| تاريخ: ۲۲ تیر ۱۴۰۵ ساعت ۱۹:۵۶ | بازدید: 110 نظرات: 0 کد مطلب: 26023 |
لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەر ساڵێکی خوێندندا، قوتابخانەکان دەچنە وەرزی پشوو. زەنگی کۆتایی قوتابخانە لێدەدرێت و قوتابیان دەرگای ساڵێکی تری فێربوونیان دادەخەن و پۆلەکان ڕەنگی تەنیایی بە خۆوە دەگرن.
بەڵام لە نێو ئەم کۆتاییە ساڵانەدا کۆتایییەکی تر هەیە کە هەندێک جار بە بێدەنگی پێیدا تێدەپەڕین. کۆتایی ساڵانی خزمەتی ئەو مامۆستایانەی کە ماوەی سی ساڵ و هەندێک جار زیاتریش، ژیانی خۆیان بۆ فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی ئەم نیشتمانە تەرخان کردووە.
ساڵانێک لەمەوبەر ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە خانەنشینان، بەشێک بوون لە کولتوری ڕێکخراوەیی پەروەردە. بەرپرسانی پەروەردە کۆدەبوونەوە و تەمەنێک خزمەتکردنی مامۆستایانیان بەرز ڕادەگرت. خانەنشینی بە کۆتایی مەلەفێکی کارگێڕی نەدەزانرا؛ بەڵکو بە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە گەورەکەی پەروەردە، دادەندرا.
پەتای کۆڕۆنا زۆرێک لەم ڕێوڕەسمە بەکۆمەڵانەی ڕاگرت. بڕیارێک کە لەو کاتەدا، خاڵێکی لەبەرچاوگیراو و حەتمی بوو. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو سەردەمە، بە داخەوە ئەم نەریتە بەنرخە وەک ئەوەی دەبوو لە هەندێک بواردا زیندوو بکرێتەوە؛ نەکرایەوە.
پێش هەموو باسێک با سەرنج بەم خاڵە گرینگە بدەم کە ئەم یاداشتە نە سکاڵایەکی تاکە کەسییە و نە داواکارییەکی سەندیکایی.
پێنج ساڵ بەسەر خانەنشینیمدا تێپەڕیوە. کەواتە ئەمڕۆ ئەم یاداشتە بۆ خۆم نانووسم؛ بەڵکو بۆ هەموو هاوپیشەکانم که بەشێکی زۆری ژیانیان له پۆلەکاندا بەسەربردووە و ئێستا به سەرمایەی مرۆیی و یادەوەری زیندووی پەروەرده لەم شاره دادەنرێن؛ دەنووسم.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە پۆستەکانی کارناسی تەکنۆلۆژیا و کۆمەڵە پەروەردەییەکان، هەروەها بەرپرسی پەروەردەی سەرەتایی، لە خزمەت جەماوەری شاری مەهاباددا بووم؛ بە چاوی خۆم شاهیدی هەوڵ و تێکۆشان و دڵسۆزی مامۆستایانی ئەم شارە بووم. ئەو هەوڵانەی کە هەرگیز لە ڕاپۆرتە کارگێڕییەکاندا تۆمار نەکران؛ بەڵام لە یادی خەڵکی مەهاباد مانەوە.
بە گشتی مامۆستایانی شاری مەهاباد، ساڵانێکی زۆر، ڕۆژانە بە زەحمەت، مەودای درێژی گوندە دوورەدەستەکانیان دەبڕی و خۆیان دەگەیاندە قوتابخانەکان. ئەو ڕێگایانەی کە لە هەندێک ناوچە بەتایبەت لە ڕۆژە سەخڵەتەکانی زستان، جاری وا تا شەست خولەک و زیاتریشی پێدەچوو. سەرەڕای سەرمای سەخت و ئێسکبڕی وەرزی پاییز و زستان و دژواری لە ڕادەبەدەری ڕێگاکان، -بە تایبەت لە پەنجاکان و شەستەکان- خۆیان دەگەیاندە ئەو قوتابیانەی کە چاوەڕێی مامۆستاکەیان بوون.
خۆبەخشینیان تەنیا لە سەختی ڕێگاکاندا سنووردار نەبوو؛ زۆرێک لە مامۆستایان، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی پیشەیی خۆیان جێبەجێ بکەن و بیسەلمێنن؛ زۆرجار لە هەلومەرجی دژواردا و تەنانەت لە کاتی نەخۆشکەوتنی ئازیزەکانیان، هاوژین و منداڵەکانیان بەجێدەهێشت؛ بۆ ئەوەی ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتی بەجێبهێنن. لەوانەیە ئەم دڵسۆزییە لە هیچ ڕاپۆرتێکیشدا نەنووسرابێ؛ بەڵام بێگومان بەشێکن لە بەڵگەی کرداری پەروەردە لە مەهابادی ئازیز.
ئەمڕۆ کە باس لە باشترکردنی کوالیتی پەروەردە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی بەڵگەنامەی گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکرێت؛ ڕەنگە یەکێک لە ساکارترین و کاریگەرترین ڕێوشوێنەکان، زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە خانەنشینانی پەروەردە بێت. ئەم جۆرە ڕێوڕەسمانە زیاتر لەوەی پێوەندی بە سەرچاوە داراییەکانەوە هەبێ؛ پەیوەستن بە شێوازی ڕوانگەی بەڕێوەبەران لە هەلومەرجەکان و کولتوری ڕێکخراوەیی.
ڕێزلێنان لە مامۆستایانی خانەنشین، تەنیا پێدانی سپاسنامە یان خەڵات نییە؛ بەڵکو پەیامێکی ڕوونە بۆ مامۆستایانی ناو دەوام و قوتابیان و کۆمەڵگای مەهاباد کە خزمەتکردنی دڵسۆزانە، قەت لەیاد ناکرێت. ئەو قوتابیەی کە دەبینێت مامۆستاکەی دوای سی ساڵ خزمەتکردن، بە ڕێزەوە لە کارەکەی ماڵاوایی لێدەکرێ؛ بە کردەوە وانەی ڕێزگرتن لە خزمەت، فێر دەبێت.
پەروەردەی مەهاباد هەمووکات سەرمایەیەکی بەنرخی بە ناوی مامۆستایانی خەمخۆر و ماندوو نەناسەوە هەبووە و هەیە.
ڕەنگە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت کە بەرنامەیەکی گونجاو و شیاو بۆ ماڵاوایی شایستە لە مامۆستایانی لێهاتوو و خانەنشین دابڕێژێت و جگە لە پلاندانان بۆ بەردەوام بوون و بەهێزکردنی خزمەتی بەرەی نوێ لە مامۆستایان، بەرنامەیەک نە بە ناو بەخشینی سپاسنامە و خەڵاتی گرانبەها، بەڵکو بە نیشانەی ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە باشترین ساڵانی ژیانیان بۆ بنیاتنانی داهاتووی ئەم شارە، بەسەر بردووە؛ بەڕێوەبەرێت.
خانەنشینبوون، کۆتایی خزمەتی کارگێڕییە؛ بەڵام نابێت کۆتاییهێنان بێ بۆ ئەندام مانەوە لە بنەماڵەی پیرۆزی پەروەردە.
[مامۆستا خانەنشینەکان هێشتا دەتوانن بە ئەزموون و حیکمەت و بەزەیی، خۆیان لەگەڵ سیستەمی پەروەردە بهێڵنەوە؛ مادام ئەم پەیوەندییە پارێزراو بێت.
هیوادارم بەرپرسانی سیستمی پەروەردەی مەهاباد بە زیندووکردنەوەی ئەم نەریتە بەنرخە، جارێکی دیکە فەرهەنگی ڕێزلێنان لە مامۆستایانی خانەنشین و لێهاتوو، زیندوو بکەنەوە؛ چوون ڕێزلێنان لە مامۆستایانی خانەنشین تەنیا ئاهەنگگێڕانێکی ساکار بۆ بە نرخ ڕاگرتنی ڕابردوو نییە. بەڵکو وەبەرهێنانێکە بۆ داهاتووی پەروەردە.
کۆمەڵگایەک کە لە کۆتایی ڕێگای فێرکردن و بارهێنان، بە ڕێزەوە مامۆستاکانی خۆی خانەنشین دەکا؛ لە ڕاستیدا ڕێزی لە داهاتووی نەتەوەی خۆی گرتووە.
٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی | مەهاباد