| تاريخ: ۲۵ تیر ۱۴۰۵ ساعت ۱۳:۱۷ | بازدید: 539 نظرات: 0 کد مطلب: 26027 |
وەنەبێ -وەک بڕێ كەس- مامۆستا ئەحمەدیانم تەنها لە ڕێگای بەرهەمەكانییەوە ناسێبێ و بەس؛ خەیر! دەیان جار لەگەڵی دانیشتنم هەبووە و وتووێژم دەگەڵ كردووە. مامۆستا ئەحمەدیان جیا لەوەی مرۆڤێکی كراوە و خاوەنهزر و بیری ورد بوو، لە نێوان مامۆستایانی ئایینیی هاوچەرخی خۆیدا هەم تاقانە بوو و هەم پڕكارترینیان؛ لە بواری نووسین و بەرهەمهێنانەوە. بۆ پێناسەی مامۆستا ئەحمەدیان بەڕاشكاوی دەتوانم بڵێم: مەلایەكی زانا و توانا و وردبین، ناوازە و هەڵکەوتوو لە بواری فیقهـ و كەلام و تەفسیری قورئاندا؛ سیاسەتوان؛ نووسەر؛ ئەدیب لە هەڵبەست و پەخشاندا؛ میدیاكارێکی كارامە و خاوەن شێواز، تەنزنووسێکی شارەزا و خاوەنمرخ؛ شارەزا لەڕەچەڵەک و مێژووی ئیسلام؛ توێژەرێکی بنووسڕەوان؛ شارەزا لە فەلسەفە و لۆجیک و خاوەن بیروڕا لە زانستی كەلامدا؛ كارناسێکی لێزانی بەرنامەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن؛ كۆمەڵناس، ڕۆشنبیرێکی بەئەزموون؛ شارەزا لە زانستی كەلامی تازە؛ خاوەن هزر و بیر لە بواری شێعری كلاسیك و نوێدا؛ خۆشنووسێکی بەزەبر و کارامە و لێزان و پەنجەڕەنگین و...
وابزانم ئەم تاقە شێعرەی شاعیری ناوازەی كورد (شێخ ڕەزا تاڵەبانی) كاڵایەک بێ پڕ بەباڵای ئەوان:
تاقـە عەیبێکی هەبێ هەر ئەوەیە تـاقــەكــەســە
لەهەمووخاكی عەرەبدا و هەموو؟شاری عەجەم
بەڵێ مامۆستا ئەحمەدیان بەڕاستی تاقانەی سەردەمی خۆیان بوون و تا دوایین هەناسەی ژیان لە نووسین و لێکۆڵینەوە هەدادانی نەبوو. ساڵانی دوور کە مامۆستام بە باشی نەناسیبوو، ئەمدی لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و سێمینارە عیلمی و زانستییەكاندا مامۆستایەكی ساكار و بێ فیز و دەمار بە ویقارەوە لەو ئاخرەوە دانیشتووە و وەك هێندێ كەس حەز ناكات لە پێشی هەمووانەوە دابنیشیێ، بەڵام كاتێ وتارەكەی دەخوێندەوە لە پێشی هەمووانەوە بوو و دانیشتووانی كۆڕەكە سەرسام دەمان لە وریایی و پلەی بەرزی زانستیی ئەو، لە هەموو عیلمەكاندا. پێم وایە ساڵی 1381ی هەتاوی بوو كە لە شاری مەهاباد هاوڕێی كاك (حەمید خەرمان) بۆ دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی بۆ وەشان لە كاناڵی ئاسمانیی (سەحەر) چووینە سەردانیان؛ زۆر بەگەرمی و میهرەبانی وەریگرتین. مامۆستا -بەڕەحمەت بێ- فەرمووی: بەرنامەكانی ئێوەم لە ڕادیۆ كوردیی (سنە) زۆر پێ خۆشە؛ لە كاروباری میدیایی زۆر شارەزا بوو گەلێک رێنماییم لێ وەرگرت. هەروەها لە بۆنە ئایینییەكاندا گەلێک كەڵکم وەردەگرت لە نزا و گاس و موناجاتە جوانەكانی كە هەموو هۆنراوە و پەخشانی سەروادار بوون، بەتایبەت ئەم دوو شیعرەی:
هـەركارێ بـە نـێوی تۆ بـە پـیـتـە
هەرچی كەم و كووڕی بێ تۆ نیتە
گشت گەورە لە ڕاستی تۆ چكۆلەن
پسـپۆڕ و بلیـمەتیـش حەپـۆلـەن
من لام وایە شانی مامۆستا بەرزترە لەوەی كە بەم نووسینە گچكانە بتوانین سەری ڕێز و نەوازشی بۆ دانەوێنین. ئەمە ئەركی زانكۆی مەهاباد و ئیدارەی ئیڕشاد و ئیدارەی پەروەردە و دەنگوەڕەنگی مەهاباد و ناوەندە فەرهەنگییەكان و نوێنەری ئەو شارەیە كە كۆڕ و هەمایشێکی چەند ڕۆژەی نێونەتەوەیی ساز كەن بۆ لێكۆڵینەوە لە بەرهەمەکان و بۆچوونەکان و ئاستی بیرمەندی و ئەندێشەكانی كەلامی و فەلسەفی مامۆستا، چونكە مامۆستا ئەحمەدیان پێویستی بە ناسینی زیاتر هەیە. بەڵێ ئەم كارانە پێویستن بە تایبەت كردنەوەی پیشانگایەک بۆ نمایشكردنی بەرهەمە چاپكراوەكانی مامۆستا چونكە یەکێک لە ئامرازەكانی ناسین و ناساندنی هەر گەورەیەک بەرهەمەكانی ئەوە، وەكوو شاعیری عەرەب دەڵێت:
اِنَّ آثارنـا تدلّ علینـا فانظروا بعدنا الی الآثارنا
واتە: پێناسەی ئێمە بەرهەمەكانی ئێمەن، كەوایە پاش خۆمان بۆ بەرهەمەكانمان بڕوانن. بەختەوەرانە بەشی زۆری بەرهەمەكانی مامۆستا چاپ كراون كە ژمارەیان دەگاتە 23 کتێب و پتر لە 400 وتار. بەرهەمە چاپ نەكراوەكانیشی بێگومان زۆرن و ئێمە ئاگامان لێیان نییە.
دەبێ مامۆستا و بیروبۆچوونەكانی سەبارەت بە پرسی ڕۆژ بۆ نەوەی نوێ شی بكرێنەوە بەتایبەت لە بواری ئایینیدا، چونكە بە بڕوای من مامۆستا نوێ-ئەندیشێکی دینی بوون جیا لەمانەش هەموو تایبەتمەندییەکان و فاكتەرەكانی یەک مرۆڤی ڕۆشنبیریان تێدابوو كە ناكرێ ئەو تایبەتمەندی و فاكتەرانە پشت گوێ بخرێن. مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان لەم بوارەدا ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە و ناكرێ هەموو ئەركەكان بخرێنە ئەستۆی زانكۆكان، هەرچەند بیر و بەرهەمەكانی مامۆستا ئەحمەدیان دەتوانێ سەرچاوەیەكی بەكەڵک بێ بۆ خوێندكارانی لقی فیقهـ و شەریعەت و زانستە ئیسلامییەكان، بۆ نووسینی ڕیسالە و تێزی بڕوانامەكانیان لە بەشی ماستەر و دوكتۆرا و ...
جگە لەمەش لایەنی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن ڕوو دەكەنە بەرهەمەكانی مامۆستا چونكە بە بێ ڕەخنە و توێژینەوەی بێ لایەنانە هەرگیز دەرگای پێشکەوتن ئاوەڵا نابێ بەڕووماندا؛ كەوایە ناكرێ كارمان تەنها ستایش و پیاهەڵدان و پەسن بێ. ئێمەی كورد بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە لە فێرگە و زانكۆ و تەنانەت خوێندنگە ئایینییەكان، عەقڵییەتی ڕەخنەیی بەڕادەیەك بەهێز كەین كە بمانگەیەنێت بەزانستی ڕەخنەسازیی وەک گەلانی پێشکەوتووی جیهان.
من گومانم لەوەدا نییە كە مامۆستا ئەحمەدیان خۆی ڕەخنەگرێکی كارامە و توێژەرێکی وردبین بوون بەتایبەت لە زانستی فیقهـ و كەلامدا، بۆیە هەم خۆی و هەم بەرهەمەكانی پێویستییان بەناسینی زیاترە، بەتایبەت بۆ وەچە و بەرەی داهاتوومان.
ئێمە ئێستاش كەلێنی زۆرمان هەن لە بواری فیقهی و كەلامیدا؛ ئایا بەرهەمەكانی مامۆستا توانیویانە ئەو كەلێن و گرفتانە چارەسەر كەن؟! ئەمە و ەدەیان پرسیاری دیكە كە هەموویان بە ناسینی زیاتری مامۆستا و بەرهەمەكانی وەڵامیان ئەدرێتەوە.
|