تاريخ: ۱۳ مهر ۱۴۰۵ ساعت ۱۰:۵۷ بازدید: 136      نظرات: 0      کد مطلب: 26409
پەروین دانیش پەژووهـ

بۆ خوێندکار ناتوانێ بەرهەمهێنەری زمانی کوردی بێت


بابەتی سەرساردی و نامۆیی خوێندکارانی زانستگا لە ئاست ئەدەبیات و زمانی کوردی وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی بەرچاو پێویستی بە خەسارناسی و لێکۆڵینەوە لە لایان توێژەران و دڵسۆزانی زمانی کوردی هەیە و داڕشتنی پڕۆگرامێک بۆ چارەسەری ئەو کەمایەسییە.

مەبەست لەم دەقە سەرکۆنەکردن و تێتاڵ پێکردنی گەنج و لاوی خوێندکار و ڕووناکبیر نییە؛ بەس حەولێکە بۆ بەخۆداهاتنەوە لەسەر نامۆیی و کەمتەرخەمی ئەوان و دیار نەبوونی شوێن‌پێیان لە پاراستنی زمان و فەرهەنگ و شوناسی کورد کە مەگین چلۆنکایی بێ، تاق و لۆق سەرانسۆیەکی بکەن و لێببڕن ئاوڕیکی بەخێری وێ دەن. ئەگینا غاڵبەیان قەرەی ناکەون و تەنانەت لەگەڵ ڕێنووسی کوردیش نامۆن.

هەر وەها تەقەلایەکە بۆ ئەوەی زیاتر مشووری لێ بخۆن و بزانن کە زۆر کاری نەکراو لە ئەدەبیاتدا کەڵەکە بووە و چاوەڕوانی وەگەڕخستنی قەڵەمی ئەوان دەکا.

هەڵبەت پێش هەموو شتێک، پێویستە لە دەستنیشانکردنی کێشەکەدا هەڵەیەک نەکەین: ئێمە نابێ هەموو لاوازی و بەرپرسیارێتی ئەو کێشەیە بخەینە سەر شانی خوێندکاری باڵا و وەک لایەنێکی تاکەکەسی چاوی لێ بکەین.

ژینگەی خوێندنی خوێندکاری کورد شوێنێکە کە لەبنەڕەتدا زمانی خوێندنی فارسییە و فێرکاری زمانی زگماکی و ڕاهێنانی ئەدەبیاتی ناوخۆیی ڕێگەپێنەدراوە و خوێندنی زانستی و ئاکادیمی بۆ ناکرێ. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە خوێندکار لە نووسینی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی کول بێ و نەتوانێ دەقێکی زانستی و تەنانەت ئاسایی کوردی بەرهەم بهێنێ؛ ئەگەریش بە هەڵکەوت لێببڕێ دەقێک بنووسێ، نووسراوەکەی بیرۆکەی فارسی لە پشتە و نەوەد لە سەتی گرتەبەردارییە. واتە پێکهاتەی ڕستە، دەربڕین، هەڵبژاردنی وشە و شێوازی نووسینی فارسییە و لە ڕۆحی کوردی بێ‌بەرییە.

 کە وایە کێشەکە دوو لایەنە و ناکرێ شانەکە هەر لەسەری خوێندکاردا بشکێنین. بەڵام سەرەڕای داسەپاندنی زمانی زاڵ لە لایەن دامەزراوەی حووکمی نابێ لە هەموو کاتدا وەک پاساو بۆ داماڵینی ئەرکی فێرخواز و بەتایبەت خوێندکاران چاوی لێ بکرێ و لە بەرپرسیارەتی ئەوان کەم کرێتەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە دەردەکەوێ تۆرەمە و سۆلانی هیچ نەتەوەیەک ئەوەندەی کورد لەسەر زمانەکەی نەکەوتووەتە بەر تەوژم؛ بەڵام بەو حاڵەش دڵسۆزان و گەورە پیاوانی کوردی خۆڕسکاو و زانکۆنەدیو، لەوپەڕی بێدەرەتانیدا توانیویانە بە مەکتووبات زمانی کوردی بپارێزن. بۆ وێنە کەسایەتێکی وەک عەلائەدین سەججادی لە ئاوارەیی و غەوارەیی، شڕوشۆڵ، ژیانێکی نەمرنەژی لە کونەرەشیکدا بە مەرکەفی چێ کراوە لە قورم و مازوو و کاغەزی کاهی هێز و هەتوانی خۆی خستووەتە سەر ئەدەبیاتی کوردی و توانیوێتی دەیان کتێب و وتار(گۆڤاری گەلاوێژ)بەرهەمبهێنێ و شاکاری وەک ڕەشتەی مرواری بخوڵقێنێ. ئیتر باسی کەسانی تر ناکەین کە بابەتەکە سواو نەنوێنێ، کێ هەیە نەزانێ و نەیانناسێت.

خەسارێکی تر کە نابێ لەبیری کەین، گرینگی نەدان بە کێشەی ڕێنووس و بەستاندارد کردنییەتی؛ کە لە دەقە کوردییەکاندا زۆر زەق و بەرچاوە و بەداخەوە وەک شتێکی لاوەکی لێی دەڕوانن. ڕێنووس تەنیا جوانکاری نییە، بەشێکە لە سیستەمی زمانی. کەمتەرخەمی لەو بوارەدا دەبێتە هۆی تێکچوونی شێوەی وشەکان و لاوازی دەق و خوێندنەوەی سەخت و لە درێژخایەندا لاوازبوونی ستانداری نووسین.

کێشەیەکی تر لەو نێوەدا ئەوەیە کە ئەو تاقمە لە خوێندکاران و توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ کە توانایی و زانیارییان لەسەر زمانی کوردی هەیە پێدەچێ زمانی کوردی تەنیا بە زمانی ئەدبیاتی ناوخۆ بزانن، واتە: شێعر، چیرۆک، گۆرانی، ئەدەبیات، نەک ئامرازی زانست. هەر بەو هۆیە وتار و توێژنەوەی زانستی لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی تەنیا بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن و لانی کەم وەرگێڕانی کوردی بۆ ناکەن، وەک نووسەرانی فارس و تورک و عەڕەب.

دکتۆر بەختیار سەججادی لە وتوووێژێکدا لە ئامارێکی ڕاچڵەکێنەر پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەدا و باس لەوە دەکا لە تۆژینەوەیەکدا لە ماوەی بیست و دوو ساڵی ڕابردوو ١٩٩٦ بۆ ٢٠١٨ لەو چوار وڵاتەی کوردستانیان بەسەردابەش کراوە لە نێوان یەک ملیۆن و سەت و بیست و هەش هەزار توێژینەوەی بڵاوکراوە لە ئاستی نێودەوڵەتی، تورکیە پکەی بیست لە ئاستی جیهان، ئێران پلەی بیست و دوو و سوریا سەت و بیست و دوـیان وەدەست هێناوە. کەچی تەنانەت یەک دانەشیان بە زمانی کوردی نییە و هەموویان بە زمانی تورکی-ئینگلیزی، فارسی-ئینگلیزی و عەڕەبی-ئینگلیزی نووسراوە و لە لایان مامۆستایانی زانکۆ و توێژەران و ڕۆشنبیرانی کورد هیچ هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی پلە و پایەی زانستی بە زمانی کوردی نەدراوە و شانازییەک لەو بوارە بۆ زمانی کوردی تۆمار ناکراوە.

خەسارێکی تر کە ڕەنگە قووڵترین خەسار بێ و بەربەست بۆ زمانی زانست کە نەتوانین نکۆڵی لێ بکەین، ئەوەیە کە کوردی نووسین لە ناوخۆ سوودی بۆ خوێندکار نییە و هیچ پاداشتێکی ئەکادیمی یان پیشەیی نییە و ئەوە دەبێتە هۆی سەرساردی و کەمتەرخەمی خوێندکار و بۆی نالوێ تێزی زانکۆی لە بوارەکانی زانستی وەک: فیزیا، کۆمپیوتەر، پزیشکی، یاسا، کۆمەڵناسی، فەلسەفە، ئابووری و دیتر توێژینەوەکانی پێ بنووسێت.

بەم جۆرە کێشەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە کەمتەرخەمیی تاک دەگۆڕدرێت بۆ کێشەی ئابووری و ئەکادیمیی زمان.

ئێستا کە بە دردی خۆمان زانیوە و دامەزراوەی پەروەردە دڕوویەک لە قالبی زمانی کوردی دەرناهێنێ، پێویستە خۆمان بە هەر چنگەگڕکەیەک بووە ئیزن نەدین زمانی زگماکیمان بکەوێتە ئاویلکە و لە توانەوە ڕزگاری بکەین و بۆ گەشە و نەشەی زمانی کوردی دڵسۆزانی ئەم بوارە هەتوانی ئەم برینە بدۆزنەوە.

بۆ چارەسەری ئەم خەمساردییە پێویستە خوێندکاران هان بدەین بەردەوام ڕۆمان، چیرۆک، وتار، گۆڤار، لێکۆڵینەوە و وتاری ڕەخنەیی بخوێننەوە و لە ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی بەردەوام ڕاهێنان بکەن.

ئینجا بۆ ئەوەی خوێندکار بکەینە بەرهەمهێنەری زمانی کوردی، پێویستە بەرپرسیارانی ئەدەبی کوردی و ناوەندە پەیوەندی دار و ئەنجوومەنە فەرهەنگییەکان و لە سەرووی هەمووان زانکۆکانی شارە کوردەکان مشووری لێ بخۆن و هەڵمەتێک ڕێک بخەن بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو ئامانجە لە نێو خوێندکاران( نەک نووسەرانی خۆڕسک و لە کەل دەرهاتوو) بۆ وێنە:

پێشبڕکێی نووسینی ئەکادیمی و  وەرگێڕانی بابەتە زانستییەکان، هەڵبژاردنی باشترین وتاری کوردی و ڕێکخستنی گۆڤاری زانکۆیی بە زمانی کوردی و ناساندن و بەردەست خستنی سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی کوردی و هتد.

بە هیوای کردنەوەی بەری بەرهەمدانی ڕۆڵەکانی خاوەن بەهەرە، هەر لەم هەل و مەرجەدا، بێ چاوەڕوانی کردنی ڕەخسانی بەستێنی گونجاو و ئەوەی کە ئاخۆم گەنگین قانی ئەوەمان پێ دەدرێ بە ڕاشکاوی و تێڕادیوی بۆ گەشە و بوژانەوەی ئەدەبیات و  زمانی کوردی هەوڵ بدەین و تێبکۆشین، دەستەوەستان نەمێنینەوە و بنووسین و هەر بنووسین و بەم جۆرە مانەوەی نەتەویی مسۆگەر بکەین و ئاسمیلەکردنی نامومکین.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد