| تاريخ: ۳۰ شهریور ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۵۶ | بازدید: 347 نظرات: 0 کد مطلب: 26344 |
بە بۆنەی 79هەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی حوزنی
هەڵبەستنی شوێنی لەدایکبوونی ناڕاست بۆ مێژوونووسی ناسراوی کورد، نەمر سەید حوسێن حوزنی موکریانی، لە گوندی یەنچکە/ ئینچکەی سەر بە بۆکان/سەقز، یەکەم جار پەنجا ساڵ دوای کۆچی دوایی حوزنی، لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چاپی یەکەمی کتێبی «چێشتی مجێور»، و هەر لە ڕێگای هەمان کتێبەوە، دەرکەوت و بڵاو بووەوە.
مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێور (چاپی یەکەم)، لاپەڕەی ١٢٢ ئاوا دەنووسێ:
«حوزنی لە گوندی ئینچکەی نزیک بوغدەکەندی، سەر بە بۆکان، هاتۆتە دنیاوە؛ کە ئێستا ئینچکە نەماوە و لە سەردەمی مندا تەنها شوێنەواری گوندەکە مابوو».
بەڵام، بە گوێرەی ڕوونکردنەوەکانی خاڵی( ١)ـی خوارەوە، ئەم بۆچوونە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دوو زانیاریی جیاواز دروست بووە. لە بنەڕەتدا، کتێبەکانی بیرەوەری، بەهۆی ئەوەی زۆرجار لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا وردبینی و تێبینیی مێژووناسیی پێویستیان تێدا نابیندرێ و لەلایەن مێژوونووسان و پسپۆڕانی ڕەخنەگرەوە پێداچوونەوەیان بۆ ناکرێ، لە وەها بابەتگەلێکدا ناتوانرێت بەدڵنیایی و بە تەواوییەوە پشتیان پێ ببەسترێت.
گرنگترین بەڵگەکانی نادروستیی ئەم گێڕانەوەیە و ئەم بۆچوونە، بریتین لەوانەی خوارەوە:
١. مامۆستا هەژار لە پێشەکیی وەرگێڕانی شەرەفنامە، لە لاپەڕەی چلوپێنج؛ ژیاننامەی حوزنی موکریانیی بە گوێرەی گێڕانەوەی براکەی، گیو موکریانی، تۆمار کردووە و دەڵێ حوزنی لە ساداتی یەنچکە و شقۆیف بووە، بەڵام لە ساڵی ١٣١١ی کۆچی لە شاری سابڵاغ، لە گەڕەکی حاجی حەسەنیان، لەدایک بووە.
دەقی نووسراوەی مامۆستا هەژار ئەمەیە:
«مێژوونووسی کورد، حوسێن حوزنی موکوریانی، لە سەیدەکانی یەنچکە و شقۆیفە، کە دوو گوندن لە نزیکی بۆکان. ساڵی ١٣١١ی کۆچی لە شاری سابڵاغ، لە گەڕەکی حاجی حەسەنیان هاتۆتە دنیاوە».
مامۆستا هەژار لە پەڕاوێزی ئەم لاپەڕەیەدا دەنووسێت:
«ئەم زانیارییەم لە مامۆستا گیو موکریانی ـ دایکبرای حوزنی موکریانی ـ وەرگرتووە».
دەردەکەوێت کە مامۆستا هەژار دواتر، لە چێشتی مجێوردا، بە پشتبەستن بە بیرەوەریی خۆی، دوو زانیاریی جیاوازی:
ئەلف. حوزنی لە ساداتی «یەنچکە و شقۆیف» بووە؛
ب. حوزنی لە گەڕەکی حاجی حەسەنیانی مەهاباد لەدایک بووە؛ لەگەڵ یەکتر تێکەڵ کردووە و بە هەڵە یەکێکیانی بە جێی ئەوی دیکە داناوە. لەبەر ئەوەش، پێدەچێ کاتێک ئەو بۆچوونەی نووسیوە، تەنانەت بۆ کتێبی شەرەفنامەی خۆیشی نەگەڕابێتەوە و ئاوڕی لێنەدابێتەوە. بەم هۆیە، گێڕانەوەی گیو موکریانی، وەک سەرچاوەیەکی نزیکتر بە ڕووداوەکان، لەم بارەیەوە لە هەموو گێڕانەوەکانی دیکە بەهێزتر و پەسەندتر دەردەکەوێت.
٢. دوکتۆر کوردستان موکریانی، برازاى حوزنی موکریانی، هەم لە پێشەکییە وردبینانە و تێر و تەسەلەکەی بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانی حوزنی موکریانی و هەم لە چەندین ڤیدیۆ و وتووێژدا، شوێنی لەدایکبوونی حوزنی، بە گەڕەکی حاجی حەسەنیانی مەهاباد ناساندووە.
ئەو لە پێشەکیی سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی موکریانیدا دەنووسێت:
«بەسەرهاتی حوزنی (لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەستنووسانەی لەبارەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی نووسیویەتی):
حوزنی لە ساڵی ١٣١١ی کۆچی (١٨٩٣ی زایینی)دا لە مەهاباد هاتووەتە دنیا...»
دوکتۆر کوردستان موکریانی لە کۆتایی پێشەکییەکەیدا سەرچاوەی ئەم زانیارییەش ئاشکرا دەکات و دەنووسێت:
«❞گیوی موکریانی (١٩٤٨)، بەسەرهاتی حوزنی موکریانی، دەستنووس.❝» (سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی موکریانی، سەرپەرەشتی لەچاپدانی: د. کوردستان موکریانی، لل:٣۵‒۵٩ ،١٤٠٣، سنە، بڵاوکەرەوەی کوردستان).
ئەمەش نیشان دەدات کە ئەو لەسەر بنەمای دەستنووسی گیو موکریانی، شوێنی لەدایکبوونی حوزنی بە «مەهاباد» دیاری کردووە.
٣. کتێبی «تاریخ مشاهیر کُرد»، لە نووسینی بابامەردۆخ ڕۆحانی، کە یەکێکە لە گرنگترین و باوەڕپێکراوترین سەرچاوە مێژوویییەکان لەبارەی کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد، لە ژیاننامەی حوزنی موکریانیدا دەنووسێت:
«سەید حوسێن حوزنی، ناسراو بە داماو، کوڕی سەید عەبدوللـەتیف موکریانی، لە ساڵی ١٢٩٦ی کۆچی لە مەهاباد لەدایک بووە.» [=وەگێڕدراو بە کوردی](تاریخ مشاهیر کرد، ج٢، چ٣، ص٣١٤، ١٣٩٠، تهران، سروش).
هەرچەند لەم سەرچاوەیەدا جیاوازییەک لە بابەت ساڵی لەدایکبوون هەیە، بەڵام لە بارەی شوێنی لەدایکبوونی حوزنی، ئەم سەرچاوەیەش وەک سەرچاوەکانی پێشووتر، «مەهاباد» دەستنیشان دەکات.
٤. مامۆستا شاکیر فەتتاح، نووسەر، وەرگێڕ، چیرۆکنووس، بیرمەند، یەکەم نووسەری دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی کوردی و سوورخەڵاتی ڕێگای ئازادی؛ کە کتێبێکی توێژینەوەیی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ ژیان و بەرهەمەکانی حوزنی موکریانی، لەبارەی لەدایکبوونی ئەوەوە دەنووسێت:
«ناوی خۆی حوسێن، کوڕی عەبدولەتیف، کوڕی شێخ ئیسماعیل، کوڕی شێخ لەتیفی خەزاییە. چەندین نازناوی بۆ خۆی بەکارهێنا وەک: حوزنی، خدۆک، داماو و بێژەن؛ بەڵام لە دوا ساڵەکاندا "داماو"ی زۆرتر بەکارهێنا. لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی ڕەبیعولئەوەڵی ساڵی ١٣١١ی کۆچی، لە شاری سابڵاغ، لە گەڕەکی حاجی حەسەن لەدایک بووە.» (داماوی موکریانی، شاکر فەتاح، چاپی یەکەم، سلێمانی، ١٩٧٢؛ هەروەها: «ڕۆڤار»، تایبەتنامەی حوزنی موکریانی، ژمارە ١٩، لاپەڕە ٣‒٩).
لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەڵگانەی لە سەرەوە هاتن، دەردەکەوێت کە چەندین سەرچاوەی جیاواز و سەربەخۆ، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە کەسانی نزیک بە حوزنی موکریانی وەرگیراون، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە شوێنی لەدایکبوونی حوزنی گەڕەکی حاجی حەسەنیانی شاری مەهاباد بووە، نەک گوندی یەنچکە/ئینچکە.
بەم پێیە، ئەو گێڕانەوەیەی کە لە چاپی یەکەمی چێشتی مجێوردا هاتووە و یەنچکە[/ئینچکە]، وەک شوێنی لەدایکبوونی حوزنی ناساندووە، بە پێی ئەم بەڵگانە، زیاتر دەچێتە خانەی تێکەڵبوونی «دوو زانیاری»ـی جیاواز و لێکدژ و ناتەبا و، هەروەها «هەڵەی باوی بواری بیرەوەرینووسی»؛ نەک ڕاپۆرتێکی مێژوویی سەقامگیری پشتپێبەستوو.
لێرەدا، جیا لەم سەرچاوانەی پێشوو، چەندین سەرچاوەی بەپێز و بەهێز و بابەتییانە و زانستیی تر دەخەینەڕوو، تا پتر لە پێشوو بۆمان ڕوون بێتەوە کە شوێنی لەدایکبوونی حوزنی، بە دڵنیاییەوە «مەهاباد» بووە:
۵. لە «فرهنگ اعلام سخن» (لە سێ بەرگدا)، لە نووسینی د. حەسەن ئەنوەری، کە بەشێکە لە پڕۆژەی مەزن و بەنرخی «فرهنگ بزرگ سخن»، لە بەرگی یەکەم و لە ژێر ناوی «حوزنی موکریانی»، شوێنی لەدایکبوونی حوزنی، «مەهاباد» تۆمار کراوە و ئاوا هاتووە:
«حوزنی موکریانی، ڕۆژنامەنووس و شاعیر، کوڕی عەبدوللـەتیف، لە مەهاباد لەدایک بوو...» [=وەرگێڕدراو بە کوردی](فرهنگ اعلام سخن، دکتر حسن انوری، ج ١، ص ۵٩٨، چاپ سوم، ١٣٧٨، انتشارت سخن).
٦. هەروەها، «فرهنگ شاعران و نویسندگان معاصر سخن»، کە ئەویش بەشێکە لە هەمان فەرهەنگی گەورەی سوخەن، دەنووسێت:
«سەید حوسێن حوزنی موکریانی (١٢٥٧–١٣٢٦ هەتاوی)، شاعیر و ڕۆژنامەنووس، کوڕی عەبدوللـەتیف، لە «مەهاباد» لەدایک بوو...» [=وەرگێڕدراو بە کوردی](فرهنگ شاعران و نویسندگان معاصر سخن، دکتر داریوش صبور، زیرنظر دکتر حسن انوری، ص ١٨٤، چاپ سوم، ١٣٨٧).
٧. زانستنامەی هەشت بەرگیی «زندگینامهی رجال و مشاهیر ایران»، کە یەکێکە لە سەرچاوە توێژینەوەیییە هەرە گرنگەکان، لە بواری ناساندنی کەسایەتیییەکانی ئێران، لە ژێر ناوی حوزنی موکریانی، شوێنی لەدایکبوونی بە «مەهاباد» ناساندووە و دەنووسێت:
«سەید حوسێن حوزنی موکریانی، کوڕی سەید عەبدوللـەتیف موکریانی، لە ساڵی ١٢٩٦ی کۆچی لە «مەهاباد» لەدایک بوو...» [=وەرگێڕدراو بە کوردی](زندگینامهی رجال و مشاهیر ایران، حسن مرسلوند، ج٣، صص ٨٦–٨٧، ١٣٧٣، انتشارات الهام).
٨. هەروەها زانستنامهی پێنج بەرگیی «اثرآفرینان»، کە وەک باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی توێژینەوەیی «انجمن آثار و مفاخر فرهنگی ایران» دادەنرێت، لە بەرگی دووەم و لە ژێر ناوی حوزنی موکریانی ئاوا دەنووسێ:
«حوزنی موکریانی، سەید حوسێن، کوڕی عەبدوللـەتیف، شاعیر و ڕۆژنامەنووس، لە «مەهاباد» لەدایک بوو...» [=وەرگێڕدراو بە کوردی]
(اثرآفرینان، دکتر محمدرضا نصیری، ج ٢، صص ٢٥٧–٢٥٨، چاپ دوم، ١٣٨٤، انجمن آثار و مفاخر فرهنگی ایران).
٩. کتێبی «ڕۆژنامەوانی لە کوردستان»، لە نووسینی مامۆستا جەمال خەزنەدار (دانەرەی ئینسایکلۆپێدیای ڕۆژنامەوانیی کوردی، لە ١٠ بەرگدا)، شوێنی لەدایکبوونی حوزنی موکریانی بە «مەهاباد» ناساندووە و ئاوا دەنووسێ:
«حوسێن حوزنی موکریانی (١٨٩٣–١٩٤٧)، سەید حوسێنی کوڕی سەید عەبدوللـەتیف، لە ١٢ی ئەیلوولی ١٨٩٣ لە شاری سابڵاغ (مەهاباد) لەدایک بوو...».
مامۆستا ئەحمەد شەریفی، وەرگێڕی کتێبەکە، کە خۆیشی لە مێژوونووسان و کەسایەتیناسانی ناسراوە، لە پەراوێزی ئەم بابەتەدا ئەوەی لێ زیاد دەکات:
«حوسێن حوزنی موکریانی لە گەڕەکی حاجی حەسەنیان لەدایک بووە و خانووی نیشتەجێبوونیان تا ڕادەیەک هێشتا بە هەمان شێوە ماوەتەوە؛ لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ئەو خانووە ماڵی حاجی ئیسماعیل زوودی بوو، کە لە سەرەتای شەقامی جام جەم (پشت قەڵا) هەڵکەوتووە».
(ڕۆژنامەوانی لە کوردستان، نووسەر: جەمال خەزنەدار؛ وەرگێڕ: ئەحمەد شەریفی، لاپەڕە ٦٢–٦٣، ١٣٥٧، بڵاوکراوەی کاک).
١٠. هەروەها، باوەڕپێکراوترین زانستنامە و ئینسایکلۆپێدیای کەسایەتیناسیی کورد بە زمانی عەرەبی، واتە «معجم أعلام الكرد»، لە نووسینی د. محەممەد عەلی سوێرکی، لە ژێر ناوی «حوزنی موکریانی»، زێد و زادگەی ئەوی بە «مەهاباد» ناساندووە و ئاوا دەنووسێ:
«حسین حوزنی بن سید عبداللطیف المکریانی، مؤرخ؛ وُلِدَ فی ساوجبلاغ (مەهاباد) بکوردستان إیران، وکان علماً من أعلام الکرد...»
(معجم أعلام الكرد، د. محمد علی الصویرکی، لاپەڕە ٢٣٣–٢٣٤، سلێمانی، ٢٠٠٦، بنکەی ژین).
١١. بەڵام بەهێزترین بەڵگە، کە دەکرێ بە «فصلالخطاب» و «وتەی بڕاوە» دابنرێت، ئەوەیە کە مامۆستا عومەر فاڕووقی، کە بە باوکی مێژوونووسیی سەقز ناسراوە، نەک ژیاننامەی حوزنی موکریانی لە کتێبی دوو بەرگیی خۆی: «نظری بر تاریخ و فرهنگ سقز کردستان»دا نەهێناوە، بەڵکو هیچ ئاماژەیەکی بچووکیشی پێ نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو نووسەرە سەقزییە ژیاننامەی هەموو کەسایەتیییە هەڵکەوتەکانی سەقز و تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری کەسایەتیییە کەمترناسراوەکانی سەقز لە بوارەکانی زانست، فەرهەنگ، ئەدەب و هونەری تۆمار کردووە؛ تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی زیندوویشی لەو بوارانەدا لە کتێبەکەیدا هێناون.
جێی سەرنجە کە هەردوو بەرگی ئەم کتێبە، پێش بڵاوکردنەوەی چاپی یەکەمی «چێشتی مجێور» بڵاو بوونەتەوە؛ بەرگی یەکەم لە ساڵی ١٣٧١ و بەرگی دووەم لە ساڵی ١٣٧٤، لە کاتێکدا چاپی یەکەمی چێشتی مجێور لە ساڵی ١٣٧٦ بڵاو کراوەتەوە.
لەبەر ئەمە، نووسەری ئەم دێڕانە بەم ئەنجامە دەگا کە نەک هەر ئەم خاڵە بە تەنیایی «فصلالخطاب»ـە؛ بەڵکوو ڕوونی دەکاتەوە کە سەرەتای گێڕانەوە و هەڵبەستنی ناڕاستی زادگەی حوزنی موکریانی بە یەنچکە/ئینچکە ڕێک دەگەڕێتەوە بۆ دوای بڵاوبوونەوەی چێشتی مجێور لە ساڵی ١٣٧٦دا؛ هەر بۆیە مامۆستا عومەر فاڕووقی لە کاتی نووسینی کتێبەکەی‒ تەنانەت چەند ساڵ دوای ئەویش‒، هیچ ئاگادارییەکی لەو ڕا و بۆچوونە نەبووە.
وتەی کۆتایی و ئەنجامی توێژینەوە:
بەپێی ئەو (١١) بەڵگە و سەرچاوە سەربەخۆ ئاماژەپێکراوانەی پێشوو، کە وەک کۆمەڵێک سەرچاوەی جێمتمانە، بابەتییانە، باوەڕپێکراو و بەهێز لەم توێژینەوەیەدا خرانەڕوو و لە گرنگترین سەرچاوەکانی کەسایەتیناسی و مێژوونووسیی ئێران و کوردستان، بە سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی لە ئەژمار دێن، ڕوون دەبێتەوە کە زۆرینەی هەرە زۆری سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ئەم بوار و بابەتە، لەسەر ئەوە کۆک و هاوڕان کە «مەهاباد» شوێنی لەدایکبوونی سەیدحوسێن حوزنی موکریانی بووە.
ئەم سەرچاوانە، کە لەنێویاندا دەستنووسی گیو موکریانی، نووسینەکانی د. کوردستان موکریانی، شاکیر فەتاح، بابامەردۆخ ڕۆحانی، د. حەسەن ئەنوەری، د. داریووش سەبوور، حەسەن مورسیلوەند، د. محەممە دڕەزا نەسیری، مامۆستا جەمال خەزنەدار، مامۆستا ئەحمەد شەریفی و د. محەممەد عەلی سوێرکی دەبیندرێ، بە شێوەیەکی یەکدەنگ و یەکڕا، بە کۆدەنگییەکی تەواوەوە زادگەی حوزنی موکریانی بە «مەهاباد» دەناسێنن.
لە بەرامبەردا، سەرەداوی ئەو گێڕانەوانەی وا زێد و زادگەی حوزنی موکریانی بە گوندی یەنچکە دەبەستنەوە و پشتیان بەو گێڕانەوەیە بەستووە، بە پێی بەڵگەکانی ئێرە، یەکەم جار لە چاپی یەکەمی کتێبی «چێشتی مجێور» (١٣٧٦ هەتاوی/١٩٩٧ زایینی)دا سەریهەڵداوە و دەرکەوتووە. هەروەها، بە بەراوردکردنی ناوەڕۆکی چێشتی مجێور لەگەڵ ئەوەی مامۆستا هەژار پێشتر لە پێشەکیی وەرگێڕانی شەرەفنامە بە گوێرەی گێڕانەوەی گیو موکریانی تۆماری کردووە، وا دەردەکەوێت کە ئەم جیاوازییە بەدڵنیاییەوە ئەنجامی تێکەڵبوونی دوو زانیاریی جیاواز بێت، نەک پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نوێ یان بەڵگەیەکی مێژوویی.
هەروەها، ئەوەی کە مامۆستا عومەر فاڕووقی لە کتێبی دوو بەرگیی «نظری بر تاریخ و فرهنگ سقز کردستان»، کە پێش بڵاوکردنەوەی چێشتی مجێور چاپ کراوە، نە ژیاننامەی حوزنی موکریانی هێناوە و نە ئاماژەیەکی بەوە کردووە کە زێد و زادگەی ئەو سەقز یان یەنچکە/ئینچکە بووە، بەڵگەیەکی گرنگی دیکەیە کە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەو گێڕانەوەیە تا پێش ساڵی ١٣٧٦ لە ناو سەرچاوە مێژووییەکاندا بوونی نەبووە.
لەبەر ئەمانە، بە پێی بنەماکانی ڕێبازی توێژینەوەی مێژوویی، تا کاتێک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی، هاوچەرخ و پشتپێبەستوو و جێمتمانە، دژی ئەم کۆمەڵە بەڵگانە نەخرێتەڕوو، شوێنی لەدایکبوونی سیدحوسێن حوزنی موکریانی دەبێ بە دڵنیاییەوە هەر «مەهاباد» بزانرێت. بۆیە ناوبراو لە ڕیزی کەسایەتییە ناودارەکانی بواری مێژوو و ڕۆشنبیریی مەهاباد و کوردستان دەژمێردرێ و ئەم ڕاستییە لە زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە مێژوویی و کەسایەتیناسییە باوەڕپێکراوەکاندا (کە لێرەدا ئاماژە بە (١١) سەرچاوە لەم کۆی ئەم سەرچاوانە درا) پشتیوانی لێ کراوە.
|