| تاريخ: ۲۳ آبان ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۱۸ | بازدید: 57 نظرات: 0 کد مطلب: 26658 |
دکتۆر سۆران غەفوووری
لەو نووسینەدا حەول دراوە گێڕانەوەیەک لە پێوەندی مووسیقی و میعماری و شوناس و هەرمان بەدەستەوە بدرێ. وەکی بیرمەندان کوتوویانە لەو شوێنەی مووسیقا لە دەنگ وەسەر دەکەوێ، دەبێتە میعماری و ئەو جێیەی میعماری دەبێتە بەشێک لە بیرگەی نەتەوەیەک ئەوێ هەرێمی هەرمان و هەمیشە مانەوەیە.
پێشەکی: بیناسازی بۆ دەنگێک کە بێدەنگی نابینێ
تاقمێک لە مرۆڤەکان تەنیا لە چاخێکی تایبەتی مێژووییدا ناژین، بەڵکوو ئەوان لە سنووری کات تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە بیرەوەری و بیرگەی کولتووری نەتەوەکەیان. “حەسەن زیرەک “یەکێک لەو کەسایەتییانەیە کە هەمیشە لە چوارچێوەی شوناس و پانتایی مێژووی هونەری کورد دا دەمێنێتەوە. ئەو تەنیا گۆرانیبێژێک نەبوو کە دەنگێکی تایبەت و هەڵوارتەی هەبێ، دەنگی ئەو هەڵگری بیرەوەری، خۆشی، خەفەت، ئەوین و ئەزموونە ژیاوەکانی خەڵکێکە کە مووسیقایان تەنیا بۆ بیستن نەئافراندووە، بەڵکوو بۆ دەربڕینی بەشێک لە بوونی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.
لە ئاوازی “حەسەن زیرەک “دا ژیانی ڕۆژانە دەبێتە شێعر، شێعر لە مێلۆدی دا گیانی بە بەردا دەکرێ و مێلۆدی دزە دەکاتە ناو بیرگەی گشتییەوە. دەنگی ئەو لە ماڵەکانەوە تا کۆڵان و کوێستان و دەشتەکانی کوردستان دەنگ دەداتەوە و لە نێوان نەوەکان پردێک لە هەست و بیرەوەری هەڵدەبەستێ. هەر بەو هۆیە داڕشتن و کێشانەوەی تەرحێک بۆ سەر گڵکۆی ئەو هونەرمەندە شتێکی ئاسایی نییە، هەرچەند ئەو کێشەیە ساڵهای ساڵە لە بۆکان چارەسەر نەکراوە و رێگایەکی هونەری بۆ نەدیتراوەتەوە.
بۆ هونەرمەندێک کە ژیانی بە مووسیقاوە گرێدراوە و ناوی بەشێکە لە شوناسی مووسیقایی ئێمە، شیاوترین گڵکۆ و بینای وەبیر هێنانەوە میعمارییەکە کە بۆخۆی ببێتە مووسیقا.
من حەولم داوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باباتانە، تەرحێکی هونەری و مووسیقایی بۆ بینای وەبیرهێنانەوەی “حەسەن زیرەک “ دابڕێژم. بۆ ئەو تەرحەش فەلسەفە و شیکاری تیۆریکی کارەکە بۆ ئاگاداری ڕای گشتی و هونەردۆستان بە دەستەوە دەدەم. چون لە دونیای ئەوڕۆدا زۆرن ئەو تەرح و پلانانەی کە پێوەندییەکی وایان بە بنەمای کارەکەوە نییە و دوای سازکرانیشیان شرۆڤەیەک لە لایەن سازێنەرەوە بە دەستەوە نادرێ و نازاندرێ بۆ ئەو تەرحە دەبوو یان دەبێ بۆ ئەو بینایە بنەخشێندرێ.
ئەو تەرحە لەسەر ئەو بیرە بنەماییە دامەزراوە کە زمانی مووسیقا لە میعماری نزیک کرێتەوە، لەو جێگایەی کە "کلیلی سۆل" ، هێڵەکانی راگوازتنی مووسیقا، کلیلەکانی پیانۆ، تیشکی تاو و مەدارەکانی مەنزوومەی کەیهانی و ناوی بۆکان تێکدا ئاوێتە دەبن و گێڕانەوەیەکی چەند رەهەندی لە پێگە و جێگەی “حەسەن زیرەک “ لە کولتووری کوردی دا دەخەنە ڕوو.
لەو تەرحەدا هیچ کام لە ماکەکان تەنیا بۆ جوانی نین، هەر هێڵێک و هەر ئاستێک هەڵگری واتایەکە. بەو شیوەیە:
1- کلیلی سۆل، هێمای ئاڵاهەڵگری مووسیقایی و لێرەدا موووسیقای کوردییە.
لە ناوەندی ئەو بەرهەمەدا فۆڕمێکی مەزن و بگۆڕ لە کلیلی سۆل داندراوە. هێمایەک کە لە مووسیقادا جێگای نۆتەکان لەسەر هێڵەکانی ڕاگوێزتن دیاری دەکا.
هەر وەک چۆن کلیلی سۆل شوناس و جێگای مووسیقایی بە نۆتەکان دەدا، “حەسەن زیرەک “لەو گێڕانەوە هونەرییەدا کەسایەتییەکە کە ئعتیباری بە بەشێکی گەورە لە میراتی ئاوازی کوردی بەخشیوە.
مووسیقای کوردی بەر لە زیرەک مێژوویەکی زەنگین و رەنگینی بووە و گەورەیی ئەو لە دەستپێکردن دا نییە، بەڵکوو لە راگوێزتنی ئەو میراتە بەپێز و هێزەدایە. هەر بۆیە کلیکی سۆل لەو تەرحە هێمایینەدا نیشاندەری ئاڵاهەڵگری و پاراستنی ئەو میراتەیە.
فۆڕمی مەزنی ئەو کلیکە وەک ئاڵایەک لەسەر مەزارەکە دادەندرێ. ئاڵایەک نەک لە پەڕۆ کە با بیشەکێنێتەوە، بەڵکوو ئاڵایەک لە بەرد و نوور و مووسیقا، وەک نەغمەیەک کە سەردەمێک لە حەنجەەرەی "حەسەن زیرەک"دا رواوە و ئێستا وەک پەیکەرەیەکی پتەوە و هەرماوە.
2- سەری ڕێزی مووسیقا بۆ حەسەن زیرەک
یەکێک لە ناسکترین تایبەتمەندییەکانی واتایی ئەو تەرحە، بەشی سەرەوەی کلیلی سۆلە. دەڵێی قامەتی بەرزی کلیلی سۆل لە سەر مەزاری زیرەک سەری دانەواندووە. ئەو چەمانەوەیە وەبیرهێنەرەوەی رێزێکە کە مووسیقا بۆ خزمەتگوازارنی خۆی دادەنێ. مووسیقا کە سەردەمێک لە دەنگی زیرەکەوە دەخوشا، ئێستا لە قەڵافەتی میعماریدا گەڕاوەتەوە سەر گڵکۆکەی تا ڕێزی بۆ دابنێ. ئەو چەمانەوەیە نیشانەی تێکشکان نییە، بەڵکوو وێناکردنی حورمەت و خاکەڕایی و رێزی تایبەتە.
3- مرۆڤێکی سەرمەستی نەغمە و دەنگەکان خۆی دەلاوێنێتەوە
٤- پێنج هێڵی هەڵگر یان راگوازتن لە مووسیقاوە تا میعماری گڵکۆ
لەو تەرحەدا پێنج هێڵی هەڵگر یان راگوێزتن لە ئاستی دوو رەهەندی هاتۆتە دەرێ و بۆتە ماکەی سێ رەهەندی. دوو هێڵ لەو پێنج هێڵە درێژ دەبنەوە و دەبنە باسکی میعماری و وەک چرپاکانی قەراغ تەرحەکەیان لێدێ. وەک دوو دەستی کراوە کە بانگێشتنی بەردەنگەکان دەکا. سێ هێڵەکەی دیکە لە ناوەندی بەرهەمەکەدا دەبنە سێ توێژی بەردی مەڕ مەڕ لەسەر گڵکۆی مامۆستا زیرەک. ئەو سێ توێژە هێمای سێ رەهەند لە میراتی زیرەکن:
دەنگ: ئەوەی لە حەنجەرەیەوە هەستا و بیسترا.
بیرەوەری: ئەوەی لە زەین و دڵی خەڵکدا ماوە.
هەرمان: ئەوەی لەتەمەنی تاکەکەس تێپەڕی و بوو بە میراتی کولتووری.
دەڵێی هێڵەکان بە جێگای هەڵگرتنی نۆتەکان پەیکەری هونەرمەندیان هەڵگرتووە کە خۆی بۆ ئاواز و مووسیقا تەرخان کردبوو.
٥- چرپا و سەندەڵییەکان بە شێوەی کلیلی پیانۆ
لە پێکهاتەی شوێنی دانیشتنی قەراغ گڵکۆکەدا، لە ریتمی بەرچاوی کلیلەکانی پیانۆ ئیلهام وەرگیراوە.
هەر کلیلێکی پیانۆ ئیمکانێکە بۆ بەرهەمهێنانی دەنگ، بەڵام مووسیقا کاتێک بەرهەم دێ کە ئەو دەنگانە پێوەندییەکی واتاداریان لەگەڵ یەکتر هەبێ، ئەو چرپایانەی لە تەرحەکەدا هەن ئەو ڕۆڵە دەگێڕن، ئەگەر “حەسەن زیرەک “نەغمەی سەرەکی ئەو بەرهەمە بێ، خەڵکێک کە لەسەر چرپاکان دادەنیشن نۆتی زیندوون کە دەوامەی نەغمەکانی ئەون. واتە ئیتر بینەران و سەردانیکەران تەنیا بینەری نین، بەڵکوو دەبنە بەشێک لەو تەرحە هونەرییە.
٦- میعماری یان بیناسازی گەڕۆک و لە جووڵە ئیلهام وەرگرتن لە زمانی فۆڕمی زاها حەدید
زمانی میعماری ئەو بەرهەمە بە چەماوەیی بەردەوام و ئاستە بەردەوام و هێڵە نەرمەکانییەوە لە ئاراستەی هونەری و میعماری "زاها حەدید" ئیلهامی وەرگرتووە. مووسیقا شوناسێکی کاتی و لەگەڕی هەیە. نەغمەکان پێک دێن. جووڵە دەکەن. بەرز دەبنەوە. دادەبەزن و لە بیرەوەریدا دەچەسپێن. لەو تەرحەشدا کلیلی سۆل نەک وەک هیمایەکی تەخت و وەستاو، بەڵکوو وەک بارستایەکی زیندوو و لە جووڵە دەرکەوتووە. فۆڕمەکە لە عەرزەوە ڕاست دەبێتەوە، لە فەزا دا خول دەخوا، بە بەرازیی دەگا، لە حەوادا جەغز و ئاڵقەیەک ساز دەکا و بە جووڵەیەکی نەرمەوە بەرەو زەوی دەگەڕێتەوە. ئەو رێچکە و رێڕەوە، وەک جووڵەی ڕستەیەکی مووسیقایی وایە بە واتایە کە؛ سەرەتا، بەربڵاوبوونەوە، بەرزبوونەوە، داگەڕان بەرەو خوار و ئارام بوونەوە، بەندەکانی لەشی پێکدێنن.
٧- جەغزی مەڕمەڕی لە زەوییەوە تا کەیهان
مەدارەکانی دەوروبەری مەزارەکە هێمای نەوەکان، بیسەران و ئەو نەغمانەن کە لە درێژایی زەمان دا، لەگەڵ ئەو میراتە پێوەندییان دەبێ. کەواتە جەغزی مەڕمەڕی تەنیا شوێنی دامەزارندنی بیناکە نییە، بەڵکوو وێنەی خەیاڵی لە جیهانێکە کە مووسیقا لەودا لەگەڕدایە و مەزاری “حەسەن زیرەک “وەک هەتاوێک لە ناوەندیدا دەدرەوشێتەوە.
٨- ئاوابوونی خۆر و ئاوێتە بوونی خۆر و مەزاری زیرەک لە تەرحەکەدا
یەکێک لە کاریگەرترین بەشەکانی ئەو تەرحە پێوەندییەکەی لەگەڵ تیشکی سروشتی خۆرە.
کاتی خۆرنشین، خۆر لە نێوان دەلاقە و چەمەوازەیی کلیلکەلانی سۆلەوە دەبیندرێ. لەو کاتەدا میعماری و نوور و مووسیقا ئاوێتە دەبن. خۆر لە ناوەندی جەغزی مەڕمەرێنی سەر مەزاری زیرەکەوە تێدەپەڕێ و وێنە و دیمەنیکی بێوێنە ساز دەکا.
٩- بۆکان؛ شوناسێکی شاراوە لە پەیکەرەی بەرهەمەکەدا
یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی ئەو بەرهەمە ئامادەیی ناوی BOKAN لە پێکهاتەی واتایی بەرهەمەکەدایە. بۆکان لەو تەرحەدا تەنیا شوێنی دامەزارندنی بینای وەبیرهێنانەوەکە نییە. بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوی بەرهەمەکەیە. زیرەک لە شوێنەزا و بەستێنی کولتووری خۆی دانابڕێ، هەر بۆیە بۆکان و ناوەکەی لە سەر بینای وەبیرهێنانەوەکەی بە شێوەی پیتە شاراوەکان و بە تەکنێکی میعماری جێگای بۆ کراوەتەوە. بینەران لە پێش دا کلیکی سۆل دەبینن، دواتر هێڵەکان و فەزای دانیشتن دێتە پێش چاویان و لە کۆتایی دا نیشانە و هێماکانی شوناسی شار لە پەیکەرەکەدا لە نیگایان دا دەردەکەوێ. ئەو چەند توێژ و رەهەند بوونە سەردانیکەران لە بینەری دەستەوەستانەوە بەرەو بینەری چالاک کە هەرجارێ شتێک دەدۆزیتەوە دەگۆڕێ.
١٠- بینای وەبیرهێناەوە و گڵکۆی زیرەک لە گڵکۆیەکەوە تا هێمایەکی کولتووری بۆ بۆکان:
بایخی ئەو تەرح و پلانە تەنیا لە جوانی فۆڕمیک و پیچیاوی هێماکان دا نییە، بەڵکوو بابەتی بنەڕەتیتر، گۆڕانی واتای گڵکۆیە. لێرەدا بە جێگای جەخت لەسەر مردن، لەسەر بەردەوامی بەرهەمی هونەری جەخت کراوە.
کلیلی سۆل لە زەوییەوە راساوە، هێڵەکان بوونەتە کەشی مرۆڤیانە، چرپاکان ئیمکانیان بۆ ئامادیی خەڵک رەخساندووە، نوور لەسەر مەزار رووناکی ئافراندووە، هەموو ئەوانە پەیامیکی تایبەتیان پێیە: هونەرمەند رەنگە لە جیهانی فیزیکی دەرباز بووبی، بەڵام بەرهەمی ئەو لە ژیان دا ئامادەیە. ئەو بینایە لە بینای گڵکۆ تێدەپەڕی و دەبێتە شوێن و پێگەیەک بۆ رێز لێنان لە مووسیقا و شوێنێکی باش دەبێ بۆ راکێشانی سەرنجی سەیرانکەر و تووریستە خۆیی و ناخۆییەکان، بۆوەی میراتی یەکێک لە داهێنەرانی هونەری بۆکان واتە "حەسەن زیرەک" باشتر و شیاوتر بناسن و ببیستن.
١١- میعماری وەک پێزانینی نەتەوەیەک
لەو میعمارییەدا بە زمانی هونەری لەگەڵ هونەرمەند و بەردەنگانی قسە کراوە. بە زمانی مووسیقا تەرحی میعماری داڕێژراوە. لە کلیکی سۆلەوە تا هێڵەکان و کلیلەکانی پیانۆ و سەری رێزی کلیلی مووسیقا خاوەن واتای تەیبەتن. ناوی شاراوەی بۆکان لە تەرحەکەدا مانایەکی ئاشکرای دیکەی هەیە. هەموو ئەوانە نیشانەی ئەوەن میراتی دەنگی “حەسەن زیرەک “بۆتە ئەزموونیکی فەزایی و مرۆیی و هەرماو لە چوارچێوەی ئەو بینایەدا.
دوا گوتە:
لێردا مووسیقا دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی.
زیرەک لە بۆکانەوە دەرکەوت و دەنگی لەوێ نەگیرساوە و هەموو کوردستانی تەنییەوە.
ئێستا ئەو تەرحە دەیهەوێ مووسیقا بگەڕێنێتەوە شوێنەزای خۆی. نەک لە قالبی دەنگێک لە بڵیندگۆکانەوە، بەڵکوو لە قامەتی میعمارییەکدا کە دەتوانین بیبینن و هەستی پێبکەن.
ئەو تەرحە تەنیا گڵکۆی زیرەک نییە، بەڵکوو وێناکردنی میعماری و رێزی نەتەوەیەکە بۆ دەنگێک کە بەشێک لە شوناسە. وێنەیەکی شیاو کە تێێدا: لە ئێوارەی بۆکان دا کاتێک خۆر بەرەو ئاسۆ دەڕوا دوایین تیشکە زێڕێنەکانی لە نێوان کلیلی سۆلەوە تێدەپەڕێ و لەسەر مەزاری زیرەک بڵاودەبێتەوە. دەڵێی ئاسمان بۆ ساتێک بۆ رێز لە ئاواز بێدەنگ دەبێ. خۆر ئاوا دەبێ، بەڵام لە ناوەندی ئەو مەنزوومە بەردینەدا خۆرێکی دیکە هەڵدێ. خۆرێک بە ناوی حەسەن زیرەک.
ئەو تەرحە پێشکەشە بە ڕووحی نەسرەوتووی حەسەن زیرەک و خەڵکی هونەردۆستی بۆکان و هەموو هۆگرانی مووسیقای کوردی.
|
|