تاريخ: ۵ آذر ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۱۱ بازدید: 22      نظرات: 0      کد مطلب: 26667

تایبەتمەندییەکانی زمانی شێعر و گۆشەنیگایەک لەسەر کتێبی «بێ‌تۆیی، مردنە لە شەممەیەکی بێگۆرانیدا»

کامیل داوەری


 

پێشەکی:

ڕەنگە جیاوازیی نێوان زمانی شێعر و زمانی ڕەوایەت یان گێڕانەوە، کەڵکەڵەی زۆر کەس بێت، و منیش لەم نووسینەدا ئەوەم مەبەستە کە تیشکێک بخەمە سەر ئەم جیاوازییە؛ جیاوازییەک کە لە ڕوانگەی منەوە تەنها جیاوازییەکی شێوەیی و ڕووکەشی نییە، بەڵکو جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە شێوازی بەکارهێنانی زمان؛ دروستکردنی وێنە، چڕکردنەوەی هەست و بیر، و پەیوەندیی نێوان وشە و مانادا. بێگومان شێعر دەتوانێت گێڕانەوە لە خۆ بگرێت و ڕەوایەتیش دەتوانێت جوانییەکی ئەدەبی هەبێت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا هەر دەقێکی جوان و سەرنجڕاکێش، بەهۆی جوانییەکەیەوە دەبێتە شێعر؟ یان شێعر تایبەتمەندییەکی زمانی و هونەریی خۆی هەیە کە دەبێت لە ئاستی زمان و پێکهاتەی دەقدا بەرجەستە بێت؟

لەوەوە کە پێویست دەزانم بە شێوەیەکی ڕەخنەیی ئەو سنوورە لێڵەی نێوان زمانی شێعر و زمانی گێڕانەوە دیاری بکەم و لە ڕێگەی نموونە و شیکردنەوەی ئەدەبییەوە، بۆچوونی خۆم لەبارەی سروشتی زمانی شێعری ئەو کتێبە بخەمە ڕوو.

زمانی شیعری چییە؟

زمانی شیعری تەنها زمانێکی جوان و ڕازاوە نییە، بەڵکو شێوازێکی تایبەتە لە بەکارهێنانی زمان؛ شێوازێک کە وشەکان لە مانای ئاسایی و ڕۆژانەیان دەردەهێنێت و دەیانکاتە ئامرازی دروستکردنی ئەزموونێکی هەستی، خەیاڵی و بیرکاری.
بە واتایەکی تر، زمانی شیعر زمانێکە کە تەنها شتێک ناگێڕێتەوە، بەڵکو شتێک دروست دەکات؛ تەنها مانا ناگەیەنێت، بەڵکو مانا بەرهەم دەهێنێت.

 

بۆ ئەوەی ئەم تایبەتمەندییە ڕوونتر بێت، چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکیی زمانی شیعری دەخەمە ڕوو:

1ـ ئیماژ و وێنەسازی:

زمانی شێعر توانای ئەوەی هەیە بەهۆی وشە و ڕستەوە وێنەیەکی هونەری لە ناخ و مێشکی خوێنەردا دروست بکات؛ وێنەیەک کە خوێنەر تەنها گوێبیستی زانیارییەک نەبێت، بەڵکو بتوانێت بیبینێت، هەستی پێ بکات و لە خەیاڵی خۆیدا زیندووی بکاتەوە. لێرەدا وشە تەنها ئامرازی گەیاندنی مانا نییە، بەڵکو ماددەی سەرەکیی دروستکردنی وێنە و ئەزموونی ئەدەبییە.

2ـ ئاشناکردنی نامۆ و نامۆکردنی ئاشنا:

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی زمانی شێعری، توانای نامۆکردنی شتە ئاشناکان و ئاشناکردنی ئەو شتانەیە کە لەوانەیە لە ڕۆژانەدا نامۆ بن. واتە شێعر بەهۆی شێوازی تایبەتی بەکارهێنانی زمانەوە، خوێنەر لەگەڵ شتە ناسراوەکاندا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی نوێ دەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە شتێکی ئاسایی لە چوارچێوەی مانای باو و ڕۆژانەی خۆی دەردەچێت و لە ڕوانگەیەکی تازەوە دەبینرێتەوە. بەم شێوەیە، شێعر تەنها وێنەیەکی دووبارەی ژیانی ڕۆژانە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نوێکردنەوەی شێوازی بینین و تێگەیشتن لە جیهان.

3ـ چڕیی مانایی و فرەمانایی:

لە زمانی شێعردا، وشەکان دەبێت توانای هەڵگرتنی بارێکی مانایی و هەستیی چڕیان هەبێت؛ بە جۆرێک کە لە ڕێگەی کەمترین وشەوە، زۆرترین مانا و ئاماژە و هەست بەرهەم بهێنرێت. لەم جۆرە دەربڕینەدا، وشە تەنها یەک مانای دیاریکراو ناگەیەنێت، بەڵکو دەرگای چەندین ئاستی لێکدانەوە و تێگەیشتن بەڕووی خوێنەردا دەکاتەوە. بەم پێیە، چڕیی زمان و توانای بەرهەمهێنانی مانای فرە، یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانی زمانی شیعری.

4 ـ موسیقای ناوەوە:

موسیقای شێعر تەنها لە کێش و سەروادا سنووردار نابێت، بەڵکو لە هەڵبژاردنی وشەکان، ڕێکخستنی دەنگەکان، دووبارەبوونەوەی پیت و وشە، هاوئاهەنگیی دەنگی و ڕیتمی ڕستەکانیشدا خۆی دەردەخات. ئەم پێکهاتە دەنگییانە، بەبێ ئەوەی پێویست بێت هەمیشە پشت بە کێشێکی دیاریکراو ببەستن، ئاواز و جووڵەیەکی تایبەت بە دەق دەبەخشن. بەم پێیە، موسیقای ناوەوە بەشێکی گرنگە لە جوانیی زمانی شێعری؛ چونکە دەنگ لەگەڵ مانادا هاوئاهەنگ دەبێت و کاریگەرییەکی هەستی و هونەری لەسەر خوێنەر دروست دەکات.

5ـ زمانی ئەزموونی شێعری:

شێعر تەنها باسکردنی ڕووداو و دەربڕینی هەست نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گواستنەوە و بەرجەستەکردنی ئەزموونێکی هەستی و مرۆیی. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ئەوەی شاعیر بە ڕاستەوخۆ بڵێت «خەمبارم» و ئەوەی بەهۆی زمان و وێنەسازییەوە خەمەکە لە ناخی خوێنەردا زیندوو بکاتەوە. لە حاڵەتی دووەمدا، خوێنەر تەنها زانیارییەک لەبارەی هەستی شاعیرەوە وەرناگرێت، بەڵکو خۆی دەبێتە بەشێک لەو ئەزموونە و بە شێوەیەکی زیندوو هەستی پێ دەکات. بەم پێیە، زمانی شێعری دەبێت هەست لە ئاستی دەربڕینەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی ئەزموون.

پێناسەی زمانی شێعری:

زمانی شێعری (Poetic Language) لە ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبیدا، ئاماژەیە بۆ ئەو شێوازە تایبەتەی بەکارهێنانی زمان کە لە ڕێگەی ڕێکخستنی وشە، دەنگ، وێنە، خەیاڵ، خوازە و پەیوەندییە ماناییەکانەوە، دەق لە ئاستی پەیوەندیکردنی ئاسایی دەردەهێنێت و دەیگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی ئەدەبی و هونەری.

بە واتایەکی ئەکادیمی، زمانی شێعری تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی بیر و هەست، بەڵکو خودی زمان دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی هونەریی دەق. لێرەدا گرنگی تەنها لەوەدا نییە کە شاعیر چی دەڵێت، بەڵکو لەوەدایە کە چۆن دەیڵێت و بە چ شێوازێک لە ڕێگەی زمانەوە مانا بەرهەم دەهێنێت.

بۆیە دەتوانین بڵێین: زمانی شێعری ئەو شێوازە تایبەتەی بەکارهێنانی زمانە کە لە ڕێگەی تایبەتمەندییە دەربڕینییە دەنگی، وێنەیی و ماناییەکانییەوە، زمان لە ئەرکی ئاسایی پەیوەندیکردن دەردەهێنێت و دەیگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی مانا و دروستکردنی ئەزموونێکی ئەدەبی و هونەری.

مێژووی پێناسەکردنی زمانی شێعری

 

ئەم چەمکە تازە نییە، ڕەگی لە بیرکردنەوەی کۆنی یۆنانەوە هەیە، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی زانستیتر و زمانەوانیتر خراوەتە بەر لێکۆڵینەوە.

١. ئەرەستوو و بیرکردنەوەی کلاسیکی

 

لە کتێبی «هونەری شێعر»دا، ئەرەستوو باس لە پێکهاتەی شێعر، زمانی شێعری، هەڵبژاردنی وشە و گرنگیی خوازە دەکات. لە ڕوانگەی ئەودا، خوازە یەکێکە لە تواناکانی گرنگی شاعیر؛ چونکە توانای بینینی هاوبەشی لە نێوان شتە جیاوازەکاندا دەردەخات.
گرنگیی بیرۆکەی ئەرەستوو لەوەدایە کە زمان لە شێعردا تەنها ئامرازی گێڕانەوەی ڕووداو نییە، بەڵکو شێوازی دەربڕین و چۆنیەتیی پێکهێنانی دەقیش بەشێکن لە هونەری شێعر.

 

2ـ فۆرماڵیستەکانی ڕووسی و سەدەی بیستەم

ویکتۆر شکلۆفسکی لە ساڵی ١٩١٧دا، لە وتاری بەناوبانگی «هونەر وەک تەکنیک»، چەمکی «نامۆکردن»ی خستە ڕوو. لە ڕوانگەی شکلۆفسکییەوە، ئەرکی هونەر ئەوەیە شتە ئاشنا و ڕۆژانەکان بە شێوەیەکی نامۆ و تازە پیشان بدات، بۆ ئەوەی مرۆڤ جارێکی تر بە وردی بیانبینێتەوە. بە مانایەکی تر، شێعر دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر لە ڕێگەی زمانەوە جیهان بە شێوەیەکی نوێ ئەزموون بکات.

3 ـ ڕۆمان یاکۆبسۆن و تیۆریی ئەرکی شێعریی زمان

ڕۆمان یاکۆبسۆن یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی بواری لێکۆڵینەوە لە زمانی شێعری. لە وتاری بەناوبانگی «زمانەوانی و شێعرناسی»دا، لە ساڵی ١٩٦٠دا، چەمکی «ئەرکی شێعریی زمان»ی بە شێوەیەکی تیۆری خستە ڕوو.

لە ڕوانگەی یاکۆبسۆنەوە، لە ئەرکی شێعریدا سەرنجی سەرەکی لەسەر خودی پەیام و شێوازی پێکهاتنی ئەو پەیامەیە. واتە خوێنەر تەنها سەرنجی ناوەڕۆک نادات، بەڵکو سەرنجی شێوازی دەربڕین و ڕێکخستنی زمانیش دەدات.

بۆ نموونە، لە دەربڕینێکی ئاساییدا گرنگی لە گەیاندنی زانیارییەکەدایە، بەڵام لە دەربڕینی شێعریدا، دەنگ، وشە، ڕێکخستنی ڕستە و پەیوەندیی نێوانیانیش دەبنە بەشێک لە مانای دەق. ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە؛ یاکۆبسۆن پێی وایە ئەرکی شێعری تەنها تایبەت بە شێعر نییە، بەڵکو لە جۆرەکانی تری دەربڕینیشدا هەیە، بەڵام لە شێعردا دەبێتە ئەرکی زاڵ

ڕای تاکەکەسیی خۆم لەبارەی زمانی شێعرییەوە:

 

بە بڕوای نووسەری ئەم دەقە دەکرێ بڵێین: شێعر تەنها کۆمەڵێک وشەی جوان و دەربڕینی ناسک نییە. هەروەها هەر دەقێک کە هەست و سۆزێکی تێدا بێت، ناشێت بە شێعر دابنرێت. شێعر لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە زمان لە ئەرکی ئاسایی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی جیهانێکی شاراوە لە پشت وشەکاندا.
زمانی شێعری، زمانێکی خاوەن هەستی تایبەت و توانایەکی بێسنووری خەیاڵە؛ زمانێک کە لە ڕێگەی ئیستعارە، ئاماژە و نامۆکردنی دەربڕینەوە، لە شتە ئاساییەکان واتایەکی تازە بەرهەم دەهێنێت. لەم زمانەدا، وشەکان تەنها نوێنەری شتەکان نین، بەڵکو خۆیان دەبنە بەشێک لە دروستکردنی ئەو جیهانەی کە شاعیر دەیخاتە بەردەم خوێنەر.
لە ڕاستیدا، جیاوازیی نێوان زمانی شێعری و زمانی ڕۆژانە تەنها لە جۆری وشە و دەستەواژەکاندا نییە، بەڵکو لە شێوازی بەکارهێنان و پەیوەندیی نێوان وشەکان و توانایان بۆ دروستکردنی چەندین چین لە مانادایە. هەندێک جار وشەیەکی زۆر سادە، لە شوێنی خۆیدا، دەتوانێت قووڵترین هەست و بیرۆکە بە خوێنەر بگەیەنێت؛ لە کاتێکدا کۆمەڵێک وشەی ڕازاوە و پڕ لە جوانکاری، ئەگەر لە پێکهاتەیەکی هونەریدا نەگونجێن، ناتوانن دەقێکی شێعری بەرهەم بهێنن.

 

بۆیە پێم وایە پێوەری شێعریبوونی دەق، نە جوانیی دەرەکیی وشەکانە و نە قەبارەی هەست و سۆزەکەی، بەڵکو ئەو توانایەیە کە زمان بتوانێت لە سنووری دەربڕینی ئاسایی بپەڕێتەوە، شێوەیەکی نوێ لە بینینی جیهان پێشکەش بکات و لە ناخی خوێنەردا ئەزموونێکی ئەدەبی و خەیاڵیی تایبەت بەرهەم بهێنێت.

چونکە شێعر تەنها هونەری دانانی وشەکان لە تەنیشت یەکتر نییە، بەڵکو هونەری دۆزینەوەی ئەو مانایانەیە کە تا پێش ئەوە لە چاوی ئێمەدا شاراوە بوون. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر و بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی زمانی شێعری بە شێوەیەکی کردەیی بخەینە ڕوو، تیشک دەخەینە سەر چەند نموونەیەکی شێعری لە شاعیرانی کورد؛ شاعیرانێک کە بەهۆی وێناسازیی نوێ، هەڵبژاردنی وشە و شێوازی تایبەتی بەکارهێنانی زمان، گۆڕینی واتا و ئاستی داهێنانی زمانییانەوە، نموونەیەکی بەرزی بەکارهێنانی زمانی شێعری پێشکەش دەکەن.

**من لێرەدا شێعرەکانی سێ شاعیری کورد، شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەڵمەت و مارف ئاغاییم هەڵبژاردووە.

نموونەیەک لە شێعری شێرکۆ بێکەس، کە نموونەیەکی جوانە بۆ تێگەیشتن لە زمانی شێعری:

 

دڵۆپ دڵۆپ

 

باران گوڵ ئەنووسێتەوە و

نمە نمەیش چاوانم تۆ...

«دڵۆپ دڵۆپ، باران گوڵ دەنووسێتەوە»

ئەم دێڕە شێعرییە لە چەند خاڵێکدا دەکرێت شیکاری بکرێت:

1-   نامۆکردنی زمانی ئاسایی:

شاعیر باران وەک دیاردەیەکی سروشتی و تەنها بارین نابینێت؛ بەڵکو باران دەکاتە نووسەر و گوڵ دەکاتە نووسراو. ئەمە گۆڕینی پەیوەندیی ئاسایی نێوان شتەکانە.

2- وێنەیی ناوخۆیی:

«دڵۆپ دڵۆپ» لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی وشەوە، جووڵە و دەنگی بارانمان پێ دەگەیەنێت. خوێنەر تەنها باران نابینێت، بەڵکو دەنگ و هەستی بارانیش دەژێت.

3- یەکگرتوویی سروشت و مرۆڤ:

لەم دێڕەدا، چاوەڕوانیی شاعیر لەگەڵ دیاردەی باراندا تێکەڵ دەبێت؛ وەک ئەوەی باران لە چاوی ئەودا بە شێوەیەکی مرۆیی جیهان دەبینێتەوە.

4-  فرەمانایی:

گوڵ لێرەدا تەنها گوڵی سروشتی نییە، بەڵکو دەتوانێت نیشانەی جوانی، خۆشەویستی و ژیان بێت.

گرنگترین خاڵ ئەوەیە شێرکۆ ناڵێت «باران دەبارێت و گوڵ دەردەکەوێت»، بەڵکو دەڵێت «باران گوڵ دەنووسێتەوە». ئەمە گۆڕینی کردارە؛ زمان لە ئاستی دەربڕینی ئاسایی دەردەهێنێت و دەیگۆڕێت بۆ زمانی شێعری.

بەم پێیە، یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی زمانی شێعری، دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێیە لە نێوان وشە و شتەکاندا، بە شێوەیەک کە جیهان لە ڕوانگەیەکی تازەوە ببینرێتەوە.

دووهەم: نموونەیەک لە شێعری لەتیف هەڵمەت

 

«بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ کوێ دەڕۆی؟

لە کوێ هەوارت هەڵدەدەی؟

لە ئامێزی من بترازێی،

لە هەر کوێ بی، پەناهەندەی».

ئەم دەقە شێعرییە لە چەند خاڵێکدا دەکرێت شیکاری بکرێت:

١. نامۆکردنی زمانی ئاسایی:

 

«لە ئامێزی من بترازێی»؛ ئامێز لێرەدا تەنها شوێنی باوەشکردن نییە، بەڵکو دەبێتە شوێنی ئارامی و پەنا. وشەی «ترازان» لەگەڵ ئامێزدا وێنەیەکی هەستیاری جیاواز دروست دەکات.

٢. وێنەسازیی هەستی:

«لە هەر کوێ بێ، پەناهەندەی»؛ شاعیر دۆخی بێپەناهیی خۆشەویستەکەی بە شێوەیەکی ناسک دەردەبڕێت. ئەوەی لە ئامێزی شاعیر دەڕوات، لە هەموو شوێنێکدا بەدوای پەنا و ئارامییەکدا دەگەڕێت.

٣. زمانی شێعری و زمانی ئاسایی:

«بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ کوێ دەڕۆی؟» پرسیارێکی ئاسایییە، بەڵام لەگەڵ دەربڕینەکانی دواتردا، دەبێتە دەربڕینی ترس لە لەدەستدانی خۆشەویست. دووبارەکردنەوەی «بگەڕێوە»ش هەستی پەلە و پاڕانەوەی ناو دەقەکە زیاتر دەکات.

لەو نموونەیەدا، لەتیف هەڵمەت بە وشە و دەربڕینی سادە، پەیوەندییەکی هەستیی قووڵ لە نێوان ئامێز، پەنا و لەدەستداندا دروست دەکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە زمانی شێعری هەمیشە پێویستی بە وشەی ئاڵۆز و ڕازاوە نییە؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە وشەی سادە چۆن لە پێکهاتەیەکی هونەریدا مانایەکی نوێ بەرهەم دەهێنێت.

نموونەیەک لە شیعری مارف ئاغایی:

 

خاک،

 

توانای کۆچی نییە.

ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من

لەم وڵاتەدا...

١. نامۆکردنی زمان

 

«خاک توانای کۆچی نییە»؛ لە زمانی ئاساییدا کۆچکردن تایبەتمەندی مرۆڤە، نەک خاک. شاعیر بە بەخشینی تایبەتمەندییەکی مرۆیی بە خاک، پەیوەندییەکی نامۆ و شیعری دروست دەکات. خاک دەبێتە بوونەوەرێک کە ناتوانێت شوێنی خۆی جێبهێڵێت.

٢. بەرجەستەکردنی بیرێکی ئەبستراکت

 

«ئەوەی ڕازی مانەوەی هەمیشەی من»؛ مانەوە لێرەدا تەنیا بڕیارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بە ڕازێکەوە دەبەسترێتەوە کە لە سروشتی خاکەوە سەرچاوە دەگرێت. شاعیر خاک وەک هۆکاری مانەوەی خۆی دەناسێنێت.

٣. ئابووریی زمان

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم دەقە ئەوەیە کە بە وشەی کەم، چەمکێکی واتایی فراوان دەگەیەنێت. نیشتمان، ڕەگ، ناسنامە، پابەندبوون و مانەوە، هەموویان لە ناو ئەم ڕستە کورتەدا کۆدەبنەوە.

٤. پەیوەندیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک

کورتبوونی دەربڕینەکان و وەستان لەسەر وشەی «خاک»، دەبێتە هۆی ئەوەی وشەکە قورساییەکی تایبەتی وەربگرێت. خاک دەبێتە ناوەندی هەموو دەقەکە و هەموو ماناکان لە دەوری ئەوەدا کۆدەبنەوە.

 

ئەنجام و هەڵسەنگاندنی کەسی:

بە بۆچوونی من، جوانترین خاڵی ئەم دەقە ئەوەیە کە شاعیر بە یەک ڕستەی سادە، بیرێکی قوڵ دەخاتە مێشکی خوێنەر؛ مرۆڤ دەتوانێت کۆچ بکات، بەڵام خاک ناتوانێت لە خۆی کۆچ بکات. لێرەدا خاک تەنیا شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو ڕەگی بوون و ناسنامەی مرۆڤە.

جیاوازی زمانی شیعری و زمانی گێڕانەوە

زمان تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی بیر و پەیام نییە، بەڵکو لە ئەدەبیاتدا خۆی دەبێتە ئامرازێکی هونەری بۆ دروستکردنی واتا و ئەزموونی جوانی. لەم ڕووەوە، زمانی شیعری و زمانی گێڕانەوە، هەرچەند لە یەک مادەی سەرەکی، واتە وشە، پێکدێن، بەڵام لە شێوازی بەکارهێنان و ئامانجی دەربڕیندا جیاوازییەکی بنەڕەتییان هەیە.
زمانی گێڕانەوە زیاتر ئەرکی گواستنەوەی ڕووداو، ڕێکخستنی بیرۆکە و گەیاندنی پەیام دەبینێت. لەم جۆرە دەربڕینەدا ڕوونی، یەکڕیزی و ئاسانگەیشتن بە مەبەست، گرنگییەکی سەرەکییان هەیە. نووسەر هەوڵ دەدات ڕووداوێک بگێڕێتەوە، بیرۆکەیەک ڕوون بکاتەوە یان زانیارییەک بگەیەنێت. بۆیە وشەکان زۆرجار لە واتای ئاسایی و ڕاستەوخۆی خۆیاندا بەکار دەهێنرێن.

 

بەڵام زمانی شیعری لە ئاستی گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی خەیاڵ، وێناسازی، ئاماژە، خواستنەوە، ئاواز و نائاساییکردنەوەی زمانەوە ئەزموونێکی هونەری دروست بکات. لێرەدا وشە تەنیا ئامرازی دەربڕین نییە، بەڵکو خۆی دەبێتە بابەتی داهێنان و واتاسازی. واتە لە زمانی شیعردا چۆنیەتی وتن هەندێکجار بە قەدەر ئەوەی دەوترێت گرنگە.

ئەمەش ئەوەیە کە ڕۆمان یاکۆبسۆن، زمانەوان و تیۆریسیەنی ناسراوی ئەدەبیات، لە باسەکەیدا بە ناوی «کاریگەری شیعری زمان» ئاماژەی پێدەکات. لە دیدی ئەودا لە زمانی شیعریدا سەرنج تەنیا لەسەر پەیام نییە، بەڵکو دەخرێتە سەر خودی پەیام و شێوازی پێکهاتە و دەربڕینەکەیشی. واتە چۆنیەتی هەڵبژاردن و ڕێکخستنی وشەکان بەشێکە لە بنەمای داهێنانی شیعری.

لە لایەکی دیکەوە، یان موکارۆڤسکی لە تیۆری زمانی ئەدەبیدا چەمکی «پێشخستن» دەخاتە ڕوو، بە مەبەستی ئەوەیە کە زمانی ئەدەبی بە دەرچوون لە شێوازی ئاسایی و ڕوتینی زمان، سەرنجی خوێنەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت و وشە و دەربڕینەکان لە چوارچێوەیەکی نوێدا دەخاتە بەرچاو.

هەروەها ویکتۆر شکلۆڤسکی، تیۆریسیەنی فۆرمالیزمی ڕووسی، بە چەمکی «ئاشناییکردنەوە» ئاماژە بەو توانایە دەکات کە هونەر شتە ئاسایی و ئاشناکان بە شێوەیەکی نامۆ و تازە پیشان دەدات، تاکو مرۆڤ جارێکی دیکە بە هەست و سەرنجێکی نوێوە بیانبینێتەوە. لەبەر ئەمانە، جیاوازی زمانی شیعری و زمانی گێڕانەوە تەنیا لە بوونی کێش و سەروا یان نەبوونیاندا نییە، بەڵکو لە شێوازی بەکارهێنانی زمان، ئاستی خەیاڵ، داهێنانی وێنە، فرەواتایی و چۆنیەتی کاریگەریکردن لەسەر خوێنەرە. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە هەر دەقی گێڕانەوە لە جوانی زمان بێبەشە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ئەرکی سەرەکیی ئەم دوو شێوازەی دەربڕینە جیاوازە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین زمانی گێڕانەوە زۆرجار ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام زمانی شیعری ئەو ڕووداوانە لە ناخی خەیاڵدا دووبارە دەخولقێنێتەوە. یەکەم زیاتر دەیەوێت شتێک بگەیەنێت، دووەم دەیەوێت شتێک لە ناخی خوێنەردا بژێنێت.

گێڕانەوە چییە؟

گێڕانەوە شێوازێکە لە بەکارهێنانی زمان کە لە ڕێگەیەوە نووسەر یان گێڕەر، زنجیرەیەک لە ڕووداو، کردار، ئەزموون و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام دەخاتە ڕووی خوێنەر. لە بنەڕەتدا، گێڕانەوە هونەری ڕێکخستنی ڕووداوەکانە لە چوارچێوەی کات و شوێندا، بە مەبەستی گەیاندنی ئەزموونێک یان گواستنەوەی واتایەک.

لە دیدی ژێرار ژێنێت، گێڕانەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان ڕووداو، شێوازی گێڕانەوە و کردارەکانی گێڕەر دروست دەکات؛ واتە چۆنیەتی ڕێکخستنی کات و ڕیزبەندیی ڕووداوەکان بەشێکە لە پێکهاتەی گێڕانەوە.

هەروەها میکائیل باختین لە بیرۆکەکانی خۆیدا گرنگی بە فرەدەنگی و جۆراوجۆریی دەنگ و دیدگا لە ناو دەقی گێڕانەوەدا دەدات. لە دیدی ئەودا، دەقی گێڕانەوە دەتوانێت شوێنی تێکەڵبوونی دەنگە جیاوازەکان و گفتوگۆی نێوان دیدگا و ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان بێت.
بە دەربڕینێکی کورت، گێڕانەوە هونەری گۆڕینی ڕووداوەکانە بۆ دەق؛ هونەری ئەوەیە کە ئەوەی ڕوویداوە، لە ڕێگەی زمانەوە جارێکی دیکە لە ناخی خوێنەردا زیندوو بکرێتەوە.

خەسارەکانی گێڕانەوە

 

لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، گێڕانەوە هەمیشە بە مانای بەهێزکردنی دەقی شیعری نییە؛ چونکە کاتێک ئەرکی گێڕانەوە لە سنووری خۆی تێدەپەڕێت و دەست بە داگیرکردنی بۆشایی زمانی شیعری دەکات، دەق تووشی چەندین خەساری هونەری و ئەستێتیکی دەبێت. لە تێڕوانینی ژان کوهێن (Jean Cohen) ـیشدا، جیاوازیی زمانی شیعری و زمانی ئاسایی لە شێوازی بەکارهێنانی زمان و تێکدانی ڕێکخستنی ئاسایییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لەبەر ئەوە، کەمبوونەوەی ئەو تایبەتمەندییە زمانەوانی و ئەستێتیکییانە دەتوانێت دەق لە شاعیرانەبوون دوور بخاتەوە.

خەسارە سەرەکییەکانی گێڕانەوە لە دەقی شیعریدا بریتین لە:

1.      کەمبوونەوەی چڕیی زمانی:

 کاتێک وشەکان زیاتر بۆ ڕیزکردنی ڕووداو و گواستنەوەی زانیاری بەکاردێن، دەق لە چڕیی واتایی و زمانەوانی خۆی دوور دەکەوێتەوە.

2.     لاوازبوونی وێنەسازی:

گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و وردەکارییە زۆرەکان دەتوانن جێگای وێنەی شیعری بگرنەوە؛ لە ئەنجامدا، خەیاڵی خوێنەر لە بەرهەمهێنانی وێنە و پەیوەندییە نوێیەکاندا سنووردار دەبێت.

3.    کەمڕەنگبوونەوەی ئاماژە و فرەواتایی:

کاتێک شاعیر هەموو شتێک بە ڕوونی و بە شێوەی گێڕانەوە دەخاتە ڕوو، بۆشاییی تەئویل و ئەو واتا شاراوەیانەی کە دەبێت خوێنەر بەشداری لە دۆزینەوەیاندا بکات، کەم دەبنەوە.

4.     سستبوونی ڕیتم و موسیقای ناوەوە:

رێژبوونەوەی ڕستە گێڕاوەییەکان و پشتبەستن بە ڕیزکردنی زانیاری، دەتوانێت ئاواز و پەیوەندیی نێوان دەنگ و واتا لاواز بکات.

5.     گۆڕینی ئەزموونی شیعری بۆ ڕووداوگێڕان:

لەم حاڵەتەدا، دەق زیاتر دەبێتە گێڕانەوەی ڕووداوێک، نەک بەرجەستەکردنی ئەزموونێکی هەستی و خەیاڵی؛ واتە خوێنەر ڕووداوەکە دەزانێت، بەڵام بە هەمان ئەندازە ئەزموونی ناکات.

لە کۆتاییدا، کێشەکە لە بوونی گێڕانەوە لە شیعردا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە گێڕانەوە چۆن و تا چ ڕادەیەک دەسەڵات بەسەر زمانی شیعریدا دەسەپێنێت. چونکە شیعر نابێت تەنیا بڵێت چی ڕوویداوە، بەڵکو دەبێت بەهۆی زمانەوە ئەوەش بەرجەستە بکات کە چۆن ئەو ڕووداوە هەست و خەیاڵی مرۆڤ دەجووڵێنێت.

گێڕانەوەی شاعیرانە چییە؟

 

گێڕانەوەی شاعیرانە شێوازێکە لە دەربڕینی ئەزموونی مرۆیی، کە تێیدا گێڕانەوە تەنها ئامرازی گواستنەوەی زانیاری و ڕووداو نییە، بەڵکو دەبێتە ئامرازی دروستکردنی ئەزموونی ئەستێتیکی. لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا، گرنگی تەنها لەوەدا نییە چی ڕوویداوە، بەڵکو لەوەدایە چۆن ڕووداوەکە دەخرێتە ڕوو و چۆن زمان، خەیاڵ، وێنە و هەست لە پێکهێنانی مانایەکدا بەشدار دەبن.

ئایا گێڕانەوە دەتوانێت شیعر بێت؟

بەڵێ، گێڕانەوە دەتوانێت ببێتە شیعر، بەڵام گێڕانەوە بە تەنها بەس نییە بۆ شیعریبوون. ئەگەر زمان تەنها ڕووداوەکان بگێڕێتەوە، دەقەکە لە سنووری گێڕانەوەی ئاساییدا دەمێنێتەوە؛ بەڵام کاتێک زمان لە ئاستی ئاماژە، وێناسازی، چڕیی واتایی، ئاواز و ئافراندنی مانای شاراوەدا کار دەکات، گێڕانەوە دەتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی شیعری.

خاڵێکی گرنگ لە ڕەخنەی شیعردا:

 

هەموو دەقێکی وێنەدار شیعر نییە، هەروەها هەموو دەقێکی گێڕانەوەیی لە شیعریبوون دوور نییە. پێوەر، ئەوەیە ئایا گێڕانەوە لە خزمەتی هونەریی زماندایە، یان زمان تەنها خزمەتی گێڕانەوە دەکات؟

بە کورتی، لە شیعری شاعیرانەدا، گێڕانەوە نابێت تەنها چیرۆک بگێڕێتەوە؛ بەڵکو دەبێت چیرۆکەکە بگۆڕێت بۆ وێنە، هەست و مانا.

لێرەدا پێویستە دوو نموونە بهێنمەوە:

1-   گێڕانەوەی ئاسایی

کاتێک لەگەڵ یەکتر دانیشتبووین، پێم گوت حەزم لێیە ماچت بکەم. ئەو پێکەنی و نزیکی بووەوە. پاشان ماچێکی لێ کردم و هەردووکمان بە خۆشییەوە پێکەنین.
لێکدانەوە: لێرەدا ڕووداوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ ئاڵۆزیی زمانی گێڕدراوەتەوە. ئامانج تەنها گواستنەوەی زانیارییە، نەک دروستکردنی وێنەیەکی هونەری.

 

٢. گێڕانەوەی شاعیرانە

شێرکۆ بێکەس دەڵێت:

 

«تۆ دەتوانی بە قومێک ماچ بمخەیتەوە هەڵقۆڵین».

لێکدانەوە: لەم دێڕەدا، شاعیر تەنها باسی ماچێک ناکات، بەڵکو بە وێنەیەکی خەیاڵی و خوازراو، کاریگەریی ماچ لەسەر ژیانی مرۆڤ دەردەخات. وشەی «هەڵقۆڵین» لێرەدا مانایەکی زیاتر لە زیندووبوونەوەی جەستەیی هەڵدەگرێت؛ ئاماژەیە بۆ زیندووبوونەوەی هەست، هیوا و ناخی مرۆڤ.

لە ڕاستیدا، ئەوەی دێڕەکە لە گێڕانەوەی ئاسایی جیا دەکاتەوە، توانای زمانە لە گۆڕینی کردارێکی سادەی وەک ماچ بۆ وێنەیەکی ئەدەبی و پڕ لە هێزی واتایی.
ئەنجام: گێڕانەوەی ئاسایی ڕووداو دەگێڕێتەوە، بەڵام گێڕانەوەی شاعیرانە ڕووداو دەکاتە ئەزموونێکی خەیاڵی و ئەستێتیکی.

 

پەیوەندی وێنە و زمان و کاردانەوەیان لەسەر یەکتر

وێنە و زمان دوو توخمێکی پێکەوەگرێدراوی زمانی شیعرن. زمان مادەی سەرەکییە کە شاعیر بەهۆیەوە وێنەی شیعری دەخولقێنێت، و وێنەش ئەو توانایەی زمان ئاشکرا دەکات کە لە سنووری واتای ڕاستەوخۆ تێپەڕێت و جیهانێکی خەیاڵی و هەستی دروست بکات. لەم بارەیەوە، بیرۆکەکانی پۆل ڕیکۆر لەسەر زمانی مەجازی و واتای ناڕاستەوخۆ گرنگن؛ چونکە بە بڕوای ئەو، مەجاز تەنها گۆڕینی وشە نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ ئاشکراکردنی لایەنێکی نوێی واقیع کە زمان بە واتای ڕاستەوخۆ ناتوانێت دەریبخات.
لە لایەکی دیکەوە، گاستۆن باشلار لە شرۆڤەی وێنەی شیعریدا گرنگییەکی تایبەت بە خەیاڵ و بیرەوەری و جیهانی ناخی مرۆڤ دەدات؛ بە جۆرێک وێنەی شیعری لە ڕوانگەی ئەودا تەنها وەسفی شتەکان نییە، بەڵکو دەرخەری جیهانێکی ناوەکی و هەستییە.
لە ڕاستیدا، زمان بەبێ خەیاڵ و وێناسازی دەکرێت لە ئاستی دەربڕینێکی ئاساییدا بمێنێتەوە، هەروەها وێنەش بەبێ زمانی گونجاو ناتوانێت جوانی و کاریگەریی هونەریی خۆی بە تەواوی دەربخات. لەبەر ئەوە، هەرچەندە زمان داهێنەرانەتر بێت و وشەکان بە وردی و هەستیارییەوە هەڵبژێردرابن، وێنەی شیعریش زیندووتر، چڕتر و کاریگەرتر دەبێت.

 

بە واتایەکی تر، زمان مادەی خولقاندنی وێنەیە و وێنە ڕۆحی هونەریی زمان؛ یەکێکیان وێنە دەخولقێنێت و ئەوی دیکە زمان بە هێزی شیعری دەژێنێتەوە.

زمانی شیعری لە بابەتەکانی سوھەیب عەلی‌دا

لە ئەنجامی چەندین جار خوێندنەوە و پشکنینی وردی دەقەکانی ئەم کتێبە حەفتا لاپەڕەییەدا، تەنها چەند نموونەم لە بەکارهێنانی زمانی شیعری‌ دیاری کردووە، کە هەموویان لە لاپەڕەیەکدا جێیان دەبێتەوە. لە کاتێکدا بەشی زۆری دەقەکان، زیاتر لەوەی خاوەنی تایبەتمەندییەکانی زمانی شیعر بن، لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا دەمێننەوە و زمان پابەندی گێڕانەوەی بیرۆکە و ڕووداوەکانە.بۆیە پێویستم بە هێنانەوەی نموونە لە گێڕانەوەکان نەبینیوە؛ چوونکە ئەوەی لە دەقێکدا شێعر بە تەنیا لە چەند دێڕێکدا خۆی دەنوێنێت، خۆی بەسە بۆ ئەوەی بێدەنگیی باقیی دەقەکەمان پێ بناسێنێت.
لە خوارەوە ئەو نموونانە دەخەمە ڕوو کە بە پێی پێوەرە ئەدەبی و زمانییەکان، ئه‌کرێ وەک بەکارهێنانی زمانی شیعری چاویان لێ بکرێت.

 


* بۆ نیشتمان بۆ هەر سێ دازاینی دابڕاو کە هیچکات پێکەوە وێنەیەکی سێکەسیمان نەگرت.

 

* چیدی بە هیچ نالکێمەوە بە خۆما و یەک سێهومم ماوە بۆ مردن.

*هەزاران نالی لە منا چاوەڕێی تەلەفۆنێکی تۆی سلێمانین، تۆ هیچکات خۆشت نەویستم، هیچکات نەگەڕامەوە دڵت.

*بێ تۆیی مردنە لە شەممەیەکی بێگورانیدا.

* دالێ بە مەدلوولی بێتۆییم ناخوات و لە بۆگەنی بێکەسیێکی چۆڵدا هێندە ناشیرین شاعیرم هیچ پشیلەیەکی ئەم دنیا سڵ لە تەنیاییم ناکاتەوە.

*لە مندا تەنها تۆ بە ساقی ماویتەوە.

*فەقیری تفێ بوو لەبەر چاو هەموو میوانەکانەوە کردیانە ناو چاوی من.

*کچێکی ئەفغانی دڵتەنگە و سیگارم تیا ئەکێشێت.

*مردوونووسێکی بێ‌قەبرم.

*هیچ نیشانەیەکم نییە تا حافزەت (ئەها) یەک بکات بۆ ناسینەوەم.

*ئیدی بۆ شارم نیت؟

*ئەترسم هێندە خوێنم لێ بچۆڕێ تۆم تیا نەمێنێ نازارێ. من تۆم تیا نەمێنێ ئەمرم.

*کراس بە کراس لەبەرمی، شوێن بە شوێن و قسە بە قسە لەبەرمی.

* هەمیشە دنیا دوو تەختەی کەمە لە منا تۆی.

*تا تۆ بە کراسی کوردی ئاودامانەوە وێنه بگری خاوەرمیانە هەر جوانە و هیچ شەڕێ بێتامی ناکات.

*تا دایکم نەزانێ ئەوەی سەفەری داهێنا تۆ بووی.


ئەنجام

 

کاتێک گێڕانەوە جێگای شیعر دەگرێتەوە

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کۆمەڵەشیعری «بێ‌تۆیی مردنە لە شەممەیەکی بێ گۆرانیدا»

لە خوێندنەوەی هەر دەقێکی شیعریدا، ئەوەی گرنگە تەنها بابەت و ئەزموونی شاعیر نییە، بەڵکو شێوازی گۆڕینی ئەو ئەزموونەیە بۆ زمانێکی هونەری. شیعر لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە زمان لە ئەرکی ئاسایی خۆی تێدەپەڕێت و بە وێنە، هێما، چڕیی واتا و نامۆکردنی دەربڕین، جیهانێکی نوێ لە وشەکاندا دەئافرێنێت. لەم ڕووەوە، دێڕبەندی و شێوەی دەرەکیی دەق ناتوانن بە تەنها ناسنامەی شیعریی بۆی دابین بکەن.

بە پشتبەستن بەو تێگەیشتنە، من لە خوێندنەوەی کۆمەڵەشیعری «بێ‌تۆیی مردنە لە شەممەیەکی بێ گۆرانیدا»ی سوهەیب عەلی، زمانی بەشێکی بەرچاوی دەقەکان بە زمانی گێڕانەوە دادەنێم؛ زمانێک کە زیاتر ئەرکی گواستنەوەی ڕووداو، ڕاڤەکردنی هەست و گەیاندنی بیرۆکە دەبینێت، تا ئافراندنی ئەزموونێکی شیعری. بە بڕوای من، کێشەکە لە سادەییی زماندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە زمان لە زۆر شوێندا لە سنووری دەربڕینی ڕاستەوخۆ تێناپەڕێت و کەمتر دەگاتە ئاستی ئافراندنی مانا و ئەزموونی ئیستاتیکی.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم هەڵوێستە، دەتوانین سوود لە چەند ڕوانگەیەکی تیۆری لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا وەربگرین. لە ڕوانگەی ڕۆلان بارتەوە، دەقی ئەدەبی تەنها ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکو بوارێکە بۆ بەرهەمهێنانی مانا و بەشداریی خوێنەر لە دروستکردنی واتادا. کاتێک مانای دەق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یەک‌ئاراستە دەخرێتە بەردەمی خوێنەر، ئەگەری فرەواتایی و بەرهەمهێنانی مانا سنووردار دەبێت.

هەروەها، لە ڕوانگەی باختینەوە، زمانی کوچە و بازاڕ بە خۆی کەموکوڕییەکی ئەدەبی نییە؛ پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە شاعیر تا چەند توانیویەتی ئەو ماددە زمانەوانییە بگوازێتەوە بۆ ئاستی ئافراندنی ئەزموونێکی ئیستاتیکی. لە هەڵسەنگاندنی مندا، ئەم گۆڕانکارییە لە بەشێکی بەرچاوی دەقەکانی سوهەیب عەلی‌دا بە شێوەیەکی دیار بەدی ناکرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، بیرۆکەکانی کارڵ گوستاڤ یونگ لەبارەی ناخودئاگایی کۆمەڵی و هێماکان، دەتوانن چوارچێوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی قووڵایی وێنە و ئاماژەکانی دەق دابین بکەن. هێمای شیعری توانای ئەوەی هەیە لە ئەزموونی تاکەکەسی تێپەڕێت و بگاتە ئاستی ئەزموونێکی مرۆیی و هاوبەش؛ توانایەک کە لە دەقی گێڕانەوەیی و ڕاستەوخۆدا کەمتر دەرفەتی دەرکەوتنی دەبێت.

لە کۆتاییدا، من کێشەی سەرەکیی ئەم کۆمەڵەشیعرە لە بابەت و ناوەڕۆکەکانیدا نابینم، بەڵکو لە شێوازی مامەڵەکردنی زمان لەگەڵ ئەو بابەتانەدا دەیبینم. نزیکیی زمان لە کۆمەڵگا و ئاسانبوونی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەر، بە تەنها ناتوانن جێگای تایبەتمەندیی ئیستاتیکیی شیعر بگرنەوە. چونکە شیعر تەنها ئەوە نییە کە شاعیر چی دەڵێت، بەڵکو ئەوەیە زمان چۆن ئەوە دەکاتە ئەزموونێکی هونەری.

دێڕبەندی شیعر دروست ناکات؛ ئەوە شیعریبوونی زمانە کە دەق لە ڕەوایەت جیا دەکاتەوە.

خوێنەرانی هێژا

ئەوەی لەم داڕشتەیەدا خستمە ڕوو، تەنها خوێندنەوە و لێکدانەوەی منە بۆ ئەم کتێبە؛ خوێندنەوەیەک کە ناکرێت بە حەقیقەتێکی کۆتایی دابنرێت، یان بانگەشەی ڕاستییەکی ڕەها بکات. چونکە وەک ڕۆلان بارت ئاماژەی پێ دەکات، نووسین هەمیشە فاحشە و خوێندنەوە هەمیشە باکرەیە؛ بۆیە فرەییی خوێندنەوە و لێکدانەوەکان، جێگە بۆ بۆچوونی جیاواز دەهێڵێتەوە. لە کۆتاییدا، حوکمی کۆتایی و هەڵسەنگاندنی ئەم خوێندنەوەیە بە بەردەنگانی ئەم داڕشتەیە دەسپێرم؛ لە هەمان کاتدا، ئارەزووی سەرکەوتن و بەردەوامیی ئەدەبی بۆ هاوڕێم سوهەیب عەلی دەخوازم، بە هیوای ئەوەی هەمیشە نووسین و خوێندنەوەی ببنە هۆی گفتوگۆ و گەشەی زیاتر لە ئەدەبدا».

 

 



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد