تاريخ: ۲۳ بهمن ۱۴۰۴ ساعت ۲۰:۱۲ بازدید: 225      نظرات: 0      کد مطلب: 25709

سەردەقێک بۆ «قەبری سێ گۆشە»ی فەرهاد پیرباڵ

ڕێبوار عەجەمی


چەمکی جیهانی ڕۆمان لە ئێستادا بە یەکێک لە سەرەکیترین لقەکانی ئەدەبی دەناسرێت کە دەیهەوێت پەیوەندی ئەم جیهانە لەگەڵ جیهانی واقیع شی بکاتەوە. لە چۆنییەتی بیچم گرتنی جیهانی ڕۆمان وێڕای چێژ وەرگرتن لە بەشی ئەدەبی ، دەتواندرێ بنەماکانی تێگەیشتن لە نەهێنی هەر دوو جیهانی واقیعی (دەرەوە) و خەیاڵی (زەینی) زیاتر بکات. لەم بەستێنەدا بە دڵخۆشییەوە ئەدەبیاتی کوردیش زۆر جار حەولیدا لەم دەریا مەندەدا بوار بۆخۆی ساز بکات خۆی بە تاقی کاتەوە.

ڕۆمان لە ڕوواڵەتدا هەم وەسفی کەلتووری کۆمەڵگەی خۆی دەکات و هەمیش بە هەموو کەلێن و قوژبنەکانیدا شۆڕ دەبێتەوە و تەنانەت دەیهەوێت حەول بۆ ژیاری کۆمەڵگایەکی درووست بدات.

لەسەر گریمانەی کارکردی ڕۆمان لە ڕێکخستنێکی هونەریدا هەموو دەنگە جیاوازەکان و ڕۆڵەکانی واقیع لەسەر فەزای چیرۆک خۆیان لوور دەدەن و مێشکی خوێنەر بە دەور گێڕانی خۆیان سەرقاڵ دەکەن.

ڕۆمانی «قەبرێکی سێ گۆشە»ی نووسەری مەزن «فەرهاد پیرباڵ» لە جیهانی کلاسیکی ژیانی نێو ئەشکەوت پێ دەگرێت و دواتر بە هۆی دواکەوتنی «فەرەیدوون» بۆ قەبرێکی سێ گۆشە لە باکووری کوردستان بەرەو جیهانی مۆدێرن پێ دەنێت و بەسەرهاتەکە بە وشە و ڕستە ڕێچکەی سەر لاپەڕە دەبەستێت.

پڕشەنگی پەیڤ و ئاخاوتنی دەبێتە پێشەنگی سەنگ و سوژن کردنی کۆمەڵگایەکی نەریت سالار کە لەودا؛ دابی کۆمەڵایەتی ، پێگەی ژن، نامووس، خۆ بە کەم گرتنی کورد و ئاسمیلە بوونی سەر دەقی وەرق دەبێت.

پیرباڵ لەم ڕۆمانەدا زۆر واقیع بینانە کۆمەڵگای کوردستان لە بەشی کۆمەڵناسی ـ سیاسیی ـ فەرهەنگی شەن‌وکەو دەکات و حیزبە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی پلەدار و ئەدیبان و شاعیران وەبەر تیروتوانجی خۆی دەدات و هەموویان لە هێڵەگی جەوهەری وشەی پێنووسی دەدات.

نووسەر لەم ڕەهەندەوە ئەگەرچی ژن وەک مەخلووقێکی «سەیر»، «سەراسیمە» و «سەرگەردان» سەیر دەکات بەڵام بۆ ئەو، پاراستنی کەرامەت و گەورەیی ژن لە هەموو شتێک سەرترە و هەر بۆیە لەسەری دێتە دەنگ. لەم ڕوانگەیەوە ئەو کەسانەی کە «هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییان بە قوربانی سێکس کردووە» یان خود «بۆ ڕیسوا کردنی ئەو دەوڵەتمردانەی بە هۆی ژنەکانیانەوە پیاون» قەڵەمەکەی دەکاتە گڕکان و مێبازان وەبەر تیری گازندەی خۆی دەگرێت.

فەرهاد پیرباڵ لە بەشێکی دیکەدا ئەدیبان و شاعیرانیش لۆمە دەکات و دەڵێت: «شاعیر ئەو قسانەی دەیکەن کرداری پێ ناکەن» و لەم سوێنگەیەوە ئەوان بە دوو بەرە دابەش دەکات، بەشێک کە هەمیشە خۆیان «بێکەس»، «زامدار»، «ئاوارە» و... نیشان دەدەن کە بێجگە لە «کڕووزانەوەی گریان»، «دەرد»، «حەسرەت» هیچیان لێ نابیستیت و بەشێکی تریش لە چوارچێوەی «سەرسووڕمان»، «خۆبەزلزانی»، «هەست بە ناچیزەیی» خۆیان قەتیس داوە.

لە بڕگەیەکی تردا،  پیرباڵ گوزارەی «زمان»، «کەلتوور» و «ئەخلاق» دەکاتە گریمانەی سەرەکی و ڕای وایە ئەگەر زمانی نەتەوە ڕوو لە ناوچوون بکات، ئەوە کەلتووری ئەم نەتەوەش ڕوو لە داڕمان دەکات و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ناسنامەی تاکەکان ڕووی لە هەڵدێری نەمان دەبێت.

پیرباڵ لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٢٣ی زایینیدا زمانی کوردی لە باکووری کوردستان قەدەغە دەکرێت ، ڕای وایە دانیشتوانی ئەم پارچەیە لە جیاتی ئەوەی بە عەقڵ و مۆڕالی کرمانجی بیر بکەنەوە و بە پێی سیستەمی گڕامەر و سینتاکسی نەتەوەیی خۆیان ڕەفتار بکەن، عەینەن نەتەوەی تورک بیر دەکەنەوە و بە پێی شەخسییەتی نەتەوەی باڵادەست ، کەسایەتی خۆیان دادەڕێژن.

هەر لەم سوێنگەیەوە پیرباڵ بە ئانقەست پەلاماری نووسەرانی کورد دەدات کە نووسەری کورد چیرۆکیکی کوردی بە تورکی دەنووسێت، بەڵام کەسێکی تورک ئەو بۆ سەر زمانی کوردی وەریدەگێڕێت.

لەسەر دەقەکانی ڕۆڵ گێڕانی «فەرەیدوون» وەک دەورگێڕی سەرەکی، پیرباڵ تەکنیکی ئەدەبی لە کار دەهێنێت، بۆ نموونە «لەو کاتەدا دیسان خەریک بوو لە ڕەندان بپرسم بڵێم: باشە گوندی باغستان لێرەوە چەند دوورە؟ پاشان ڕام گۆڕی، گوتم نەخێر باشتر وایە لێی بپرسم ...» / «ئینجا خەریک بوو پێی بڵێم (من ل دیڤ بابی خۆ دەگەڕێم، بدۆزمەوە)، بەڵام وام نەگووت» / «خەریک بوو پێی بڵێم: (گەورەم ئاخر ئەو کاتەی مووسا تەوحیدی کتێبە ناودارەکەی بڵاو کردۆتەوە، من تەمەنم نەگەیشتبووە پازدە ساڵ) پاشان گووتم نەخێر با ئەو قسەیە نەکەم» ئەم چەند ڕستەیە بەشێکی کورت لەو تەکنیکەیە بە شێوەیەک ئەم قسەیەی کە دەبێ بیڵێت، نایڵێت و پاشگەز دەبێتەوە و قسەکەی بە شێوەیەکی دیکە دەکات کە ئەوە تا ڕادەیەک بیری خوێنەر مژوول دەکات بۆ ئەوەی چاکتر لە ناوئاخنی بەسەرهاتەکەدا ڕۆ بچێت.

تەکنیکی نووسینی ئەم بەرهەمە ئەگەرچی لە چوارچێوەی ڕۆمان خۆی دەنوێنێت بەڵام هەموو کۆمەڵگەی کوردی بە گشت چین و توێژەکانییەوە هەڵگێر و وەرگێڕ دەکات و بە زمانی چیرۆک سەرنجی بەردەنگ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و تەقەلا بۆ خوڵقاندنی بەرهەمێکی جیاواز دەدات.

ئێکزەیتی ئەنجامی ئەم بەرهەمە پاراستنی کەرامەتی ژن، بە خۆداچوونەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە هەمبەر پرسی نیشتمان، سەربەخۆیی تاکەکەسی کەسایەتییەکان، پاراستنی زمانی کوردی ، ئەخلاقی درووست، خۆ بە کەم نەگرتن و شایی بە خۆ بوون و کۆمەڵگای دەرەوەست پێک دێت.






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد