| تاريخ: ۲۱ مهر ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۴۵ | بازدید: 912 نظرات: 0 کد مطلب: 26488 |
سووکەئاوڕێک لە شێعر و بەرهەمی «ئەن کارسۆن»؛ براوەی خەڵاتی نۆبێلـی ئەدەبیات لە ٢٠٢٦دا
ئەن کارسۆن (Anne Carson)، شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ و مامۆستای ئەدەبی کلاسیک، یەکێکە لەو وێژەرانەی کە لە نێوان شێعر، پەخشان، فەلسەفە، ئوستوورە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا لە دانوستانی بەردەوام دایە. بەرهەمەکانی تەنیا لە ڕووی هونەرییەوە سەرنجی خوێنەر ڕاناکێشن، بەڵکوو بە قووڵی دەچنە نێو مژارەکانی خۆشەویستی، ئارەزوو، تەنیایی، ئازار و ئاڵۆزییەکانی ژیانی مرۆڤ. تایبەتمەندیی بەرچاوی نووسینەکانی ئەوەیە کە بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ میراتی ئەدەبی و فیکریی یۆنانی کۆن دەکا و لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی نوێوە واتا و پرسیارە کۆنەکان دەخاتە بەردەم خوێنەری ئەمڕۆ.
کارسۆن پتر وەک نووسەر ناسراوە، بەڵام سەیدای ئەدەب و زانستی کلاسیکیشە؛ بوارێک کە ئەدەبیات، زمان، ئوستوورە، تێفکرین و کەلتووری یۆنانی کۆن دەگرێتەوە. ئەم چەندڕەهەندیبوونە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو لە جیات ئەوەی میراتی کۆن تەنیا وەک بابەتێکی مێژوویی یان کۆمەڵە دەقێکی ماوە-بەسەرچوو ببینێ، بە شێوەیەکی زیندوو مامەڵەی لەگەڵ دەکات؛ واتە دەقە کۆنەکان دەکاتە بنەمای پرسیارکردن لەبارەی مرۆڤ و ئەزموونەکانی لە سەردەمی نوێدا.
کارسۆن ساڵی ١٩٥٠ لە شاری تۆرۆنتۆی کانادا لەدایک بووە. ڕێڕەوی خوێندن و کارە ئەدەبییەکانی بەردەوام لەگەڵ ئەدەبی یۆنانی کۆن و لێکۆڵینەوەی کلاسیک پەیوەست بووە. ساڵی ١٩٨١ تێزی دکتۆراکەی لە بواری ئەدەب و زانستی کلاسیک بە ناونیشانی: Odi et Amo Ergo Sum، «ڕقم لێیە و خۆشم دەوێت، کەواتە هەم» بڵاو کردەوە؛ ناونیشانەکە خۆی بە تەنیا ئاماژەیەکی بەرچاوە بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەی کە دواتر لە نووسینەکانیدا پەرەی پێدا: پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان دوو هەستی دژبەر؛ خۆشەویستی و ڕق و، ئەوەی چۆن ناکۆکییە ناوەکییەکان بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤ پێکدەهێنن. دواتر تێزەکەی دووبارە داڕشتەوە و بە شێوەی وتاری: Eros the Bittersweet؛ «ئیرۆس؛ شیرینیی تاڵ» بڵاوی کردەوە. «ئیرۆس» لە ئوستوورە و ئەفسانەی یۆنانی کۆندا پەیوەندیی بە خۆشەویستی و ئارەزووەوە هەیە. کارسۆن لەم بەرهەمەدا بە شێوەیەکی قووڵ لە سرشتی ئارەزووی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە و نیشان دەدا کە خۆشەویستی هەمیشە هەستی ئارامی و دڵخۆشی نییە: زۆرجار لە نێوان نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوە، هیوا و نائومێدی، بەدەستهێنان و لەدەستداندا لەجووڵە دایە. ئەم تێڕوانینە بەشێکە لە بنەمای فیکریی بەرهەمەکانی دواتری.
یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی کارسۆن، کتێبی: Autobiography of Red: A Novel in Verse؛ «ژیاننامەی سوور؛ ڕۆمانێک بە شێوەی شێعر»ـە، کە ساڵی ١٩٩٨ بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە بۆ زۆرێک لە خوێنەران دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ ناسینی جیهانی ئەدەبیی نووسەرەکەی. بەرهەمەکە لە ئەفسانە و میراتی شێعری یۆنانی کۆنەوە سوود وەردەگرێ، بەڵام تەنیا دووبارەگێڕانەوەی چیرۆکێکی کۆن نییە؛ کارسۆن لە ڕێگەی گۆڕینی کەسایەتییەکان و بارودۆخەکانەوە، چیرۆکەکە دەکاتە دەرفەتێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ناسنامە، خۆشەویستی و ئازاری دەروونی.
سەرچاوەی ئەدەبیی ئەم ڕۆمانە، شێعری ««Geryoneis ـە؛ بەرهەمی پاژ پاژ و قرتم قرتمی شاعیری یۆنانی کۆن: «ستێسیخۆرۆس». ناوەندی چیرۆکەکە «گێریۆن»ـە؛ بوونەوەرێکی ئەفسانەیی باڵداری سوورباڵ، کە لە چیرۆکە کۆنەکاندا بە دەستی هێراکڵیس دەکوژرێ. کارسۆن ئەم کەسایەتییە لە چوارچێوەی ئەفسانەیی دەردەهێنێ و بە شێوەی گەنجێکی هاوڕەگەزخواز کە باڵی هەیە، لە جیهانێکی نوێدا پیشانی دەدا. گێریۆن عاشقی هێراکڵیس دەبێت، بەڵام ئەم خۆشەویستییە بە دڵشکان و ئازاردانی هەستی ئەو کۆتایی دێ.
لەو گۆڕانکارییەدا، کارسۆن ئەفسانەی کۆن بە شێوەیەکی نوێ دەخوێنێتەوە و دەرفەتێک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونی تاک دروست دەکات. گێریۆن تەنیا کەسایەتییەکی ئەفسانەیی نییە؛ ئەو گەنجێکە کە هەوڵ دەدات خۆی بناسێ، پەیوەندیی خۆشەویستی دروست بکات و لەگەڵ ئازارەکانی خۆیدا بژی. بەم شێوەیە، چیرۆکەکە لە سنووری ئەفسانەی کۆن دەردەچێ و دەبێتە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی لەبارەی هەستی مرۆڤ، جیاوازی و ناسنامە. هەروەها، هەڵبژاردنی شێوەی چیرۆکە-شیعریش دەرفەت بە نووسەر دەدات کە زمانی شێعر و گێڕانەوەی ڕۆمان لە یەک بەرهەمدا تێکەڵ بکات.
تاقیکردنەوەی فۆڕمە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکان یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کە لە تێکڕای بەرهەمەکانی کارسۆندا دەبینرێ. ئەو پابەند بە جۆرێکی دیاریکراوی نووسین نامێنێتەوە، بەڵکوو بەردەوام دەیەوێ بزانێ زمان و دەق چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی نوێ کار بکەن. لە بەرهەمەکانیدا شێعر و پەخشان، بیرکردنەوەی ئەکادیمی و خەیاڵی ئەدەبی، دەقە کورتەکان و شێوە گێڕانەوە درێژەکان لەگەڵ یەکتر تێکدەچندرێن.
ئەم ڕەوتە نیشان دەدات کە بۆ کارسۆن، نووسین تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی بیرۆکە نییە؛ خودی شێوازی نووسینیش بەشێکە لە پرسیار و تاقیکردنەوەی ئەدەبی.
کتێبی Float، کە ساڵی ٢٠١٦ بڵاو کرایەوە، نموونەیەکی دیاری ئەم تاقیکردنەوانەیە. ئەم بەرهەمە لە بیستودوو کتێبچە پێک دێت کە هەر یەکەیان بابەت و ناوەڕۆکی جیاوازی هەیە. تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی ئەم کۆمەڵەیە ئەوەیە کە خوێنەر ناچار نییە بە ڕیزبەندییەکی دیاریکراو بیخوێنێتەوە؛ دەتوانێ بە هەر ڕیزبەندییەک دەست بە خوێندنەوە بکات. بەم شێوەیە، پەیوەندیی نێوان بەشەکان و ئەزموونی خوێندنەوە لە شێوەیەکی جیاوازدا ڕێک دەخرێتەوە.
ئەم ڕێکخستنە تەنیا تایبەتمەندییەکی دەرەکیی کتێب نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا دەگونجێ کە کارسۆن لە بەرهەمەکانیدا پەیڕەوییان لێدەکات: تاقیکردنەوەی سنوورەکانی دەق و پێشکەشکردنی ئەدەب بە شێوەیەک کە خوێنەر بەشدارییەکی چالاکتر لە ئەزموونی خوێندنەوەدا بکات. لە جیهانی ئەدەبیی کارسۆندا، دەق شتێکی داخراو و تەواوبوو نییە کە تەنیا پێویست بێ لە سەرەتاوە تا کۆتایی بخوێندرێتەوە؛ بەڵکوو دەتوانێ ببێتە بۆشایییەک بۆ تاقیکردنەوە، بەراوەرد و خوێندنەوەی نوێ.
لە بەرهەمی نوێتریدا، Wrong Norma، کە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو کرایەوە، کارسۆن بەردەوامی بەم ئاراستەیە دەدات. ئەم کتێبە کۆمەڵێکە لە دەقە جۆراوجۆرەکان کە ڕەهەندێکی نواندن و پێشکەشکردنی هونەرییان تێدایە. کارسۆن لەم بەرهەمەدا سنووری نێوان ئەدەب و بوارە هونەری و ئەکادیمییەکان دەبەزێنێ و شێوازە جیاوازەکانی دەربڕین لە یەک چوارچێوەدا کۆ دەکاتەوە. ئەم تێکەڵکردنەوەیە بەردەوامی یەکی سروشتیی ئەو هەوڵەیە کە نووسەر لە ماوەی کارە ئەدەبییەکەیدا بەدوایدا بووە: گەڕان بەدوای شێوەی نوێی دەربڕین و تاقیکردنەوەی تواناکانی زمان.
بە گشتی، گرنگیی کارسۆن لەوەدایە کە ئەدەبیاتی یۆنانی کۆن و ئەزموونی مرۆڤی ئەمڕۆ لە بەرانبەر یەکتر دانانێت، بەڵکو ئەم دوو جیهانە دەخاتە گفتوگۆیەکی بەردەوامەوە. ئەفسانە بۆ ئەو تەنیا یادگارێکی مێژوویی نییە؛ دەتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە ناسنامە، ئارەزوو، خۆشەویستی و دڵشکانی. لە هەمان کاتدا، تاقیکردنەوەکانی لە فۆڕمی نووسین نیشان دەدەن کە ئەدەب بە توانای خۆی بۆ گۆڕان و نوێبوونەوە زیندوو دەمێنێتەوە.
لەبەر ئەمە، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەن کارسۆن تەنیا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شێعر و پەخشان نییە؛ بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و ژیان، نێوان میراتی کۆن و پرسیارەکانی ئێستا، و نێوان شێوەی دەق و ئەو ئەزموونە مرۆیییانەی کە هەوڵ دەدات دەریان ببڕێ.
کورتەشێعرێکی «ئەن کارسۆن»:
«LOVE TOWN»
She ran it,
Wet corn,
Yellow braid,
Down her back.
[Anne Carson]
«شــــارۆچکەی ئـــەویــــن»
بە تاڵووکە هاتە ژوورەوە:
گەنمەشامییەکی شلک و ئاودار بوو و،
کەزییە زەرد و ئاڵتونییەکانی،
بە سەر پشتیدا شۆڕ ببوونەوە!
[ئەن کارسۆن]
|