| تاريخ: ۲۰ خرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۵۱ | بازدید: 112 نظرات: 0 کد مطلب: 26010 |
وێنە: پۆڵا ئاغاز | دەق: ڕەحمەت نادری
سەرەڕای ئەوەی ئێران یەکێکە لە وڵاتانی هەڵگری ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەکانی هونەری بەردی (Rock Art)، بەڵام تا ئێستا توێژینەوە زانستییەکان، چ لەلایەن توێژەرانی ئێرانی و چ لەلایەن توێژەرانی بیانی، زۆر سنووردار بوون. بۆیە هونەری بەردی ئێران هێشتا بە تەواوی نەناسراوە و زۆرێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە مێژوو، واتا و تەمەنی ئەم بەرهەمانە بێ وەڵام ماونەتەوە.
ئەگەر نەخشەی دابەشبوونی شوێنە ناسراوەکانی هونەری بەردی لە ئێران بپشکنین، دەردەکەوێت کە ئەم شوێنانە بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری وڵاتدا دابەش نەکراون. زۆربەیان لە ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ڕۆژاوای ئێران کۆبوونەتەوە.
لە گرنگترین ئەو شوێنانە دەکرێت ئاماژە بە بەردتاشییەکانی تەیمەرە، کاهەک، کێوی گەلەبۆزی، بەردڕەنگەکانی کوهدەشت، شوێنە بەردتاشییەکانی کوردستان، خڕێ هەنجیران و هۆرەند بکەین؛ ئەوانەی هەتا ئێستا زیاتر لەوانی دیکە توێژینەوەیان لەسەر کراوە.
لە نێوان ئەم شوێنانەدا، بەردتاشییەکانی خڕێ هەنجیران، کە لە ٢٨ کیلۆمەتر باشووری شاری مەهاباد و لەسەر ڕێگای مەهاباد–سەردەشت هەڵکەوتوون، بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکانی هونەری بەردی لە باکووری ڕۆژاوای ئێران دادەنرێن. ئەم بەردتاشییانە کۆمەڵێک وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ پیشان دەدەن.
ئەم شوێنە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٦ لەلایەن م. پێدرام دۆزرایەوە و دواتر لە ساڵی ١٩٩٤ لە ڕاپۆرتێکی کورتدا، لەگەڵ تەنها دوو وێنەی نادیار، بڵاوکرایەوە.
لە توێژینەوەی نوێدا، نووسەران دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تا لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و ورد لە شوێنەکە ئەنجام بدەن و هەموو نەخش و بەردتاشییەکان بە شێوەیەکی زانستی تۆمار بکەن. ئامانجی ئەم وتارەش ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گشتگیر بەردتاشییەکانی خڕێ هەنجیران بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تایبەتمەندی، واتا و کاتی دروستبوونیان شی بکاتەوە.
|