد ئەحمەدیان کوتی: ساڵی 1356ی هەتاوی کە لێرە (سنە) خوێندکاری زانکۆ بووم وابزانم ئەو شێعرە هەر لێرە هەڵاوەسرابوو.
️ئەو مزگەوتە لە ساڵی1227ی کۆچی لەلایەن ئەمانوڵڵاخانی ئەڕدەڵانەوە دروست کراوە. یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی مزگەوتی جامیعی سنە، کاشیکاریی حەوت ڕەنگە کە ئەم مزگەوتەی لە مزگەوتەکانی تری مێژوویی ناوخۆی وڵات جیا دەکاتەوە. لە دەوری ناوەندەکە و سەری ستوونەکان بە ئایاتێک لە قورئانی ڕازاوەتەوە کە دوو لەسەر سێی قوڕئانی پیرۆزی لێنووسراوەتەوە. لەم مزگەوتە خەتی سولس، کووفی و نەستەعلیق بەکار هاتووە.
کاک عەبدوڵڵا داوودی، خەڵکی ژاوەرۆی دۆڵاوی لای کامیاران، 27 ساڵە مجێوری ئەو مزگەوتەیە و کوتی: حوجرەی لای ڕاستی مزگەوت، حوجرەی "مەولەوی تاوەگوێزی" بووە. زۆر بیرەوەریی خۆشی لە لابوو، کوتی ئێستا وەک جاران خەڵک بۆ نوێژی جومعەی نایەنە ئێرە، لە حاشیەی شار لە پازدە شوێن نوێژی هەینی بەڕێوە دەچێ، ئێرە پڕ نابێ.
خاڵێکی هونەریی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دەوران دەوری هەیوانەکە، هۆنراوەی لێهەڵکندراوە کە ئاخیری بەیتەکان بە حڕووفی ئەبجدە کە دەبێتە ساڵی بینای ئەو مزگەوتە.
دوای نوێژی نیوەڕۆ و ئێوارێ بە قەسر و جەمع، بە گرتنی چەند وێنەی یادگار لەو مزگەوتە مێژوویی و لەمێژینەیە بەرەو پاساژی عیززەتی وڕێکەوتین و خوا حافیزیمان لە کاک عەوڵای مجێور کرد.
پاساژی عیززەتی
ـ کتێبفڕۆشیی ئیمام غەززالی:
پاساژی عیززەتی، هەڵکەوتوو لە چواڕڕای شوهەدا(فەڕەح). ئەو پاساژە سێ تەبەقەیە، تەبەقەی یەک و دوو هەموو کتێبفڕۆش و ئینتیشاڕاتن، تەبەقەی سێهەمیش شیرکەتن. چووینە کتێبفڕۆشیی “ئیمام غەززالی” و خزمەت مامۆستای زانا، خواناس و بانگخوازای ماندوویینەناس “مامۆستا عەلی ڕەحمانی”. مامۆستا لەسەر سەندەڵێک دانیشتبوو و کاک “عەزیز سادقی” وەک کتێبفڕۆش سەرقاڵی چاو گێڕان بە نێوان کتێبان دابوو. دیارە بەڕێز “عوسمان مرادی”یش وەک فڕۆشەر و پێڕاگەیشتن بە سەر کتێبفڕۆشی لێرە کار دەکا بەڵام تەشریفی لەوێ نەبوو.
لە خزمەت مامۆستا عەلی، باس لە کتێب و نووسین کرا، مامۆستا مەلا عەلی فەرمووی: «من لە ساڵی 1364ی هەتاوی و وەک کۆنترین کتێبفڕۆشی پاسازی عیززەتی سەرقاڵی کتێبفڕۆشیم.» سەبارەت بە کتێب و کتێبخوێندنەوەی فەرمووی: «بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حەفتا تا هەشتا لەسەدی کاتەکانی مڕۆڤ بەفیڕۆ داوە. لە لایەکیتریش بانگەشە بۆ کتێبخوێندنەوە ناکرێ و وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی مڕۆڤ نەناسراوە؛ بە پێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو. کابرا حازرە ڕۆژێ پووڵێکی بەرچاو بدا بە میوە و گەلێ شت و جاری وایشە شتی ناپێویست؛ بەڵام حازر نییە پووڵێکی کەمیش بۆ کتێب دابنێ. باوەڕکەن خوێندنەوەی کتێب ئەوەندە کەم بووەتەوە کە دەبێ بگوترێ: انا للە... . کاتی خۆی چاپەمەنییەکان کە کتێبیان چاپ دەکرد، ڕێژە و ژمارەی چاپکراوەکە لە هەر کتێبەی لانیکەم هەزار و لانی زۆر سێ تا پێنج هەزار دەبوو، بەڵام ئێستاکە سەد یا سەد و پەنجا بەرگی لێ چاپ دەکەن. پەنا بەخوا! بەشێکی زۆر لە گرفتەکان دووری لە کتێب و زانست و زانیارییە، دووری لە کتێب واتە دووری لە پێشکەوت.»
مامۆستا ڕەحمانی لە دایک بووی ساڵی 1332ی هەتاویە، خاوەنی چوار منداڵ و لە پەروەدەی منداڵەکانی گەلێ سەرکەوتوویە، دوکتور عوبەیدی ڕەحمانی (کوڕی مامۆستا) وەک "نالیناس"ێکی بەرچاو دەناسرێ، گەلێ بەرهەمی بەپێزی بە شێوازی فایلی دەنگی هەیە.
سومەییە خانم، دوکتورای کۆمەڵناسی هەیە، کاک ئومید کارناسی باڵای ماف و دادە سروە، کارناسی باڵای دەروونناسی، لە خوای میری مەزن ئاواتی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
کاتەکە زۆر کەم بوو تەنیا دە خولەکێک دەرفەت بوو بە خزمەت ئەو مامۆستا زانا و غەمخۆرە بگەین، خۆزیا دەرفەت بڕەخسێ تا جارێتر بە تایبەتی لە خزمەتی دابین. دوای وێنەگرتن لە خزمەت مامۆستا بەرەو ئینتیشاراتی کوردستان وەڕێکەوتین.
ـ لە ئینتیشاڕاتی کوردستان:
د. محەممەد فرووهەندە پێنج ساڵە کتێبی “طبایع الإسبداد”ی عەبدوڕڕەحمانی کەواکیبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و وەرگێڕانی دوو بەرهەمی بەندە بە نێوەکانی؛ کتێبی “کوردستان لەبەردەم فتووحاتی ئیسلامیدا” لە نووسینی مامۆستا حەسەن مەحموود حەمەکەریم بە فارسی و “شذا العرف فی فن الصرف” لە نووسینی شیخ احمد الحملاوی بە فارسی و بەرهەمی کاک محەممەد ئەحمەدیان بە نێوی “کورد و ئایینی ئیسلام” بە کوردی کە هەر یەکە زیاتر لە دوو ساڵە لە ئینتیشاراتی کوردستان ماونەتەوە و چاپ نەکراون.
چووینە لای کاک عیرفان و کاک محەممەد، هەر دووکمان دیتن؛ زۆر بەڕێزەوە بەخێرهاتینان کردین و کاتێ پرسیاری هۆکاری نەچوونە ژێر چاپی ئەو بەرهەمانەمان کرد، کوتیان: «بازاڕی کڕینی کتێب زۆر لاوازە، کاغەز زۆر گرانە، بە ئاسانی موجەوویزی کتێب نادەن، کتێبکڕ و کتێبخوێن زۆر کەمن، بۆمە سەرفە ناکات.» ئێمە خۆمان بڕێکیش بە قەرزداری زانی!، دوای هێندێک بەڵێنی لە لایان ئینتیشاڕاتی کوردستان و باسی چەند و چۆنیی کتێب و موتاڵا خوێندنەوە ماڵئاواییمان لێکردن.
کۆڕی مەولوودی لە ماڵە حاجی بێهزاد مەولایی
سەروبەندی بانگی شێوان خواحافیزیمان لە ئینتیشاڕاتی کوردستان کرد و بەرەو شوێنی بانگێشت، واتە ماڵی حاجی دوکتور بێهزاد مەولایی وەڕێ کەوتین.
نزیک یەک مانگ لەمەوبەر لە لایەن حاجی بێهزاد مەولایی، ئەو ئاگادارییەی ژێرەوە لە ڕێی تێلێگڕام و واتساپەوە بۆ ئۆگران و نووسەران و وێژەران و توێژەران ناردرابوو:
بانگێشتنامە
بەناوی بەرزەناوی بێهاوتا
گیانم بە فیدای قدوومی خێرت
قەدەم دابنێ بەسەر چاوان
وا جارێکیتر شنەبای مەولوود لە دەلاقەی هەستەکانەوە دەڕوانێتە باوەڕمان و هەناوی پڕاوپڕ لە خۆشەویستیمان فێنک دەکاتەوە.
بە ڕێز و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لە مانگی پڕخێر و بەرەکەتی مەولوودی پێغەمبەری ئازیزمان، حەزرەتی محەممەد ﷺ پێغەمبەری ئاشتی و ڕەحمەت و خۆشەویستی، کۆڕێکی ئەدەبی و عیرفانی بە مەبەستی ئاوەڕدانەوەیەک بۆ جیهانی پڕ لە ڕووناکی و خۆشەویستیی بەڕێوە دەبەین.
مامۆستای هێژا/شاعیری خۆشەویست
بەهۆی سازکردنی ئاهەنگێک بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بە دڵنیکی لێوانلێو لە ڕێز و خۆشەویستی داوا لە بەڕێزتان دەکەین سەبارەت بە مانگی مەولوود و پەسنی خۆشەویستمان لە پێنووسی ڕەنگین و هەناوی ئەویندارانەتان دەقێکی ئەدەبی (شێعر و پەخشان و ...) بخولقێنن و بە شنەی سۆزی غەریبانه و هاوکات لەگەڵ کورتەیەک لە ژیاننامەتان ئاراستەی کۆڕەکەمانی بکەن تا بە ئامادەبوونی بەڕێزتان و پێشکەشکردنی بەرهەمەکەتان کۆڕێکی نوورانی ئەدەبیانە ساز بکەین و دواتریش چاپ و بڵاو ببێتەوە و شەنی شاعیرانەتان بگاتەوە دەلاقەی دڵی ئەوینداران.
با وشەکانمان بۆتنی ژیان و خۆشەویستی بگرن.
با قەڵەمەکانمان پەیامی دڵداری بگوازنەوە.
و با هونەرەکانمان دەنگی دڵی ئەو گەلە بن
کە نووریان خۆشدەێت و دژی تاریکین و موحەممەد (د.خ) بە پێشەنگی خۆیان دەزانن.
شوێن: شاری سنە، خەسرەوئاوا، ماڵی حاجی بێهزاد مەولایی.
دیارە ئێمەش هەر ئەوکات، بەرهەمی ئامادەمان نارد بۆ خزمەتی و ئێستاش ئەوە خەریکین بەرەو ماڵە مامۆستا مەولایی وەڕێدەکەوین و دەچینە ماڵە مامۆستا بێهزاد مەولایی هەڵکەوتوو لە گەڕەکی خەسرەوئاوا، کۆڵانی شەبنەم.
«شـــــــەوی شـــــــێــــــــعر»؛
(بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر(د.خ) [بە بەشداریی تاقمێکی زۆر لە شاعیرانی کوردستانی ئێران]
زۆربەی کەسایەتییە ناسراوەکانی ئایینی، بەتایبەت ئەوانەی نیشتەجێی سنە و مەریوان بوون، بە بیر و بۆچوونی جیاواز، سەر بە هەموو ڕەوتە ئیسلامییەکان بەشداری ئەو کۆڕە نوورانییە بوون، دوای شام و نان و چایی خواردن، کاتژمێر 8 و 50 خولەک بە پێشکەشکاریی مامۆستای ئایینی و شاعیری توانا، مامۆستا مەلا جەماڵ ڕەسووڵی دەستی پێکرد. سەرەتا قوڕئان خوێندن لە لایان قاریی ناوداری نێونەتەوەیی بەڕێز “ئەمین ئەسەدی” دەست پێکرا؛ پێشکەشکار داوای لە ئامادە بووان کرد بە بێ پێشکەی و شتی وا، ڕاستەوڕاست دەست پێبکەن بە خوێندنەوەی هۆنراوەی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانین بە بەشێکی زۆر لە شاعیران و پەخشانخوێنان ڕابگەین. دوای هێندێک شێعرخوێندنەوە و و هەروەها خوێندنەوەی شێعری شاعیرانی پایەبەرزی کلاسیکی کورد لە پەسنی پێغەمبەری نازدار(د.خ) بەدەنگی خۆش، ئەوجار داوا کرا لە دوکتور بێهزاد بۆ بەخێر هاتنی میوانەکان. ئەم کەسانە هۆنراوە و پەخشانیان لە پەسنی پێغەمبەر (د.خ)دا خوێندەوە: حەمید وەکیلی، حاجی سەید سۆران حوسێنی (واژی)، مامۆستا ناسر میرزایی (سەقز)، مامۆستا سەرکەوت محەممەدنیا (سنە)، مامۆستا عەبدوڕڕەحمان موئەیید (مەریوان)، مامۆستا ئەمجەدی ئیمام (سەقز)، محەممەد سەدیقی کەریمی (مەریوان)؛ سروودخوێندنەوە لە لایەن عەبدولقوددووس حوسێنی؛ هەروەتر دوکتور نوید نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆی سنە لە وتاردانەکورتەکەی دا کوتی: ئێمە لە زانکۆی کوردستان لە سنە، شوێنێکمان داناوە بۆ پاراستنی دەستنووسەکان، تکایە ئەگەر دەستنووس شک دەبەن بۆ ئەوەی نەفەوتێن، بیانهێێنن بۆ لای ئێمە، ئەگەر هەر پێشتان خۆش نییە؛ بیانهێنن ئێمە ئیسکەنی لێ هەڵدەگرین و هەم دەستنووسەکەتان دە دەینەوە هەم فایلێک لەو ئیسکێنە. یەک دەستنووسمان دیوە کە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆزە بە زمانی هەورامی کە مێژووەکەی بۆ سەدوپەنجا ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، چەند دەستنووسی ئاوا بە نرخ هەیە، ئەگەر لە فریایان نەکەوین لە ناو دەچن. دوای بەڕێزیان، مامۆستا مەلا هادی ئەحمەدی (مەولەوی ناسی هەورامی)، حاجی مامۆستا مەلا سابیر خودا مرادی (سەقز)، مامۆستا شێخ فاتیح مەولانایی (سنە)، مامۆستا مەلا محەممەد ئەمین میرزایی (میرزای هەورامی)، مامۆستا مادیح مرادی بڵبەر (نێوان سنە و مەریوان) شێعریان خوێندەوە و هەروەها مامۆستا مەلا ئەیووب قوربانی سرودی خوێندەوە. دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان (هۆنراوەی مامۆستا عەلی حەسەنیانی[هاوار]ـی خوێندەوە لە پەسنی پێغەمبەر[د.خ]، مەهاباد)، دوکتۆر عەبدوڕڕەحیم ئەفخەم زادە (شێعری مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادەی خوێندەوە، نیشتەجێی سنە /خەڵکی بۆکان)، مامۆستا مەلا غەفوور کەسنەزانی، مامۆستا مەلا تەوفیق مینبەری، مامۆستا مەلا جەماڵ نۆگوڵباخی، مەلا کامیل شەریف پوور (سەقز)، مامۆستا عومەری محەممەدئەمینی، ناسراو بە مەلا عومەری ڕیش، کاک محەممەدی ئەحمەدیان، پەسنی خۆشەویستی خوا(د.خ)، بەرهەمی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیانی خوێندەوە (مەهاباد)، بەندە (سەید محەممەدئەمین واژی، کورتەیەک لە مێژووی مەولوودنامەم خوێندەوە / مەهاباد)، کاک جەلال کوڕی مامۆستا مەلا شێخ محەممەدی ساوانێ (بانە)،
بۆ نووسینی زۆرێک لەم نێوانە پرسیارم لە مامۆستا بارزان مەلەکی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی جامیعی شەیخەین لە سنە دەکرد.
لە کۆتایی دا: بە پاڕانەوەی مامۆستا مەلا سەیفوڵڵای جوانڕۆ و مامۆستا مەلا لوقمان ئەمینی جوانڕۆ، ئەم کۆڕە بەشکۆیە کۆتایی پێهات. دوای ئەو ڕێوڕەسمە، لە لایەن تێکڕای بەشداربووان زۆر قەدر لە دوکتور بێهزاد مەولایی گیرا بۆ پێکهێنانی ئەو کۆڕە پیرۆز و شکۆدارە. لە کۆتاییدا، دیدار و گفتوگۆی کورتی هاوڕێ لەگەڵ ماڵئاوایی لەگەڵ گەڵێک لەو مامۆستا و کەسایەتییانەی کە نەماندیون، بەڵکوو هەر لە دوورەوە نێوەکەمان بیستوون، بوو بە مایەی دڵڕوون بوونەوە و گەشانەوە و حەسانەوە و چاومان بە دیداریان ڕوون بۆوە. مامۆستا مەلا جەماڵ ڕەسوولی، ڕایگەیاند بڕیارە دوکتۆر بێهزاد بە زوویی بەهەمی ئامادەبووان لە چاپ بدا و بڵاوی کاتەوە، هەر وەها لە سەر ویستی دوکتۆر بێهزاد داوای لە میوانان کرد شەو هەر لەو شوێنە، لە ماڵی ئەودا، بمێننەوە و جێگا و ڕێگا بۆ هەموو لا هەیە. وێرای ڕێز بۆ خانەخوێ، بەشی هەر زۆری میوانان دوای گرتنی چەند وێنەی یادگاری ماڵئاواییان کرد، بەڵام چەند کەسێک کە ڕێگایان دوور بوو مانەوە. لە مامۆستا بێهزادم پرسی میوانان چەند کەس بوون و چەند بەرهەمی شێعری و پەخشان ناردرابوو؟ بەڕێزیان فەرمووی: میوانان 185 کەس بوون و سی بەرهەم ناردرابوو. من کورتەیەکی چەنددێڕیم لەم دیدارە لە کاناڵی تێلگڕامیی «سەفەرنامە و دیدار» دانابوو؛ پێمخۆشە ئەو ڕاپۆرتەی مامۆستا مەلا غەفوور کەسنەزانیش(ژاکاو) کە لەسەر ئەو دیدارە نووسیبووی و بۆی ناردووم لێرەی دابەزێنم:
« یادەوەریی شەوە شێعر بۆ بەرز ڕاگرتنی پێغەمبەری تاقانە. وەک هەمووان دەزانن هەموو ساڵێ لە ناوچەی کوردەواری و لە مانگی ربیع الاول کۆڕیاد بۆ بەرزی و پیرۆزی لە دایکبوونی سەرکردە و قافڵەسالاری بەرەی مرۆڤایەتی حەزرەتی موحەممەد دروودی خوای لە سەربێ بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش لە چوارقوڕنەی کوردستان بە شێوەێەکی پڕشکۆ سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەی تایبەت لە ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوە چوو، یەک لەو کۆڕانە بە جیاوازییەکی تایبەت و دوور لە ڕێ و ڕەسمی کۆن لە شاری سنەی پێتەختی ئەردەڵانەکان و ماڵی هاوڕێ و ناسیاوی سەربەدەرەوە حاجی بێهزادی مەولایی بەڕێوەچوو. شەوی 1 لە سەر2 ی مانگی خەزەڵوەری 1405 هەتاوی بەرانبەر بە 11 لە سەر 12 مانگی ربیع الثانی 1448 کۆچی لە شاری سنە و ماڵی حاجی بێهزادی مەولایی
شەوە شێعرێ بە ناوی مەولوودی(لە تاریف و پەسەندی پێغەممبەری مەزن بە شێوەی شێعر و پەخشان) بەڕێوە چوو، چەندین کەسایەتی ئایینی و ئەدەبی و خاوەن قەڵەم لە شارەکانی کوردەواری بەشدارییان تیاکرد، لە بەناوبانگترین کەسەکان دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بکەین: حاجی مەلا لوقمان ئەمینی وتاربێژی مزگەوتی چواریاری نەبی شاری سنە، مامۆستا هادی ئەحمەدی وتاربێژی ئاوایی نجاڕ و مەولەوی ناس، مامۆستا ئارمان سادقی وتاربێژی گوندی حسێنی دێوڵان و بەرپرسی قوتابخانەی ئایینی موحەممەد ڕەسولوڵڵا، دوکتۆر هادی مورادی مامۆستای زانکۆی عەللامە تەباتەبایی تاران و خانەنشین و خەڵکی سنە، دوکتۆر نەوید نەقشبەندی مامۆستای زانکۆ، میرزای هەورامی شاعیرو پێشکەشکاری ڕادیۆ سنە، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان و کاک موحەممەدی ئەحمەدیان نووسەر و لێکۆڵەر و کوڕی گەورە زانا خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان مەهابادی، مامۆستا مەلا سەید موحەممەد ئەمینی واژی پێشنوێژی مزگەوتی هەباسئاغا لە مەهاباد حاجی مامۆستا مەلا سابیر خودامورادی سەقز وتاربێژی مزگەوتی جامێعەی قەوەخ؛ شاعیر، کاک ئەییووب حسێنی ناسراو بە سۆران بانەیی شاعیر، کاک جەلال ڕەئووفی بانەیی شاعیرو نووسەر، مامۆستا مەلا کامیل شەریفپوور وتاربێژی گوندی سەرای سەقز شاعیرو وەرگێڕ، کاک ئەمجەد ئیمام نووسەر و لێکۆڵەری سەقزی، مامۆستا جەماڵ ماتەم(بەڕێوەبەری کۆڕ و شاعیر)، مەلاغەفوور کەسنەزانی( ژاکاو)شاعیر و پەخشان نووس؛ عارف نوشاهی، دوکتۆر سەید زەکەریا حسێنی وتارخوێن و پێش نوێژی مزگەوتی بەهارانی سنە و بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام شافێعی، مامۆستا تۆفیق مینبەری شاعیر و نووسەر، دوکتۆر عەبدوڕەحیم ئەفخەم زادە پزیشک و مامۆستای زانکۆ، کوڕی گەورە ڕووناکبیری موکریان مامۆستا هادی ئەفخەم زادە، مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی جوانڕۆیی، مامۆستا عەتا شاقەڵڵا وتار بێژی مزگەوتی سەیید قوتب لە شاری سنە، مامۆستا ئەمین بالک، شێخ فاتێح مەولانایی شاعیر، مامۆستا دلێر ئەداک شاعیر، مەلا ناسر میرزایی پێش نوێژو وتار خوێنی مزگەوتی حاجی جەلیل ساڵحی سەقز. مەلا موحەممەد باڵا بەرز دێگولان، مامۆستا عەبدولجەببار وتاربێژی مزگەوتی ئیڕشادی سنە، مامۆستا ئێحسان میرزایی بەرپرسی «دارالتحفیظ»ـی ئیمام جەزەری، ئەمین ئەسەدی قورئان خوێنی نێودەوڵەتی، حەمید وەکێڵی قەسیدەخوێن، سەنعان ئارەنانی قەسیدەخوێن، مامۆستا عەبدولقودووس حوسێنی پێشنوێژی مزگەوتی سەرهەنگی سنە، مامۆستا بارزان مەلەکی پێش نوێژو وتار خوێنی مزگەوتی شێخەینی سنە، مامۆستا مادێح بڵبەری پێشنوێژو وتار خوێنی مزگەوتی سەلاحەددینی سنە، شێخ سەلاح حوسێنی مامۆستای زانکۆ، مەلا عومەری ڕیش بانەیی، مامۆستا سادق ڕەجەبی مامۆستای مزگەوتی مەسناو، مەلا عوسمان ئەبووبەبەکری مامۆستای مزگەوتی خوڵەفای ڕاشیدین لە سەقز، مامۆستا مەلا عەبدولحەمید سادقی مامۆستای مزگەوتی فاڕووقی لە سەقز، سەید هادی تەفسیری کوڕی مامۆستا سەید جەماڵەددینی تەفسیری لە سەقز، کاک کامیل کەسنەزانی مامۆستای قوتابخانە نووسەرو هەڵەچن. ئەم کۆڕە لە دوانوێژی خەوتنانەوە تا کاتژومێر 12 و نیوی شەو درێژەی هەبوو. بە گوێرەی زانیاری مامۆستا مەلا سەید موحەممەد ئەمین واژی 185 کەس بۆ کۆڕەکە بانگهێشت کراون و 25 شاعیرو نووسەریش بەرهەمیان پێشکەش کردووە».
بەرهەمی هاوڕێیانم، د. ئەحمەد ئەحمەدیان و کاک محەممەد ئەحمەدیان و حاجی سەید سۆران حوسێنی و خۆم لێرە دادەنێم:
د. ئەحمەد ئەحمەدیان:
«سەرتا دەستخۆشی دەکەم لە دوکتۆر بێهزاد مەولایی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆڕە نوورانیە، من چاوپۆشی دەکەم لە هۆنراوەی خۆم و دەرفەتەکە دەدەم بە هۆنراوەی هەڵکەوتە و بلیمەتی شارەکەم، مامۆستا عەلی حەسەنیانی ناسراو بە "هاوار".لەم بارەوە دوو خاڵ پێویستە کە لێرەدا باسی لێبکەم؛ یەکەم ئەو کەسایەتییە تا سەرئێسقان سێکۆلار و غەیرە دینییە، دووهەم؛ یەکەم کەسە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات (کوردستانی ئێران) شێعری نوێ بلێت، ساڵی 1338ی هەتاوی شێعری "جەللادی هۆنیوەتەوە(وەرە جەللاد!
وەرە گیانم هەموو لەت لەت بکە تاکوو بزانی چۆنە ئیمانم.... «لە کتێبی گوناهـ.») مامۆستا سوارە ئێلخانیزادە سێ ساڵ دواتر واتە ساڵی 1341ی هەتاوی شێعری شاری کوتووە، بەڵام چون لەباری شێعرییەتەوە شێعرەکانی چڕوپڕتر و پڕناوەرۆکتر و داهێنەرانەترن لە تێکڕای بەرەی هەوەڵی شاعیرانی نوێخواز، بۆیە هەر ئەو بە باوکی شێعری نوێ ناسراوە لە ڕۆژهەڵات، دەنا لەباری زەمەنەوە مامۆستا هاوار سێ ساڵ زووتر شێعری نوێی هۆنیوەتەوە. سێ کوچکەی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران بریتین لە: مامۆستا عەلی حەسەنیانی، مامۆستاسوارە و مامۆستا چاوە(فاتیح شێخ). لە باری زەمەنەوە هەموو نووسەران و وێژەران کۆکن لەسەر ئەوە یەکەم کەس کە شێعری نوێی کوتووە مامۆستا هاوار بووە.
ئەمەش دەقی ئەو شێعرە کە لە پەسنی پێغەمبەردا گوتوویەتی: «ڕەشی و گەشی» لە وەسفی پێغەمبەر (د.خ) لە
(کۆمەڵەشێعری «گوناهـ.»، ل: 108-111)
شاعیر: مامۆستا عەلی حەسەنیانی(هاوار)(1318مەهاباد-1371 دانمارک)
شەو کڕ و مات و مەڵاسە و بێدەنگ
شنەبا کەوتووە لە ترسی شەوەزەنگ
کوندەبوو دای لە شەقەی شاباڵی
ئێستێ بێدەنگە لە سووچی ماڵی
شەوی ڕەش زاڵە بە سەر دنیادا
بە بزە و شادی چ مەودا نادا
هەموو دنیا کز و یەخسیری شەوە
هەلە بۆ هەوهەوی شەیتان و شەوە
دێتە گوێ چەلچەلە داد و هاوار
زیڕەزیڕی کچی بەدبەخت و هەژار
کە بە زیندوویی لە چاڵێ دەخرێ
داد و کۆکەی لە هەوادا دەمرێ
گڵی وی هەڵدەدرێ کۆگایەک
گڵی دواکەوتوویی بارستایەک
گوڵی خەم دەڕوێ لە سەر گڵکۆیان
هەوری ڕەش خوێن دەدەڵێنێ بۆیان
گەڕی گۆوەندی شەوە و مۆتە وو دێو
لە گەڕاندایە لە هەر بەرز و نشێو
دەگەڕێ شایی بە کەیفی شەیتان
کە بە قاقا دەڵێ بەند و بەیتان
بێسنوورە شەوی بێڕۆچنایی
ژینی ئاسایی ڕەشە و بێبایی
ژین نییە ژانێکی بێ هاوارە
شەو نییە گۆشەیەکی شەوگارە
چ وڵاتێکە خودا هێندە ڕەشە
لە بزە و تیشکی ئەوین دوورەبەشە
کوا ئەدی موعجزەیەک تێکی بدا
بیڕمێنێ، لەپڕا، لێکی بدا
لابدا پەردە لە فێڵ و دەلەسە
بێ و بڵێ ئیدی سیاڕۆژی بەسە
بۆچی ئەمشۆ لە هیوا بوومە بەری
بۆچی ناڕوانمە خوای ژووری سەری
خوایە هۆی بوون و هومێد و بڕوا
دوور لەوی هەرچی هەیە با بڕوا
کاتی هیوایە وو سەرمایەی ژین
بۆ دڵی سەرد و شکاوە گوڕ و تین
نووری بڕوایە کە مایەی مانە
پاشی تەنگانە دەبێ فەرعانە
چاو هەڵێنە ئەوە هەیڤە کە هەڵات
پێدزیلکەی شەوەیە هاتنی هات
لەپڕا چۆن بوو دەڵێی موعجزەیە
کاتی خەمڵینی نەمامی بزەیە
دێتە گوێ دەنگێکی ئارامیدەر
دەڵێ: خەمڵی گوڵی شانازیی بەشەر
جێژنی مەولوودی «ڕەسوولەڵڵا»یە
شادییە، ڕوو دەکەیە هەر لایە
هاتە دنیا گوڵی باغی نەبەوی
بۆتە چیمن هەموو چوار قوڕنە بە وی
شەو شکا، شەق بوو، نەما دێوەزمە
کاتی خۆشیمە، زەمانی حەزمە
مەککە پڕ بوو لە ئەوین و گوڵ و نوور
تیشکە دێ و دەبڕێ سنووری بۆ دوور
کوانێ شەیتان و هەل و شەوگوردی
کێیە پێی بخزێتە داوی وردی
کوانێ کیژکوشتن و کوا زیندەبەچاڵ
بەڵێ، بۆ زاڵمە فەوتان و زەواڵ
تێکی پێچاوە فڕ و فێڵ و درۆ
ڕەشی ڕۆیشت و نەما باوی دەهۆ
دڕک و زی بوونە زەمەند و زەنوێر
هەڕنەهووت بوو بە بەرامی شللێر
کۆیلە وو دیل و ژن ئازاد کران
بوت شکان و لە زبڵدانێ خران
بە «محەممەد» گەڕی مێژوو گۆڕا
ژینی ڕابردوو خرا نێو گۆڕا
ڕێی «محەممەد» هەموو ئینسانی بوو
پاکی وو چاکە و یەکسانی بوو
خۆزگە ئێمەش لە دڵی تیشکی ئەوا
دەترووسکاینەوە وەک گۆ لە شەوا
ڕادەبووین و بوتمان تێکدەشکاند
لاپەڕەی ژینی ڕەشیمان دەدڕاند
هۆنراوەی حاجی سەید سۆران حوسێنی (واژی):
وەک ئاوی ناو پلووسک ئاوەز لە تۆوە کۆیە
ڕووناکی بیر و هەستی جوانی مرۆ لە تۆیە
ئەی دەوڵەمەندی هزر و زەنگینی زەینی ڕۆشن
خۆش ئەو دەمەی لەگەڵ تۆ عەقڵم لە گفتوگۆیە
ئاسۆ دەکەی فراوان بۆ دیدی تیژ و ورد بین
بەو دیدە بەربڵاوەی مەیدانی چاوەڕۆیە
دژوار و قورسە فامی پەیامی ئاسمانیت
بیریی زەوینیی پێوە قاڵی مقۆ مقۆیە
ئاژینە زەینی تیژ و ڕوون و سەرنجی وردت
تا ئەوپەڕی سنووری ئاوەز لە هات و چۆیە
فێرکارەکەت خودایە، نادوێی هەوانتە بۆ کەس
برووسکەیەک لە تۆ تا خودا لە ئامۆشۆیە
سەرنجی ورد و گەرمی ئێوە دەگاتە بنکی
بیرۆکە؛ هەرچی هێشتا لە داڵغەشا چرۆیە
ئەی مێرمەزن مرۆ تۆ کە ڕێنوێنی وریای
شاڕێیە ڕێت و ڕێگەی پیاوانی سەربەخۆیە
کێ حەز بە بیری ڕوون و کراوە بێ لە ڕێتە
نابێ بە غەیری لووتکە، ڕازیی ئەوی هەڵۆیە
بەرینترینە دیدت لە هەرچی دوند و لووتکەن
خۆش ئەو نیگایە وێڕات بگاتە ئەو سەکۆیە
شکۆ لە تۆوە تێکەڵ دەبێ بە بەختی هەرکەس
ئاوەز دەکاتە پێشەنگ نەوسیشی دەستەمۆیە
نەخشینە تەونی ژینی کەسێکی پێ بە پێی تۆ
ئەشقی بکاتە ڕایەڵ، هزری بکاتە پۆیە
پێغەمبەری و مەبەستت ژیریی بەڕێوە چوونە
هەژیری بۆیە بیرت ڕوونە و وتەت گەزۆیە
سۆران دروود ئەنێرێ بۆ گیانی بەرز و شازت
پێبەندە بەو پەیامەت بۆ سەربەخۆیی هۆیە
محەممەد ئەحمەدیان
کاک محەممەد ئەحمەدیان هۆنراوەی عەللامە ئەحمەدیانی باوکی خوێندەوە کە ئەمە دەقێ ئەو پەسننامەیەیە:
ئهی خاوهنی ئهوجیهانه ڕێکه
بۆ سەر کەسێکی دروود بەڕێکە
وا نێوی موحهممهده و له خولقا
هیچ کەس لەوی گەورەتر نەخولقا
ڕۆژێك بوو ههڵات له غاری حیڕا
دنیا هەموو ڕوون دەبـوو لــەویڕا
پێغهمهبهری گشت زهمانه بوو ئهو
پێغەمبەری گەورەتــر نەبوو لــەو
بێ و ئهلفی خهتی دیانهتی تۆ
پێغەمبەرێتــی ئەو و خودایەتی تۆ
( اللهُ ) و ( مُحَمَّد )ن دوو نــاوێ
لێکیان کا ئەوەی کە دینی نــاوێ
ڕێبوارێ له مهککه چووه مهدینه
ڕفتار و وتاری بۆمــە دینــە
پێغهمهبهری دی که ڕابــراون
بۆ جێ و زەمانێ نێــردراون
تهنیا ههر ئهتۆی ههتا ههتایه
پێغەمبەری دی لە دوای تۆ نایــە
ڕاسپاردەیی خاتهم و جیهانی
پێغەمبەری گشت زەوی و زەمانــی
ئهو جۆری دهبێ بهشهر بهشهر بێ
بۆ خۆی و خودا و بۆ بەشەر بــێ
گشتت به کهلامی خوا نیشان دا
بێ فەڕق لە نێو سپی و ڕەشانــدا
پێغهمهبهری خوا و خوانیشانی
ئایاتی خودات لە سەر زمانــی
بوو مۆری خهتم به جایزەی تۆ
قوڕئانی خودایە موعجیزەی تــۆ
تا بهڵگهیه سوور و زیندوو ههردەم
پێغەمبەری تۆ نیشاندا بۆ جــەم
سەیید محەممەدئەمین واژی
لە دوای کاک محەممەد ئەحمەدیاندا بەندە (سەید محەممەدئەمین واژی) وتارەکەم بە کورتی پێشکەش کرد. کە ئەوە دەقی کورتراوەکەی وتارەکەمە: «بە نێوی خودا...
رێوڕەسمی مەولوودی و بەرزڕاگڕتنی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام(د.خ)، بەشێوەی فەرمی و بەربڵاو، یهکهمجار لەسەردەمی دەسەڵات داریی «سوڵتان موزەففەر»ی حاکمی هەولێر لە ساڵی 604 ی کۆچی، واتا 1207ی زایینی واتە 819 ساڵ پێش بەڕێوە چووە.
مێژوونووسی ناودار، ئیبنی خەلەکان (681ق/1282م)، بەم چەشنە باسی کەسایەتیی سوڵتان موزەففەر دهکا: پیاوێکی زانا، خواناس و موجاهید و هەروەها زاوای سوڵتان سەلاحەددینی ئەییووبی بووە. ئەو حاکمە دادپەروەر و ئیماندارە، هاوڕێ لەگەڵ سەلاحەددینی ئەییووبی بۆ ڕزگارکردنی «بیت المقدس»، بەشداری کردووە. گرینگی زۆری بە ئاوەدانیی شار و شارۆچکەکانی کوردستان داوه. بۆ کەمئەندامان مووچەی مانگانەی بڕیوەتەوه و بۆ کەسانی بێئەنوا خانووی چاک دەکرد. چەند قوتابخانە و خوێندنگەی بۆ پەیڕەوانی حەنەفی و شافعی دامهزراندووه. یەکێ لە کارە گرینگەکانی ئەوە بووە هەموو ساڵە لە مانگی مەولوود کۆنگرەیەکی جیهانی لە هەولێر بەڕێوە دەبرد.
بەڵام ئەوەی کە باسی کراوە کە ئەو سەردەمی چۆن بەڕێوە چووە بەم شێوەیەیە: لە نێوانی رۆژانی ٨ هەتا ۱۲ ی مانگی رەبیعولئەوەل بانگێشتن نامەی بۆ ڕێژەیەکی زۆر لە شەرعزانان، شاعیران، بانگخوازانی ئایینیی بەغدا و مووسڵ و وڵاتانی عەجەم دهنووسی. ئهوسا دوو ڕۆژ پێشتر دەروازەی شار بەرەوڕووی میوانان دەکراویهوە. هەر لەبەر دەرگای شار تا گۆڕەپانی کۆبوونەوەکە، گومبەزێک بە مەودای چند شەقاو لە لایان وەزیر، جێگران، زانایان و پیاوماقوڵانی شار بۆ بەخێرهاتنی میوانان ئامادە دەبوو. شار چاراخان دەکرا، هەندێک سەرچاوە ئاماژە دەکەن کە نزیکەی پەنجاهەزار کەس بەشداری دەکرد و چێشت و خوانیان بۆ ئاماده دهکرا. باشترین نووسەر یان وێژەوانی شارهزای ژیانی پێغەمبەر(د. خ)، لە لایان دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئامادە دەکرا. وەک نموونه به ڕیوایەتی مێژووی «ئیبنی دەحییە»، بە نووسینی کتێبی «التنویر فی مولد البشیر النذیر» لە لایان سوڵتان موزەففەر بە هەزار دینار خەڵات کرا.
کۆنترین مەولوودنامەی بەردەست، مەولوودنامەی «مەلا باتەیی»یه کە بەزاراوەی کرمانجییه و بۆ سەدەی هەڤدەی زایینی دەگەڕێتەوە. دوای ئەو، مەولوودنامەی «شێخ حوسێن قازی»یە که بەزاراوەی سۆرانی نووسراوە و بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە.
مهولوودنامه نوسین، مێعڕاج نامە و وەفات نامە، وەک میراتێک لە زانایانی کورد، جگه له لایهنی ئایینی، له لایهنی زمانی و ئەدەبیشەوە بایەخی گەلێک زۆری هەیە.
من خۆم گوێم لە گۆرانیبێژی ناوداری کورد “ناسر ڕەزازی” بوو کوتی: «بەشی زۆری مانەوەی زمانی کوردی لە کوردستانی تورکییە بەهۆی هەبوون و خوێندنەوەی مەولوودنامە و مێعڕاجنامە بووە، کە بە زمانی کوردی خوێندراوەتەوە و زمانی کوردی لە فەوتان ڕزگار کردووە.»
ئەو لێکۆڵینەوەی من دەگەڕێتەوە پێنج ساڵ پێشوو، کە باسی 73 مەولوودنامە نووسراون، هێندێک بە شێعر، هێندێک بە پەخشان و هێندێکی دیکەش بە شێعر و پەخشان. ناوی نووسەر، شێوازی نووسین و ئەوەی کە بە کام زاراوەی کوردییە، هەمووم نووسیون؛ لەم مەولوودنامانە: ۳۱مهولودنامه بە زاراوەی سۆرانی، ۲٤مەلوودنامە بە زاراوەی کرمانجی، ٥ مەولوودنامە بە زاراوەی هەورامی، ۱ مەولوودنامە بە زاراوەی زازاکی، ۱ مەولوودنامە بە زمانی فارسی ۲ مەولوودنامەش بە زمانی عەڕەبین.لە بابەت هەندێکیشیان، بەداخەوە زمان، یا شێوەی نووسینەکەم بۆ نەدۆزراوە.
جێی خۆیەتی یادێک لە خاتوو زەینەب خان مەلا ڕەئووف خادمی سوججادە ( کچە کورد ) لە تورکییەوە بکرێ.»
کە مامۆستا بێهزاد داوای ناردنی کورتەیەک لە بیوگڕافی کردبوو، منیش ئەوەم بۆ نارد «بەندە (سەیید محەممەدئەمین واژی)، ساڵی 1348ی هەتاوی لە ئاوایی "هێ"ی شاری شنۆ چاوم بە دنیا هەڵێناوە.
فەقێیەتی
ساڵی 1363ی هەتاوی چوومەتە حوجرەی پەسوێ لە ناوچەی پیرانشار، لە درێژەی خوێندنی فەقێیەتی چوومەتە شارەکانی، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە، پاوە و مەهاباد، ساڵی 1373ی هەتاوی لە خزمەت باوکم، خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا سەیید محەممەد واژی، لە مزگەوتی حاجی شەفیعی پیرانشار مۆڵەت و ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرتووە. هەمان ساڵ ژیانی هاوبەشیم لەگەڵ خاتوو مەلیحە بابامیری پێکهێنا و بەرهەمی ئەم زەماوەندە، دوو کچ، بە ناوەکانی ماجیدە و مائیدە و کوڕێک بە نێوی مەلا سەیید موبینـە.
مەلایەتی:
ساڵی 1374ی هەتاوی لە ئاوایی "سێوەدین"ـی خوارێ، سەر بە ناوچەی بۆکان بوومە پێشنوێژ و وتار خوێن. دوایی لە درێژەی ئەرکی مەلایەتی چوومە ئاوایی "ئازاد" سەر بە ناوچەی مەهاباد، دوایی ئاوایی "کۆخان" سەر بە ناوچەی میاندواو. ئەمجار هاتمە "مەهاباد" و مزگەوتی حەزرەتی عومەر، ئێستاش دە ساڵ دەبێ لە "مزگەوتی هەباسئاغا"ـی مەهاباد سەر قاڵی ئەرکی پێشنوێژی و وتار دانم.
نووسین:
لە ساڵی 1383ی دەستم بۆ قەڵەم و نوسین بردووە و جارجار کاری نووسین و لێکۆڵینەوەشم کردووە.
سێ ساڵ دەبێ کارەکەم زیاتر سەفەرنامە نووسین و دیدار و وتوێژ لەگەڵ کەسایەتییەکانە. بە سپاسەوە.»
بۆ ڕۆژی دوایی لە بەر مزگەوتێ بە تەنیا لەگەڵ مامۆستا مەلا فوئاد ئەمینی پێشنوێژی یەکێ لە مزگەوتەکانی تیکاب بەرەو مەهاباد گەڕامەوە.
تا سەفەرێکی تر هەموو لایەکتان بە خوای میری مەزن دەسپێرم.
ئامادا بوونی ئەم سەفەرنامەیە:
هەینی، ۲۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۶ی کوردی
۲۴ی مێهری ۱٤۰۵ی هەتاوی
۱۶ی ئوکتۆبەری ۲۰۲۶ی زایینی
۵ی جەمادیولئەوەڵی ۱۴۴٨ی مانگی
|