به راپۆرتی پێگهی ههوالی هاژه، رۆژی هەینی ڕێکەوتی 25ی خاکەلێوە بە ئامادەبوونی دەستەیەک لە نووسەران، شاعیران ، دڵسۆزانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆکان و سەردەشت کۆڕێکی خنجیلانەی ڕێزگرتن لە "کافە کتێبی ئەندێشە"ی شاری پیرانشار بۆ توێژەر و فەرهەنگنووس کاک سەلاح پایانیانی و خاتوو لەیلا نوورانی کە کارێکی هاوبەشیان بەناوی "فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان" کردووە، بەڕێوەچوو. سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم کۆڕەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا. پاشان بەخشکەیی ئاوڕ لە ژیان و بەسەرهات و چۆنییەتیی کاری مەیدانیی کاک سەلاح لەبابەت نووسینی "فەرهەنگی زارەکیی موکریان"، "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان، بەشی ژنان"، "فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان"، "ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان" درایەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا بەڕێز بوداقی وەکوو یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆڕە وتاری "کافە کتێبی ئەندێشە"ی خوێندەوە و باسی لە گرینگیی کارەکەی کاک سەلاح کرد و بەپێویستی زانی ئاوڕێکی جیددی لەم کارە بدرێتەوە و کارەکەی بە هەنگاوێکی شیاو زانی.
پاشان کاک سەلاح پایانیانی کورتەیەک باسی کارە مەیدانییەکانی خۆی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی موکریان و ئەو کۆسپ و لەمپەرانە کرد کە لە ماوەی پازدە بیست ساڵی ڕابردوودا بۆی هاتبوونە پێش. دواتر خاتوو لەیلا نوورانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کاری هاوبەشی خۆی لەگەڵ کاک سەلاح لەم بوارەدا کرد.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا نووسەر، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد، کاک ئەحمەدی بەحری پەخشانێکی زۆر جوانی لە وەسفی خۆشەویستی و گرینگیی کارەکای کاک سەلاحدا خوێندەوە.
دواتر نووسەر و ڕەخنەگر دوکتور ڕەهبەری مەحموودزادە باسی گرینگیی خەرمانە بەپیتەکەی کاک سەلاح کرد و لە دوو بەشی دابونەریت و زماندا تیشکی خستە سەر فەرهەنگەکان. دواتر سووکەلەنگەرێکی لەسەر پرسی زمان وەکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر کرد و ئەو کەرەستە خاوە زمانییانەی لەسەر زاری خەڵکی گوند و دێهاتەکانی ناوچەی موکریان تۆمار کراون و ئەو قەوارە و پێکهاتە زمانییەی کە زمانی کوردی لەم سەردەمەدا پێویستە کاریان پێ بکرێ، کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا نووسەر و مامۆستای زانستگا دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان دەستەبەندییەکی فەرهەنگەکانی زمانی کوردی لە 333 ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا کرد و لەم نێوەشدا "فەرهەنگی زارەکیی موکریان" بە خاڵی وەرچەرخانی فەرهەنگەکان زانی و بە ئینسایکلۆپیدیایەکی ناوچەیی تاقانەی موکریان ناودێری کرد.
لە بەشی کۆتاییی وتارەکاندا نووسەر و شاعیر کاک یوونس ڕەزایی ئاوڕێکی خێرای لە فەرهەنگەکان دایەوە و باسی گرینگیی کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان"ی موکریان کرد و وەکوو بەرهەمی ناوازە و بەپێز لە حەوزەی ئەدەبیاتی منداڵاندا باسی کرد. پاشان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاوڕدانەوە لە فەرهەنگەکانی - لەبەر ئەو شپرزەیی و پاشاگەردانییەی زمانی کوردی لەم سەردەمەدا هەیەتی- بۆ گەڕانەوە بۆو پێکهاتە و داڕشتە زمانییەی کورد دەبێ پێی بنووسێ، دایەوە.
لە بەشی کۆتاییی بەرنامەکەدا لە کەشێکی زۆر خۆمانە و دۆستانەدا ڕێز لە زەحمەت و ماندووبوونەکانی ئەو دوو خۆشەویستە گیرا.