| تاريخ: ۲۵ تیر ۱۴۰۵ ساعت ۱۳:۱۲ | بازدید: 207 نظرات: 0 کد مطلب: 26026 |
تێڕوانینێک لەسەر گۆڕینی چییەتی وەرەستەکانی حاجی ساڵحی شاتری لەلایەن ئەوقافی مەهابادەوە
لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دا، هەواڵی گۆڕینی چییەتی بەشێکی زۆر لە وەرەستەکانی حاجی ساڵحی شاتری، بە مەبەستی تەلارسازی و شارسازی و بازاڕ بڵاو بۆتەوە کە بۆتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی شاری مەهاباد. دیارە ئەو پڕۆژەیە لەسەر بڕیار و پێکهاتنی ناوەندی ئەوقافی مەهاباد، خەریکە بە هەندێ دەرئەنجام دەگا کە بێ گومان دە داهاتوو دا، شوێندانەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەون لەسەر تێکچنراویی گشتی شاری مەهاباد. پێویست بە ئاماژەیە کە بیرۆکەی ئەنجامی ئەو پڕۆژەیە، تەنیا باسێکی ئیداری هاوپەیوەند لەگەڵ شارسازی و تەلار و بازاڕسازییەوە نییە؛ بەڵکوو پرسیارێکی قووڵی کۆمەڵایەتییە: ئایا هەموو شتێک دەکرێ بخرێتە ژێر یاسای بازاڕەوە؟ ئایا ئەوقاف و شارەداری کێشی ئەوەیان هەیە کە هەموو وەرەستەکانی ئەو شارە بخەنە نێو لۆژیکی بازاڕ و ئابوورییەوە؟ ئەو یادداشتە دەیهەوێ ئەو باسە بکاتەوە و ئەوقاف و شارەداری و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی بەو پڕۆژەیە جوابگۆ کا. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە وەرەستە(موقوفە) دە مێژووی کۆمەڵگای ئیسلامی دا هەرگیز تەنیا پارچە زەوییەک نەبووە. بەڵکوو دامەزراندنی بیرۆکەیەکی ئەخلاقی و ئایینی بووە؛ بیرۆکەی ئەوەی کە هەندێ سامان دەبێ لە لۆژیکی بازاڕ بستێندرێنەوە و بخرێنە ژێر لۆژیکی سوودی گشتی نەک سوودی ناوەندێکی وەک ئەوقاف یا شارەداری. واتای وەرەستە بریتییە لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی خاوەندارێتیی تاک دە پێناو بەرژەوەندیی گشتی دا. ئەوەیکە دە فەلسەفەی سەرمایەداری دا، بازاڕ هەوڵ دەدا هەموو شتێک بکاتە کاڵا، باسێکە و ئەوەیکە ئەوقاف و شارەداری مەهاباد ببنە فرۆشیاری وەرەستەیەکی گشتی بۆ سوودی ئابووری یا بەرژەوەندی ئابووری خۆیان باسێکی تر. حەقیقەت ئەوەیە کە دە بازاڕی بێ سەرەوبەرەی مەهاباد دا، وەک کارڵ پۆلانـی ئاماژەی پێ کردووە، هەموو شتێک بووەتە کاڵا. دەو هەل و مەرجەدا کاتێ زەوی، کار و ژیانی مرۆڤ و وەرەستەش دەبنە کاڵا، کۆمەڵگا خۆی دەکەوێتە ژێر گوشاری بەهێزی بازاڕەوە. ئەو پڕۆژەیەی ئەوقافی مەهاباد خەریکە وەک کاڵا بیفرۆشێ، لە ڕوانگەی دێوید هاڕۆی، "کۆکردنەوەی سەرمایە بە هۆی دەستبەسەرداگرتن بەسەر بەرژەوەندی گشتی دایە"؛ واتە ئەو سامانانەی پێشتر دە خزمەت بەرژەوەندی گشتیدا بوون، لەلایەن هەندێ ئۆرگانی پێوەندیدارەوە، دەبنە سەرچاوەی پێکەوەنانی سەرمایە لە ڕەهەندی کەمینەیەکی کڕیار دا. لەو ڕوانگەیەوە، ئەگەر وەرەستەی حاجی ساڵحی شاتری ببێتە بەشێک لە بازاڕ، پرسیار تەنیا ئەوە نییە کە چەند تەلار دروست دەبێ، یان چ داهاتێکی بۆ ئەوقاف و دیکەی ئۆرگانەپێوەندیدارەکان دەبێ بەڵکوو، پرسیاری گرینگتر ئەوەیە: ئایا دەکرێ بەها مێژوویی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان بە نرخێکی بازاڕی بەرئاورد بکرێن؟ ئەوەی دیارە ئەوەیە کە بازاڕ دەتوانێ نرخ بۆ هەموو شتێک دیاری دەکا، بەڵام دە دیاریکردنی بەها دا ئەو تواناییەی نییە. بە واتایەکی تر ئەوەی بەهای وەرەستە دیاری دەکا بازاڕ نییە، بەرژەوەندی گشتی شارە. ئەگەر نیولیبڕاڵیزم هەوڵ دەدا هەموو دامەزراوەکانی کۆمەڵگا بە پێوەری قازانج و بەرژەوەندی ئابووری خۆی بپێوێ، بە پێی لۆژیکی ئەوقافی مەهاباد، دەبێ، زانکۆ، نەخۆشخانە، پارک، شوێنە مێژووییەکان و تەنانەت دامەزراوە ئاینییەکانیش ببنە سەرچاوەی دابین کردنی ئابووری و "بەڕێوەبردنی ئابووری" ئەوقاف. پرسیار ئەوەیە: ئەگەر لە ڕوانگەی ئەوقافی مەهابادەوە، وەرەستەگشتییەکان و هەموو شتێک تەنیا بە پێوەری قازانج و سوودی ئەو ناوەندە بەرئاورد بکرێ، ئەخلاق، مێژوو و بەرپرسیارێتیی گشتی و بەرژەوەندی مەهاباد، لەکوێی ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییەی ئەوقاف دا ڕادەوەستێ؟ پێویستە بوترێ کە شارسازی بەشێوازێکی مۆدێڕن و نوێخوازانە هیچکات نە تەنیا کێشە نییە بەڵکوو لانیکەم بۆ مەهاباد کە خۆی دیسکۆڕسێکی سیاسی و دالێکی نەتەوەییە، زۆریش پێویستە؛ بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان شارسازی بۆ مرۆڤ و شارسازی بۆ بازاڕ و گیرفان. ئەو شارسازییەی کە تەنیا لە قازانج و بەرژەوەندی و سوودی خۆی دەڕوانێ، ناچارە نرخ و بەهای شوێن و وەرەستەگشتییەکان تا ئاستی کاڵایەکی شیاوی کڕین و فرۆشتن دابەزێنێ و لۆژیکی بازاڕ بۆ هەموو شتەکان بخاتە گەڕەوە. ئەوەش واتای بەها ئەخلاقی و ئایینییەکان هاوکات کە دەباتە ژێر پرسیار دەشیانخاتە ژێر سەیتەرەی لۆژیکی بازاڕ و فەرامۆشکاریی مێژووی و ڕووشاندنی نەستی کۆمەڵایەتییەوە. ئەوە ڕێک ئەو شوێن/کاتەیە کە بۆدریار دەبارەیدا دەڵێ: لەو بارودۆخەدا، مەترسی ئەوە هەیە کە وەرەستەش وەک برەند یان سامانی وەبەرهێنان و پێکەوەنانی سەرمایە سەیری بکرێ، نەک وەک میراتێکی هاوبەش و گشتی و کۆمەڵایەتی.
ئەگەر ئەوقافی مەهاباد و ناوەندە پێوەندیدارەکان، لەوبارەوە بەرچاوڕوونی و شەفافییەتی پێویستیان نەبێ، مەترسیی ئەوە دەداهاتوو دا دەبێ کە نەک تەنیا وەرەستەکان، بەڵکوو مێژوو، بیرەوەری، پیرۆزییەکانی کۆمەڵگاش بکەونە ژێر حوکمی نرخ و لۆژیکی بازاڕ و سوود و بەرژەوەندی کەمینەیەکی نابەرپرسیار. گوژمە و تێچووی نرخاندنی ئەو شوێنانە بە لۆژیکی بازاڕ ئەوەیە: تا بە لۆژیکی بازاڕ و کاڵاوە، نرخ دیاری بکرێ، یەکەم شت کە لەناو دەچێ، بەها کۆمەڵایەتییەکانن...
|