تاريخ: ۱۳۹۶ سه شنبه ۱۵ فروردين ساعت ۱۰:۱۹ | بازدید: 2012 نظرات: 4 کد مطلب: 3577 |
ڕزگار بەهاری
لە ساڵی 1979(1358ی ھەتاوی)ـهوە کە سەدام حسێن، حەسەن ئەلبەکری لە دەسەڵات دوور خستەوە، لە ماوەی 27ساڵ سەرۆک کۆماری خۆیدا چەندین جار بە خاوەن دەرکەوتن لە ئایین و ناسیۆناڵیزمی عەرەبی ھێرشی کورد و وڵاتانی دراوسێی کرد. سەددام بە ناوی سوڕەتێکی قورئان لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال (1986-1989) 180ھەزار کوردی ژینۆساید کرد لەکاتێکدا زیاتر لە 95% کوردی ناوچە ئەنفال کراوەکان موسوڵمان و ھاومەزھەبی خۆی بوون؛ بەوەش نەوەستاوە و بۆ ڕێخۆشکردن لە سەرکوت کردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرانبەر بە کوردان، دیمەنی جەژنی نەورۆزی کوردانی وەک بەڵگە دایە وڵاتانی عەرەبی و کوردی بە ئاگرپەرەست و نەوەی جنۆکە پێناسە کرد.
دوای ساڵی 2003 کە ئەردۆغانی ئیخوانی پۆستی سەرۆک کۆماری پێ سپێردرا، جگە لە گەشە سەندنی تورکیا لەبواری ئابووری، ئیسلامیەکان بەتایبەت ئیخوان ھێزیان گرت و تەنانەت ئەو وڵاتە توانی لەڕێی میدیا و وەر گرتنی خوێندکاری ئایینی و کردنەوەی زانکۆی تورکی لە شارەکانی ھەرێم، ئیسلامێک لە جۆری تورکی- ئیخوانی ھەناردەی ھەرێمی کوردستان بکات. سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەکار ھێنانی ئایین بۆ سەرکوتکردنی کورد چەندین خاڵی ھاوبەشی لەگەڵ سەددام ھەیە. ئەردۆغان کە خۆی سوننیە بۆ پڕوپاگەندە لە ھەڵبژاردنەکانی 2015م کارتی ئایینی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی موسوڵمانان بەکار دەھێنا و پارتی گەلانی ھەدەپە نزیک لە کورد بە پارتێکی نا ئیسلامی و بێدین ناو دەبرد لەکاتێکدا زۆرینەی کوردی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا ھاومەزھەبی خۆی بوون. ئاکەپە بۆ کۆ کردنەوەی دەنگی کۆمەڵگای ئایینی پڕوپاگندەی ئیسلامی دەکرد و بۆ ڕاکێشانی دەنگی نەتەوە پەرەستەکان ئاگری شەڕی لەدژی کورد خۆش کرد و ھەستی نەتەوە پەرەست و فاشیزمی ناوخۆی دەوروژاند. لەدرێژەی ئەو سیاسەتە، کادێرانی حزبی پارتی دیموکراتی ھەرێمی کوردستان نزیک بە تورکیە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانەتی 50ساڵەیان و بۆ ڕاکیشانی دەنگی کوردانی تورکیا بۆ ئەردۆغان، بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ حزبی ئاکەپە دەکرد و دووپاتیان دەکردەوە کە حزبی کوردی ھەدەپە ھەڵگری بیروبڕوای ئایینی نیە و دەنگ بە ئەردۆغان بدەن؛ بەو جۆرەش ئەردۆغان نەیتوانی لە ھەردوو خولی ھەڵبژاردنەکان قورسایی کورد لە پەڕلەمان کەم بکاتەوە بۆیە پلانی ڕەشبگیری ئەندامان و سەرکردەی حزبە کوردیەکانی گرتە بەر. سیاسەتی ئیستای ئاکەپە درێژەپێدەری سیاسەتی ئێمپڕاتۆریەتی عوسمانیە کە بۆ ماوەی 600ساڵ بەناو خەلافەتی ئیسلامی، ناوی شار و گوندەکانی گۆڕی و شەڕی بە کورد دەکرد و لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا سیاسەتی بە تورکی کردنی پێش دەخست و سەرۆک عەشیرەکانی دەکردە دەسەڵاتداری ویلایەتە میرنشینەکان.
ئەردۆغان پڕۆژەیەکی گەورەی زیادکردنی ڕێژەی مزگەوتەکان لە سەرجەم شار و گوندەکان خستە بواری جێبەجی کردنەوە کە تورکیا بە تەواوی ڕەنگی وڵاتێکی ئیسلامی بگرێت. ساڵی 2015م لەکاتی مەراسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی ھەکاری، ئەردۆغان قورئانی بە دەستەوە گرت لەکاتێکدا بەپێی خاڵی یەک لە یاسای لائیسیتە لە یاسای بنەڕەتی 1982ی تورکیا مافی بەکار ھێنانی ھەست و پیرۆزی مەزھەب لە کاروباری سیاسی و حکومی ڕێ پێ نەدراوە. ھەروەھا سەردانەکانی بۆ پاکستان و سعودیا و قەتەر و وڵاتانی ئیسلامی زیاتر کرد و دیزاینی کۆشک و بینای حکومی و شوێنی وتاردانی کردە ئیسلامی و ھاوشێوەی خەلیفەیەکی دەسەڵاتداری لەخواترس وتار پێشکەش دەکات. ئەردۆغان و وەزیری دەرەو چاووش ئوغڵو ھاوشێوەی پاڵێوراوێکی پۆپۆلیست بۆ دەست خستنی دەنگی کۆمەڵگا ئاشکرا و شاراوە بە نوێنەرایەتی لە موسوڵمانانی سوننی جیھان وتار دەدەن. دەڵێن بەرپرسیارێتی و مشوورخۆری دوو ملیارد موسوڵمانی جیھان لە ئەستۆی ئێمەیە و ئێمە وەک نوێنەری موسوڵمانان، ئوروپا ناچار دەکەین لەگەڵمان باشتر ھەڵسوکەوت بکات. ئوغڵوو دەڵێت دژبەرانی ئەردۆغان دوشمنانی ئیسلامن، چونکە دوشمنی ئیسلامن ھێرش دەکەنە سەر ئەردۆغان. ھەروەھا عەلی قەرەداخی کە وەک ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی موسوڵمان لە ئیستانبۆل و لەژێر ھەژموونی ئیسلامی سیاسی تورکی ژیان بەسەر دەبات باس لە ڕۆڵی کاریگەری تورکیا لە جیھانی ئیسلام دەکات و ڕایگەیاند تورکیا پارێزەری موسوڵمانانی جیھانە.
سەددام بەبۆنەی سەرکێشیەکانی نەیتوانی وەک سەرۆکێکی عەرەبی ھاوشێوەی سەرکردە عەرەبەکان جێی متمانە بێت بەڵام سەرکردە عەرەبەکان بەگشتی لەگەڵ بوونی سەرکردەیەکی ھێرشبەری وەک سەددام لە جەبھەی پێشەوە بۆسەر دوشمنی ھاوبەش ھاوڕا بوون و تەنانەت یارمەتیان دەدا. تورکیاش لە شەڕی سوریا جگە لە دژایەتی کورد، بۆتە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی چەند وڵاتی عەرەبی و بە پشتیوانی چەند وڵاتی عەرەبی و بە نوێنەرایەتی لەوان پاڵپشتی گرووپە ڕادیکاڵەکان. دوور نیە لە داھاتوو ئەردۆغان زیاتر لەوەش ڕۆڵی ڕابردووی سەددام ببینێت کە وڵاتانی عەرەبی (وەک قەتەر، ئۆردۆن، کویەت و بەحرەین بە سەرکردایەتی سعودیا) کەڵکی لێ وەر بگرن و لە داھاتوو شەڕی جەبھەی پیشەوەی وڵاتێکی پێ بکەن وەک سەددام کە تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە بەبێ ترس لە ئەمریکا ھێرشی کردە سەر جولەکە؛ کە ھەر ئەو ھێرشانەی سەر جولەکەکان لە ئیسڕائیل بووە ھۆی ڕوخاندنی لەلایان ئەمریکاوە.
دابڕانی تورکیا لە ئەوروپا و وەرچەرخان بەرەو جیھانی عەرەبی-ئیسلامی بە ناچاری بوو چونکە نزیک بوونی ئەو وڵاتە لە ئوروپا ھاوکات بوو لەگەڵ بەرژەوەندی ئابووری، سیاسی، سەربازی و بە گشتی گەشەی تورکیا. تورکیا نایھەوێ دوای لەدەست دانی ئوروپا ببێتە وڵاتێکی لاواز و بێڕۆڵ لە جیھانی ئیسلام و ھەوڵ ئەدات بە بیرھێنانەوەی ئێمپڕاتوریەتی عوسمانی، جەمسەرێکی جیھانی ئیسلام بێت و لەناو وڵاتانی ئیسلامی ڕۆڵی سەرەکی ببینێت. ئەم ڕوانگەی ئەردۆغان ھەڵوێستی سعودیا لەدوا خۆی دەھێنێت و سعودیا ڕێگر دەبێت لە ھەمبەر ئەگەرێکی لەو چەشنە. ڕەنگە تورکیا و سعودیا ترافیکی دیپلۆماتیان ھەبێت و وەک تاکتیک لە دژایەتی چەند وڵاتێک ھاوپەیمان و ھاو ھەڵوێست بن، بەڵام سعودیا نزیک لە سەلەفیەت و تورکیا نزیک لە ئیخوان یەک مەنھەج پەیڕەو ناکەن و ھەردوو کێشەی مێژینەیان ھەیە بۆ سەپاندنی ھەژموون و دەستڕۆشتوویی لە ناو وڵاتانی ئیسلامی و ئەگەری زۆری ھەیە پێوەندیەکانی داھاتووی ئەو دوو وڵاتە لەو بوارەدا گرژی و ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە.
ھاوپەیمانیەتی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی لە 2014 بەم لاوە نەگەشتە ئامانج چونکە ئامانجەکانی تورکیا دوور بوو لە مەبەستی پێک ھاتنی ھاوپەیمانیەکە بۆیە تورکیا نەیتوانی کەڵکی لێ وەرگرێت. تورکیا کە ئەوکات لەلایان زلھێزەکان ڕێگری لێ دەکرا بچێتە ناو سنورەکان سووریا، دەیویست لەڕێی ھاوپەیمانی عەرەبی و لەگەڵ سوپای سعودیا ھێرشی ھاوبەش بکەنە سەر کوردانی باکووری سوریا و لەو سۆندەوە ئامانجەکانی بپێکێت بەڵام ئامانجی وڵاتانی عەرەبی لەو ھاوپەیمانیە، یەکڕیزی وڵاتانی سوننی و عەرەبی بوو یا بەجۆرێک دەتوانین بڵێین ئامانجی بچوکتری تورکیا لە ھاوپەیمانی شەڕی قەومی بوو بەڵام ئامانجی گەورەتری وڵاتانی عەرەبی لەچوارچێوەی ستراتیژیەکی درێژخایەنی ئیسلامی. وێڕای خولقاندنی ھێمایەکی ئیسلامی و خۆ نزیک خستنەوە لە جیھانی ئیسلام، ھەوڵ بۆ کەڵک وەرگرتن لەم سیاسەتە بۆ بەگژداچوونەوەی کورد بوو بەڵام گوشاری کێشە ناوخۆییەکان تورکیای ناچار کرد خۆی بخاتەوە باوەشی وڵاتانی نائیسلامی. دوای شەش ساڵ ئاڵۆزی لە پێوەندیەکان و ھەڕەشە لە وڵاتی ئیسڕائیل و بەرەنگار بوونەوەی ڕووسیا لەسەر دۆخی سووریا، شەڕی ناوخۆ چۆکی بەو وڵاتە دایا و ناچاری کرد ناکۆکیەکانی بخاتە لاوە و دەستی دەستەودامێنی بۆ ئەو وڵاتانە درێژ بکات کە دوو وڵاتی جولەکە و کۆمۆنیستن.
دۆزی کورد ترسێکە لە دڵی سیاسیەکانی تورکیا و بە مەترسی دەزانن بۆسەر یەکپارچەیی جوگرافیای ئیستای تورکیا چونکە تورکیا مێژوویەکی خوێناوی لە ژینۆساید و کۆمەڵکوژی کورد ھەیە و کورد ھەوڵی ڕزگار کردنی خۆی ئەدات لە سەرکوتی سەدان ساڵە بە دەستی تورک. ھەروەھا بەھێز بوونی کورد لە دەرەوەی سنوورەکان بە مەترسی سەر خۆی دەزانێت بۆیە لە ھەنگاوێکدا بە کردنەوەی دوو جەبھەی نوێ لە سوریا ڕاستەوخۆ شەڕی کورد دەکات و بە ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ناردنی ھێز، ئاژاوە و بەشەڕدانی کورد پلانی شەڕ لەناو سنووری ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات. لە ئاکامی گەورەترین شۆڕشی کورد، تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە 30ساڵ شەڕ و ماڵوێرانی بێ ئەنجام، ئێستا بە کردنەوەی دوو جەبھەی نوێ لەدژی کورد دەستپێشخەری دەکات بۆ پێشگرتن لە پارچەبوونی تورکیا چونکە ئەگەری ھەر خۆبەڕێوەبەریەکی کورد لە تورکیا ھاوکاتە لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی تورک لە جیھان و دووبارە بچووک کردنەوەی سنوورەکان پاش ئیمپڕاتوریەتی عوسمانی.
لەسەرئاڵای تورکیا ھاوکات دوو ھێمای ڕەنگی سووری درەوشاوەی نزیک بە کۆمۆنیست و مانگ و ئەستێرەی ئیسلامی تیا دەبینرێت. تا پێش سەرۆکایەتی ئەردۆغان، تورکیا نەیتوانیوە خۆی یەکلایی بکاتەوە و دڵی یەک لایەن لە سێکۆلار و ئیسلامیەکان بە تەواوەتی ڕابگرێت بۆیە چەندین جار سوپا کودەتای لە دەوڵەت کردووە. ئەم ئاماژە لە پرسی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاش ڕەنگدانەوەی بووە بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2004 دەیویست لەگەڵ بوون بە ئەندامی ئەوروپا، یاسای زینای موحسینە بخاتە دەنگدان کە نەیتوانی و ئیستاش دوای بەھێز کردنی دەسەڵاتی خۆی داوای ھێنانەوەی حوکمی سێدارە دەکات کە مەرجەکانی بوون بە ئەندامی ئوروپا نایگرێتەوە. سوپای تورکیا کە ھێمای پاراستنی تورکیایەکی سێکۆلارە بەتەواوی لەلایەن ئەردۆغان لاواز کراوە کە لەدوای ڕاپرسی، ترسی کودەتای لەسەر نەبێت.
ھەلو مەرجی دوایی تورکیا کە بەھۆی گەشتیاری و ئەندامێتی ناتۆ لەبوارەکانی ئابووری و سەربازی گەشەی سەندبوو، وە بەھۆی سەرکوت و زیندانی کردنی ھەزاران نەیار پێگەی دەسەڵاتی خۆی زیاتر لە ھەرکاتێک بەھێزتر کردوە ورەی پێ بەخشیوە و ھیچ بەربەستێک بۆ گەشتن بە حەزە دەروونیەکانی نابینێت. ئەردۆغان بەناوی ئیسلام سیاسەت پێش دەخات و خەونی بە ئیسلامی کردنی تورکیا لە وڵاتێکی سێکۆلارەوە بۆ وڵاتێکی بەھێزی ئیسلامی دەبینێت. لەڕاستیدا ئامانجی ئەردۆغان لە ئیسلامیزە کردنی جمگەکانی تورکیا لە پابەندبوونی بە بنەماکانی ئیسلام نیە بەڵکو لەدوا ئەوە دێت کە دوای چەندین ساڵ ھەوڵدان بۆ ئەندامێتی لە ئوروپا، وڵاتانی ئوروپا دەستیان بە ڕوویەوە نا. کۆمکوژی و دروست کردنی شەڕی قەومی و ھاندانی فاشیزم و ڕەشبگیری کوردان و خاپوو کردنی چەندین شار و ئاوارە کردنی ھەزاران ژن و منداڵ، دەیسەلمێنێت ئەردۆغان پابەندی سەرەکیترین بنەماکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی نیە.
گومان لە دەنگ ھێنانی ڕاپرسیەکەی 16ی ئابڕیل (27ی خاکەلێوە) ھەیە بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی ئەردۆغان لە ڕاپرسی، دەسەڵاتێکی زۆر زیاتر دەگرێتە دەست لێ مەترسی کودەتا لەسەر دەسەڵات زیاتر دەبێت چونکە سوپای تورکیا نەتەنیا ئەرکی پاراستنی وڵاتی لە ئەستۆیە، پاراستنی ڕێبازی ئاتا تورک لە ئەستۆی خۆی دەزانێت کە بریتیە لە تورکیایەکی سێکۆلار. دەڵێن یەکێک لە وەسیەتەکانی ئاتا تورک بۆ سوپا ئەوە بووە ھەرکات پێکھاتەکانی دەسەڵاتتان گەندەڵ بینی و ھەلو مەرجی تورکایاتان بە شێواوی بینی خێرا کودەتا بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست، دوای گەڕانەوەی ھێوری بۆ وڵات دەسەڵاتێکی مەدەنی بخەنە سەر کار و خۆتان لە دەسەڵات وەکشێن. بۆیە کودەتا مەترسیەکی ھەمیشەیی دەبێت لەسەر دەسەڵاتی ئەردۆغان مەگەر ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بکات.
سەرەڕای جەختی تورکیا بۆ بەشداری کردن، ئیزن نەدانی بۆ بەشداری لە ئۆپڕاسیۆنەکانی موسڵ و ڕەققا شکستێکی سیاسی بوو بەڵام ئەمجارە شکستی سەربازی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات کە شەش مانگ پێشتردەستی پێکردبوو، سوپا و کۆمەڵگای تورکیا تووشی شۆک و بێمتمانەیی دەکات و ڕاستەوخۆ لەسەر پرسی ڕاپرسی کاریگەریی دەبێت. ئەوەش بزانین کە کۆتایی ھێنانی قەڵغانی فوڕات مانای کۆتایی بە ھێرش و داگیرکاریەکانی نابێت بەڵکو ئەبێ چاوەڕێی نوێترین پیلانی تورکیا بین کە بە مەبەستی دژایەتی کردنی کورد ئەم جارەیان خۆی لە کام دەسەڵات نزیک دەخاتەوە. خۆتاقیکردنەوە و لەشکرکێشی بۆ ناو ھەرێمی کوردستان بە بیانووی دەرکردنی دژبەرانی لە شنگال ئاسانترە لە خۆ تاقیکردنەوە بە ئۆپراسیۆنی شکستخواردووی قەڵغانی فورات لەناو سووریا کە بە قورسی لەسەری کەوت بۆیە مەترسی شەڕی ڕاستەوخۆ لەناو ھەرێمی کوردستانی لێدەکرێت چجا ڕەزامەندی حزبی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەی لەسەر بێت.